لە قەناتەوە بۆ قاڕنێ
مەحموود نەجمەدین
.
هەفتەیەكی تەواو بوو بەفر و باران بێوچان ئەباری، سلێمانی بووبوو بە مەرەزەجاڕ، لافاو هەرچی مقەبا و نایلۆن و کاغەزە جگەرە و پاشەڕۆكی سەرشەقام و ناو كۆڵانەكان بوو رایماڵی. لە شەوی كۆتایی هەفتەی بارانباریندا ئاسمان روون بووەوە، وشكە سەرما دەستی پێ كرد. بەیانی، وەختێ خۆر هەڵهات چواردەوری شار سپی بوو، ئەزمەڕ و پیرەمەگروون بەفر دای پۆشیبوون. شەقام و شۆستەكان وەك بەفرگر بەستبووی، شۆفێرەكان لە ترسی خزان، زۆر بە هێواشی ئوتۆمبێلەكانیان دەئاژووت، خەڵكی پیادەڕەویش بە ئەسپایی پێیان لە سەر زەوی دائەنا.
ئەو بەیانییە مەریوان وەك هەموو رۆژەكانی دیكە بەرەو زانكۆ رۆیشت، لە جادەوبانا زۆر بە ئەسپایی هەنگاوی ئەنا، چاوی بۆ ئەو شوێنانە ئەگێڕا زەوییەكەی نەیبەستبێ، وەختێ گەیشتە جادەی قەنات، گوێی لە دەنگی كەسێك بوو بانگی ئەكرد، “مەریوان، مەڕۆ گیان…” لەو ساتەدا ئاوڕی دایەوە و خلیسكا، خلیسكا و بێهۆش كەوت. دوكاندارەكانی ئەو دەوروبەرە لە سەری گردبوونەوە، زۆری نەبرد تیمی فریاكەوتن گەیشتنە سەری و گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە، پزیشكەكان پشكنینیان بۆ ئەنجام دا، لە بەر ئەوەی ئەنجامی پشكنینەكان دڵخۆشكەر نەبوون، یەكێك لە پزیشكەكان بە ئامادەبوونی ئەفسەری لێكۆڵینەوە، مۆبایلەكەی لە گیرفانی مەریوان دەرهێنا و گەڕا بە دوای ژمارە تەلەفۆنی باوكی، برایەكی، تا ئاگاداریان بكاتەوە. لە یەكەم ژمارەی تۆماركراودا، نووسرابوو ئامەدی برام. دكتۆرەكە ژمارەكەی وەرگرت و لە مۆبایلەكەی خۆیەوە زەنگی بۆ لێدا. هێندەی پێنەچوو تەواوی بنەماڵەكەی گەیشتنە نەخۆشخانە، مەریوان لە سەر قەروێڵەیەك بێهۆش كەوتبوو. دكتۆرەكان هەر زوو لە هۆشهاتنەوەی مەریوان نائومێد بوون. شەماڵ بۆ چارەسەری مەریوان یەكێك لە موڵكەكانی فرۆشت و بە پارەكەی بۆ نەخۆشخانەكانی ئەوروپای برد، لەم خەستەخانە بۆ ئەو خەستەخانە مەریوانی ئەگێڕا. پزیشكەكانی ئەوروپایش هەمان قسەی پزیشكەكانی كوردستانیان پێ وتبوو، “مەگەر خۆی هۆشی بێتەوە، ئەگەر بە ئاگایش بێتەوە ناچێتەوە دۆخی جاران.” شەماڵ بە نائومێدییەوە مەریوانی هێنایەوە.
كات تێدەپەڕی و مەریوان نوقمی دنیای بێهۆشی بوو، وەك خەوتوویەك هەناسەی ئەدا و هیچی تر. هەندێك جار لە دەنگی تەقینی میزەڵانێك، گاڵەدانی دەرگایەك یان زیادكردنی دەنگی تەلەفزیۆنەكە بۆ چركەیەك رادەچڵەكی و دەگەڕایەوە دۆخی بێهۆشی. وەختێ ئامەدی برای ریشە زبرەکەی بۆ ئەتاشی، هەندێك جار کە گوێزانەكە بەر ژێرچەناگەی ئەكەوت دیسانەوە بۆ چركەیەك رائەچڵەكی. زۆر جار دایكی بە هیوای هۆشهاتنەوە، پەرداخێكی شووشەی لە بەردەمیدا ئەكێشا بە زەویدا، مەریوان وەك هەموو جارێك رائەچڵەكی و ئەگەڕایەوە دۆخی بێهۆشییەكەی. مانگ تێپەڕی و بوو بە دوو، بوو بە سێ، مەریوان هەر لە دۆخی بێهۆشیدا بوو. خێزانەكەی وەك مردوویەك خزمەتیان ئەكرد، ئامەد و باوكی ریشیان بۆ ئەتاشی و لە سەر تاتەشۆرێك پاڵیان ئەخست و ئەیانشۆرد، بەهرەی خوشكی و دولبەر خانی دایكی خۆاردنیان ورد ورد ئەكرد و ئەیانكردە نێو كەپسولێكەوە یان میوەیان لە عەسارە ئەدا و ئەیانكردە سرنج و لە گەروویەوە پاڵیان پێوە ئەنا بۆ ناو گەدەی، هەندێك جاریش ئاویان بۆ هەڵدەواسی بەم چەشنە مەریوان لە بێهۆشیدا ژیا و نەمرد. لە كۆتاییی پێنجەمین مانگی بێهۆشییەكەیدا، درەنگانێكی شەو دەنگێك لە گەرووی مەریوانەوە دەرچوو. دولبەر كە بە دیاریەوە خەوی لێ كەوتبوو، راچڵەكی، هاواری كرد، “شەماڵ راكە.” دولبەر ئەوەندە بە تینوتاو بانگی شەماڵی كرد، تەواوی خێزانەكە بە خەبەر هاتنەوە و رایان كرد بۆ ژوورەكەی مەریوان.
دولبەر: مەریوان قسەی كرد.
شەماڵ دەستی كردە ملی دولبەر و گوتی، “خوا یارمەتیمان ئەدات، چاك دەبێتەوە. تۆ ئێستا بڕۆ بخەوە ماندووی من چاودێری ئەكەم. “
دولبەر: ناڕۆم.
ئامەد و بەهرە بە رووخساری خەواڵویانەوە گەڕانەوە بۆ سەر جێگەكانیان و خەوتنەوە. شەماڵیش لە سەر تاكە قەنەفەكەی تەنیشت چەرپاکەی مەریوان دانیشت و دولبەری لە ئامێز گرت و بە دیار مەریوانەوە خەویان لێكەوت.
لە چوارەمین رۆژی مانگی شەشەمی بێهۆشییەكەیدا، بۆ جاری دووەم مەریوان دەنگی هەڵبڕییەوە. عەسرێكی فێنك بوو، بەهرە خەریك بوو بە سرنج خواردنی ئەخستە دەمی مەریوانەوە، لەو وەختەدا شەماڵ خۆی كرد بە ژووردا و نووكی سرنجەكە لە گەرووی مەریوان گیربوو، هاوارێكی لێ بەرز بووەوە، شەماڵ و بەهرە حەپەسان. هەمان رۆژ بردیانە خەستەخانە و حاڵەتەكەیان بۆ پزیشكەكان باس كرد، دكتۆرەكانیش مەریوانیان خستە ژێر چاودێرییەوە. لە چوارەمین شەوی مانەوەیدا، مەریوان جارێكی تر تەقەللای قسەكردنی دا، درەنگانێكی شەو بوو، ئامەد لە بەرپەنجەرەی ژوورەكە راوەستا بوو، مەریوان هاواری كرد، “خوێنم تیا نەمااااا.” هەرچی نەخۆش بوو لە ژوورەكەدا راچڵەكین، ئامەد رایكرد بۆ ژووری پزیشكەكان، هەر زوو ماڵەوەیشی ئاگادار كردەوە، ئەو شەوە پزیشكی ئێشکگر و خێزانەكەی بە دیاریەوە دانیشتن. دەمەوبەیان یەك- دوو جار كۆكی و گەرووی كرایەوە، كەوتە قسە، “خل خل… خلیسكام، خلیسكام و كەوتمە نێو گۆمی خوێنەوە. نێو دێ سیخناخ بوو لە پاسدار. لە سەر گردۆڵكەكەوە سەیری نێو ئاواییم دەكرد و دەگریام، نەمدەوێرا بچمەوە نێو دێ و لە عەزرەتی دایك و باوكم و شنۆی خوشكم ئۆقرەم لێ بڕابوو، لە سەر تەپۆڵكەكەوە سەیری گوندەكەم دەكرد. لەو وەختەیدا گوێم لە دەنگی مەلا ئیسماعیلی سەعادەت پوور بوو، بانگی دەكردم، ‘مەریوان، مەڕۆ گیان…’ ئیتر خۆیشم نەمزانی چۆن خلیسكام و خزامە نێو گۆمی خوێنەوە. قاڕنێ لە خوینی خۆیدا گەوزابوو، مەزرای گوند و باخی ماڵە ئاغای نوقمی خوێن بوون. یەك بەرەو گوندی دووئاوان رایدەكرد و یەكێ دی لە دووئاوانەوە هەڵدەهات. بۆ هەر لایەك چووبای گوللە بەرەو رووت دەهات، هەندێكیان لە نێو مەزرادا كوشت و كۆمەڵێكی دیكە لە بەردەركەی ماڵی خۆیان وەبەر دەستڕێژی گوللە دران، گەورە و گچكە، پیر و جەوان، شوان و گاوان هەرچییان بەردەست كەوت كوشتیان. كەللەسەری مەلا ئیسماعیلی سەعادەت پوورم بە دەستی سەرگوردەكەیانەوە بینی، زەنگۆل زەنگۆل خوێنی دەتكایە سەر كتێبی پیرۆز.
“لەپاڵ دیواری ماڵی حاجی سمایلی عەزیزیدا خۆم مەڵاس دابوو، دەمویست بە پاڵ دیوارەكاندا خۆم دەرباز بكەم. وەختێ هەستامەوە دەستڕێژێكیان لێ كردم و كەوتم، وردە وردە بەری چاوم لێڵ بوو. دەنگی گریان و قیژە و قرمژنی ژێسێ و بیكەیسی سۆفیان و قەڵاتان و كەرێزەی راچڵەكاند.
“چەكدارەكان دوای قەتڵوعامكردنی خەڵكەكە بۆی دەرچوون، قەدەرێك چاوەڕێم كرد تا دڵنیا بووم لە رۆشتنیان، ئەوجا بە هەسكەهەسك خۆم گەیاندە سەر جادەی پیرانشار- نەغەدە، لە قەراغ جادەكە تاوێك دانیشتم، تا ئەو كاتەی لە دوورەوە ئوتومبێلێكی پەیكانم بە دی كرد، خێرا چوومە نێوەڕاستی جادەكە و دەستم بەرز كردەوە، ئوتومبێلەكە لە بەردەممدا راوەستا و شۆفێرەكە گورج دابەزی باوەشی پێ دا كردم و خستمیە نێو ئوتومبێلەكەوە و پێی پێدا نا. لەتاو ئازاری برینەكەم، ئاگام لەوەی نەبوو گوللەیەك بەر گوڵمەی رانی چەپم كەوتبوو، یەكی دیش بەرشانی راستم، خوێن لە بنباڵ و بەلەكمەوە تا نێو پێڵاوەكانم رۆشتبوو. ئازار بڕستی لێ بڕیبووم. نەمدەزانی شۆفێرەكە بۆ كوێ دەمبات، تا ئەو كاتەی ئوتومبێلەكە راوەستا و كابرای شۆفێر گوتی، “گەیشتین و لە ئوتومبێلەكە دابەزی و خۆی كرد بە ماڵێكدا، هێندەی پێنەچوو لەگەڵ ژنێكی بچكۆلانە و مێرمنداڵێكدا گەڕانەوە و بە باوەش بردیانمە ژوورێ و شۆفێرەكە دیار نەما، مێرمنداڵەكە بە دیارمەوە دانیشتبوو. ژنەكەیش لە ناو دەرگای ژوورەكەدا راوەستا بوو، زوو زوو دەیگوت، ‘كاژاو گیان سەرێ بكێشە بزانە باوكت بۆ دیار نەبوو، ئەو بەستەزمانە خوێنی تیا نەما.’ كاژاو بە فڕکانێك دەچوو و بە هەناسە بڕكێوە دەهاتەوە و دەیگوت، ‘ئەسەری نییە، دایكە گیان.’
“وردە وردە ئازارم زۆرتر دەبوو، لە تاو ژانی برینەكەم، بە دەستە ساغەكەم قەراغی لبادەكەم دەگوشی. گوێم لە دەنگی ژنەكە بوو گوتی، ‘هۆشەنگ گیان دكتۆر هات؟’
شۆفێرەكە بە هەناسە بڕكێوە گوتی، ‘ئەوە هات.’
“هۆشەنگ تۆپەڵێك پەڕۆی خستە دەممەوە و لەگەڵ ژنەكەدا كەوتن بە سەر دەست و قاچمدا و دكتۆرەكەیش قۆڵی لێ هەڵكرد و گوللەكەكانی دەرهێنا. بەڵام چۆن؟ رۆحم لە لێواری دەرچووندا بوو، تا ئەو كاتەی بە تەواوی بێهۆش بووم، وەختێ بە هۆش هاتمەوە لە ژوورێكی بچووكدا بووم، لە نێو جێگەیەكی نەرم، هۆشەنگ و خانەوادەكەی بە دیارمەوە دانیشتبوون.
“ئەو ماوەیەی لەو ماڵە بووم، وەك كوڕی خۆیان خزمەتیان كردم، سێ ژەمە خواردەمەنییان دەهێنایە بەردەمم. دوای دوو هەفتە تۆزێك باشتر بووم، ویستم بچمە دەرەوە تا سۆراغێكی خانەوادەكەم بكەم، لێ هۆشەنگ نەیهێشت و خۆی ئەو كارەی ئەنجام دا، بەیانییەك رۆیشت و نیوەڕۆكەی گەڕایەوە و بە رووخسارێكی غەمگینەوە گوتی، ‘پرسیارم بۆ كردووی، ئەڵێن لە بیمارستانی نەغەدەن، خەمت نەبێ بەیانی سۆراغیان دەكەمەوە.’
“باوەڕم بەو قسەیە نەكرد، لێم روون بوو بۆ دڵنەواییی من وا دەڵێ. شەوێ تا درەنگانێ لە ژێر بەتانییەكەوە بیرم لە خێزانەكەم دەكردەوە، لە بێدەنگیی شەودا گوێم لە رازان خانم بوو گوتی، ‘ئەی چارە چییە چۆن پێی دەڵێیت؟’ ئیتر دڵنیا بووم خێزانەكەم نەماون، تا بەیانی لە ژێر بەتانییەكەوە بە هێمنی گریام. بەیانی لە سەر سفرەی نانخواردن گوتم، ‘كاك هۆشەنگ خێزانەكەم نەماون؟’ فرمێسك بە چاوەكانیەوە هاتە خوار و گوتی” ئەی ئێمە چی؟ ئێمە خێزانی تۆین.” رازان خانمیش سەری بۆ داوێنی شۆڕ كردبووەوە و دەگریا. بۆ ئەوەی لەوە زیاتر دڵتەنگیان نەكەم دەستی هۆشەنگم ماچ كرد و گوتم ئێوە دایك و باوكی منن.
ماوەیەكم لە ماڵی هۆشەنگ بە سەر برد، رۆژێك ئیزنم لێ وەر گرت بڕۆم. بە بیستنی ئەو قسەیە هۆشەنگ دای لە پڕمەی گریان، هەرچۆنێك بوو هێورم كردەوە و تێم گەیاند، كە ناتوانم لەم وڵاتەدا بژیم، ئیدی رازی بوو. بەیانییەكی زوو دەستی رازان خانمم ماچ كرد و باوەشم بە كاژاودا كرد و لەگەڵ هۆشەنگدا بەرەو ناڵۆس رۆیشتین. وا بە نیاز بووین بچین بۆ سەڵماس و مەرەند و لەوێیشەوە بۆ پارس ئاباد، تا دەگەینە ئازربایجان، وەختێ گەیشتینە “ناڵۆس” گوتم، ‘كاك هۆشەنگ پەشیمان بوومەوە، حەز دەكەم بەرەو سنوورێكی تر بڕۆم.’ هۆشەنگ لە قەراغ جادەكە ئوتومبێلەكەی كوژاندەوە و گوتی، ‘ئێستا كوڕی خۆم بۆ ئەوەندە ئینكاری، دە وەرە بە یەكەوە دەژین، نانێك هەبوو دەیخوین و گەر نەیشبوو شوكری خودای دەكەین.’
“دەستیم ماچ كرد و گوتم، ‘وەڵڵاهی لەم وڵاتە بمێنمەوە شێت دەبم.’ هۆشەنگ هەنیەی ماچ كردم و گوتی، ‘چۆنت پێ خۆشە وا دەكەین.’ پێچی بە ئوتومبێلەكەی كردەوە و گەڕاینەوە بۆ سۆفیان، لەوێیشەوە چووینە دربكە و بۆ بانگی شێوان گەیشتینە پیرانشار. جامی ئوتومبێلەكەم دادایەوە و هەوایەكم هەڵمژی و گوتم، ‘كاك هۆشەنگ چی بكەین؟’
سیگارێكی داگیرساند و گوتی، ‘تۆ خەمی ئەوەی مەخۆ.’
“هۆشەنگ بردمی بۆ ماڵی هاوڕێیەكی بە نێوی شاپوور. وەك خۆی گوتی، ‘شاپوور دۆستی قەدیمیەتی و بەزموڕەزمی زۆریان بەیەكەوە هەبووە.’ ئەو شەوە لە ماڵی شاپوور تا بەرەبەیان قسەمان كرد، شاپوور هەستی بەوە كرد بوو بارودۆخەكە باش نییە، دەیویست هۆشەنگ رازی بكات سۆفیان جێ بهێڵێ. هۆشەنگ هەرچەندی دەكرد نەیدەتوانی دەستبەرداری سۆفیان بێت، زوو زوو دەیگوت، ‘بەبێ سۆفیان ناژیم.’
“شاپوور: هۆشەنگ گیان واز لەو قسانە بێنە، بۆ ماوەیەك وەرە شارەوە و دوایی كە بارودۆخەكە باش بوو بگەڕێوە. من هەست بە مەترسییەكی گەورە دەكەم. ئەوەی لە قاڕنێ ڕووی دا، سەرەتاكەیەتی.
“هۆشەنگ سیگارێكی داگیرساند و دەستێكی بە ریشەكەیدا هێنا و گوتی، ‘بەگوێت دەكەم، دێمە ناوشار.’
“شاپوور ئەو قسەیەی هۆشەنگی زۆر پێ خۆش بوو، باوەشیان بەیەكدا كرد و توند یەكیان گوشی، تاوێك پێكەنین و دوایی هەردووكیان تێر گریان. هەستم كرد نێوانی ئەو دووانە سیخناخە بە بیرەوەریی خۆش و ناخۆش. شاپوور فرمێسكەكانی سڕییەوە و دەستی خستە سەر شانی من و گوتی، ‘بەیانییش ئەم شێرە كوڕە بەڕێ دەكەین.’ منیش دەستم لە سەر سنگم دانا و سوپاسم كرد.
“ئەو شەوە لە ماڵی شاپوور خەوتین و بەرە بەیانی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ی هەتاوی، لە سەر سنوور رادەستی پیاوێكیان كردم بە نێوی مستەفای حاجی كەریم، هۆشەنگ مشتێك پارەی پێ دام و بەگریانەوە لەیەك جودا بووینەوە. لەگەڵ مستەفادا گوند بە گوند و شاربە شارهاتین تا گەیشتینە سلێمانی.
“لە سلێمانیش هەر بە هۆی شاپوورەوە، مستەفا بردمییە لای پیاوێكی دەوڵەمەند، ئەو پیاوە حاجی جەلالی عەلاف بوو، دۆستی دێرینی شاپوور بوو. ئیدی ئاوەها ژیام. ساڵانێكی زۆرە لە لای حاجی جەلال كار دەكەم، ئیتر تاقەتی ئەم شارەم نەماوە دەڕۆم، دەگەڕێمەوە، بیری هۆشەنگ و رازان خانم دەكەم، بیری قاڕنێ دەكەم دەڕۆم، دەڕۆم…” مەریوان پڕ بە خەستەخانەكە هاواری ئەكرد و ئەیوت، “لێم گەڕێن با بڕۆم…” شەماڵ و ئامەد و یەكێك لە پزیشكەكان گرتبوویان و ئەویش خۆی رائەپسكاند و هاواری ئەكرد، “لێم گەڕین با بڕۆم…” دولبەر و بەهرە ئەگریان. مەریوان بەردەوام بوو لە سەر هاواركردن، تەقەللای ئەكرد لە دەستیان دەرباز بێت، تا ئەو كاتەی یەكێك لە پزیشكەكان دەرزییەكی لێ دا، بێهۆش بوو، ئەوجا رەوانەی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونیــیان كرد.