سێ نامەی ئەلێخاندرا پیزارنیک بۆ لیۆن ئۆسترۆڤ

ئێمیلی کوک

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: دالیا رەئوف

 

پێشەکی:

بەپێی هەموو پێوەرکان، لە نێوانیشیاندا ئەوانەی خۆی، شاعیری ئەرژەنتینی ئەلیخاندرا پیزارنیک (۱۹۳٦-۱۹۷۲) چەند کاتی تەرخان کردووە بۆ کەم کردنەوەی وشەکان هێندەشی تەرخان کردووە بۆ زیادکردنیان. بەردەوام گومانی لەو ناوەندە هەبووە کە تێیدا ژیاوە، وا دیار بووە هەندێک جار زیاتر ئارەزووی بێدەنگی کردووە تا زمان، ئەو شێوازە شیعرییەی کە پەرەی پێ داوە گشتگیر و پوخت و بە مەبەست جوان نەبووە. شیعرەکانی کورتن بەڵام بە دەگمەن ئاسانن، زۆریان وشک و بە بەرنامە نائومێدکەرن.

لەگەڵ ئەمەشدا هەر لە سەرەتاوە ڕێزی لێ نرا. یەکەم کۆمەڵە شیعری بەناوی The Most Foreign Country، بڵاو کرایەوە پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە بیست ساڵ. تا ئەو کاتەی خۆی کوشت کە تەمەنی سی و شەش ساڵ بوو، حەوت کتێبی تری بڵاو کردەوە، لەوانە Diana’s Tree کە بەناوبانگترینیان بوو، و Bloody Countess کە خەیاڵی بوو، (شیعرەکانی دواتری هەر زوو بەردەست بوو، بە وەرگێڕانی Yvette Siegert، شیعرەکانی Extracting the Stone of Madness: 1962-1972).

لەپاش مەرگیشی یادەوەرییەکانی و دواتریش کۆکراوەی شیعرەکانی بڵاو کرانەوە.

لە ئەرژەنتین، پیزاریک بە یەکێک لە گرنگترین شاعیرانی وڵاتەکە دادەنرێت. کارەکانی زۆر وردن. لەگەڵ ئەوەشدا وەک سلڤیا پلاث، کە بەراورد دەکرێت پێی، سەرنجڕاکێش بوونی گرێ دراوە بە بیۆگرافی و خەمۆکی و هاوڕەگەزخوازیی و خۆ تەرخانکردنی بۆ هونەر و مەرگی پێشوەختی. گرنگیدان بەوەی کە چۆن ژیاوە دەتوانرێت وەک خەسارێک ببینرێت بەڵام تەنیا خەسارێک نییە. لە ڕاستیدا پیزانیک بێهوودەی بابەتێک بووە کە خودی خۆی بووە. بۆ هەموو ترسەکانی لە بێهۆکاری، ئەو بە ڕژدی و ئاگایانە دەگەیشتە هەڵبژاردنەکانی، هەتا بڕیارە هەرە شێتانە و تاڵەکانی-کۆتا بڕیاری- بێ پلان نەبوو. خولیای پیزارنیک بۆ شێوازی ژیانی و چۆنیەتی گوزەرانی، دەبوو چۆن بگوزەرێت-بە ڕوونی دەبینرێت بە بەتایبەتی لە نامەکانیدا بۆ دەروونشیکارەکەی لیۆن ئۆسترۆڤ. ئەلیخاندرا ساڵی 1954 لەتەمەنی هەژدە ساڵیدا ئۆسترۆڤ دەبینێت.

ئەو چارەسەرە شیکارییەی ساڵێکی خایاند، بووە دەستپێکی هاوڕێیەتییەک کە بە شێوەیەکی شیکارییانە مایەوە هەتا پاش ئەوەی بە فەرمی چارەسەریانە کۆتایی پێ هات. گفتوگۆکانیان بەرتەسک نەکرابوونەوە بۆ “کێشەکان و ڕەشبینی پیزارنیک”، هەروەک ئۆسترۆڤ خۆی بە کەمزانینەوە ئاماژە دەکات بە نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەن و پەکخەرەی نەخۆشەکەی پێشووتری. پیزارنیک و ئۆسترۆڤ گفتوگۆکانیان دەربارەی کارە لاوەکییەکانیان و ڕا گۆڕینەوە دەربارەی کتێب بووە هەروەها دەربارەی نووسینەکان و بەڕێوەچوونی کارەکانی پیزارنیک مشتومڕیان کردووە.

پیزارنیک بەردەوام سەردانی ماڵی ئۆسترۆڤی کردووە و نزیک بووەتەوە لە خێزانەکەی. کچەکەی ئۆسترۆڤ، ئاندریا، وە بیری دێتەوە کە ئێوارەیەک پیزارنیک بە بلوسێکی سوور و پانتۆڵێکەوە ئامادەی ئێوارە خوانێکیان بووە. لە ساڵی 1960، کاتێک پیزارنیک دەچێتە پاریس، لەگەڵ ئۆسترۆڤ دەست دەکەن بە نامە گۆڕینەوە و لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی لە دەرەوەی وڵات ماوەتەوە پەیوەندییەکەیان بەردەوام بووە. ئەو نۆزدە نامەیەی کە لەم ماوەیەدا پارێزراو بوون (کۆی هەمووی بیست و یەک نامە بووە، دوو نامەی پێش ئەو ساڵە نێرراون) ئاوێنەی باڵانوێنی تێگەیشتوویی ئەو شاعیرە لاوە و دەروونی و هەروەها دەرخەری نیگەرانییەکانین.

پیزارنیک گازندە لە دایک و باوکی دەکات، بێڕێزی بە بەڕێوەبەرەکەی دەکات، فشە بە نوخبەی ڕۆشنبیری پاریس دەکات (بێزارە لە دەنگە زیکنەکەی سیمۆن دی بوڤوار)، هەڵوەدای ئەوەیە ئایا دەبێت شاعیر هونەرمەندانە بژی یان وەک “تۆمارەوانێک،” و خەیاڵی داهاتووە هونەرییەکەی دەکات. ” من ژمارە دەدەم لە نامەکان بۆ ژیاننامەنووسەکانی داهاتوو،” لە پاشنووسێکیدا هاتووە.

تەنیا پێنج وەڵامی ئۆسترۆڤ ماونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەر و زیادن بۆ پیشاندانی ئەوەی ئۆسترۆڤ چ کەسایەتییەکی گرنگ و دڵنیاکەرەوە بووە بۆ پیزارنیک لە ماوەی تاراوگە خۆویستەکەیدا. لە بیست و چوار ساڵیدا بە زۆر خۆی لە ماڵەوە دوور دەخاتەوە. دەیویست وەک کەسێکی پێگەیشتوو ڕەفتار بکات،وای پێ گوتبوو، بەڵام هێشتاش گومانی لە تواناکانی هەبووە لە سەرکەوتنی لە کارەکەیدا یان بەتەواوی پشتیوانی خۆی بێت، یان ژیر بمێنێتەوە-نە دڵنیاش بووە لەوەی ویستوویەتی ئەو شتانە بکات. ئۆسترۆڤ هاوسۆز و هاندەرە و گوێگر بووە.

ئەو پشتیوانی لە مەیلی سەربەخۆبوونی کردووە و ترسەکانی ڕەواندووەتەوە،بە هۆشەوە ڕێکخستن و لێکدانەوەی بۆ قسەکانی کردووە، هەندێک جار کتێب، بیرۆکەکانی- هەستەکانی بەرامبەر هاوڕێیەک لە ڕاستیدا هەستی بووە بەرامبەر دایکی؛ زویری لە دایکی تاسەی بۆی دادەپۆشێت؛ تاسەیەک کە هۆکارەکەی برینێکی کۆنە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی نامەگۆڕینەوەکان، هۆکاری سەرنجڕاکێشییە بە گیرەکەی پیزارنیک وەک فیگەرێکی ڕۆمانتیک-لەو دیو سەنجڕاکێشییەکانی وەک شاعیرێک- ڕوونە. ئەو لە بنەڕەتدا ڕادیکاڵە. ئەو بە هەمان ئەندازەی شانازیکردن بە نەگونجانی لەگەڵ ژیانێکی ئاساییدا نیگەران بووە لێی. چۆن دەکرێ ئەو، “کە لە خەیاڵدا دەژی،” پارەی لا گرنگ بێت؟ بۆ چی بچێتە دەرەوە لە کاتێکدا دەتوانێت هەموو ڕۆژەکە لە ژوورەوە بێت و بخوێنێتەوە؟ شکستەکانی دەگۆڕێت بە کاری هونەری بەپێز. پیزارنیک، هەروەک پێشتر بەوە ناسراوە، کە مەینەتبار و تەنیا و لە ڕادە بەدەر لەخۆ بەگومان بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی قسەخۆش بووە و مەیلی بەلای درامادا ڕۆیشتووە. بە ئاماژە نەدان بە بەرزخوازیەکی دیاری ئەو، لە هەندێک کات و شوێنیشدا زۆر دڵی بە خۆی خۆشبووە.ئەو دەیزانی دەروون دروستی و ئاکاری باش وەڕەزکەرن- ئەوەی خۆی پیشانی دەوروبەرەکەی دەدات بەڵام هونەر پێویستی بە پێچەوانەی ئەوانەیە.

 

‌نامەی ژمارە ۱۰
۲۷ی دیسەمبەری ۱۹٦۰

ئازیزم لیۆن ئۆسترۆڤ:

لەمێژبوو دەمویست بۆت بنووسم و کەس چوزانێ چ نائۆقرەییەک لە ناوەڕاستی پیتەکاندا دەموەستێنێت، چ هاوارێک لە هەژاریی زمانمدایە. لە کۆتاییدا، ئەم چەند دێڕەت بۆ دەنووسم تاکوو بزانی لێرەم، زیندووم و ئەگەر بۆت نانووسم لەبەر ئەوەیە ناتوانم.

ژیانم لێرە هەوراز و نشێوە، هەروەک هەمیشە، هیوا و بێ هیواییە. حەز بە مردن و ژیانە. هەندێک جار ڕێکخراوە و هەندێک جاریش شپرزەیی دەمڕووخێنێت. لاموایە ئێستا لە کۆتایی نزیک دەبمەوە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت بۆت دەنووسم.

کارەکانی ئۆفیس باش دەڕۆن. من باشم تێیاندا. کاتێک کار دەکەم سەرنجم لەسەری نییە. بەڵام وا دیارە ئەمە ڕێک هۆکاری سەرکەوتنمە. بیر لە دوورترین شت دەکەمەوە کاتێک پێش خۆم دەستەکانم و شتێک (کەس نازانێت چییە) لەگەڵ کارەکە تێکەڵ دەبێت. زۆر دوورم، لەگەڵ ئەمەشدا کارەکە تەواو دەبێت. سەرم دەسوڕمێ چۆن ئەم کارەم نەکردووە بە جەهەننەم، مەبەستم پەیوەندییەکانمە لەگەڵ کەسانی دەوروبەرم.

زۆر بەڕێزەوە مامەڵە دەکەم و نیگەرانییەکەم تەنیا “ئایشلباوم”ە(بڕوام وایە تۆش دەزانیت)،بە پەنهانی ڕقم لێیەتی. ئەم ڕقە جاڕزم دەکات وەک هەموو ئەو دەرکەوتە هەستیانەی کە تێیان ناگەم. لەگەڵ ئەوپەڕی خاکەڕایی دەروونشیکاری ڕێگەم بە خۆمدا -لە ڕێی خەون و پەیوەندییە هۆ شییەکانەوە- زۆر بە قووڵی پێناسەی بکەم بە باوکم. سەرباری ئەوەش ئەفلاتوونیانە کەوتوومەتە داوای خۆشەویستی ڕۆژنامەوانێکی ئەرژەنتینی کە لە پرۆگرامێکی ڕادیۆ لەگەڵ ئەودا کار دەکات. ئەم خۆشەویستییە ڕێک ئەوە بوو من دەمویست تا کێشە گرنگ و پێویستەکەی دایکم بهێنمە دەمی ئێستا. دەبێت ئەوەش بۆ قسەکانم زیاد بکەم کە ئەو ڕۆژنامەوانە بە ئاشکرا لێسبیانە و ئایشلباوم لە هەموو شوێنێک چاوی پێی دەکەوێت بەڵام لە ئۆفیس (“ناهێڵێت من بیبینم”). هەموو ئەمانە دەمهاوێژنە نێوان دوو سێبەر، دوو مرۆی سەرودەمی منداڵیم، هەستی هەتیوێتی و کۆنە ئازارێک. هەر ئێستا بەڕاستی تێی دەگەم و پەی پێ دەبەم. کە لە ڕۆژدا پاسۆلۆژی خۆشەویستی تێ دەگەم ( بۆ سێ مانگێک دەچێت شەیدای ئەوم)، بەڵام شەو تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، وە چەند زیاتر “تیمار دەبمەوە،” سوپاس بۆ خۆڕاگری و توانای تێگەیشتنم، چەند زیاتر خەوی خراپ دەبینم بە نەخۆشخانەوە و بە ئەوەوە بە خێزانەکەمەوە. لە کۆتاییدا، ئەو دوو تاپۆیە، ئایشلباوم و ڕۆژنامەوانەکە- نازانم بۆ ناوی نابەم، دەبێت خۆت بیناسیت- هەن و لە نزیکمن هەموو ڕۆژ و شەوێک. جا کەوایە ژیانم گەلەکۆمەی سێبەرەکانە. خەڵکی تر دەبینم هەوڵ دەدەن بچنە دەرەوە، منیش هەوڵ دەدەم وا بکەم. بە زۆر دەچمە سەیری فیلم و شانۆ، دەخوێنمەوە، دەنووسم. هەروەها وەک هەفتەی پێشوو دڵدارێکم هەیە- دڵدارێک کە دڵخۆشم دەکات. زۆر سەرسووڕهێنەرە لە ساتێکدا هەست دەکەم ڕێک لەناو چەقی هاوڕەگەزخوازیم، کەسێک دێت( شاعیرێکی لاو هاوشێوەی شیعرەکانی و سەرجێییەکەی-بۆ ئینریکی مۆلینا) لەگەڵیدا دەگەمە تێگەیشتنێکی جەستەیی ڕەها، کە گەوجانە بێ خەوشە.

هێشتا سەرمسووڕماوا، چۆن دەگونجێت، دەپرسم، چۆن دەبێت زۆر نەخۆش و دەروون شێواو بیت و سەرباری ئەوە ڕێ بە خۆت بدەیت جەستەت وەها سەر مەست بێت، وەها سێکسیانە کامڵ بیت، وەها سەرکێشییەکانت قووڵ بن. کە هەموویان بە ترس دەور دراون، ترس لە دەرەنجامەکان (وەک هەمیشە) و هەروەها دۆش دامانێکی سەیر چونکە من ئەو شاعیرە لاوەم خۆش ناوێت، بە کورتی من بێبایەخم، و سەرەڕای ئەوەش هەر کات سەردانم دەکات وەک مادەی هۆشبەرە، شتێکە زۆر بەهێزتر لە هەموو شتێکی تر. بەهەرحاڵ، ڕۆژی دابێ هەستکردن بە تاوان دەست پێ دەکات، هەستێکی ئینجیلی بە قورسی جەستە، بە سێکس، پڕ دەبم لە یادەوەری کۆترەکان و پێویستم بەفریشتە و گوڵەکانە: شیعرەکان.

هەموو شتێکی تر گومانە: نازانم ئایا دەگەڕێمەوە یان دەمێنمەوە. هێشتا پێیان نەوتووم بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەوان قبووڵیان کردووە بەڵام خۆم گومانم هەیە وا بێت، لە کۆتاییدا، چ گرنگە بچم یان نا، باشتر بوو بوترایە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە من نەچم، ئەوەی گرنگە تەنیاییە- کە خەریکە لەمەودوا دەمەوێت-تەنیایی ژوورە بچووکەکەم. ئەوەی گرنگە ئازادی بزووتنە، و نەبوونی چاوی خەڵکیە لەسەر ئەوەی دەیکەم. ئەگەر بۆ دڵبەستەیی خۆم نەبوایە (کە زۆر شەو وام لێ دەکات بە شەقامەکاندا وێڵ بم بۆ دۆزینەوەی ئەو: لە هەموو سیمایەکا، لە هەموو درەخێکا، لە گەڵا وەریوەکانا، لە کۆتا سێبەرەکانا، و لە کۆتایشدا لە دوا دڵ پڕی گەڕانەوە پێش دۆزینەوەی ئەو، و زانینی ئەوەی، کە ڕەنگە ئەو پێویستە نەبێت؟)، ژیانم ئارامتر دەبێت و لەوانەیە خۆشتر بێت، بەڵام لەباتی ئەوە تەنیا ئەم ناڕاستێتیە نوێیە هەیە کە من تێیدا نقوم بووم، ئەم ئەڤینە نەشیاوە (وەک هەمیشە لەم بارودۆخانەدا، هەوڵ دەدەم بەردەوام بم تا سیمای ڕاستی ئەوم بیر نەیەتەوە).

لە کۆتاییدا، دەترسێم و لە هەمان کاتیشدا شادم، دڵڕاکێشراوی ئەوەم کە نیمە و ناتوانم لەوە دەرباز ببم کە من کێم، هەموو بوونم، هەموو ئەو ژنەی کە منم، هەموو ئەو شتانەی من دروستم دەکەن و دروستم ناکەن. (ئەوان ئازار دەکێشن بەڵام زیندوون. ئازار کێشان ڕاستییە.) دەمەوێت باسی هەموو ئەمانەت بۆ بکەم.

لەو ناوەندەدا، بمبەخشە بۆ باسکردنی هەموو ئەمانە ، بۆ ئەوەی لەناکاو لە ئاسمانەوە خۆم بە سەرتدا دا، نەخۆشێکی هەمیشەییت، وەستاو لەسەر تاوەری ئیڤڵەوە وەک “دەست بە سینگەوە نانێکی نەلەرزیوو بۆ فرۆید”. تۆ و ئەگلی و ئەندریا لە باوەش دەگرم.

***

نامەی ژمارە ۱٤
ڕێکەوت لەسەر نامەکە نەنووسراوە. ڕەنگە لە نێوان جولای و ئۆگەستی ۱۹٦۱ ـدا نێردرابێت.

ئازیزم لیۆن ئۆسترۆڤ:

لە کاپریەوە بۆت دەنووسم، لە کافێیەکەم دە ورە دراوە بە بەلەمەکان لە سەر ئاوی شینی پەتی لەژێر ئاسمانی شینی پەتی. سێ ڕۆژم لە ڕۆما بەسەر برد- هەروەک ئەوەی پێشنیازت کردبوو- و کەوتمە داوای خۆشەویستی ڕێگاکانییەوە. پەیمانم بە خۆمدا کە دیسان بگەڕێمەوە دیداری. ئێستا لە کاپری- یەکەم ڕۆژمە- دڵم تەنگە. مانگی ڕابردوو زۆر ماندوو بووم و بڕستی ئەوەم نەبوو کە شوێنێک هەڵبژێرم پشوەکەمی تیا بەسەر ببەم کە ماوەکەی مانگێکە. لەسەر پێشنیازی ئامۆزاکەم، کە خوێندکاری دەرمانسازیە، هاتمە کاپری بۆ یانەی “مێدیتێرانێ”، وەک ئاژانسێکی گەشتوگوزارە و بەم دواییانە لەژێر کاریگەری کیبوتیزمی ئیسرائیلییە چونکە لە جێی هۆتێل کۆمەڵێک کابینەن و وا دیارە جێوارانیان زۆر ئارەزوویان لە ژیانی هەرەوەزییە. لە هەر کاتێکی تر ماندووترم، توانای دواندنی کەسم نییە، ئیتر چۆن دەتوانم ئەو منداڵانە بدوێنم کە هەرزەکارییە گەمژانەکەی خۆمم وەبیر دێننەوە؟ زۆر ڕوونە کە بەتەواوی دوورخراوەم لە کۆمەڵگا و ئەوەشم یەکلایی کردووەتەوە کە ئەمە دەربڕینێکی بێمانا نییە. بە سادەیی هیچم نییە پێیان بڵێم، هیچ شتێکی هاوبەش لە نێوانماندا نییە. بەڵام من ئەو کەسەم کە پەی بەوە دەبەم، ئەو کەسەم کە دەزانم. وتنی ئەمە زۆر سەختە. بەڵام نیازی قسەکردنم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە. دەمەوێت بە ڕوونی ناخی خۆم ببینم.

هێشتاش دەمەوێ بگەڕێمەوە ماڵەوە (بۆ بۆینرس ئایرس) لەبەر تەندروستیم. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەست دەکەم زیاتر نەخۆشم، زیاتر ماندووم (کە زیاتر لە سەرە سووڕە و شەکەتی نییە). دەمەوێت بۆ چەند مانگێک پشوو بدەم. بەڵام لە کەناراوەکانی ڕۆما و پاریس، دەبێت چی بکەم لە شارێکی ناشیرینی وەک بۆینس ئایرس؟ بەڵام هیچ شتێکی زیندوو لە شەقامەکاندا نییە. لە بنەڕەتدا نازانم چۆن ئەم مانگە بەرگە بگرم لە کاپری، تەنیا لەبەر ئەو کەسە گەوجانەی ناو یانەکە نا لەبەر کەناراوە ناخۆشەکانیش… شتێکی تر کە بێزارم دەکات ئەو دیمەنە سروشتییانەی کە لەسەر شێوازی پۆستکارتە کلاسیکیەکانن. گومانی تێدا نییە سوریالیسم ئازارم دەدات… نازانم ئەگەر پێشتر پێم وتووی کە شیعرەکانم لە NRF5 و نامەکانم لە Nouvelles بڵاو دەکرێنەوە، ماندووم و ناتوانم بنووم.

ببوورە بۆ نامە وشک و وەڕەزکەرەکەم. هێزی هیچ شتێکی ترم نییە. لەگەڵ ئەوەشدا من نیگەرانی ئەو تێکەڵە زمانە فەرەنسی و ئیتاڵی و ئیسپانیم کە هەموو ڕۆژێک پێی دەدوێم. قسەکردن بە تێکەڵەی چەند زمانێک وەک ئەوەیە بە هیچیان قسە نەکەیت. لەخۆڕا نەبوو کە رامبو پاش وازهێنانی لە شیعر خۆی بۆ زمان تەرخان کرد. ئەمە مەنم ، ئیسپانی بوونی خۆم ڕەت دەکەمەوە تەنانەت لەگەڵ ئەو کەسانەشی کە دەزانن. دوو مانگ تێپەڕ بووە بەسەر کۆتا شیعرێک کە نووسیومە. وا بزانم ژیرانەیە بگەڕێمەوە بۆ پشوودان و نووسین.

خۆزگە دەمتوانی زیاترت پێ بڵێم. ئەم ڕۆژانە بیرم لە زۆر شت کردووەتەوە و زۆر شتم دیوە و زۆر ورد بوومەتەوە. ڕەنگە بیاننووسم. ڕەنگە چیرۆک، یان وتار بێت دەربارەی پەیبردن بێت بەوەی خەڵکی گەمژە دەتوانن ببنە چی، وە هێشتا دڵتەنگم، دڵتەنگم بۆ پەیبردن بەوەی من خەمبارم و ئەوان وانین. ئەگەر بزانم چی دەکەم شیعری جوان نانووسم… لە بنەڕەتدا ململانێی کەسێکە کە ژیانی تایبەتی خۆی نییە.

دیسان بۆت دەنووسم، لێرەوە یان ئەو کاتەی کە دەگەم.

“لە دڵتەنگیم خۆشبە” هەر سێتان لە باوەش دەگرم.

***

‌نامەی ژمارە ۱۹
پاریس، ۲۱ی سێپتێمبەری ۱۹٦۲

 

ئازیزم لیۆن ئۆسترۆڤ:

سوپاس بۆ نامەکەت و لە دایک بوونی منداڵەکە لە تۆ و ئاگلی پیرۆز بێت. وا بزانم سەرباری هەموو گۆڕان و کێشمەکێشەی ناخت بیر دەکەیتەوە چی ناو بنێیت. لانیکەم منبام وام دەکرد چونکە ئەوانەی کە زمانیان خۆشدەوێت یان لەگەڵی دەجەنگن، ناو زۆر گرنگە بەلایانەوە. وابزانم ئاندریا زۆر دڵی خۆشەکە چاوەڕوانی هاوەڵی داهاتوویەتی لە یارییەکانیدا.

چەند ڕۆژێک دەبێت گەڕاومەتەوە بۆ سانت ترۆپێز، لەوێ پشووم دەدا بۆ ماوەی سێ هەفتە لە ڤیللاکەی دکتۆر لاورێت کە دەکەوێتە کەنار زەریاوە. زیاتر لە دەریا و خۆر و مەلەوانگە و ویسکی و ئەو کەسانەی لەوێ چاوم پێیان کەوت (ئیتالۆ کالڤینۆ، مارگریت دوراس) و ئەوانەشی کە بەردەوام بەپەرۆشەوە چاودێرم دەکردن (پیکاسۆ)، بەو ماتۆڕسکیلە بچووکە شینە دڵخۆش بووم کە خاوەن ماڵەکە لای من داینابوو. چۆن و بۆچی هیچ ڕووداوێک و پرسیارێکم بۆ نەهاتووتە پێشەوە وام لێ بکات باوەڕ بە بوونی شتێکی وەک چارەنووس بکەم . دکتۆر لاورێت، وەک پێشتر پێم وتبووی، پزیشکی دەروونیمە. هەروەها دەروونشیکاریش دەکات یان خووی پێوە گرتووە، نازانم.

ئەوەی من لەگەڵ ئەو دەیکەم چارەسەری دەروونییە لەڕێی گفتوگۆوە (تکایە ببوورە لە هەڵە و بێ سەرنجیەکەم لەم بوارەدا چونکە من زۆر نەزانم لە زاراوەکاندا). نازانم ئەگەر ئەمە یارمەتیدەر بێت. تەنیا گۆڕانێک (بەپێی تێبینی هاوڕێکانم) جەستەیی، تەنییە (فیزیکاڵییە). جەستەم باشتر بووە، بۆ باشتر گۆڕاوە و لە هەمووی سەیرتر، دەستەکانم وەک پێشتر نین: ناسکی ئێستای دەستەکانم دەمترسێنێت. لە سانت ترۆپێز، هەروا بە سادەیی کەوتمە ناو وەرچەرخانێکی نیگەرانکەرەوە، لە کاردانەوەم بۆ ئاماژەیەک، نیگایەک، ڕێیە تایبەتەکەی لە تەماشاکردنی گوڵە تازە پشکوتووەکان. بێسوودە دەربارەی خۆم بۆت بنووسم دەربارەی بارودۆخە “جادووییە”کەی ئێستام ، جەهەننەمەکەم، دووریم، ئازارەکانم، لاوازییەکەم. پێم وابوو چەند دڵنیا و خۆڕاگرم دوای ئەم دوو ساڵ تەنیاییەی پاریس…. بەڵام ئێستا هیچ لەوانە نیم.

ئێستا هەرگیز تەنیا نیم و خەیاڵی ئەو ڕاوم نانێت (هەموو رۆژێ هەر یەکە ، ئەوە تەنها ساتێکە). ئەگەر سۆنێتەکەی نێرڤالت لەبەر دەستە لەسەر شەرەفی من بیخوێنەوە. یەکەم پارچەی زیاتر لەم نامەیەی منت پێ دەڵێت.

دوێنێ کاتێک باسی نامەکەی تۆم بۆ دکتۆر کرد، وتی: ئەگەر تۆ دەتەوێ دەربارەی من بۆی بنوسیت، ئاساییە و خۆشحاڵ دەبم. ئەمە ناونیشانەکەیەتی:

Mme. Le Dr. Claire Lauret
7, Rue de Chaillot
Paris 16

گەرچی وای بۆ دەچم تۆ بە زمانێکی فەڕەنسی پاراو دەنووسیت دەتوانم بڵێم کە دکتۆر لاورێت زۆر باش لە ئیسپانی تێدەگات.

لە کۆتاییدا، ئەگەر شتێک هەبێت بە چرپە نزای بۆ بکرێت، ئەگەر کەسێک هەبێت داوای لێبکرێت، نزادەکەم ئەمە کۆتا “گۆڕانکاری” بێت لە مندا، کۆتا ئەڤینی خەیاڵیم ، کۆتا شتێک کە مەحاڵ نەبێت. ئەگەر وانەبێت ئەوا دەبمە کانییەک، هەروەک Malte دەڵێت.

ئاساییە کە من زۆر دەنوسم بەهۆێ ئەم تامەزرۆییە نوێیە لە ڕادەبەدەرەم. جۆرێک لە شیعرێکی درێژم لە شێوەی پەخشان نوسیووە- باشترین شیعرێکە لە ژیانما نوسیبێتم. جێی داخە کە هێزی ئەوەم نییە پێیدا بچمەوە یان تایپی بکەم.

نازانم ئەگەر پێمووتبیت کە بەڕێوەبەری میتۆ (ئەو دەزگایەی بیرەوەریەکانمی بڵاوکردەوە)، جۆرج گایتان دوران، لە ڕوداوێکدا گیانی سپارد، فڕۆکەیەکی بۆینگ تێکشکا لە ئەمریکای ناوەڕاست. ئێمە هاوڕێبوون-ڕەنگە زیاتر لە هاوڕێش. تەمەنی سی و پێنج ساڵ بوو، زۆر جوان بوو، و پێکەوە چەند پلانێکمان دانابوو بەرلەوەی بڕوات، پلانی زۆر چاک و گونجاو، کە منیان لە خەمباریەکەم ڕزگار دەکرد. مەرگی ئەو زۆر گاریگەری هەبوو لەسەرم. ئەمە ناونیشانەکەی میتۆیە:

Apartado Aereo 5899
Bogota D.E.—Colombia

دەتونانیت پێیان بڵێیت کە تۆ پێویستت بە ژمارە ۳۹-٤۰ ـی  ڕێزلێنانە لە بۆرخیس، بەداخەوە من تەنها یەک کۆپێم لایە و نازانم لە کوێ دامناوە.

کتێبەکەم لە SUR بڵاو دەکرێتەوە. بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی هەر هەواڵێکم دەربارەی. پێم دەڵێن کە پۆستەخانەکە مانیان گرتووە. تکایە دەتوانی تۆ داوایان لێ بکەیت کە مانگرتن و لێدانی کارەکەیان دوابخەن تا کتێبە بچوکەکم تەواو بکرێت.

هاوڕاتم لە دڵڕفێنی ڕیۆ دێ جانێرۆ. تەنیا هەشت کاتژێر لەوێ بووم تا ئێستاش ڕەنگەکان لەگەڵمن، وەک ئەوەی باخچەیەکی جادویی، پەلکە زێڕینەیەکی شێواوی هەمیشەیی بێت؛ ئارەزووی ئاهەنگگێڕان کاتێک لە ئاسمان دەڕوانی. بەڵام دەبێت زۆر بەزەرەر بێت بۆ ” ڕۆشنبیرەکان.”

هەر سێکتان (یان هەر چوارتان) لە باوەش دەگرم یان ڕەنگە ئەگەر مانگرتنی پۆستخانەکە بەردەوامبێت ئەو کاتەی ئەم نامەیە دەگاتە جێ ببنە پێنج.

 

 

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا