ژارخەن | سۆران محەمەدەسوورە | شێعر
سۆران محەمەدەسوورە
“زۆر لەمێژە ژانی گەلم دەسووتێنێ جەرگ و دڵم”
پێشکەشە بە گیانی تاهیر خەلیلی
با بەسەر گۆڕستانەکاندا هەڵهاتووە و
خۆر بەنێو زیندەخەوی مندا دەلوورێنێ
کـ -ا-ت ٠٦:٠٩ خوولەکە و هێشتا
گوێچکەم ماڵی زیکەزیکی سیسرەیە
نەنووستم
چونکە ئازار لە کێلی گۆڕی داوم
ناتدۆزمەوە
مۆتەکە تەنیاییی وەسەرزانیان هانیووم
ترس فرەتر ڕۆدەچێ
ئەوینت مێژوویەکی دوورە لێم
کەچی سێبەر وەک کاژ داگەڕاوەتەوە جەستەم
***
نەناوێکی لەسەر هەڵکۆڵدراو
نە سیمای ئاشنایەکی مانی
تەنێ خەرمانەی خەون و تەم و هەورێکی زۆر
غەریبیت غغغغغغـ ـە ر یــــیـ ب
ساردیی دایخوراندووم
جێهێشتن بەنگی ڕۆچووەتە دیرۆکی غەریبیی
هاریی ژێر بەزەیی کەڵپەی گور بەنێو خوێندا ختووکە دەکا
هاوسەفەر ئەو ژانەسەرە جێنەهێڵەرەش
بەشێکە لە مووسهەوای زستانێکی کەسنەدیوو
ئای بۆ ئومێدێ
تای جریوەی بێدەنگیی
بیری شادیی فرەتر بفراژێنێ
***
بانگهێشتی هەتاو لەم سەتە هاوڕێگورگییەدا
مووچڕکی زیندووبوونە
بە بانگهێشتی سیلەچاوێ
دڵبڵندیی ڕووبارێ سووتماک
دوو دالی مەدلوولێک لە زماندا گیر
دوو ڕووباری خوێن بەسەر جەستەدا دەلرفێن
تازارێ بەژنی هەڵداوە
شادیی تۆراندوومی
ژارخەن بەرۆکی گرتووم
دە گازی هەتاوم بۆ بکەوە
تا خوێی ئەم ڕووبارە سوێرتر پەلەقاژەی ماچ بکا
***
لەم ڕۆژگارە خوداپەرستییەدا
کە هەوا شار مرۆڤ بۆنی خیانەتە
چەقۆیەک بنێ زمانت
یان ژی جوانییەکانی دەیۆ نەوازش بکەوە
ئەی دەیۆی نیوە ونبوو و تاڵ/ان/دراو
ژیان نا هەوا سار و دڵڕەقە
منیش تەنیام
***
نیگایەکی تێخزاو
بێکێلێک و نیگەران
گیرفانەخەونی پڕ لە کایەی شکێندراوی منداڵیی و
دارلاستیکەکەی بەمۆرانە و کرم هەڵهاتوو
گوتم غەریبیت
غەریبییت بەسەرمەوە کڤزی کەڤرە
تەنی…….اممممممن
ئەگەر بۆنی ئەوە بکەی باوەشی باوێشکێکی بەڕووداهەڵدراویش
خانەخوێ گەرم ناکاتەوە
***
یادێ لە چاوتە هەڵدێر هەڵدەنگوێنێ
بیرکردنت تاولەرز
ڤیان مۆرانەی ڕەشبینییەکی زۆر
لێ هەرتم گیان و جەستە
تۆیەکە و لەدایکبوونەوە
***
نەخشی جێماو تاککێلی نێو ڕەشەبا
شەوێک بەستووی قیژەی بێدەنگیی
دەبوو بێیت نەهاتییت
کەبووم
ڕووح لەتۆدا زمان لەزمانت دەژیا
کە دەمبیست
هەر تەنێ دەنگی تۆ بوو
نابینا بووم لە گوناهدا بزەیەکی نارسیس دەکشا
بینام و چی کرێتییە دەبینم تۆ نەهاتووییی
دایکم بەسەر مشایەخاندا گەڕاندوومی
شێخ ئادیی شاخۆشێن سووڵتان سەهاک
ڕۆژم لەسەر داڵاهۆ کردووتەوە
لاڵوکەڕ گازیان کردووم
مەلەک تاووس دەستی لەکێلی وەرهێناوم
ئۆۆۆۆۆھ “هەوەڵ و ئاخر یار”ی من
***
باوک ئارام لێهەڵگیراو
سپێدەزووێ لە ماڵ وەدەرکەوت
دایک هەستی بە بێدەنگییەکەی نەکر ئاسمانی هێفکر نە زنجیرێکی پچڕاو نە کراسێکی خوێناویی
بەڕووی ئاسماندا دەقریشکێنێ
من بە پێی خۆم
بەدوای باوکدا دەگەڕێمەوە
***
ئیتر دەمەوێ لەم جیهانەدا
کە تۆ
تۆ کە خۆری لێهەڵدێنی
خۆر کە دەبوو دڕکەکانی داکوتمە جەستە
جەستەی نهێنیی جیهانی کەڤزی کز و بێدەنگ
لە بناغەی خەڵکی شارانی زمانپەرێشان وەژێنم
دە پزیسک بە قوڕگی شەڕەنگێزییدا بکەوە
کە خودایەک نەبوو
خۆکوژیی کێ هەڵی گرێ!
***
دە تۆ
کە هێشتا درەنگ دەڕوانێ
خەمگینیی خەندەکەت
کە بەهاری هەیە و گوڵ نا
ئومێدی هەیە و گەیشتن نا
ئا تۆ
تۆی زەوین و کێلی ڕاساو بە ڕووی ئاسماندا
ئەو بزە شادییانە هی چ تاوانێکن
بەسەر کێلمەوە هەڵتخستوون و
ژیانیش ناهێڵێت لەبیر بکرێیت!