یاداشتێکی دەموودەست بۆ ‘ئەفسەری یاداشتنووس’

هەمزە ئەحمەد

.

ڕانانێک لە سەر چیرۆکی ئەفسەری یاداشتنووس ـی دیار لەتیف.

هەر لە سەرتاوە پاڵەوانەکە ڕووبەڕووی فۆبیایەکی ناسرووشتی دەبێتەوە، کە لە ڕاستیدا ڕووبەڕووبوونەوە لە مەیدانی شەڕ، ترسێکی سرووشتیە. نە تەقەکەرێکی باشە، و نە خۆڕاگر وەک سەربازێکی مەشقپێکراو. نازانێت چۆن هەڵبێت لە یەکەم ڕووبەڕووبونەی شەڕ… لەگەڵ هاوڕێ سەرباز و، هەم هاوکۆلێژەکەیدا لە گەرمەی شەڕدا سەردەمی زانکۆیان دێتەوە یاد. دەرخەری ئەوەیە مرۆڤ بە خەیاڵیش بێت دەیەوێت هەڵبێت لەوەی لە ناوەوە دەبێتە برین و بار بەسەر شعور و بیریدا. ترسان لە بیرکردنەوەی ئەوەی، کە بکوژرێت، یان کەسێک بکوژێت، کە خانەوادەکەیان وەک خۆی چاوەڕوانیەتی بگەڕێتەوە. ڕاچەڵکین لە دەنگی تەقە و چەکە قورسەکان. زیاتر کارەکتەرێکی نەخۆشی فۆبیامان پیشاندەدا لەوەی، کە سەربازێکی زرنگ و دلێر. یاداشتێک لە دانپێنان لە شەڕی داعش و پێشمەرگە دەگێڕێتەوە. کە یەک فیشەک چییە نەیتەقاندووە و نازانێ باش مامەڵە لەگەڵ چەکەیدا بکات. ڕاستیینەیەکی جودا لە چیرۆکە جەنگیەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە لە یاداشتەکەیدا. دەستەڵاتی دیموکراتی بەر ڕەخنە دەدات. سەربازەکان بە خەرجی خۆیان فیشەکیان کڕیووە و بە سکی برسییەوە بەرگری دەکەن. ئەو بارە تەقەمەنی و سندووقە فیشەکانەی وڵاتانی بەناو پشتیوانیگەر، هەناردەی هەرێمە خوێناویەکەی دەکەن، گەورەکان دەیگۆڕنەوە بە سێکس و شەراب. ڕاستینەکە ئەوەیە سەربازان ملکەچن بە مردن، نەک ژیان لە پێناو مردن. هاو سەنگەرەکەی بەر فیشەک دەکەوێت و تەنها دەمێنێتەوە لەگەڵ نەخۆشیە سایکۆ کوشندەکەی. بڕوانامەی بەرزی هەیە و دانەمەزراوە لە بواری خۆیدا خزمەت بە خەڵک و خاکی خۆی بکات. لەبەر برسییەتی و مانەوە ناچارە خۆی بە سەرباز ناونووس بکات و بە بێمەشق پێکردن لە ساترێک لەبەردەم چارەنووسێکی سامناک، چاوەڕێی مەرگ، یان مانەوە بکات. ئەم زەویینە جەنگاوییە بیرکردنەوەکانی شەڵقاندوە و ناتوانێت خۆی و ژیانی کۆبکاتەوە، کەسێک بەو هەموو کارەساتبارییەوە، هێشتا حەزی لە ژیانە و دەرفەتی نییە لەبەر گەمارۆی شەڕ و مردن باس لە جوانیەکان بکات. مرۆڤێکە دەیەوێ بڵێ؛ خانەوادەکەم داگایی دەکەم، کە بۆچی و بە چ حەق و مافێک منیان هێنایە دونیاوە؟. ئەو؛ کە هاتە ژیانەوە مافی خۆی بوو ژیان هەڵسوڕێنێت. کەچی لە وڵاتێک دەژی ژیان هەڵیدەسوڕێنێ! ڕاماندەکێشێتە بەردەم پرسگەلێکی نیهلیستییانەوە. کە لە بەها و جەوهەری خاک نەگەیشتووە و دەشەڕێ! دەست و پەنجە خستنە سەر ئازارگەلێکی وەها چەند هێندە کوردانەیە چەندەها جار یونڤێرساڵ و جیهانین. ئەمڕۆی مرۆڤایەتی لەبەردەم وەها شەڕگەلێکی سارد و گەرمدان، حەوسەڵەی مرۆڤ داتەکێنراوە لە هەوڵ و توانا و لە وزەکانیان هەڵمژراوە. لە ژێر فشار و تیشکی دێوزمەی سەرمایەداری. سەبازەکان دەجەنگن و ناگەڕێنەوە ژن و کچەکان لە چاوەڕوانی سەربازەکاندا دەستپەڕ دەکەن و بیریان دەکەن و بیریان لێدەکەنەوە. ژنەکان جێگەیان سارد و سڕە، سەرانی سیاسی دانەبڕاو لە سێکس و پارە. دەرخستەی ئەوەیە، کە جەنگ هەر شەڕی نێوان سەربازانی ئەم بەر و ئەو بەر نییە. زامێکی ئێجگار گەورە دەخاتە سایکۆلۆجیای مرۆڤەوە. سەربازەکان حەزیان لەشەڕ نییە، دەیانەوێ بژین، حەزیان لەشەڕ نییە و بیریان لای دایباب و هاوژینەکەیانە. دڵیان هەمیشە بۆ مندڵەکەیان هەندێکیان-هەنێکیشیان بۆ دڵدارەکەیان دەترپێت. هەمیشە بیانوویەک هەیە بەناوی لە پێناو بە دەستخستنی ئازادییەوە، مرۆڤەکان بە نابەدڵی دەژین و دەمرن. بۆ کۆی مرۆڤ و دژی هەر هەبوویەکی زەوییە جەنگ تۆقێنەرە. و ئاسمان بەشینی ناهێڵێتەوە. جەنگ لە پێناو نیشتیمانێک دەکات خەڵکانێک تێیدا هێندە خاڵیە لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خولیایەک بیری لێدەکاتەو.ە. ئەفسەرە باڵا مشەخۆرەکان دەخۆنەوە و سەرگەرمن و سەربازەکانیش گەروویان ئاخێنراوە لە دووکەڵ و خۆڵی شەڕ. سەرۆکێکی نەخوێندەوارانە و ناسیاسی بە هەڵبژاردەی کۆمەڵێک خوێندەوار و ڕۆشنبرگەلێکی ساختە و هەلپەرست بەردەوامیی دەدات بە دەستەڵاتە فاشیستەکەی. هاوکات هەموو ساتەکانی ئامادەکردووە بۆ هەڵهاتن و میواندارانە لەخاکی خۆی ماوەتەوە و زۆرەملێیانە مامەڵەدەکات. شەڕ تەواو دەبێت و دەگەڕێتەوە و ئەوینەکەی ڕۆشتوە بۆ دەرەوەی وڵات. پێماندەڵێت تاکە شتێک دوای هەموو شتێک مرۆڤ دڵتەڕ و بەئومێدەوە دەهێڵێتەوە خۆشەویستی و ئەڤینە، کەچی لێرەدا خۆشەویستی شکڵێکی مسنوعی و سێکساوی وەرگرتوە. خاڵیبووەتەوە لە چاوەڕوانی و قوربانیدان. لێرەدا دەمەوێت بەکورتی شتێک بخەمە ڕوو، ئەویش ئەوەیە، کە بە زمانێک زیاد لە پێویست شیعرییەت دراوە بەچیرۆکەکە و خوێنەر بەجۆرێک دوور دەخاتەوە لەوەی کە بەری چیرۆک دەکەوێت، هاوکات وەهای کردووە هەندێک ڕوونکردنەوە لە چیرۆکەکەدا بەرچاوی خوێنەر بکەوێت، کە دەکرا ئەوانە بۆ خوێنەر بەجێبهڵدرابایە. ڕەنگە لەبەر هۆکارێکی وەها خوێنەر دەست و بیر بەستراو بکات لە ڕانانی وردتر. ئەگەر چی چیرۆکێکی تازەیە لە ناوەڕۆک و بەپێزە، بەڵام کەمێک ئاستی چیرۆکەکە دێنێتە خوارەوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا