مردن چەن دەرنگە لە گیانما فاتیما
ئاکام کەوسەری
.
مردن چەن درەنگە لە گیانما فاتیما
ئەم وێرانە کە دەس لێدەی
هەموو گیانی پڕ لە مۆسیقا و
ئاوازی مردووانە
لە گەرووی نیشتمانا
م/ن درێژەی ئەو ئاوازە تەبایەم
لە داوێنی ئەو ژنانەی چاوەڕوان
ناو رۆحمیان تێک/شکاندە گیانی وڵات
من وێرانەم!
ببارێنە لە تەڕایی لاشەتا
بەرد بم
لە ئێوارەی دەستەکانتا
هەنار بم
لە درێژەی نۆتەکانتا
خەم بم
خانمی خوێن و شۆڕش و مردووان
غوربەتێ بۆ نیگاکانم هەڵخە
لە درێژەی هەناسەتا
بەیانییەک، لە دەمارەکانما شینکە
من لەوانەم هەندێ جار ژیان دەژەنن لە خۆیانا
لەوانە وا لە خەونەکانیانا ئەژین
بریا لە دەشتاییەکانی لەشتا
ئەی کچی رۆژانی ئارەزوو
خانمی نێو پیاسەی حەزێکی قەرەباڵغ
بۆ تاوێ پیاسە ئەبووم
خۆزگە ژیان و خەونم وێران ئەکردە تەنیاییەکانت
لە باکوورەوە تا ئێرەی جەستەتم ئەجووڵاند
لە رەشی چاوەکانتا دائەخزام
ئەمویست بێمە ژوورەکەتەوە
ئەتۆرای
ماچم ئەکردی و تێئەپەڕاین
ئەتۆرای
دیسان ماچم ئەکردی لە ناوتا دەزرنگامەوە
بانگم ئەکردی نەئەمای و هەر دەتۆرایی
کە نامێنی
مردن چەن درەنگە لە گیانما فاتیما
ئاڵۆشیاگی جەستەم ئەبووی گەر شەوێک
شەو نەئەبووم
بەشێ لە گیانت هێشتا لە دەمارەکانما
گێج ئەخوا
چرکەیە لە چاوەکانتا سەفەریام
نازانم چۆناوچۆنە ئەو دیوی هەناسە و ژماردن
ناتوانم لە خۆما داتڕژێنمە سەر نووسین
نووستن نە، نووسینەوەی
رەنگەکانت
کێشانت
بمکێشە لە ئێشەکانتا
ئێشین/ی من
نووسینت لە شێعرا وەک با
درێژ
کێشانت لە دووکەڵا
ئارام
ئاڵۆز و هاشووریە پیادەڕەوەکانی حافزەت
حافزەم لە خوێنتا هەناری ئەڕوا
بۆمەیە کە ئەنووسم
نووسین… هاتن… نووستن
لاسایی کردنەوەی تۆیە
تلاوتل بوونی ئازار و ترسە لە منا کە تۆی
لە منا کاول دەبووی
وەک کچە قەرەجێکی لێو گۆشتن
لە هەناسەی پایزێکی لەعنەتیا
چ کەوتنێکی گەرمە ئامێزت:
دوو لێو لە تارمایی خەتێکی قاوەییدا
پڕ لە غوربەت و شلووغی
خاڵی لە هەرچی ترس و
دەستەکانم لە سینەتا چ بێتام
ئەخرۆشێ