مرۆڤێک لە خاشاک | ڤان شێرزاد | شێعر | لاونووس
ڤان شێرزاد
.
پێویستم بە دووبارەبوونەوەیەکی ترە
سەرلەنوێ دروست ببمەوە
وەک مۆمێک دوای توانەوە
بە خاشاک و پیسیەوە
لە قالبێکی ترم بدەن
شیرێکی تر بچێت بە قورگمدا
لە ئەلف و بێیەکی تر دەست پێبکەمەوە.
وا تێدەگەم
ژیان کردن لە بەرگی مرۆڤ
دەمکاتەوە بەهەمان دڕندە.
نامەوێت ببمەوە بەو جەستە
بۆگەنەی لەتوانایدا هەیە
ببێتە هەڵگری شەڕانگێزترین ئەهریمەن
نامەوێت ببمەوە ئەو کوندەپەپووەی
لەناو کەلەسەرە گەورە
وێرانبووەکەی خۆمدا بخوێنم
نــا…..
با بچووک بچووک ببمەوە
هێندەی مێشێک
با دونیام زەڵکاوەکان و کەڵاکێکی تۆپیو بێت
با سەرکێشیەکانم
لینجایی ناو کوونە لووتی بەرازێکی سەر زل بیت
کە باڵەکانم تەڕ بکات بۆ چەن ساتێ نەتوانم بفڕم
با ترسناکترینم،
بوون بەژەمێکی بەلەزەتی
ژێر زمانی مارمێلکەیەکی باریک بێت.
با قالۆنچەیەک بم
هەر چوار پەلم سڕ بێت لە زستانێکی سارددا
بکەومە ژێر پێی پیرە پیاوێکی کوێر پانم بکاتەوە
با ئەسپێیەک بم
لە چڕی نێوان تاڵە مووەکانی
سەری کچێکی کۆچەری
بەهەردوو پەنجەی ئەسپێ کوژە
چرقە لە هەناومەوە بهێنێ و فڕێم بدات.
تەنیا نامەوێ ئەو مرۆڤە قێزەونەی ئێستابم