پانۆرامای مەرگ
بیژەن ڕەحمانی
.
به درێژایی تەمەنی قەڵافەتی پیره چنارێک دا هەڵدەچم.
جووتێک هێلکه توێشی ڕێمه و
دنیایەک له بیرچوونەوه.
له کێ پرسم کەسایەتی ئەو مرۆڤەی
ساڵهای ساڵه ژەکی گەرمی بێ بەزەیی دەخواتەوه و
دایکی مێژووش لێی نەبانه؟!
بەیاته نان بۆ خواردن و گیر ناکەوێ بۆ برسێتی
[ئەگەر ژیان بیباتەوه.]ئەوه به دەستێک تەتەله بەردینەکانی سەده مێژووییەکان
به نینۆکی سەری قامکم هەڵدەکرێنم و
به دەستێکیش
خۆم به ناقوسی کلیسای کوڕی مریەم هەڵواسیوه.
ئەوه به پێیەک له دوو ڕێیانی دڕدۆنگیا شەقاو شەقاو بۆ دواوه دەچم و
به پێیەکیش
له شەقامی «شانزه لیزه» دا به دوای خاتوون «میتێران» دا دەگەڕێم.
ئەوه به هەناسەیەک له سەرخوشییەکی شەیتانی دا نوقم دەبم و
به هەناسەیەکیش
هێور هێور دێوەزمەی مەرگ له ئامێز دەگرم.
ئەوه به هوروژمێک گێرفانم پڕ دەکەم له هیچ و
به هوروژمێکیش
بەتاڵ بەتاڵ بارگەی تەمەن حەراج دەکەم.
به کێ بڵێم ڕازی تێک شکانی شووشه ی دلم؟!
به کام دەسرازه هەڵیواسم لانکەی تەنیاییم؟!
ئاخ! بایەکانی سەردەمی مناڵی
! ڕا مژێنن ڕا !
به ڕەهەندی تێک قرماوی ژیارێکی کەونارا دا ڕۆدەچم.
کەڕاکەی سەری فرعەون دەبینمەوه و
ده فەرمانه مۆمیایی کراوەکەی مووسا به تاریکی خاک دەبەخشم.
له مەرگەوه بەرەو ژیان دەرباز دەبم؛
[له ژیانەوه بەرەو هیچ!]له دایکبوون سەرەتای رێبازی مەرگه.
ئەوین توانەوه له باوەشی تفتی شەیتان.
چ شەڕخوازه له دایکبوون له سەرەتای تفتی مەرگ؟!
چ هێمنه پەریلەی مەرگ له کۆتایی مزری ژیان؟!
چ بێ وەعده کۆچی دوایی هەناسەکان،
له سەر دوورگەی مەمکەکان دا؟!
ئەی ئەو کەسەی ساڵەهایه چاوەکانت به مۆلەق وەستاون و چاوەڕوانی!
من له بەرەی درۆزنترین ڕاستگۆکانی زەمانەوه له گەڵ تۆ دەدوێم.
دوورم له شاره باکژەکەی ئەفلاتوون دوور،
[له نزیکی هەندەرانم!]گەر بمهەوێ تاریکی شەو به ڕەشایی چاوەکانت راڤه بکەم؟!
گەر بمهەوێ خوشەویستی له ناو لەپی ده ستی هەستما بتوێنمەوه؟!
زۆر له مێژه جەستەی ئەوین له تاراوگەی فامی زەمان، شەڵاڵی خوێنه و
حیلەی هیچ ئەسبێکی سپیش نامهەژێنی!
[مەیتەرەکانی ئەهریمەن فەوتاندیان تۆرەمەی ماینی کەحلان!]من دەمهەوێ چیرۆکی مەینەتی ئەمجار،
به هەوێنی دڵەخورپەی بێ خەبەری بهۆنمەوه
داپلۆخان پەنجەکانم له سەر یاسای تۆبەی نەسووح.
بوونه خەڵووز هیواکانم له سەر تەوێڵی چارەنووس.
به ختەوەری تاپۆیەک بوو له تراویلکەی تەمەن دا!
من دووپاتەی «هەملێت» یەکم بەڵام زڕدایکم خۆش دەوێ.
من نەتیژەی «کاوه» یەکم سوججه ماری هیچ زوحاکێک پێوەم نادا.
قەشەی کلیسای هەندەران،
مەلای مزگەوتی ئاوایی،
قەت قەت وەپێشم ناکەون.
داغ کراوه نێوچاوانم به بەرده مۆری گوناح!
هاودەمی من ئەوینێک بوو، ساڵگارێکه له سەر گازەرای پشت خەوتووەو
ده ڵێن مۆته سواری بووه!
جاڵجاڵوکه تەنیوێتی بەری میچی ژوورەکەمان.
من نووسەری به ناوبانگی کتێبێکم، ساڵها بەر لەوەی بنووسم مردووم!
شەیتانۆکەیەکی دەربەدەرم، له قاپێلکی بەڕماڵی هیچ محرابێک دا جێم نابێتەوه.
من زامداری برینێکم، شەماڵ شمشاڵم پێ لێدەدا.
[شڵته سپێنەی توێشی ڕێگام بۆ بکه مەرهەم!]له خەونێکی مەیلەو مەرگا،
چەشنی جغارەیەک
داتدەگیرسێنم.
باش دەزانم؛
شەوێک بینت پێوه نەنێم؛ دەمرم.
مەگیرانی به سێوەکەی «حه ووا» دەکەم.
هەر چەند دەکەم؛
نا توانم نا
وشەی «هەبوون» له قامووسی کۆنی کەونا مانا بکەم.
بۆنی توندی توتنی تاڵوار کاسم دەکا!!!
[داوەڵەکانی ئیبلیس قۆرغیان کردووه مێرگی ئەوین له پاسارییه کۆچەرەکان!]گوێ ڕاگره!
گوێ ڕاگره بۆ سەمفونیای ترپەی هەشت پێ له کارنەڤاڵی مەرگ دا؛
[له مەرگێکی بەرەو تۆ دا.]
ئیمان بێنه به وەرزی تەنیایی مرۆڤ له ناو سەدەی حەشیمەت دا؛
خۆت بسپێره به چرکەساتی سەفەر له کاتژمێری سیفر دا.
به کێ بڵێم ڕازی تێک شکانی شووشەی دڵم؟!
به کێلەکەی مەزاری خۆم؟!
نانا…!
هەیهات!!!
تۆش بۆ متمانه نابی.