نان بۆ من و شەراب بۆ هۆڵدەرلین | ئارام حاجی | شێعر | لاونووس
ئارام حاجی
.
کەم دەنووم،
نووستن جۆرێکە لە مردنی بچووک.
لە چاومدا هیچ شتێك لە دۆخی ڕەقیدا نییە،
بەرانبەر هەر”چی”یەك دادەنیشم،
نیگاکانم وەك شلەیەکی بۆگەن، بە ڕوومەتمدا دێنە
خ
و
ا
ر
نازانم دنیا بەسەر چووە، یان من!
*
ژیان برینت تێدا دروست دەکات؛ برینی “خڕ”!
پزیشکەکانیش هەر بە خۆیاندا ڕادەگەن،
من برینەکانم دەلێسمەوە…
لە یەک کاتدا
هەم سەگم و
هەم مرۆڤ!
*
کارگەکان،
بەدەم جگەرەکێشانەوە،
“نان” بۆ خاوەنەکانیان پەیدا دەکەن.
ماسییەکان “بەرماوە”ی خوانی سەرمایەدارەکان دەخۆن.
ماسییەکانیش خۆراکی گەدەی ئەوانن.
سامانی سەرزەوی و
ژ
ێ
ر
زەوی کێ خۆش؟
دڕندە یان مرۆڤ؟!
*
سەدەی بیست
سەدەی نۆزدە
سەدەی هەژدە…
دەمەوێت بژیم
“کات” مردنم نزیك دەکاتەوە،
بۆ ئەوەی نەمرم،
بەناو ساڵەکاندا
دە
گە
ڕێ
مە
وە.
*
گوێدرێژەکان ئازاد نەبوون؛
نانیان بۆ مرۆڤ پەیدا دەکرد،
مۆدێرنیتە ئازادی دا بە گوێدرێژ و
نانی لێ سەندەوە!
هەرچەند لە ئیستادا دەژیم، لە برسێتیی ئاژەڵ تێدەگەم؛
باپیرانم بە درەختەکاندا هەڵدەگەڕان!
*
“داروین” بە شوێن ڕەچەڵەکی چەشنەکاندا دەگەڕا،
من تەنها ڕەچەڵەکی چەشنە” خڕە” کان دەدۆزمەوە:
بە برسێتی لەدایکبووم،
“نان”یش خڕە.
وەرزشکارەکانیش بە سکی برسی دەچنە نێو یاریگە،
“تۆپ”یش خڕە.
نان و تۆپ، (جین)یان تێکەڵ بە یەكتر بووە؛
ئەوەی لە ژیاندا خڕ بوو،
دەبێ بە شوێنیدا ڕا بکەی.
*
زەوی لەسەر دەم ڕاکشاوە،
لە سەرەوە خۆر کاڵی دەکاتەوە،
من لەسەری ڕادەکەم بەدوای ناندا.
بەردەکان دوومەڵن،
ناتەقن،
ئەگینا ڕووبەڕووم دەوەستانەوە!
*
بەناو “کات”دا تێپەڕم، خاك تێر دەکەم.
بەناو “کات”دا
بگە
ڕێم
ەوە،
ڕەنگە خاك تێرم بکات!
لە نێوان دڵنیایی و گریمانەدا،
لە نێوان تێری و برسێتیدا،
باشترین شت ئەوەیە “خودا” بیت!
تێبینی/ ناونیشانەکە لە ( نان و شەراب )ی شاعیری ئەڵمانی “هۆڵدەرلین”ەوە وەرگیراوە بە دەستکارییەوە.
ئەم دەقە خەڵاتی دووهەمی فیستڤاڵی “لەتیف هەڵمەت” ـی بردووەتەوە.