دیدار لەگەڵ ئەنوەر عەباسی (هەرەس) | چاوپێکەوتن | ئارام حاجی
ئامادەکار:
ئارام حاجی
ئەنوەر عەباسی (هەرەس)، شاعیر و نووسەری لە دایکبووی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیشتەجێی شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوێدە. ئەندامی پێنی سوێد و پێنی کورد و یەکێک لەو ڕوخسارانەی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردیە کە وەکوو خۆی دەڵێ؛ ئەدەبیات گرنگترین بەشی ژیانییەتی و هەر بەم پێیەش بەشێوەیەکی زۆر شێلگیرانە لە بوارەکانی شێعر و چیرۆک و ڕۆماندا چالاکە و لەم ڕێگایەدا هەوڵ دەدا ڕوانینێکی ورد و سەردەمیانەی بۆ ئەدەبیات هەبێ. ئەم شێلگیریەی هێندەکجار وادەکات وەکوو ئەدیبێکی سەخت و دژوار بێتە پێش چاو کە تەنانەت دواندنیشی مرۆڤ تووشی ئالەنگاری دەکات، بەڵام خۆی لەسەر ئەمە دەڵێ: من تەنیا هەوڵ دەدەم ورد و دەقیق بم.
ئەنوەر عەباسی ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠٠٠ ـەوە بەشێوەیەکی جدی دەستی بە چالاکی ئەدەبی و نووسین کردووە و ئەندامی هەرە چالاکی کۆڕە ئەدەبییەکانی کوردستان و ئێران بووە، بەڵام یەکەم کتێبی زۆر درەنگ (ساڵی ٢٠١٥) چاپ کرد. هۆکاری ئەمەش وەک خۆی دەڵێ؛ بەشێکی ویستی خۆی بووە و دوو بەشیشی شتی دیکە. ئەو یەکێک لەو نووسەرانەیە کە بە هۆی چالاکیە سیاسییەکانی و هەروەها ناوەرۆکی هێندەک لە کتێبەکانییەوە، قەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئیزنی چاپ و بڵاو بوونەوە بە کتێبەکانی نەدراوە و هەموو کتێبەکانی یان لە باشوور چاپ بوون یان لە ئەورووپا.
کتێبە چاپکراوەکانی بریتین لە:
شێعر:
خۆمێک لە خۆمە ونبووەکان (٢٠١٥ / هەولێر)
شریان تابوت (٢٠١٩ / سوێد) – فارسی
پەنجاوسێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات (٢٠٢٠ / سلێمانی)
ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە (٢٠٢٠ / سوێد)
ڕۆمان:
سژین (٢٠١٨ / سوێد) کە بە کوردی نووسراوە و بە هەردوو زمانی فارسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوە.
دیدار:
شێعری هاوچەرخ و چەن پەراوێزێک (٢٠٢٠ / سوێد) – چاوپێکەوتنی دیار لەتیف لەگەڵ ئەنوەر عەباسی
ئانتۆلۆژی:
خطاب به دیکتاتور (٢٠٢٠ / سوێد) – فارسی – بە بەشداری ئەنوەر عەباسی و حەوت شاعیری ئێرانی.
هەروەها کتێبێکی شێعر بە ناوی ”Songs at a SUITABLE FREQUENCY: From a 53Hz Whale” کە بیست و دوو شێعری وەرگێڕدراوی ئەو بە زمانی ئینگلیزی لە خۆ دەگرێت، لە لایەن چاپەمەنی لاگرانژی وڵاتی فەڕانساوە چاپ و بڵاو بووەتەوە.
وێڕای ئەمانە شێعر و چیرۆک و وتارەکانی ئەنوەر عەباسی لە زۆر گۆڤار و وێبسایتی ئەدەبیدا بڵاو کراونەتەوە.
ئارام حاجی:
هۆراس لە سەردەمی خۆیدا گوتی: شیعر جگە لە چێژ و جوانی، دەبێت سوودیشمان پێ بگەیەنێت.
ئەی لەم سەردەمەدا کە سەرمایەداری دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، ئێمە چیتر لە شیعر چاوەڕێ بکەین؟
ئەنوەر عەباسی:
من ئەو ڕستەیەم لە هوراس نەخوێندووەتەوە، بەڵام دەبێ لەبیرمان بێت هوراس ئەمەشی وتووە: ”مرۆڤەکان دوو دەستەن: یان شێتن یان شاعیر”. بە گشتی هوراس وەک دیارە کۆمەڵێک ڕستەی ئاوا توند و ئێگزەجێرەی وتووە کە پێموایە ئیتر دوای دوو هەزار ساڵ لە مردنی و هاتنە ئارای ئەم هەمووە سیستەمە هزریی و فەلسەفیە، پێویست نەکات هێندە خۆمان بە ڕستەیەکی ئەوەوە خەریک بکەین. بەڵام ئەم باسە هەویرێکە ئاوی زۆری دەوێ. چون ڕستەکەم لە کۆنتێکستی خۆیدا نەدیوە و بە وردی نازانم مەبەستی هوراس لە ”سوود” چیە، هەوڵ دەدەم سەرەتا لە ڕستەکە تێبگەم. یەکەم پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئایا خودی چێژ و جوانی، سوودێک نیە کە ئێمە لە شێعرێکی باش وەریدەگرین؟ واتە وەک پارناسیەکان دەیانوت ئایا تەنیا جوانی بەس نیە؟ وادیارە وڵامی هوراس و کەسانی هاوبیری ئەوە ئەمەیە کە؛ نا، بەس نیە. ئەمە واتە مەبەستی هوراس لە سوود شتێکی دیکەیە و پەیوەندیی بە جوانی یان چێژی هونەرییەوە نیە. ئەو شتە دەتوانێ چی بێت؟ بە چاوخشاندنێک بە کارەکانی خۆیدا بۆمان دەردەکەوێ کە بە ئەگەری زۆر مەبەستی ئەخلاق و ئامۆژگاریی چاکە کردن و شتی لەم چەشنەیە. بەڵام هاوکات هوراس کاتێک ئامۆژگاری شاعیرانی گەنج دەکات پێیان دەڵێ کە فۆڕم و پێکهاتەی شێعر (بەو واتایەی کە مەبەستی ئەو بووە لەو سەردەمەدا) بنەمای سەرەکی هونەری شێعرە نەک هەستەکانی شاعیر. واتە هوراس ڕوانگەیەکی مێتۆدیکیشی بۆ شێعر هەیە، کەواتە دەتوانین لانیکەم لێرەدا، بە چاوپۆشیکردن لەو واتایە کە بۆ سوود هەڵماندا، بیر لە واتایەکی دیکە بکەینەوە. بە درێژەی پرسیارەکەتدا دەتوانم وای لێکبدەمەوە کە مەبەستی هوراس لە سوود (و مەبەستێکیش کە تۆ هەڵتهێنجاوە)، سوودی مادیی و ئابوورییە. واتە ئەمجار وای لێکدەدەینەوە کە هوراس باس لە سوودێک دەکات کە شێعر بە خودی شاعیری دەگەیەنێت نەک ئەو سوودەی کە ڕەنگە بۆ بەردەنگی هەبێت. دیارە خۆیشی لەم سوودە بێبەش نەبووە و هەر لە ڕێگای شێعرەکانیەوە ژیاوە و ماڵی پێبەخشراوە و هەتا دوایی. کەواتە پرسیارەکە ئاوا لێدەکەم: ئایا شاعیر دەبێ لە ڕێگای شێعرەکانیەوە بژێوی ژیان پەیدا بکات؟ لێرەدا بابەتێکی جەوهەری دێتە ئاراوە: ئایا مەبەستمان لەمە قەڵەمفرۆشی شاعیرە یان نا؟ قەڵەمفرۆشی ئەوەیە کە تۆ وەکوو شاعیرێک قەلەمەکەت بخەیتە خزمەت کەس یان کەسانێکی دەسەڵاتدار یان پارەدارەوە و بە دڵی ئەوان کەڵک لە توانا ئەدەبییەکانت وەرگری و لە ئاراستەی ئامانجەکانی ئەواندا بنووسی، بۆ ئەوەی کە ئەوانیش مەرحەمەتێکت پێ بکەن. ئەمە تاکە دۆخێکە کە لە ڕوانگەی منەوە بە ڕەهایی شەڕ و خراپ و نەشیاو و تەنانەت تاوانە. بەڵام ئەوەی کە شاعیرێک بۆ وێنە شێعر بۆ گۆرانی بنووسێ و بیفرۆشێ بە گۆرانیبێژێک، بەلامەوە زۆر ئاساییە. یان ئەوەی کە شاعیرێک بەخت یاوەری دەبێت و شێوازی نووسینەکەی بە دڵی جەماوەرێکی سەردەمەکەی خۆی دەبێت و کتێبەکانی دەکڕن و پارەیەکی دەست دەکەوێ، هیچ کێشەیەکی تێدا نابینم. هەڵبەت لە هەر دۆخێکدا دەکرێ ڕەخنەمان لە ئاستی شێعری شاعیرەکان هەبێ. بۆ وێنە من کێشەی بنەڕەتیم لەگەڵ ئەدەبیاتی بازاڕیی ئەمڕۆی کوردستان هەیە، بەڵام خودی ئەمەی کە شاعیرێک بۆ فرۆشی زیاتر کتێب بنووسێ لە خۆیدا نە تاوانە و نە هیچ. چون دوو حاڵەتی هەیە؛ یان شاعیرەکە خۆی هەر لەو ئاستەدایە و شانسی خۆی ئاپۆڕەی خەڵکیش لەو ئاستەدان، یان ئەوەی کە ئەو شاعیرە ئاستی بەرزترە بەڵام بە هۆی خەمی نانەوە ئاستی خۆی هێناوەتە ئاستی ویستی ئاپۆڕە. لە حاڵەتی یەکەمدا کە هیچ، بەڵام لە حاڵەتی دووهەمدا شاعیرەکە خۆی زیانی بە خۆی گەیاندووە. هەتا ئێرەی پەیوەندی بە منەوە نیە. ڕەخنەکەی من لەو شوێنەوە دەست پێدەکا کە کەسی ئاوا لەوانەیە بەمکارەی ئاستی ویست و سەلیقەی هونەریی ئاپۆڕە زیاتر و زیاتر دابەزێنێ و بەمشێوەیە بە داگیرکردنی بازاڕ، ببێت به ئاستەنگێک و ببێ بە هەورێکی چڵکن لە بەرانبەر درەوشانەوەی شاعیران و ئەستێرە پرشنگدارەکانی سەردەمی خۆی کە ئەوانیش مافی خۆیانە کتێبیان بفرۆشرێ و لەم ڕێگایەوە هەم کەم کەم ئاستی ئەدەبیات و ئاستی ویستی ئاپۆڕە بەرنە سەرترەوە و هەم لە دەستکەوتە مادیەکانیشدا پشکێکیان بەر بکەوێ. بۆیە وەک وتم کێشەی من لەوێوە دەست پێناکا کە کەسێک کتێبەکەی چاک دەفرۆشێ. کێشەکە زیاتر لە خودی سیستەمی باوی بازاڕدایە. یەکێک لە کێشەکانی بازاڕی ئازاد هەر ئەم مۆنۆپۆل کردنەیە. لە بواری ئەدەبدا ئەم مۆنۆپۆلییە لە ڕێگای دەزگا دەستڕۆیشتووەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەوە ساز دەبێت. ئەوان کۆمەڵێک دەمووچاو یان شێوازێکی تایبەتی نووسین، بەرجەستە دەکەنەوە و بە جۆرێک دەیانکەن بە مۆدی ڕۆژ و بە لێشاو دەیخەنە بەردەستی بەردەنگ و لەم ڕێگایەوە سوودێکی زیاتر بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن و دەست بەسەر بازاڕیشدا دەگرن. وای لێدێ کە ئیتر چاپ کردنی کتێب بۆ نووسەرێکی سەربەخۆ، دەبێتە حەوت خانی ڕۆستەم و ئەگەریش ئەم حەوت خانەی تێپەڕاند، خوێنەرێک نەماوەتەوە کە بیکڕێ. کەواتە شاعیرێک کە کەوتووەتە ئەم دۆخەوە یان ناچار دەبێت مل بداتە ویستی بازاڕ یان گوێ ناداتە دەستکەوتە مادیەکان و بەو شێوەیەی کە خۆی پێی باشە، درێژە بە شاعیرایەتی خۆی دەدا. تۆ ئەم دۆخە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش دەبینی کە ئەوانیش لە جۆری خۆیاندا چەشنێک بازاڕن. ڕەنگە لەوێدا بتوانین بڵێین سیستەمی سوود بە پێوەری لایک و کۆمێنت و ڕێژەی بینەر و بەناوبانگ بوون و شتی لەم چەشنەیە کە لە بنەڕەتدا جیاوازییەکی لەگەڵ سیستەمی سوودی بازاڕی ئاسایی نیە و لە کۆتاییدا لە پەیوەندیشدان. چاوەڕوانیەک کە من لە شێعر هەمە، ئەوەیە کە لەم دۆخەدا مل نەدا بە لۆجیکی ئەم بازاڕە و نەبێتە بەشێک لەم کارەساتە. پێموایە گرنگترین شت بۆ شاعیری ئەم سەردەمە ئەوەیە کە بتوانێ لە ئاست ئەم سەخافەتە خۆی سەربەخۆ و لوتبەرز ڕاگرێ.
ئارام حاجی:
پێت وایە لەناو ئەدەبی کوردستاندا، ئێستایش هەر شیعر دەمڕاستی و ڕابەری کەتوار(واقیع) دەکات؟ لە کاتێکدا هاوشانی شیعر، ئێستا ڕۆمان لە گەشەدایە و شیعریش خۆراکی خوێنەری دەستەبژێر و نوخبەیە.
ئەنوەر عەباسی:
نا، بێگومان نا. بەڵام هەتا ئەم چرکەساتەش کە قسە دەکەین، بەهێزترین ژانری ئەدەبی کوردستان، هەر شێعرە. بەهێز هەم بەو واتایە کە گەشەسەندوو و باڵایە و هەم بەو واتایە کە بە نێو خەڵکدا بڵاو بووەتەوە و هەروەها بەو واتایەی کە ڕێژەی شاعیرەکانمان لە چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و شانۆنامەنووس و هتد، زیاترە و بەم پێیە ڕێژەی چاپی کتێبی شێعریش زیاترە. هەرچەن من تۆزێک کێشەم لەگەڵ ئەم ”ڕابەریی کەتوار” کردنەدا هەیە بەڵام وای دادەنێم کە مەبەست لێی پێشەنگایەتی ئەو شتەیە کە وەکوو فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی و ڕۆشنگەریی ناوی لێدەبەین. هەوڵێکی ناڕێکخراو هەیە بۆ تێکدانی ئەم بەڵانسە کە من زۆر پێم باشه. ڕاستیی ئەوەیە کە ڕۆمان بە تایبەت، ژانرێکی ئێجگار گرنگە. ڕۆمان ژانرێکی کۆمەڵگاساز و نەتەوەسازە. ژانری شارە. پێکهاتەی ڕۆمان بە گشتی کۆمەڵێک توخمی تێدایە کە لە شێعردا ئەگەری لوانیان ئێجگار کەمە. من پێموایە گەشەسەندنی ڕۆمان لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی خودی شێعریشە. لەبەر ئەوەی کە هەتا ساڵانێکی زۆر ئێمە بێجگە لە شێعر، هیچ ئەزموونێکی دیکەمان لە ژانرە جیاوازەکانی ئەدەبیاتدا نەبووە، هەموو شتێک خراوەتە ئەستۆی شێعر. چاوەڕوانییەکان لە شێعر ئەوەندە ڕوو لە هەڵکشان بوو کە ئیتر خەریکبوو لە ژێر ئەم بارە قورسە هەناسەی لێدەبڕا. شێعر دەبوو بگێڕێتەوە، دەبوو شۆڕش بکات، دەبوو پیشان بدات، دەبوو جوان بێت و بە گشتی دەبوو هەموو بۆشاییەکان پڕ بکاتەوە و هاوکات شێعریش بمێنێت. پێموایە بەشێکی ئەوەی کە کەسێکی وەکوو شێرکۆ بێکەس هەوڵ دەدا چیرۆکەشێعر و شانۆنامەشێعر و شتی لەم چەشنە بنووسێ، هەر بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە. بەڵام ئێستا بە هێزگرتنی ڕۆمان و چیرۆک و شانۆنامە و مینیماڵ و هتد، شێعر دەرفەتی زیاتری هەیە کە زیاتر لە خۆیدا قووڵ بێتەوە و زیاتر پێداگریی لەسەر لایەنە جوانیناسانەکان و بە گشتیی شێعرییەتی خۆی، واتە وجوودییەتی خۆی وەکوو شێعر بکاتەوە.
ئارام حاجی:
دەڵێن لە ڕۆژئاوادا، بەراورد بە شیعری کوردی، نووسین وا مۆدێرن و پۆستمۆدێرنی تێپەڕاندووە!
دەزانم هۆکارەکان بۆ ئەم دواکەوتنە زۆرن، لێ دەمەوێ هۆکارێکم پێ بدەی جیاواز لە هۆکارە باوەکان، کە دنیابینیی ئەدەبی خۆت پەی پێ بردبێ.
ئەنوەر عەباسی:
که باسی ئەم چەمکانە دەکەین، دەبێ بە پارێزەوە لێیان نزیک بینەوە. هەتا ئێستایش ئێمە نە پێناسەیەکی یەکلاکەرەوە و کۆنکرێتمان لە پۆستمۆدێڕنیزم هەیە و نە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەزانین کە لە چ ڕێکەوتێکی زەمانی یان تایبەتمەندییەکی مەکانیدا هاتووەتە ئاراوە. کەواتە باسی چەمکێک دەکەین کە هێشتا پێناسەکردن و فەلسەفین لەسەری درێژەی هەیە. لە لایەکی دیکەوە پۆستمۆدێڕنیزم و ئەو دەقانەی لە ژێر ناوی پۆستمۆدیڕن ناویان لێدەبرێ، شەبەنگێکی زۆر پان و بەرین پێکدێنن کە بۆ وێنە لە بەرەی بیتی ئەمریکاوە هەتا دەگاتە کاک ساڵح سووزەنی لە کوردستان لە خۆ دەگرێ. من پێموایە و پێشتریش وتوومە، ئەگەر لە تاکە هونەرێکدا لە ڕۆژئاوا وەدوا نەکەوتبێتین، هەر هونەری شێعرە. ڕاستە فەلسەفە و تیۆرییە نوێیەکەیمان لەوێوە وەرگرتووە و لانیکەم پەنجا بۆ شەست ساڵە فەلسەفەی هونەری ئەوان بەسەر هەموو دنیادا زاڵە، بەڵام ئەگەر لە هونەرەکانی دیکەدا تەنیا توانیبێتمان لاساکەرەوە بین، لانیکەم لە شێعردا دەنگی خۆمانمان هەبووە. ئێمە لەم بیست سی ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێک دەنگی شێعریمان هەڵبڕیوە کە لە جۆری خۆیاندا کەموێنە و تاقانە و سەرکەوتوو بوونە. ئێمە ئەزموونی شێرکۆمان هەیە، ئەزموونی سوارەمان هەیە، ئەزموونی فرەڕەهەندی نوێخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان لەم ساڵانەی ڕابردوودا دیوە و وردە وردە پێشبینی ئەوە دەکەین کە شەپۆلێکی نوێخوازیی و ژێرەوژوور کردنی ئەدەبیی، باشووریش بگرێتەوە. پێموایە شێعری ئێمە هەم بە شێوەی مێژوویی و هەم بە شێوەی کارکردیی، داینامیکە و ماتەوزەیەکی زۆری تێدایە کە ئەم داینامیک بوونەی هەر بەردەوام بێت.
ئەوەی کە ئێمە لێی وەدوا کەوتووین، خوێندنەوە بۆ شێعری سەردەمە. ئێمە بە هۆی ئەوەی کە بۆ تیۆری ئەدەبیی زۆر گرێدراوین بە فەلسەفەی ئەدەبیاتی ڕۆژئاواوە و خۆمان بیرمەندی داهێنەرمان بەرهەم نەهێناوە، ناچارین هەر هەوڵێکی ئەدەبیی خۆمان لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی ڕۆژئاوادا پێناسە بکەین. کێشە ئەوەیە کە ئەم تیۆرییانە ئەگەرچی کارکردیی و بەکەڵکن، بەڵام لە هەناوی دۆخێکی تایبەتی ژیاریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەدەبییەوە هەڵقوڵاون. ئەمە زۆرجار تووشی هاودژیمان دەکەن. ئێمە، بیرمەندانی ئێمە هێشتا دۆخی هەبووی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەلسەفیی و بە گشتی وجوودییان بۆ تیۆریزە نەکراوە. بە ئێرانیشتەوە و بە ئێراقیشتەوە و بە باشوور و ڕۆژهەڵاتیشتەوە، دەبینین کە کەمترین بەرهەمی هزریی و فەلسەفیی بەرهەم دێت کە ڕەسەن و جێگای سەرنج بێت (و ئەگەر بەرهەمیش بێت بە زۆر هۆکار ناکەونە پێش چاو و لە جێدا دەخنکێنرێن). چ چاوەڕوانییەکمان هەیە کە تیۆریی ئەدەبیمان، سەرنج بداتە فاکتەرە خۆجێییەکان؟ بۆیە پێموایە ئەوەی کە ئێمە لێی وەدوا کەوتووین، شێعر نیە، بەڵکوو هزرە. شێعر بڕیار نیە بە پێی مێتۆدی پێشتر داڕژاو و تیۆریی بنووسرێ، بەڵام دەبێ کە نووسرا، بە شێوەی مێتۆدیک خوێندنەوەی بۆ بکرێ و ئەگەر تێیدا بەدی کرا تەنانەت تیۆرییە هزرییەکانی لەسەر دابمەزرێ. ئەمەی کە دەڵێم ”شێعر بڕیار نیە بە پێی مێتۆدی پێشتر داڕێژراو بنووسرێ”، مەبەستم ئەوە نیە کە شێعر یاسا و ڕێسا و بنەماگەلێکی زانستیی نیە. بێگومان شاعیر دەبێ وەکوو هەموو هونەرەکانی دیکە، سەرەتا شێعر فێر بووبێ و لانیکەمەکانی زانستی ئەدەبیات بزانێ. ئەمە ئیتر باسێکی زۆر سەرەتاییە و تەنانەت هێندە ئاشکرایە کە ئاماژە پێکردنیشی ناوێ. باسم لەسەر شتێکی دیکەیە؛ شاعیر بڕیار نیە کە لە خەو هەستا بە خۆی بڵێ ئەمڕۆ شێعرێکی فڵانەئیستی دەنووسم. شاعیر بە پێی ئەو بنەما سەرەکیانەی کە لە بارەی پڕۆسەی شێعر نووسینەوە فێر بووە، زەوق و هەست و ئاوەز و جیهانبینی خۆی بەکار دێنێ و لێکیان دەدات و هەوڵ دەدا لەم بازنەدا شتێکی تازە بئافرێنێ کە ڕەنگە تەنانەت بەرفراوانتر بوونەوەی سنوورەکانی شێعری لێبکەوێتەوە. بەلای منەوە ئەگەر ئەم هەوڵە بە ئاگاییەوە بکرێ پڕبایەخترە. واتە پڕۆسەیەکی بەسەردا کەوتن نەبێ، بەڵکوو پێموایە بە بایەخترە ئەگەر شاعیر وریایانە خۆی بزانێ چی کردووە. ئەمە سنوورێکی زۆر ناسکی لەگەڵ میکانیکیی نووسین و بە پێی تیۆری نووسین هەیە و نابێ تێکەڵ بکرێن. هێمن دەڵێ:
”با لە زارم بێتەدەر پشکۆی شێعر / با فراوانتر بکەم ئاسۆی شێعر”
ئارام حاجی:
لەم دیمانەیەدا دەمەوێت ئاوڕێک لە خوێنەریش بدەینەوە، وەك جەمسەری دووەم:
“ئای ئەی ڕیچاردز” پێی وایە خوێنەر بۆ ئەوەی ئاوێتە ببێت لەگەڵ دەقێك، پێویستە لە کاتی خوێندنەوەیدا، هەموو ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕی بخاتە لاوە. لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
ئەنوەر عەباسی:
ڕستەی وا لە شوێنی وا پەیدا دەکەی کە من قەتم نەبیستوون. ئەزانی کێشە لە کارەکەی تۆ نیە، کێشە لەوەدایە کە ئەم ڕستەگەلە هەرکامەو کۆنتێکستێکی خۆیان هەیە و دەبێ لەو کۆنتێکستەدا بخوێنرێنەوە. لەم وتەیەی ڕیچاردزدا باس لە وەلانانی ئایدۆلۆجی و بیروباوەڕ کراوە لە کاتی خوێندنەوەی شێعردا، بەڵام پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەمەیە کە مەبەستی لەم بیروباوەڕە چیە؟ ئایا مەبەستی بیروباوەڕی هزریی و فەلسەفیی و واتاییە، یان بیروباوەڕی فۆڕمی و زمانی و تەکنیکی بۆ خودی شێعر. مەبەستی وەلانانی کامەیانە؟ و پرسیاری گەورەتر ئەوەیە کە ئایا وەها شتێک دەلوێ؟ واتە ئەگەر من ئەیتیئیست بم و شێعرێک بخوێنمەوە کە باس لە جوانیەکانی قورئان دەکات، ئایا دەتوانم ئەیتیئست بوونەکەم کە ئیتر بووە بە بەشێک لە من، بنێمە ئەولاوە و بە تەواوی بێلایەنانە و سپی خۆم بدەمە بەر لێشاوی ئەو شێعرە؟ یان بۆ وێنە ئەگەر من کەسێکی فۆڕماڵیست بم و شێعرێکی دروشماویی و ناوەرۆکتەوەرم بخەیتە بەردەست، دەبێ بێلایەنانە بچمە جەستەی ئەو شێعرە؟ تۆزێک سەختە. لە هەندێک دۆخدا دەکرێ و لە هەندێک دۆخدا نا. هەرچی شێعرەکە لە من نزیکتر بێت، لە بیروباوەڕی من (بە هەردوو واتاکەی سەرەوە)، کەمتر ئەگەری هەیە به هۆکاری ئایدۆلۆجیک دژی بوەستم، بەڵکوو هەر لەو بەستێنەدا باشتر دەیخوێنمەوە. بە تایبەت کە لێرەدا باسی خوێنەر و بەردەنگی گشتیی دەکەین نەک کەسێک کە کار و پیشەی ئەدەبیاتە. لێرەدایە کە فاکتەری ویست و سەلیقەی هەر تاکێکیش ڕۆڵ دەبینێ. نازانم چەندە دەلوێ کە بەردەنگێکی گشتیی شێعر، هێندە پێگەیشتوو بێت کە بتوانێ بیروباوەڕ و جیهانبینی و تەنانەت سەلیقەی شێعریی خۆی بۆ چەن خولەکێک لە خۆی دوور بخاتەوە و وەکوو کاغەزێکی سپی بچێتە بەردەم دەقێک… نازانم. بەڵام پێموایە ئەگەری زۆر کەم و ڕوودانی زۆر دەگمەنە. کەواتە پێموانیە ئەم وتەیە زۆر شیاوی ئاوڕ لێدانەوە بێت. بەڵام ئەگەر لە کۆنتێکستی دیکەدا و لە واتایەکی دیکەدا وترابێ کە من پەیم پێ نەبردبێ، ئەوە قسەیەکی دیکەیە. من تەنانەت بۆ ڕەخنەگرانیش دڵنیا نیم که بتوانن بە تەواوی خۆیان لە ئایدۆلۆجی داماڵن جا بچنە جەستەی دەق. هەروا کە نۆرترۆپ فرای لە کتێبی ئاناتۆمی ڕەخنەدا دەست لەسەر ئەم خاڵە دادەنێ و دەڵێ: ”ڕەخنەکارەکان بە پێی جیهانبینی خۆیان دەچنە سەر دەق و، سیستەمی باوەڕەکانیان لە هەڵسەنگاندنی ئەدەبییاندا ڕەنگ دەداتەوە”.
ئارام حاجی:
دەگێڕنەوە “بۆدلێر” گوتوویەتی: دەتوانم سێ ڕۆژ بەبێ نان بژیم، بەڵام بەبێ شیعر ناتوانم.
ئەمە پەرۆشیی نووسەر خۆی دەردەخات بۆ نووسین، بەڵام ئێستا نووسەر پاش لەچاپدانی کتێبەکە، یەکەم کەس خۆی خەمساردە بەرانبەر کتێبەکەی.
ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
ئەنوەر عەباسی:
ئەمەش دیسان وتەیەکی سەیرە و تەنانەت دەکرێ وەکوو پارچەیەک لە شێعرێک سەیری بکەین، نەک وتەیەکی لۆجیکی. بۆ شاعیری راستەقینە شێعر نووسین و شێعر خوێندنەوەی بەردەوام زۆر گرنگە و ڕەنگە ببێت بە گرنگترین بەشی ژیانی و بەشەکانی دیکە بخاتە پەراوێزەوە. بەڵام نان و ئاو و هەناسەدان و ئەم شتانە لە ئاست و شوێنێکی جیاوازی گرنگیدان و هەر خستنە پاڵ یەکیشیان لەگەڵ شێعر، تەنیا لە شێعردا دەتوانێ واتای هەبێ و بڵێین ئەمە موبالەغەیە یان مەجازە یان جوانکارییەکی دیکەی ئەدەبیی. ئیتر ئەم قسانە بۆ ئەمڕۆ زۆر ڕۆمانتیکن. بەڵام دەی، هەر وەکوو ڕستەیەکی هێمایین وەریدەگرین، هەروا کە خودی بودلێریش سیمبۆلیست بوو. واتە وەکوو لە پرسیارەکەی پێشووتدا ئاماژەت پێدابوو، بە وەلانانی بیروبڕوا و جیهانبینی خۆمانەوە، دەچینە خوێندنەوەی ئەم ڕستەیە و پاشان هەوڵ دەدەم بە بیروڕا و جیهانبینی خۆمەوە وڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە. دەبینی؟ کارێکی ئاسان نیە. من پێموانیە نووسەران بە گشتیی یان بە زۆری و بەربڵاو کەسی وایان تێدا بێت کە بەرانبەر کتێبی خۆیان خەمسارد بن. بەلام جەوی هەنووکەیی ئەدەبیاتمان جەوێکی دڵساردکەرە. هیچ شاعیرێکی باش نابینیتەوە کە بتوانێ لە ڕێگای فرۆشتنی کتێبەکانیەوە ژیان تێپەڕێنێ. نەک هەر ئەوە، هیچ پاڵپشتیەکی لایەن و ناوەندە فەرهەنگییەکانیش بۆ شاعیران مسۆگەر نیە. لەملایشەوە، تەنانەت شاعیرەکانیش بەرهەمی یەکتر کەمتر دەخوێننەوە یان خوێندنەوەی بۆ دەکەن. بواری ڕەخنەی ئەدەبیمان لاوازە و وڵامدەری ئەم لێشاوە لە چاپ و پەخش نیە. ئارتوور ڕێمبۆ سەردەمی خۆی کتێبێکی شێعری بە چاپ سپارد بەڵام چون پارەی چاپەکەی نەدابوو، بۆیان چاپ نەکرد و خۆیشی ئیتر وەدوای نەکەوت و چل ساڵ دواتر چاپ کرا کە لە مێژ بوو ڕێمبۆ مردبوو. ئایا دەکرێت بڵێین ڕێمبۆ خەمسارد بوو بەرانبەر شێعرەکانی؟ نا. بەڵام دەتوانین بڵێین بێهیوا بوو. هەست دەکەم فەزای ئەدەبی ئێمە بە گشتیی تووشی ئەم بێهیواییە بووە. شاعیران دەنووسن و لە هیچ بارێکەوە هیچ وەرناگرنەوە. نە مادی نە مەعنەوی. تەنیا ئەوەندە نەبێ کە دوای مەرگیان ڕەنگە ڕێزێکیان لێ بگیرێ یان نا. ئەمە بەشێوەیەک گشتگیر بووەتەوە کە تەنانەت لە شاعیرە هەرەباشەکانیشدا دەیبینی، ئیتر چ بگا بە شاعیرێکی گەنج کە دەبێ زۆر زۆر هەوڵ بدات کە تازە بگاتە ئاستی ئەو شاعیرە باشانە و لە هەمانکاتدا دەزانێ بگاتە ئاستی ئەوانیش، هیچ دەستکەوتێک دەستی ناگرێ. تەنیا شاعیرانێک بێهیوا نابن کە گرنگترین بەشی ژیانیان خودی شێعر و نووسین بێت. واتە ئەو کەسانەی کە هیچ چاوەڕوانییەکی دیکەیان نیە و تاکە ئاواتیان ئەوەیە شێعرێکی باشتر لەوەی پێشوویان بنووسن. من هەوڵمداوە لەم دەستەیە بم، دەنا دەبوو هەر زۆر زوو وازم لێهێنابا. هەرچەن منیش ناو بە ناو تووشی ئەم بێهیواییە دەبم، بەڵام هەر کە شێعرێکی باش دەنووسم کە بە تەواوی خۆم ڕازی دەکات (ڕەنگە ساڵی سێ چوار جار ئەمە ڕووبدات) بەشی چەند مانگ هیوا و وزەم وەبەر دێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە بەرانبەر ئەو شاعیرانەدا کە دەزانم باشن و پێم خەسارە کە لە نووسین داببڕێن، هەست بە بەرپرسیارەتیی دەکەم و هەموو هەوڵم ئەوەیە کە بەشبەحاڵی خۆم بەسەریان کەمەوە و نەهێڵم ئەم بێهیواییە هەناسەیان ببڕێ. هەر دامەزراندنی وێبسایتی هاوچەرخ یەکێک لەو هەوڵانە بوو. وێبسایتی ئەدەبیی زۆرن بەڵام هاوچەرخ بەو مەبەستە دامەزرا کە باشترین شاعیر و چیرۆکنووسەکانی ئەم ساڵانە، لە پێگەیەکی هاوبەشدا کۆ بکاتەوە و لەو گێژاوەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئەدەبی فەیک و بازاڕی سازی کردووە، بەرچاوڕوونیەک بە دنیای ئەدەبیاتی کوردستان ببەخشێ و ڕێگایەک بۆ خوێندنەوە و ئاوڕدانەوە لە شاعیران و نووسەرانی پڕبایەخی هاوچەرخ بکاتەوە. هەڵبەت بە هۆی ئەو خەسارانەی کە لە نێو ئەدەبیاتماندا هەن و بەرهەمی دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و کێشە تاکەکەسییەکانە، ئاستەنگی زۆرمان لەبەردەمدا هەبوو و هەیە بەڵام بە گشتیی پێموایە هەتا ئێستا لە کاری خۆماندا سەرکەوتوو بووین.
ئارام حاجی:
سەرنجت بۆ شتێك ڕادەکێشم و ئینجا پرسیارەکەم دەکەم:
“ئەلبێرت کامۆ” لێکۆڵینەوەیەکی نووسیوە لەسەر بابەتی سەرپەڕاندن، (لێکۆڵینەوەکە لە چوارچێوەی کتێبێك بڵاوبووەتەوە بە ناونیشانی “ڕامانگەلێک لەسەر گیۆتین”) ئەم لێکۆڵینەوەیە یەکێك بوو لە هۆکارەکان بۆ گۆڕینی سزای سەرپەڕاندن و کوشتن، بۆ بەندکردنی تاهەتایی، بە واتایەکی تر؛ سزای سەرپەڕاندنی بۆ سزایەکی سوکتر گۆڕی.
بۆچی ئەدەبی کوردی ئەم کاریگەرییە ئەرێنی و یەکلاییکەرەوەی نەبووە؟
ئەنوەر عەباسی:
ئەو کتێبەی کامۆ کتێبێکی شێعر یان چیرۆک و ڕۆمان نیە بەڵکوو وەکوو خۆت وتت جۆرێک لە لێکۆڵینەوەیە (هەڵبەت ئەمەش لە واتایەکی گەورەتردا لە بازنەی ئەدەبیات دایە، بەڵام لێرەدا ئێمە مەبەستمان لە ئەدەبیات، شێعر و چیرۆک و بە گشتیی ژانرە هونەرییەکانی ئەدەبە). کاریگەرییەکەشی ئەوەندە لەناکاو و دەستبەجێ نەبوو کە بڵێین یاساکە تەنیا بە هۆی ئەم کتێبەوە گۆڕا. جگە لەوەش ئەم جۆرە لە هزرین لەسەر بابەتی سزای مرۆڤ، ڕەگ و ڕیشەی لە هزری ڕۆژئاوادا هەبوو و بۆ وێنە دەتوانین شوێنپێی بۆچوونەکانی چێزارە بیکاریا و مارکی دووساد و کەسانی دیکەش لەم کتێبەدا ببینینەوە. هەروەها بەستێنی کۆمەڵایەتیی فەڕانسەی ئەو ساڵانەش جۆرێک لە ئامادەیی تێدا بوو. لە کەم شوێنی مێژووی مۆدێڕندا دەبینین شێعر یان چیرۆک وەها کاریگەرییەکیان لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگا دانابێ. ڕەنگە توانیبێتیان خەڵک هان بدەن بۆ شۆڕش یان بەرگری، کە خۆمان نموونەی لەم چەشنەمان هەیە، بەڵام دەگمەن ڕوویداوە کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ و گەورە لەسەر سیاسەتی وڵاتان پێکبێنن. بەڵام کتێبی لێکۆڵینەوە کە بە زمانی فاکت و ژومارە و ئامار قسە دەکات لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە ئاوڕی لێدەدرێتەوە و لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیی و بەرژەوەندیی خودی دەسەڵات هەڵدەسەنگێنرێ و ئەگەر قازانجێکی تێدا بەدیکرا، بە هەند وەردەگیرێ. بۆ وێنە ئەو کتێبانەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا لەسەر پەروەردە نووسراون، زۆریان توانیویانە ئاڵووگۆڕ لە سیاسەتی پەروەردەی وڵاتاندا بەدی بێنن. بۆیە کە دەڵێم ئێمە قەیرانی بەرهەمهێنانی هزرمان هەیە، ئەمەش بەشێکیەتی. ئێمە ئەم کتێبانە بەشێوەی دەستەبژێر و بە دڵی خۆمان لە زمانەکانی دیکەوە وەردەگێڕین، بە بێ ئەوەی کە زۆر ئاگامان لە پڕۆسەی بەرهەمهاتنی ئەم هزرینە و ئەو دۆخە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە بێت کە تێیدا بەرهەم هاتوون. پانتایی ڕۆشنبیریشمان وەها لاواز کراوە کە چاوەڕێی لەمە زیاتریشی لێناکرێ.
لەم ساڵانەی دواییدا دیتمان کە ڕۆمانەکەی بێهرووز بووچانی (هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان) توانی کاریگەرییەکی باش لەسەر کۆمەڵگای جیهانی دابنێ و وای کرد کە گوشارێکی زۆر خرایە سەر دەوڵەتی ئۆستراڵیا، بەڵام ئەوەشمان دیت که هیچ ئاڵووگۆڕێکی ڕاستەوخۆی لە سیاسەتی ئەو ولاتەدا بەدی نەهێنا. ڕەنگە لە درێژماوەدا ئەدەب بتوانێ جیهان بەرەو ئاڵووگۆڕ ببا، بەڵام لە کورتماوەدا نا. ئەمە تایبەتمەندیی ئەدەبیاتە کە وردە وردە و هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە نێو بیرگەی گەلانەوە و ئەمە کۆی ئەدەبیاتی وڵاتێکە کە کاریگەریی لەسەر ئاڵووگۆڕەکانی گەل و وڵات دادەنێت، نەک یەک ئەدیب و یەک کتێب. دەبێ بەردەوام بین و تاقەتمان بێ.
ئارام حاجی:
ئەم پرسیارەم لە جێیەکیتریش کردووە، بەڵام دەمەوێ بۆچوونی تۆش لەم بارەوە بزانم .بۆ نمونە: ئێمە شیعری پەخشاناویمان لە فەرەنسییەکان و هایکومان لە ژاپۆنیەکانەوە وەرگرتووە. هەروەها شێعری عەرووزیمان لە عەرەب وەرگرتووە و هتد… . کورد لە هیچ بوارێکیتردا پێشڤەچونی نەبووبێ، ئەوا لە شیعردا وەک وتت هاوشانی دنیا دەچێتە پێشەوە. دەمەوێ بپرسم: ئێمە که بەو چەشنە سەروکارمان لەگەڵ شیعردا هەیە، بۆ نەبووین بە سەرچاوەی فۆڕمێکی شیعر بۆ جوگرافیایەکی جیاوازتر لە کوردستان؟ یان ئەگەر بووین ئەو جوگرافیا کوێیە؟
ئەنوەر عەباسی:
سەرەتا ئەوە بڵێم کە بڕیار نیە هەر نەتەوە و زمان و وڵاتێک فۆڕمێک یان لێرەدا پێموابێ درووستترە بڵێین قاڵبێکی تایبەت بە خۆی هەبێ. ئەم قاڵبە شێعرییانە کە ئێستا پێی دەنووسرێ، زۆربەیان زۆر کۆنن و هێندەکیان بە تازەیی داهێنراون. بە گشتی داهێنانی قاڵبێکی نوێ و جیاواز، نە ئەوەندە ئاسانە و نە ئەوەندەش پێویست کە بڵێین هەموو ڕۆژێک قاڵبێکی شێعریی نوێ ساز بکرێت. خۆ ئەوە سازیش کرا، مەرج نیە ئەو قاڵبە بتوانێ بڕەو پەیدا بکات و گەشە بستێنێ و دیتران وەریبگرن. لە سەردەمی کلاسیکدا کۆمەڵێک هەوڵ دراوە بۆ سازکردنی قاڵبی نوێ کە هێندەکجار سەرکەوتوو بوون و هێندەکجار هەوڵەکەیان بووە بە هەوڵێکی کز و لاواز و ئاکامێکی ئەوتۆی نەبووە. لە شێعری کلاسیکدا قەسیدهمان هەیە، غەزەڵمان هەیە، چوارینەمان هەیە، موستەزادمان هەیە، مەسنەویمان هەیە، سێ خشتەکیمان هەیە، تاکبەیتمان هەیە و هتد. ئەمانە هەموو لە سەردەمانێکدا ساز کراون و هێندەکیان زۆری پێ نووسراوە و هێندەکیان کەم. بەڵام لە دوای هاتنە ئارای شێعری ئازادەوە، ئیتر ئەم داهێنانە قاڵبیانە بە جۆرێک لە جۆرەکان واتای خۆیان لە دەست دا. شێعری ئازاد لە خۆیدا دژی قاڵبه. ئەمجار داهێنانەکان زیاتر لەوەی کە قاڵبیی بن، شێوازیی بوون. لێرەدا مەبەستم لە شێواز بریتیە لە پێکهاتەیەکی تایبەتمەند لە زمان، وێنە، ڕیتم و ناوەرۆک وهتد نەک، تەنیا چوارچێوە و زەرفێک کە دەبێ شێعرەکەی تێ بخرێت.
بۆ وێنە شێعری یونس ڕەزایی و شێعری شێرکۆ بێکەس ئەگەر لەبەرچاو بگرین، هەردووکیان لە قاڵبدا شێعری ئازاد دێنە ئەژمار، بەڵام هەرکامەو شێوازێکی جیاوازیان هەیە. شێوازی هەڵسووکەوتی شێعریی و جۆری کەڵک وەرگرتن لە وێنە و زمان و جۆری بە دەستەوەدانی واتا و… یان لێک جیاوازە. وای لێدێ کە ئەمجار ئێمە لەگەڵ بابەتێک بە ناوی ”شێعری شێت” بەرەوڕوو دەبینەوە کە کۆمەڵێک بناغەی تیۆریکی هەیە کە بە تەواوی لە شێوازی نووسینی شێرکۆ جیاوازە. ئێستا ئەم شێوازە دەتوانێ پەرە بستێنێ و کەسانی دیکەش کاری لەسەر بکەن و گەشەی پێبدەن و ئەگەری ئەوەشی هەیە لە سنوورەکانیش دەرباز بێت، یان نا. ئەمە ئیتر تەنیا باسی زمانی شێعریی و سەربەخۆ و جیاوازییە ئاساییەکانی دوو شاعیری جیاواز نیە، بەڵکوو لەگەڵ دوو هەڵسووکەوتی شێعریی جیاواز بەرەوڕووین. سەیری نموونەکانی دیکەش بکەین هەر ئەمە دەبینین. بۆ وێنە شێعری ئالێن گینزبێرگ لەگەڵ شێعری لویی ئاراگۆن ئەگەر بەراورد بکەین هەر ئەم شتە دەبینین. ئاڵووگۆڕەکە لە قاڵبدا نیە بەڵکوو لە شێوازدایە. دیارە کۆمەڵێک هەوڵی قاڵبیش دەدرێ کە زۆر جێگای بایەخ نەبوونە.
بەڵام ئەوەی کە ئایا کورد قاڵبێکی هەیە کە هی خۆی بێت؟ بەڵێ هەیەتی. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە بەیت بکەین. من تەنانەت وەکوو چۆن کاک عەبدولخالق یەعقوبی پێیوایە کە ڕەگی داهێنانەکەی سوارە ئیلخانیزادە لە بەیتەکاندایە، پێموایە دەبێ لە بەیت و حەیراندا بۆ سەرچاوەی شێعری شێرکۆیش بگەڕێین، کە ئەوە باسێکی دیکەیە بەڵام ویستم بڵێم ئەم سەرچاوە و میراتە کەونارانەی ئێمە چۆن هەتا ئێستایش لەگەڵ شێعری ئەمڕۆمان هەناسە دەدەن. هەروەها شێعری بڕگەییش قاڵبێکی کوردیە. ئەگەرچی هەندێک ولاتی دیکەش ئەمەیان هەیە بەڵام دەتوانین بڵێین شێعری بڕگەیی کوردستان، هی خودی کوردستانە. بەڵام ئەوەی کە ئایا ئێمە بەشێوەیەک کە بتوانین شوێن پێی هەڵبگرینەوە، کاریگەریی شێعری خۆمان، یان قاڵبه شێعرییەکانی خۆمان، لە شێعری وڵاتانی دیکەدا دەبینین یان نا، بابەتێکی دیکەیە کە من هەتا ئێستا نەمتوانیوە بە ئاشکرا ئەمە ببینم. هەر بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە چەن سەدەی ڕابردووەدا نەیتوانیوە ئەو کاریگەرییە لەسەر ئەدەبی دنیا دابنێت. ئەمەش بۆ زۆر شتی دیکە دەگەڕێتەوە. بەشێکی گرنگی ئەمە مەسەلەی هەژموونیی و دەسەڵاتی سیاسیە. بە شێوەی ئاسایی وڵاتانی بەهێزتر دەتوانن فەرهەنگ و ئەدەبی خۆیان بەسەر وڵاتانی لاوازتردا بسەپێنن. وەک چۆن هەزار و ئەوەندە ساڵ لەمەوپێش کە عەرەب هاتن و ئەم ناوچەیەیان داگیر کرد شێعری عەرووزییان لەگەڵ خۆیان هێنا. خۆ پێش ئەو شتێک بە ناو شێعری عەرووزی لە نێو فارس و کورد و تورکدا نەبوو. خۆ ئەگەر عەرەب خۆی خاوەن شێعر نەبوایە، نەیدەتوانی ئەمە بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێ. بەڵام هەیبوو. بۆیە دەڵێم بەشێوەی ئاسایی ئەمە ڕوودەدا چون هێندەکجار و زۆر بە دەگمەن ڕوویانداوە کە بەهێزترەکان خاوەن فەرهەنگ و ئەدەبێکی ئەوتۆ نەبوون و ناچار تەنیا لە بەری فەرهەنگ و ئەدەبی نەتەوە و وڵاتی داگیرکراویان خواردووە. بۆ وێنە مەغول و تورکەکان. ئێستاش بمانەوێ و نەمانەوێ وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان کە لە باری ئابووری و سەربازییەوە وڵاتگەلێکی سەردەستەن و هەمووشیان خاوەن فەرهەنگ و ئەدەبی خۆشیانن، لە هەموو بوارەکانی سەردەمدا قسەی یەکەم دەکەن. کەواتە ڕێگای ئاڵووگۆڕی ئەدەبیات و فەرهەنگ و فەلسەفە و زانیاری و… لە نێوان ئێمە و ئەواندا، ڕێگایەکی یەکلایەنەیە. واتە هەر لەوێوە دێت و ئێمە وەریدەگرین. لەم نێوانەدا ئەگەر ئێمەش بتوانین شتێک بەوان بدەین، کاتێک دەگاتە ئەوێ، دەبێ بە هی خۆیان. ئەوان دەبنە خاوەنی و ئێمە ناتوانین خاوەندارێتیی لێبکەین. ڕاستە قەیرانی بەرهەمهێنانی هزرمان هەیە بەڵام ئایا مەعقولە لە دوای ئیبنی ڕوشد و شەهابەدینی سوورەوەردی و کەسانی لەم چەشنە کە سەردەمانێک وەکوو زیخی بیابان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەڵڕژابوون، لەم هەموو ساڵەدا یەک بیرمەند لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا درووست نەبووبێ کە ڕا و بۆچوونی خاوەن بایەخ بێت؟ مەعقولە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین هەر خەیامی تێدا بووبێ کە شایەنی ئەوە بێت لە دنیادا بناسرێ؟ نا. شتی دیکەش ڕۆڵ دەگێڕن. کە من دەڵێم شێعری هێندەک لە شاعیرانی ئێمە تیغ لە ئاسمانی ئەدەبیاتی دنیا دەسوون، هەروا قسە فڕێ نادەم. باشترین شاعیرەکانی جیهان دەخوێنمەوە و خۆمانیش دەخوێنمەوە و بەراوردیان دەکەم و پاشان بەم ئاکامە دەگەم. بەلام هەتا ئێستا نەمانتوانیوە سنوورەکان تێپەڕێنین، بە تایبەت وەکوو کورد. دەنا نەتەوەکانی دەوروپشتمان کە بەهەرحاڵ وڵاتی خۆیان هەیە، بەردەوام خەریکی سەراسوێن و لە دۆخێکی باشتردان. ئەوان لە ئێمە زیاتر بایەخ بە بواری فەرهەنگ و ئەدەب و هزر دەدەن. چون وڵاتێک کە فەرهەنگ و ئەدەبەکەی گەشە نەکات، دادەڕمێ. قسەیەک هەیە کە دەیخەنە پاڵ چێرچل و نازانم چەندە ڕاستە بەلام بەهەرحاڵ ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگری تێدایە. دەڵێن لە شەڕی جیهانی دووهەمدا که بریتانیا و ئاڵمان بە سەختی لە شەڕدا بوون، یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی چێرچل پێی دەڵێ با لە بودجەی بواری فەرهەنگ کەم بکەینەوە و بیخەینە خزمەت هێزی سەربازیمانەوە. چێرچل وڵام دەداتەوە: لە بودجەی هەموو بوارێک کەم دەکەینەوە بەڵام بودجەی بواری فەرهەنگ نابێ کەم بکرێتەوە، ئێمە ئەم شەڕە بۆ مانەوەی فەرهەنگەکەمان دەکەین.
ئێمەش دەبێ بەردەوام بۆ مانەوە و گەشەکردنی فەرهەنگ و زمانی خۆمان لە هەوڵدا بین، دەنا وەکوو دەیان فەرهەنگ و زمان کە لە نێوچوون، لە نێو دەچین و مۆزەخانەکان دوامەنزڵگەمان دەبێ.