ئەی تەمەنی خۆنەویست!
ئارام فەتحی
.
وەرە بمگێ، ئەی تەمەنی خۆنەویست
منی زۆڵ لە خۆتا بخەرەوە
لە خۆتا گووم تێکە و
نەختێک تراو بمهێڵەوە
نەختێک گوواو پێویستە بۆ ئەندێشە پاکیزەکانی گەنجێتیم
بۆ ئەو ڕۆژانەی لەم شارەدا کەوتمە خوار و
دەستێک نەبوو بەخێرهاتنمی تێ تف کەم
چاوێک نەبوو لەم تابلۆیەدا کوێری بکەم و
چی ڕەنگە لە منا حەرام ئەبێ
چی خەتتە، لە منا لار ئەبێ
من لە خۆما مردنێک قەرزارم
گوێیەک بووم، هیچ کەڕییەکم نەبیست و
هەموو لاڵییەکانم قسە کرد
حەسرەتم بخۆن:
ئەی ئەو دیوارانەی جێمان تا بڕووخێن بەسەرما
ئەی ئەو جاددانەی فریا نەکەوتن ئاوارەم بکەن
حەسرەتم بخۆ:
ئەی ئەو ترسەی لە ئینسان ئەچی و
لە منا ئەوەڕی
بوەڕە ئەی من
تا سەگی دەروونت هەمیشە بێدار بێت
ئینسانت گورگ خواردی و
تا حەزکەی میهرەبانی ئەلاژێنێ
سپاس بۆ ئەو گۆرانییە جوانانەی کە نەتانخوێند
من پێویستم بە کەسێکە، دەنگی خۆش بێ بۆ جوێن
یان شانۆیەک، تف لە کارەکتەرەکەی خۆی بکات
ئەوە ڕوومەتمە و
سپاس بۆ ئەو دەستانەی زللە بوون
قاچەکانتان دانێن!
سەردەمی ڕۆیشتن تەواو بوو
چاوەکان و، پەنجەرەکان و، ئاوێنەکانتان دانێن
شەوەکانتان دانێن
سەردەمی هەسارە تەواو بوو
تەنها بیرەوەرییە و ئەنووزێنێ
بنووزێنە ئەی شار
ئەی دار و ئەی بەرد
بنووزێنە ئەی منی گەڕۆڵ
- لە کتێبی “من غوربەتم”