پەیامی دەستەی بەڕیوەبەری هاوچەرخ بۆ شۆڕشگێڕانی کوردستان و ئێران
ڕزگاریخوازانی کوردستان
گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران
ئازادیخوازانی جیهان
تاریکترین ساڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدایە کە جیهان و مرۆڤ لە پێشکەوتووترین و پشکووتووترین سەردەمی خۆیدایە. لە سەردەمێکدا کە مرۆڤ خەونی دەستڕاگەیشتن بە نهێنییەکانی گەردوون دێنێتە دی، بناژۆخوازی ئایینی و کۆنەپەرەستی هێشتاکەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارەسات دەخولقێنێ. لەم نێوانەدا دەسەڵاتی ئایینی کۆماری ئیسلامی ئێران پشکی شێری بەرکەوتووە و زۆرێک لەم کارەساتانەی کە ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوە، لەگەڵ هاتنی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتوونەتە دنیاوە. لە چوار دەیەی ڕابردوودا و بە درێژایی ماوەی لەسەر کار بوونی ئەم دەسەڵاتە، تیرۆریزمی ئایینی و دەوڵەتی و سەرکوتی خەڵک و سنووردار کردنی بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەی سەندووە. لەم نێوانەدا گەلی کوردیش وێڕای گەلانی دیکەی نێو چوارچێوەی ئێران، بەردەوام لە ژێر گوشار و ستەمی دووقاتی ئەم دەسەڵاتە نەگریسەدا بووە بەڵام سەرەڕای سەرکوتی سیستەماتیکی دەوڵەتی کە لە کوردستان بە هۆڤانەترین شێوە بەڕێوە دەچێ، گەلی کورد وەکوو خووی مێژینەی خۆی، لە هەر دەرفەتێک کەڵکی وەرگرتووە بۆ ئەوەی کە سەرهەڵبدات و هەوای ئازادی و ڕزگاری هەڵمژێ.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای شەهیدبوونی کچەکوردێکی خەڵکی سەقز بە ناوی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی بەدناوی کۆماری ئیسلامی ئێران، گەلی کورد چەخماخەی شۆڕشێکی لێدا کە هەنووکە هەموو ئێرانی گرتووەتەوە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای ئەم شۆڕشەوە هەوڵی داوە بە کوشتن و لێدان و گرتن، سەرهەڵدانی خەڵک سەرکوت بکات بەڵام هەتا ئەم چرکەساتە لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبووە و تەنیا تاوانەکانی خۆی قورستر کردووە.
وەکوو دەبینرێ دەسەڵاتی ئێران، کوردستان بە تاوانباری سەرەکی ئەم شۆڕشانە دەزانێت، بۆیە هەموو هەوڵی ئەوەیە کە تۆڵەی خۆی لە خەڵکی کوردستان بکاتەوە. شێوازی سەرکوتی ڕژێم لە کوردستان بە چەندین قات لە ناوچەکانی دیکەی ئێران هۆڤانەترە. بە شێوەیەک کە تەنانەت بە کوشتن و بریندار کردن و گرتنی خەڵکی سڤیلی کوردستانەوە ئاگری ڕقی دانەمرکاوە و لە هەوڵێکی ناجوامێرانەدا هێرشی هاژەکی و درۆنی کردووەتە سەر کەمپ و ئوردوگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و گیانی چەندین منداڵ و ژن و پیاوی کوردی کرده ئامانج.
ئێمە وەکوو دەستەی بەڕێوەبەری وێبسایتی ئەدەبیی هاوچەرخ، لە لایەن خۆمان و هاوکارانمانەوە و بە نوێنەرایەتی لە هەموو شاعیران و نووسەرانی ئازادیخواز و نیشتماندۆستی کوردستانەوە، پشتیوانی خۆمان لە شۆڕشی گەلی کوردستان و سەرهەڵدانەکانی گەلانی ئێران ڕادەگەیەنین و هەرچەشنە سەرکوت و تیرۆر و هێرشێکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە خەڵکی راپەڕیو بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەین.
هیوادارین ئاگری ئەم شۆڕشە هەردەم بڵێسە بدات و دەستی نەگریسی سەرکوت قوڕگی ئەم هاوارەی پێ نەگوشرێ. بەو هیوایەی خەباتی بێ پسانەوەی گەل بگاتە ئەنجام و گەلانی ئێران بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بتوانن هەوای ئازادی هەڵمژن و گەلی هەمیشە شۆڕشگێڕی کوردیش بە ئاواتە مێژینەکانی خۆی بگات.
سەرکەوتن هەر بۆ گەلە!
دەستەی بەڕێوەبەری وێبسایتی ئەدەبیی هاوچەرخ