هەڵوەرینی پیتەکان – سۆران محەمەد / شێعر
سۆران محەمەد
.
رستەکان
ئامرازی پەیوەندییان
لە نێواندا نەما
سەرەتاو کۆتاییەکان تێکەڵاوبوون
وەکو چیرۆکێکی عەبەسی
پەناهەندەیەکی بێ ماڵ، بێ هاوڕێ
رەنگە یادت بێ فاڵچییەکە گوتی:
سەیری داهاتوو بکە
رۆژی بەختت سێشەممەیە!
شاعیرەکە گوتی:
بگەڕێرەوە بۆ رابردوو
ئەو شەوانەی
بە حەپەی سەگەکان و
دوکەڵی ئاگردانەکانا
گوندەکانت دەدۆزییەوە
رەنگە لەوێ بەجێمابیت..
رستەکان لێکترازان
وەکو پارچەی کەشتیە نغرۆبووەکان
یان نیگا پچڕ پچڕە گوماناویەکانی پیرێژنەکان..
وشەکان لەتبوون
بۆ چەند دەنگێکی جودا:
ئەو سەدایەی
جارجار لە گۆشەی ژوورەکەوە
گۆرانییە خەمبارەکانی دەگوتەوە
نزم و نزمتر بووەوە
گۆڕدرا بە گریانێکی لەکوڵ و
فرمێسکەکان وشك بوونەوە..
وشەکان
پیتەکانیان هەڵوەرین
بە دوای زاراوەیەکی نوێدا دەگەڕێن بۆ ژیان
نوێتر
راستر
سادەتر بێ