بێدەنگی – بێهزاد قادری / چیرۆک

بێهزاد قادری

.

تا چاو کار دەکات، ڕەشاییە و تاریکاییە. ناجووڵێم و چاو دەبڕمە ڕەشایی. هێندە چاوی لێ دەبڕم تاکوو نوقمی دەبم، یان ئەو نوقمی خۆم دەکەم! گرینگ نییە، گرینگ تێکەڵبوونە، گرینگ یەکبوونە، یەکڕەنگبوونە… جووڵە ناکەم، وەک ئەوەی کە نە قامکەکانم هی خۆم بێت، نە قاچەکانم و نە دەستەکانم. جووڵە ناکەم و لەشم بە تاریکایی دەسپێرم. خۆم ماوم و ترپەی دڵم و گەڕانی خوێنی نێو دەمارەکانم و مشتێک مێشک و مۆخ و دەماری عەسەب. خۆم ماوم و تا چاو بڕ دەکات ڕەشاییە. نە سنوورێک دیارە، نە جوغرافیایەک و نە ڕەنگێک.

ترپەی دڵم ئازارم دەدات. دەمەوێت مێشکم لەبیری بکات و وەک چۆن قامکەکانمی بە تاریکایی ئەسپاردووە، ئەویش بەو بسپێرێت. ئەستەمە و ترپەکانم نەرمەنەرمە خۆی بە دەم ڕەشاییەوە دەدات و دەبێتە شەپۆلێکی ڕادیۆیی لەنێو بۆشاییدا.

دەنگی خوێنی نێو دەمارەکانم ئازارم دەدات. دەمەوێت مێشکم ئەویش لەبیر بکات و بە تاریکایی بسپێرێت. نامەوێت هەست بە هیچ جووڵەیەکی نێو لەشم بکەم. دەمەوێت هێدی هێدی ڕۆحم بدەم بە دەم ڕەشاییەوە. دەمەوێت لە ئەتۆمێک سووکتر بم. نامەوێت لە بەندی خانەکانی لەشمدا بمێنمەوە. نامەوێت بینین لە چاوەکانمدا بەرتەسک بکەمەوە. نامەوێت بیستن لە گوێکانمدا سنووردار بکەمەوە…

دەمەوێت بە ڕۆحم، بە دەروونم و بە هەموو بوون و نەبوونمەوە هەست پێ بکەم. دەمەوێت لەگەڵ ڕابردوو تێکەڵ ببم. بێ جەستە و بێ ترپەی دڵ خۆم دەدەم بە دەم ڕەشاییەوە. نوقمی بێدەنگی دەبم، یان ئەو نوقمی خۆم دەکەم. دەمەوێت خۆم لەیاد ببەم، ئەوەی کە هەم لەیاد ببەم، ئەوەی پێم وایە ڕاستە و ئەوەی پێم وایە درۆیە لەیاد ببەم. دەمەوێت لەوەی ساویرە خۆم دوور بگرم و تەنیا و تەنیا هەست پێ بکەم. دەمەوێت هەموو هێز و وزەی شاراوەی خۆم بخەمە گڕ و هەست پێ بکەم.

هەست بە تێکەڵبوون دەکەم، یان بەشێکم لە ڕەشایی یان ئەو بەشێکە لە من. نە زیندانێک بە ناوی جەستە بوونی هەیە، نە ساویرێک بە ناوی ترپەی دڵ. نە دەبیستم و نە دەبینم، تەنیا و تەنیا هەست پێ دەکەم. خۆم لەبیر کردووە و ئیتر جەستەم بەشێک نییە لە من. تێکەڵتر دەبم. هەست بە ترپەی پرۆتۆنەکانی نێو ئەتۆمێک دەکەم کە ئەلەکترۆنەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە، وەک مانگ بە دەور زەویدا و وەک زەوی بە دەور خۆردا و وەک کۆمەڵەی خۆر بە دەور کەشکەڵاندا… چەندە گەورەین لە بچووکترین جمشتی ژیان! بەڵام بەو گەورەییەش وزەی تەحەمولکردنی چەند چرکەی سووڕانی خێرای ئەلەکترۆن بە دەور پرۆتۆنم نییە.

دەکشێمە دواوەوە. هەست بە خۆخزاندنی ئاوێک دەکەم، ئارام و لەسەرخۆ، ڕۆحم نەوازشت دەکات بۆ خەوێکی ئەبەدی، وەک دەستی فریشتەی مەرگ، وەک ماچی فریشتەی ئەشق. دەمارێک وردیلەکانی خاک ختووکە دەدات، ئاو هەڵدەلوشێت. ئاوێک وەک مار خۆی دەخزێنێت. گوڵێک و چەند گەڵا تینوویانە. هەست بە نوقمبوونی گوڵدانەکەی تەنیشتم دەکەم، لە خۆمدا، لە ڕەشاییدا، لە بێدەنگیدا… تەحەمولی ئەو هەمووە ئارامییەم نییە، دەترسم من ببمە بەشێک لەو و هەتا مردن چاوەڕوانی پەرداخێک ئاوی دەستی مرۆڤێک بم.

خۆم ئازاد دەکەم. زەوی بە دەوری خۆیەوە دەسووڕێتەوە! یەکەمجارە هەستی پێ دەکەم. دەنگێکی سەیری هەیە و لە توێ‌توێی بێدەنگیدا خۆی پێمدا دەخشێنێت. دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە، هەست بە سووڕانەوەی ناوکەکەشی دەکەم، هەست بە کوڵینی “ماگما”کەشی دەکەم، جەهەندەمێک لە حاڵی کوڵیندایە، هیچ پێست و ئێسک و جەستەیەک ناتوانێت تەنانەت ڕێژەی گەرماکەی هەڵبسەنگێنێت. لە بێدەنگیدا دەنگەلێکی سەیر ڕامدەکێشن! نازانم دەنگی کوڵینی ماگمایە یان سووڕانی زەوی بە دەوری خۆیدا! نازانم دەنگی سووڕانی مانگە بە دەور زەویدا یان سووڕانی زەوی و مانگ بە دەور خۆردا! ڕەنگە ئەستێرەیەک بمرێت… ئەو دەنگانە هی ئێستا نین، نوێ نین، ساڵانێکی دوورودرێژە لەگەڵ زەوی دەسووڕێنەوە، ئەوانیش لە بەندی وزەی ڕاکێشانی زەویدان. ساڵانێکە خۆمان لێ کەڕ کردووە و ناوی بێدەنگیمان لەسەر سەپاندووە. ساڵانێکە چنگیان لە عەرز بەر داوە و بەرەو بۆشایی پەل دەکوتن، بەڵام توێی ئۆزۆنیان بۆ کون نابێت. هەستیان پێ دەکەم.

دەنگ دێت، خشە دێت، جیڕە دێت، هاژە دێت، حیلکە دێت، زرمە دێت، خرمە دێت، هاڕین دێت، هاوار و ناڵە دێت، گریان و پێکەنین دێت، پاڕانەوە دێت، دەنگ دێت و دەنگ دێت…

هەست بە یەکەم دڵۆپە باران دەکەم، هەست بە یەکەم تێکەڵبوونی ئەتۆمەکان دەکەم، هەست بە یەکەمین ترپەی دڵی نێو ئاو و یەکەم هەناسەی سەر زەوی و یەکەم دەنگێک کە لە گەروو هاتە دەرەوە دەکەم، هەست بە سەردەرهێنانی یەکەم ڕووەک و کرانەوەی یەکەم غونچە دەکەم… هەست بە لەدایکبوونی ژیان دەکەم. بەڵام پارازیتەکانی دواتر خەشی تێ دەخات! هەست بە یەکەم ئازارەکان دەکەم. ڕەنگە قیڕەی یەکەم نێچیر بێت، یان قۆڕەی زگی یەکەم نێچیروان.

دەنگێکی خۆش دێت! گەیشتنی ژنێک بە ئۆرگاسم. دەنگێکی ترسناک دێت! یەکەم دایک ژان دەیگرێت و یەکەم منداڵ دەگریەت، هەستی پێکردووە لە چ جەهەندەمێک لەدایک بووە، یان بڕیارە چ جەهەندەمێک بخولقێنێت.

ڕۆحم به یەکەم داری تیژکراو بریندار دەبێت و بە یەکەم قه‌پ لە گۆشت دەکولێتەوە. گەڕاومەتەوە بۆ کوێ؟! بەری دەدەم و دەکشێمەوە، دەکشێمەوە و سەرم لە به‌ردێک دەدات! ناڵەی کۆیلەیەک ڕامدەکێشێت. هەست بە ئازاری قامچییەکانی سەر پشتی دەکەم. هەست به قورسیی بەردەکانی سەر پشتی دەکەم. بڕیارە هەزاران گیان پێشکەشی خودایان بکرێت و “ئەهرامێک” بمێنێتەوە. بڕیارە هەزاران ژیان بکوژرێت و “مایا”کان ببنە خودای کیشوەرێک. بڕیارە “ماچوپیچو” لە بەرد بتراشێت و هەزاران کەندۆخ ببنە قوربانی و خۆر ببێتە خودا. بڕیارە دیوارێک بە دەوری “چین”دا بکێشرێت و ملیۆنان جەستە ببنە بەردی نێو کەلێنەکانی و ئێمپراتۆرێک لە شمشێر بپارێزرێت…

زرمە دێت و زرمە دێت، زرمەی پێی هەزاران سەرباز. زڕە دێت و زڕە دێت، زڕەی ملیۆنان قفڵ و زنجیر. شمشێر و نێزەکان ئاسمان کون دەکەن. ناڵی ئەسپەکان زەوی دەهەژێنن، حیلکەکانیان هێشتا لە دەوری زەوی لە بەندە، شەڕێک دەکەن کە شەڕی ئەوان نییە. دەنگی ناڵەی سەربازەکانیش هێشتا لە بەندە، زەوی بەرەڵایان ناکات، تا ماون دەناڵێنن، تا ماون ئازار دەچێژن، تا ماون مەحکوومن بە کوشتن و بڕین و مردن و مردن. بۆ؟! لەبەر چی؟! لەسەر چی؟! زەوی دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە و بێدەنگی قەرەباڵغتر و توندتر دەبێتەوە. هێشتا قیڕەی ملیۆنان منداڵ لە هەوایە. هەست بە گریانی ملیۆنان ژن و پیاوی سەربڕدراو دەکەم. ئێرە چ بەندیخانەیەکی گەورەیە و پێمان وایە ئێمپراتۆری گشت کەشکەڵانین!

خۆزگە خۆم بە دەم تێکەڵبوونی ئەو گوڵەوە دەدا. خۆزگە دەبووم بە پرۆتۆنێک و ئەلەکترۆنێکم شەیدای خۆم دەکرد. خۆزگە “بیگ بۆنگ”ێک نەدەبوو و هەمووان لەو هیچەدا دەماینەوە… بەڵام دەنگ دێت، بۆن دێت، بۆنی هەزاران مرۆڤ لە “هیرۆشیما” کە بوون بە هەڵم. لەو نزیکانمەوە بۆنی سێو و پرتەقاڵ دێت! بۆنێکی مەرگهێنەر، بۆنێکی دیکتاتۆر، بۆنێکی دڕندە. هەست بە فڕینی پێنج هەزار پەپوولە دەکەم. لێم نزیکن! هەست دەکەم جەستەم بووە بە پێنج هەزار پارچە و لە شارەزوورەوە ڕێگای کەشکەڵانیان گرتووەتە پێش. بە فڕینیان ئێشم پێ دەگات، هەست بە خنکان دەکەم، هەست بە مردن دەکەم. لەولاترەوە کچێک پەلکەکێش دەکەن، کوردێک لە خاچ دەدەن، نارنجۆکێک دەخەنە نێو ژێرخانێکەوە… ئەنفالە و ئەنفالە و ئەنفالە، زەیتوونه و زەیتوونە و زەیتوونە. وشە پیرۆزەکانیش لێمان بوونە بە دیکتاتۆر!

تەزوویەک بە ڕۆحمدا دێت. ئەوەی لەگەڵ زەوی دەسووڕێتەوە ئیدی دەنگی کۆیلەکانی میسر و چین نییە، نەڕەی سەربازە دڕندەکانی “چەنگیزخان” نییە. بێدەنگی لە خۆمەوە هەڵدەکوڵێت! دەنگی خۆمە کاتێک لەسێدارەم دەدەن، کاتێک تیربارانم دەکەن. دەنگی خۆمە لە سەرما و کڕێوەدا، لەژێر بارێکی گران لەسەر سنوورێکی دەستکرددا. دەنگ خۆمە تێکەڵ بە هەناسەی توندی ئەسپێکی مەست. ئەویش دەسووڕێتەوە، لەگەڵ زەوی، لەگەڵ خۆر و لەگەڵ کەشکەڵان. بێدەنگی لە خۆمەوە هەڵدەکوڵێت، هەموو ڕەشایی لێ داگیر کردووم و ئێستا تەنیا هەست بەوە دەکەم. حوکمە و دەبێ لەگەڵیدا بژیم و لەگەڵیدا بسووڕێمەوە، هەتا ئەبەد، هەتا خۆر دەتەقێتەوە و زەوی لە سووڕان دەکەوێت.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا