سپێدە دێت | برایم ڕەسووڵی (غەوارە) | شێعر

برایم ڕەسووڵی (غەوارە)

 

سپێدە دێت!
دێرە،
شەو دێرە و منیش بەرگەی چەن خولەکی تر دەگرم و
ئەمە یەکەم دێڕەکانی پاش ناوتن
بەسییە: بێرە؛
بە خەمینی تێم مەڕوانە
هەمیشەیی خەونەکانت لەمندا دەردن کە شەکەتتم
ئەرێ لێ گەلۆ ئێرە دەسپێکە؛
ڕێ/کە،
ڕێکەوە لەگەڵ وشەکان و بە زاراوەی گریانەوە بڕەنجێنە جموجۆڵی دەمارەکانم،
حەوجێ بە دار نییە لە درەختم دەن
ئەوەی دەبێ بە تاریکی هەر تاریکە باوە
زەختێ لە هەوا دەن بۆ شەوەکانم
پڕ کەم سینە لە ئاخ؛ نەوترێ: نەمکووت بە ئاخەوە هەڵم کێشە بێدەنگی خەریکە کەڕم دەکات
پڕم کە لە سینەت لە ئاخ و داخ و چوار پەپوولەکەی سینەت لە تەنکەی تەریکی با « تەم و مژ دابکا بیکا»
لە تاراوگەی پڕژە بۆڵەکانی سەقەتیم
تارە لێڵییەکانی شار لە پێستم دەچەقێ؛
چەمامەوە لێرە
کە شەو چارەنووسی مردن/بێ
من و تەنیایی وەستاوین
بە جەستەیەک پڕ لە گومانەوە
لە ئەلفی بێ زمانییەوە: غەریب دەدوێین
لەگەڵ لۆرکەی خەیاڵەکان فیدا دەبین
لەسەر شەقام و لە کووچە تەنگە بەرەکانی خنکاندا، تەنیا من و ئەوین؟!
ئەوین کە دەگرین؟!
هانێ با هێوریم بێت؛
دێت کە مەچەکم دەبڕێ،
دێت کە مەرگ دێت و هەور دێت و شار ڕادەستی وەستان دەکرێت،
دێت کە با بێتەوە بە تێکڕایی ون بین،
شەوە پاساو هێناوەکانی دروشمەکانی دیوار
ئێمە بە تێکڕایی ون دەبین
یا مەرگەساتەکانی کۆتایی بە گەرنت خوێنم
کە سپێدە دێت و تێدەپەڕێ
لە ئەشقێکی شینەوە تێدەپەڕێ
لە چاوەکانم قەتیس تێدەپەڕێ
سوور؛
سپێدە دێت هەتا دوایین کۆخەکانم بە دڵما ڕۆ دەچێ
نوقمی هاڵاوی دەکەن، دێت کە تێمدا دامرکێ
بڕمێ ڕەنگاڵەی ژانەکانم
بەوێ تابووتێ بەوێ کفنێ،
سپێدە لە دوایین شەوەکانی مەرگەساتدا دێت
و بۆنت بە سینەمەوە دەحەبسێنێ
بە چاوەکانم لێڵ دەچێتەوە غەریبی
دەچێتەوە دیوارەکانی هەمیشە ون، ڕووخاو
غەریب؛
سپێدە دێت و من گۆرانییەکم لەسەر زاری کووچەکاندا یەخسیر
یا حەسرەتەکانی سامی شەوخورپێن بە تێکڕایی دەچین بەرەو ئەو شەوانەی کە کۆتایی نایا خەون
ڕادەپەڕێ ون بوون، تێدەپەڕێ هەور تا شار دەخنکێ لە قەراغەوە بۆ ناوەڕاست
یا مەرگەساتەکانی کۆتایی هاع

: «سەربازە باشەکان لە دەسپێکی شەڕدا دەکووژرێن»

هێنامەوە ئەوەی دە خواردی ئەسپەکانت دا
شار
هەڵگرەوە ڕەنگ و بڕووخێنە، سازکەوە
سەر لە نوێ بۆ نەوەی نوێت هەتا سپێدە لێرەیەوە تێدەپەڕێت،
کە نەچمەوە غەریبی نااا
نەچمەوە شەو،
چووین؛ لە ئێوارانی مردن دا دەستی یەکتریمان گرت و مردین
بۆیە دڵم ئێشێتی و چاوم رادەکێشێ بەرەو غوربەت و غەدر و غەریبیتان
لەسەر گڵکۆکانی بێ سێبەر و سەبر و سەرتان بە فیڕۆ
سەربازە بێ نێوەکانی گەنیو لە جەستەکانی یەکتریدا بە کۆمەڵن کە سەرتان لە دەستی یەک تری قاییم کرا
چۆنتان بکێشمەوە کە
ڕادەکێشێ ڕەنگ
جار ناجارێک خوێن و جار ناجارێک زەرد
تەنیا لە تارماییدا دەتان دۆزمەوە کە تاریکە،
شەوە؛
شەوە و شتێک بە ناوچاوانی نیشتمانەوە لە خوێن دەچێ؛
شەوە و کەسێک بە دەم هەڕاوە بانگی دەدا

: « برینداری خەڵکێ بریندارن بە ڕمبێ
عەوڵای عەسۆی ئەو چووکەڵە سوارەکەی من
بریندارە بە مەودای خەنجەرێ»
هەڵامەتی ئاخری ڕێگەم و کۆترێک سپی دنووک لە کاسەی سەرم دەدا لە شەودا
سێپدە هاتووە کە تێپەڕێ؛
بەڵام شەوە و من و تەمیرەیەک زوقم لە قوڕگم دا نەکا کەسێک بڕمێ: دەست هەڵگرە باوە دەستت چوون
کورتە دەستی ئەمن و تۆ،
تەنیا بۆ شەو دەچێ
چوو، تێدا
لە شەو و شێعرەکانیاندا
خوێنمژیان کردین
کە بێدەنگی یەکتریمان بیر چۆتەوە
کە منداڵیمان لە خاچ دەدەین
لە شەوەکانی ماڵئاوایی و دوا دیدار
دوا خوداحافیزییت و ئەگەر نەهاتەوە کاروان
بە شەودا بچوو بە سپی دا بچوو بە سووردا بچوو
مەچۆ کە لە تەنکەی شینایی خۆمدا منیش ڕۆچووم: غوربەتیم
غوربەتی هەموومان لە یەک دەچێ
بۆیە شەوە و لێمان دەچۆڕێتەوە
تک
تک
دڵۆپ
دڵۆپ

تەق: بە سەرما سوور پڕژاوەتە شەقام و قام و بۆ مردن نەژیم و ژین و شین
و ڕوومەتی وەک تەزیوەی بەفر بڕین؛
کە نووسیت خۆم دەخۆمەوە تۆیش بخۆوە کە خەون نەبێ نەخەوتبێتم وەهم نەبێ گومانە ڕاستەقینەکان
تاک بە تاک و کۆمەڵ بە کۆمەڵ
نزیک لێم کە نەتۆرام و تووڕەم
ڕەجمم کە لەبەرەی بارانەکان نەفرتم کە
لەتم کە دەکرێم
بە قێزەوە/ون
تکام بە خیابانەوە بە ئێشی سییەکانم پڕ لە دۆزەخ لە سپێدە و شەو
لە تەنک و تاریکی و لێڵی… لە ژین ژیان و ئاکارەکانی حیزی کانی
تەق، ترازا قامکەکانی؛
پەلەت نەبا هێندە دوور نیم لە خەونتدا ڕانەچڵەکێم
ئێمە لافاوی بەرەی مردنین
شێتی نزیکە لێم؟!
گەنمێک دا دەچێنم کە هەر مەرگەو هەزار ئایەتی پیرۆزە
هات و نەهاتی مردنیش بێ
تەونی ژانیش بێ
خەمەکانیشت بێ
خەنەییەکانت
پەلکەی حەوتەوانانە بە مەچەکما زەرد دەپچڕێتەوە
زارم
ها ئێرە گەلۆ
ز
ا
م
د
ا
ر
م
بێ سێبەر، بە مەرگەوە هەڵاوەسراو
کۆڵ دەدەمە خیابانەکان و کۆلارەی برینەکان
دەخوازم بە ئاسمانەوە
لە لەرەی سێو و زەیتوون، تەنیاییەکانمت بەش نادەم، سڵ کە!
سڵ/کە دەمارێکم نەما خوێنی پێدا ڕەش نەچێ
تۆ تا دیوارەکانت بڕوا نییە پێم
من هەتا دوایین مەرگەساتەکانی بەرەی مردن هەم
کە جێم نەهێڵن نە بە تەنیاییدا
نە لە مردن
کە سپێدە هاتووە، تێدەپەڕێ لە شەو
دڵنیام کە! سپێدە
دێت…
دێت…
دێت

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا