ئەمبار

بێهزاد قادری

.

ئارامیی لێ بڕابوو؛ جاربەجار هەموو لەشی دەهاتە لەرزە و ئارەقی دەردەدا. لە شوێنێکدا ئارامی نەدەگرت و بەردەوام دەسووڕایەوە؛ دڵیشی بەتوندی لێی دەدا و پەرێشان ببوو. لەگەڵ خۆی دەیگوت: 

”ئەی هاوار ئەمە ئیتر چ هەستێکی ناحەزە؟! بۆچی من وەهام؟! بۆچی دەبێ حەزم لە کردەوەیەکی وەها قێزەون بێت؟! دڵنیام لەبەر ئەم کارانەم، جێگام جەهەندەمە! چی بکەم ئەی هاوار؟! بۆچی وا هەست دەکەم کەسێکی تر لە مندا دەژیت؟!”

سەیرێکی لەشی هاوڕێکەی کرد کە لەبەر دەمیدا بە پشتدا کەوتبوو. هەناسەی نەدەکێشا، نەبزیشی لێی نەدەدا؛ مردبوو! عەلی دەستی بە کەمەریەوە بوو و سەیری تەرمەکەی دەکرد، ئاو و ئارەقی ببووه یەکێک و ڕەنگی مردووی لێ نیشتبوو. گوتی: 

”ئەرێ بڵێ چی ڕووی دا باوکەڕۆ! چۆن ئاوا جەڵتە لێی دایت و ڕمایت؟! ئێستا من چی بکەم؟! قووڕی کوێ لەسەرم بگرم؟!”

لە تەنیشتی تەرمی هاوڕێکەی دانیشت و دەستی هەڵپێکا و سەیری دەکرد. بەتوندی هەناسەی دەکێشا و وەک ئەوە وابوو چەند کیلۆمەترێک ڕای کردبێت. لەگەڵ خۆی دەیگوت: 

”ئێستا زەنگ بۆ پۆلیس دەدەم و هەموو شتێکیان بۆ دەگێڕمەوە؛ خۆ هەڵەی من نەبوو؛ خۆی دڵی لەکار کەوت؛ پشکنینی پزیشکیش بەدڵنیاییەوە دەری دەخات. خۆ پێکەوە قسەمان دەکرد! چۆن ئاوای لێهات؟!”

مۆبایلەکەی دەرهێنا و ویستی زەنگ بۆ پۆلیس بدات؛ ژمارەکەی لێدا، بەڵام پەشیمان بووەوە! کاتژمێر لە دووی شەو لای دابوو. لە کونجێکی ئەمبارەکە، لەلای تەرمەکەدا دانیشتبوو و چاوی بڕیبووە زەوی. ئەو شەوە لەگەڵ هاوڕێکەی، پاسەوانی ئەو ئەمبارەی بوون کە تازە باریان بۆ هاتبوو؛ پێکەوە قسەیان کردبوو کە لە ناکاو هاوڕێکەی دەستی برد بۆ لای دڵی و ڕمابوو! عەلیش هەرچی هەناسەی پێدابوو، هاوڕێکەی نەهاتبووەوە. ئەو ڕۆژە هەر دەستی بە زگیەوە ببوو و گوتبووی کە مەعیدەی ئێشێت! پێشتریش ناڕاحەتیی دڵی ببوو، بەڵام قەت جیددی نەیدەگرت. بۆ چارەکێک دەچوو کە مردبوو، بەڵام عەلی زەنگی بۆ پۆلیس نەدابوو! چووبووە خەیاڵەوە: 

”کەس نازانێت دڵنیام!”

سەری بەرز کردەوە و نەختێک چاوەچاوی کرد و سەیری دیوار و تاقەکەی کرد و گوتی: 

”ئەم بەشەی ئەمبارەکەیش کە کامێرای نهێنیی نییە! دڵنیام کە کەس نازانێت. نابێ زۆر بخایەنم؛ زوو ئەنجامی دەدەم و زەنگ دەدەم بۆ پۆلیس.”

ئەمبارێکی گەورە بوو و لە دەرەوەیش دوو سەگی پاسەوانیان لەلای دەرگاکەدا بەستبووەوە و بەردەوام دەوەڕین! عەلی و هاوڕێکەی نەیاندەزانی ئەمباری چییە! ماوەیەکیش لەوێ کاریان دەکرد و شەوانە پاسەوان بوون. خاوەن ئەمبارەکەیش پێیانی سپاردبوو کە قوتەقوتی زیادە نەکەن و گەر کێشەیەکیشیان بۆ پێش هات، زەنگ بۆ ئەو بدەن، نەک پۆلیس! مووچڕکەیەک هەموو لەشی هەژاند و ئاوڕێکی بە نێو ئەمبارەکەدا دایەوە و گوتی: 

”ئێرە کەسی لێ نییە؛ دەی خێرا بکە و بڕیاری خۆت بدە؛ دەی خێرا بکە.”

دەستی بەرەو تەرمەکە ڕاکێشا؛ ئارەقی لێ دەچۆڕا؛ هەستی دەکرد شتێک وەک دەعبایەک، لە دەروونیدا پەلەقاژێیەتی و هەر سات ئەگەری هەیە بێتە دەرەوە! لێدانی دڵیشی بەرزتر بووەوە. نەیوێرا و دەستی لە ئامێز گرت و بەتوندی گووشای. هەستی کرد کەسێکی تر لەنێو ئەمبارەکەدایە! هەستایەوە و “باتۆمـ”ـەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت تا سەیرێکی دەوروبەر بکات. هەموو گڵۆپەکانی نێو ئەمبارەکە دەگڕان. بوونێک ئازاری دەدا، بەڵام هیچ بوونێک بوونی نەبوو! لەگەڵ خۆی گوتی: 

”ئەم ئەمبارە تەنیا یەک دەرگای گەورەی هەیە و لە پشتەوە دامخستووە و ناشۆیە کەسێک بتوانێت بێتە ژوورەوە! سەگەکانیش کە لەبەر دەرگان و پەلاماریان دەدەن. تا خۆم دەرگاکە نەکەمەوە، خاوەن ئەمبارەکەیش ناتوانێت بێتە ژوورەوە. ئەمە ئەو هەلەی بوو کە دەمویست!”

بەرەو دەرگاکە ڕۆیشت و لە قوڵفبوونی دڵنیا بووەوە. بەرەو تەرمەکە ڕۆیشتەوە و هەر هەنگاوێک کە نزیکی دەبووەوە، زۆرتر دڵەڕاوکێ دەیگرت و زۆرتر هەستی بە جمەی دەعباکەی ناخیەوە دەکرد! کە نزیکی تەرمەکە بووەوە، چاوی پەڕییە تەوقی سەری! تەرمەکە پێچەوانە ببووەوە و بە دەمدا ڕمابوو! ماقی ببوو و دەمی داچەقابوو؛ ئارقی دەردایەوە؛ چاوی قونجاند و بە قۆلی، ئارەقی دەموچاوی خاوێن کردەوە. کە چاوی کردەوە، دیتی تەرمەکە بە پشتدا کەوتووەتەوە! خەریک بوو دڵ ئەمیش دەتەقی و وەک هاوڕێکەی جەڵتە لێی دەدا! بە خۆی گوت: 

”بەدڵنیاییەوە ساویر گرتوومی!”

قامکی خستە سەر نەبزی تەرمەکە، لێی نەدەدا. هەناسەیشی کە بڕابوو. بەرەو ژووری پاسەوانییەکە ڕای کرد! ژوورەکە لەلای دەرگاکەوە بوو. دەست و دەموچاوی شۆرد و لە ئاوێنەکەوە سەیرێکی خۆی کرد؛ چاوێکی ڕەش و برۆیەکی پەیوەستە. تەمەنی بیست‌وپێنج ساڵ بوو و زانکۆی لە نیوەوە وێڵ کردبوو و تازە سەربازیی تەواو کردبوو. تۆزێک مووی سەری هاتبووەوە و باڵایەکی بەرزی پێوە بوو و ئەوەندە لەڕ بوو، خەریک بوو لە ناوەڕاستەوە دەشکایەوە. ڕوو بە ئاوێنەکە گوتی: 

”تۆ ئەمەیت کە ئێستا هەیت و دەبێ ئەمە قەبووڵ بکەیت! تۆ ناتوانیت کەسێک بیت کە دوورە لەو شتەی کە دەروونت دەیەوێت. تۆ ئەشێ ئەو کارە بکەیت، وەک چۆن پێشتر کردووتە. ئەگەرنا خیانەتت بە خۆت و هەستەکانت کردووە. وەک چۆن پێشتر پێتیان نەزانیوە، ئەم جارەیش وەک ڕێوی دەردەچیت! تۆ نابێ خیانەت بە خۆت بکەیت. ئەم هەستە بەشێکە لە تۆ و بەدڵنیاییەوە هەر تۆ لەم جیهانەدا وا نیت؛ کەسانێک هەر هەن؛ دڵنیام کەسانێک هەر هەن. دروستە کەس لێت تێناگات، بەڵام تۆ خۆت لە خۆت تێدەگەیت! گرینگ خۆتی نە خەڵکی تر.”

بەردەوام سەیری خۆی دەکرد و لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد. زمانی دەرهێنا و لێوی تەڕ کرد و چاوی قونجاند و هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی؛ چاوی کردەوە و ژوورەکەی بەجێ هێڵا و بەرەو تەرمەکە ڕۆیشتەوە. هەنگاوی گەورە گەورەی هەڵدەگرت. هەر دووکیان جلی تایبەتی پاسەوانانیان لەبەردا بوو. سەیرێکی ڕووخساری هاوڕێکەی کرد: کوڕێکی گەنجی سەوزە؛ ڕیش و سمێڵی تاشیبوو؛ لە عەلی نزمتر بوو، بەڵام قەڵەوتر بوو و قژێکی جوانی پێوە بوو. چاوی ماسیبوو و لێوی بۆر ببووەوە. عەلی دووبارە لە جێگەی خۆیدا وشک بووەوە. دانیشت و سەری هاوڕێکەی خستە سەر ڕانی و گوتی: 

”پێم خۆشە بەسەرهاتێکی خۆمت بۆ بگێڕمەوە. بەشکم بیبیسیت. تا ئێستا بۆ کەسم نەگێڕاوەتەوە! کەسی باشتر لە تۆم دەست ناکەوێت تا بۆی بگێڕمەوە.”

سەیری ڕووخساری هاوڕێکەی کرد و درێژەی دایەوە: 

”نازانم بۆ وا هەست دەکەم دەبێ ئەم بەسەرهاتە بگێڕمەوە؟! بەڵام پێویستە بیگێڕمەوە و تۆ تەنیا کەسێکیت ئەوەندە متمانەم پێی هەیە و دڵنیام لێم تێدەگەیت. لێیشم تێنەگەیت، کێشە نییە.”

چاوی بڕیبووە هاوڕێکەی و هەستی نەدەکرد مردووە! دەروونی هەڵشێوابوو و هەڵسوکەوتی لە ناهوشیارەیەوە هەڵدەقووڵا! گوتی: 

”کاتێک سەرباز بووم، خۆت کە دەزانیت، لە پاسگایەکی نێو جادەدا پاسەوانیم دەدا. لە نزیکترین شار پەنجا کیلۆمەتر زیاتر دوور بووین. جادەکەیش لە تەنیشتمانەوە بوو و وەک جادەکانی تر قەڕەباڵغ نەبوو. شەوێکیان کاتژمێر یازدەی شەو بوو کە من پاسەوانیم دەدا؛ لە دوورەوە کەسێکم دی کە بە شەلەشەل بەرەو پاسگاکە دەهات! وەک “زامبی” دەیناڵاند و بەرەو ئێمە دەهات. زۆر ترسام و کڵاشینکۆفەکەم بەرەو ڕووی گرت و قیڕاندم: (ڕاوەستە! لە جێی خۆتدا ڕاوەستە!) هەر گوێی پێ نەدام و بەرەو لامان بەو شێوازە ترسناکە هەڵ دەهات! لە کەنارەی جادەکەوە بەرەو ئێمە دەهات. چەند جاری دیکە پێم گوت کە ڕاوەستێت، بەڵام هەر دەهات. فیشەکێکی ئاسمانیم تەقاند؛ کابرا کە بیست مەترێک لە پاسگاوە دوور بوو، وەستا و بە گریانەوە قیڕاندی: (توخوا فریامان بکەون! ژن و منداڵەکەم مردن! ئەی هااااواااااار…) چەپۆکێکی دا بەسەر خۆیدا و لە قەراخی جادەکەدا ڕما.”

عەلی تفێکی قورت دا و درێژەی دایەوە: 

”فەرماندەی پاسگاکە و چەند سەربازی دیکە بە تەقەکە خەبەریان بووەوە و بە چەکەوە هاتبوونە دەرەوە و خەریک بوو زیڕەیان دەکرد! فەرماندەکە بەترس و بەتووڕەییەوە پێی گوتم: (چی بووە ئەوە؟! بۆ تەقەت کرد؟!) گوتم: (کابرایەک بەرەو ئێرە هات و پێم گوت کە ڕاوەستێت، بەڵام ڕانەوەستا و ناچار بووم ئاسمانی تەقە بکەم.) فەرماندە گوتی: (کوا؟! لە کوێیە؟! چەکدارە؟!) گوتم: (نە چەکدار نییە! ئەوە لە دەرەوەیە و لەسەر جادەکەدا دانیشتووە و دەگریەت و دەڵێت فریام بکەون، ژن و منداڵەکەم مردن!) فەرماندەکە بە حەبەساوی سەربازێکی ناردە دەرەوە و پێی گوت: (بڕۆ ئەو کابرا بهێنە ماڵەوە، ئاگاداری دەوروبەر بیت، ئێمەیش ئاگامان لێت هەیە. هیچ مەترسە.) سەربازەکە بە ترس و لەرزەوە ڕۆیشتە دەرەوە و ئێمەیش ئامادەباش ڕاوەستابووین و چەکەکانمان ئامادەی تەقان بوو. سەربازەکە چووە ژێر باڵی پیاوەکە و بەسەختی هێنایە ماڵەوە. هەموو جەستەی خوێن بوو و جلەکانی شیتاڵ‌شیتاڵ ببوونەوە. لووت و تەوێڵیشی شکابوو. فەرماندە لێی پرسی: (چی بووە بزانم؟!) کابرا لە حاڵی مەرگدا بوو کە زۆر بەسەختی گوتی: (توخوا فریای ژن و منداڵەکەم بکەون! دوو سێ کیلۆمەترێک لە خوارترەوە ئۆتۆمبیلەکەمان وەرگەڕا… توخوا فریایان بکەون.) کابرا ئەوەی گوت و بێهۆش کەوت.”

عەلی چەند چرکەیەک بێدەنگ بوو و گوتیەوە: 

”لە پاسگا دوو ئۆتۆمبیلمان بوو، کە یەکێکیان خراپ ببوو و بڕیار بوو ڕۆژی دوایی بێن و چاکی بکەنەوە، بۆیە فەرماندە و من و سەربازێکی دیکە و کابرا بریندارەکە، سواری ئۆتۆمبیلەکە بووین و بەرەو ئۆتۆمبیلە وەرگەڕاوەکەی کابراکە ڕۆیشتین. کابرایش بەحاڵ چاوی دەکرایەوە، بەڵام لە بێتاقەتیی ژن و منداڵەکەیدا هەوڵی دەدا لەوە زیاتر پەکی نەکەوێت. دوو کیلۆمەترێک لە پاسگاکە دوور کەوتینەوە کە لە کەنارەی جادەکەدا ئۆتۆمبیلەکەمان دی کە هیچی نەمابووەوە و وەک قومقومە نرابووە یەک و چرا ئیستۆپێکی کاری دەکرد. خێرا دابەزین و بەرەو کەسەکانی نێوی چووین. دوو کوڕی منداڵی تەمەن شەش و هەشت ساڵانی تێدا بوو، لەگەڵ ژنێکی قەڵەو. پیاوەکە نەیتوانی لەنێو ئۆتۆمبیلەکەمان دابەزێت و بە دەنگی پچڕاوەوە گوتی: (توخوا پێم بڵێن کە زیندوون!) فەرماندە نەبزیانی گرت و منیش چراقووەم بۆی گرتبوو، گوتی: (منداڵەکان زیندوون، بەڵام ژنەکە مردووە!) هەموو گیانیان ببووەوە خوێن و بێهۆش ببوون. کابرایش لەوێ یەکسەر لەسەرخۆی چوو. فەرماندە گوتی: (لێرە هێڵی مۆبایل کار ناکات و ناچارین خۆمان بیانبەین بۆ شار. ژنەکە تازە تەواوی کردووە، تەنیا جێی دوو منداڵەکەیشمان هەیە!) ترسێک دایگرتم کە درێژەی دایەوە: (دەبێ گیانی دوو منداڵەکە و بابیان نەجات بدەین.) ڕووی کردە من و گوتی: (تۆ دەبێ لێرە بمێنیتەوە و ئاگاداری ئۆتۆمبیلەکە و تەرمی ژنەکە بیت، تا سێ چوار کاتژمێری تر لەگەڵ ئامبوڵانسێک دەگەڕێینەوە و تەرمەکە دەبەن.) زمانم هەڵنەدەچەرخا و خەریک بوو زیڕەم دەکرد، بەڵام هیچ چارەیەکم نەبوو جگە لەوەی بڵێم: (ئیتاعەت قوربان…).”

سەری هاوڕێکەی هەر لە باوەشدا بوو کە درێژەی دایەوە: 

”دوو کوڕە منداڵەکەیشیان خستە نێو ئۆتۆمبیلەکە و ئەوان ڕوو بە شار ڕۆیشتن و منیش لەنێو ئەو جادە چۆڵەدا و لەلای ئۆتۆمبیلێکی تێکشکاو و تەرمێکی ترسناکدا مامەوە! ژنەکە و کوڕێکی لە سەندەڵیی پشتەوە بوون و زۆر شپرز نەببوون! ئەو کوڕەی کە لای دەستی باوکیەوە بوو، زۆر وێران ببوو. شووشەکانی پێشەوەی شکابوون و هیچی پێوە نەمابوو، بەڵام شووشەکانی پشتەوە جگە لە هی لایەکی کە شکابوو و سەری ژنەکە کەوتبووە ئەو دیوەوەی، تەنیا درزیان بردبوو. ئۆتۆمبیلەکە کەوتبووە تل و لەسەر تایەکانی وەستابووەوە. لە دەرەوە وەستابووم و خەریک بوو زیڕەم دەکرد. زووزوو چراقووەم دەخست لە دەوروبەر، دەترسام چەتە یان ئاژەڵێکی دڕندە هێرشم بۆ بەرێت. کڵاشینکۆفەکەیشم ئامادە کردبوو. تازە گەلاوێژ کەوتبوو و هەوا زۆر فێنک بوو. ئاسمانیش ساف، هەموو ئەستێرەیەک دەبینرا. ئاسمان بەو گەورەییە پڕ بوو لە بێدەنگی و ئارامی، بەڵام دڵی من، پڕ بوو لە بژاڵ و ترس. هەر کە خشەیەک دەهات، خەریک بوو زەندەقم بچێت. سەیری کاتژمێرم کرد، تازە پێنج دەقە تێپەڕی بوو! کات ڕاوەستابوو. چراقووەکەم گرت لە تەرمی ژنەکە، یەکسەر خوێن بوو. بەرەو ئەو لای ئۆتۆمبیلەکە ڕۆیشتم. سەری ژنەکە کەوتبووە دەرەوە و شووشەیەک چووبووە نێو ملیەوە و شادەماری قرتاندبوو و دەرگای ئۆتۆمبیلەکە بە خوێنی ئەوەوە ڕەنگ کرابوو. دڵم وەک دڵی چۆلەکە، بەتوندی لێی دەدا. بێ ئەوەی ئاگام لە خۆم بێت، چەکەکەم کردە شانم و سەری ژنەکەم گرت و شووشەکەم لە ملیدا دەرهێنا و سەریم خستەوە نێو ئۆتۆمبیلەکە و پاڵم دا بە سەندەڵیەکەوە. لە ناکاو خشەیەکم بیست! زۆر لێم نزیک بوو؛ خۆم بۆ نەگیرا و خێرا لەو دەرگاکەی ترەوە سوار بووم و دەرگا شکاوەکەم بەسەختی بەست. لە تەنیشت تەرمەکەوە دانیشتبووم! دڵم بەتوندی لێی دەدا و هەستێکی نامۆیش وەک خۆرە کەوتبووە گیانم! سەرەتا نەمدەوێرا سەیری تەرمەکە بکەم؛ دواتر جارجار سەیریم دەکرد و خێرا سەرم وەردەچەرخاند. لێی دەترسام!”

دەمی وشک ببوو و دەنگی گۆڕابوو کە درێژەی دایەوە: 

”چەند خولەک تێپەڕی و ئارامییەک باڵی بە سەرمدا گرت! سەیری ڕووخساری خوێناویی تەرمەکەم کرد؛ پەڕۆیەک لەنێو ئۆتۆمبیلەکەدا بوو، وابزانم هی خاوێنکردنی ئۆتۆمبیلەکە بوو، هەڵمگرت و هێنام بە دەموچاوی ژنە مردووەکەدا و ویستم خوێنەکەی خاوێن بکەمەوە! خوێنەکەی پێوە لا نەدەچوو. چوومە دەرەوە و لە سندووقی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکەدا، جێ ساردییەک ئاوی تێدا بوو، هێنام و چوومەوە تەنیشت تەرمەکە و دانیشتم و دەرگاکەم بەستەوە. بە ئاوەکە خوێنی دەموچاویم لابرد و هەر بەو پەڕۆیە، ملی کە شکابوو و سەری دەکەوتە ئەو لایەوە، توندتوند بەست کە ئیتر خوێنی لێ نەچێت. ڕووخساری کەوتبووە دەرەوە و جگە لەوەی کە لێی نەدەترسام، حەزیشم لێی دەکرد! چرای نێو ئۆتۆمبیلەکە لە کار نەکەوتبوو و ڕۆشن بوو. تەنانەت یەک ئۆتۆمبیلیش لەوێوە تێنەدەپەڕی! ترسی بوونی چەتە لەنێو جادەدا، هۆکەی بوو. بێ ئەوەی کونترۆڵێکم بەسەر خۆمدا هەبێت، دەمم خستە دەمی تەرمی ژنەکەوە! گوێت لێمە هاوڕێم؟! بێ ئەوەی تەریق ببمەوە، بێ ئەوەی هەستێکی ناخۆشم هەبێت، بێ ئەوەی ویژدانم ئازارم بدات، سەری ژنەم گرت و دەمم خستە دەمی و لێویم هەڵدەمژی! لێوم ببووە خوێن، بەڵام هەستم دەکرد هەموو دونیا هی منە! ماچی هیچ کچێکی زیندوو ئاوا هەستی خۆشی پێ نەدابووم! مەمکیم گوشی و ماچم کرد و هەر لەنێو ئەو ئۆتۆمبیلە تێکشکاوەدا و لەنێو ئەو شووشە شکاوە و خوێن ڕژاوانەدا، ئەو تەرمەم گا! دەزانم ئێستا وا بیر دەکەیتەوە کە من شێتێکی ڕەوانیم! خۆیشم نازانم بۆ هەستم بە خۆشترین هەستی دونیا دەکرد! بەر لەوە دەستم لەو تەرمە بکەوێت، کاتم لێ نەدەچوو، بەڵام کە دەستم لێی کەوت، نەمزانی چۆن بوو کە سێ کاتژمێر تێپەڕی! حەزم دەکرد تا یەک ساڵی تر ئەو ئۆتۆمبیلە لەوێ بێت و ئەو تەرمە لەنێویدا بێت و یەک کەسیش لەلام نەبێت! بەڵام فەرماندە هات و ئامبوڵانسێکیش هات. نزیک سێی شەو بوو، کە تەرمەکەیان خستە نێو ئامبوڵانسەکەوە و بردیان. فەرماندە لێی پرسیم: (ڕووخساری ئەو ژنە خۆ هەر خوێن بوو! چۆن وای لێهات؟!) بە سترێسەوە وەڵامم دایەوە: (لە دەرەوە بووم کە دەنگی سەگ و گورگ دەهات، زۆر ترسابووم و ناچار بووم لە تەنیشت تەرمەکەوە دابنیشم. لە بەرەوە نەمدەتوانی، پڕ بوو لە وردە شووشە. ئیتر لە تەرمەکەیش زۆر دەترسام و دەموچاویم شۆرد. وەها ترسم کەم ببووەوە!) فەرماندەکە بە سەرسووڕمانەوە سەیری دەکردم، دەیزانی ڕەنگی ڕووخسارم گۆڕاوە و دەنگیشم دەلەرزێت و شتێکی لێ دەشارمەوە،  بەڵام جگە لەوەی گوتی: (من گەمژە نیم!) هیچی تری نەگوت و پێکەوە گەڕاینەوە پاسگا. ئەو شەوە تا ڕۆژ بووەوە خەوم لێ نەکەوت و بەردەوام لە بیری ئەو تەرمەدا بووم!”

عەلی سەری هاوڕێکەی خستەوە سەر زەوی و هەستایەوە و کەوتەوە جووڵەکردن. ڕوو بە تەرمی هاوڕێکەی وەستا و گوتی: 

”ئێستا تۆ گرینگترین نهێنیی ژیانی من دەزانیت. ئەرێ من ئاوەها مرۆڤێکم! من ئەوەندە پیس و نامرۆڤم کە لەگەڵ لەشی ژنێکی مردوودا سێکسم کردووە و لەوپەڕی بێشەرمیشەوە دەڵێم کە خۆشترین هەستم لەو کارە هەبووە! مردنم باشە، ئەری؟!”

کەوتەوە جموجوڵ کردن و بە خۆی دەگوت: 

”بەڵام هاوڕێم، بڕوات هەبێت هیچ حەز ناکەم ئاوەها کەسێکم! ساڵێک لەو شەوە تێدەپەڕێت و شەو نییە بیر لەو ڕووداوە نەکەمەوە! لەگەڵ کەسی تردا بووم، بەڵام هیچ کەس نەیتوانیوە نیوەی نیوەی نیوەی ئەو تەرمە، هەستی خۆشم پێ ببەخشێت! ئەی خوا لەحنەتم بکات…”

لە تەنیشتی تەرمەکە دانیشتەوە و دەستی هەڵپێکا و گوتی: 

”ئەوەندە گوشارم بۆ هاتووە کە چەند جارێکیش پیلانم داڕێژاوە کە کچە هاوڕێکەم بکوژم و لەشە مردووەکەی لە ئامێز بگرم! ئیتر بزانە ئەو هەستە نامۆیە چی بێت لە ناخمدا کە ئاوەها کاری تێکردووم و دەیەوێت بمکات بە بکوژێکی دڕندە! بەڵام لە خوا بەزیاد بێت کە تا ئێستا ئەم هەلەم بۆ ڕێ نەکەوتووە. ئەگەریش بۆم ڕێ بکەوێت، لە خۆم دڵنیا نیم کە بتوانم خۆم کونترۆڵ بکەم! نا، نا! بەدڵنیاییەوە ئەو کارە دەکەم.”

ئاو پەڕییە چاوی و گوتی:

”کام ئاژەڵ دەتوانێت وابێت؟! بەدڵنیاییەوە شتی وا لە سروشتی هیچ ئاژەڵێکدا نییە، لەنێو سروشتی مرۆڤدا نەبێت! بەڵام تۆ پێم بڵێ هاوڕێم، چۆن کونترۆڵی بکەم؟ ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر دەمبزوێنێت و داوای شتی وام لێ دەکات! یەک ساڵ تێدەپەڕێت و تەنانەت هەر کاتیش کە شەیتانی دەبم، لەو کاتەوە بە تەرمی مردووەکانەوە شەیتانی دەبم! خوا خوامە شەوێک تا بەیانی تەرمی مردوویەک لە مردووشۆرخانەیەک بەرەڵا بکەن و بچم لە ئامێزی بگرم! ئەرێ هاوڕێم؛ ئەمە منم! بڕوات دەکرد هاوڕێیەکی وەهات ببێت؟! نا، قەت بڕوات نەدەکرد! هەرگیز باوەڕت نەدەکرد مرۆڤێکیش لەسەر ئەم عەرزەدا ببێت کە وەها حەزێکی ببێت. لە خوامە خزمێکی نزیکم بمرێت و لێیان ببپاڕێمەوە کە من لەشی بشۆم! بە فشە بەسەر تەرمەکەیدا بگریەم و لە ئامێزی بگرم و ماچی بکەم! حەزم دەکرد من لە جێگەی ئەو مردووشۆرە ئیتالیاییە دەبووم کە دەڵێن لەگەڵ تەرمی مردووی زۆرتر لە سەد ژندا سێکسی کردووە!”

ماچێکی هاوڕێکەی کرد و گوتی: 

”ئێستا دڵنیام لێم تێدەگەیت؛ دڵنیام دەزانیت کە ئەمانە هیچیان هەڵەی خۆم نییە و تەنیا هەستێکە لە دەروونمدا و هیچ شتێک ناتوانێت ڕاگیری بکات.”

عەلی تەرمی هاوڕێکەی بە دەمدا خست و دەستدرێژیی کردە سەر. هەستی دەکرد هەموو خۆشییەکی دونیا هی ئەوە! کە کاری تەواو بوو، تەرمەکەی هەڵگەڕاندەوە و ماچێکی تەوێڵی کرد و لە ئەمبارەکە چووە دەرەوە و بۆ هەمیشە عەلی لە چاوان ونبوو! بەڵام جارجار هەواڵ و دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە گۆڕی تازەمردوویەک لە فڵان شار و فڵان گونددا هەڵدراوەتەوە!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا