نوێترخوازیی و… لە پانتایی ناسەنتەریدا
وتوێژ لەگەڵ ساڵح سووزەنی
ئامادەکردنی: فەرهاد ئەمین پوور
.
ئەمین پوور: راستییەک هەیە کە ناتوانین حاشای لێبکەین ئەویش ئەمەیە کە شیعری بەرەی نوێترخواز یان با بڵێین ئەزموونەکانی شاعیرانی ئەم بەرەیە کەمتر لە بەرەکانی پێشوو بەختی خوێندنەوە و پەسەندی جەماوەرییان هەبووە. هۆکارەکانی ئەم بێ بەختییە چین کە شاعیرانی ئەم بەرەیە لەچاو شاعیرانی پێش خۆیان کەمتر پێوەندی لەگەڵ بەردەنگ ساز دەکەن؟
سووزه‌نی: نوێترخوازان لە هەوڵی سازکردنی دەقی نوێتردان و ئاشکرایە دەقی وه‌ها نەک هەر بەخێرایی جێگیر و سەقامگیر نابێ بەڵکوو لە لایەن ترادسیۆنی ئەدەبیشەوە بەرەنگاریی دەکرێ. ئینجا خوێنەرانی دەقی ئەدەبی، یەکدەست نین و ئەوەش ئاساییە. خوێنەرێکی ئاسایی حەز بە رەحەتەلقومێکی واتایی ئاسان دەکا کە بتوانێ لە یه‌ک یان دوو دێڕدا بیگێڕێتەوە و قووتی بدا، نەک هەر بەردەنگی دەقی نوێترخواز نیە بەڵکوو بەردەنگی زانست و فەلسەفە و ئابووری و تکنۆڵۆژیا و… تەنانەت بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی سەردەمی خۆیشی نیە. پێشتریش گوتوومە چەند لە سەد یان هەزاری بەردەنگی ئاسایی، هۆگری ئانتیگرال و خشتەی هزلوولی و فیزیکی کوانتۆم و کیمیای نوێن؟ چەند لە هەزاری بەردەنگی گشتی ئاشنای رەوتی فەلسەفەی نوێ و نوێترن؟
دیارە بەردەنگی مامناوەندیش هەرکەس بە پێی زانست و زانیاری تایبەتی خۆی لەگەڵ دەق مامەڵە دەکا و ئەخوێنێتەوه. کەسی هەناوناس، کۆمەڵناس، ئابووری ناس و… زۆربەیان لەو بەشانەی دەق دەکۆڵنەوە کە خۆیان تیایدا شارەزا و لێهاتوون… ئەم خوێنەرانە یەک رەهەند دەقی نوێترخواز دەخوێننەوە.. و بە گلەیین لەوەی کە بۆ دەقەکە راستەوخۆ مەبەستی ئەوانی نەپێکاوە و تا ئیستا هەنە لەو دۆستانەی کە بەردەنگی دەقی نوێترخواز بوونە و هەوڵی شیکارییان بو داوە و کۆڕ و کۆبوونەوە و فایلی تایبەتی شیان بۆ ساز کردوون، بۆ وێنە “شێعرەسات”، “بە ژمارەی تەلەفۆنەکانی عالەم”، “بە عینجە و فینجە”، (باسی دەقی خۆم ئەکەم جارێ) چەندین کۆڕی باشی بۆ گیراوە و لێیان کۆڵیوەتەوە. ئەوە یانی نوێترخوازان ئەوەندەش کە رەخنەگرەکانی باسی دەکەن بێ بەردەنگی مامناوەند نەبوونە. بەڵام کورت و کرمانج، بەردەنگی دەقی نوێترخوازان، بەردەنگی چالاک و شارەزایە لە رەوتی ئەدەب و خوێندنەوە نوێکانی سەردەم، ئەو کەسانەی کە بتوانن لە چەندین گۆشە نیگاوە دەق لە دۆخی هاوکاتی و نێوکاتیدا بخوێننەوە و دەرکی زۆربەی گەمە و کارکردەکانی زمان، شێواز ، تەون و کڕ و دژەتەون و کڕ، کەش و مۆسیقا و زۆربەی تکنیکە نوێ و نوێترەکانی دەق بکەن. بە خۆشیەوە خوێنەرانی وەهاشمان هەبووە و ئێستە ئیتر کەم نین ئەو خوێنەرە چالاکانە کە دەقی نوێترخوازان لە بوارە جیاوازەکاندا شرۆڤە دەکەن.
ئەمین پوور: به‌م پێیه ئێوه پێوه‌ندی نێوان شیعری نوێترخواز و مرۆڤه‌کانی نێو ئه‌و به‌ستێنه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ئه‌و شیعره‌ی تێدا به‌رهه‌م دێت به قه‌یراناوی نازانن و کهمخوێنهر بوونی ئه‌م شیعرانه ده‌گێرنه‌وه بۆ سی هۆکاری “دژایه‌تی ترادسیۆنی ئه‌ده‌بی” و “ته‌یار نه‌بوونی خوێنه‌ر به پێشمه‌رجه پێویسته‌کانی خوێندنه‌وه” و “فره ره‌هه‌ند بوونی شیعری “بەرەی چوار”؟
ره‌نگه دابه‌زاندنی ئاستی شیعر بۆ لای شاخه‌یه‌ک له شاخه‌کانی زانست ئه‌ویش له کاتێکدا هه‌ست و رۆحی مرۆڤ له سه‌رووی کایه زانستی و مه‌عریفیه‌کانه‌وه به‌رده‌نگی شیعره، وه‌ڵامی پرسیاره‌که نه‌بێت. له لایه‌کی تره‌وه ئەگەر قایل بەمە بین کە شیعر سنوور و پێناسەیەک ناناسێت بۆچی بۆ نموونه شیعری شێرکۆ یان شاملوو بووە بە بەشێک لە یادەوەری و زاکیرەی تاقمێکی زۆر لە بەردەنگانی؟ ئایا شیعری ئه‌م که‌سانه هیچ نیسبهتێکیان له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ هۆکاره نه‌بووه یان نییه که ئێوه باسی ده‌که‌ن؟
سووزه‌نی: دیارە مەبەستی بەڕێزتان لە خوێنەر زێدەتر خوێنەری ئاسایی و رەش و بۆرە، ئەگینا وەک لەسەرەوە ئاماژەم کردوە، خوێنەرانی مامناوەند (تایبەتی) لە رێگەی تاک رەهەند خوێندنەوە و رەخنەکارییەوە و خوێنەرانی چالاک لە رێگەی چەندخوێندنەوەیی بابەتی (راڤەیی) و بووتیقایی (جوانناسانە)ەوە ئامادەیی خۆیان نواندوە و بە چاوپیاخشانێکی ئاساییش بە گۆڤار و چاپەمەنییەکاندا (کەشی مەجازیی و حەقیقی) ئەوە بە جوانی بەرچاو ئەکەوێ. کام گۆڤار هەیە کە ئێستا لانی کەم یەک دووبابەت یان دەقی نوێترخوازان بڵاو نەکاتەوە؟ مانیفستگەلی لە داکارەوە تا “ناشوێن”یش ئەو راستییە دەسەلمێنن کە نوێترخوازان بەردەنگی باشیان بووه./ بەرای من “شێت” و “جیاواز” و “بەرەی چوار” بەشێکن لە رەوتی نوێترخوازیی/
رەنگە شوبهاندنی رەوتی دەقی ئەدەبی بە فەلسەفە و زانست و تەنانەت تکنۆلۆژیا، لە رواڵەتدا ناتەبا بێ بۆ ئه‌وەی لە پێناسەی پێشوودا هونەر بەگشتی و شێعر بەتایبەتی ناسین بوو بە پێی هەست و دەروونیات، بەڵام لە دوای فورمالیستەکانەوە تا شەپۆلی نوێتر و ئاوانگارد ئیتر شێعر وەک زانستی ئەدەبی چاو لێ دەکرێ وەک هەوڵدان لە دەسەڵاتە جیاواەکانی زمان، گەمە و کارکرد و تکنیک. ئاشکرایە نیشانەناسی ئیتر بەشێکە لە زانست و خوێندنە نوێکانی سەردەم، هه‌ر لە دیاردەناسییەوە تا هێرمنۆتیک و دەروونشیکاریی دەق تا پێکهاتەخوازی و پێکهاتەهەڵوەشینی و گەمە و… بەشێکن لە فەلسەفە و فەن. دیارە بەبێ ئاشنابوونی ئەو رەوتە کە خوێنەری ئاسایی لێێ تێناگا و نەیخوێندۆتەوە، پێوەندی گرتنیشی لە گەڵ دەق کز و لاواز و بە گشتی ئەستەمە، هەروا کە پێوەندی گرتنی لە گەڵ فیزیا و کیمیا. بە گشتی زانستی بەڕۆژ ئەستەمه.
بەلام سەبارەت بە شێرکۆ و شاملوو، زۆر بەکورتی دەبێ بڵێم گەشەی ناو و دەقی ئەو دوو شاعیرە بە هۆی زاڵ بوونی گوتاری نەتەوەخوازیی و چەپەوە بوو و هەیە، لەو بوارەشدا دەقی سەرکەوتوو خولقا و لە خوێندنەوەی ناوکاتیدا هێشتا قسەی زۆریان پێیە بۆ گوتن. بەڵام ئەوەی لە لایەن نوێترخوازانەوە جێی خەسارە، لاسایی کردنەوە و دوو و سێ و چوار پاتەکردنەوەی کاریی ئەو بەڕێزانەیە. ..
دیارە لای نوێترخوازان دەرچوون لە ژێر دەسەلاتی زمان (گوتاریی زاڵ) گرینگە، واته نوێ و نوێترکردنەوەی زمان و کارکردی زمان لەدەقدا، هەر بۆیە خوێنەرانی ئاسایی رەنگە کەمتر بیخوێننەوە یان هەر نەیخوێننەوە هەروا کە لە نێو فارسەکانیشدا دەقی کەسانی وەک بەراهەنی و روئیایی و باباچاهی و فەلاح و… تا فەراسپید لەلایەن خوێنەرانی ئاساییەوە ناخوێنرێنەوە. لەبیرمان نەچێ مەزنیی دەق ناگەڕێتەوە سەر زۆر و بۆر بوونی خوێنەرەکانی هەر واکە دیتمان “بوف کور” لە پەنجا بەرگ دا بڵاو کرایەوە و نەخوێنرایەوە بەڵام رۆمانی “مێردەکەی ئاهووخانم” و دواتر رۆمانگەل زەرد گەیشتنە چاپی سیهەم. لە بیرمە لە وتوێژێکی ئەم دواییانەی شاملوودا خوێندمەوە کە بەداخەوە دەردی گەل نەیهێشت من شێعر بڵێم، هەر چەند لام وایە شاملوو بەرێژەی سەردەمی خۆی و گوتاریی زاڵ شێعری قەبەشی نووسی.
ئەمین پوور: ئه‌گه‌ر قه‌بووڵ بکه‌ین گه‌شه‌ی شێرکۆ و شاملوو بە هۆی زاڵبوونی گوتاری نەتەوەخوازیی و چەپەوە بووه و هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش قه‌بووڵ بکه‌ین که ده‌قه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کان به گشتی له ژێر کاریگه‌ری گوتاره زاڵه‌کانی سه‌رده‌می خۆیاندا به‌رهه‌م دێن، دیاره گۆڕانکارییه‌ک به سه‌ر گوتاره‌کانی دونیای مرۆڤی کورددا نه‌هاتووه و هێشتا هه‌ر ناسیۆنالیزم و چه‌پ و ئایین گوتاره دیار و قه‌به‌کانی دونیای بیر و سیاسه‌تی ئێمه‌ن. چون شێرکۆ و شاملوو هێشتا پڕ بەردەنگن و شیعر و جیهانیان بووە بە بەشێک لە یادەوەری و ورتە و سرتەی رۆژانەی خەڵک. خەڵکێکی زۆر “حەمەبچکۆلی بۆیاخچی” دەناسن، خەڵکێکی زۆر دەزانن شیعری “دختران دشت” هی کێیە و چێژی لێدەبەن. ئەمە سەرەڕای ئەوەشە کە شێرکۆ بۆ نیرۆدا، چاپلین، ئەدیسۆن و… شیعری وتووە. به‌م پێیه به‌ره‌ی چوار چۆن خۆی له هێژموونی ئه‌م گوتارانه رزگار کردووه و له ژێر کاریگه‌ری کام گوتاری نوێ یان جیاوازدا شیعر ده‌نووسێت؟
سووزه‌نی: لەگەڵ رێزم، دەقە هونەری و ئەدەبیەکان بە گشتی لە ژێر کاریگەریی گوتارە زاڵەکانی سەردەمی خۆیاندا بەرهەم نایەن (ئەمە خۆی کاریگەریی روانگەی چەپ و دەسەلاتی زمانیی رەخنەیی “لۆکاچ”ییە) راستە هەنێ لە دەقە هونەریی و ئەدەبیەکان ئەو کاریگەرییەیان لەسەرە و نموونە زۆرە، بەڵام هەنێ دیکە لە دەقەکان دژی دەسەڵاتی زمانی زاڵ دێنە ئافراندن (سوورێئالیست و دادائیست و ئاکمەئیست و… هەرچوار لقی ئاوانگاردەکان) و هەنێ دەقی دیکە تەنانەت هەوڵی پچرانێکی ئپیستمۆلۆژی ئەدەن؛ “تریسترام شنێدی” کە دواجار بووە سەرچاوە بۆ بچڕانەکان سەر بە کام گوتاریی زاڵی سەردەم بوو؟ “وان گۆک” کە هێڵی رەنگی کردە خاڵە رەنگ، لە ژێر ده‌سه‌ڵاتی کام گوتاریی زاڵدا بوو؟ لەسەرەوە باسی “کوندەبوو”ەکەی هیدایەتیشم کرد و نموونەی دیکە زۆرە. بە کورتی بڵێم؛ هەژدە ساڵ لەمەوبەر لە وتاری “ئپیستمۆلۆژیای شیعری کوردی‌دا” بە وردی باسی بچڕانەکانم بە پێی نیشانەناسیی، وانموود (وانوێنراوی) و شوێنی‌تر(ناشوێن) و…کردووە و حەز ناکەم دووپاتی بکەمەوە. ئەزقەزا هەر لەو وتارەدا وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکەی بەڕێزت دراوەتەوە: “به پێی خویندنه‌وه‌ی ده‌قه شیعریه‌كان له روانگه جۆراوجۆره‌كانی ره‌خنه‌ی نوێی ولآتانی رۆژئاوا و وه‌رگیرانی ئه‌و وتار و كتیبگهله به‌زمانی فارسی و عه‌ره‌بی و دواجار كوردی هه‌روه‌ها ئاشنایه‌تی هه‌ندێک له شاعیران و رووناكبیرانی كورد به زمانگه‌لی بیانی (ئه‌و ولآتانه‌ی به لێشاو په‌نابه‌ر و موهاجر و كۆچ كردوویان بۆ ده‌چێ) شاعیرانی به‌ره‌ی نوێی كورد هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه تێكه‌لآوی ئەو نوێخوازیه بن. لە قۆناغی چوارەمدا، نوێترخوازیی بەپێی زمان وەک نیشانه‌ی وانمووده دێتە ئاراوه. له‌م قۆناغه‌دا زمان هه‌وڵئه‌دات بهدهمامكی (نه‌وه‌ك ئاڵای) وانوێنراوییهوه فوڕمگهلی خۆی بنوێنێ و ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی هونه‌ر وستاتیكیا به‌رز كاته‌وه. لێره‌دا شیعریه‌تی ده‌ق نه له رووی وێكچواندن یان جوێكردنه‌وه‌ی نیشانه‌كان و ته‌نانه‌ت به نیشانه‌ی مرۆڤ وه‌ك سووژه و ئوبژهوهیه به‌ڵكو وه‌ك فۆرم و ته‌كنیكی رووداوه‌كانی زمانیی دێته ئاراوه و ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆیان بۆ نواندنەوە ده‌خه‌نه روو”.
ئینجا من تاک و کۆی کورد و دەقی کوردیش، بە جیا لە سیستەمی دەسەڵاتی جیهانی نابینم. هەرچەند بەڕاستی کورد زێدەتر لە ناو وانوێنراویی (دەسەلاتی باوەپیارەکان) و شوێنی‌تر (ناشوێن، بۆوەی هیچ شوێنێکی دان پیانراومان نیە) ئەزموونی ژیان (تجربە زیستە)ی هەیە. ئینجا رەنگە “حەمە بچکۆڵی بۆیاخچی” لە لایەن خەڵکەوە زێدەتر ناسیاو بێ، بەڵام “باوان“یش لای زۆربەی خوێنەرانی ئاسایی و مامناوەند و چالاک ناسراوە، بەو جیاوازییەی دەنگی “حەمەبچکۆڵ” دەنگی شێرکۆ خۆیەتی کە نراوەتە دەم کەسایەتیهکه (منداڵ دەرکی ئەو پێرسۆنیفیکەیشنەی نیە)، بەڵام دەنگی پێرسۆنای “باوان” بە ڕاستی لە قاشی زێهنی ژنێکەوە هاتووە بە هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەزموون لە ژینگەجیهانی مێژوویی و سەردەمیدا. تکایە قاشی دەهەمی “شێعرەسات” بخوێننەوە:
“ماوم ماواوم ماواومیانە هەتیو“.
جارێکی‌تر زۆر بەکورتی چەندپاتی دەکەمەوە؛ نوێترخوازیی (سەرەتا وەک بەرەی چوارەم، لەو وتارەی سەرەوەدا ناودێرمکرد) دژی دیکتاتۆریەتی زمانی زاڵ دێتە گەڕ و ئەدەقێ.
ئەمین پوور: بێگومان ئەم روونکردنەوەیە زیاتر بەستێنی سەرهەڵدانی دیسکۆرسی ئەم رەوتە شیعرییە دەخاتە روو و پاساوێکی لۆژیکیی تیۆریکیشە بۆ هاتنە ئارا و تا رادەیەک جێکەوتن و زمانمێحوهر بوونی. له کاتێکدا له‌م چه‌شنه شیعره‌شدا بڕیار نییه زمان به‌رده‌وام نمایشی رواڵه‌تیانه‌ی ته‌کنیکه‌کانی خۆی بکات به‌ڵکوو ده‌بێت جۆرێک له بونیادی ده‌قدا بتوێته‌وه که ته‌نیا له بیچمگرتنی فه‌زای گشتی ده‌قه‌که‌دا گرینگی و زه‌رفییه‌ته‌کانی ده‌ربکه‌وێت. واته نابێت کاریگه‌ری زمان، به‌رده‌وام به شێوه‌ی رواڵه‌تیانه له کاکڵی به‌رهه‌مهێنانی مانادا خۆی بنوێنێ، به‌ڵکوو ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی نابه‌رهه‌ست (غیرانضمامی) له بووندارێتی و هه‌ستیی ده‌قدا به‌شدار بێت. به‌ڵام مەبەستی من ئه‌وه نییه به‌ڵکوو دیسان به پێویستی ده‌زانم له‌و دابڕانه‌ی لە نێوان ئەم دەقانه و بەردەنگ (بەمانای گشتی و لە بەستێنی گشتی)دا به‌رده‌وامه، باس بکرێت که ئێوه به دروستی نازانن. ئەگەر ئەم رەوتە شیعرییە دژی گوتاری زاڵی سەردەمی خۆی دەجووڵێتەوە، بۆچی خۆی تا ئێستە نەبووە بە گوتاری زاڵ؟ هه‌روه‌ها پێموانییه پۆلینبه‌ندی خوێنەر به سادە و مامناوەند و چالاک ئیتر بتوانێت قه‌یرانی نێوان “ده‌ق/ به‌رده‌نگ”مان بۆ پاساو بداتەوە. ره‌خنه‌ی سه‌ره‌کی له شیعری به‌ره‌ی چوار ئه‌وه‌یه که توانای درووست‌کردنی میحوه‌ر یان کانوونێکی به هێزی شیعری نییه تا کۆمه‌ڵگای به‌رده‌نگ بهه‌ژێنێت به‌ڵکوو گشتێتی یان مهنزوومهیهکه که پێکهاتووه له بڕێک کانوونی شێعری بچووک که هه‌رکامه و قه‌ناعه‌تیان به به‌رده‌نگێکی زۆر که‌م هێناوه و پێوه‌ندی نێوان شیعر و کۆمه‌ڵگایان پچڕاندووه و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن زیاتر رووی له ناوخۆیانه تا ده‌ره‌وه‌ی خۆیان؟
سووزه‌نی: لە گەڵ خوێندنەوە و شیکارییەکەی سەرەتای پرسیارەکەتانم و زمان، گەمە و کارکرد، لەگەڵ ئەوەی سەرەکیترین ئایتێ‌می نوێترخوازانە بە گشتی، بەڵام لە هەر حاڵەتێکیدا بە بێ توانەوەی پێکهاتەیی و دژەپێکهاتهیی، لە دەقدا مەبەست و دژە مەبەست ناپێکێ. …
بەڵام ئەوەی کە دژە دەسەڵات و گوتاری زاڵ، بۆ نەبۆتە دەسەڵات یان گوتارە زاڵێکی دی؟ پێویستە بڵێم با، وەکوو دەقی نوێترخواز، بە هەر ناوێکەوە( شێت، جیاواز، بەرەی چوار) لەم دوو دەیەی دواییدا، گەشەی زۆری کردوە و ناوگەلێکی دیکەیان لێ دەرکەوتووە، بەڵام هەرگیز بۆ سازکردنی دەسەڵات یان نیوەدەسەڵات و وردە دەسەڵات نەهاتۆتە گەڕ و مەبەستیشی ئەوە نیە و نابێ. لە شێعرەساتدا خودی دەقی شێعرەسات دەشکێ و یەکێ لە پێرسۆناکان هاوار دەکا:
“ئەزانم قۆرترین دیوانە شێعرەسات” .. و
زۆر نموونەی دیکه کە، بۆ وەی بەڕێزت ئاماژەت بە هیچ دەقێک نەداوە، منیش کورتی دەکەمەوە و دەڵێم: باوک نا و ئیتر دایک… هات و ئەویش بوو بە گوتاری زاڵ. ئەیدەین بە لای منداڵ و گەنجان و هەمووماندااااا
خوێنەرانی گشتیش دروشمە و بەس، کاتێک کتێب لە هەزار بەرگدا چاپ دەکرێ و زۆریشیان هەر چاپ ناکرێن و کەس بە زمانی دایک ناخوێنێ و… با نەبمە سیاسەتوان، پێم ناکەوێ. .. دەق بەس لە لایەن خوێنەرانی مامناوەند(تایبەت)ەوە دەخوێنرێتەوە یان خوێنەری چالاک. ئیتر بۆ پاساوی بۆ نایەتەوە؟ خۆتان فەرموون و چاو لەو فایلانە بکەن کە گۆڤارەکان بۆ نوێترخوازانیان کردۆتەوە. بۆ ئه‌وەی باشتر روون بێتەوە یان ئەو کۆڕانەی کە بۆ نوێترخوازان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەگیرێ…
ئینجا کاتێ باسی دژەناوەند ئەکەین(بڕواننە وتارگەلی “ئانارشیزمی زمانیی….” دژی دیکتاتۆریەتی زمان” چەند خوێندنەوەیی دەق” و چەند یاداشتی بێ‌مانا ۱،۲،۳،٤ و بە تایبەت بەرگی دووهەمی “لە ژێر تیشکی رەخنەدا”) ئەوه دەزانن کە سەردەمی “تەک کانوونی” کۆتایی هاتووە و چەند دەنگی بوون و فرە رەهەندی چۆتە شوێنی، هەر چەند هێشتا جێی خۆش نەکردوە. راستی دوێنی لە هەواڵەکاندا بیستم “مەنزوومەیەکی دیکەش دۆزراوەتەوە کە زۆر لە مەنزوومەی شەمسی دەچی”، ئامادەین بۆ تێکشکاندنی ئەویش. حافز گوتەنی “ار جز بە مرادم چرخد”.
ئەمین پوور: سپاس بۆ به‌شداریتان. هیوادارم له کاتێکی دیکه‌دا بتوانین درێژه بده‌ین به‌م باسه.
سووزەنی: سپاسترین و بەو هیوایەوە… .