سێ گۆی وێژەی وڵاتێک

عەبدوڵا گوڵابی (هۆنەر)

.

کەس نەیزانی بۆ؟ (بۆ کەسی یەکەم)

بە خرموهۆڕی تەقەمەنییەکان و شین و شەپۆڕی نێو حەوشەکان ڕاهاتبووین، چێشتانان دەرگای زۆربەی ماڵان کرابوونەوە، هەر دەگەڵ یەکەم چریکه، هەڵا و هەنگەمە پەیدا دەبوو، خەڵک یەک و دوو بەرەو نێوکووچەکان دەبوونەوە و دەگەڵ هەوەڵ هاواری شار هەر کەسەو لە لایەکەوە دە ماڵێک دەخزا.
زۆر جار بینیومە پازدە بیست کەلاک لە سەر یەک لە چەقی شەقامی ئەسڵی گەڕەک کەڵەکە کراون، بۆنی خوێن و هەناسەی گەرم و هەستی تەزیو، تەواوی فەزایەکە بە مێشکم دادێ، بێدەنگییەکی کوژراو، ویزە ویزی مێش و مەگەزان خەوشی تێدەخا.
بەڵام بەر لەوەی تەنانەت سڵاویشت لێ بکەم، دەڵێم ئەو ئەوین و ئەویندارییە سەیر بوو، نەتدەزانی ئێواران بە بەر دارچنارانەوە لە ئاپۆرەی عاشقان ڕامێنی یا بە پەنا دیوارانەوە لە ڕیزی خەباتگێڕەکان؟!
ماڵی باوکم بە سینگی سێ‌ڕێیانێکەوە بوو، دەرگایەکی ئاسنی دووتای نەفەرڕۆ کە دەیروانییە سەر کووچەیەکی کورتە مەودای پێچ‌خواردوو بۆ شەقامی ئەسڵی.
سێ ماڵ دەو کووچەیەی ڕووبەڕووی ماڵی باوکم دابوون، هەوەڵ ماڵ هی پیرەماوێکی دەوڵەمەندی بێ‌خێزان بوو، جار و بار بە شوێن پێداویستییەکانی بەرەو شار دەبوو؛ خۆی لە خەڵک لادەدا و کەم کەس لە گشت شارا لەفزی دە لەفزی ئەو دەگەڕا.
سێهەم ماڵ هی کابرایەکی بێگانە بوو کە ژنێکی سەروڕووخۆش و جحێڵ و سێ مناڵی بوون، کابرا ئاسنگەر بوو، ژنەکەی لێزانی دەرزی‌لێدانی و سێڕۆم و پانسمان و مامایی و ئەو کار و بارە بوو، ئەغڵەب دەرکی ماڵیان کە بە ڕووی داڵانێکدا دەکراوە، نیوتاک ئاوەڵا دەمایەوە، خەڵکی نەخۆش و بریندار و ژنی دووگیان زۆریان هاتووچۆی ئەو ماڵە دەکرد، دەیانگوت بێگانەن، باشە زۆر هامووشۆیان نەکرێ! کابرا ئێواران بە دوو دەستی پڕەوە دەهاتەوە ، زۆر جار دەمبینی دەرگای نیوەکراوە بە لا سمتێک دەکاتەوە و دەچێتەوە نێو ماڵەکە؛ بەری بەیانییەکی سەردی زستانی کەس یا کەسانێکی نەناسراو خۆیان بە ماڵیداکردبوو و هەر پێنج کەسیان کوشتبوو.
ماڵی دووهەم هی کابرایەکی ژنمردووی گەڕاوەی قەساب بوو، سێ کچی پێگەیشتووی هەبوو کە بۆ گێڕانەوەی چۆنییەتی رواڵەت و خووخدەیان چارەیەک جگەلە شێعروتن نییە . ماڵی وان رووبەرووی ماڵی سێهەم بوو، ماڵێک دە زەوییەکی زۆری بێکەلکدا و حەوشەیەکی گڵڕێژکراوی جێ جێ کێڵدراو و خۆش‌کراو بۆ باغچە. دەرگایەکی گەورەی تراکتۆرڕۆ بە دیواڕێکی خشتی‌ پێژراو و زگداوی درێژوە خۆی دەنواند.
خەباتگێڕەکان کەم بە پای ئەو دیوارەوە خۆیان دەگرت یا ڕیز دەبوون،ئەوان ئەغڵەب بەو بەری کووچە بە ڕێژەوە قەراغەوقەراغ دەخوشین و گاهێ لە پەنا ماشێنێک، لەمپەرێک، سێبەرێک، دارێک شتێک بۆسەیان دەگرت و یەکتریان بەسەردەکردەوە و دەپاراست.
عاشق‌گەل ژینگەیان پای ئەو دیوارە و دوو کورسیلەی بەر دەرکی ماڵی باوکم بوو، ڕۆژگاری دەرگیرییەکانی نێوشار هەر ساعەتێ چۆلەکە و چەک جێ‌گۆڕکێیان کردبا، نەتکوتبا یەک و دوو، عاشق پێ ‌وەر‌دەبوون و دەرکی کابرای قەسابیان دەگرت. هەر کەس سێ گۆرانی پێ بوو، هەر کامی سێ نامەی کۆن‌نوسراوی تازەکراوەی لە تەنکایی باغەڵا حەشار دەدا، هەر عاشقەی سێ جگە بەختی دە مستیدا بوو، هەموو بە سێ چاو، چاویان لەو ماڵە دەبڕی. ڕەنگە سەیر بێ بەڵام ئەوان هەموو عاشق بوون، عاشق بە پلە و پایەی نزم و بەرز، هەندێکیان تیژتێپەڕ، هەندێکیان ئەهلی رامان، بەعزیک قومارباز، بەعزێک شەڕانی و…
سێ کەس بوون کە دەسووتان. تەنیا سێ کەس.
لە راستیدا هەمیشە ژیانی ئەو شارە هەر لەو سێ کەسە سەرچاوەی گرتووە، بنەماڵەکانیان هەمیشە بە ورەی وان دە ئاسایشتدا بوونە، خەڵکی کۆڵانەکان تێیانڕادیتوون، بازار و شەقامی شار لە ژێر هەنگاوەکانیان ناسراون و ئەوان بوونە کە ڕۆژێک مناڵەکانیان شاریان بەرەو داهات ڕاکێشاوە.
ئێوارەیەک دەرگیرییەکی سەخت لە نێو شار دەستی پێکرد، وردە وردە کە تاریکی غاڵب دەبوو، بە ڕەهێڵەی تیرە ئاورینەکانەوە دەتکوت زەوی و ئاسمان لێک جۆش دەدەن. خەباتگێڕەکان لە شەقامی ئەسڵیدا دە کەمین کەوتبوون و چەن کەسیان توانیبوویان گەمارۆ بپسێنن و رابکەنە نێو کووچەکەی ئێمەوە، لە درزی دەرگاوە چاومان لە کووچه دەکرد، بە پێدزکێ هاتنە بەر دیواری ماڵی کچەکان، خۆیان بە دیوارەکەوە مەڵاسدا، کەم کەم لە بەر چاومان تێکەڵی تاریکایی بەر دیوارەکە بوون و نەدەدیتران، هێزی حکوومات بە چەک‌گەلێکی زۆر بە شارەوە وەرببوو؛ وێڕای هاڕەیەکی ترسێنەر عەرزی کووچەکە لەرزی، سێ دەزگا تانگی تەیار بە پشتیوانی دەیان سەرباز ڕژانە نێو کووچەکە.

کەس نەیزانی کەی؟ (بۆ کەسی دووهەم)

کابرای ئاسنگەر لە نێو دەرگای ماڵەکەی لە حاڵێکدا شوێنی سێ گولـلە بە پشتییەوە دیارە و بوومەڵێڵی بەیانی زستانێکی سەردە، دەمەوڕوو کەوتووە و وێدەچێ حەولی دابێ بۆ دەرەوە ڕابکا. کەسێکی پیرەماو بۆ حاجەتێک دەرگای ماڵی دەکاتەوە و شەقڵی بەفری بەر دەرگا دەشکێنێ، چەند هەنگاوێک هەڵدێنێ و لە ژێر رووناکایی گڵۆپی دارتێلی کووچە کەسێک دەبینێ کەوتووە و نیوەی جەستەی لە نێو ماڵی هاوسێیەکەیدایە، به کرپەکرپ لێی دەچێتە پێش و دەیناسێتەوە.
لە راستێدا عاشقبوونی پیاوێکی بێگانە، پیاوێکی قایم و راستگۆ و لێهاتوو رەنگە نەهێنی‌ترین داستانی بەشەر بووبێ، کەسێک کە بە خەمێکی کارای دەروونی پیاوێکە بۆ زگدانی هەموو دیوارەکان، بۆ ئاوسکردنی هەموو کۆڵانەکان.
ترسەکان و ترسێنەرەکان هەمیشە لێک کۆ دەبنەوە و بنیاتی حکوومات دەنێن، لاوەکان تەژی لە ژیان بەرەنگاری دەبنەوە و دەچنە ڕیزی خەبات و عەشقەوە. بەڵام پیاوێکی تەنیا، وەک پەڵە هەورێک بەدەم باوە، بێ نیشتمان و بە هەردەوە بەندنەبوو، خۆنەویست و خێزاندار، بێدەنگ و دڵاوا؛ خەبات و عەشق بۆ ئەو پیاوە دەسپێکی دوورترین گۆرانییەکانی بەشەرە، دوورترین گۆرانییەکان!
کووچه ماوەیەکە بێدەنگە، خەریکە بە زستانێکی سەختدا تێدەپەڕین و زۆر کەسی کۆڵانمان لەمێژە نەدیتووە، ئارەزووی بەعزەکەسێک دەکەین، نەدیتنی بەعزێکمان پێ غەنیمەتە، دیمەنی چەند کەسێک خەریکە لە یادمان دەچێ. وا هەیە تاوتێپەڕینی ئەو کورتەڕۆژانە لاوێک بە کووچەدا بێ و گۆرانییەک بچڕێ، دەنگێک هەڵێنێ، فیتوویەک بژەنی، مەستانە هاوار بکا و لاتانە بنەڕێنێ و نەفەس‌کێشی بوێ؛ هەر چی دەکەین لە وەها وەرزێک ڕانابینین رووداوێک سرنجمان ڕاکێشێ.
چوار پیاوی ئێسک‌گرانی بێڵ‌بەشان بە کووچەدا دێن و بۆ ماڵینی بەفری بان و حەوشی خەڵک هاوار دەکەن، باوکم بانگیان دێڵێ، ئاوڕ دەدەنەوە و لێدەهاڵێنەوە و ڕێگا بۆ لای ماڵمان دەبڕن، وەک چوار سێبەری بەرین، چوار بەردی مات، چوار وەرزی ئاشنا یەک لە دوای یەک دەخوشێن بۆ نێو حەوشەکەمان، پەیژە بە دیوارەوە هەڵدەپەسێرن و خۆ دەگەیێننە بانی ماڵی باوکم. ماوەیەک تێدەپەڕی و تەپۆڵکەیەک بەفر، نیوەی حەوشەکەمانی گرتووە، چوار بێڵی تێچەقیوە، چوار پیاوی برسی پێوەن لە پەیژەکەوە بێنە خوارێ تەپۆڵکە بەفرەکە بۆ نیو کووچە ڕاماڵن و روو دە حەوشی خوازیارێکی‌تر بکەن.
دەنگۆی وەی پەیدا بووە دوێشەو دە پازدە خەباتگێڕ لە ماڵی قەسسابێک پەنایان گرتووە، دەڵێن نانی شێوێشیان هەر لەوێ خواردووە و بۆ خەوتن ماونەتەوە، کازێوەی بەیانی کۆیان کردووەتەوە و خۆیان داپێچاوە و وەدەر کەوتوون، کەس ناڵێ کێ ئەوانی دیتووە.
چەن ماشێنێکی پلاک حکوومەتی لە شەقامی ئەسڵی پارک دەکەن، دە پازدە پیاو بە بەرگی بێگانان دێن بۆ نێو کووچەکە، لە شوێنیدا سەد سەربازی چەکدار سەراسەری کووچەکە دەگرن، دەرگای هەموو ماڵەکان لە ڕەسمە دەردێنن، پێوەر دەبن و خۆ بە ماڵەکان دادەکەن، دەنگی شینی ژنان و قیژەی کچان و گریانی زارۆکان و هاواری جەماوەر بەرز دەبێتەوە، گەلێک لاوی تازە گەیشتوو لە کوڕ و لە کچ دەسبەسەر دەکرێن و سەربازەکان بە دەم نووکە شەپ و پێلاقە و زەربەتی قۆنداغان وە پێش خۆیانیان دەدەن. چەن سەربازێک قولاپ بۆ یەکتر دەگرنەوە و بە دیوارێکی زگداودا خۆ دەخەنە ماڵی قەسساب، دوای چەن چرکەیەک دەرگایەکی گەورە دەکرێتەوە و پیاوە حکووماتییەکان بە پشتیوانی چەندین سەرباز خۆ بە ماڵەکەدا دەکەن. سێ زەریای خوێناوی، سێ سەوڵی بریندار، سێ مانگەشەوی بەژان ، بە ناڵە و فوغانەوە فڕێهەڵدەدرێنە کووچە و پاش‌ملیان دەگیرێ و دەخرێنە نێو ماشێنێ کە تازە گەیشتووەتە بەر دەرگای گەورە.
سەرما هەروا سەقامگیر و قەیرانی سەخڵەت هەروا بەردەوام، ئەوەی ئەوڕۆ دیتمان هەمیشە لە مێشکماندا دەمێنێتەوە، بۆ منداڵەکانمانی دەگێڕینەوە، کەسێ لە وان هەستی دەڕاسێ و قەڵەمی لێ هەڵدەگرێ، مێژوویەک بە ڕێگاوەیە، نامە نامە دەردەکانمان دەنگ دەدەنەوە و دێڕ بە دێڕ ترسەکانمان دەڕژێن.
ــ شوغڵت چییە؟
ــ قەسساب
ــ ها کە وایە سەربڕین باش دەزانی!
ــ قوربان من هەر کەلاکی ماڵات و حەیوان شەقارشەقار دەکەم و… م‌م‌من قەتم مریشکێکیش سەر نەبڕیوە
ــ دوێشەو میوانت هەبوون!
ــ قوربان میوان نەبوون، چەن چەکدارم لێ وەژوور کەوتن و داوای یارمەتیان کرد.
ــ کەیفت دەگەڵیان زۆر ساز بووە، نان و چێشتت بۆ کردوون، شامی قەڵەو! شۆرکەت بۆ تەیار و ئاوت بۆ گەرم کردوون، بەزمت داناوە کچەکانت دەگەڵیان هەڵپەڕیون، جێ و بانت بۆ ڕاخستوون!
ــ قوربان نا نا وا نەبووە، بەزمی چی، هەڵپەڕکێی چی، هاتن و ماڵیان دە ئیختیار گرت، چی وەچەنگیان کەوت خواردیان، خۆیان خاوێن کردەوە، نەماندەوێرا بڵەین لەل! خەوتن و کەسێک کێشکی لێ دەکێشان، چیمان لە دەست نەدەهات!
ــ گەماڵبااااوک پێت وایە ئێمە لە گوێی گادا خەوتووین!
ئەو جیرانەشت بە خێزان و مناڵەوە پێت وایە نازانین تۆ کوشتووتن؟! پێت وایە خەبەرمان نییە بە هاودەستی دەگەڵ چەن شۆڕشی ئەو جینایەتەت کردووە؟!
ــ م‌م‌من هەر رووحیشم خەبەردار نەبوو ههەر رووحیشم ققوربان م‌من چۆلەکەیەکیش ناتوانم بکووژم، رەحم بە من و مناڵەکانم بکەن، ئاخر چ دوژمنایەتییەکەم دەگەڵ دراوسێکەم هەبووە، نا نا سوێند دەخۆم قوربان هەرگیز… نا زۆرم نێوان دەگەڵی خۆش بوو، ساڵیانێک بوو یەک ماڵ بووین، خێزانی وەک خوشکی خۆم بوو، هەمیشە بە هانای یەکەوە بووین…..
خەڵکی کۆڵان بە هێوری دەستە دەستە بۆ سەرەخۆشیان بەرەو ماڵیان دەبن، سێ گەزیزەی کێوبەجەرگەوە، ئازیەتمەند و تازیەبار، بەرچاوشین و سەرکوتراو، بێهێز و دەنگنووساو، سەرەخۆشی دەگێڕن و سڵاوی خەڵک دەدەنەوە و بە دەم گریانەوە سپاسی هاودەردی دەر و جیران دەکەن.
چەن ڕۆژ دوایی سەرەخۆشی لە زۆر ماڵی گەڕەک دەگیرێ، بەعزەماڵێک هەمیشە لە توێی بێخەبەریدا دەمێنێتەوە.

کەس نەیزانی چۆن؟ (بۆ کەسی سێهەم)

ماڵ یانی چی؟! نێوماڵ چۆن ساز دەبی و کەل‌وپەل و پێداویستی چۆن پێک دێن؟! جیاوازی لە نێوان ماڵەکاندا چییە؟! خواردن، خەوتن، حاجەتگەلی تر، ئایا لە هەموو ماڵەکاندا بە چەشنێکن؟
هەموو کەسم وەک یەک دەهاتە بەر چاو، پێموابوو ئەوە پیلانێکە بۆ من داڕێژراوە، هەموو خەڵکی شار لایەکن و من لایەک، بگرە هەموو خەڵکی دونیا لایەکن و من لایەک. پێموابوو ئەوان گشتی بە یەکەوە لە پەیوەندی دان و کایە بۆ من دەکەن، هەر کە چاو هەڵدێنم و دێنە بەر چاوم خەریکی ژیان و هاتووچۆ و دانوستان و گوفتوگۆ دەبن. هەر کە زانیان من چاوم لێیان نییە ئەوە رادەوەستن و لە هەموو ئەرکێک بەتاڵ دەبنەوە. دەمکوت هیچ ماڵێک بوونی نییە تا خەڵک تێیدا ژیان بکا، چون ئەوان خەریکە کایە دەکەن تا من هەڵخەڵەتێنن، دوایی سڕ و بێ‌گیان، وەک بیج‌بیجە خانمەکان و بووکەڵەکان رادەوێستن و ژینەوەرییان کۆتایی پێدێ، کە وایە هیچ شوێنێک بوونی نییە، چون پێویست نییە شوێنێک هەبێ ژیانی تێدا برەخسێ، بگرە هەر لە تەرکانەوە ژیان هەر بۆ من بووە؛ خەڵکانی‌تر ژیان، کایەدەکەن و کاراکتێری فیلمێکن که من دەیبینم.
بۆت دەگێڕمەوە و وا هەست دەکەم تۆیش بیر لەوە دەکەیتەوە چۆنم ڕابواردووە و ماڵم لە کوێ بووە و چۆن پەروەردە بووم؟
لە راستیدا جێ جێ ژیانی ڕابردووم وەک خەونێک دێتەوە یاد، سیمای دایک و باوکم، دیداری خزمەکانمان، دوو وەتاغ و پێشخانەیەک، ژێرزەمین و حەوشێک، دوو تاق پەنجێرەی چێوی و دەرگایەکی ئاسنی دووتای نەفەرڕۆ. بەڵام چۆنییەتی ڕاهاتن دەگەڵ ئەوان دەمم لە‌بیر نییە، نازانم کاتێک دەستم بە شتەکانەوە دەساوی چ هەستێک بە ناخمەوە ڕۆدەبوو؟! نازانم بە شوێن پێنج هۆشەی ناسراوم چۆنم جەهان لێکدەداوە، ئایا تام و بۆن و ڕەنگەکان بابەتی بەرفام بوون؟! ئایا ژیان وەک چۆنییەتییەک بۆم دەرەخسا؟! ئایا هەستی شادی و خەمم دەناسین؟! ئایا لە جسنات و زەین و هەوەس و ڕەنگ و وشە و ئەوین حاڵی دەبووم یا نا؟! نەمدەزانی!
نەمامێکی تازە چەقەرە دەرکردوو لە بەر دەرکی ماڵی قەسسابێک بە دەم باوە رادەوەشا، لاوێک وەک بیلاوێنێتەوە جار جار لەپی دەستێکی پێ دەگەیاند و رووی لە کەلێنی دەرگایەکی گەورە خەریکی گفتوگۆ دەگەڵ کچێک بوو، یەکێ لە سێ کچی کابرایەکی قەسساب، کابرایەک کە لە دژوارترین ڕۆژی بەشەردا، بە بیست نینۆکی هەڵکێشراو و ئەنگوستی شکاو، بە زمانی بڕاو و سینگی کوتراو، بە پشتی داغ‌کراو و ملی سووتاو، بە قسەیەک بە قەرا هەموو کۆسارەکانی جەهان لە دڵدا، بە هەناسەیەکی قورسەوەی ڕاگیراو دە سینگدا، بە هەزاران نەکوتراوەی پەنگخواردوو دە قۆڕگدا و بە گەلێ فڕمێسکی کەس‌نەدیو لە بەندێکی حکووماتیدا بە بەرزبوونەوەی ناخۆشترین دەنگەکانی هەموو مێژووی بوونی گۆی زەوی و نیشتنی ناجۆرترین ڕەنگەکان، گیانی لە جەستەی بە قولاپێکەوە هەڵواسراوی دەرچوو.
کچەکان جوانی جارانیان نەمابوو، ئاپۆرە و زەنازەنای عاشق‌گەلانی کاتی ئارامی شاریش یەکجار کەم ببۆوە؛ قەدەرێک بوو خەباتگێڕەکان لەو دیو چیاکانەوە گیرسابوونەوە و نەدەهاتنەوە نێو شار.
سێ عاشقی پاوەجێ، سێ کوڕی ورە و ژیان بە شایەتی هەموو خەڵک، سێ جوامێری ئەهلی کەسب و کەیف، هەوراز و نشێو، شین و شایی، بەڵام دەرگای گەورە و دیوارە درێژی زگداو و کورسیلەکانی بەر دەرکی ماڵی باوکمیان هەر بەرنەدا.
کووچە دەگۆڕدرا، ماڵ لە دوای ماڵ تێکدەدرا و دیوارەکان هەندێک دەکشانەوە و خانووبەرەی تازەساز وەدیار دەکەوتن.
خەڵک ڕۆژێک هاتەوە یادی پیرەماوێک هاوسێیان بوو، شک هەڵیگرتن ، دەرگایان کوتا، شکاندیان ، چوونە نێو ماڵەکەی، بە لووت‌گیراوی و قیز لێ شێواوی ڕایانکردە دەرەوە، دەیانگوت وەک هەنبانەی لێ هاتووە و بۆگەنی ڕێیە ڕۆژێک دەڕوا.
حەوش و زەوی ماڵی قەسساب کە ڕووبەڕووی باغێکی قەدەغەکراو، بەرامبەری ئاسمانێکی ڕەش و زەوییەکی پاوانکراودا کە پێنج یاد و پێنج رووح هەمیشە لێی دەخولانەوە لە حاڵێکدا فرۆشترا کە دیواری زگداو موددەتێک بوو رمابوو!
مناڵ لە کووچە خەریکی یاری تۆپێن بوون کتوپڕ گرمەیەک هاتوو دیوار داڕما، تەپووتۆزێکی زۆر بەرز بۆوە، دایکم دەیکوت شوکر کەس لە بەری دانەنیشتبوو، بەڵام من دەیان ناڵەم بە ڕمانی دیوارەکەوە لە ژێر خشتە تێکقرماوەکان دەبیست، ناڵەی دەیان ماڵ بە خەڵکەوە، ئەو خەڵکەی هەمیشە بۆ کایەی تر لە بەرچاوی من ون دەبوون و ماوەیەک دواتر هەر کە چاوم هەڵدێنا خۆیان دەخستەوە بەر چاوم و خەریکی ژیان دەبوون. دەیان گیان لە ژێر دیوارە رووخاوەکە هەستان و دەستەوملانی سێ کێژی پەری‌شێوە بوون.
شەقامی ئەسڵی هەروا کەلاک لە سەر کەلاکی لێ هەڵدەدرێتەوە و کێوێک لە ترس و مەرگ و خووگربوون لە چەقی ڕێگەی هەموو سەربەستییەکانی جیهان وەدی دێ.
وەختی شوویان بوو؛ دەبوو سێ کەس بێنە پێش و گوێیان بە قسەی کەس نەبزوێ، متمانە بە پاکی بکەن و هەرگیز نەڵێن پاکی چییە، هەرگێز نەپرسن ژیان بۆ بەرەو ئەو ئاقارە چوو، قەت بە بیرەوەرییەکانی کووچەدا نەیێنەوە و رازی ماڵە کوژراوەکان دەگەڵ خۆیان بۆ گۆڕ ببەن.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا