گۆڕانکارییه‌کانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی
وتارێك له كتێبی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی – سه‌ره‌تایه‌ك ( ٢٠٠٢)
لیسبێت لارسۆن
وه‌رگێڕان له سویدییه‌وه: تیشكه مه‌ره‌سه‌نه
پێشه‌كی وه‌رگێڕ
پووخته‌یه‌ك له تێروانین و تیۆری ئه‌ده‌بی بۆخوێندنه‌وه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌كان له ڕوانگه‌ی فێمینستی قه‌ده‌رعه‌یامێك بوو خه‌یاڵی منی داگیر كردبوو، هه‌ربۆیه دووه‌م ساڵی خوێندم له زانكۆی ئۆپسالای سوید هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ خوێندنی تیۆری ئه‌ده‌بی ده‌ستمكرد به‌خوێندنی جێنده‌ر سته‌دیس. لایه‌نێكی گرنگی تیۆری فێمینستی بۆ من سیسته‌می جێنده‌ر بوو له‌ناو زمان و ئه‌ده‌بیاتدا. هاوكات كۆده‌كانی زمان و ده‌ق له‌ناو دوانه دژبه‌یه‌كه‌كانی باینێری ئۆپۆزەیشن بیركردنه‌وه و زمان كه دوو تیۆری دژبه‌یه‌كن و فكر و فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوای له‌سه‌ر دارێژراوه و ژنییه‌تی و پیاوه‌تین له‌ناو كۆنتێكستێكی ئه‌ده‌بیدا ئه‌م سیستمه دوانه‌دژبه‌یه‌كییه به‌رهه‌می هێناوه. بۆئه‌وه‌ی بتوانم ده‌قه‌كان له ڕوانگه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستیه‌وه شرۆڤه بكه‌م پێویستم به دوانه‌ی دژبه‌یه‌كی ستره‌كچه‌ری بیركرنه‌وه و زمان هه‌بوو، بۆیه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌كه‌لۆریسه‌كه‌م كه بریتی‌بوو له شرۆڤه‌كردنی یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانی ماریا گریپێی سویدی به‌ناوی سێبه‌ری سه‌ركورسیه به‌ردینه‌كه كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی نزیكیده‌قی (close reading) فێمینستیم بۆكردبوو كه‌ڵكێكی زۆرم له تیۆریه‌كانی جێنده‌رسیستێم و دوانه‌یدژبه‌یه‌كی فكر و زمان وه‌رگرتبوو. به‌هه‌مان شێوه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ماسته‌رەکەم كه له‌سه‌ر چوار ڕۆمانی كوردی بوو (به‌ختیار عه‌لی و عه‌تای نه‌هایی) خوێندنه‌وه‌یه‌كی نزیكده‌قی فێمینستیم كردوه و كه‌ڵكم له جێنده‌رسیستێم و دوانه‌ی دژبه‌یه‌كی فكر و زمان وه‌رگرتووه. له‌رێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینستی ده‌توانین به‌دوای شوناسی ژن و پیاو له‌ناو ده‌قگه‌له‌كاندا بگه‌رێین. به‌تایبه‌ت له‌ناو ده‌قگه‌لی به كانوونكراوی پیاواندا، ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه‌یه تیشك ده‌خاته سه‌ر تێگه‌یشتنی باو له‌سه‌ر ژنێتی و پیاوه‌تی. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینستی جۆرێك له لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه كه بناغه‌یه‌كی باشه بۆ لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه‌كان له روانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و ده‌روونناسی و زمانه‌وانه‌وانییەوە. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینستی کار له‌سه‌ر تێكشكاندنی نۆرم و كۆده‌كانی باوی جۆری ژنییه‌تی و پیاوه‌تی ده‌كات. به‌شێكی تری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی گرنگی دانه به ده‌قگه‌لی ژنان، له ڕێگه‌ی شیكاری و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانەوە هه‌وڵده‌درێت به‌كانوونكراوبوونی ده‌قگه‌لی پیاوان جێگایان پێله‌ق بكرێت و خوێندنه‌وه بۆ دەقی ژنان بكرێت و دنه‌ی جۆرێكی تر له نرخاندنی ئه‌ده‌بی بدرێت و له‌په‌راوێزخراوه‌كان بگوێزرێنه‌وه سه‌نته‌ر. له‌م ده‌قه‌ی خواره‌وه كه له سه‌ره‌تادا هه‌وڵێكه بۆ وه‌رگێرانی ده‌قێكی ئه‌كادیمی له بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستیدا و هه‌وڵمداوه تا ئاستی گه‌نجاو بتوانم وتاره‌كه بۆ زمانێكی پاراوی كوردی وه‌ربگێڕم، به‌ڵام وه‌ك خویایه زمانی كوردی به‌داخه‌وه به‌هۆی ستاندارنه‌بوونی و هه‌بوونی كێشه لە وشەدانی چه‌مك و تیۆری زمانی کوردی‌دا ناچار بووم له هێندێك شوێندا، كۆمه‌ڵێك چه‌مك وه‌ك خۆی كه نوسه‌ره‌كه‌ش ڕه‌چاویكردوه به زمانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی به‌كاربهێنمه‌وه.
که‌یت میلێت له پێشه‌کی كتێبه‌كه‌ی واتە سیاسه‌تی سێکسوال (1969) نوسیبووی “من ئیشم له‌سه‌ر ئه‌و پێشفه‌ڕزه کردووه که ده‌بێت بوار هه‌بێت بۆ ڕه‌خنه‌یه‌ک که حیساب له‌سه‌ر لایه‌نی کولتوری و شوێنی له‌دایکبوون و نووسینی ئه‌ده‌بیات ده‌کات”.
نامه‌ی دکتۆراکه‌ی که‌یت میلێت که له‌سه‌ر تیۆری ئه‌ده‌بیات بوو له جۆری خۆیدا شتێکی تازه بوو. ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نا که به ئاگاییه‌وه باس له ئه‌و نامێژووبوون و سه‌ربه‌خۆیی ده‌قی ئیدیالە ده‌کات که لە سەردەمی دوای شەڕدا زاڵبووه به‌سه‌ر ئه‌و بواره‌دا، به‌ڵکوو له پێش هه‌موو شتێکه‌وه له‌به‌ر ڕوانگه‌ی سیاسیی سێکسواڵەی ئه‌و و له‌به‌ر وزه‌ی له ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌و که له ده‌قه زانستییه‌که‌یدا بەرچاو دەکەوێ.
له سیاسه‌تی سێکسوال دا میلێت به وردییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌رەوه تاوتوێی ئه‌وه‌ی کردبوو که له‌ناو ئه‌و سازییه ئه‌ده‌بییه‌ی که هه‌یه چۆن به‌شێکی زۆر له نووسه‌ره پیاوه به‌رزنرخێندراوه‌کان باسیان له ژن و سێکسوالیتێت کردوه. زۆر که‌س نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی میلێتیان وه‌ک هێرشی له پێشه‌وه‌کراو نه ته‌نیا بۆ سه‌ر ئه‌و کانوونیبوونی ئه‌ده‌بییه و ئه‌و ئه‌نجومه‌نی زانستیه‌ی که هه‌یه ده‌دیت، به‌ڵکو هه‌روه‌ها وه‌ک ده‌ربڕینێک یان هه‌ڵوێسته‌یه‌کی ئاشکرای سیاسیشیان ده‌بینی. میلێت په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیدیاله زانستییه زاڵانه پچراندبوو، ئه‌وه‌ش به جه‌ختکردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ناو تێکسته‌کاندا چی ده‌گوترێت تا ئه‌وه‌ی چۆن ده‌گوترێت، له رێگای دووباره دروستکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له نێوان ژیان و شێعردا که له تیۆریی ئه‌ده‌بیی باو و جێگرتوودا پچڕابوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی میلێت له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه کردبووی ئه‌وه بوو که په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئیدیالی مه‌وداگرتوو، ناشه‌خسی و به‌ئۆبجێكتراوی زانستی پچڕاند، میلێت ئه‌وه‌شی له ڕێگای ده‌ربڕینی ئازادانه‌ی سه‌رسامی و ئازاره‌کانی خۆی به‌ڕێوه برد. نامه‌ی دکتۆراکه‌ی که‌یت میلێت ده‌روازه‌یه‌که بۆ چوونه ناو لێۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی. ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌تا ئێستاش له چه‌شنی خۆیدا شتێکی شاز و دانسقه‌یه و ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی کولتوری و هۆگریی به‌سنووربه‌زاندنی زانستییانه به‌یه‌که‌وه گرێ ده‌دات.
به‌مجۆره ئه‌م به‌رهه‌مه بوارێکی لیکۆڵینه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات، بوارێک که سه‌ره‌ڕای مێژووی کورتی خۆی گه‌شه‌کردنێکی به‌ربڵاو و پڕ ناوه‌رۆکی به‌خۆوه بینیووه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی که من ئه‌و ناوه‌م بۆ ئه‌و بواره راسته‌وخۆ له ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕاوه، له‌وێدا چه‌مکی ڕه‌خنه که مانایه‌کی به‌رفراوانتری هه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و مانا باوه‌ی که له زمانی سویدیدا هه‌یه‌تی، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌رفراوانبوونه‌که له ڕوانگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ته‌ماشا بکات ده‌زانێت که یه‌کێک له به‌شه هه‌ره گرنگه‌کانی تیۆریی ئه‌ده‌بی له‌و ده‌یانه‌ی دواییدا ڕه‌خنه بووه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی به‌هۆی پێناسه‌کردنه‌وه به‌رده‌وامه‌کانی خۆی و له ڕه‌خنه بنه‌ره‌تییه ئاراسته‌کاره‌کانیدا به زۆر شێوه‌ی جیاواز سازکردنی تیۆری ئه‌ده‌بی به‌ره‌و پێشەوه بردووه.
هاوکات ئه‌و لێکۆڵینه‌وه دیاریکراوانه‌ی که له‌سه‌ر ده‌ق و نووسه‌ر کراون سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه. نامه‌گه‌لی دکتۆرا، لێکۆڵینه‌وه و به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له‌سه‌ر مێژووی ئه‌ده‌بیات به مۆرکی فێمینیستیه‌وه نووسراون هەمیشه سه‌رنجراکێش بوون، نه‌ك ته‌نیا له ئاستی ئه‌کادیمیدا به‌ڵکوو به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی دنیای ئه‌کادیمیش سه‌رنجیان راکێشاوه. چەمکی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له حه‌فتاکاندا جێگای خۆی دا به لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان، که ئه‌ویش به نۆره‌ی خۆی له کۆتایی هه‌شتاکاندا جێگای خۆی دا به لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر. ئه‌م جێگۆڕکێ زارییانه و ئه‌و گۆڕانکارییه رادیکاڵ و تیۆریانه که له‌و مه‌یدانه‌دا کراون، نیشان ده‌دات لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که هه‌ر به ناوه‌که‌ی ڕا دیاره که جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتێک ده‌کرد که ژنان نووسیویانه و له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه هه‌ڵسه‌نگێندراوه.
به‌ڵام له لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر دا زیاتر فۆكۆس ده‌خرێته سه‌ر چۆنییه‌تی دروستبوونی جنس و شوناسی جنسی به‌هۆی گوتاری زاڵی زمانی و کولتوری. میتۆدی که‌یت میلێت ڕه‌خنه‌ی ئایدۆلۆژییانه بوو. ئه‌و حه‌زی ده‌کرد ئه‌و ئایدۆلۆژیایانه به‌رچاو بخات و له‌و تێگه‌یشتنه ناراست و درۆزنانه‌ی که ده‌رباره‌ی ژنان و سێکسوالیتێت له ئارادا بوون تێ‌بگا که له‌لایه‌ن نووسه‌رانی پیاوه‌وه نووسرابوون. نووسه‌رانێک که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی و مێژووی ئه‌ده‌بیات خستوونیه‌ته ناوه‌ند. بچووکترین ژێری هاوبه‌ش له‌م بواره‌شدا سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی گۆڕانکارییه‌کان بریتی بووه له ڕه‌خنه‌گرتن له‌و ڕێکه‌وتنه زاڵانه‌ی که له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی سێكس به‌گشتی و مه‌سه‌له‌ی ژنییه‌تی به‌تایبه‌تی له ده‌قه‌کاندا ده‌رده‌بڕدرێن و ده‌ئافرێندرێن. له‌وێدایه که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی میلێت قورساییه‌کی زۆری خسته سه‌ر ڕه‌خنه‌کردنی سێکسیزم له کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌م‌دا و له ده‌قی نووسه‌رانی پیاودا. به‌رهه‌مێکی سونه‌تیی دیکه له‌و باره‌وه کتێبه‌که‌ی مه‌ری ئێلمان‌ـه به‌ناوی بیرکردنه‌وه لەباره‌ی ژنان Thinking About Women)1968)، ما‌ری ئێلمان له‌و کتێبه‌یدا چۆنیه‌تی تێکچڕژاوی کولتوری ئێمه‌ی نیشان دابوو که له ڕێگای بیرکردنه‌وه له پێوانه سێکسوالییه‌کاندایه و هاوکات باسی له نالۆجیكبوون و نائاساییبوونی ئه‌و شێوه بیرکردنه‌وه‌یه کردبوو. ئێلمان به‌گاڵته‌جارییه‌وه باسی ئه‌و ستێریۆتیپانه ده‌کات که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نووسه‌رانی پیاو و ره‌خنه‌گران سه‌باره‌ت به ژنان نووسیوویانه و ده‌ینووسن. ئه‌و ستێریۆتیپانه بریتین له بێفۆڕمی، پاسیڤیزم، ناسه‌قامگیری، سنوورداری، شێوه‌داری، ماتریالیزم، رۆحانیبوون، ناعه‌قڵانییه‌ت و وه‌پشتگوێخراوەتی. شتێک که دواجار به‌تایبه‌تی ده‌توانرێت باسی لێ بکرێ وێنه‌ی ئه‌و سێحربازه له‌چاره‌نه‌هاتووه‌یە که له نوسینی پیاوان و ڕه‌خنه‌کانیاندا له ژنان ساز کراوە.
تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له قۆنا‌غی ده‌ستپێکیدا بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی گومانئامێز و ناره‌فیقانه‌ی ئه‌ده‌بیات و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی باو. مه‌به‌ستی ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه بریتی بوو له له‌هه‌ڵادانی ده‌قگه‌لی باو و خۆپاراستن له‌م ده‌قانه. له کتێبی خوێنەری به‌رهه‌ڵستکار The Resisting Reader) 1978) جۆدیس فیتێرلی کاریکی زۆری کردبوو له‌سه‌ر ئه‌و پرۆگڕامه‌ی که نابێ ته‌نیا هاوبیریی له‌گه‌ڵ ئه‌و تێکستانه‌دا بکرێت که هی پیاوان و تێکستی به‌رجه‌سته و به‌ناوه‌ندکراون، به‌ڵکو ده‌بێ دژخوێندنه‌وه‌ش هه‌بێت، واتا هاوبیرنه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و جیهانه‌ی که ده‌قه‌کان به‌رجه‌سته‌ی ده‌که‌ن. به‌گوته‌ی فیتێرلی ئه‌و تێکستانه خوێنه‌ری ژن ناچار دەکەن که “له‌و ئه‌زموونانه‌دا به‌شداری بکات که ژن خۆی به ئاشکرا نیه‌تی و لێی بێبه‌شه.” ڕه‌خنه‌گرتن له‌و وێنانه‌ی ژن که ئه‌قڵیه‌تی نوسه‌رانی پیاو سازی کردوون. ڕه‌وتێك که به ”دیمه‌نی ڕه‌خنه‌ی ژنانه” ناوزه‌دکرا، بوو به ده‌ستماییه‌کی سنووردار له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستیدا. هه‌ر زۆر خێرا سەرنجی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی بە لای نووسه‌رانی ژن‌دا ڕاکێشرا. مرۆڤ پرسیاری له خۆی ده‌کرد تۆ بڵێی نوسه‌رانێکی ژن هه‌بن و ئه‌گه‌ر هه‌ن بۆ نه‌هاتوونه‌ته ناو ئه‌و مێژووی ئه‌ده‌بیاتانه‌ی که نووسراون؟ ئایا ژنان ئه‌وه‌نده خراپیان نووسیوه که بووەته هۆکاری ناونه‌هاتنیان له مێژووی ئه‌ده‌بدا؟ یان به شێوه‌یه‌کی جیاواز نووسیوویانه؟ تۆ بڵێی نۆرمه کولتورییه‌کانمان و پێوه‌ره‌کانمان بووبێتنه هۆکاری نه‌بینینی ئه‌و ده‌قانه و به‌مانایه‌کی مێتافۆری بووبێتنە هۆکاری ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانه شیاوی خوێندنه‌وه و لێتێگه‌یشتن نه‌بن؟ ئه‌و پرسیارانه بوونه هۆی کرانه‌وه‌ی بوارێکی لێکۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو نوێ و به‌نرخ له تیۆری ئه‌ده‌بیدا.
له زنجیره لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌و بواره‌دا کۆمه‌ڵێک نوسه‌ری ژن که پێشتر ناسراو بوون هه‌ڵسه‌نگێندرانه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی تازه‌یان له‌سه‌ر کرا، نوسه‌ره له بیرکراوه‌کان هێندرانه به‌ر باس و تواناییان پێ به‌خشرایه‌وه. مرۆڤ ده‌ستی کرد به گه‌ڕان به‌دوای ترادیشۆنی ئه‌ده‌بی ژنان دا. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕه‌خنه‌گری وه‌ک ئێلێن مۆرس له کتێبی ژنانی ئه‌دیب Literary Women) 1976) باسی له‌و ترادیشۆنه کردبوو و پاشان ئێلین شواڵتێر له کتێبی ئه‌ده‌بیاتی خۆیان A Literature of Their Own) 1977) هه‌مان کاری کردبوو. مرۆڤ لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر گێڕانه‌وه و تایبه‌تمه‌ندییه ژنییه‌تییه‌کان کردبوو. به بۆچوونی شواڵتێر و مۆرس ترادیشۆنێکی دیکه هه‌بووه که جیاوازه له‌و ترادیشۆنه پیاوانه که له مێژووی ئه‌ده‌بی باودا نیشاندراوه، ترادیشۆنێک که تێیدا نووسه‌رانی ژن “به‌رده‌وامییه‌کی خیاڵیان” پێکهێناوه که تێیدا ئۆلگو، تێما و کێشه‌کان نه‌وه له دوای نه‌وه، به‌رده‌وام دووباره ده‌بوونه‌وه( شواڵتێر،1977). ئێلین شواڵتێر ده‌ورێکی سه‌ره‌کی هه‌یه له نیشاندانی ئه‌و ده‌ستمایه زۆره‌ی له ناو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌نگلۆساکسی ژناندا هه‌یه.
شواڵتێر له کتێبی ئه‌ده‌بیاتی خۆیان دا خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن و به‌گشتی پێشڤەچووی له مێژووی ئه‌ده‌بی ژناندا هه‌بووه. شواڵتێر مێژووی ئه‌ده‌بی ژنانی به‌سه‌ر سێ قۆناغدا دابه‌ش کردبوو، که بریتین له یه‌كه‌م: “ژنایه‌تی” (feminine )، دووهه‌م: ”فێمینیستی” ( Feminist ) و سێهه‌م: ”ژنێتی” (female)، شواڵتێر ده‌یهه‌وێت نیشانبدات که چۆن ژنان که‌م یا زۆر خۆیان به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن ده‌ربڕیوه. له قۆنا‌غی یه‌که‌مدا واته ”ژنایه‌تی” نوسه‌رانی ژن له ژێر کارتێکه‌ری گێڕانه‌وه‌کانی نوسه‌رانی پیاودا بوون و لاسایی ئه‌وانیان ده‌کرده‌وه. به‌ڵام نوسه‌رانی ژن گێڕانه‌وه‌ی خۆیان له قۆنا‌غی دووه‌م، واته “فێمینیستی” دا له ڕێگای دژایه‌تیکردن و شۆڕشکردن دژی پیاوان فۆرمولە كردووه. قۆنا‌غی سێهه‌م که شواڵتێر به “ژنێتی” (female ) ناوی ده‌بات سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی نێوان جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووهه‌م. له‌وێدایه که ژنان به بۆچوونی شواڵتێر ئازادن بۆ خۆدۆزینه‌وه و بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خۆیان. له هه‌مان کاتدا لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان بۆ نموونه شواڵتێر و مۆرس باسیان له‌وه ده‌کرد که به‌سه‌رهاتی ژنان له کولتوردا به زۆر شێوه‌ی جیاواز بێده‌نگ کرابوو و توان و ده‌ستبه‌ری و هه‌لومه‌رجی ژنان بۆ خود- ده‌ربڕین زۆر سنووردار کرابوو، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش ژنان جێگای باشیان له لێکدانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و نوسینی مێژوودا گرتووه.
ساندرا گیلبێرت و سوسه‌ن گیوبار له کتێبی “ژنه شێته‌كه‌ی ناو هه‌وره‌بانه‌كه” (1979) (The Madwoman in the Attic) دا تیۆرییه‌کی جوانیناسییان فۆرمۆله کرد که له‌وێدا گرنگییه‌کی زۆریان دابوو به جێگا و شوێنی ژنان که به‌شێوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری ژێرده‌سته‌ن. له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که له بنه‌ڕه‌ته‌وه نکۆڵی له هه‌بوونی ژن ده‌کات، چ وه‌ک تاک چ وه‌ک نوسه‌ر، ده‌بێ به‌سه‌رهاتی ئه‌وان هه‌میشه دوولایه‌نه بێت، به‌واتایه‌کی تر ده‌بێ هه‌م لایه‌نی مرۆڤایه‌تی هه‌م لایه‌نی ژن بوون تێیدا ڕه‌نگبداته‌وه.
گیلبێرت و گیوبار بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ده‌قی ژنان ده‌ستنیشان بکه‌ن چه‌مکێک به ناوی پالیمپسێست (Palimpsest) به‌کار دێنن. گیلبێرت و گیوبار له‌و باوه‌ڕه دابوون که ده‌قی ژنان دروست هه‌روه‌ک پالیمپسێست بریتییه: له دوو توێژاڵ، که تێیدا ده‌قی ژێره‌وه‌ی یان ده‌قی سه‌ره‌کی داپۆشراوه و که‌وتۆته ژێر نووسراوه‌یه‌کی تر. له گێڕانه‌وه‌ی ده‌قی ژناندا که ته‌واو له‌به‌رده‌ستدان و خۆیان له‌گه‌ڵ نۆرمه کولتورییه‌کان رێکخستووه به‌رده‌وام تێکستێکی تر له‌ودیو نۆرمه‌کان هه‌یه که سه‌ربزێوانه‌یه.
هه‌رچه‌ند ئه‌م توێژاڵه شاراوه‌یه به‌ڵام ده‌توانێت هه‌رچۆنێک بێت هه‌ستی پێ بکرێت. گیلبێرت و گیوبار بۆ به‌هێزکردنی ئه‌و تێزه‌ی خۆیان که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا نموونه‌یه‌کی پڕ به پێست دێننه‌وه، نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌وان بریتییه له “ژنه شێته‌كه‌ی ناو هه‌وره‌بانه‌كه” The Madwoman in the Attic که له ڕۆمانه‌که‌ی جه‌ین نێر ی شا‌رلۆت برۆنتێ وه‌رگیراوه. دیاره ناوی کتێبه‌که‌شیان هه‌ر له‌و ڕۆمانه وه‌رگرتووه. له‌و ڕۆمانه‌دا پیاوه‌که ژنه شێته‌که‌ی خۆی (خودی ژێرینی جین)ی له هه‌وره‌بانه‌که شاردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ژنه شێته به قیژه‌یه‌کی له‌ناکاو که به هه‌موو ژووره‌که‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه هه‌ستی جین و پیاوه‌که تێکده‌دات. به باوه‌ڕی گیلبێرت و گیوبار هه‌روه‌ک له‌و ڕۆمانه‌دا دیاره هه‌میشه ژنێکی شێتی تووڕه‌ی سه‌ربزێوی شاراوه له تێکستی ژناندا هه‌یه، که قیژه‌که‌ی هه‌ر وه‌ک قیژه‌ی ژنه شێته‌که‌ی رۆمانی برۆنتێ جارجار ده‌بیسترێ. ئه‌وه ئه‌رکی ئه‌ده‌بیاتناسی فێمینیسته که گوێی لێبگرێ و ئه‌و ده‌قانه لێکداته‌وه که ئه‌م گێڕانه‌وانه له خۆ ده‌گرێت. به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌قی پیاوان ده‌قی ژنان به‌رده‌وام به هۆگری و هه‌ستیاری ده‌خوێندرانه‌وه. ئێلین شواڵتێر له وتارێکیدا به‌ناوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له زه‌ویی به‌یار له کتێبی تیئۆری ڕه‌خنه‌ی مۆدێرن(1991) دا بۆ ئه‌و شێوه خوێندنه‌وه‌یه چه‌مکێکی تایبه‌تی دانا به‌ناوی ”ڕه‌خنه‌ی جێنده‌ری” (gynokritik). کاری ئه‌و چه‌مکه تازه‌یه به‌گوته‌ی شواڵتێر ئه‌وه‌یه که به‌دوای ده‌ربڕین یان گێڕانه‌وه‌ی ژنانه‌دا بگه‌ڕێت.
هه‌رچی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رچه‌مکی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیسستی، شواڵتێر حه‌زیده‌کرد که بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی پیاوان به‌کاری بێنێت. خوێندنه‌وه‌یه‌ک که باس له شوێنی ئه‌و زوڵمه بکات که له ژنان ده‌کرێ له ناو ده‌قی پیاواندا. له هه‌مان وتاردا شواڵتێر مۆدێلێکی پێشخست که به هاوکاری ئه‌و مۆدێله به‌دوای پاساوێک یان هۆیه‌کدا ده‌گه‌ڕا بۆ دوو‌مانایی ده‌قی ژنان له کولتوردا. بۆ ئه‌وه شواڵتێر که‌ڵکی له مۆدێلی خه‌ڵکناسی یان مرۆڤناسیی ( Social anthropology ) ئێدوین ئاردینێر (Edwin Ardener) وه‌رگرتبوو. له‌و مۆدێله‌دا ده‌بینرێت که چۆن دوو کولتوری هاوکات به‌سه‌ریه‌کدا هه‌ن، یه‌کیان کولتوری سه‌رده‌ست یان زاڵ و ئه‌ویتریان کولتوری ژێرده‌سته و ئه‌و دوو کولتوره به‌رده‌وام یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. ئه‌و بازنه‌یه‌ی که ئاردینێر له مۆدێلی خۆیدا کێشاویه‌تی سیمبۆلێکه بۆ ئه‌و کولتوره سه‌رده‌ست و زاڵه‌ی که کولتورێکی پیاوانه‌یه.
به گووته‌ی شواڵتێر، ئه‌و کولتوره زاڵه کولتوری ژێرده‌سته‌ی (که له‌م حاڵه‌ته‌دا مەبەست کولتوری ژنانەیە) داگیرکردووه و دایپۆشیووه. ئه‌و کولتوره زاڵه به‌م شێوه‌یه ڕێگا ده‌گرێت له کولتوری ژێرده‌ست و خۆ ده‌ربڕینی ئه‌و کولتوره. ئه‌و دوو بازنه کولتورییه به‌و ڕاده‌یه ئابستراکت و جێگرتوو نین، بۆیه ده‌بینرێت که کولتوری ژێرده‌ست ته‌واو شاراوه نییه و هه‌ستی پێده‌کرێت. له مۆدێلی بازنه‌یی شوالتێر و ئاردینێر تێبینی ئه‌وه ده‌کرێت که شێوه‌یه‌ك له شێوه‌ی نیوه‌مانگ له ده‌ره‌وه‌ی کولتوری پیاوان واتا کولتوری سه‌رده‌ستدا هه‌یه، کولتورێک له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا، ئه‌و کولتوره‌ی که ئاردینێر به زه‌وی به‌یار ناوی ده‌بات و شواڵتێر به “وڵاتی هیچ که‌س نا، شوێنێک که پیاوان بۆیان نییه بچنه ناوی” ناوی دەهێنێ. هاوکات شواڵتێر ئاماژه به‌وه ده‌کات که هیچ نوسینێک له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا نییه. باس له‌وه ده‌کات که نوسینی ژنان به‌رده‌وام خۆی له‌ناو کولتوردا و له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا ده‌بینێته‌وه. ژنان هاوکات خۆیان له دوو ترادیسیۆندا ده‌دیته‌وه که ئه‌وه‌ش له نووسینه‌کانیاندا ڕەنگیداوەتەوە.
كتێبه‌كانی مۆرس، شواڵتێر، گیلبێرت و گیوبار له کۆتایی حه‌فتاکاندا بڵاوبوونه‌وه و کاریگه‌رییه‌کی زۆریان له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له ئه‌مریکا و بریتانیا و ته‌نانه‌ت سویدیش هه‌بووه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له سوید له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کاندا به شێوه‌یه‌کی گشتی تا ئه‌وکاتیش قۆنا‌غی ته‌قینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی تێیه‌ڕ نه‌کردبوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه له ئه‌مریکا لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ی کرد و ئه‌و لێکوڵینه‌وه مه‌یدانییه بوو به ئامانج بۆ شه‌ڕ و دووباره پێناسه‌کردنه‌وه‌کان. کتێبی پێشه‌نگی ڕۆڵی سێكس له ئه‌ده‌بیاتدا له سه‌رده‌می ئانتیکه‌وه تاوه‌کو ساڵی 1960 که کارین وێستمان بێری له ساڵی 1968 چاپی کردووه، کتێبێکە پێکهاتوو له ڕه‌خنه‌ی ئایدۆلۆژیکی. نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی وێستمان بێری که له ساڵی 1962 له‌سه‌ر نوسه‌رێکی پیاو نوسیبووی ڕه‌نگه شتێکمان ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی ئه‌وکاتی سوید پێبڵێت. ئه‌و نوسه‌ره‌ی وێستمان بێری نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی له‌سه‌ر نوسیبوو س. ج. ل. ئالمکڤیست (C. J. L. Almqvist) بوو که وه‌ک یه‌کێک له پێشه‌نگه‌کانی ئاخافتن له‌سه‌ر پرسی ژنان داده‌نرێت. کاری تری وێستمان بێری جگه له‌مه ئیدیتی کتێبێک بووە به‌ناوی راڤه‌ی ده‌ق له ڕوانگه‌ی رۆڵی سێكسەوە(1976) که هه‌روه‌ک ئه‌و لێکوڵینه‌وه ئه‌نتۆلۆجییه‌ی که له نه‌رویج به‌ناوی زمانێکی تر چاپکرابوو سه‌ره‌تای گەرمبوونی ئەو باسانە و پێشکه‌وتنی ئه‌و بواره له وڵاتانی باکووری ئه‌وروپا.
بیرگیتا هۆڵم له کتێبی فرێدریکا برێمێر و له‌دایکبوونی ڕۆمانی بورژوایی (1981) باسی تیۆری سازکراوی گیلبێرت و گیوبار ده‌کات و ئه‌وه نیشان ده‌دات که ئه‌و تیوریه چه‌نده گونجاوه بۆ به‌کارهێنانی له‌سه‌ر ده‌قه سویدییه‌کان. هۆڵم به هاوکاری چه‌مکی ”دوودەنگی”ی (Palimpsest) گیلبێرت و گیوبار نه‌ك ته‌نیا مانای تا ئه‌وکات نه‌دیتراوی ئەو چەمکەی له ڕۆمانی فرێدریکا برێمێردا دۆزیه‌وه، به‌ڵکو جگه له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشان کرد که فرێدیکا برێمێر شیاوی جێگایه‌کی به‌رزتره له‌و جێگایه‌ی که له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا پێی به‌خشراوه. له کتێبی ژنانی مۆدێڕنی ڕه‌چه‌شکێن(1983) دا پیل داهلریوپ تێکه‌ڵاوییه‌کی له نێوان هێرشی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی بۆ سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی پیاوانه و سازکردنی ئه‌ده‌بیاتی کانوون دروست کرد، له ڕێگای به‌کارهێنانی ڕه‌خنه‌ی جێنده‌ری بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ق بدات به نووسه‌رانی ژنی له مێژووی ئه‌ده‌بیدا شاردراوه.
ناوی ئه‌و کتێبه به‌رجه‌سته‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کتێبی جۆرج براندێ به ناوی پیاوانی مۆدێرنی ڕه‌چه‌شکێن(1883). له‌و کتێبه‌دا براندێ به‌هاوکاری یان که‌ڵکوه‌رگرتن له ئه‌ده‌بیاتی دووسه‌د ساڵی ڕابردووی وڵاتانی ئه‌وروپای باکوور پرۆگرامێکی بۆ ئه‌ده‌بیاتی مۆدێڕن دامه‌زراند. داهلریوپ ئه‌و نۆرم و پێوه‌ره بایەخییانەی که براندێ کاریان پێده‌کات، بۆ نموونه وه‌ک هۆگریی به هۆمۆسێكسوالیه‌ت که هه‌ر له ناوی کتێبه‌که‌ی براندێ وە ده‌رده‌که‌وێت، ده‌ستنیشان ده‌کات. جگه له‌وه‌ش به‌شێکی گرنگ و بنه‌ڕه‌تیی کتێبه‌که‌ی داهلریوپ بریتییه له پێداچوونه‌وه‌یه‌کی وردی ئه‌و ده‌قانه که ژنانی نوسه‌ری دانمارکی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاویان کردۆته‌وه که براندێ خه‌ریکی نووسینی کتێبه‌که‌ی خۆی (پیاوانی مۆدێڕنی ڕچه‌شکێن) بووه. داهلریوپ له لێکدانه‌وه‌کانی خۆیدا ئه‌وه نیشان ده‌دات که چۆن ئه‌و نوسه‌ره ژنانه خۆیان فۆرمۆله ده‌که‌ن و چۆن گێڕانه‌وه‌ی نائومێدییه‌کانی خۆیان به شێوه‌یه‌کی چڕ‌و پڕ هاوته‌ریب ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیدیالانه‌ی که براندێ ده‌رباره‌ی نوسیبوون.
هه‌م بیرگیتا هۆڵم و هه‌م پیل داهلریوپ ڕۆڵی سه‌ره‌کیی ئه‌و نوسه‌ره ژنانه که له نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتدا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا هه‌یانبووه نیشانده‌ده‌ن. ئه‌و نوسه‌ره ژنانه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌یدانی ئه‌ده‌بیان داگیرکردبوو، هاوکات شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌ده‌بیاتیشیان گۆڕی. بیرگیتا هۆڵم له کتێبه‌که‌ی خۆیدا ده‌سته‌واژه‌یه‌ک له پێشه‌کییه ئالیگۆرییه‌که‌ی (خێزانی H) که یه‌کێ له ڕۆمانه‌کانی فرێدریکا برێمێره دێنێته‌وه، که دواتر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه لابراوه. له‌وێدایه که فرێدریکا برێمێر باس له کچێک ده‌کات که به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵیتی چوونه ژووره‌وه‌ی بۆ سه‌مای باله‌ی به کۆمه‌ڵ کڕیبێت ده‌یهه‌وێت بچێته ژوور و به‌شدار بێت. ئه‌و کچه له ناوه‌ڕاستی ده‌رگاکه وه‌ستاوه و تامه‌زرۆی چوونه ژوورەوەیە، هه‌رچه‌نده ئه‌و هیچ له‌و سه‌ما سه‌یرانه‌ی که له‌و ژووره‌دا ده‌کرێن نازانێ، به‌ڵام به‌ته‌نێ به حه‌زی زۆری خۆی له‌سه‌ر سه‌رده‌رگاکه سه‌مایه‌ک ده‌كات که خۆی دایهێناوه. ئه‌و سه‌مایه وا له حه‌زی پیاوێک که به‌لایدا تێده‌په‌ڕێت ده‌کات که پاره بدات به کچه‌که بۆ کڕینی بڵیت و پێی بچێته ژوور. هۆڵم ئه‌و به‌شه به‌و شێوه‌یه ده‌خوێنێته‌وه که ئه‌وه ده‌قاوده‌ق جێگای نوسه‌ری ژنه که هه‌م له‌ناو و هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی نۆرم خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌کیی هۆڵم لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که چۆن نوسه‌رانی ژن به‌شداری له سه‌ماکه‌دا ده‌که‌ن له ڕێگای دووباره شکڵدانه‌وه‌ی سه‌ماکه به شێوه‌ی خۆیان. ئه‌و جۆره نوێکردنه‌وه‌یه به‌هۆی لادان له نۆرمه باوه‌کانه‌وه بووه‌ته چه‌قی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی خواره‌وه:
کتێبی ئێبا ویت- براتسترۆم له‌سه‌ر نووسینه‌کانی موا مارتینسۆن له ساڵی 1988، کتێبی بیرگیتا سڤانبێری له نووسینی ئه‌گنێس ڤۆن کریوسێنشێرناله ساڵی (1989) و له سنووری وڵات له نوسینی ئێڤا ئادۆڵفسۆن له ساڵی (1991). له کتێبی موا مارتینسۆن: نوسین و ئه‌نگێزه له سییه‌کاندا، ئێبا ویت- براتسترۆم ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات که چۆن موا مارتینسۆن له ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و مۆدێرنیزمه گه‌شه‌کردووه و ده‌سته‌به‌ندگه‌لی ژیانویستیانه‌دا، شتی خۆی که ژنانه و ژیانگه‌را بووه نووسیوه. له کتێبی راستی ده‌رباره‌ی ژن دا بیرگیتا سڤان بێری خوێندنه‌وه‌یه‌کمان له زنجیره ڕۆمانه‌کانی خانمه‌کانی ڤۆن پاهال ی ئه‌گنێس ڤۆن کریوسێنشێرنا ده‌داتێ که وه‌ک دژایه‌تییه‌کی فێمینستی هه‌م به‌رامبه‌ر به مۆدێرنیزمی ئه‌وکات و هه‌م به‌رامبه‌ر به شه‌پۆله‌کانی نازیسم و فاشیزمی، ده‌دیت.
به‌شێکی زۆر له لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که له وڵاتانی باکووری ئه‌وروپا و سوید ئه‌نجامدراون ته‌رخان کراون بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی که له‌لایه‌ن نووسه‌رانی ژنه‌وه نوسراون، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا مرۆڤ بۆته خاوه‌نی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی که شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ژنانه به‌ده‌ستبێنێت. له نامه‌ی دکتۆراکه‌مدا به ناویمێژوویه‌کی تر دا (1989) ته‌رکیزم له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌بیاته کردووه که ژنان له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا خوێندویانه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها زۆر جاران به‌ڵام نه هه‌موو کاتێ له‌لایه‌ن ژنانه‌وه نووسراون. هه‌روه‌ک نوسه‌رانی ژن، ئه‌و ده‌قه رۆمانتیکانه‌ی که ژنان له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ده‌یانخوێنه‌وه به‌که‌م چاویان لێکراوه و له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا ده‌رهاویشتراون. ئه‌و ئه‌ده‌بیاته ڕۆمانتیکه وه‌ک شتێکی “ترسناک” به‌رجه‌سته کراوه و به فۆرم و شێوه‌ی جیاواز له‌ناوبردراوه. به‌ڵام له مێژوویه‌کی تر دا تێزێک به‌کار ده‌بردرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ی که نوسه‌رانی ژن نووسیویانه، به‌ڵام ئه‌و تێزه‌ش خۆگونجاندنێکی تێدایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌و نۆرمه سه‌رده‌ستانه‌ی که هه‌ن.
یه‌کێک له کاره هه‌ره به‌رجه‌سته‌کانی ئه‌و بواره هه‌تا له ڕوانگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییشه‌وه گرنگ بووه ئه‌و هه‌وڵدانه بووه که بۆ نووسینی مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان دراوه، ئه‌ویش به چاپکردنی به‌رهه‌مێک به‌ناوی (مێژووی ئه‌ده‌بی ژنانی باکووری ئه‌وروپا) له چوار به‌رگدا (1992/1997) بووه. ئه‌و به‌رهه‌مه بریتییه له هه‌موو ئه‌و لیکۆڵینه‌وانه‌ی که یه‌که‌م نه‌وه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی فێمینیستی له باکوری ئوروپا نوسیویانه. له ڕێگای مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان توانراوه ترادیسیۆنی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که له ڕابردوودا داپۆشراو و یان شاردراوه بووه، بیخه‌نه ڕوو. له‌و به‌رهه‌مانه‌دا مرۆڤ له‌هه‌مان کاتدا ئه‌وه ده‌بینێت که چۆن ژنان له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌راوێز کراون و ئه‌و ئه‌و په‌راوێزبوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتێک که هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی ئافراندن و له‌هه‌مان کاتیش‌دا به‌شدارێکی چالاک بووه له باسه‌کانی ئه‌وکاتدا. به‌شه جۆراو جۆره‌کانی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی باکوری ئوروپا كه بریتین له (به‌ناوی خوا، ماڵی باوک، جیهانێکی به‌رفراوان و له‌سه‌ر زه‌وی)، ده‌ربڕی ڕاده‌یه‌کی خۆشبینانه‌ی پێشکه‌وتنه به به‌راورد له‌گه‌ڵ مێژووی ئه‌ده‌بی شواڵتێر له دوو ده‌یه‌ی پێشتردا. ئه‌و به‌رهه‌مه هه‌ڵوێست، ده‌ستپێک و تێگه‌یشتنه جیاوازه‌کان له کاته جۆراوجۆره‌کاندا ده‌خاته ڕوو که له ده‌قی نوسه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی ژن‌دا هه‌ن. ئه‌و به‌رهه‌مانه به گێرانه‌وه‌ی زاره‌کی ژنان به شێعره‌کانی ئێدا [1] له وڵاتی ئیسلاند ده‌ست پێ ده‌کات و دواتر به‌ره‌و پێش ده‌چێت و له گرینلانددا ته‌واو ده‌بێت. له‌وێ ئه‌ده‌بیاتێک که له‌دوای شه‌ڕ گه‌شه ده‌کات له‌لایه‌ن ژنانه‌وه فۆرموله ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌ستپێکی تازه بخاته به‌رچاو.
لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی به‌شێکی گرنگی فێمینیزمی سیاسی بووه له ساڵانی حه‌فتادا. به‌هاوکاری ئه‌ده‌بیات و ده‌قه‌کان مرۆڤ ده‌یتوانی ئه‌وه نیشانبدات که چۆن گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌ست ده‌رباره‌ی (کۆمه‌ڵگا و سێكس) داڕشتراوه و فۆرموله کراوه و هاوکات هه‌مان گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌ست ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی جیاده‌کرده‌وه که گێڕانه‌وه‌ی نكۆڵیكراو و هه‌ڵاواردراو بوون. ئه‌و شێوه په‌یوه‌ندییه له هه‌شتاکاندا پڕ بوو له کێشه. له تیۆریی سازکردنی فه‌رانسییدا به‌تایبه‌ت ڕوانگه‌یه‌کی ته‌واو جیاوز له‌سه‌ر ده‌قی ژنان و تواناكانی ئه‌وان بۆ گێڕانه‌وه یان بۆ ده‌ربڕین، و هاوکات له‌پێناو ده‌رباز بوون له گوتاری سه‌رده‌ست، شێوه‌باسكرنی ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ لایه‌نه زاڵه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی دانرا. هه‌رچی له‌وباره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئه‌نگلۆساکسۆنی که له بناغه‌دا ڕوانگه‌یه‌کی گه‌شبینانه بوو له‌سه‌ر توانای ژنان که گوایه ئه‌وان ده‌توانن سه‌رباری هه‌ر شتێک، گوتاری پیاوسالارانه بشکێنن و هاوکات ده‌توانن ئه‌زموونه‌کان و تایبه‌تمه‌ندیی ژنانه‌ی خۆیان ده‌رببڕن. تیۆریسێنه‌کانی فه‌رانسی وه‌ک لویس ئێریگاری، هێلێن سیسۆ و ژولیا کریستێڤا گوتاری پیاوسالارانه‌یان وه‌ک سیستمێکی یه‌کلایه‌نه(monolith) باس ده‌کرد. له‌و سیسته‌مه‌دا ژن و ژنایه‌تی بێده‌نگ و به‌رته‌سک کرابوونه‌وه.
به بۆچوونی لویس ئێریگاری ئێمه له لۆژیکناوه‌ندێکی پیاوسالاردا ده‌ژین، له‌وێدا به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگا نادرێت به ژن و ژنایه‌تی که خۆی ده‌رببڕێت. لویس ئێریگاری له کاره سه‌ره‌کییه‌که‌ی خۆیدا به ناوی (Spẻculum de Ľ autre femm) (1974) به وزه‌یه‌کی زۆره‌وه ئه‌و “وه‌کیه‌کبوونه لۆژیکییه” ده‌خاته به‌رچاو که کاره‌که‌ی که‌یت میلێت مان بیرده‌خاته‌وه، ئه‌و “وه‌کیه‌کبوونه لۆژیکه”ی که له‌ناو گوتاری پیاوسالاردا کاری ده‌کات که له ئه‌فلاتونه‌وه ده‌ست پێده‌کات تا دواتر. به گوته‌ی ئێریگاری له‌و گوتاره پیاوسالاره‌دا ته‌نیا یه‌ک ڕه‌گه‌ز هه‌یه. پیاوبوون پێوانه‌ی هه‌موو شتێکه، له جێگایه‌ک که ئه‌و پیاوانه‌ییه نییه ته‌نیا به‌تاڵی و بێده‌نگی هه‌یه.
له کتێبی (I La Jeune Nèe ) (1975) هێلێن سیسۆ باس له زمان ده‌کات وه‌ک “مه‌یدانی شه‌ڕێکی گشتی” له‌و مه‌یدانه‌دا “مردن به به‌رده‌وامی له‌کاردا” و ژنایه‌تی به‌رده‌وام وێران ده‌کرێت و ژێرده‌که‌وێت له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوبووندا. پڕۆژه‌ی سیسۆ و ئێریگاری هه‌ر وه‌ک ڕه‌خنه‌ی ئیدئۆلۆژیکی میلێت وایه، ئه‌وان حه‌ز ده‌که‌ن گوتاری پیاوسالارانه ئاشکرا بکه‌ن و تێکی بشکێنن، به‌ڵام میلێت له ڕێگای جیاوازییه جێنده‌ریه‌كان به‌هاوکاری گریمانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان خۆی فۆرمۆله ده‌کرد. هه‌رچی سیسۆ و ئێریگاری بوون به شێوه‌یه‌کی گو‌نجاو له‌سه‌ر زمان ئیشیان ده‌کرد. تێزی ئێریگاری و سیسۆ زانیاریمان ده‌رباره‌ی زمانی سه‌رده‌ست ده‌داتێ و ده‌ڵێن که ئه‌و زمانه سه‌رده‌سته زیندانێکه بۆ ژن و ژن ناتوانرێت به‌و زمانه باسی لێبکرێت. به بۆچوونی ئێریگاری و سیسۆ له چوارچێوه‌ی ئه‌و زمانه و تیورییه پیوه‌ندیداره‌کانی ئه‌ودا ژن و ژنایه‌تی زۆر جاران ته‌نێ بۆ مه‌به‌ستی گه‌یاندن، ئه‌وه‌ی که ئه‌مه چه‌مکگه‌لی زمانین و هیچ ئاماژه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ نین به شتێک له ده‌ره‌وه‌ی واقیعدا. له کاتێکدا میلێت حه‌زی ده‌کرد خوێنه‌ر ئاگادار بکاته‌وه ده‌رباره‌ی جیاوازی چه‌مکه‌کان و واقعیه‌ت. سیسۆ و ئێریگاری حه‌زیان ده‌کرد که چه‌مکه‌کان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و له‌ناویان ببه‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زمانه پیاوسالارانه و داخراوه‌دا، ئه‌وان نووسینێکی نزیک به‌هه‌ژاندنی ژنانه بنیادده‌نێن. له ڕێگای ئه‌و شێوه نووسینه‌ی که سیسۆ و ئێریگاری ناوی ده‌نێن نووسینی ژنانه (ècriture fèminine)، ئه‌و نووسینه‌ی که زمانی پیاوسالارانه ریشه‌کێش ده‌کرێ و تێکیده‌شکێنێ. به‌و شێوه‌یه جێگا ده‌کرێته‌وه بۆ “ئه‌و ژنایه‌تییه‌ی” که به‌رته‌س کراوه و به‌ووته‌ی ئه‌وان: ئێمه هه‌رگیز له‌ڕێگای ئه‌و زمانه سه‌رده‌سته ناتوانین بزانین “ئه‌و ژنایه‌تییه” چییه، به‌ڵام کاتێک دێته ده‌ربڕین زمانی سه‌رده‌ست تێکده‌شکێت.
به باوه‌ڕی سیسۆ و ئێریگاری ” ژنایه‌تی” و ” پیاوییه‌تی” دوو هێزی له‌یه‌کجیا ده‌بیندرێن. تیورییه‌کانی ژولیا کریستێڤا زۆرترین کاریگه‌ریان له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌م له وڵاتانی ئه‌نگلۆساکسۆن و هه‌م له‌سه‌ر وڵاتانی باکووری ئوروپا و سوید هه‌یه. کریستێڤا باس له دوو ئاستی زمان ده‌کات که یه‌کیان ده‌به‌ستێته‌وه به “پیاوانه‌یی” و ئه‌ویتریشیان “ژنانه‌یی” ، له راستیدا وه‌کو دوو شوێن و جێگای جیاواز له گه‌شه‌کردنی مرۆڤایه‌تیدا بناغه ده‌گرن. ئاستی “نیشانه‌ناسی” که کریستێڤا به یارمه‌تی تیوری ده‌روونشێکاری به‌هاوژینیی بنه‌ماییانه‌ی دایک و منداڵی ده‌به‌ستێته‌وه و پێی ده‌ڵێ “ژنانه”، بریتییه له زمانێک پێشتر له زمان که تێیدا منداڵه‌که هێشتا نه‌بۆته خاوه‌نی شوناسێک، به‌ڵکو ماناکان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووناکی، تاریکی، گه‌رمی، ساردی و لێدانی دڵ و له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌کانی تری مه‌کینه‌ی هه‌سته‌کان ساز ده‌کرێ. له کاتی چوونه ناو نه‌زمی سیمبۆلی “پیاوانه”ی زمان واتا “لۆگۆس” پێکهاته ڕێزمانییه‌کان که بۆ په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و دروستکردنی ماناسازی پێویستن و شکڵ ده‌گرن، کاتێک که ده‌بێ به‌رهه‌می ماناداری نیشانه‌ناسانه‌ی “ژنانه” تێبخزێندرێت. کریستێڤا له وتارێکی به‌ناوی ( La femme, ce ń est jamais Ça ) له گۆڤارێک‌دا به ناوی ( ( Tel Quel (1974) ده‌نووسێت: “به باوه‌ڕی من ژن شتێکه که نوێنه‌رایه‌تی ناکرێ و ناتوانرێت ناو ببردرێت، شتێکه که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زمان و ئایدۆلۆژییه‌کان.” به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه که “ئه‌و ژنایه‌تی”بوونه له تیوریه‌کانی کریستێڤادا به ته‌واوه‌تی وه‌لاندراو و دوورده‌سته. به بۆچوونی کریستێڤا ئه‌و “ژنایه‌تی”ه له نه‌زمی سیمبۆلیکی زماندا وه‌ک کارکردێکی کارا و به‌هێزی ستره‌كته‌ری چه‌مکه جێگرتووه‌کان له ئارادایه. ئه‌مه‌ش خۆی له فه‌زای نێوان بێده‌نگی و پچڕانی به‌رده‌وام له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و چۆنایه‌تی ریتمیکی ئه‌واندا ده‌رده‌بڕێت. له کاره به‌رجه‌سته‌که‌ی خۆی به‌ناوی (La Rèvolution du langage poètique ) (1974) کریستێڤا ئه‌و ئاستی زمانه به “شیعریی” یان “شاعیرانه” ناو ده‌بات و ده‌یهه‌وێت ئه‌وه نیشان بدات که چۆن “ئه‌و ژنایه‌تییه” به‌شێکی زۆر گرنگه له‌و باره‌وه و گرنگترین شته له‌لای نووسه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی وه‌ک جۆیس، ئارتۆد، سێلین و مه‌لارمێ. زۆز که‌س بۆ نموونه له سوید کریستین یه‌رڤستاد له کتێبی (رێنوێنی فێمینیستی)(1995)دا ئاماژه‌ی به ئه‌و پارادۆکسه داوه که کریستێڤا له په‌ڕینه‌وه‌ی “ئه‌و ژنایه‌تییه” بۆ ناو کاره‌کانی نووسه‌رانی پیاوادا ده‌یبینێته‌وه. مرۆڤ ده‌توانێت بڵێ که تیۆرییه‌کانی کریستێڤا به زۆر شێوه‌ی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕ و تازه‌کاری له چۆنییه‌تی خوێندنه‌وه‌دا پێکهێناوه و خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ی له‌سه‌ر ده‌قی نووسه‌رانی ژن هه‌یه.
فێمینیسته فه‌رانسییه‌کان به زۆر شێوه‌ی جیاواز پشتیان له فێمینیزمی سیاسی کرد، ئه‌و فێمینیزمه‌ی که له هێندێک بواردا شان به شانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژنان ده‌ڕۆیشت و باسه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و تیوریانه واتا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی زیاتر گه‌شه‌ی پێدرا کاتێ ئه‌م تیوریانه وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانی ئینگلیزی له هه‌شتاکاندا و خوێنه‌ری زۆری بۆ خۆی په‌یدا کرد. ئه‌و تیوریانه به‌شێکی گرنگ بوون بۆ ناسیاسیکردن و ئه‌کادیمیکردنی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌ی که شکڵی گرتبوو، له پێش هه‌موویانه‌وه له زانکۆکانی ئه‌وکاتی ئه‌مریکادا.
کێن رووتڤێن له کتێبی لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیانه‌ی ئه‌ده‌بی Feminist Literary Studies) (1984)) که مێژووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ده‌نووسێته‌وه و ئه‌و لێکۆلینه‌وه مه‌یدانیه فێمینیستیه له فێمینیزمی سیاسی جیا ده‌کاته‌وه و ده‌یهه‌وێت ئه‌و بواره بۆ پیاوانیش بکاته‌وه. به بۆچوونی رووتڤێن فێمینیزمی سیاسی ده‌توانێ جیاوازیخوازانه بێت، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ناتوانرێت جیاوازیخوازانه بێت، و ئه‌وه به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی شواڵتێره که ده‌ڵێ ژنان به‌هۆی ئه‌زموونی خۆیانه‌وه باشتر ده‌توانن ده‌قی ژنان بخوێننه‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ پیاوان. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی به سازکردنی تیوریه‌کانی خۆی هه‌موو بناغه‌کانی جیاوازیخوازی له‌ناوبرد و مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو که جێند‌ێر سازکراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. گه‌شه‌ی بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی که جارێک به له ڕه‌خنه‌وه بۆ له‌هه‌ڵڵادان ناوزه‌ده‌کات و دواجار به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سازکراوه جێنده‌ریه زاڵه‌کان ناوی ده‌بات، باس له‌وه ده‌کات که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ده‌بێ بوارێک بێت بۆ ژنان و پیاوان و باس له ده‌قی ژنان و پیاوان بکات.
هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ی که کتێبی لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیانه‌ی ئه‌ده‌بی (Feminist Literary Studies) ی رووتڤێن چاپ بوو، کتێبی (سیاسه‌تی سێکسواڵ/ده‌قی Sexual/textual Politics) ی تۆری مووا چاپ کرا. ئه‌و کتێبه‌ش هه‌مان نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و بواره بوو به‌ڵام به هێندێک بابه‌تی جیاوازتره‌وه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی مووا ئه‌وه نه‌بوو که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ئاکادێمیک بکات، هه‌رچه‌نده ئه‌و کتێبه‌ی ئه‌و له کرداردا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێڕا له‌و بواره‌دا. مووا هه‌وڵی ده‌دا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌خنه ئه‌نگلۆ ئه‌مریکییه که به بۆچوونی ئه‌و له بناغه‌دا جه‌وهه‌رگه‌را و بایۆلۆجیک بوو سه‌رنج وه‌رگێڕێته سه‌ر ڕه‌خنه‌ی زمانه‌وانیی فه‌ره‌نسی. کتێبه‌که‌ی مووا وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌یه‌کی به‌هێز بوو ده‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌و بواره‌دا به زمانی ئنگلۆساکسۆنی کاریان کردبوو. له پێشه‌کی ئه‌م کتێبه‌یدا مووا فۆكوسێكی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنه نێگه‌تیڤه‌که‌ی ئێلین شواڵتێر ده‌کات که له‌سه‌ر تێکسته‌کانی ڤیرجینیا وۆڵفی هه‌بووه له کتێبی (ئه‌ده‌بیاتی خۆیاندا A literature of their Own) به بۆچوونی مووا پێوه‌ره‌کانی شواڵتێر ریالیزم، شوناس، ئه‌زموون، ڕه‌سه‌نایه‌تی وڕاستی وایان له‌و کردووه که نه‌توانێت ئه‌و بنه‌ما گوتارییانه‌ی که وڵف ده‌ریانده‌بڕێت، ببینێت. وڵف شوناسی تازه نانووسێت، به‌ڵکو ئه‌و شوناسه کۆنه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، به‌ڵام به بۆچوونی مووا شواڵتێر ئه‌وه نابینێت چونکه ئه‌و پێویستی به‌و گریمانانه هه‌یه بۆ باسه‌که‌ی خۆی. ئه‌وه‌ی که به ته‌واوی دژایه‌تی شواڵتێر ده‌کات تیورییه‌کانی ژولیا کریستێڤایه که به‌دوای جێگیرکردن و داخرانی چه‌مه‌که‌کان و شوناسه‌کاندا نیه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌ویش هه‌روه‌ک وڵف ده‌یهه‌وێت ئه‌و چه‌مکانه بتوێنێته‌وه.
ئه‌و سه‌نگی مه‌حه‌که‌ی تۆری مووا هه‌ڵیبژاردووه زۆر ستراتێژیک بووه. ڤیرجینیا وڵف به زۆر شێوه‌ی جیاواز دایکی نه‌ریته‌کانه. له وتاری ژوورێک له‌مه‌ڕ خۆی A Room Of One”s Own ) 1929) وڵف زۆربه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی باس کردووه که دواتر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی زۆری کار له‌سه‌ر کردووه. لێکۆڵینه‌وه‌ی سیستێماتیکی ئه‌م وتاره له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌کان و سازگارییه چه‌ند لایه‌نییه‌کان وای کردووه که ئه‌و وتاره ده‌ستپێکێکی باش بێت بۆ ڕه‌خنه له‌سه‌ر هه‌موو ئاراسته‌کانی تیۆرییه سازکراوه‌کان و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینستی به‌جۆرێ له جۆره‌کان هه‌وڵی داوه تیورییه‌کانی خۆی به ده‌قه‌کانی ڤیرجینیا وڵف ببه‌ستێته‌وه.
له قۆنا‌غی سه‌ره‌تای ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستیدا فۆكوس به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر ڕوانگه‌یه‌کی نه‌نێرنه‌مێی بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی له کۆتایی کتێبه‌که‌ی (ژورێک له‌مه‌ڕ خۆی) ڤیرجینیا وڵف ده‌بیندرێت. هه‌روه‌ها کتێبه‌که‌ی کارۆلین هێیلبرون به‌ناوی (به‌ره‌و نه‌نێر نه‌مێی Toward Androgyny) و کتێبه‌که‌ی نانسی تۆپینگ که ناوی (ڤیرجینیا ولف و ڕوانگه‌ی نه‌نێر نه‌مێیVirginia Woolf and the Androgynous Vision) بوو له ساڵی 1973 چاپکراون، خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی یوتۆپییی بوون. ئێله‌ین شواڵتێر که به‌دوای ده‌ربڕینی ژنانه‌دا ده‌گه‌ڕا ئه‌و که‌سایه‌تییه نه‌نێر نه‌مێ بوونه‌ی پێ هه‌ڵاتن و خۆده‌ربازکردن بوو. شواڵتێر ئه‌و لایه‌نه نادیار و ناجێگیرانه‌ی که له ده‌قه‌کانی ڤیرجینیا وڵف دا هه‌ن ده‌گێڕێته‌وه بۆ ناتوانایی وڵف له به‌یه‌که‌وه‌گرێدانی ده‌قه‌کان و ده‌ربڕینی ئه‌زموونه ژنایه‌تییه‌کانی ئه‌و. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش قورساییه‌کی زۆری کتێبه‌که‌ی شواڵتێر له‌سه‌ر ئه‌و وتانه‌یه که وڵف له‌سه‌ر گرنگی و ڕۆڵی ئیمکاناته ماددی و مه‌عنه‌وییه‌کان بۆ نووسه‌ری ژن ئاماژه‌یان پێده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌وه ئه‌و بۆچوونه بوو که گیلبێرت و گیوباریش باوه‌ڕیان پێ بوو و هاوکات تیوری جوانیناسانه‌ی ئه‌وان که ده‌توانرێت وه‌ک ئه‌نجامدانی لێدوانێک بخوێندرێته‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌و ئیدیاله جوانیناسییه‌ی که ڤیرجینیا وڵف له کتێبی (ژورێک له‌مه‌ڕ خۆی)دا ئیدیعای ده‌کرد. بۆ ڤیرجینیا وڵف ڕۆمانی جه‌ین ئێر- ی شا‌رلوت برۆنتێ ده‌قێکی سه‌رنه‌که‌وتووه و ولف نابودی یان وێرانی ئه‌و ده‌قه‌یه‌ی ده‌گێڕایه‌وه بۆ ئه‌و قیژه‌یه‌ی که ژنه شێته‌که داڵانه‌کانی پێ پڕ ده‌کرده‌وه. ئه‌و قیژه‌یه‌ی که گیلبارت و گیوبار به‌رزیان ده‌نرخاند. ڤیرجینیا وڵف ئه‌و کاره‌ی شا‌رلۆت برۆنتێی وا ده‌دیت که ” له تووڕه‌یدا نووسیویه‌تی نه له ئاگاییدا”. به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی وڵف گیلبێرت و گیوبار پێیان وابوو ئه‌و تووڕه‌بوون و هه‌ڵچوونه گرنگترین به‌شی ڕۆمانه‌که‌یه.
ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له ساڵانی حه‌فتادا به‌شێکی زۆری دیاری کردبوو بۆ ده‌قه‌کانی سه‌د ساڵی رابردوو. مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت که ده‌قه‌کانی وڵف پێوانه‌یه‌ک بوون بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی جوانیناسیه‌ک که جیاواز بوو له جوانیناسیی مۆدێرنیستی، ئه‌و جوانیناسییه مۆدێرنیستییه‌ی که وڵف خۆی یه‌کێک بووه له‌وانه‌ی فۆرمۆله‌ی کردوه. له رووناکایی تیوریه‌کانی بنه‌ماشکێنی و لێکدانه‌وه‌ی جێندریانه که له ساڵانی هه‌شتادا زاڵ بوون وڵف هاوکات بوو به سه‌رنجراکێشترین نووسه‌ر بۆ لێکۆڵه‌ره‌وه فێمینیسته‌کان. بۆ لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی وه‌ک ماکیکۆ مینۆو_پینكۆیی و ڕاچێل بۆلوبی ده‌قه‌کانی وڵف ببوونه ده‌ربڕی نامومکین بوونی سیاسه‌تی شوناس، په‌راوێز و سنوورداربوونی “ژنایه‌تی”، هه‌روه‌ک بۆچوونه زمانییه‌کانی که کریستێڤا له کتێبی (ڤیرجینیاوڵف و کێشه‌ی سۆبژه Virginia Woolf & the problem of the Subject) و کتێبی (چاره‌نووسی فێمینیزمدا Feminist Destination (1988)). له لێکۆڵینه‌وه‌ی ژیاننامه‌یی فێمینیستیدا که جێگایه‌کی گرنگی هه‌بووه له تیوری ئه‌ده‌بی ئه‌و ده‌یه‌دا دیسان باس له وڵف ده‌کرێته‌وه و بۆ نموونه سیدۆنیێ سمیث له کتێبی (سوبژه، شوناس و جه‌سته‌دا Subjectivity, Identity, and the Body (1993)) باس له پێویستی لابردنی “خود”ی نه‌زمی کۆن ده‌کات.
له کۆتایی هه‌شتاکاندا ترازانێک له‌و چه‌مکانه‌دا ڕوویدا که بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونییه‌وه له خۆیدا جێگای کردبووه. چه‌مکه‌کانی وه‌ک شوناس، سۆبژه، ئه‌زموون، مێژوو و راستی که به‌دواداچوونی بنه‌ماشکێنی له‌خۆیدا تواندبوونییه‌وه، هه‌روه‌ک حه‌زی گوتاریی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ بۆ پێکهاته زمانییه‌کان. ده‌قی ئه‌ده‌بی به زۆر شێوه‌ی جیاواز شوێنی خاوه‌ن ئیمتیازی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیدا. مرۆڤ پێێ وابوو که ئه‌و جۆره لێکۆڵینه‌وانه ناتوانن چه‌ند گێڕانه‌وه‌یه‌کی ئالتێرناتیڤی بده‌ن به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵکو ته‌نیا تێگه‌یشتنێکی قوڵتره ده‌رباره‌ی ئه‌و پیاوسالارییه‌ی که له ئارادایه. به بۆچوونی ئالیس ژاردین له کتێبی (بنجوبنه‌وان Gynesis (1985)) که یه‌کێک بوو له‌و کتێبانه‌ی که سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌و ژنه واقعی و ده‌قه‌کانی ئه‌و وه‌رسوڕانده سه‌ر هه‌مه‌لایه‌نی کولتوریی ده‌ق یان گوتار، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه بتوانرێت ببینرێت که چۆن نیشانه‌ی “ئه‌و ژنایه‌تییه” له‌ناو گوتار یان ده‌قدا کار ده‌کات و چۆن ” ژنایه‌تیی” سه‌رله‌نوێ ده‌نووسرێته‌وه له زماندا. ناوی کتێبه‌که‌ی ژاردین بۆ خۆی جێگای باسه و ناوی کتێبه‌که ڕووی باسه‌که‌ی له جینۆکریتیسیزمی ئیلێن شواڵتێره. بۆ ژاردین ئه‌و فێمینیزمه‌ی شواڵتێر و فێمینیسته‌کانی ساڵانی حه‌فتا ده‌ربڕینێکی زیاترن بۆ دووباره بیرکردنه‌وه‌ی پیاوسالارانه که ئه‌وان پێیان وابوو دژی تێده‌کۆشن. به گوته‌ی ژاردین ” ژنایه‌تیی “ ده‌بێ سه‌رله‌نوێ بنووسرێته‌وه و ئه‌و پرۆسێس و گه‌وره‌ییه ده‌قییه یۆتۆپیاییه نه‌ناسراوه‌یه که له زماندا ده‌نووسرێت و ژاردین ئه‌وه ناوده‌نێت ” gynesen “.
ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ناو فه‌لسه‌فه و ڕه‌خنه‌ی فێمینیستیدا له ساڵانی هه‌شتادا ڕوویدا تایبه‌تمه‌ندییه‌کی پارادۆکسانه‌ی هه‌یه و هاوکات ” ژنایه‌تیی” ده‌که‌وێته جه‌رگه‌ی نه‌ته‌نیا باسه‌کان له‌ناو فێمینیسته‌کاندا به‌ڵکو به‌هامان ڕێژه ده‌که‌وێته ناو باسی فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌کانی وه‌ک دریدا، ژیل دێلوز، ژان بۆدلێر و باس له‌سه‌ر ژنی دیاریکراو یان کۆنکرێت کۆتای پێ دێت. ئیتر ئه‌وه ده‌قی ژنان نییه که ده‌بێته که‌ره‌سه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی مرۆڤ، به‌ڵکوو ئه‌وه “ژنایه‌تییه” که له گوتاری ده‌قی و کولتوری و له چوارچێوه‌ی فێمینیزمدا که ژن بۆ خۆی، یاخود وه‌ک جێنده‌ر به‌رهه‌می ده‌هێنێ، ده‌بێته ئه‌و ده‌قه‌ی که مرۆڤ ده‌یخاته به‌ر لێکۆڵینه‌وه. له‌ناو ئه‌وانه‌ی که زۆر له‌وه زیاتر په‌ره‌ی به ئه‌و بواره داوه جۆدیس باتلێره، که یه‌کێکه له ئه‌ستێره هه‌ره گه‌شاوه‌کانی پۆستفێمینیزمی ئه‌مریکاییه له ساڵانی هه‌شتادا. له کتێبه‌ی خۆیدا به ناوی (گرفتی جێنده‌ر Gender Trouble (1990)) هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه ڕه‌تده‌کاته‌وه که ده‌ڵێت شتێک له ده‌ره‌وه‌ی زماندا هه‌یه. به بۆچوونی باتلێر ژنایه‌تی ده‌قیقه‌ن وه‌ک پیاوه‌تی، هۆمۆسێکسوالیتی و هه‌موو ئه‌و شوناسانه‌ی تریش هیچ شتێک نین جگه له گوتار. هیچ ژێرده‌رێک نییه، هیچ شتێک له پێش زمان و ئه‌و سیستمه نیشانه‌ییه‌ی ئێمه کاری پێ ده‌که‌ین له ئارادانیه. هیچ شتێک له پاش زمان و له ده‌ره‌وه‌ی زماندا نیه. هه‌موو شتێک گوتاره و ته‌نیا شتێک که ئێمه ده‌توانین ده‌رباره‌ی ڕۆڵه جێنده‌ریه‌كان بیکه‌ین گه‌ڕان و کارکردنه له گوتاری جێنده‌ردا.
له به‌شی کۆتایی هه‌شتاکاندا زۆر ده‌نگی ڕه‌خنه‌یی دژ به‌و ڕه‌وته‌ی که به‌سه‌ر بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی ژناندا زاڵ بوو، به‌رزبۆوه. ژا‌نێت تاد(Janet Todd ) مێژوونووسینه‌که‌ی خۆی که ناوی (مێژووی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی Feminist Literary History) له ساڵی (1988) چاپی کردبوو، وه‌ک داکۆکییه‌ک ناوی ده‌برد. له‌و کتێبه‌یدا تاد پێشنیاری بۆ لێکدانه‌وه‌ی ده‌ق ئه‌وه بوو که گرنگی بدرێت به لایه‌نی مێژوو و ئه‌زموون له جێگای ئه‌و به‌تیۆریکردنه زاڵه‌ی که هه‌یه. ده‌بێ لێکۆڵینه‌وه به‌ستێنییه‌کان ده‌ست پێبکرێنه‌وه تاوه‌کو لێکدانه‌وه‌یه‌کی سیاسیانه بێته‌ئاراوه که له ئه‌ودا چه‌مکێکی وه‌ک ئه‌زموون ده‌توانرێت به‌کاربهێنرێته‌وه. له سوید ناسازگاری و به‌ربه‌ره‌کای هه‌بوو له نێوان ئه‌و شته‌ی که به جه‌وهه‌رگه‌ریی ناوزه‌د کراوه، به واتایه‌کی تر باوه‌ڕ به بایه‌خ و تایبه‌تمه‌ندییه ناوخۆی و نه‌گۆڕه‌کان، و لێکۆڵینه‌وه‌کانی پێشتری سوید له‌م بواره‌دا و ئه‌و سازکردنه سیستماتیکه‌ی که له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ردا ڕه‌نگی دابۆوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌رگیز به‌و راده‌یه به‌رجه‌سته نه‌بوو وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئه‌مریکادا هه‌بوو. به شێوه‌یه‌کی تر مرۆڤ ده‌توانێت بڵێ که ڕه‌خنه‌ی فه‌رانسی له ڕوانگه‌ی جێنده‌رییه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی نه‌نێرنه‌مێ دا ته‌واوکه‌ری یه‌کتر بوون و ئه‌و ڕوانگه‌یان نوێ کردۆته‌وه.
له نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی ئێبا ویت براتسترۆم که کارگه‌ری کریستێڤای پێوه دیار بوو، براتسرۆم له ڕێگای تیورییه‌کانی ژولیا کریستێڤاوه به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ئه‌و ژنایه‌تی، سه‌رپێچیکه‌ریی و تایبه‌تمه‌ندییانه له ده‌قه‌کانی موا مارتینسۆندا ده‌خاته ڕوو. هه‌روه‌ک تیورییه‌کانی ئالیس ژاردین له لێکدانه‌وه‌کانیی ئێڤا ئادۆڵفسۆندا که له “وڵاتی سه‌رسنوور”(1991) دا بڵاوی کردۆته‌وه. له‌و لێکدانه‌وه‌یه‌شدا پێ له‌سه‌ر ده‌قی نووسه‌رانی ژن وه‌ک سنوورتێپه‌ڕ و خاوه‌ن هێزی نوێکه‌ره‌وه داده‌گیرێت. له کتێبی (رێنوێنییه باوه‌کانی فێمینیستدا1995) بۆ نموونه تیوریه‌کانی جۆدیس باتلێر که له‌لایه‌ن سارا دانیوسوه ده‌ناسێندرێن، سه‌رنج ده‌خرێته سه‌ر دژایه‌تییه‌کان له نێوان جه‌وهه‌رگه‌رایی و ساکردندا و هه‌ڵوێستێکی توند به‌رامبه‌ر به جه‌وهه‌رگه‌رایی ده‌گیرێ. وتاره‌کانی ناو ئه‌و کتێبه هه‌مان پێشبینیان هه‌یه که له لێکۆڵینه‌وه‌ی ژنان له پێشتردا هه‌بووه. ئه‌و کتێبه کاری کرده سه‌ر باشترکردنی نه‌ریتی مێژووی ژنان، نه‌ریتێک که به‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی سویدی له‌و بواره‌دا به‌رده‌وام زاڵ بووه.
ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی ژا‌نێت تاد بۆ مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان له کۆدا فۆرمۆله کرابوو، واتا “مێژووه‌کانی ئه‌ده‌بی ژنان”. تاد نه‌یده‌ویست پاساو بێنێته‌وه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و گشتگیرییه‌ی که له‌ناو به‌شێکی زۆری لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژناندا هه‌بووه، که له‌واندا پیتی سه‌ره‌تای ووشه‌ی ژن “ژ” به گه‌وره نووسراوه و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی تاد ده‌یویست بیکات لێکدانه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی گێڕانه‌وه‌کانی مێژووی ئه‌ده‌بیات بووه. له کۆتای هه‌شتاکاندا و به‌تایبه‌ت له نه‌وه‌ده‌کاندا مرۆڤ دیسان کارپێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات ده‌بینێ له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌کانی فێمینیستاندا، به‌تایبه‌ت له‌ناو که‌مینه گروپه‌کاندا. به‌تایبه‌ت به هه‌مان شێوه‌ی که فێمینیستانی ساڵانی حه‌فتا ده‌یانکرد، فێمینیسته‌کان له نه‌وه‌ده‌کاندا کاریان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیات ده‌ستپێكرده‌وه و ده‌یانویست له ڕێگای ئه‌ده‌بیاته‌وه چۆنییه‌تی کارکردنی ئه‌و گێڕانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه زاڵه‌ی که هه‌یه نیشان بده‌ن، به‌ڵام به به‌کارهێنانی بنه‌ما تیورییه نوێکان. له کتێبی (سازکردنه‌وه‌ی ژنایه‌تی Reconstructing Womanhood (1987))که نووسینی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی ژنانی ئه‌مڕۆی ئه‌مریکایه و هازێل کاربی( Hazel V.Carby) نووسیویه‌تی، شوناس یان مێژوویه‌کی تر ناناسێندرێت، به‌ڵکوو کاربی ده‌یهه‌وێت نیشان بدات که چۆن چه‌مکی (ژن)، (سپی) و (ڕه‌ش) له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا کار ده‌که‌ن. به‌هه‌مان شێوه ئێڤا کۆسۆفسکی سێدگویک له میانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا له کتێبی (له‌نێوان پیاوان دا Between Men (1985))دا به شوێن ئه‌وه‌دایه که چۆن تابووی هۆمۆسێکسوێل ورده ورده له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا له ڕێنسانسه‌وه بۆ ئه‌ولاوه جێگیر کراوه، به جۆرێک که له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بوو به سنوورێک که مرۆڤ لێی ده‌رباز نه‌ده‌بوو.
له نه‌وه‌ده‌کاندا مرۆڤ تێبینیی حه‌زێکی تازه‌ی ده‌کرد بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندیی سۆبژه‌ییانه له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا. له کتێبی (ڕه‌خنه‌ی چڕدا The intimate critique (1993)) ژا‌نێت تۆمپکینس له وتاره‌که‌ی خۆیدا به ناوی من و سێبه‌ره‌که‌ی من Me and My Shadow هاواری ئازادبوونی ده‌ق ده‌کات له ده‌ست ته‌واو یه‌کڕه‌نگیی تیوری. له کتێبی (Getting Personal) که نانی ک. میلێر نووسیویه‌تی و کتێبی (Alchemy of Race and Rights) که پاتریسیا ویلیا‌م نووسیویه‌تی، هه‌ردووی ئه‌و کتێبانه له ساڵی (1991) دانووسراون، مرۆڤ ده‌توانێت بزانێت که چۆن گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌یی که له فێمینیزمی حه‌فتاکاندا زۆر باو بوو، دیسانیش ده‌بێته‌وه جێگای متمانه. به‌ڵام، ئه‌مجاره‌یان، ئه‌م جۆره گێڕانه‌وه‌یه نه‌بووه بنه‌مایه‌ک بۆ سازکردنی تیۆری یاخود پێوه‌رێکی بایه‌خدانان، به‌ڵکو له ڕاستیدا بوو به دیاریکه‌ری ئه‌و شوێنه‌ی مرۆڤ له‌وێوه قسه ده‌کات و هه‌روه‌ها بوو به سه‌نگی مه‌حه‌ک و بناغه‌یه‌ک بۆ ئه‌و گه‌ڕانه به‌رده‌وامه‌ی که هه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی پێکدێنێت.
ژێده‌ره ئه‌ده‌بییه‌کان:
١. كتێبێك که تێگه‌یشتنێکی زۆرباش ده‌دات له‌و بواری لێکۆڵینه‌وه‌دا و هاوکارییه‌کی باشه بۆ گه‌ڕان به دوای ده‌قی تایبه‌تی کتێبی ”خوێندنه‌وه‌یه‌ک: تیوری ئه‌ده‌بیی فێمینیستی” (198٦) که ما‌ری ئیگڵتن ئێدیتی کردووه. له‌و کتێبه دا کۆمه‌ڵێک ده‌قی ئه‌م نه‌ریته خراونه‌ته به‌ر باس: “دۆزینه‌وه‌ی سووننه‌تی ژنانه””، ژێندر و ژانر و “ئایا ژنان جیاواز ده‌نووسن
٢. كتێبی “تیوری مۆدێرنی ئه‌ده‌بی، له فۆرمالیزمی رووسیه‌وه تا بناغه‌شکێنی”(1991) که ئیدیتۆره‌کانی کلاس له‌نتزێنبێری و سیسیلیا هانسۆن-ن، له‌م کتێبه دا به‌شێک بۆ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ته‌رخان کراوه و یه‌کێک که له‌وێدا جێ ده‌گرێت وتاره‌که‌ی ئێلین شواڵتێره به‌ناوی “ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له زه‌وی به‌یاردا”. به‌ڵام جگه له‌وه‌ش چه‌ندین ده‌قی ده‌روونشێکارانه‌ش له‌ناو ئه‌و کتێبه‌دا جێ ده‌گرن.
٣. ”بیروبۆچوونی فێمینیزمی فه‌رانسه‌ویی” (1987) که ئیدیتۆره‌که‌ی تۆریل مووایه که پێکهاتووه له ناساندن و کورته‌ی تێکسته‌کانی فێمینیسته فه‌رانسه‌وییه‌کان. له هێندێک له وان بۆ نموونه به‌شێک له تێکسته‌کانی ژولیا کریستێڤا کراونه سوێدی، جگه له‌وه‌ش وتاره درێژه‌که‌ی کریستێڤا که ده‌رباره‌ی نووسه‌رایه‌تی سێلین دایه کراوه‌ته سوێدی(1992). هه‌روه‌ها “ئه‌خلاقی جیاوازیی جنس و ده‌قگه‌لی تر” (1994) که له‌لایه‌ن لوس ئێریگاری نووسراوه.
٤. ”فێمنیسته‌كان” که ئیدیتۆره‌که‌ی لیسبێت لارشۆن-ه که به‌شێکی زۆر له ده‌قگه‌لی تیوریسێنه سه‌ره‌کییه‌کانی ژیندری له خۆی گرتووه، له ئالیس ژاردینه‌وه تاوه‌کوو جۆدیس باتلێر. له کتێبی “ڕێنوێنییه فێمینیستیه‌دکان”(1995) که ئیدیتۆره‌کانی کلایودیا لیندێن و ئولریکا میلێس-ه، له‌و کتێبه‌دا کۆمه‌ڵێک لێکدانه‌وه و لێدوانی تێدایه که ڕوانگه‌ی تیۆریسسیه‌نه‌کانی وه‌ک ئالیس ژاردین و باتلێر و ئه‌وانی تریشی تێدا ڕه‌نگده‌داته‌وه.
٥. بۆ لێکدانه‌وه‌یه‌کی وردتر له‌سه‌ر ده‌قه‌کانی نووسه‌رانی ژن کتێبی “مێژووی ئه‌ده‌بیاتی ژنانی باکووری ئوروپا” که پێنج به‌رگه ده‌ستپێکێکی باشه. له‌م کتێبه چه‌ند به‌رگه‌دا مرۆڤ گه‌وره‌ترین شێوه‌ی‌کارکردنی به‌کۆمه‌ڵ ده‌بینێ له‌سه‌ر لیکۆڵینه‌وه له بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستیدا. به‌شی پێنجه‌می به‌ناوی “ژیان و به‌رهه‌م”(2000) به هۆی لایه‌نه فاکتاییه‌کانی ژیاننامه‌یی و بیبلوگرافیایی، سه‌ره‌تایه‌کی باش بۆ کاری به‌رده‌وام مسۆگه‌ر ده‌کات. (تیۆری ئه‌ده‌بی: سه‌ره‌تایه‌ک)
تێبینی:
ناوی کۆمه‌ڵێک له کتێبه‌کان كه له ووتاره‌كه‌دا به‌كارهاتوون و بۆ نووسینه‌وه‌ی ووتاره‌كه:من (تیشكه) كه‌ڵكم لێوه‌رگرتوون بۆئه‌وه‌ی بتوانم تیۆریه‌كان تاراده‌یه‌ك ئاسانبكه‌مه‌وه بۆ خوێنه‌ری گشتی، بۆیه پرۆسه‌ی وه‌رگێرانه‌كه به جۆرێك له خوێندنه‌وه‌ی كتێبه سه‌ره‌كیه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینستی بوو به نووسینه‌وه و دارشتنه‌وه‌ی ووتاره ئه‌كادمیه‌كه.
Toward Androgyny
Virginia Woolf and the Androgynous Vision
Virginia Woolf & the problem of the Subject
Feminist Destination
Subjectivity,Identity, and the Body
Gender Trouble
Feminist Literary History
Reconstructing Womanhood
The Madwoman in the Attic
Between Men
The intimate critique
Me and My Shadow
Alchemy of Race and Rights
A Literature of Their Own (1977)
Getting Personal
Feminist Literary Theory. A Reader
Finding Female Tradition
Do Women Write Differently
French Feminist Thought
Thinking About Women
The Resisting Reader(1978)
The Madwoman in the Attic(1979)
Literary Women (1976)
Gender and Genre
Stabat mater och andra texter
Fasans makt
En essä om abjektion
Sexual/textual Politics
A literature of their Own
A Room Of One”s Own ) 1929)
Toward Androgyny
Virginia Woolf and the Androgynous Vision
Virginia Woolf & the problem of the Subject
Feminist Destination (1988
Gender Trouble ()
Subjectivity, Identity, and the Body (1993
Reconstructing Womanhood (1987
Me and My Shadow
Between Men (1985
The intimate critique (1993)
Getting Personal
Alchemy of Race and Rights
Feminist Literary History
Social anthropology
Feminist Literary Studies (1984)
Litteraturvetenskap – en inledning
Lisbeth Larsson