کۆخە!
برایم ڕەسووڵی (غەوارە)
.
کە کۆخە دە کۆخی و
خنکان دەخنکا و
گریان بوویت و دەگریای و
با بووی و با دەیبردی
هەر ئاخ بوو ئاخ و ئاخ دەبوو بە ئاخ
بە ئاخخخ دەیان نووسیمەوە!
ئاخ لە ئاخانت سوورم وە بن گڵی کەوێ!
پەنجەرە شکاوەکەی تەلار
تەلان لە تەلبەند ببە قاسیدی هەرگیزی هەرگیز نەگەڕاوە
خۆشەویستیت لە بن سێبەری ڕەشی ڕەش خامۆش
بێدارم کە بێدار
هەر ئەوەندەی کە ماوە تەنیاییم بگرم بە کۆڵمەوە
بگەڕێم لە ڕاستی چیرۆکیکی بێ کۆتایی،
پەنجەکانی ماچ دەکردین مانگ
لە فریاکانی
کە ئێمە قەتیسمان کرد هەور و
هەور بوو بە قەفەس
ئاسمان گریا
بووین بە باڵندە و
شەقاو شەقاو خوێن بوو خوێن
بازجووەکەم دەبوو بە زەوی و
بۆ وشەیەک لە زمانی بڕاوم دەهاتە تکا
هەر بە ئامێز تەرمیان ڕادەکێشاین بۆ ئازار
هەر بە هاوار، هاوار
قەفەسمان دا لە دار و
دارمان دا لە دیوار و
دیوارمان ڕووخاند بۆ پەنجەرە
تا سەیری مەرگ کەین
ئازیز خولیانە خولیان
چۆلە کافەکان و چ هەراسانن وشە لە خۆڵ
چ بە پێکەنینەوە دەگری هەتاوت
لە تاوت، لە تاوت …
بۆت بنووسم سازێکی بێ ژەنیار
ڕازێکی بێدەنگ
قەفەس کەلاوەی ئامانجی دووری هاوشارە
کە تف بە هەرچی تاقتاقەکەرە
کە تف بە هەرچی پەنجەرەی ئاوەڵەیە
کە تف، سەر بە حەوا هەڵداوێین
دمووچاوی خۆمان تەڕە
پەنجەرەیەکین رووبە دیوار
هەمیشە ئاوەڵە
وەک چۆن بازجووەکەم دەیگووت
دێمۆکراسی شەقامێکە پڕ لە چرا
پڕ لە گەڵا
پڕ لە ڕەنگ
بەڵام بۆنی ئێوەی لێدێ
مردۆکانی بێ گۆڕ
درۆ دەکات زەوی بە ئاسمانت قەسم ناسووڕێ
تۆ دوور
تۆ دوور
تۆ دوور
من نزیک
نزیک
نزیک لە مردن، لە مردنەوە
هەر ئەوەندەی کاتە بەفر بتوێتەوە
کانی کوێر بێتەوە …
یان دەرزییەکی هەوا بچێتە ناو ڕەگەکانم
ئەوە کۆتایی هەموو چوار ڕیانی ئازادییە
هیچ دارێک جانتای لە گەڵا نییە
بنجی لە دەستی مەبەستی ئێمە مست نییە
ئەوەی شاخە هەر شاخە
هەر بە تەنیا
چەنێ گوللە باوێی
ناگاتەوە زایەڵەیەک بۆ خەرمانی خەم
کەسێ نایەتەوە
نایەتەوە
نایەتەوە
نە لە پشتی چیرۆکە خەیاڵییەکان مان
نە لە نێو هەنیسکی شەو بۆ هەر بەهارێک کە سەری ئەبڕن