نوێژی بەیانی
پەروین شێخی
خۆی بە دیوەکەمدا کرد و دەرکەی جووت کرد و هاتە پێشێ دەستمی توند گرت و کوتی:بەڵێنم پێ دەدەی؟ دەبێ بڵێنم پێ بدەی شوو بە من دەکەی سوێندم بۆ بخۆ هی خۆمی تکایە…تکایە…
حەپەسا بووم! قسەم بۆ نەدەهات گەرووم ویشک بوو هەستم دەکرد هەناسەم دەرنایەت’دەمویست هاوار بکەم بقیژێنم دەنگم دەرنەدەهات دەستم دەکێشاوە و رام دەپچکاند بەڵام سوودی نەبوو دەستی بەر نەدەدام و بەردەوام دەیکوت بەڵێنم پێ بدە تکایە…
لە دەرکەی دیوەکەیان دا: هەستن نوێژی بەیانییە درەنگە دەی هەستن…هەستان؟!
راچڵەکیم و لەخەو ڕاپەڕیم!بە دەنگێکی خەواڵوو کوتم بەڵێ بابەگیان هەستاوین.
ئاخ خودایە گیان زۆر شوکر ئەوە خەون بوو! ئەو شێت و شوورە بۆ وای دەکرد دەبوایە بمزانیبایە خەونە ئاوا بوێرانە هاتبوو بۆ دیوەکەم!
بزەیەکم هاتێ و لەبەر خۆمەوە کوتم با خەون بێ ناخۆشیش نەبوو’ هەر چەن هیچم لێ حاڵی نەبوو زۆر دەترسام دەرکەی جووت کردبوو کەسێک دەرکەی کردباوە چی؟!نانا باش بوو خەون بوو!
شانی خوشکم ڕاوەشاند و بە بزەوە کوتم هەستە کچێ درەنگە باوکم دیسان دێتەوە و لە دەرکە دەدا و ئەم جارە ئیتر زۆر تووڕە دەبێت و تا ئێوارێ نێوچاوانی وەکوو ژەهری مار تاڵ و گرژ دەبێ و وەکوو هەوری بەهاری دەگرمێنێ و بۆمان چاک نابێتەوە خوشکم خۆی وەرسووڕاند و کەوتە سەر ئەم شانی و بۆڵەیەکی لێوەهات و خەوتەوە! پێکەنیم و کوتم وەڵا جوانە خۆ خەوتەوە!
باوکم دیسان لە دەرکەی دا ئەو جار توندتری لێدا و نەڕاندی :ئەوە هەڵنەستان؟ رۆژ بۆوە نوێژ نامێنێ!
قرچە پێ هەستام و کراسە درێژەکەم بە سەرم دا کرد و بە پەلە قۆڵەکانیم لە بەر کرد و هەڵاتم لەچکەکەم لە بیر چوو بە سەرمی دادەم گەڕامەوە و له ژێر سەرینەکەم دەرم کێشا و بە سەرم دادا.
دەرکەم کردەوە و کوتم بابە گیان هەستاوین بە تووڕەیی وڵامی دامەوه:هەی ڕاستەوە نەبن بۆ هەستانتان’ هەی بەزیادم نەکرد ئەو نوێژەی ئێوە دەیکەن خۆ ئەوە تاو هەڵات!
بەپەلە چووم دەست نوێژ بگرم زۆرخەواڵوو بووم سەرم لە گێژەوە دەهات دوێنێ شەو درەنگ خەوتم ئەوڕۆ ئیمتیحانی فیزیکم هەیە تا نیوەشەو فورمولی فیزیکم دووپات کردبۆوە!
لە هاڵەکە لە سەر بەرماڵ بووم نوێژم دانەبەست بوو باوکم کوتی: ئەوە سووری هەڵنەستاوە؟ئەی ڕاستەوە نەبێت باشە!
دیسان چوو له دەرکەی دیوەکەی دا و بە تووڕەیی نەڕاندی و کوتی:یاڕەبی هەڵنەستیەوە نوێژەکەت چوو داوەشێی یا خودا!
خوشکم بە پڕتاو دەرکەی کردەوە و چوو دەست نوێژ بگرێت.
دایکم لە دیوەکەی هاتە دەرێ و کوتی:ئەوە چیە بەو بەیانیە ئەو هەرا و بگرەیە! ئەو بەستزمانانە تا نیوەشەو دەرسیان خوێندووە و ماندوون و…باوکم نەیهێشت قسەکەی تەواو کات و کوتی:بەسە بەس تۆ کارت بەسەر ئەوانەوە نەبێت دەرسی چی؟ ئەوانە دەرسی شەیتانین من هەر پێم خۆش نیە ئەو دەرسانە بخوێنن توش کچە مەلای دەبوایە نوێژیان پێ بکەی تۆ بەسی ڵێ بڵێ بڕۆ بە لای دۆعا و نوێژ و تەسبیحاتی خۆتەوە! دایکم هەناسەیەکی هەڵکێشا و سەری ڕاوەشاند و بە بۆڵە بۆڵ چووە دیوەکەی خۆی…
باوکم دەهات و دەچوو و لەبەر خۆیەوە دەیکوت:باوکی من کاتی خۆی لە سەر نوێژ نەکردنم لەو تەمەنەدا چەندی ئازار داوم و تەنانەت ڕۆژێک شیاکەی دەرخوارد دام! دەست خۆشی لێدەکەم ئەو منی فێری نوێژ و ڕۆژوو کرد.
باوکم لە هاڵەکە دەهات و دەچوو هەتاکوو خوشکم نەهاتە سەر بەرماڵ و نوێژی دانەبەست دڵنیا نەبوو جا ئەوکات ڕۆیشتەوە دیوەکەی!
باوکم کوڕە مەلایە’ سەوادی شەشوومی قەدیمی هەیە ‘ دەست و خەتێکی جوان و فەڵەم و ئینشای زۆر باشە و خۆێ تاجیرە و حیساب و کیتابی کار و باری خۆی بە باشی بەڕێوە دەبات و شارەزایە ‘ کوێخایەتی پێخۆشە و لە زۆربەی کار و باری کۆمەڵایەتیدا بەشداری هەیە’ ئەڵبەت مەلایەتی لە هەموان پتر پێ خۆشە بەڵام دەرسی مەلایەتی بە هۆی سەرە ڕۆیی و بێ گوێیی نەخوێندوە و نەیتوانیوە ئاواتی باپیرم کە لە سەردەمی میر منداڵیدا زۆری حەول بۆ داوە بە جێ بێنێ!
وەکوو دەگێڕنەوە باپیرم لە سەر نوێژ و ڕۆژوو و هاندانی باوکم بۆ بە جێ هێنانی فەڕزەکانی دینی زۆر سوور بووە تەنانەت بە زۆر و لێدان و ئازار لە تەمەنی میرمنداڵیدا نوێژی پێ کردووە هەر بۆیە ئەویش گوشاری زۆری خستۆتە سەر ئێمە بۆ بە جێ هێنانی ئەو فەڕزانە ئەو زەختە لە سەر براکانیشم هەیە بەڵام ئەوان گوێی نادەنێ!
لە سەر بەرماڵ خەونووچکە دەیبردمەوە دەبوایە هەموو ڕۆژێک پاش نوێژی بەیانی لە سەر بەرماڵ هێندێک دۆعا و تەسبیحات و تەنانەت نوێژی سوننەت بە جێ بێنین!
دوای نوێژی بەیانی دەستم کرد بە دۆعا’ لەو کاتەدا باوکم هاتە هاڵەکە و دەهات و دەچوو! قامکەکانم بە نیشانەی دۆعا و تەسبیحات دەبژارد هەر قامکێک فورمولێکی فیزیک و دووپات کردنەوەی دەرسی دوێ شەو و دۆعایەک بۆ سەرکەوتن لە ئەزموونی ئەوڕۆ بوو!
باوکم هاتە لام و لە بن گوێچکەم کوتی: هەی باڕەکەڵڵا کچی من ‘ دۆعا و تەسبیحاتی ئەوڕۆی تۆم زۆر بە دڵ بوو!!!