تەنگانە
ساماڵ ئەحمەدی
.
لە تەنگانەی خۆشەویستیدا
درەنگی / هێوری / بێدەنگی و
لە هەمووان گرینگتر / کۆمەڵانی هەراوی تەنیایی
کە هەڵەیە شوبهاندنی بە بەتاڵ
مەگین ئەو بتڵانەی هەڵیقوڕاندن خەیاڵ
بە خەیاڵ بیرم لە لەنتەرێکی دەریایی دەکردەوە
نەک بدەڵێ نەوت و بمانبا دەریا
دەریا کچە عەجەمێکی جیرانمان بوو
وێ دەچوو ئاشقی بووبم و/ نەبووم
دایکم نەیهێشت ببم.. گوتی:
ڕۆڵە، ئەم کوێستانە بۆ دەریا نابێ/ دەیبەستێ/ دەبینە تەختەسەهۆڵ.. گوتی:
تەنگانە بەری کورت بوو/ کە گەیشتە تۆ درێژ بووەوە/ ئاگات لە خۆت بێ.. گوتی:
بە لەنتەر گەرم نابێتەوە تەنیایی، کە ڕووت بووەوە/ سەرمات دەبێ.. گوتی:
ئەوە شەونمە لەبەرچاوی خەواڵووت دەریایە/ نەکەی.. گوتی:
ناوی گوڵاڵەی لێ بێنە/ سێ جار لەسەریەک ”گوڵاڵەی کوێستان سوور دەکاتەوە”.. گوتی:
منیش نەمێنم/ داوێنی ئەم چیایە گوڵاڵەی لێ نابڕێ، کوڕم!
2
نە کەس لەوێ بوو هەڵمدێرێ
نە چاوم بەسرابوو، نە دەستم
کە گەیشتمە سەرلێواری تەنگانە
دوورم لێ وەدیار دەکەوتن لە داوێنێ دارستان بوو
شکۆفەیان دەکرد پێمەوە سوورەداری ئێعدام
لە خۆم دەبوومە بەڕەهووت و تەقەم دەکرد بە هەوادا
هەوا من بوو لە ستوونی ڕۆژانەی هەردەمدا
کە نەدەشیام قەت ڕۆژنامەنووس بم
بە دارەوە هەڵدەواسرام تۆمارێکی دوورودرێژ:
وەسەر نامووسی کەس نەپەڕیوە
قۆڵی کەسی نەبڕیوە
نە کەسی کوشتووە
هەر ئیشتیای لە بڕینی تەنگانە بووە
هەر تەنگانەی دەیشیبڕی، دەبووە باویلکە
هەر باویلکەی بەرەو بنارێک با دەبیرد
بە چوار چاو و هەزار پێوە دەچووە شەوڕنی تەنگانە
تیشکی لە شەو دهچنی
3
هەموو شتێکت لەگەڵە
لە جووڵەوە تا بێدەنگی
تا ئەو دیوارەی لە خەونیشدا پاڵی وێ دەدەی و بیر لە قەراغ دەریا دەکەیتەوە
تەنگانەی چیات دێتە بەرچاو کە گاشە دەستەملانی یەک بیر لە تۆ دەکەنەوە
تۆ.. جێناوی ”ئەو”ی کە شەهید بوو
ئەو.. پاڵی بە گاشەوە دەدا نەک دیوار
بیری لە تۆخی و کاڵیی ڕەنگ دەکردەوە نەک بێکار
بڕیاری لە جەنگ و ئاشتی دەدا نەک هاتوهاوار
بەخێراییی تیشک دەگەیشتە سەر تەنگانە
تەنیاییی هەرسێکمانی دەگەیاندەوە فەرعانە
4
لە تەنگانەی خۆشەویستیدا
سەرنجم چووە سەر کۆنەگڵێنەی درزتێبووی سەر تاقە
درزم لێ بوو بە ئەشکەوت
تێێدا چوار کیژ بە بسکان باوەشێنی پۆلوویەکیان دەکرد
جاترە و نەعنایان پیا دەپژاند پنگە و ریحانەیان پیا دەپژاند
کە بیستیانم لە یەک چرکەدا هەریەک بە دەنگێ پۆلوویان هێنا بە دەنگمەوە.. گوتیان:
ئێرە حەرەمخانەی تەنگانەیە.. گوتیان:
ئەی سوڵتانەکەی سێهەزار ساڵی سەرقورسی ـــ کە گۆیا من بم ـــ گوتیان:
گەرووت گڕی گرتووە، ئیدی مەگوڕێنە! گوتیان:
بگێڕەوەی ئەم چیرۆکە هەتا چواری ژماردبێ مردووە.. گوتیان:
هەڵدە ئەم پێکی چوارەمە لە گڵێنەی درزتێبوودا، ئەی سوڵتان!