خاڵ عه‌باس و گێڕانه‌وه‌یه‌کی ته‌وس‌ئامێز
جه‌لال پوورحه‌سه‌ن
.
چیرۆکی درێژی “خاڵ عه‌باس” له نووسینی “خوسره‌و شایان‌فه‌ر” له لایه‌ن نه‌شری “ژیر”ه‌وه، له 143 لاپه‌ڕه و له دوو توێی په‌رتووکێک دا، به تیراژی 1000 دانه بڵاو کراوه‌ته‌وه.
ئه‌و چیرۆکه سه‌رده‌مێکی تایبه‌ت له ژیانی خاڵ عه‌باسمان بۆ باس ده‌کات که بگێڕه‌وه‌که‌ی خوشکه‌زاکه‌یه‌تی، که خاڵ عه‌باس دایک برای دایکێتی. ئه‌و چیرۆکه له دۆخێک ده‌ست پێ ده‌کات که ماڵی بابی بگێڕه‌وه و خاڵ عه‌باس له مه‌هاباد ده‌بنه جیرانی یه‌کتر. کۆڕی هه‌موو ئێواران له ماڵێ بابی بگێڕه‌وه که زیاتری کاته‌کان خاڵ عه‌باس به‌شداری تێدا ده‌کات بۆ ئێمه نمایش ده‌کات. دیاره به‌ره‌نگاری بابی بگێڕه‌وه له گه‌ڵ خاڵ عه‌باس له هه‌موو شت دا خۆی ده‌رده‌خات که ئه‌و به‌ره‌نگاریانه خاوه‌ن مێژوویه‌کی کۆنن و ئه‌وانه له هه‌ل و ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی یه‌کتری له‌ق بکه‌ن. بۆ نموونه خاڵ عه‌باس که زیاتری ته‌مه‌نی کاپشێنێکی ئاڵمانی پۆشیوه به شێوه‌یه‌ک که شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌کرێ ئه‌و دوانه (خاڵ عه‌باس و کاپشێنه ئاڵمانییه‌که‌ی) پێناسه‌ی یه‌کتری کامڵ ده‌که‌ن. به‌ڵام له ڕۆژێکی ساردی پاییزی ئه‌وه‌ی سرنجی بگێڕه‌وه و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ڕاده‌کێشێ ئه‌وه‌یه که خاڵ عه‌باس چۆته به‌ره‌ی هاوپه‌یمانان و کاپشێنێکی ئامریکایی له‌به‌ر کردووه. ئیدی لێره‌دایه بابی بگێڕه‌وه ده‌رفه‌ت به پێویست ده‌زانێ، سه‌نگه‌ری هاوپه‌یمانان چۆل ده‌کات و ده‌چێته به‌ره‌ی دژبه‌ر و ده‌ڵێ: “وه‌ڵڵا کۆتی ئامریکایی هه‌ر نموودی هه‌یه ده‌نا تڕی سه‌ش ناگێڕێته‌وه.”(ل7) لێره‌وه تا کۆتایی چیرۆک ئه‌و له‌به‌ر یه‌ک ڕاچوونه به‌رده‌وام له شێوه‌ی جۆراوجۆر له نێوان ئه‌و دوو که‌سه پاته ده‌بێته‌وه به شێوه‌یه‌ک که هه‌میشه ڕۆڵی بژیوانی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی دایکی بگێڕه‌وه، زیاتری جاره‌کانیش به لایه‌نگری له خاڵ عه‌باس کۆتایی دێت و سه‌نگه‌ری باب و پێگه‌که‌ی ده‌که‌ونه مه‌ترسی.
چیرۆک له کاتی پێوست ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زمه‌ن و مێژوویه‌کی پێش ئه‌و ڕووداوانه‌ی چیرۆک و باسی ژیانی خاڵ عه‌باس له لادێ ده‌کات که چۆن ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی له دێ به‌سه‌ری بردووه ته‌ژی چه‌ندین کاره‌سات بووه. هه‌ر له رێژی قاچاغ کردن و پێک هه‌ڵپڕژان له گه‌ڵ سنوورپارێزه عه‌جه‌مه‌کان که به گوته‌ی خۆی ده‌ستکه‌ره‌وه‌ییه‌کی بێ وێنه‌ی ئه‌نجام داوه تا ده‌گاته هه‌ڵبژاردنی له لایه‌ن شۆڕشگێڕانه‌وه وه‌ک به‌رپرسی زیندانێک له نێو ئاوایی که چوار ده‌ره‌به‌گی پێ ده‌سپێردرێ تا ئاگاداریان لێ بکات و چ چه‌رمه سه‌ری و به‌دبه‌ختییه‌ک تووشی ئه‌وان و خۆشی ده‌کات. که ئه‌گه‌ر له زمانی خاڵ عه‌باسه‌وه بیبیستی قاره‌مانییه‌کی بێ وێنه و نموونه‌ی نواندووه، به‌ڵام کاتێک بگێڕه‌وه ده‌پژێته سه‌ر جۆرێ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان هه‌مووی ئه‌و سه‌روه‌ریانه‌ی خاڵی باسی ده‌کات پاڕوودی ده‌کرێن و ته‌واو ته‌وس‌ئامێز، کرده و گوته‌کانی ده‌خرێنه‌وه تای ته‌راوزووی ڕاسته‌قینه، که زۆر جار بگێڕه‌وه گێڕانه‌وه‌کانی خه‌ڵکی دیکه‌ی ئاوێته ده‌کات بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاستی ڕووداوه‌کان. به‌ڵام ئایا خاڵ عه‌باس ئه‌وانه ده‌سه‌لمێنێ؟ خاڵ عه‌باس که ده‌ستێکی باڵای هه‌یه له سووڕاندنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی بابه‌ته‌کان هه‌موو جارێک به به‌رکار کردنی نمایشێکی تاکه‌که‌سی و تایبه‌ت، ئاوه‌زی زۆربه‌ی بیسه‌رانی گێڕانه‌وه‌کانی به‌ره‌و ئاقاری خوازراوی خۆی ده‌بات و یا لانیکه‌م شته‌کان ئه‌وه‌نده تێکه‌ڵ پێکه‌ڵ ده‌کات که سه‌ره‌داوی باسه‌کان له بیسه‌ری گێڕانه‌وه‌کانی ون ده‌کات و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ڕاستی ڕووداوه‌کان ته‌م و مژاوی ده‌بن. وه‌ک ئه‌و به‌شه‌ی که خاڵ عه‌باس له شارۆچکه‌یه‌کی سه‌ر به شاری قه‌زوێن خزمه‌تی سه‌ربازی ئه‌نجام داوه و ئه‌و ته‌نیا ئه‌و شارۆچکه‌یه به ئیسفه‌هان ده‌زانێ که دواتر ڕاستی گێڕانه‌وه‌ی خاڵی بۆ بگێڕه‌وه له سه‌فه‌رێک به‌ره‌و تاران وه‌ده‌ر ده‌که‌وێ که وه‌ها شوێنێک هه‌یه.
کرداره‌کانی خاڵ عه‌باس هه‌م تایبه‌ته و هه‌م له تیپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی نزیکه. ئێمه به سرنج به‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی ئه‌و تیپه کۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌یانه ده‌توانین خاڵ عه‌باس وه‌ک نیشانه‌یه‌ک له‌و گێڕانه‌وه‌یه دا پێناسه بکه‌ین و کرده و گوته‌کانی وه‌رگرین. ئه‌ویش ئه‌و تیپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه که سه‌وادیان نییه و له زه‌مه‌نێکی تایبه‌ت و پڕ گۆڕانکاری سه‌رده‌می ئێستا ده‌که‌ونه چه‌قی ڕووداوه‌کان. دیاره ئه‌و تیپه به هۆی ئه‌وه‌ی له زه‌ینی ئێمه دا تۆمار کراون و ده‌زانین ڕاده‌ی ده‌رک و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وان بۆ بابه‌ته‌کان چۆنه، ئیدی به‌و شێوه‌یه ده‌رکێکی سه‌رڕاست به نیسبه‌ت کاراکتێری خاڵ عه‌باس بۆ ئێمه به دیار ده‌خرێت. ئه‌و تیپه زیاتری ئاکار و جوڵه‌ی خۆیان قاره‌مانانه سه‌یر ده‌که‌ن و خۆیان له چه‌ق و به‌ستێنی ڕووداوه‌کان وه‌ک ناوه‌ندێک ئه‌ژمار ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی که چۆن له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه هه‌موو شت مۆرکی تێکه‌وه پێچان و سه‌ر و سامان دانی لێ ده‌درێ. به شێوه‌یه‌ک که ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌و جۆره کرده‌وه‌یان له خۆیان نیشان نه‌دابایه جهان به ئاقارێکی دیکه دا ده‌ڕۆیشت و ئاکامی زۆربه‌ی بابه‌ته‌کان و ڕووداوه‌کان ئارسته‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌بوو. که‌واتا له گێڕانه‌وه‌کانی ئه‌وان دا هه‌ست به جۆرێک سه‌روه‌ری ده‌کرێت که جهان شانازی به بوونیان ده‌کات. ئێمه زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه له زه‌ینمان دا سه‌بت کراون و له گه‌ڵ شێوه‌ی جوڵه و ئاخافتنیان ئاشناین، هه‌ر بۆیه بۆ ده‌رکی کاراکتێری خاڵ عه‌باس له توێی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه دا هیچ گرفتێکمان نییه و هاودڵی له گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌که ده‌که‌ین.
خاڵی جێی سرنجی گێڕانه‌وه‌که ئه‌وه‌یه که بگێڕه‌وه زیاتری فه‌زای گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌ت کردووه به گوته‌کانی خۆی، واته وێژمانی سه‌روه‌ر و باڵاده‌ستی ئه‌و چیرۆکه وێژمانی بگێڕه‌وه‌یه. ئه‌و ئه‌رکی سه‌روسامان دانی به‌شێکی زۆری چیرۆکی له ئه‌ستۆ گرتووه و کار گوته و وێژمانی کاراکتێره‌کان زۆر که‌مترن. زاڵ کردنی وێژمانی بگێڕه‌وه به سه‌ر توێی گێڕانه‌وه دا جۆرێک ئیمکانی خستۆته به‌رده‌ستی بگێڕه‌وه تا هه‌ر جۆره کرده و ئاکاری خاڵ عه‌باس به وردبینییه‌کی زیاتره‌وه له لایه‌ن ئه‌وه‌وه تیشکی بخرێته سه‌ر. به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی بگێڕه‌وه له دۆخێکی ئاسایی و بێ لایه‌ن دا ڕوو نادات. نووسه‌ر جۆره بگێڕه‌وه‌یه‌کی دیاری کردووه که به هۆی ئه‌وه‌ی له پێگه‌ی زانستی و هه‌رواتر لێزانی و سه‌واددار بوونی ده‌ڕوانێته ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان و ئه‌وه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه ئه‌وه‌یه که به‌رده‌وام به ته‌وس و توانجه‌وه باسی خاڵ عه‌باس یا کرده‌وه‌ی دایکی و یا خودی بابیشی ده‌کات. به جۆرێک که ئه‌و کۆمه‌ڵه مرۆڤه‌ی له‌و سه‌رده‌مه دا ده‌ژین و به‌ره‌ڕووی سه‌رده‌می ئێستان که ئه‌وان پێیه‌کیان له نێو نه‌ریت و ڕابردوو و پێیه‌که‌ی دیکه‌یان له نێو سه‌رده‌می ئێستا دایه و به هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پێگه نه‌ریتییه‌ی خۆیان بن، ده‌بێ له ژێر تیشکی ڕه‌خنه و ته‌وسی بگێڕه‌وه‌ی باسه‌واد و تێگه‌یشتووی ئه‌و عه‌سره دابن. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر با چه‌ند نموونه‌یه‌ک له گێڕانه‌وه‌که بێنین:
“بابم که تا ئه‌و کاته‌ی، که‌شی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی به سه‌ریدا زاڵ بوو و له به‌ره‌ی هاوپه‌یمانانه‌وه، به‌رده‌وام خه‌ریک بوو ته‌نیا سیمبۆلی له به‌ر ده‌ستی ئاڵمانی[مراد کاپشێنی ئاڵمانی خاڵ عه‌باسه] ده‌کوتا، وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌و ڕووداوه[پۆشینی کاپشێنی ئامریکایی له لایه‌ن خاڵ عه‌باسه‌وه] ئه‌ویش سه‌نگه‌ری گوێزته‌وه و وه‌ک دژایه‌تییه‌ک که‌وته لۆمه‌ی ئه‌و خه‌یانه‌ته‌ی خاڵ عه‌باس.”(ل7)
ئه‌و جێیه‌ی که شه‌وێ خێزانی خاڵ عه‌باس کاپشێنه ئامریکاییه‌که ده‌شوات و ڕه‌نگی به ڕوویه‌وه نامێنێ و خاڵ عه‌باس به پۆشینه‌وه‌ی کاپشێنه ئاڵمانییه‌که‌ی ده‌که‌وێته به‌ر سرنجی خوشکی، بۆیه دوای بیستنی ڕاستی ڕووداوه‌که که موعتاده‌که شتێکی ناحه‌سڵی به سه‌ر دا قه‌ڵب کردووه، دایکی بگێڕه‌وه ئاوا ده‌که‌وێته مه‌یدانگیری و به‌ره‌نگاری له کاکی:
” […] باڵتۆی خۆت جوان و له‌بار چییه‌تی؟ گه‌رم و خۆشه. ده‌به‌ریکه ده‌نگیش مه‌که. خۆ ماڵته دوێنێ هه‌ر وه‌ختبوو سه‌رماش بتبا. جا چانێ ئه‌وه تینێکی هه‌یه.
دایکم به ده‌رکردنی به‌رگی دووهه‌می بیرۆکه‌کانی خۆی [که به‌رگری له کاپشێنی ئامریکایی کردبوو] دژ به به‌رگی یه‌که‌می که دوێنێ ده‌ریکردبوو، ده‌ستیکرد به دڵخۆشیدانه‌وه‌ی خاڵ عه‌باسی، به بێ ڕه‌چاو کردنی ئه‌و ڕاستییه که نرخی کۆتێکی ئامریکایی به قه‌د داهاتی مانگێک کاری خاڵ عه‌باس بوو. کارێک که ده ساڵدا چوارمانگی نه‌ده‌کرد.”(ل13)
لێره‌دا به باشی ده‌رده‌که‌وێ که دوای ته‌واو بوونی گوته‌کانی دایکی بگێڕه‌وه چۆن پێگه‌ی ئه‌خلاقی دایکی له‌ق ده‌کات له گۆڕینی نوقته سرنجی خۆی له سه‌ر کاپشێنی ئامریکایی له مه‌ودای ته‌نیا دوو ڕۆژان دا و دوای ئه‌وه‌ش باسی شێوازی کار کردنی خاڵی، ته‌نیا به یه‌ک ڕسته‌ی ته‌وساوی به دیار ده‌خات. یا ئه‌و به‌شه‌ی خوارێ که باسی ڕوانگه‌ی خاڵی سه‌باره‌ت به سه‌ددام ده‌کات:
“خاڵ عه‌باس شه‌یدای که‌سایه‌تی سه‌ددام بوو و به‌رده‌وام ستایشی ده‌کرد. به ئاوات بوو منداڵێکی به نێو بکات به‌ڵام ئه‌و کات کوڕه‌کانی گه‌وره ببوون و خێزانیشی توانای به‌دیهێنانی ئه‌و ئاواته‌ی نه‌مابوو[…] دوای وه‌رگه‌ڕانی ده‌سڵاته‌که‌ی سه‌ددام و گه‌شه‌ی ڕاگه‌یاندن و گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کانی سه‌ر کوردان به ده‌ست سه‌ددام، خاڵ عه‌باس وه‌ک بینه‌ری به‌رده‌وامی ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه، ته‌واو بیروڕای گۆڕابوو. ببوو به زڕدایکی سه‌ددام و جندی لێهه‌ڵده‌دا.”(ل29)
بگێڕه‌وه به‌و شێوه‌یه ده‌سپێکی بوونه شۆڕشگێری خاڵ عه‌باس له زاری بابییه‌وه ئاوا پاڕوودی ده‌کات و دواتر له زاری بابی وه‌ریده‌گرێته‌وه تێکه‌ڵی چیرۆکی ڕۆسته‌م و شێوه‌ی سازبوونی ئۆستووره‌کانی ده‌کات:
“- کاک عه‌باس به بارێک ڕه‌ژی و لوشکه ئێسترێک بوو به شۆڕشگێڕ.
ئه‌وقسه‌یه ئه‌گه‌رچی شێوازی گێڕانه‌وه‌که‌ی گاڵته‌ئامێژ بوو و به زاری دژبه‌رێکی ڕق ئه‌ستووری خاڵ عه‌باس کوتراوه به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ڕاسته. له بابه‌ت ڕه‌ژی ئه‌گه‌رچی دڵنیا نیم به‌ڵام پێموایه لوشکه ئێستر ده‌توانایدا هه‌یه گۆڕانکاری گه‌وره بقه‌ومێنێ. هه‌روه‌ک چۆن ڕه‌خشی ڕۆسته‌م به لوشک و قه‌پاڵ شێری کوشت و گیانی ڕۆسته‌می پاراست و فێردۆسی یارمه‌تیدا که خۆبپارێزێ له نووسینی ئه‌فسانه‌یه‌کی دیکه که تێیدا ڕۆسته‌می نووستوو به ده‌م خه‌وه‌وه، شێرێکی زه‌لامی زه‌به‌لاح به نووکی شێره‌وه ده‌کا.
ئۆستووره‌کان هه‌ر ئاوا ساز ده‌بن…”(ل31)
یا ئه‌و په‌رێ فه‌رته‌نه‌ی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه له درووست کردنی خانووی خاڵ عه‌باس خۆی ده‌رده‌خات. کاتێک که تووشی پێداگری هاوڕێ له گه‌ڵ سوێنده تایبه‌ته‌که‌ی ئه‌و ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی چێشتخانه بکه‌وێته حه‌سارێ و تێیدا سه‌رده‌که‌وێ. یا کاتێک کار ده‌گاته داره‌ڕایه دیسان هه‌مان سوێندی “حه‌ڵاڵی دونیایه‌م لێ حه‌رام بێ” ئه‌من به ئاسن دایناپۆشم و داری بۆ دێنێت، که ده‌بێته هۆی به‌ریه‌ک که‌وتنی دوو به‌ره که تێیدا کوڕه‌کانی دژایه‌تی ده‌که‌ن و به‌ڵام ئه‌و سووره له‌وه‌ی که به‌دار خانووه‌که داپۆشێ. ئاکامی ئه‌و پێداگرییه و زرینگی خاڵ عه‌باس که بۆ گڵه‌بان له لۆدێر که‌ڵک وه‌رده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م کاره‌که زوو ڕاپه‌ڕێ و هه‌م خه‌رجێکی بۆ بگه‌ڕێته‌وه، که به گڵ وه‌سه‌رکردنی که‌وچکی لۆدێر داره‌ڕا خۆ ناگرێت و سه‌ربان تێک ده‌قرمێ. ئیدی ئه‌وه کۆتا ده‌سهه‌ڵاتی بیری کۆنه که زۆربه‌ی ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی هه‌ر ئاوا ته‌وس‌ئامێز، کرده‌وه، گوته‌کان و گێڕانه‌وه‌کانی خاڵ عه‌باس به نیشانه ده‌گرن. له گه‌ڵ کاڵتر بوونه‌وه‌ی ڕۆڵی خاڵ عه‌باس له ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کان ئه‌و ته‌وس‌ئامێزییه‌ی بگێڕه‌وه‌ش نه‌رمتر ده‌بێت به شێوه‌یه‌ک که دوای کڕینی گاڵانت له لایه‌ن خاڵ عه‌باس و خستنه ژێر پێی ته‌های کوری، دوای ئه‌وه‌ی بابی بگێڕه‌وه ئاگاداری ئه‌وه‌ی ده‌کات که ته‌ها مه‌شڕووب بار ده‌کات، گێڕانه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک به لایه‌نگری له خاڵ عه‌باس عه‌مه‌ل ده‌کات، بۆیه باس له شێلگیری ته‌مای خاڵ عه‌باس ده‌کات له ده‌ست‌نیشان کردنی گومان‌لێکراو. به‌ڵام نوکته‌ی ته‌نزئامێزی ئه‌و به‌شه ئه‌وه‌یه که به‌زیاد کردنی پشکی خاڵ عه‌باس له داهاتی گاڵانت ئه‌ویش ڕه‌زایه‌ت ده‌دات به هێنانی ئه‌و شته به‌ڵام به بێ درکاندنی سه‌روسڕ.
تا ئێره حه‌ولمان دا له ڕێی گێڕانه‌وه‌ی بگێڕه‌وه‌وه نیشان بده‌ین که چۆن گێڕانه‌وه به یارمه‌تی وه‌رده‌گیرێت بۆ نیشاندار کردنی به‌ره‌یه‌ک که تایبه‌تمه‌ندی و خوو و خده‌کانیان هاوبه‌شییه‌کی زۆری هه‌یه له گه‌ڵ ڕوانین و خوو و خده‌ی خاڵ عه‌باس. بگێڕه‌وه به که‌ڵک وه‌رگرتن له پاڕوودی و ته‌وس و ته‌نزئامێز کردنی گێڕانه‌وه له گه‌مه کردن به زه‌ین و جۆرێ تێڕوانینی ئه‌و به‌ره‌یه که زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان نه‌ک له‌ڕێی زانست و تێکنۆلۆژیا له گه‌ڵ جهان ئاشنابوون به‌ڵکه ده‌رکی ئه‌وان له جهان له ڕێی نه‌ریت و ئه‌زموونی ژیندراویانه. به هۆی ئه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌زموونی ژیندراوی ئه‌وانه ڕۆژگارێکی له ئاواییه‌کان بووه و ئه‌وان ده‌ربه‌ستی ده‌ره‌به‌گایه‌تی بوون و له فه‌قری تێگه‌یشتن دا مابوونه‌وه. ئه‌گه‌رچی چاوه‌ڕوان ده‌کرا مه‌رگی خاڵ عه‌باس کۆتایی ئه‌و به‌ره‌یه بێت. به‌ڵام بگێڕه‌وه باسی ئاواڵدووانه‌کانی دیکه خاڵ عه‌باس ده‌کات که هه‌ر ماون و جارێ درێژه به ژیان ده‌ده‌ن، نموونه‌ی ئه‌وه‌ش “سۆفی عه‌وڵا”یه که بگێڕه‌وه کاتی هه‌ڵکه‌ندنی قه‌بری خاڵ عه‌باس له ئاوایی ده‌یناسێت و یه‌که‌م به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی به جنێودان به قه‌برهه‌ڵکه‌نانه .
هیوادارم ئه‌و چیرۆکه درێژه بکه‌وێته به‌ر سرنجی خوێنه‌ران. ئه‌و باسه ته‌نیا حه‌ولێک بوو بۆ ناساندنی ئه‌و کتێبه به خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست.