ئەو شێعرانەی خۆشم دەوێن | ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

شێعری ''سەفەر''، ئەحمەد شاملوو

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

”ئەلف بامداد” یان هەمان ئەحمەد شاملوو، وەکوو کاریگەرترین شاعیری بەرەی دوای ”نیما یوشیج” لە ئێران ناسراوە. نەدەکرا لەم زنجیرە یاداشتەدا جێگایەک بۆ داهێنەری ”شێعری سپی” نەکەمەوە. بۆ منێک کە شەش حەوت شێعری شاملووم زۆر بەلاوە پەسەندە و رەخنە و تێبینیم لەسەر کۆمەڵێکی زۆر لە شێعرەکانی هەیە، هەڵبژاردنی شێعرێکی ئەو بۆ هێنانە بەر باس وەکوو ”شێعرێک کە خۆشم دەوێ” زۆر سەخت نەبوو. شێعری ”سەفەر” لە کتێبی ”قەقەنەس لەبەر باران”، یەکێک لەو شێعرانەیە کە بۆ من روخسارێکی ”نە ئەم نە ئەوی” هەیە. واتە هەم وەکوو یەکێک لە گرینگترین ئەزمونەکانی ”شێعری گێڕانەوە”ی شاملوو، کە تێیدا دەستی بە زمانێکی پتەوی شێعری و پێشڤەڕۆ گەیشتووە، شێعرێکی تایبەتە و خۆشم دەوێ و هەم بە هۆی جۆرێک سەر لێشێواوییەوە کە لە کۆتایی شێعرەکەدا بۆ شاعیر و بۆ شێعرەکە هاتووەتە پێش، لێی بەگومانم.
هەروا کە چاوەڕوانیمان لە شێعرێکی گێڕانەوە هەیە، ئەم شێعرەیش تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی تێدایە. بەڵام بە زمانێکی پتەو و بەری لە ”شیکردنەوەی ناپێویست” و بە بێ دابڕان لە شهوودی شێعریی، رێگای لەوە گرتووە کە شێعرەکە بخزێتە نێو داوی چیرۆکەوە.
سەرەتا شێعر بە پرسیارێکەوە دەست پێدەکات کە لە درێژەدا شێعرەکە لە چوارچێوەی ئەم پرسیارەدا مانا بە خۆوە دەگرێت. گێڕەرەوە کە ”یەکەم کەس”ـە، پرسیار لە گەمییەوانەکەی دەکات کە مزگەوتەکەی لە کوێیە. لێرەدا و بەم پرسیارە، گەمییەوان یان هەمان ”ناخوا” وەبیر ”خدری زیندوو”مان دەخاتەوە. ئەو کە رێنوێنی رێونکردووانە. یان باشتر بڵێین ناخوا هێمای پیری زانا و رێنوێنە. لە عیرفاندا هەمانە کە ”سالک” بۆ ئەوەی کە قۆناغەکان یان باشترە بڵێین شارەکانی ئەوین تێپەڕێنێت و بە دڵدار بگات، پێویستی بە پیر و رێنوێن هەیە. ئاماژەی شاملوو لەم شێعرەدا بە حەوت دەریا، ئاماژەیەکی ورد و زیرەکانەیە بە ژمارەی حەوت کە ژمارەی قۆناغەکانی عیرفانە ( طلب، عشق، معرفت، استغنا، توحید، حیرت، فقروفنا). سەیر لەوەدایە کە ئەگەرچی سەرەتا ئاماژە بەم حەوت دەریایە دەکرێ بەڵام لە درێژەی شێعرەکەدا تەنیا باسی دوو دەریای مردوو و زیندوو و قۆناغێکی تێپەڕ دەکات؛ وەبیر هێنەرەوەی دۆزەخ و بەهەشت و بەرزەخ. بە جۆرێک دەتوانم بڵێم شاعیر حەوت دەریای زەینی و دوو دەریا و قۆناغێکی تێپەڕی عەینی لەبەرچاو گرتووە. واتە حەوت قۆناغی ئەوین لە مێشکدا وێنا دەکات کە هەتا گەیشتن بە گۆمی مەبەست دەبێ بیانبڕێت بەڵام لە راستیدا بە دوو دەریای راستەقینەدا تێدەپەڕێ کە دەریای بێ ئەوینیی (مردووان) و دەریای ئەوین (هەمیشە زیندووان) بێت و قۆناغی تێپەڕاندنیش (واتە بەرزەخ) هەمان تەنگاوەکانن. ئاماژەگەلێک وەکوو باهۆزی مەزن (کە وێدەچێ مەبەست لێی قیامەت بێت) رەچەڵەکیی میتافیزکی بیرۆکەی زاڵی نوسینی ئەم شێعرە زیاتر دەردەخەن.
بە گشتی لە شێعری گێڕانەوەدا، لەگەڵ پێکهاتەیەکی ئاسۆیی بەرەوڕوین، واتە شێعرەکە لە شوێنکەوە دەست پێدەکات و لە شوێنێکدا دەگاتە کۆتایی و لەم نیوانەدا ناپەرژێتە سەر قوڵاییەکی هەستەکی و تەنانەت هزریش کە لە شێعری ئاساییدا (ئاسایی مەبەست شێعرێکە کە گێرانەوەیی نەبێت) دەبینرێ. شاعیر، شاعیرانە دەگێڕێتەوە و تێدەپەڕێ. بەڵام شاملوو لەم شێعرەدا بە ئاشکرا دەریدەخات کە لەگەڵ ئەم پێکهاتەی شێعری گێرانەوەدا کێشەی هەیە بۆیە بزۆزانە هەر کات دەرفەتی بۆ دەڕەخسێ و زیاتر لە نێوان دوو هێڵدا (- *** -) بازێک دەداتە نێو قولایی و خێرا دێتەوە دەرەوە. ئەم تایبەتمەندییەی شێعری سەفەر یارمەتییەکی زۆری داوە کە شێعرەکە هەرچی زیاتر خۆ لە بە چیرۆکبوون ببوێرێ و شێعرییەت پەیدا بکات.
هونەری شاملو لە یەکخستنی وشەکان و ئارکاییک کردنەوەی زمان لە پێناو شێعراندنیدا لەم شێعرەدا گەیشتووەتە لوتکە. توانستی شاعیر بۆ ڕاکێشانی خەیال بۆ نێو بازنەی وشە، جێگای سەرسووڕمانە. وێنەگەلێک کە دەیخاتە پێش چاوی خوێنەر هێندە زیندوون کە بەردەنگ دەتوانێ هەستی پێبکات. لەم شێعرەدا لەگەڵ سەوڵ لێدانی بێ هیوادا لە شان و قۆڵ دەکەوین و بە هەناسەدان لە هەوای بۆگەنی تاعونیدا، سینگمان دەگوشرێ. بە جیڕەجیڕی تەژەبەرزەکان ئەژنۆمان دەلەرزێ و بە گەیشتن بە دەریای پاک دڵمان روون دەبیتەوە… :

لەبەر خوا
مزگەوتەکەی من لە کوێیە
ئەی ناخوا*کەی من
لە کیژان دورگەی ئەو گۆمە مەندەیە
کە رێگاکەی
بە حەوت دەریای بێ ئاماندا تێدەپەڕێ؟
بە تەنگاو*ێکی پێچەڵاوپوچدا تێپەڕین
– لە یەکەم شێوانی سەفەر –
کە ئاسمانی شین* ئاوێنە بوو.
وە لەگەڵ کز بوونی شەو
– کە وەک بڵێی
لە تەنگەبەری بەردین
خۆشتری بووبێ –
هاتینە نێو دەریایەکی مردوو
-بە ئاسمانێکی کورتی سوربینەوە –
کە شەپۆل و با ـی
بە بێدەنگییەکی تاهەتاییەوە هەڵواسیبوو
وە تاوێکی شێداری
-کە لە بەرینایی بێ بڕیاریی خۆیدا
سەرگەردانیی دەچەشت و
لە دڕدۆنگی نێوان نیشتنەوە و هەڵساندا
بەلەنگار
دەهات و دەچوو -.

ئێمە بە ئاستەم لە هەوای گەنیوی تاعونیدا هەناسەمان دەدا و
بە ئارەقڕژان
لە هەوڵێکی بێ هیوادا
سەوڵمان لیدەدا
لەسەر پانتایی بێدەنگی دەریایەکی پترووکاو
کە سەرانسەر
بەو تەرمانە داپۆشراوە کە چاوەکانییان
هێشتا
-لە هەراسی باهۆزی مەزن-
داچەقاوە
وە لە ئاگری توڕەییەک کە بە هەر گیاندارێک
لە چاوییاندایە
نێزەکە تیژەکانی هەورەگرمە
فڕێ ئەدرێن

وە تەنگاوەکان
وە دەریاکان
تەنگاوەکان
وە دەریاکانی دی…

ئەو کات گەیشتینە دەریایەکی کوڵایکوڵ
بە گێژاوی سامناک و
گاشەبەردی برژاوەوە
کە شەپۆلەکان
لەسەریان دەکوڵان

“- ئێستا دەریای هەورەکانە…
ئەگەر ئەوین نەدەبوو
قەت هیچ بنیادەمێک
بەرگەی سەفەرێکی وەهای نەدەگرت!”
وەهات وت
بەو لێوانە کە بەردەوام
دەتگوت
ناوی گوڵێک دووبارە دەکەنەوە.

وە لەو کاتەوە کە لەنگەری سەفەرمان هەڵهێنا
ئێستا وتەی تۆ بوون
لەو لێوانەی
کە دووپاتەی بەهار و باخن.

وە وتەی تۆ لە دڵم نیشت
وە من ئەوم
پیت
بە پیت
دووبارە کردەوە.
ئەو وشانەی کە عەتری دەمی تۆی پێوە بوون.

وە لەو دۆزەخەدا
-کە ئاوی گەنیو
هەروا کە دووکەڵی دەکرد
لەسەر تاوەی سووری بەرد
دەسوتا-
شێی دەمتم
لە هەر یەکەیەکی قسەت دەچەشت.

وە تۆ بە لێهاتوویی
کەشتییەکەت
بەسەر دەریای هەڵم و کوڵدا
لێدەخوڕی.
وە کەشتی
بە قورسایی لێشاویی خۆی
بە جیڕەجێڕی تەژە بەرزەکان
-کە لە بن باری لوتبەرزیی بایەوانەکان
پەست دەبوو-
لە کاتی تێپەڕین لە دیوارە پووکە لار و خوارەکان
بە کابوسێک دەچوو
کە بە یاوێکی قورسدا
تێدەپەڕێ.

بەڵام
هەر ئەوەندەی کە رۆژی بێهەتاو
نیشتە زەردی،
لە پاش تەنگاوێکی کورت
رێگەمان بردە دەریایەک
کە هیند پاک بوو
دەتوت زەنگییەکان
لە کاسە مەرجانییەکەیدا خەمی غوربەت گریاون و
من خەمی ئەوان و تۆ
خەمی من

وە مزگەوتی من
لە دورگەیەکی
ئەم دەریایەدایە.
بەڵام کام دورگە، کام دورگە، نووحی من ئەی ناخوای من؟
ئایا خۆت
بە دۆزینەوەی ئەو دوورگەیە
کۆترێک لەسەر کەشتییەوە هەڵئەستێنی؟
یان بە شێوەیەکیتر؟ یان بە رێگایەکیتر؟
-کە لەم بەستێنەدا
هەموو شتێک
راستگۆیانە
لە ئاوەوە بگرە تا تریفە راخراوە و
زێوی لێڵی پوڵەکەی ماسییەکان
لە ئاودا
مانگێکی دیکەیە
لە ئاسمانێکی ئاوەژوو -.

لە پانتایی چۆڵەوانییەکی تاهەتایی
لە دورگەیەکی دەستلێنەدراودا، دابەزین.
وتت:
”ئەمەت سەفەر، کە گەیشتە مەبەست:
ئاستەم رێگایەک بە ئاکامێکی خۆش!”
وە من بە سوژدە
تەوێڵم نایە سەر خاک

لەبەر خوا
ناخواکەی من!
مزگەوتەکەی من لە کوێیە؟
لە کام دەریا
کام دوورگە؟

ئەویا کە من لە خۆ چووم هەتا لەبەردەم تۆدا سوژدە بەرم و
بە ویردوێنەیەک
-وەکوو مۆمیاکراوێکی ئەوپەڕی سەدەکان-
گیان بکەم بە بەر
ئایینێکی کەوناردا

مزگەوتەکەی من لە کوێیە؟
بە دەستە ئەویندارەکانت لەوێ
بۆ من
ئارامگەیەک ساز بکە!
.
وەکوو دەبینن شاملو هەڵەیەکی بچووکی زمانیی کردووە و بە جێگای هەورەتیشکە، هەورەگرمەی بەکار هێناوە (بە جێگای آذرخش، تندری بەکارهێناوە) بەڵام ئەمە هەڵەیەکی بچووکە لە پای ئەو زیانییەی کە لە کۆتایی شێعرەکەدا دەیکات. لە دوای ئەوەی کە ناخواکە پیدەڵێ: ئەمەت سەفەر کە گەیشتە مەبەست و… دوای ئەوەی شاعیر سەری سوژدە دەنێتە سەر عەرز، خوێنەر چاوەڕێی ئەوە دەکا کە یان شێعرەکە تەواو بێت یان پرسێک کە لە سەرەتاوە ساز کراوە لێرەدا چارەسەر کرابێت و ئیدی باسی لێوە نەکرێت. بەڵام دەبینین کە شاعیر لە دوای گەیشتن بە دوورگەی مەبەست دیسان دەپرسێ لە کوێیە. کە ئەمە لەگەڵ مەنتقی شێعریی شێعرەکە نایەتەوە.
ئەگەرچی دەکرێ لێردا پاساوێک بهێنینەوە و بڵێین کە شاعیر مەبەستی لەوەیە کە مرۆڤ قەت ناگات بە مەبەست و هەر کات بە مەبەستێک دەگات تازە دەزانێ کە ئەم مەبەستە تەنیا هەنگاوێک بووە بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی دیکە و ئەم چەرخ و خولە بەردەوام درێژەی هەیە. بەڵام ئەگەر وەها مەبەستێکیشی بووبێت، بەڕای من نەیتوانیوە باش دەریببڕێ.


ئەم یاداشتە پێشتر ساڵی ٢٠١٥ لە گۆڤارێکی ئەدەبیدا بڵاو کراوەتەوە.

تێبینییەکی پێویست:

ئەمن وەرگێڕی شێعر نیم و بە دەگمەن نەبێ دەست نادەمە کاری وەرگێڕان. بەڵام ئەم شێعرە بە کوردی نەکرابوو. دوو جار داوام لە کاک ناسری حسامی (کە یەکێک لە باشترین وەرگێڕەکانی شێعری شاملوویە) کرد وەریبگێڕێ و بەڕێزیان وتی کە دەست نادات و نالوێ. هەروەها بە چەن دۆستێکی وەرگێڕی دیکەشم وت کە ئەمکارە بکەن و هەموو باوەڕیان وابوو کە وەرگێڕانی ئەو شێعرە ئەستەمە. بەهەرحاڵ بۆ ئەم یاداشتە خۆم دەستم دایە وەرگێڕانی شێعرەکە و بۆ ئەوەی کە بتوانم شێعرەکە و شێعرییەتەکە بگوازمەوە بە شێوازێک کە پێم باش بوو وەرمگێڕاوە. دەکرێ وەرگیڕانێکی بێ کێشە نەبێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە هێشتا لە زمانی دووهەمیشدا شێعرە.

.

*ناخوا: کەشتییەوان. لەبەر جوانکارییەکی لەفزی کە لە نێوان خوا و ناخوادا هەیە، هەر ناخوام لە وەرگێڕاندا بەکار هێنا. هەڵبەت خودی وشەی ناخوا یش بەڕای من هیچ کێشەیەکی نییە چونکا پێکهاتەکەی بۆ کورد روونە.

*شاملوو وشەی تنگاب – ی بە کار هێناوە کە لە فارسی کۆندا بە مانای رێڕەوێکی تەنگی ئاو دێت. لە فارسی ئەمڕۆدا زیاتر وشەی ”تنگە” (بە کوردی: گەروو) بۆ ئەم مەبەستە بەکار دەهێنن کە رەنگە راست مەبەستەکەی شاملو نەپێکێ. بەهەرحاڵ ئێمە لە کوردیدا وشەی تەنگاومان هەیە کە وەکوو مانای سەرەکی وشە، هەمان مانای مەبەستی شاملووی هەیە بەڵام ئەمڕۆکە لە زمانی کوردیدا مانایەکیتری پێدراوە. پێموایە دەبێ بوێرین و وشە لەم کارکردانەشدا دەکار بکەین.
جگە لەوەیش ئەو هەستی لە تەنگەبەر بوونە کە لە وشەی تەنگاوی کوردیدا هەیە زۆر بۆ ئەم مەبەستە گونجاوە.

* لێرەدا شاملو دستەوشەی ”مزرع سبز”ی دەکار کردووە کە بە مانای مەزرای سەوزە. ئەم دەستەوشە لە شێعرێکی حافزی شیرازییەوە خوازراوە کە لەوێدا حافز ئاسمان بە مەزرایەکی سەوز دەشوبهێنێ. لەبەر ئەوەی کە خوێنەری کورد لەگەڵ ئەم پێشینەدا ئاشنا نییە و لە لایەکیشەوە ئاستی شێعرەکە بە پێی ئەوەی کە دەستەوشەکە خوازراوە و هی خودی شاعیر نییە، بەم ئاڵووێرە ناگۆڕدرێ، ئەمن هەر ماناکەی کە هەمان ”ئاسمانی شین” ـەم گواستوتەوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا