زەردێ | جەلال پوورحەسەن | چیرۆک

جەلال پوورحەسەن

لە ڕێگەدا دوو جاری خۆڵ وەسەر خۆی کردبوو و یەک بە خۆی زیقاندبووی.
باشی بۆ نەدەچۆوە سەر یەک، ئایا ئەو کارەی کردبوو یا نا؟ بەڵام دڵنیا بوو لە کورتە نامەکە ئاوای بۆ نووسیبوو:
“دوازدە ساڵان بووم؛ مام عەوڵای جیرانمان هەموو جارێک کە دەیدیتم دەیگوت زەردێ دەتکەم بە بووکی خۆم؛ منیش دەترسام و تا بەر دەرکی ماڵە خۆمان ڕام دەکرد. حەوت ساڵی بێ بڕانەوە، هەمووی دیدارەکانمان ئەو لە بەر دووکانی کاک حوسێن و منیش لە مەودای دووسەد میتری و ماڵە خۆمان.
چوومە سەر گۆڕەکەی دیسان گەردەنیم ئازاد کرد، چیم کردبا؟ هەر چەند ئەوەی دەیچێژم ئەو نان و ڕۆنە بوو پاشی حەوت ساڵان، پێمی چێشت و ژیانی هەموو کردمە سەرگەرانی. چەند ساڵان لەو دێیە بۆ ئەو دێیە، سەرگەردانی و وەیلانی، هەموو بەشی من بوو. دڵخۆش بووم دڵدارەکەمم هەیە، نەیانهێشت و دڵیان ڕەش کرد، دڵیان کرمێ کرد. گوتی دەبێ سوێندێ بخۆی خەیانەتت پێ نەکردووم، ئەو کە ئەو ساڵانەی خوێندنی لە زانکۆ بۆ خۆی دەیگێڕاوە کە کچان چۆن پێملی بوون. قورعانەکەم هێنا خوارێ لە جێی ئەوەی دەستی پێدادەم لە سەری هەڵپەڕیم. ئیدی هەر ئەو دڵڕەش بوونە بوو.”
یەکەم وشەی بە سڵاو دەست پێ‌کرد، بەڵام زوو پەژیوان بوویەوە؛ گوتی:” کوا بۆ ئەوەی دەمهەوێ بینووسم سڵاو پێویستە؟” چەند وشەی نووسی، لێیان دڵنیا نەبوو ئەوەندە بە ئازار بن و پاشەکشێی پێ بکەن، سڕینییەوە. بە چەند ڕستەیەک دەستی بە نووسین کرد کە دەیزانی وەرناگیرێت و باوەڕی پێ ناکات و نووسی. خۆ سەری شەوێ بنی دڵی ڕووخەک کردبوو.
لە مێژ بوو کۆتایی بە نووسینەکە هێنابوو. دوودڵ بوو لە ناردنی. “خۆ هەر دەبێ ببڕێتەوە، حەوت ساڵی لاویم و حەوت ساڵی ئێستام، ژیانم هەمووی بووەتە چاوەڕوانی.”کرتەی کردە سەر دوگمەکە و ناردی. “ئەوەش زەنگی کۆتایی پەیوندییەکەمان”.

ئێستا مانگێکی لەعنەتی لە ناردنی ئەو کورتەنامەیە تێپەڕیوە، بەڵام بە یەک واژەش وڵام نەدراوەتەوە. یەک مانگ چاوەڕوانی لانیکەم بۆ واژەیەک!
“پێم خۆش بوو جنێوم پێ بدات، بە بێ ئەخلاق و خەیانەتکارم دا بنێت، قسەم پێ بڵێت و لێم تووڕە بێت، بە سەرم دا گوڕاندبای، دە ئەخر شتێک!”
یەکەم جار لە دیوی کارەکەی دیبووی، قەدەرێک بوو هاتووچۆی ئەو شوێنەی دەکرد، هەر لە یەکەم دیدار وەک فریادڕەسێک لێی ڕوانیبوو. ئەرێ بڵێی ئەو کەسە بێت؟ دوای چەندین جەلەسە وێرابووی داوای ژمارەی موبایلەکەی بکات و ئەمیش بێ دوودڵی پێی دابوو.
ویستبووی تێیگەیەنێت کە ئەگەرچی خۆشەویستیی هەمیشەیی دەمێنێت بەڵام هێندێک دۆخ و کات دێنە پێشێ کە دیتران زیاتریان پێویستی پێت دەبێت. ئەو ڕۆژانەی کە پەیوەندییەکەیان قوڵتر ببووە، ئیزنی دابوو خۆشەویستی وەک ئاولەمەیەک لە دەروونی دا پەرە بسێنێت، هەر ڕۆژ تێپەڕیبوو و گەورە ببوو، بە شێوەیەک ملوول ملوولی جەستەی تەنیبوو، ئەو کۆرپەیەی بڕیاری دابوو قەت ڕۆژێک لە مەمکی نەکاتەوە، ئێستا ببووە هەموو دونیای. مرۆڤی چەند جار ژیان و هێلانە شێواو زوو ئۆگر دەبێت.
حەوت ساڵان چاوی لە دەرگا مایەوە، هاتن و ڕۆیشتنەکانی چاوەڕێ کردبوو و مەیل و تاسەی نەشکابوو. وەک شێتان لاپەڕە مەجازییەکان و پلاتفۆڕمەکانی بە دوو دا گڕابوو و ئەوە ببووە بەشێکی ژیانی. “ئەی خودا بڵێی لێمی نەستێنن، بڵێی نیگایەکی دز و بێ‌چاو و ڕوو و دەستێکی حەسوود بۆ لای خۆی ڕانەکێشن؟ ئەوە ژیانی من بوو!”

ماوەیەک بوو گەڕابووە ماڵە بابی، تازە دەهات نەهامەتییەکان فەرامۆش بکات، ئەوەی کە بە زۆری سوێند درابوو، سەرەڕای ئەوەی خەیانەتی پێ کرابوو، ئەویش کەسێک کە حەوت ساڵان بە پێی خۆشەویستییەکەی ڕاوەستابوو و تا خوازبێنی چاوەڕێی کردبوو. دەی دەبێ حاڵی وەها کەسێک چۆن بێت؟ هەمیشە دڵپیسی دەبێتە بەشێکی بوونی، هەمیشە نیگەرانە ئەوەی خۆشی دەوێ چۆن دەجوڵێتەوە، ئەو نیگەرانییە دڵی کرمێ دەکات. هێندە ئەو بابەتە ئازاری دابوو؛ داوای لە کەسانی دوروبەری کردبوو حەولی ڕەش کردنی بدەن، پاڕابوویەوە و گریابوو تا بتوانێ هەڵیقەنێت و فڕێی بدات.

کە هاتە خوازبێنیم بابم ڕازی نەدەبوو، پەڵپی پێ دەگرت، منی لە دەست و دڵی نەدەبۆوە، هێندەی ئەو بارەوبار پێ کرد کە بۆ خۆشی ماندوو بوو، دوای ڕۆیشتنم مانگێک ئەو ماڵە مردووی لێ مردبوو و کەس دڵی خۆش نەبوو.”

“باشە بۆ وڵامی کورتەنامەکەی نەدامەوە؟ بۆ هیچی نەگوت؟ مەگەر چیم نووسیبوو؟” کەمێکی گوشار بۆ مێشکی هێنا، داوای کردبوو ئیتر هیچی بۆ نەنێرێت، چون دەیانسڕێتەوە، دوور ڕاوەستێ و مەودا بگرێت. “باشە خۆ نووسیبووم دەمهەوێ ئاورێک بکوژێنمەوە و پێش بە کارەساتێک بگرم. خۆ هەر بەیانییەکەی پێم گوتبوو هەرچیش ڕوو بدات تۆ خۆشەویستی دنیا و قیامەتم دەمێنی. با گوتبای درۆ دەکەی، ئاور و ئاژاوەت نەکوژانووەتەوە. بەڵکە ئاور و ئاژاوەت لە دەروونی من دا ساز کردووە. بۆم کەوتبا حیساب و کیتابان و گوتبای وەدووی کەیف و مەیلانت کەوتووی. بۆ تەمەنێکی دوور و درێژ لە ماڵ بە کۆڵی و لەو ژیانەوە بۆ ئەو ژیانە، منیش مافمە بیر لە چارەنووس بکەمەوە، مەگەر خۆ سپاردن بە تەقدیر چەندە دەکرێت؟ ئەخر لە بەری پاڕامەوە گوتم دوو مانگان دانیشە تا هەموو شت وەک خۆی لێ دێتەوە.”
ماوەیەک بوو بە تلێگرام قسەیان دەکرد. هەردووک خۆش‌ڕاوێژ و بە ئیشتیاق بوون. زۆر زوو ئۆگری یەک بوون، ئەگەرچی هەردووک سەریان لە ژیانێکی دیکە دابوو، وردە وردە ترس و شەرمیان ڕەوییەوە و لە گفتوگۆ گەرم بوون. کاتێک سەری خۆیان خوێندەوە، هەیهوو سەرە چەرمەکە ئاو بردبووی و ئەوەی نەدەبا قەومابا قەومابوو. مرۆڤەکان ئاوان، تاسە و مەیل پەردە لە ڕواڵەتیان هەڵدەداتەوە و بۆ لای یەک بەکێش دەکرێن. هەمیشە ژیانەکان بۆشاییان هەیە و ئەگەر ئیزن بدرێت ئەو بۆشاییانە وەک کۆنە برین هەڵەسوون دێننەوە و گۆشتپارە دەخەن.
سەری شەوێ گۆرانییەکی نەجمەی غوڵامی ناردبوو. “فریا نەکەوتم بیبیستم، لەگەڵکوو چرتە لە موبایلەکەم هات و چاوم لێ گێڕا لە دەستی سەندم و یەکسەر پاکی کردەوە. هەمووی تەقسیر لە خۆمە منێک کە قەت ئیزنم نەدابوو کەس سەر بە موبایلم داگرێت بە قیمەتی مەرگیشم بایە، ئێستا ئیزنم دابوو ئەو نەخۆشی ناتەواوە ڕەمزم بۆ دانێت. مانگێکە دەگەڕێم؛ هەرچەند دەکەم نازانم کامیانە و نەجمە دەڵێت چی؟ لانیکەم ئەوە کۆتا شتێک بوو بۆی ناردبووم. هەمیشە هەرچی بۆ یەکمان دەنارد بە هەڵبژاردە و دانستە بوو بۆیە خوێندنەوە و بیستنیان چێژبەخش بوو.”
مانگێکی لەعنەتی و چاوەڕێی یەک وڵام. باشە خۆ دەیزانی لە شتی ناخۆش و ئازاردەر زیاتری بۆ نەنووسیبوو ئەی ئەو چاوەڕوانییە بەری بە کوێوە بوو؟ خۆ هەمیشە کاتێک باسی جودا بوونەوە کرابوو پێی گوتبوو خانم تەرمەکەشت ناخەمە شانی کەس. “ئەوە ئاوا دەبێت؟
ڕەنگە ئەو قسەیەی هەمیشە خۆشترین قسەیەک بووە، تا مردن لە ژیانم دا دەمێنێت، ئەو یەکەمین پیاوی ژیانمە ئاوا دڵنیایی و ئەرخەیانی بۆ درووست دەکردم، بۆیە زۆر جاران کاتی تووڕە بوون ئیزنی سەرکەشیم بە خۆم دەدا. خەونی دیبوو مردبوو، منیش بە کراسێکی ڕەشەوە بە دووی تەرمەکەی دا گەرمەشینم گێڕابوو. خودا نەکە، قەت خەون ڕاست نین، ئەوەندەی مووی سەری منە باڵای عومرت درێژ بێت.”ئەو ئازاری چاوەڕوانییە کە پێی خۆش بوو لانیکەم زۆر بە سووکی و چرووکی وڵامی کورتە نامەکەی دابایەوە و وەک هەمیشە گوتبای ئیشتبات کرد، بەڵام واژەیەکیش چییە وڵامی نەبوو.
ئێمەی مرۆڤ بوویەرێکی سەیر و سەمەرەین، تا یەکتریمان هەیە قەدری یەک نازانین، کاتی لە دەست چوون و دابڕان سەری خۆمان دەخوێنینەوە و لێکی دەدەینەوە کە جێگە و پێگەمان لای یەک چۆنە. جار دەست دەکەین بە خۆ ڕاژاندن و شێعر نووسین و لە داغ و سۆزی دووری و هیجران بیژتن، بە پێی ئەوە گۆرانی و موزیکی حەزین و دڵتەزێن بەرهەم دێنین. ئەو داخ و حەسرەتەی پاش جیایی دەیچێژین ئەگەر سەد یەکی خەرجی مانەوە بکرێت، کوا سۆز و سوختی غەزەلان هێندە کاریگەر دەبوون؟ “بەڵام نا بە ڕاستی خەم هەمیشە بەشێکی ژیانم بووە، قەت دەروەستی نەهاتووم و ئەویش بە مامەخەمە بانگی کردبووم.”
دەمهەویست کامپیوتێرەکە هەڵکەم و پێی بنووسم بەڵام هەرچی کردم پەنجەرەکەی نەهاتە سەرێ. دەستم دایە چەند لاپەڕان و نووسیم. ئێستا دوو مانگە لە گۆشەیەکی دیوی خوێندنەوەم کەوتوون و دەستم بۆ نەبردوون. باشە چیتان بۆ بگێڕمەوە؟ ژیانی تایبەتی مرۆڤە شکست‌خواردووەکان چ چێژێکی بۆ خوێنەر هەیە؟ ڕەنگە ئەوەتان کە بۆ دەنووسم خۆم لایەنێکی ئەو ڕووداوانە بم، باشە! بۆ ڕەنگە، نەخێر بە دڵنیایی هەم.
جارێ دەبێ لەو گۆشەیە بکەون تا لانیکەم ڕەزایەت بدەم کە ئایا دەبێ ئەو بەشە تایبەتە لە ژیانی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە. منێک کە ترسەنۆکانە لە جێی ئەوەی گۆشەنیگای نووسراوەکە لە سەر خۆم بوەستێنم و لە زەین و دەروونی خۆمەوە بۆ ڕووداوەکان بڕوانم. بۆیە نەموێرا، و سەرنج و ناوەندی گێڕانەوەکەم خستە سەر لایەنی بەرامبەرم. بەڵام کوا بۆ کورتە چیرۆک شیاوە گۆشەنیگا بگۆڕی؟ ئەوە قوڕی ترسەنۆکیتە دەیشێلی و مافت نییە لە دەروونی خۆتەوە بۆ ئەو ژیانە بڕوانی کە تۆ هەمیشە دەتگوت لە حەفدە ساڵییەوە خودا پێم قەرزدار کەوتووە و تەنیا حەوت ساڵی قەرەبوو کردووەتەوە. بەڵام ئەویش دەیگوت خەمێکی لێ بخۆ و قوڵتر بیری لێ بکەوە. تۆ داری ترسەنۆکیتە وە سەری خۆت دەکەون! دەی بیچێژە و ئازار بکێشە بێ ئەوەی مافت بێت لەو چیرۆکە بە واژەیەکیش چییە، دەنگ هەڵبڕی.
لە لاپەڕەکان نزیک بوومەوە.
” بە سەر سفرەکە دا داوەتم گرتبوو و هەموو نانەکانم شێلا، دوعا و نزام دەکرد. دەگریام و دەپاڕامەوە و هاوارم حەوت گەڕەک دەڕۆیی. لێمی نەستێننەوە، ئەو منداڵە هەموو سەرمایەی ژیانم بوو، ڕازی نەبووم دەستی لێ هەڵگرم. بەشێک لە بوون و جەستەم بوو، منداڵێکی کەم توانا دە ئەخر هیوام بە کێ بێت پاشە من باوەشی پێدا بکات و وەخۆی گرێ؟ بە هەڕەشە و لێدان، باوکم و براکەم بێدەنگیان کردم.

هەمووی مانگێکی نەخایاند، ژنەکەی پێشووی هێناوە، ناچار بووم وەک دایکێت دەست بە سەر ژیانی ئەمیش بکێشم، هێندێک کەس ئاوان کاتێک ڕێژە و زەریبی خۆڕاگریتیان دەکەوێتە دەست، لە چەوساندنەوە و زوڵم بەردەوام دەبن. ئەو چەند ساڵە قەت لەشم بێ خاڵ و پەڵەی ڕەش و شین نەبوو، سەرەڕای ئەوە خۆم پێی ڕاهێنابوو، بەڵام چیم لە خەیانەتی خۆی و براژنەکەی کردبا؟ بیهێنە بەردیدەی خۆت کاتێک ڕووداوێکی ئاوا بە سەرت دا تێپەڕ دەبێ، چۆن ئیتر هەموو پیاوەکان وەک خەیانەتکار نابینی. دڵپیسیم، ئێوەی پیاو بۆتان ساز کردووم و حەقتانە بیچێژن. ئەتۆش قسەی ئەم و ئەوم بۆ دێنییەوە کە ئیشتیام لە مێرد کردنە. خۆ چەند جارم بۆ گێڕاوییەوە بۆ ڕووم لەو شارە کرد. وەدووی قەولێکی بە درۆ کەوتم. خودا غەزەب لە خاڵۆژنم گرێ بۆ ئاش و کەشکی لە بەر دەمی دانام.
سوێندی خوارد منداڵەکەم داڵدە بدات و لە پەنام بمێنێت، هەر کە هاتمە نێو ژیانی، هەمووی بوو بە خشەخش. چەند جارم تێ گەیاند و خۆی لێ گنخاند. دەنا کەی من دەربەستی پیرێکی قۆتڕی ئاوا بووم؟ ئیدی منیش لێی بە قین دا چووم و ئەوە بوو دەرگای دڵم بە ڕووت دا کردەوە. ئەو ڕۆژانە ئیتر من گەورەترین هەدیەی خوداوەندیم بۆ هاتبوو و ئیدی تەنیا ڕاگرتنی تۆ و هێشتنەوەت بوو بە گەورەترین ئەرکی ژیانم.”

ماوەیەک دەبوو بەینیان ناخۆش بوو. هەر یەکیان بە سەر ئەوەی دیکەی دادەدا و دۆخی جاران و ئارامیان لە گرێژنە چووبوو. تێک دەگیران و قسەیان لێک هەڵەبەزییەوە. بیست جار بڕیاری جودا بوونەوەیان دابوو و هەر جارەش چەند کاتژمێرێک زیاتر دەوامی نەهێنابوو و دیسان گەرمی قسە و خۆشەویستی ببوونەوە. خۆشەویستی بابەتێک نییە مرۆڤەکان وا بە سادەیی بتوانن خۆی لێ دەرباز بکەن، کاتێک بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئیزن دەدەی کەسێک بێت و هەموو دونیات بتەنێ و وەک جاڵجاڵۆکە تۆڕ لێ بدات و بە دەورت دا پیلە درووست بکات. دەربازبوون لە دۆخێکی ئاوا بێ ئەوەی شتێک ڕووی دابێ کە جێگای بە قین و نفرەت گۆڕابێتەوە، ئاساییە دوو مانگ کە هیچ، بەڵکە دوو ڕۆژیش مابەین و مەودا بارتەقای چەند هەسارە دڵتەنگی درووست بکات. بەڵام بە ڕاستی ئەو کورتە نامەیە چی تێدا نووسرابوو؟
“دەستی شکاوم نەمکرد لە جێیەکی تایبەت ڕایگرم و دوای ناردنی قامکم لە سەر دوگمەکە داگرت و سڕیمەوە. مانگێکە دەمهەوێ داوای لێ بکەم بۆم بەڕێ بکاتەوە، تا بزانم دەقیق چیم نووسیبوو کە ئاوا بوومەلەرزەی درووست کرد و ئێستاش دوا لەرزەکانی تەکان بە ڕۆح و دەروونم دەدەن. هەرچەند دەکەم ناوێرم داوا لە خۆی بکەم، ئەخر بە واژەیەکیش چییە وڵامی نەداوە.”
“زۆریان حەول دا موبایلەکەم بکەمەوە، هەرچەند دڵنیا بووم هەموو پەیامەکانتم سڕیوەتەوە، بەڵام خۆ من دەربایستی ئەو پیرە قۆتڕە نەبووم کە درۆی لە گەڵ کردبووم. تەنیا دەمهەویست لاساری خۆم بە هەموویان نیشان بدەم، هەم ئەوان و هەم ئەندامانی بنەماڵەم.
لە بەر تۆ گەڕامەوە و لەو شارە مامەوە، لێرەوە بوومەوە بە خۆم و هەڵم دا. ماڵێکم دانا هەرچی کۆنە و بەکار نەهاتووی خەڵک بوو تێیدا ڕامخست و ئێستاش پڕ نەدەبوو و لە هەرچیم دەڕوانی نەمبوو؛ تەنیا دڵنیاییم ئەوە بوو تۆم هەی. خۆشحاڵ بووم ئەو جارە هێلانەیەکمان هەیە دەتوانین پێکەوە بۆ سات و کاتێکیش بێت بێ خەم لێی دانیشین. حەولم دا و نەسڵەمیمەوە، ئەوەندەم دڵ پێت خۆش بوو کە ئامادە بووم هەموو ژیانم بۆ ئەوە تەرخان بکەم ماڵێک بونیاد بنێم تۆی تێدا بحەسێتەوە و هەر ئاواشم کرد.”
هەتا ئێرەی لاپەڕەکانم خوێندەوە، بەڵام هەرچی سەرم دەبەم و دێنم وەک چیرۆکێکی ڕێئاڵ ناچێت و زیاتر وەک باسی عیشقێکی ئەفلاتوونی دەچێت. ئێستا کە چەند مانگێکە لێیان دوور کەوتوومەوە، خودا دەزانێ ئێستاش ڕازی نەبووم واژەیەکی بگۆڕم. لەوە زیاتر نەمتوانی درێژەی بدەم. بە ڕاستی ژیانەکان ئەوەندەی بەریان بە عەقڵانییەتەوە هەیە، ڕەگ و ڕیشەیەکیشیان لە شێتایەتی دایە؛ ئەوەشە وا دەکات مرۆڤەکان سەرکێش بن. سەرکێشی مرۆڤ ترسەکانی دەڕەوێنێتەوە و ناچار بە ڕیسکی دەکات. جاری وایە ئێمە قومارمان بە ژیانمان دێت، ئەگەرچی لە دۆخی دەروونی یەک دەگەین، مەیلمانە خۆیەک بۆ یەک بنوێنین تا ڕادەی حزوور و بوونمان بپێوین. ئەوەی کە ئێمە لە گەڵ خۆمان و ئەوانەی خۆشمان دەوێین چەند چەند دەکەوین. هەردووک ئەوەمان کردبوو.
ئێستاش بیر دەکاتەوە بزانێ هەموو وردەکارییەکانی ئەو کورتە نامەیە چ بوو کە هەر دوای ناردنی سڕیبوویەوە؟

“بەڵام ئایا شتەکانی نێو ئەو کورتەنامەیە دڵڕەنجی کردبوو، یا ئەو تەلەفوونە لەعنەتییە و ئەو قسە بێ سەروبەرەیەی بێ ئەوەی عەقڵم خورد کەمەوە و یەکسەر دەرخواردی مێشکیم دا؟ هەرچییەکی بێت، نازانم چۆن شتەکان وەک ئەو کات و پێش ئەو شەوەیان لێ دێتەوە. بە ڕاستی پێویستە بزانم ڕادەی کارتێکەری ئەو گوتانەم و ئەو کورتەنامەیەم ئەوەندە بوون، کە واژەیەکیش چییە وڵام نەدرایەوە؟ ئێمە دەزانین تابشتی خەڵکی دەوروبەرمان چۆنە، بۆیە ئەوەی ڕووی دا ڕێک بن ڕووخەک کردن بوو. سەد جارم داوا لێ کردبێت هەر جارێک بوو. کەسانێک هەن لە کاتی تایبەت دا خۆیان دەکێشنە بن باڵمان و چاوەڕێن بیانپارێزین. چاو و نیگای پڕ بەزەییت تێ دەگرن. ناچارت دەکەن دەستێک بە سەریانەوە بگری و نەهێڵی لە دەست بچن. من خەیانەتم بە تۆ نەکردووە. تەنیا شیشێکی سوورەوەکراوە و جەرگی خۆم و تۆم پێ داغ کردووە. هەستی ئەو ژانەیە وا دەکات شەوان تا ڕۆژ بە دەرد و ئازارەکەی بتلێینەوە. بەڵام ئێستاش دڵنیا نیم و نازانم هەموو ئەوەی بەو کورتە نامەیە پێم ڕاگەیاندبوو چی بوو کە هەموو قسەکان و قەولەکانی زەربی سیفر کردبوویەوە.”
ئەخر ئێرەیە پێویست دەکات گۆشەڕوانینی خۆشم جێگیر بکەم و ڕوونی بکەمەوە. بەڵام ئەوە ئەو ژانریەیە کە دەست و باڵی بەستووم و ناهێڵێت سەرنج و ناوەند بگۆڕم. نا مافت نییە، تۆی مرۆڤی ترسەنۆک کە هەر چەند دێڕ سەرتر باسی سەرکێشیت دەکرد کوا لیاقەتی ئەوە و مافی باس کردنی ئەو شتانەت هەیە لە زەینت دا کەڵەکە بوون؟ تا چەند مانگ دوای نووسینی ئەو لاپەڕانە لای خۆت لێکی دەدەیەوە و شتەکان شەن و کەو دەکەی، بەڵام ئاخرێکەی دیارە هەر دەتهەوێ لە سەری خۆتی بکەیەوە و بیخەیە سەر ئەو. بۆیە تکایە بێدەنگ بە و خەریکی خوێندنەوەی ئەو لاپەڕانە بە، چەند مانگە لەو گۆشەیە فڕێت داون و لە جارێک زیاتر ئاوڕت وێ نەداونەوە. کوا تۆ پیاوی بە کۆتا گەیاندنی ئەو چیرۆکەی؟ بە خۆشاردنەوە لێی پێت وایە لە بارت سووک دەکەن؟ خەرفاوی!

باشە بۆ ئەو کەسەی هەڵبژاردبوو؟ کەسێکی نەخۆش و ناتەواو! ئەخر بە چ کاری ژیانی دەهات؟ سەد جاری ئەو پرسیارە کردبوو. ئێستا کە مانگێک بە سەر ناردنی ئەو کورتە نامەیە تێپەڕیوە، زانینەکەی چ جیاوازییەکی هەیە؟
کاتێک کە گوتی بەو کارەی ئاور و ئاژاوەیەکی کوژاندووەتەوە.
“عەزیزەکەی شیرینتر لە گیانم. زۆرت ئەو پرسیارە کرد و قەت بە ڕاشکاوی وڵامم نەدایەوە، بەڵام دەبێ بزانی خۆشەویستییە کە مرۆڤەکان گەورە دەکات. فێریان دەکات خۆیان پێشکەش بکەن و ئەوەی هەیانە بە بێ چکولەترین چاوەڕوانی بیبەخشن. دایکان ئاوا منداڵانیان پەروەردە دەکەن و لە شیرەی گیانیان پێی دەبەخشن. ئەوەی کە سێ ساڵ بوو داوام دەکرد تەکلیفێک لەو پێوەندییە بخوازی، خۆی لە گەڵ بیچم و ڕواڵەتی خۆشەویستی نەیدەخوێندەوە. بۆیە ئەو کەسەم هەڵبژارد چوون نامهەوێ تا لە ژیان ماوم کەس ئەوەندەی تۆ لە دەروونم دا چەکەرە بکات و باڵا بکێشێت و لە تۆ خۆشەویستتر بکەوێتەوە. ئەوەش ڕێک یانی خۆشەویستی و خۆ پێشکەش کردنی بێ‌بەرامبەر.” ڕاوەستا و فرمێسک چەند ڕیز چەند ڕیز ڕژانە خوارێ. لە ڕاستی دا قەت دەرەقەتی فرمێسکەکانی نەهاتبوو، هەمیشە لووزەویان دەبەست و دەڕژانە خوارێ. دوو دڵی یەخەی بەر نەدەدا بینێرێت یا نا!
درۆ دەکەی ئەو نامەیە قەت هی ئەو نییە. بەڵکە ئەوە هەمان شتە کە دەتهەوێ و چاوەڕێ دەکەی ئەو نووسیبایەی. تۆ خەریک نی لە گۆشەنیگای ئەوەوە شتەکان بگێڕییەوە، بەڵکە خەریکی لە زەینی خۆتەوە ئەو چیرۆکە هەڵدەسەنگێنی و ڕووداوەکانی ئەو ژیانە باس دەکەیەوە. ئەی کوا ناردی؟ نا نەینارد! ئەی تۆ ئەو زانیارییەت لە کوێ دەست کەوتووە؟ تێکەڵت کردووە و تووڕەی. شتەکانت بە ڕێکی و بێ تێپەڕاندن بۆ ناخرێتەوە سەر یەک. حەبی ئەعسابەکانت بخۆ و بنوو. ئەو ژاوە ژاوە چییە کەوتووەتە مێشکی من؟ کێهایان منم؟ خۆمم بدەوە خانم!
“چیت دەوێتەوە و بۆ هەدا نادەی؟ بۆ ئارام ناگری؟ من خۆم و تۆم خستووەتە ناو قەفەسێکەوە. کەسم هەڵنەبژاردووە، لێگەڕاوم ژیان بە کەیفی خۆی بمچەوسێنێتەوە، لە فرمێسک زیاتر چیم هەیە پێشکەشی بکەم؟ من ئیتر بە کاری ژیانی کەس نایەم. تۆ قەت نەهاد و دەروونی منت وەک پێویست نەناسیوە، بۆیە هەموو شتەکان لە زەینی خۆتەوە قەزاوەت دەکەی. ڕۆژگار دێت و دەڕوا ئەو کاتە بەرایی ئەو کارەت بۆ دەرەکەوێت. کاتی سەفەر پرسیت خۆشم دەوێ، تەنیا بە ڕووت دا خەنیمەوە. ها وێنەی پڕۆفایلەکەم ببینە ئەو باڵندەیەی ناو قەفەس منم. ئەو قەفەسەی لە بەر پەنجەرەیە و مەودای لە گەڵ ڕەهایی بستێکە. ئەوە قەفەسی خۆویستی منە. تا باڵەفڕکێی زیاتر بکەم زیاتر ئازار بە خۆم دەگەیەنم. دە ئەخر چۆنت تێگەیەنم!”

ئەوشۆ دوای ئەوەی یەکەم فەسڵی کتێبەکەم تەواو کرد ئێستا شەو زۆری بە بەرەوە مابوو. لاپەڕەکان نازانم چەند مانگ دەبوو هەر لە شوێنی خۆیان مابوونەوە، جۆرە سەرکێشییەک هانیان دام سەر لە بەریان چەند جاران بخوێنمەوە، گەیشتمە کۆتا وشەی چۆنت تێگەیەنم، ئەو کۆتاییە بە قانەعەتی نەگەیاندم و ویستم کۆتایی دڵخوازی خۆمی لێ زیاد کەم بەڵام بۆ ئەو کارە پێویستە پێشەکییەک زیاد کەم کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی خوێندنەوەی خۆم.

لە ڕاستی دا لە گەڵ سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری لە ڕۆژئاوا، هاوکات جۆرێک لە نووسین هاتە ئاراوە کە تەنیا پەنگی لە سەر ئەوە دەخواردەوە کە پەرە بە نەهامەتی مرۆڤ بدرێت. لایەنی هەڵسازانی سایکۆلۆژی و دۆخی ڕووخەکی زەینی مرۆڤ گەشەی پێدرا. چیتر قارەمانەکان توانای بەرەوڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکانیان نەما، مرۆڤ تووشی نامۆیی لە خۆ بوو. زانستە مرۆییەکانی وەک سایکۆلۆژی بۆیە پەرەیان گرت تا ئەو نامۆییە دیاری بکەن و بۆ ئەوەش میتری تایبەتیان دەست دایە.
مرۆڤی سەردەمی مۆدێڕن لە نێو ڕۆمان و چیرۆکەکان وەها نمایش دەدرا وەک ئەوەی توانای بەرەورووبوونەوە لە گەڵ خۆی و جهانی نەبێت. ئەوە کاولکاری و بەدبەختییەکان بوون، سنووری نووسینیان دیاری دەکرد. سەرمایە ئێمەی مشەخۆر بار دێنا، ئەوان بە یارمەتی پەست کردنی مرۆڤ توانیبوویان نیازەکانمان ڕواڵەت و بیچم پێ بدەن. مرۆڤی سەردەمی سەرمایەداری دەبێ بێ‌هیواتر لەوە بکرێت تا بتوانێت لە گەڵ پڕوپاگەندای کەرستە و کەل و پەلەکان بەرەنگاری بکات. ئەوە سەرمایە بوو مەیل و تاسەی بۆ ئێمە درووست دەکرد و ئەوەشی بە شێوەی سرووشتی و عەقڵی سەلیم نیشان دەدا.
ئێستا ئەگەر منیش پێمل بم دەبێ کۆتایی دەڵتەزێنەکەی ئەو چیرۆکە هەر وەک ڕوویداوە بنووسمەوە. بەڵام مرۆڤی کورد کە سەدەیەک دژایەتی خواستی سەرمایەداری کردووە، چۆن دەتوانێت وەها داڕێژێت؟ تەواوی جهان کە دەیهەوێ ئێمە بە مۆری سەر پەساپۆڕتەکەمان پێناسە بکات و بە شارۆمەندی ئەو وڵاتانەمان بخەمڵێنێت، کوا ئێمە دەربایستی ئەوە بووین؟ بۆیە من کۆتایی دڵخوازی خۆم دادەڕێژم، خۆ من قومارم نەکردووە و ئەو ژیانەم دۆڕاندبێت؟ شەڕی بۆ دەکەم و چیرۆکی دڵخوازی خۆمی لێ وە دەست دەخەم. من هەمان کوڕە هەژارەکەی نێو حەکایەتەکانم کە ڕێگوزەر ڕێم کەوتووەتە شارێک کە شازادەی ئەو شارە دێوان دزیویانە و من هەستاوم چوومە شەری دێوان و بە فێڵ و یارمەتی و توانای خۆم شکستم پێ هێناون و شازادە شارم گەڕاندووەتەوە، پاشای شار قەولی خۆی بە جێ دێنێت و منیش لە گەڵ خۆشەویستەکەم تا کۆتایی ژیان بە خێر و خۆشی بە سەر دەبەین. لە ڕاستی دا بە نیازم بۆ ئەو چیرۆکە دوو نێو دانێم. نێوی سەرەکی “زەردێ” و نیوی دووهەمیشی “ئەو کەسەی بۆ هەمیشە دەمهەوێت”.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا