ئەی خوای گەورە | ناهید عەرجوونی | شێعر| نارین سەلاحی سەنەندەج

وەرگێڕان لە فارسییەوە:

نارین سەلاحی سەنەندەج

.

ئەی خوای گەورە
وا تەنانەت لە چێشتخانەشدا بوونت هەیە و
ڕووبەرگی حەبەکانم دەخوێنیەوە
تکایە تۆزێ بکشێ ئەولاترەوە!
پێویستە هەموو ئەم قاپانە بشۆم و
هاوکات کە لە گەڵ تۆدا ئەدوێم
چێشتی نیوەڕۆش لێنێم.


سپاس! یارمەتی تۆم ناوێ
خۆم وریای هەموو شتێکم
ژووری دانیشتن ئەبێ خاوێن بکەمەوە
چێشتەکەم هەڵناچێ
وڵامی تەلەفۆنەکان ئەرکی خۆمە و
سڕینەوەی تۆزی ئەم قاپی وێنەیەش.


لە بیرت دێ؟
لێرەدا منداڵ بووم و
تۆ هێشتا تووڕە نەبووی و
من حەبی هێورکەرەوەم نەدەخوارد
ڕێک پاش نووستن و تامی شیلەک بوو
کە تۆ نێوچاوانت
لە سێزدەساڵانی من و
چەرچەف و
خەونەکانم
بۆ هەتاهەتایە تاڵ دەکرد.


لێم ببوورە ئاوا ڕاشکاوانە دەیڵێم؛
تۆ چاوت لەسەر گیرفانی من و
جانتا چکۆلەکەم و
تەنانەت سندووقە قفڵدارەکەشم بوو.


ئەی خوای گەورە
که لە چێشتخانەکەم دانیشتووی
ئێستاکە من ژنێکی پێگەیشتووم
ئیتر هیچ لە گیرفانمدا ناشارمەوە
جانتاکەشم قەت داناخەم
هەشت کاتژمێر جارێ حەبێکی هێورکەرەوە دەخۆم و
بەڵێنم داوەتە دکتۆرەکەم
چیتر خۆم نەخەمە ئامێزی خەیاڵەوە.
تکایە قاچت لابەرە
ئەمەوێ ئێرە خاوێن بکەمەوە!


  • ناهید عەرجوونی شاعیری کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە شێعرەکانی بە زمانی فارسی دەنووسێ.
پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا