سایۆنارا | برایم ڕەسووڵی | شێعر
برایم ڕەسووڵی
دڵتەنگم و چراکانی شاریش خامۆش نابن
هەتا بە دڵتەنگییەوە باسی ئەسمان و ئەستێرەت بۆ بکەم،
لەم شەوانەی دڵتەنگم
دەی کە چی «تریفەی مانگەشەو جوانیش بێ، ساردە»
چاوەڕێ بووم!
لەم هاوینەی شارم تەزوویەکی گەرمی نەخستە دڵ و پەیکەرەم خەریکە با دەیبات
چەنێ «تەزاندی شان و پیلم»
: خەفەت؟
«چارەنووسی ناپەیدام»
لە کۆتایی لای ئەوانەی ئیتر نایان ناسمەوە
خۆمم و «ناخی گۆڕی تەنگە جێگام»
باسی بێدەنگی شەوانی بێ مروەتی هاورێکانمە
دڵتەنگم و تەنیا تەنیایی لەگەڵم هات هەتا ماچێکی مردن کەین و بێینەوە دووبارە؛
ئەمشەوم لێرە مانگ زەردە
وە منیش زۆرم دێت لە خەفەت کەمتر بڵێم
بێدەنگی «شاعیرێکی تووڕەو زیزە» کە لەم گۆرستانی قەراغ شارەوە خەوی لێکەوت و هەڵنەستاوە
ئەمشەوم دڵتەنگییە
قەینا کە پەنجەرەیەک ئاوەڵە کەینەوە تا ئیرەیی بەرم بە سەگ لە کووچەکانی ئەم شارە؟
وێڵ ئەچێت و سۆزانی ناناسێ
هەتا
سەما بکات لەگەڵیا
هەتا «با» یەک ماوە دەهەژێت،
سەما بکە لە چارەنووسی مردندا
کە دەستم کورتە بە باڵای داوێنت
نەگەیشتم؛
بە ئاواتەکان، بریاکان، بڕیارەکان…
کەچی کۆتایی یانی بەو ڕێگایەدا دەگەڕێیتەوە کە لە پەراوێزدا نووسیان،
حەشاریان دام…
دەی کە چی؟ سنوور بی شین یان سوور لەسەر ئەم گۆی زەوییە
هەر ئەوە کە دەنگی نابیسرێ
تەقەی لێدەکرێ!
منیش بێدەنگم
وەک دەنگی چەقاندنی گەڵای بەڕوویەک لە خاکتدا
گەمژانەیە یان من لە درەخت دەرچووم و ئەعسابێ نەماوە نەشەمزابێ
خاسە؟
تووڕە مەبە
شارێک وێرانە لە جەستەمدا؛
ئەعسابێ نەماوە بۆ گومان و ئاڵۆزی
بە هەورامی وتم نەیلەمەجی کە هەڵەم وت و چوویت
وە من ئێستە لە بارانیشدا گومانم هەیە هەیت یا نیت؟
ئەگەر هەی بۆ « خەستەوو دەردەداری چی دەردم»؟
پەیوەستمە بە دارەوە گەڵا بم
بخشێمە زەوی
سەگ بم
گڵاوت کەم
چەند دڵۆپێک خوێن
وە دەشتێکی سپی وەک چاوەکانت
کوێر بڕوانمە قووڵایی بیرەوەی؛
مردووەکان لە فیشەک ڕزگاریان نابێت
کاتێک کۆتاییە چ گەڕانەوەیەک؟
وەک باڵندەیەک لە جوڵەدا بەر لە مردن…
هیلاکیم ڕەنگی شینە
لەپەپوولە خوێنبەرەکانی پێستم هەڵدەفڕن بەرەو دیارێک غەریب
من گومانم هەیە
تەنانەت لە سکی دایکمدا دڵم لێی دابێت،
ئێمە بە مردوویی لەدایک بووین
مردوو بۆ جیهان
مردوو بۆ ژیان، مردوو بۆ ئازادی
کە میهرەبانیت فەرامۆش دەکرێ…
سەیرە دڵتەنگم و هەر ژیان خەمی هەناسەمانی بوو
خۆشەویستی بەزاندنی ڕێگایەکی تەماوی لە ناوەڕاستی بیابانە
چی ڕوویدا لەم شەوەدا؟
کە هەرچی ڕوانیم
نەگەڕاوە
باران بۆ هەور
بۆنێک بۆ ئەوەی لەبیرت بێت
تێدەگەی؟
ئێمە دەکەوین و وشک دەبین و هیچ گەڵایەک ناڕوێتەوە
گەمژە مەبە