بینراوی ھونەری و گوتراوی شیعری لە شێعرێکی لازۆ ئازادـدا | عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بینراوی هونەری و گوتراوی شێعری
لە تابلۆقەسیدەی ”ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات” ـی لازۆ ئازاد ـدا

خوێندنەوەی: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

(١)
ھونەری وێنەکێشانی کلاسیکی تەکنیکی (لەیەککۆبوونەوە)ی شێوە و ھێل و توخم و سێبەر و رەگەز و رەنگەکان، بە مەبەستی (دانوستاندن) و نیازی دیاریکراو پەیڕەو دەکات. ھونەری وێنە دیجیتاڵییەکان جیاواز و تایبەتن بە شێوە و ھێل و وێنە بینراوەکانی ھونەری کۆمپیوتەرەوە و زێتر گفتوگۆ لەیەکتریان نزیک دەکاتەوە.
لە ھونەری وێنەی دیجیتاڵی تەکنیکی دووبارەکردنەوە و شێواندنی ھێل و رەگەز و توخمەکان دەبینرێت و ھەموو ئەوانە ھەندێکجار دەکرێت ببنە ھۆی وێنەکردنی ئەبستراکت، یان تابلۆی سێ ڕەھەندی و بەکارھێنانی واقیعی میتافۆڕئامێز.
ھونەری وێنە دیجیتاڵییەکان لە ھونەری ھاوچەرخدا گەشەی کرد و کەمتر پەیڕەوی نیازی دیاریکراو دەکات و خۆی لە ئازادی (گفتوگۆ)دا سەپاند. واتە لە ھونەری (نێت)دا چەندین شێوە و رەگەز و تایبەتمەندی جیاوازی وەک ڕاستی مەجازی، ڕاستی گەورەکراوە… نمایان دەکرێت.

(٢)
(ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات) وەک تابلۆی شیعری چەندین شێوە و ھێل و توخم و سێبەر و رۆناکی و رەنگی جیاوازی وەک (دۆزینەوە، ئەزموونکردن، میھرەبانی، وردبینی و ھەستکردن بە شتەکانی دەوروبەر، تایبەتمەندێتی ھەستی ژنانە…)ی لەخۆگرتووە و ھەموو ئەوانە وەک بەشی لێکجیاواز کاریگەریی و رۆڵی خۆیان لەسەر دەروونی شاعیردا دەگێڕن و وەک وێنەنێت لە دووبارەکردنەوەی پرسی بوونگەرایی و شێواندنی شێوە و ھێل و سێبەر و رۆناکی و توخمەکان و وێنەکردنی ئەبستراکت … نزیک دەبنەوە. لەوێشەوە شێوە و ھێل و سێبەر و رۆناکی و توخم و رەنگی وێنەکێشانی کلاسیکی بەجێدەھێلێت و شێوە و ھێل و وێنە جیاوازە بینراوەکانی ھونەری کۆمپیوتەر دەپۆشێت.
ئەو قەسیدەیە وەک تابلۆ سەر بە وێنە ئاوێتەکانی ھونەرنێتن! خەسڵەتەکانی ئەو ھونەرە بەرجەستە دەکەن! خەسڵەتەکانی ئەو ھونەرە ئەوەیە، کە (گفتوگۆ) لەنێوان شێوە و ھێل و رەگەز و توخم و بەشە جیاوازەکانی وێنەکان بوونی ھەیە، بەڵام بێ ئەوەی ھیچییان ببنە سێنتەری مەبەست. لێرەدا ھونەری وێنەنێت و ھونەری کلاسیک لە جیاوازی نێوان چەمکی دانوستاندن و چەمکی گفتوگۆدا خۆیان دەبیننەوە.
دواجار پێکھاتەی پرسی (دانوستاندن)ی ئەو تابلۆیە لە زمانی (گفتوگۆ)ی نووسراودا، یان بە مانایەکی دیکە خۆ بەیانکردنی وێنەی (بینراوی تابلۆ) لە زمانی (گوتراوی شیعری)یدا لە رێگای ئەویدیکەی (خوێنەر/ وەرگر)ی جیاوازەوە جوانتر دەبینرێن و ھەستیان پێدەکرێت. وەک چۆن لە ناوەوەی شاعیر (زمانی گوتراو و وێنەی کێشراو) ھەردووکیان لە ھەمان کاتدا (رەنگی تایبەتی تابلۆ) و (زمانی بەکارھێنراوی تایبەت)ن بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ترس و نائومێدی و تاسە و خەمی ناوەوەی شاعیر، بەڵام بێ ئەوەی (چ وەک پێکھاتەی تابلۆ، چ وەک زمانی بەکارھێنراوی گوتراو) بتوانن رەنگی (کاتی لەدەستچوو) و زمانی جوانییەکان لە پرسی بێکۆتایی (بۆ کوێ دەچین) بگەڕێننەوە؟!
(٣)
لازۆ ئازاد لە شاری (سلێمانی) لە گەڕەکی (سابونکەران) لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (مەحوی) بووە و پاشان تا دووی ناوەندی لە (دواناوەندی ژینی کچان)ی خوێندووە. لە سەرەتای ساڵی (٢٠٠)ەوە لەگەڵ خانەوادەکەی کوردستانی جێھێشتووە. لە وڵاتی (سوید) خوێندنی ناوەندی وپاشان دواناوەندی بەشی ئەدەبی تەواو کردووە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی بەریتانیایە لە ساڵی ٢٠١٥ بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی (نیومان) بە تەواو کردووە و بەکالۆریس و پاشان بڕوانامەی ماستەری ھەر لەو زانکۆیە بە دەستھێناوە.
لازۆ ئازاد ماوەی (٢٤) ساڵە لە بەریتانیا دەژی و لە یەکێک لە رێکخراوە خێرخوازییەکان لە بێرمینگھام – بەریتانیا راوێژکاری کۆمەڵایەتییە. دەڵێ: ھەریەک لە ژیان و مرۆڤ و جوانی سەرچاوەی ئیلھامی شیعرەکانمن. جگە لە پیشەی شاعیری کاری خێرخوازیش دەکەم، ‎بە تەنھا و بە ھاوبەشیش کاری خێرخوازیم کردووە و بەردەوامم، مەرج نییە شاعیر کاری خێرخواز بکات، بەڵام من بە ھیچ شێوەیەک شیعرم بۆ بژێوی ژیان نەنووسیوە.
بەرھەمەکانم بریتین لە (کراس رەش بە ھاوبەشییە، ٢٠٠٧ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، شازادەی کۆشکی رەش، ٢٠١٣ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبی نووسینەوەی ھەزار و یەک خەون، ساڵی ٢٠١٦ ناوەندی غەزەلنووس). سەبارەت بە نوێترین بەرھەمیشم تا ئێستا بڕیارم لە ناونیشانەکەی نەداوە. بڕواموایە گرنگە لە کوردستان دادوەریی بوونی ھەبێت.
لازۆ ئازاد لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لەلایەن بەرێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.

ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات

ڕەنگی شینی ژێر ملی باڵندە، دوای مردنی، دەچێت بۆ کوێ؟
‎خەونەکانی من کە دەبنە خۆڵەمێش و نایەنە دی، دەچن بۆ کوێ؟
‎تامی گەرمی دوو زمانی لێکئاڵاو دوای دابران، دەچێت بۆ کوێ؟
‎ھەڵمی ھەناسەی دوو دڵدار لە ناو تۆفانی خەوتوودا، دەچێت بۆ کوێ؟
‎من کە ساڵانێکی زۆر، دووری تۆ نەخۆشی خستبووم،
‎نزیکیمان دوای ئەو ھەموو بریندارییە باری کرد بۆ کوێ؟
‎ئەو ھەموو ھیوایە کە لە سنگدا دانە دانە دەترووکان و باڵەکانیان دەکردنەوە،
‎دوای ھەوری تاریک و تەم، چوون بۆ کوێ؟

‎خەونمان ھەبوو،
‎چیرۆکمان ھەبوو،
‎برینمان ھەبوو،
‎ئەو ھەموو شتەی دەکرا بیبەخشین و نەمانبەخشی، بوون بە چی؟

‎تۆ ھەرگیز خەونی خۆتت ناشتووە چونکە نەتزانیوە دەچێت بۆ کوێ؟
‎برینی خۆتت بە گوڵە ئەرخەوان پێچاوە و پێت وابووە چاک دەبێتەوە؟
‎دانت بە خۆتدا گرتووە بۆ ئەوەی نەگریت و کەس بە چاوی بەزەیی ساختە سەیرت نەکات؟
‎بۆ ئەوەی بە دەنگی بەرز نەڵێیت، ئێوە خاشاکن!
‎بەدەم دوژمنەکانتەوە بە تامی دۆست پێکەنیویت بۆ ئەوەی چەقۆیەک کەمترت لێ بدەن؟
‎لە دوای ئەڤینی شکستخواردوو، بزمارت لە تابوتی خۆت داوە بە ئومێدی مردن؟

‎من ئەو رۆژانە دەستم بە دڵی شکاومەوە گرتبوو و ڕام دەکرد،
‎گوێم لێبوو دەیانگووت شێتە.
‎وەک منداڵ بۆت دەگریام، دەنگم دەرنەدەھات،
‎وەک توتکە سەگی لاکۆڵان دەنوزامەوە.
‎چونکە تۆ نەتزانی کە رۆیشتم، ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات،
‎کە بەجێم ھێشتی تۆفانەکەت بە دوامەوە بوو،
‎بێ ئاوڕدانەوەش
‎تارماییت لە پێشمەوە ڕێی دەکرد.

لازۆ ئازاد

‎بەڵام دەموویست پێش مردنم،
‎ڕەنگی

‎شینی
‎ژێر
‎ملی
‎باڵندە
‎ببینم….

کاتی لەدەستچوو
لەنێوان بینین و گوتندا
چەمکی بینین و گوتن دوو شێوەن لە چۆلایی رەنگی تابلۆ و زمانی بەکارھێنراوی شاعیر! بینین فیکرە، گوتنیش فیکرە، بەڵام ئەوەی بینین و گوتن لێکجیا دەکاتە بۆشاییە (یان پرسی کاتی لەدەستچوو -بۆ کوێ؟)یە، بەو مانایەش لە تابلۆ/ قەسیدەی (ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات)دا بینین و گوتن ھەردووکیان پرسیار و بیرکردنەوەن لە بۆشایی کاتدا! واتە بیرکردنەوە و پرسیارەکانی شاعیر دەکەونە جیاوازی/ بۆشاییەوە! بە دیوەکەی دیکە ئەوە جیاوازی/ بۆشاییە (بینین) و (گوتن) لەیەکجیا دەکاتەوە. ئەوە (شیعرییەت)ە وێنەنێت و گەردەلوولی رووتی زمانەوانی لەیەکجیا دەکاتەوە. دەمەوێ بڵێم ئەو تابلۆ/ قەسیدەیە وەک (زمان) بۆشاییەکان، یان پرس و بیرکردنەوەی (بۆ کوێ؟) شیعرییەت دەخەنەوە و وەک (وێنەنێت) جیاوازی راستی گەورەکراوەکان نائومێدی دەنوێنن.
پرس و بیرکردنەوەی شاعیر سەر بە دەرەوەیە (دەچن بۆ کوێ؟) سەر بە شیعرییەتە، بەو مانایەش دەرەوە (گەردەلوولێکی رووت)ە و نێوانی گوتن و بینین دەشێوێنێ؟!. (ژیل دۆڵۆز) لە کتێبی (لە دەرەوەی فەلسەفەدا، وەرگێڕانی عەبدولسەلام بنعەبدئەلعالی و عادل حدجامی) دەڵێ: ” نیچە پێچەوانەی فەیلەسوفانی کلاسیک لە رێگای ناوەوە (نەدەتوایەوە) بۆ ئەوەی دواتر بەرەو دەرەوە خۆی بەیان بکات، بەڵکو فیکر و نووسینەکانی لەسەر پەیوەندییە راستەوخۆییەکانی دەرەوەدا دەچەسپاند. ل٤” بیرکردنەوەی کلاسیک بەرەو ناوەوەیە، بەڵام دەرەوە وەک گەردلوولی تەنیا دووانەی بینین و گوتن دەھەژێنێ… لازۆش ئەگەرچی لە رێگای وێنەنێتەکانەوە راستی گەورەکراوی جیاواز دەکێشێ، بەڵام لە رێگای پرس و بیرکردنەوەی (بۆ کوێ) ئەو وێنەنێتانە دەکەونە دەرەوەی کات و بۆشایی و لە گەردەلوولی رووتی زمانەوانیدا شیعرییەت دەخەنەوە. بەو مانایەش بۆشاییەکانی شیعرییەت، جیاوازییەکان (خوێنەر/ وەرگر) بونیاد دەنێت و راستی گەورەکراویش جیاوازی ئازارەکانی ناوەوە بەرجەستە دەکەن.
دەمەوێ بڵێم لە سەرەتاوە شێوازی پرس و بیرکردنەوە و بەھا و ھەستەکانی شاعیر لە قەسیدە/ تابلۆی (ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات) بەشێوەی ھێل و سێبەر و رۆناکی و توخم و رەنگە جیاوازەکانی وێنەنێت ئازارەکان ئاشکرا دەکەن و دواتر وەک گەردەلوولێکی رووتی زمانەوانی لە دەربڕینی گوتنی جیاوازی شیعرییدا خۆیان دەنوێننەوە.
لە زۆرباردا ئەو قەسیدە/ تابلۆ ھونەرییە (توانەوەی ناوەکی و بێھودەیی کاتی بەسەرچوو) وەک دەرخەری باری دەروونی/ زمانی (لازۆ)ی شاعیر بەیان دەکەن و بە دیوەکەی دیکەش وەک شێوازی چارەکردنی دەروونی دەکەونەوە و ئاڵۆزی (دەروونی/ زمانی) کەمدەکەنەوە.
ئەو خوێندنەوەیە لە رێگای گەردەلوولی رووتی گوتنی شیعری و وێنە بینراوەکانەوە بە دوای ئەو چارە (دەروونی/ زمانی)یەدا ناگەڕێت. بەڵکو ھەوڵی بە جێگۆڕکێکردنی شێوەگرتنی گوتنی وێنەیی و بەرھەمھێنانی شیعرییەتنێت دەدات. بە مانایەکی دیکە لە ھەوڵی ئەوەدایە کە پێمانبڵێت دەشێ پێچەوانەش راست بێت.

ھێزی وێنەنێت، بۆشاییەکانی شیعرییەت
پەیوەندی نێوان کارە ھونەرییەکان و سایکۆلۆژیا، ھەزاران ساڵ پێش ئێستا بۆ سەردەمی کاتارسیس دەگەڕێتەوە. بەڵام کارپێکردن بە سایکۆلۆژیای ھونەر، لە فرۆیدەوە سەری ھەڵداوە. لەو خوێندنەوەیەدا بۆ تێگەیشتنی ھێزی بینینی وێنە و دەربڕینی گوتنی شیعری پێویستە وەک دۆلۆز جیاوازی لەنێوان (چۆلایی) و (دەرەوە)دا بکەین. چۆلایی ھەتا ئێستا شێوەیە. بەڵام دەرەوە ھێزەوە و شێوەی نییە. دەرەوە لە مەسافەکان پێکھاتووە، بەڵام چۆلایی بەیەکەوەبوون دەگەیەنێت. ئەگەر ئەو قسەیەی دۆلۆز تەرجەمەی (ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات) بکەین، ئەوە لەبەرانبەر وێنەنێتەکاندا جیاوازی ڕاستی گەورەکراوی ناوەوە دەبینین، لە بەرانبەر گەردەلوولی رووتی زمانەوانی بێ شێوەیی شیعرییەت دیارە.
بەڵام دەبێ ئەو راستییەش بڵێین کە وێڕای جیاوازییەکانی نێوان ڕاستی گەورەکراو و شیعرییەت، وێڕای جیاوازییەکانی نێوان شێوەی ھونەری و ھێزی ھونەری… بەشێکی گەورەی ئەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە، جوانییەکان و نائومێدییەکانی ناوەوە بەڕێوەی دەبات. بەڵام بیرکردنەوە و پرسیاری شیعرییەت و دەرەوە ئەوەیە، ئایا ئەو نائومێدی و ئاوات و جوانییانە بەرەو کوێمان دەبەن؟ یەکەمیان ھێزی جیاوازی (بینین) فەراھەم دەکات و دووەمیان (بۆشایی) جیاوازی شیعرییەت! ئەوەش جێگۆڕکێکردنی گوتنی وێنەی شیعرییە بۆ بەرھەمھێنانی شیعرییەتنێت
بۆشاییەکان شێوەیان نییە، لە مەسافە زمانەوانییەکان پێکھاتوون. بەڵام چۆلایی لە بەیەکەوەبوونی ھێل و رەگەز و رەنگەکان پێکھاتوون و شێوە بونیاد دەنێن. ئەو خوێندنەوەیە بۆ بەیەکەوەگونجاندنی ھەر دوو بارەکە چەمکی پێکەوەسازان پێشنیار دەکات، چونکە ناشێ شێوەی جوانییەکان و توانەوەی ھێل و سێبەر و رەنگەکانی ناوەوەی (بینین)، وەک پەناگایەک بۆ ھێزی دەرەوە و گەردەلوولی زمانەوانی و بۆشایی شیعرییەتی دەربڕینی (گوتن) فەرامۆش بکەین!
بێگومان لەنێوان شێوە و ھێل و سێبەر و رۆناکی و توخم و رەنگەکانی بینین و بۆشاییەکانی شیعرییەت (خوێنەر/ وەرگر) دەپرسێ مەبەستی ئەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە چییە؟
لێرەدا دەتوانین بەبێ بیرکردنەوە بڵێین ئەوەی لەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە روو دەدات، پرسی زمانەوانی نییە، بەڵکو توانەوەی ناوەوە شاعیرە لە کاتی لەدەستچوودا! جوانییەکان لەنێوان ئەو ھێل و توخم و رەگەز و رەنگ و خاڵانە بەرەو کوێ دەچن؟ ئایا لە تاریکی، لە شێوە و بەشە جیاوازەکانی کاتی لەدەستچووی ئەو (تابلۆ/ قەسیدە) ھونەرییەدا دەتوانین ھەستی دڵتەنگی و جێکەوتەی وێرانەیی و ئاماژە و رەمزەکانی شاعیر بۆ (خوێنەر/ وەرگر)ی شیعرییەت بگوازنەوە؟!
گوتمان توانەوە و ھێزی وێنەی ناوەکی، لە چەمکی بینیندا شێوە ناگرن، ئەگەرچی پەیوەندی راستەوخۆی گەردەلوولی رووتی زمانەوانی گوتن دەھەژێنێت و شیعرییەت بۆ (خوێنە/ وەرگر) دەخاتەوە. بەڵام لەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە (خوێنە/ وەرگر) لەسەر مانای مانا وەستاوە. لەسەر مانای (بینین)ی وێنەنێت لە دەربڕینی گەردەلوولی زمانەوانی شیعرییەتدا، واتە لەسەر مانای تابلۆ لە پەیامی شاعیردا…
کەواتە زۆر شت ھەیە (خوێنە/ وەرگر) بەرەو لێکدانەوە و شیکردنەوە بەرێت، بەڵام ئەوەی (خوێنە/ وەرگر) دەیەوێت زانیاری و لێکدانەوە لە بارەی شێوە و ھێل و سێبەر و رۆناکی و توخم و رەنگی ناوەوەی شاعیر نییە، بەڵکو لە بارەی سەیرورەی زمان و شیعرییەتە. کەواتە (خوێنەر/ وەرگر) پێکھاتەی بینینی نیگارەکان (پرسی جوانییەکان بەرەو کوێ و نەگەڕانەوەی کات) بەجێدەھێڵێ و بەدوای دۆزینەوەی بۆشاییەکانەوەیە، بە دوای لادان و تێکشکانە زمانەوانییەکانەوەیە…
بەڵام ئایا کردەی پێکەوەسازانی وێنە و زمان، پرس و بیرکردنەوە و دەرەوە و ناوەوە، کردەی بەیەکگەیشتنی بۆشایی زمانەوانی و شیعرییەتە؟ ئایا ھیچ پرس و بیرکردنەوەیەک لە دەرەوەی بەیەکگەیشتنەوە ھەیە؟ ئایا شیعرییەت لە پێکەوەسازاندایە؟
بە بڕوای ئەو خوێندنەوەیە راوکردنی جوانییەکانی کاتی لەدەستچوو برەو بە داڕشتنەوەی شیعرییەت لە گەردەلوولی رووتی زمانەوانیدا دەدەن. لەسەر ئەو بنەمایەش ئەگەر پێوانەکانی جوانی پەیوەست بێ بە بوێری و ئازادی (راستی گەورەکراوەکان) شاعیرەوە. ئەوە گواستنەوەی ھێزی بینین بۆ شێوەگرتنی شیعرییەت، گواستنەوەی کۆتاییەکانی کاتە بۆ نەگەڕانەوە…
پرس و بیرکردنەوەی بینین بۆ پرس و بیرکردنەوەی گوتن، جەختکردنەوەیە لەسەر تاکگەرایی و ئازادی و گفتوگۆ بەو مانایەی کە تاک لە دەرەوەی ملکەچییەوەیە و سەر بۆ دانوستاندن و نائومێدی ناوەوە شۆڕ ناکات، بەو مانایەی کە تاک لە دەرەوەی کات مل بۆ گەڕانەوە کەچ ناکات! بەڵام ئایا ئەو جۆرە لە دەرچوون لە پەیوەندییەکان، ئەو جۆرە لە دەرچوون لە ناوەوە و لە جوانییەکان و ئاواتەکان بە راستی بەرەو مردنمان دەبەن؟ یان ئایا گەردەلوولی رووتی گفتوگۆی زمانەوانی (کات و سەیرورە)ی گفتوگۆ بەرامبەر عەقڵی بینین (مردن و نەگەڕانەوە)ی دانوستاندن دەبێتەوە؟!.
لە دەرەوەی بینین و گوتن، لە دەرەوەی بەسەرچوونی کات و نەگەڕانەوەدا، شیعرییەتی زمانەوانی، جۆرێک لە پەیوەندی ئابوری و ھاوگونجان و پێکگەیشتنی وێنەنێتەکان بە شێوەیەکی جیاوازی دیکەوە (راستی گەورەکراوەکان) دەسازێنێ! واتە ئەو کوشتنەی (کات) وەک چۆن گەردەلوولی رووتی گفتوگۆی زمانەوانی بانگەشە دەکات، لە بینین و دانوستاندن رزگاری نەبووە و دوور نەکەوتۆتەوە، تەنھا بۆ دوورکەوتنەوە نەبێ! راستە شیعرییەت و چێژ بەجێدەھێنێ، بەڵام کاتی بێکۆتایی، گەڕانەوە بەجێناھێلێ. بە کورتی ئیشکردنی گەردەلوولی رووتی زمانەوانی، ئیشکردنە لەو شوێنانەی وێنەنێتەکان ناتوانن پەیوەندییەکانیان ئاشکرا بکەن.
کەواتە بیرکردنەوە و پرسی بوونگەرایی وێنەنێتەکان رووبەرووی کاتی بەسەرچوو دەبنەوە. کاتی بەسەرچوو پێویستی بە بوێری و ئازایەتی ھەیە، بەڵام شیعرییەت بۆشاییە، بۆشاییش جیاوازییەکان دەخەمڵێنێ! جیاوازییەکان لە کاتکوشتنی شاعیردا پەیوەندی بە نەگەڕانەوەی گەردەلوولی سەیرورەی زمانەوانییەوە دەکەن.

ھاوگونجان
لەیەککۆبوونەوە و شێواندنی توخمەکان
لەنێوان ھونەری وێنەکێشانی کلاسیکی و ھونەری (نێت)دا، لەنێوان شێواندنی توخمەکان و تەکنیکی لەیەککۆبوونەوەدا، لەنێوان بەرەو کوێی کۆتاییەکان و نەگەڕانەوەی بێکۆتاییدا… کاری بەرھەمھاتووی شاعیر لەڕووی (توانەوەی ناوەکی) سۆزداریەوە کاریگەری لەسەر (وەرگر/خوێنەر)ی گشتی دروست دەکات. بەڵام کاری بەرھەمھاتوو لەڕووی (ھێزی دەرەکی) باس لە توانای وەرگرتن و تێگەیشتنی (وەرگر/خوێنەر)ی تایبەت و بەخششەکانی دەکات.
لێرەوە جیاکاری وێنەنێتی ھونەری دەبێتە بنەمای گەردەلوولی رووتی زمانەوانی، بە پێچەوانەشەوە راستە! بە ھەردوو باردا کاتی لەدەستچوو گۆڕانکاری و سەیرورە دەنێتەوە. دواجار دەبێ بزانین کە خاڵی ھاوشێوەی نێوان وێنەنێت و گەردەلوولی رووتی زمانەوانی جگە لە ژیانی شاعیر شتێکی دیکە نییە، واتە درووستکردنی ھەستێکی مانادار نییە، بۆ ڕووداو و فینۆمینەکان، بەڵکو ھەموو ئەوانە ژیانی تایبەتی شاعیرە. دواجار ئەوە ژیانی تایبەتی شاعیرە لەسەر ھاوگونجانی وێنە و زمان بەردەوامی بەخۆی دەدات.
پەیوەندی لەیەککۆبوونەوە و شێواندنی توخمەکان، پەیوەندی ھونەری کلاسیک و ھونەری وێنەنێت، لە پەیوەندی نێوان بلیمەتی و شێتی دەکات، بلیمەتی لە لەیەککۆبوونەوەی مەعریفەدا، رێکییە! شێتی شێواندنی توخمەکان و دووبارە بونیادنانەوەی ناڕێکییە. رێکی بەرەو پرسی بێکۆتایی وەستاوە، ناڕێکی بەرەو پرسی بۆشایی و سەیرورەی بەردەوام ھەنگاو دەنێت.
کاتی بەسەرچوو لە (ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات) ھاتۆتە دەرێ و لە زۆر شوێندا بەسەر بێکۆتاییدا سەرکەوتووە! لای لازۆ مردن و زیندەگی لە حاڵەتی بەردەوامی جەنگدان. کاتی بەسەرچووی ناوەوە پەیوەندی بە گەردەلوولی رووتی زمانەوانیدا نییە، کە گەردەلوولی رووتی زمانەوانی لە سەیرورەدا بێ، کاتی بەسەرچووی ناوەوە لێرە نییە، کە بلیمەتی لێرەیە شێتی لێرە نییە. بەمجۆرە داھێنان سەیرورەیە و لە خزمەتی گۆڕاندایە. بەڵام وەک چۆن ناتوانین سەیرورە و گۆڕان لێکجیا بکەینەوە، بە ھەمان شێوە ناتوانین ناوەوە و دەرەوەی شاعیر لێکجیا بکەینەوە!؟
داھێنان دۆزینەوەی بونیادی گۆڕانکارییە و لەسەر بیرکردنەوە و پرسی سەیرورە، بەردەوامی بەخۆی دەدات، ھێزێکە لە دەرەوەدا شێوەی نییە و لە ناوەوە شێوە دەگرێ، ھێزێکە لەگەڵ ئاشکرابوونی وزەیەکی دیکەی خەونەکان دەجوولێ، ھەرگیز لەو شوێنەوە دەست پێناکاتەوە کە ئازارەکانی ناخی وێرانەی شاعیری تێدا دوایین وێنەی گەورەکراو دەگرێت، بەڵکو لەو شوێنەوە دەست پێدەکاتەوە کە زمانی شیعری شێوە دەگرێ. بیرکردنەوە و پرسی وێرانەیی ناوەوەی شاعیر بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەڵام بیرکردنەوە و پرسی شیعرییەت لە سەیرورەدایە. شیعرییەت کاتێک دەست پێدەکات، کە کۆمەڵەی جیاواز جیاوازی وێرانەیی ناوەوەی شاعیر دەتوانن بە ھۆی لە یەکجیابوونەوەی خەمەکان لە یەکتر نزیک بکەونەوە و ھاوگونجان بنوێنن.

تێکەڵکردنی رەنگی شین و باڵندەی ئازاد
لە توانەوەی رەگەزەکان و دانوستانی رەنگەکانی ناوەوەدا (رەنگی شین) زاڵ دەبێت و شین کەشێکی ماتەمینی درووست دەکات، بەڵام لە گەردەلوولی رووتی زمانەوانی دەرەوەدا (باڵندەی ئازاد) باڵ دەگرێ و بۆشایی شیعرییەت دەنوێنێ و دەرگا لە خەونێکی رەنگاو و رەنگ و چێژئامێز و ئازاد دەکاتەوە.
ڕەنگی شینی ژێر ملی باڵندە، دوای مردنی، دەچێت بۆ کوێ؟
‎خەونەکانی من کە دەبنە خۆڵەمێش و نایەنە دی، دەچن بۆ کوێ؟
(گفتوگۆ)ی نێوان رەنگی شین و باڵندەی ئازاد لەبەرجەستەکردنی پرسی دەچێت بۆ کوێ، بوونی دوو ھەڵبژاردن دەخەنە روو، بێ ئەوەی ھیچییان ببنە سێنتەری مەبەست! ئەگەر سەرچاوەی رەنگی شین بۆ حیکایەتێکی ناوەکی و دانوستان بگەڕێتەوە، ئەوە باڵندە ئازادە لەوەی کە چەند پابەندی پرسی ئەو حیکایەتە ناوەکییە دەبێت، ئەو ئازادییە، شیعریەتێک دەسازێنێ، کە (خوێنەر/ وەرگر) لە دەرەوە و لە رێی گفتوگۆدا پێی دەگات، لێرەدا دەمەوێ جیاوازی نێوان چەمکی گێڕانەوە و چەمکی شیعرییەت، بە دانوستان و گفتوگۆ (کە پێشتر لە ھونەری وێنەنێت و ھونەری کلاسیکی بەیانم کردن) بچوێنم!
کەواتە ئەگەر شێوازی گێڕانەوەی ئازارە ناوەکییەکان، ئەگەر تەکنیکی (لەیەککۆبوونەوە)ی گێڕانەوەکان، دانوستاندن بەجێبھێلێ و لەگەڵ وێنەنێت و واقیعی میتافۆڕی و گفتوگۆ بنێتەوە، ئەوە گوتراوی شیعری زمانی کاتی لەدەستچوو بەرەو بۆشایی دەکاتەوە و گەردەلوولی رووتی زمانەوانی بونیاد دەنێت، گەردەلوولی رووتی زمانەوانی وەک رووداو بیرکردنەوەی ئەویدیکەی (خوێنەر/ وەرگر) لەگەڵ خۆی دەکاتەوە! لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە زمانی ئەو شیعرە زمانێکی ھاوگونجاو و کراوەیە، زمانی کراوەش شیعری واڵای لێدەکەوێتەوە.
خەونمان ھەبوو،
‎چیرۆکمان ھەبوو،
‎برینمان ھەبوو،
بینراوی خەون لەسەر بنەمای گێڕانەوەی ناوەکیدا ھەوڵی وڕووژاندنی سۆزداری و پرسی رابردووی ھەڵگرتووە، لەسەر بنەمای زمانی کراوە و شیعری واڵا، کاتی لەدەستچوو و بۆشاییەکانی زمانەوانی رەنگ دەکات. بە دیوەکەی دیکە وەک چۆن لەسەر بنەمای گێڕانەوە نیازی دانوستانی ھەیە، بە ھەمان شێوە دەشێ لەسەر بنەمای زمانی شیعری قابیلی گفتوگۆکردن بێت.
گوتمان بینین فیکرە، گوتنیش فیکرە، بەڵام ئەوەی بینین و گوتن لێکجیا دەکاتە (پرسی ئازادی -بۆ کوێ؟) و (کاتی لەدەستچوو-بۆ کوێ؟)یە، پرسی ئازادی ئێستاییە و کاتی بەسەرچوو دەکەوێتە رابردووەوە. ئەوەی بینین و گوتن لێکجیا دەکاتە، جیاوازی نێوان لەیەککۆبوونەوە و جیاوازییە، جیاوازی نێوان ناوەوە و دەرەوەیە… ئەو جیاوازییانە لە کاتکوشتنی شاعیردا پەیوەندی بە نەگەڕانەوەی گەردەلوولی سەیرورەی زمانەوانییەوە دەکەن.
‎من ئەو رۆژانە دەستم بە دڵی شکاومەوە گرتبوو و ڕام دەکرد،
‎گوێم لێبوو دەیانگووت شێتە.
‎وەک منداڵ بۆت دەگریام، دەنگم دەرنەدەھات،
‎وەک توتکە سەگی لاکۆڵان دەنوزامەوە.
گوتمان توانەوە و ھێزی وێنەی ناوەکی، لە چەمکی بینیندا شێوە ناگرن، ئەگەرچی پەیوەندی راستەوخۆی گەردەلوولی رووتی زمانەوانی گوتن دەھەژێنێت و شیعرییەت دەنێتەوە، بەڵام لە دێرەکانی پێشتر گوتمان کاتێ گەردەلوولی رووتی زمانەوانی لە سەیرورەدا بێ، کاتی بەسەرچووی ناوەوە لێرە نییە، چونکە داھێنان لە سەیرورە و لە گۆڕانی بەردەوامدایە. داھێنانی ئەو تابلۆ/ قەسیدەیە ئیش لە ھەستی دڵتەنگی و جێکەوتەی وێرانەیی ناوەوە دەکات، کە وێنەنێتەکان وەک میتافۆڕ پەیوەندییە جیاوازەکانیان ئاشکرا دەکەن، وەک ئەوەی بڵێ من سەر بە نەوەیەکم کە رابردوو ھیلاکی کردووە، بەڵام شیعرییەت لەسەر وێرانەیی دەروون نەوەستاوە، بەڵکو بە ھۆی گەردەلوولی رووتی زمانەوانی دەجولێ و ناوەوە دەخاتە ھەژانەوە. شیعرییەت، وەک کەسێکی تر قسان دەکات، نەک وەک شاعیر و وێنەنێتەکان، وەک بۆشایی خۆی دەنوێنێ، نەک وەک جێکەوتەی خودی. بۆشایی شیعرییەت فۆڕمێکی تایبەتە و بەشەکییە لە ڕێگای ئەویدیکەی نادیارەوە دەدوێت، نەک دیار.
تابلۆ/ قەسیدەی (ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات) ھەم تاکە کەس جێدەھێلێ و ھەم لە خود دەترازێ، لە کلاسیکدا تاکە کەس لەگەڵ بووندا تەریب و درێژ دەبێتەوە و لە جیھانی ڕۆمانتیکدا ئەوە خود بوو قسەی دەکرد. بەڵام لەو خوێندنەوەیەدا تابلۆ/ قەسیدەی (ئاگرەکەت لەگەڵمدا ھات) بەتەواوەتی لە تاکە کەس و خود جیاوازە. چونکە وەک تابلۆ لەگەڵ لەیەککۆبوونەوە و تەکنیکی دووبارەکردنەوە و شێواندنی ھێل و رەگەز و توخمەکان لەگەڵ نواندنەوە درێژ بۆوە و بەپاڵ نواندنەوە لە وێنەی دیجیتاڵی خۆی نمایش دەکاتەوە. دواتریش تەماشاکردنی وەک قەسیدەیەکی زمانەوانی رووت ھەموو ئەوانە تێدەپەڕێنێت. ئەمەیش ھەروا سادە و بە ھۆی ھێزە نادیارەکانەوە نییە. بەڵکو بە ھۆی گەردەلوولی رووتی زمانەوانی و سەیرورە و گۆڕانی بەردەوامییەوەیە، بە ھۆی بیرکردنەوەی جیاواز و ھەمەڕەنگی و ئەرزش دانانە بۆ ھەمووانە…
واتە دوای ئەوەی لەو خوێندنەوەیەدا (یەککۆبوونەوە)ی ئازارەکانمان نووساند بە جیاوازی وێنەنێتەکانەوە، ئینجا جیاوازی تاکە کەس و خودمان تێپەڕاند، لەوێوە لە جیاوازی راستییە گەورەکراوەکانی وێنەنێت، گەردەلوولی رووتی زمانی ھەڵدەکا و نوێنەرایەتی بۆشایی شیعرییەت و سەیرورە و شیعرییەت دەکات.
بەڵام دەموویست پێش مردنم،
‎ڕەنگی
‎شینی
‎ژێر
‎ملی
‎باڵندە
‎ببینم….
ھەولێر ٢٧/٦/٢٠٢٤

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا