بروام پێبکە شاعیر مەرگێک دەژی دە شێعردا | برایم ڕەسووڵی | شێعر
برایم رەسووڵی
بروام پێبکە شاعیر مەرگێک دەژی دە شێعردا
بڕوام پێبکە مردن لە شێعرێکەوە دەس پێدەکا بێ کۆتا بێ
لە ئەلفێکەوە کە دەینووسیت و ناخوێنرێتەوە
بڕوام پێبکە ئەو زەمەنە تاقەتی باوەڕێکی نەبوو
کە خول خواردن لە خۆتەوەیە
وەها کە بیری دەکەی
لە کێها وەرزی کێها ساڵدا ئۆقرەت بڕا
وە کەس نەیدەوێرا بیدوورێتەوە بە خۆتەوە
ئێمەیش هاو بەشین
هاوڕەشی لە بەشی یەکتریدا و دە تەک دەستەکانی نەبوونییەوە ڕەش هەڵگڕاوین
دە هانێ هەڵمان گرنەوە
وەهایە کە باران دەبارێت و پیاسەکان دەکرێن
و بیرەکان دەبن بە خەیاڵ و شار تەنیا بە قیژەکانی کەوشەوە شارە، بە نوور باڵای لێمەدە و حەیوان
شێعر جنێوەکانی سەر زاری هەموومانە
بڕوام پێبکە
لە شەو شەکەتیت بە تانەوە هێون
سوێندت بۆ دەخۆم
بمێنمەوە
بە لێوتەوە تەڕ؛
ماچم کە،
هەتا دوا هەناسەم دە دەمی تۆدا هەڵقوڵینی تەمەن بێ
ڕەش داگیرساوم، ئەوە ئێوارەیەکی لە من پاییزە
چ پاییزێ؛ کە واوە نەدەهاتەوە بەوێ حاڵێ، سوارێ… چووکەڵە سوارێ
نە بە تکایان و نە بە ڕەجایان نە بەوێ مەمکێ کە گوڵێ دە زەنگاڵی شەوی دەخشاندن
بڵاو دەبوون دەبوونە دەنک
دەنکە دەنکە هەنار،
هەنار و پاییز و تەمەنێک و تێپەڕین…
لێرەوە تێمپەڕاند و تەمەنای پیریتم دەکردەوە.
تەمەنای دەستێک کە لەرزۆک بە سەر شانمدا منت بە بیرەوە بچێتەوە ڕەنگ، بە سووردا دارستان و بە شیندا پێست
بە زەردەوە خەمێک و بزە کە دڵ دەبێ دە دەستت دا بێت و بچێتەوە بە وەرین
لە خەزاندا کە دەتۆدا هەڵدەوەریم
قژی کورت بوو یان
د
ر
ێ
ژ
ژ
ژ
؟
بە چاوتەوە دەزانم خاسە حاڵت و تاران برین کول دەکاتەوە
هامە ژوان و جێگەیەک کە تۆ پێ دەزانی
بە پێوەم دەزانی؟!
کەوتووترم لە توولەکەی چەمەکان و ئاهی دڵمە بە دوا پشوو سوار دەبێ بە شەکەتی ئەسپێک کە بۆرەیە کە ڕەش نانوێنێ
بە چاوتەوە بڕوامە بە سەحرا گەیشتن…
لە تۆ ناچن گەڵاکانی ئەو بارانەی درشت و ورد بەسەر شانی ڕێبوارەکاندا دەبارێ
لە تۆ ناچن شێوەت ناکەن هەتا بە مندا هەڵچنەوە
بە ڕشتی ئەو دەمارانەوە کە تۆی پێدا دەڕۆی
بمژەنەوە هەتا بە شێتی تاسەکانەوە تێپەڕم
کاس و وڕم،
گێژ و خول دەخۆمەوە بەو نیشتمانەی دەستم بەردا
لێرە و بەدوا بە بیر و بیرەوەری یادی دەکەم
وەک شڕە و شیتاڵی بە دەم مەوجی ئەشکی خوێنەوەم بڕوانە چۆنم بۆت؟!
بەم جەڵتە لێ نەدانەوە بە بێ بێ دە بێ دە بێرە بە چاوەوە
دەی نەکا دوور کەومەوە؛
بمهۆنەوە بە پرچت دا
هەتا بەرۆکی خەونێکی تاڵ بەرم دەدا
وەک دەمارێک و خوێن
بتکێ
بە چاوما خورمایی
نە سوور
نە سەوز
نە زەرد
سپی سپی سپی…
کە لەشتیان دەس نەکەوێ
نە لە شاخ نە لە دەریا
لە سەر گوێی قوتی سەگێک لە شاردا
خۆمان دەشارینەوە
هەتا مردن لە خۆیاندا بژەنن
هەتا مردن لە خۆماندا بنێژین
بە تێکم پچکڕاوتر لەوەی شار بگری بە شانتدا
شار دەگری لە گریاندا مەبەستە وشە
دەبا دەست گرتن بێ ئەوجار
هەتا دوورترین سۆزانییەکان، خۆشەویستەکان، نازدارەکان
نەشمیلانە و مێخەکەی گەرن و دادە،
دام شۆڕاندە ئەو شۆڕەبییە بەسەر من و،
چۆنت پێ بڵێم نیشتمانتم دەخۆ دەقووچاند بە چاو دا…
وەکوو دەنگێک بە چەوسانەوەی ئاوازی لە گەروو
وەکوو مانگ و داپۆشینی بە هەورێک و
خەمێک و دوایەش خەمێکی تر و دوایەش میوانی و دوایەش هەستە کەواو و پانتۆڵەکەت بە بارستای مردنی خۆت لەبەر کە ئەوشۆ دەعوەتی بۆ کۆڕێک و دەبێ هەڵپەڕی هەتا بەیانی و ئەتۆ بڵێی باوان لەو شەوانەی دا کە هەموو لە دایکیان دەبوون ڕزگاریمان بێت و بڕۆین، ببینە خەون؟
کوڕە باوان دڕیاگم بە دەس ئەم خەفە بوونی ناوەختەوە؛
لەبەرەی مردنا دڵتەنگم
لە چەم و چەوسانەوە و چیت دەوێ لە گیانم کەوێ خان!
ئەوە زمانی منە و من بە پڕتاو خۆم بە دێڕەکاندا هەڵواسی و نەمردم
بە چۆمەکانەوە سیروان بووم غەریب و شین دەبوومەوە دە خۆدا کە کابرای حەجەم میزی پێدا دەکردین و ئێمەیش قاقا و قەفەز و بۆ چەمێکتان نەبوو ورمێ نەبێ بۆ ئیشک بوون؟!
بەخوداکەت کە کوردی همین چند خط و مشت و مالِ همین کە یە تاریخ بی پدر و صاب خونە اجارەش رو میخواست ما هم نداشتیم یکی پیدا شد گفت من راسکلنیکوفم و داستان همینجا ختم بە؛
چەندە ناشتنی تۆم تێدا غەریبە پاسەوان
بە بیور و تووڕەیەیتیت…
لە چاودا برین
لە چاودا خیابانێکە چۆل مەرگ بەپێوە هەڵدەمیزێ
دیارم دەیری عەشقە و جێ هەر لەوێ دەگ… دەگری؟
لە جوغرافیای خۆت؛ لەوێ کە دەڕۆیی بە پێکەنین، هەنووکە شەو دانەهات بە پیلتەوە هەڵت گرێ تەنیاییت لێ دەسوێ نازار
دەڵێن مێردەکەی چەقۆیەکی کەسکی لەسەر ملی دانا هەر ویستی بیبڕێ
نەبڕا
لە چاودا تخونت دەبن… نەبڕا
لە شێعرتدا دەستدرێژیت پێدەکەن… نەبڕا
بە چیرۆک دا دەتسووتێنن… نەبڕا
لە چاودا خیابانێکە چۆل مەرگ ڕێکت دەکوشێ بە خۆیەوە
دە مێرگەسوور و بارزان، دە قەندیلە گچکەی مامە کۆیان، دە شەوێ کە چاوم لە ڕێتە بە سۆزیان… و چاو دە سینەدا دەمرن هەڵاڵە و شیلان؛
لە سەر دوندی کێها شاخە نەتگوڕاند
هەتیو بەس
لێرەوە بەدوا وست و بە سرتەوە
هێور بانگم دەکرد نەکا خەونی بترازێ، هەناسەی بگیرێ
کە دەستم نەمابێ بۆ گەڕانەوەی لە تاڵایی؛
دە وەرە ئازیزێ…
هێور بانگم دەکرد نەکا کەسێک دەنگم ببڕێ و خیابانێک چۆل و وێڵ بە دواماندا سێبەر بڕژێ بە سوور
بتکێ بە چاوێ کە سوورن دە خوێناوی ژەنگی دڵم،
بۆ تنووکە شەو لە چاوتدا؟
وەها دەستم دە دڵت دا جێ دەهێڵم کە دەستم نەمێنێ بۆ هیچ وشەیەک
نە نووسرێیەوە بە هیچ چاوێک بە هیچ ڕەنگێک بە هیچ گۆرانییەک
بە هیچی هیچی هیچی مندا مردن…
ه
ێ
و
ن