‘دڵی خۆتە لە سینەمدا’ لە دیدار لەگەڵ ئیدریس عەلیدا
ئارام حاجی
.
ئیدریس عەلی لە قەڵەمە دیارەکانی ئەدەبی پاش ساڵی دوو هەزارە و هاوکات لەو نوسەرانەیە کە لەگەڵ ئەوەی ڕوون دەنوسێ، لێ توانایی گوزارشتکردنی بەهێزە. سینۆگراف(سروشت) زیندوترین ڕەگەزی ناو دەقەکەکانییەتی. ئیدریس علی لە دوو هەزارو شازدە بە دەقی ”خەمژمێر”، خەڵاتی یەکەمی لە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژی بردەوە. پێشوتریش خەڵاتی دووهەم و سێهەمی هەمان ڤیستیڤاڵی بە دەست هێنابوو و لە ساڵی دوو هەزار و چواریشدا خەڵاتی یەکەمی لە ڤیستیڤاڵی سەرتاسەری وەزارەتی ڕۆشنبیری بردبووەوە. ئەمانە ناونیشانی سەرجەم بەرهەمە ئەدەبییەکانی هەتا ئێستایەتی:
یاسای باخچەکەی ئێمە – سازش لەگەڵ با دا – مردن لە ژیان دەبوورم – لە منداڵی دوورتر لە ئێستا تەنیاتر – کەمێک باران نەختێ عیشق – دڵی خۆتە لە سینەمدا – تەوەری ئەدەبی – عەشقی ھاجەرە – تەقینەوەی خەونەکان – بە ڕێی پووچیدا – سەدەفی ئارامی – شۆفێری چیرۆکەکان – مردووەکان ئازادن – ڕۆحی بێگەرد.
ئێستاش کە من ئەم دیدارەی لەگەڵدا ساز دەکەم، کتێبێکیتری لەژێر چاپدایە.
بە گشتی کتێبەکانی جۆراوجۆرن لە بواری شیعر و تەوەری جیاجیای ئەدەبی و بواری گێڕانەوە و ڕۆمان و خوێندنەوەی کتێب و دیداری ئەدەبی.
لەم دیدارەدا دەمەوێ لەسەر کتێبی ”دڵی خۆتە لە سینەم-دا” گفتوگۆی لەگەڵ بکەم.
١- وەک چۆن هەر پەرتوکێك دەکەینەوە سەرەتا بەر ناونیشان دەکەوین، منیش هەوڵەدەم دەسپێکی پرسیارەکانم لە ناونیشاندا چڕکەمەوە. شیعر زمانێکی ناڕاستەوخۆیە و مامەڵەیەکی شێلگیرانەیە لەگەڵ زمان، بەڵام زۆربەی تیکستەکانت هەرکە خوێنەر ناونیشان دەخوێنێتەوە ڕاستەوخۆ دەزانێ دەق چ مەبەست و بابەتێکی لە خۆیدا حەشار داوە، لێرە دا ئەم ناونیشانانە بە نمونە دەهێنمەوە . – دایکم ئایشێ لا ۲۱ – ژیان فیکەی کۆتایی لێدا لا۱٨ – پاییزە سەفەر لا ٥٤ – دڵی خۆتە لە سینەمدا لا ۱۰۹ پێت وانییە شتێكت بۆ وەستان و ڕامان و بیرکردنەوەی خوێنەر نەهێشتووەتەوە بەم زمانە ڕاستەوخۆیە لە ناونیشاندا، ڕوونتر بڵێم لە دۆخی ڕامنەکراوی و سرکییەوە دەیگوازیتەوە بۆ دۆخی کەوی کراو ؟
وەڵام: ناونیشانی هەر تێکستێک خۆی لە خۆیدا شوناسی تێکستەکەیە، بەڵام باوەڕ ناکەم ناونیشان هەموو شتەکانی تێکست بڵێت، تەنها ڕێگا، یاخود دەرگایەک لە خوێنەر دەکاتەوە و بۆ نێو دونیای تێکستەکە، ناونیشان بۆ دۆزینەوەی پانتاییە نهێنی و شاراوەکان تێکستە و بەهۆی ناونیشانەوە خوێنەر ڕۆدەچێتە نێو گەردوونی تێکستەوە و ئیدی لەوێوە خوێنەر دەتوانێت بەر ڕەگەز و ڕەهەندەکانی دیکەی تێکستەکە بکەوێت، من پێم وانییە هیچ تێکستێکی جاوید و قووڵ، خاوەنی یەک دونیابینی و کەشفکردن و شوناس بێت، تا بەهۆیەوە پەیام، یاخود تێما و مەبەستی تێکستەکە لە ناونیشاندا ڕەنگ بداتەوە، ڕەنگە بەشکی ئێجگار کەم لە ڕوخساری پەیام، یان ئامانج، یان دونیای تێکستەکە بکەوێتە بەر ئاوێنەی ناونیشانەوە و خوێنەر ئیدی پێی وابێت ئەوە هەموو شتکەوە، جا ئەگەر وابێت ئێمە دەچین تەنها ناونیشانی ڕۆمانەکان و شیعرەکان دەخوێنینەوە، ئایا دەکرێت بڵێین ڕۆمانی (عەتر) لە ناونیشانەکەیەوە دیارە باسی عەتر دەکات، ئیدی چ پێویست دەکات ڕۆمانەکە بخوێنینەوە؟ ئایا دەکرێت بڵێین قەسیدەی (گۆڕستانی چراکان) تەنها باسی گۆڕستانی چراکان دەکات و پێویست بە خوێندنەوە ناکات؟ ئەدی چۆن بگەینە ڕەهەندەکانی دیکەی تێکست؟ یاخود چۆن دەتوانین کۆی تێکستێک تەنها لە ناونیشاندا کورت بکەینەوە؟ جا لەبەر ئەوەی شیعر ڕاستەوخۆ مامەڵەیە لەگەڵ زماندا، من لەگەڵ بەشە ڕوون و نەرمەکەی زماندا مامەڵەی شیعری دەکەم، هەست دەکەم بێئەندازە چێژ لەو زمانە دەبینم کە خوێنەر بە ڕێگەی ئاڵۆزیدا نابات و ڕاستەوخۆی بەر دڵی دەکەوێت… لێرەدا دەمەوێ ئەو بڵێم کە ناتوانین هاوڕای شاعیر و ڕووناکبیری عەرەب (ئەدۆنیس) نەبین کە پێی وایە شیعر یەکەمین ئامڕازی پەیوەندییە، وەک چۆن ئامڕازی پەیوەندیداریشە لەنێوان من و ئەوی دیدا، پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای تێکست و خوێنەر بونیاد نرابێت، جا بۆ دروستکردنی ئەو گفتوگۆ ئیستاتیکی هەمەلایەنەی نێوان تێکست و خوێنەر، ناونیشان تەنها هۆکارێکە بۆ بەیەک گەیشتنیان، ئەمە کتومت ئەو کاتە ڕوودەدات کە منی نووسەر لە تێکستەکە هاتوومەتە دەرەوە و بەهۆی ناونیشانەوە، منی نائامادە خوێنەر دەباتە نێو تێکستەوە و ئەو گفتوگۆیە دروست دەبێت، کە بێدەنگ لە ناوەوە ڕوودەدات، واتە دەمەوێت بڵێم ناونیشانی هەر تێکستێکی ئەدەبی، بە لای منەوە، خودی پەیام و دونیابینی نووسەرە بە غیابی خۆی.
۲- ئەم پرسیارە دەکەمە دووبەشەوە لەبارەی تەکنیك و کەرەستەی شیعری ،ئەگەر بەوردی دیقەت بدەین لە تێکنیکی سەرجەم دەقەکان خاڵێکی هاوبەش دەبینین،ئەویش دووبارە بوونەوەی ڕستەیەکە لەسەر یەکجۆر ڕیتم و ئیقاق، بەڵام بە وشەیی جیاواز،بە وێنەی جیاواز لە کاتێکدا هەمووشیان یەک مەبەستیان تێدایه بۆ ئاخێوەر.
نمونە
– پەلەی چیبوو،لە پێچانەوەی جانتایی خەمی؟
لە کوژانەوەی جگەرەی شیعری؟
لە پێوەدانی دەرگەی دەنگی؟
لە دادانەوەی پەردەی چاوی؟
دیارە ئەم سێ دێڕە ئاماژەن بۆ ماڵئاویی و لە چاو وون بوون و لێك ترازان.
ئەگەر نمونەیەکیش بێنمەوە لەسەر کەرەستەکان، نزیکەی پازدە جار
( کۆتر، باخچە، گوڵ)ت بەکار هێناوە لەم کتێبە بیست و یەک ناونیشانییەدا، ئایا ئەمە جۆرێك لە ڕەشکردنەوەی سپیایی بۆ تەکنیك و نەزیفی وشە نییە بۆ کەرەستەکانت؟
وەڵام: با لە دوو دێڕی کۆتایی پرسیارەکەتەوە دەست پێ بکەم.. لە ڕاستیدا نازانم مەبەست چییە لە ڕەشکردنەوەی سپیایی و بۆ تەکنیک و نەزیفی وشە؟
منیش هاوڕاتم لەو دیوانە شیعرییەدا (دڵی خۆتە لە سینەمدا) هەندێک تەکنیک و شێوی زمان و گوزارشت و خەیاڵ و موفردە و کەرەستەم دووبارە و چەندبارە کردۆتەوە، لە ڕاستیدا ئەمە جگە لە ڕێکەوت هیچ ئامانجێکی لە پشتەوە نەبووە، ڕەنگە هۆیەکی سەرەکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە زەمەنی نووسینی تێکستەکان زۆر نزیک بووبن لەیەکەوە، خۆیشت دەزانیت هیچ شتێک وەک شیعر ناتوانێت ڕاستەوخۆ گوزارشت لە دۆخی زەینی و هەلومەرجی ناوەوەی ئینسان بکات، من زۆر بڕوام بەو تێگەیشتنە هەیە کە دەڵێت شیعر توانای تێکشکاندن و گۆڕینی زەمەنی هەیە، بەڵام بڕوام بەوە نییە ئەم حاڵەتە بۆ خودی شاعیر لە ساتی نووسیندا دروست بێت، ڕەنگە زیاتر بۆ خوێنەر و بەرکەوتنی خوێنەر و دەق دروست بێت، بەڵام ئەگەر دۆستانە بەرگرییەک لە خۆم بکەم، دەتوانم بڵێم وێڕای ئەوەی هەندێک وشە و دەستەواژە و چەمکم چەند بارە کردۆتەوە، بەڵام هەوڵم داوە لە هەر شوێنێک، یان هەر وێنە و دەربڕینێکیی شیعریدا بە جۆرێکی جیاواز تەوزیفیان بکەم و بۆ مەبەستی جیا جیا دایانبنێمەوە، دیقەت بدە کۆتر لە هەندێک شوێندا ڕۆڵی فڕۆکە دەبینێ و خەسڵەتی توندوتیژی هەیە، واتە دەستکاری سروشت و بونیادی باڵندەییم کردووە و بە دڵی شیعرەکە یاریم بە ڕۆڵی کۆتر کردووە، لە بەرامبەردا ڕۆڵی تفەنگیش دەبینیت، لە وەزیفەی کوشتن و لەناوبردنەوە گۆڕیومە بۆ موفرەدیەک ناسک (پێنج تفەنگی گوڵبەدەم) بە گشتی ئەم وشانە لەبەر ئەوە بەکارنەهاتوون کە خۆیان بەهای ئیستاتیکیان هەیە، بەڵکو بەهای دیکەیان پێ دراوە لە بەرژەوەندی پەیام و دونیای تێکستەکەدا بەکار هاتوون… من وای بۆ دەچم دۆخی نووسەر بەسەر کۆی فەزا و پانتایی تێکستەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و بە گشتی حاڵەتە دەروونی و ناوەکییەکان ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان بەسەر ئاڕاستە کردن و نووسینەوەی تێکستەوە هەیە، واتە ژینگەی تێکست، دەقاودەق ژینگەی دەروون و خەیاڵ و تێگەیشتنی نووسەرەکەیە، بۆیە وا دەزانم نزیکی دنیای ئەو تێکستانەی وا لەو دیوانەمدا هەن، پەیوەندی بە زەمەن و نزیکیی زەمەن و تێگەیشتنی ئەو کاتی من هەیە بۆ شتەکان، دەنا ئەگەر دیقەت بدەنە دیوانە تازەکەم (بە ڕێی پووچیدا) حاڵەتەکە ڕێک پێچەوانە بۆتەوە و خوێنەر بەر زیاد لە فۆڕم و تەکنیک و شێواز و زمان و دونیابینییەک دەکەوێت، چونکە هەم تێگەیشتنی من بۆ خودی شیعر و وەزیفەی شیعری گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بڕێک ڕادیکاڵانەتر بووەتەوە، هەم زەمەنی نووسینی تێکستەکان جیاوازن و یەک دۆخی دیاریکراویان نییە.
۳-دەمەوێ پێش ئەوەی بچمە ناو پرسیاری سێ شتێک وەبیری هەردوکمان و ئاخێوەران بێنمەوە، فەیلەسوفەکانی پێش سوقرات ئاوڕیان لە هەسارە ناسی و گەردوناسی بەگشتی دەدایەوە،تەنانەت وایان لێهاتبوو هێندە سەیری ئاسمانیان کردبوو،ڕۆژانە دەکەوتنەناو چاڵ،یان سەر سمیان دەدا،پاشان کە سوقرات هات و هاوکێشەکەی پێچەوانەکردەوە بەوەی، بەسە سەر بڵندکردن، کاتی ئەوەهاتووە ئاوڕێک لە سەر زەویش بدەینەوە،دیارە سوقرات مەبەستی لە مرۆڤ و ژیانی سەر زەوی بە گشتی بووە. منیش کە،کۆیی ئەم کۆمەڵە شیعرەم خوێندەوە بەڕوونی دیاربوو ئاوڕێکی باشت لە سروشت داوەتەوە،لەکاتێکدا پێش ئەم بەرهەمەشت،بەرهەمی شیعری ترت هەیە،ئایا پێویست نەبوو ئەمەیان ئاوڕدانەوەبێ لە مرۆڤ و بە پرسکردنی گرفتەکانی مرۆڤ،خۆ ئەگەر کۆمەڵە شیعری دوای ئەمەشت مرۆڤ تێیدا سەنتەربێ،پێت وانییە دواکەوتوویت لە ئاوڕدانەوەت لە مرۆڤ،یان کەینێ دەق لە من و تۆوە دەگوازیتەوە بۆ ئێمە و ئەوان ؟
وەڵام: من کاتێ ئەو دیوانەم چاپ کرد و خۆت گوتەنی ئاوڕم لە سروشت دایەوە، لێشاوێکی لە شیعر ڕوویان لە مرۆڤ و خەمەکانی مرۆڤ کردبوو، بەشێک لەو تێکستانە بە ئەندازەیەک ڕاستەوخۆ بوون لە دواندنی مرۆڤدا، کە هیچ ڕۆحیەتێکی ئیستاتیکی و بەهای شیعریت تێدا نەدەبینییەوە، ئەو کاتە بۆ من وا بوو، گەڕانەوە بۆ سروشت و ئەخلاقییە سروشتییەکانم بە مەرج و پێوەر دەزانی بۆ قسەکردن لەسەر برینداربوونی مرۆڤی سەردەمی نوێ، چونکە گەر یادت بێ ئەو ڕۆژانە ژیانی کۆمەڵگە بە جۆرێک نوقمی شتە ماددی و ژیانییەکان بووبوون، تەنانەت کەس بیری لەو وێرانییە نەدەکردەوە کە ڕووی کردە سروشت و بە ناوی ئاوەدانییەوە کەوتنە تێکدانی دەشت و دارستانەکان، بۆ من خەمی چۆلەکەیەکی تەڕ و برسی، یان پشیلەیەکی کلک سووتاو، هیچ کەمتر نییە لە خەمی مرۆڤ.
ئەو تەرزە لە بیرکردنەوەی ئەوەی خەمی مرۆڤ لە خەمی سروشت جیا دەکاتەوە، تا ئەندازەیەکی زۆر تێگەیشتێکی کۆنە، وابزانم ئەو ڕۆژگارە بەسەر چوو کە ئایدۆلۆژیا و ئایینەکان مرۆڤیان بە بەنرخترین سەرمایە دەزانی و دەبوو هەمووشتەکان بچنە خزمەتی مرۆڤەوە، تەواوی ئایین و ئایدۆلۆژییەکان کەمیان نەکردووە لە دروستکردنی مرۆڤی سۆپەرمان، مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ئازا، مرۆڤێک کە لە پێناو بیروباوەڕ و ئایینەکەی دنیا وێران دەکات، سەدەت بیستەم شاهیدی دەیان ڕۆووداوی خوێناوییە لە گەردووندا، ئەم ڕووداوانە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەرییان بەسەر هزر و ئەندێشەی شاعیران و نوسەرانیشەوە هەبووە، لێرە بە دوا، شتێک نییە ناوی پیرۆزی مرۆڤ بێت، من وای دەبینم مرۆڤیش گیانلەبەرێکە وەک گیانلەبەرەکانی دیکەی سەر ئەم ئەستێرەیە، بەڵام بڕێک دڕتر و بە تەماح تر، من کاتێ پەردەی ڕەشبینی بەسەر ڕوانینمەوە لادەدەم بەرامبەر ئینسان، کە حورمەت بۆ سروشت گەڕابێتەوە، کە درەخت نەبڕێتەوە ئیتر، کە واز لە گۆشتخۆری و کوشتنەوەی ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر بهێنن، دەبێ ئەو ڕاستییەش بزانین کە ئیشکردن یاخود خەمخواردنی سروشت، دیسانەوە لە ئینسانبوونی خۆمانەوەیە، لە بینین وڕوانگەی ئیستاتیکیمانەوەیە بۆ ژیان بە هەموو پێکهاتە و ڕەگەزە پێکهێنەر و بنچینەییەکانیەوە، کاتی خۆیشی ماڵەکەی سوهراب لەلایەن چەپە پەڕگیرەکانەوە بەردەباران دەکرا، گوایە لە ڤێتنام مرۆڤ دەسووتێت، کەچی سوهراب خەمی ئاوەکەیەتی لیخن نەکرێت، دەکرێت تۆ لە خەمی چۆلەکەیەکەوە، درەختێکەوە، جۆگەلە ئاو و بەچکە پشیلەیەکەوە، باس لە خەمە گەورەکەی ژیان بکەیت و بیشوبهێنیت بە مرۆڤ، بەڵام مرۆڤ بە دیوە فریشتەییەکەیدا نا، بەڵکو بە دیوە ئەهریمەنی و دۆخەخی و شەیتانییەکەیدا، بەو دیوەیدا کە دنیا قڕ دەکەن و باخ وێران دەکەن و دەشت و سنەوبەر و شاخ دەسووتێنن و باڵەخانە و گوندی ئەڵمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی لێ دروست دەکەن، کە شار دابەش دەکەن بەسەر سرووشتە چینایەتییەکەدا، گەڕەکی خوا پێداوەکان و گەڕەکی هەژارنشینەکان، لە ڕاستیدا من ئەم دیوەی مرۆڤ جگە لە بێزهاتنەوە چ قسەیەکی ئەوتۆم نییە، من کاتێ لەگەڵ مرۆڤدا قسەم دەبێت، کە دەستکاری بینین و ڕوانگەی خۆی کردبێت بۆ سروشت، بە کورتی ئەوەی زۆربەی تێکستەکان لە ناو سروشتدایە و خەمی مرۆڤی هەڵنەگرتووە، تێگەیشتنێکی دروست نییە، چونکە وەک وتم لە سووتانی سنەوبەرێکدا ڕوخساری سوتاوی مرۆڤێک دەبینم کە لەلایەن مرۆڤێکی دیکەوە سووتاوە.
٤- لە پەڕەی ۳۷ دوو دەق و پەڕەی ٤٥ بەشی سەرەوەی پەڕەکە، دەقێکی” هایکو “ی جوانی تێدایە، بەڵام هایکویەکی مۆدێرنە،بەڵام لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاوڕێكی خێرا لە پەرەسەندنی هایکو بدەمەوە تا گەشتنی بەکوردستان وەک پرۆژە..بۆ ئەوەی لە وشەیی هایکویی مۆدێرن زیتر بگەین و هایکوش بە خوێنەران زیاتر ئاشنا بکەین.
دیارە زادگەی هایکو وڵاتی ژاپۆنە، بەپێی زەمەن هایکو ش پەرەی سەندووە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە، سەرەتا کەدروستبوو، پێکهاتبوو لەدووبەش ،بەشی سەرەوەی “تانکا “بەشی “خوارەوەی “ڕینگا”ی پێ وتراوە.پاشان بەشی خوارەوەی لێکرایەوە و بەشی سەرەوەی مایەوە ناوی لێنرا هایکو،دیارە “هایکو”ش بە سێ دێڕی حەڤدە بڕگەی ٥-٧-٥- دەنوسرا،وردە وردە هایکو بڵاوەی کرد بە جیهاندا،پابەند نەبوون بە بڕگە هاتە کایەوە، تەنها سێ دێڕەکە بە زمانێکی چڕ دەنوسرا،،وە دوای ئەوە لە دوو هەزار و حەڤدە یانەی هایکویی کوردی بەهەوڵی (د.ملکۆ احمد ) لەکوردستانی باشور دامەزرا..تا ئیستەش بەردەوامی هەیە..
لە ئێستاشدا یانەی هایکوی کوردی ڕابەرایەتی پرۆژەی هایکو دەکات، یانەکە دوو بەشی هەیە، بەشی نووسینی سۆرانیی و بەشی لاتینی، خاوەنی گۆڤاری تایبەتیی خۆیەتی و ۳ ژمارەی کاغەزیی لێدەرچووە، کوردانی هەرچوار پارچە ئەندامن لەم یانەیە، لە ماوەی ئەم ۳ ساڵەدا زیاتر لە ۱٠ دیوانی هایکو دەرچووە کە هی هایکونووسەکانی یانەن، جگە لەوە دەست بۆ چەند فۆرمێکی دیکەی وەک سینریو و تانکا و هایبوونیش براوە.
دەتوانین بڵێین ئەم سێ کورتە شیعرەی تۆش هایکوی مۆدێرنن.
ئەوەی ئەم پرسیارەی لا دروستکردم ئەوەیە،ئەمانە” هایکو”ن، بەڵام ئەم کتێبە جگە لەچەند دەقێک، هەمووی دەقی درێژە، ئایا بێ ئاگا بوویت لەو تەرزە شیعرە ژاپۆنییە وا تەنها سێ دانە کەوتوونەتە ناو کتێبەکەتەوە ؟
وەڵام: من بە ئێستاشەوە بێئاگام لەو فۆڕمە شیعرییەی پێی دەڵێن هایکو، هەندێک زانیاریی سەرەتاییم لەسەری هەیە و تەواو، بەڵام ئەوەی کە ئەو پۆستەرە شیعرانە کەوتوونەتە نێو ئەو کتێبەوە، وابزانم هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی لە پشتەوە نییە، تەنیا ئەوەیە ئەوانەشم بە شیعر زانیوە بۆیە دامناون، پێم وابێ حاڵەتێکی ئاسایشە، بڕیار نییە شیعری کورت و دێژ جیابن لەیەک و نەگونجێت لە نامیلکەیەکدا جێیان بێتەوە، هاوکات ئەوەش ڕاستە دەکرێت دیوانێک سەرجەم تێکستەکانی کورت و پۆستەری بن، دواجار ئەوەش دەکەوێتە سەر چێژ و زەوق و سەلیقەی نووسەرەکە.
٥- لە دەقی (شتێك دەقومێ..شتێك ڕوودەدات) لا ۳۱،کە بۆ خۆم بە جوانترین دەقی ناو کتێبەکەتی دادەنێم، دەمەوێ بڵێم کەمن ئەو شاعیرانەی پێشگوویی دەکەن لەناو تێکستەکانیان،بۆ ڕوودانی شتێك و ڕووشدەدات، گەر نمونەیەکی نزیکت بۆ بنێمەوە شێرکۆ بێکەس، پێشگویی کرد (هەڵەبجە دەچێ بۆ بەغدا و …)دواجار بینیمان پێشگوییەکەی وەڕاستگەڕا و هەڵەبجەیەکان چونکە بەغداد و مەرگی (سەدام حسێن)نیان هێنایەوە، گەر نمونەیەکی دووریشت بۆ بێنمەوە( نیچە) بوو کە مەرگی خودای ڕاگەیاند و بە جارێ دەسەڵاتی قەشەکان هەرەسی هێنا. ئیدریس علی لەم تێکستەدا ئەوەی پێشگووی بۆ کرد ڕویدا ؟ ئەی چی ڕوویدا ؟
وەڵام: ئەو تێکستە بۆ خۆیشم حاڵەتێکی سەیر بوو، چەند مانگێک بەر لە باڵەخانەکانی ئەمریکا نووسرا و تیایدا هەوڵمدا پێشبینی شتی ناخۆش، یان کارەساتی گەورە بکەم (هاکا کۆترێک خۆی کێشا بە تاوەری بەرزی هێلانەیەکدا) کۆمەڵێک دێڕی هاوشێوەی تێدایە، کاتی خۆی کە لە کوردستانی نوێ بڵاوکرابوویەوە، سەرنووسەری ڕۆژنامەکە بە نووسەرەکانی وتبوو هەرچەند سەیری ئەم شیعرەی ئیدریس دەکەم، بۆنی کارەساتێک دەکەم، وابزانم مانگێک دوای ئەوە تاوەرەکانی ئەمریکا بەر هێرش و پەلامار کەوتن و دنیا پێی نایە قۆناغێکی نوێ لە شەڕی تیرۆر و کوردستان و عێراقیش بوون بە شانۆی گۆرانکارییەکی گەورە.
دیارە ئەم شیعرە بەر لە هەر شتێک بەرگری لە شیعریەت و ناسکی خۆی کردبوو، لەوێوە چاوی شیعرەکە بڕێک دووتر دەڕوانێت و پێشبینی (شتێک دقەومێ شتێک ڕوودەدات) کردبوو، پێم وایە نموونەی ئەم جۆرە پێشبینیانە لە شیعری دیکەدا هەن، وابزانم مارف ئاغایی کاتی خۆی پێشبینی بۆ هێلانەی حاجی لەق لەقەکانی سەر منارەی چۆلی هەولێر کردبوو کە بە فیشەکی کورد دەکەوێتە خوارەوە، هەر واش دەرچوو، لە شەڕی ناوخۆدا هێلانەکە بەر فیشەکی کورد کەوت و تێکچوو.
٦- ناونیشان و زمان دوو پرسیاری هەمیشەیی هەڤپەیڤینەکانی منن،شاعیریتر هەیە ئەم گەمە زمانییە دەکات لەنێو دەقدا، بەڵام ئیدریس علی لەناو دەقەکانی گرنگی زۆری پێداوە ئەو یاریکردن بە زمان و دەرکردنی وشەیە لە وەزیفەیی ئەسڵی خۆی،،لێرەدا دوو نمونە دێنمەوە بۆ خوێنەران،تاکو لەو چێژە بێبەش نەبن
مناڵێكدرەختەکەی دایە بەر چۆلەکە ژنێك بەفری ڕەشی دەگرتە پرچی پشیلەیەك نیگەرانی خۆی بەسەر پەیژەکەدا سەردەخست .
-لا ۷۳دەقی (پەڕینەوە بە قوڵایدا) -دەقی(دایکم ئایشێ) لا ۱۲ وەک
سارتەر دەڵێ هیچ تێکستێك لە دەرەوەی زمان بوونی نییە،ئیدریس عەلیش بەم چەشنە لە بەهایی زمان دەڕوانێ لە نێو دەقدا ؟
وەڵام: لە ڕسستیدا هەموو شتێک لە ناو زماندا ڕوودەدات، زمان وەک هەمیشە ماڵی یەکەمە و شاعیران دانیشتووی نێو ئەو ماڵەنە، من هەمیشە هەوڵمداوە بە گوێرەی زەروریەتی تێکستەکە و فەزا و هەلومەرجی تێکست، زمان بەکار بهێنم، زمان لێرەدا لەوە دەدەچێت تەنها هۆکارێک بێت بۆ گەیاندن، بەڵکو ڕۆڵی گەورەتری هەیە و دەستکاری خەیاڵ و هەست و چاوی خوێنەریش دەکات، گەمە کردن بە وشە و زمان یەکێکە لەو دەستبازییە شیعریانەی کە من زۆر چێژی لێ دەبینم تەنانەت لای خەڵکانی دیکش بیبینم، بەڵام بە مەرجێک گەمەکە تەنها لەپێناو گەمەیەکی کاتی و ڕاگوزەردا نەبێت، بەڵکو بە قووڵی ڕۆچووبێتە ناو تێکستەکەوە و شیعراوی بووبێت، یانی نابێ هەر بۆ ئەوەی بڵێن یاری بە زمان کردووە لە خۆوە موفرەدە بێنین و تەوزیفی بکەین، چونکە هەموو چەمک و کەرەستە و موفرەدەیەک کە دەچێتە ناو سیاقی تێکستێکەوە، بەهۆی زمانەوە مانای خۆی لە دەست دەدات و لە گەمەیەکی زمانەوانیدا شوناسی دیکە هەڵدەگرێت، بۆ نموونە لە هەموو شوێنێک پەرداخ دەشکێت و ئاساییە، بەڵام لە ناو تێکستێکی شیعریدا ئاسایی نییە شکانی پەرداخ، ئەگەر بشتەوێت بە ئاسایی پیشانی بدەیت، کەواتە تۆ هیچت نەکردووە، چونکە هەر لە ڕاستیدا شکانەکە خۆی ئاساییە، بەڵام زمان و سیحری زمان و گەمەی زمان دەتوانێت ئەم ئاسایی یان نائاسیی بوونە لە فۆڕمێکی هونەریدا پیشان بدات و قەناعەتیش بە خوێنەر بکات.. لە ڕاستیدا من هەوڵی ئەوەم داوە کە خوێنەر بەر حاڵەتی کتوپڕ بکەوێت لەو دێڕانەدا، یانی ئەوەی چاوەڕانی ناکات ڕووبدات، واتە ئامانجی گەمە زمانییەکە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەوەیە کە خوێنەر پێشبینی دەکات دێڕی دوای ئەمە چییە و دەبێت چی بێت.