هەزارتوێی هەنگەخۆرە و ڕکێفی دێوەزمە! | د. ئەحمەد عەینی | وتار
هەزارتوێی هەنگەخۆرە و ڕکێفی دێوەزمە
یان
مینۆتۆر لە هەزارتوێی ناخودئاگادا
د. ئەحمەد عەینی
هەزارتوێی هەنگەخۆرەم بە قاچاخ خوێندەوە، هەر وەک نووسەرەکەی کە قاچاخە و هەر وەک کتێبەکانی کە قاچاخن و خۆی وتەنی وادیارە قەت ناگەنە دەستی خەڵکی خۆی.
لە ڕاستیدا بەو ناسیارییەی کە پێشتر لە کاک ئەنوەر عەباسیم هەبوو، زۆرم پێ سەیر نەبوو ئەگەر ببینم ئەوەی دەیخوێنمەوە شاکارێکی ئەدەبییە بەڵام بەو حاڵەشەوە سەرم لە هێزی گێڕانەوە و پتەویی زمانیی ئەم ڕۆمانە سووڕما. وەکوو کەسێک کە سەدان شاکاریی ئەدەبیاتی جیهانم خوێندووەتەوە و بە باشیش ئەدەبیاتی کوردی و فارسی دەناسم، لەم کورتەنووسینەدا هەوڵ دەدەم نیشانی خوێنەرانی بدەم؛ بۆچی ئەم ڕۆمانە یەکێک لە باشترینی ئەو ڕۆمانانەیە تا ئێستا خوێندوومەتەوە.
(چاپی دووهەمی ڕۆمانی هەزارتوێی هەنگەخۆرە، لە کوردستان/٢٠٢٤)
هەزارتوێی هەنگەخۆرە هەر بە ناوەکەی پێمان دەڵێ نابێ لەم ڕۆمانەدا چاوەڕێی گێڕانەوەیەکی هێڵیی و سەرڕاست بین، بەڵکوو ئەم ڕۆمانە توێ لەنێو توێ و چین لەسەر چین چنراوە و هەر ئەمە ڕەنگە وابکات خوێنەری ڕانەهاتوو و ناچالاک ناچار بێت دوو یان چەن جار بیخوێنێتەوە هەتا بەباشیی هەموو لایەنەکانی ببینێت و تانوپۆی ئەم تەونە هەزارنەخشەی بۆ بچێتەوە سەر یەک. ئەوەش بابەتێکی گرنگە کە بزانین نووسەر ئەمکارەی بەشێوەیەکی ساختە و مەسنووعی نەکردووە، بەڵکوو پێویستییەکی لەم ئاڵۆزییەدا دیتووە کە ڕەنگە خوێنەری ناچالاک هەتا لاپەڕەی کۆتایی لەم پێویستییە تێنەگات. بەڵام خوێنەری چالاک هەر لە ناوەراستەکانی گێڕانەوەکەوە تێدەگات؛ زەینی شێواوی کەسایەتییەکان و دۆخێک کە هەڵقوڵاوی ئەو زەینانەیە و هەروەها کاتشوێنێک کە بگێڕەوەکانی تێدان، ئەم ئاڵۆزییەی خولقاندووە. هەروەها جگە لە باسی پێویستیی، لەباریی جوانیناسییشەوە نووسەر خەریکە شێوازیی نووسینی خۆی دەکات بە برەندێک کە پێش خۆی لانیکەم لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا وێنەی نەبووە و هەمووان دەزانن هێنانەئارای شێوازیی نوێ، هەمیشە ئەستەم و تەنانەت مەترسیدارە. نووسەر ئەم ڕیسکەی کردووە و لە دوای ئەزموونی ڕۆمانی پێشووی خۆی واتە ڕۆمانی سژین کە گێڕانەوەیەکی بەنیسبەت سادەتری هەبوو بەڵام ئەویش لەجۆری خۆیدا هەمدیسان ڕۆمانێکی ئاڵۆز دەهاتە ئەژمار، ئەمجار دەستی بۆ شێوازێکی گێڕانەوە بردووە کە لە نێو خۆیدا هەزارتوێیەکی ئافراندووە و حەقی ناوەکەی خۆی داوە.
هەزارتوێ یان لابیرینس، ئەو زیندانە پێچەڵاوپێچە بوو لە ئەفسانەکانی یۆنانی کەوناردا لەبارەیەوە خوێندوومانەتەوە. دایدالۆسی سەنعەتکار هەزارتوێیەکی پێچەڵاوپووچ و ئاڵۆزی بۆ دێوەزمەی ئەفسانەیی واتە مینۆتۆر ساز کرد هەتا تێیدا زیندانی بکرێت و نەتوانێت ڕێگەی هاتنە دەرەوە بدۆزێتەوە.
مەبەستی نووسەر لە بەکارهێنانی ئەم ناوە دەتوانێ چی بووبێ، بێجگە لەوەی بە یەک ئاماژە ئێمە بباتەوە سەر ئەو ئەفسانەیە کە هەموان دەیزانن؟ بەمشێوەیە ناونیشانی ڕۆمانەکە ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگەریی لە فامکردنی ڕۆمانەکەدا گێڕاوە. نووسەر لەم ڕێگەیەوە هەر لە هەنگاوی یەکەمدا مێتافۆڕێکی لە دێوەزمەی دەروونی شاکەسی چیرۆکەکە ساز کردووە و بگێڕەوەی نێو ڕۆمانەکە کە لە ئەمئەوییەکی بەردەوام لە نێوان شاکەس و نووسەردایە، بۆ ئەوەی ئەم دێوەزمە نەیەتە دەرەوە هەزارتوێیەکی بۆ دەسازێنێ. بگێڕەوە زۆر وەستایانە لە شوێنێکی ڕۆمانەکەدا خۆی بە باڵندەی هەنگەخۆرە دەشوبهێنێت کە هەنگەکان دەگرێت و چیرۆکەکانیان دەخوات. پاشان ناوی ڕۆمانەکە دەنێت هەزارتوێی هەنگەخۆرە و بەم پێیە ئەگەر سادەی بکەینەوە ناوەکە دەبێ بە هەزارتوێی من! ئەمە سەرەتاییترین و جەوهەرییترین خاڵێکە خوێنەر دەبێ بۆ تێگەیشتن لە ڕۆمانەکە بیکات بە خاڵی دەستپێک و هەرکە بەم خاڵە گەیشت، ئیتر تێگەیشتن لە بۆچییەتی هەزارتوێی لێ ئاشکرا دەبێت و ئەمجار بەجێگەی ترس لە ونبوون لەنێو هەزارتوێ و بوون بە خۆراکی دێوەزمە، دەتوانێ چێژ لە سەفەرەکەی ببینێت. بەم پێیە پێموایە ئەم ڕۆمانەی ئەنوەر عەباسی، لەو ڕۆمانانەیە کە دەبێ لانیکەم دووجار بخوێنرێتەوە. (من سێ جارم خوێندووەتەوە کە هەڵبەت جاری سێهەمیانم بۆ نووسینی ئەم بابەتە بوو)
(چاپی یەکەمی هەزارتوێی هەنگەخۆرە لە وڵاتی سوید/٢٠٢٤)
جیاوازیی گێڕانەوەی نووسەرێکی لێزان و نووسەرێکی ئاسایی لەوەدایە کە نووسەری لێزان فۆڕم و ناوەرۆک وەها لێکدەهاڵێنێ کە ئیتر لێک جیا ناکرێنەوە. واتە بۆ ئەو ناوەرۆکەی مەبەستییەتی، وەها فۆڕمێک هەڵدەبژێرێ و دەست بۆ زمانێک دەبا کە تەواو بۆ مەبەستەکەی ئەو گونجاو بێت و ئەو تەکنیکانەی دەکاریان دەکا و تەنانەت کرژیی و خاویی ڕیتمی گێڕانەوەکە وەهایە کە لەو باشتر نەلوێ و نەکرێ. ڕەنگە گرنگترین هۆکارێک کە وای کردووە من ئەم ڕۆمانەم پێ باشترین ڕۆمانێک بێت کە لەم ساڵانەی دواییدا خوێندوومەتەوە هەر ئەم تایبەتمەندییەی ڕۆمانەکە بێت. لە ڕاستیدا زۆر بەبیانوو بووم درز و کەلێنێک لەم بوارەدا بدۆزمەوە و تەنانەت بە هەندێک هۆکار زۆر دوژمنکارانە ڕۆمانەکەم خوێندەوە بەڵام بەو حاڵەشەوە، دەتوانم بڵێم هیچ پەرەگرافێکی ئەم ڕۆمانەم پێ شک نایەت بتوانی بە ئاسانی ڕستەیەکی لێ لابەری یان بیگۆڕی. هیچ گەمەیەکی تەکنیکم لەم ڕۆمانەدا نەدۆزییەوە هەست بکەم ناپێویست بووە یان بەباشی دەکار نەکراوە. تەنانەت ئەگەر شتێکی وایش بە مێشکمدا هاتبێ، دوای چەن لاپەڕە، یان لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا تێگەیشتووم کە من هەڵەم کردووە و نووسەر زۆر بە مەبەستەوە ئەوەی کردووە.
یەکێک لە ئاشکراترین تەکنیکە کارپێکراوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، شەپۆلی هۆشە. تەنانەت دەتوانین بڵێین نووسەر ئەم هەزارتوێیەی لە ڕێگەی شەپۆلی هۆشەوە ساز کردووە و پێموایە هەر خودی ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ئاستی کارزانیی نووسەر و نبووغی ئەدەبیی ئەومان بۆ دەربکەوێ. نووسەر بۆ ئەوەی ئێمە بەرێتە نێو هەزارتوێیەکەوە، چ لە ڕێگەی شەپۆلی هۆشەوە و چ لە ڕێگەی پەرەدان بە چیرۆکی وردەڵە و بەسەرهاتی کەسایەتییەکانەوە, دەمانخاتە بەر لێشاوی وازی مێشک و فلاشبەک و فلاشفۆرواردی خۆی و بیرەوەریی و ڕابردوو و داهاتووی کاراکتەرەکانییەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەمکارە دەکات، بەڵام بەستێنێکیشمان دەداتێ کە لەسەری ڕاوەستین و سەرەداوی پیویستمان دەداتێ و وەکوو هەندێک نووسەری مالیخولیایی، بەشێوەی ساختە سەر لە خوێنەر ناشێوێنێت و لە حەوادا بەرهەڵدای ناکات.
وێنەیەک بۆ دەرکی چۆنییەتی شەپۆلی هۆش
دەتوانین شەپۆلی هۆشی نێو ڕۆمانەکە بە دوو جۆری جیاواز دابەش بکەین، یەکەم: ئەو شەپۆلی هۆشانەی پەیوەندییەکی سیستماتیکیان پێکەوە نییە و لە کۆمەڵێک دیمەن و وێنە پێکدێن و زیاتر لە زەینی کاراکتەرەکاندا واتایەکی دووریان هەیە و وەکوو کۆمەڵێک کۆڵانی بەربەستن کە خوێنەر بۆ چەن ساتێک سەرێکیان پێدا دەکات و دێتە دەرەوە و ڕۆڵی خولقاندنی فەزا و ڕەنگکردنی دۆخیان پێدراوە. دووهەم: ئەو شەپۆلی هۆشانەی پەیوەندی سیستماتیکیان پێکەوە هەیە و لە چارەسەرکردنی پرسیار و گرێکاندا یارمەتیدەرن. ئەم جۆرەی دووهەمیان کە تۆزێک بە سەختی دەکرێ ناوی شەپۆلی هۆشی لەسەر دابنرێ، لە ئەدەبیاتی دنیادا زۆرتر بۆ ڕۆمانە دەروونناسییەکان کاری پێدەکرێ و نووسەریش ڕاست بە هەمان مەبەست دەکاری کردووە.
لە خاڵە بەهێزەکانی دیکەی ئەم ڕۆمانە لە کاتی بەکارهێنانی شەپۆلی هۆشدا ئەوەیە کە وێناکردنی کەسایەتییەکان تەنیا لەسەر شەپۆلی هۆش نەوەستاوە. زۆرێک لە نووسەرە تەنانەت بەناوبانگەکانیش ئەو هەڵەیە دەکەن و لە ئافراندنی کەسایەتییەکاندا زۆر پاڵ بە شەپۆلی هۆشەوە دەدەن و خودی کەسایەتییەکە نائافرێنن و ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە و یەکێک لەو ڕەخنانەی کە بۆ وێنە لە نووسەری بەناوبانگی ئێرانی عەباس مەعرووفی گیراوە هەر ئەمەیە. ئێستا ئێمە لەم ڕۆمانە کوردییەدا لەگەڵ نووسەرێک بەرەوڕووین کە لە ئاستێکی هەرەباڵادا ئەم تەکنیکەی خستووەتە خزمەت گیڕانەوەی خۆیەوە و ئەم کارەشی بەبێ کەموکووڕی کردووە. ئەم ئاماژەیە بۆیە دەکەم کە دەزانم لە ئەدەبیاتی جیهانیشدا کەم نووسەر هەن توانیبێتیان ئەم کارە بەم ئاستە لە شارەزایی بگەیەننە ئەنجام. لە باشترینی ئەو نووسەرانەی پسپۆڕی ئەم تەکنیکە بوون دەتوانین ئاماژە بە وڵیام فاکنەر (بەتایبەت لە ڕۆمانی هەرا و تووڕەیی)، ڤیرجینیا وۆڵف (بەتایبەت لە ڕۆمانی بەرەو فانووسی دەریایی) و جەی دی سەلینجەر (بەتایبەت لە ڕۆمانی پارێزوانی دەشت) بکەین. هەر ئەوەندە ئاماژەیە ڕەنگە بەس بێت بۆ ئەوەی بڵێم بۆچی ئەم ڕۆمانەم پێ کارێکی گەورە و شیاوی سەرنجە!
لایەنێکی بەهێزی دیکەی ڕۆمانی هەزارتوێی هەنگەخۆرە، زمانی گێڕانەوەکەیەتی. عەباسی پێشتر لە ڕۆمانی سژین ـدا و لە دەقە شێعرییەکانیشیدا سەلماندوویەتی زمان وەکوو مۆم لەنێو مشتیدایە و بەهەربارێکدا بیهەوێ بێچمی پێدەدات. لەم ڕۆمانەشدا ئەگەرچی ڕێژەی کاراکتەرەکان زۆرن و چەندین کاراکتەری سەرەکیمان هەیە، بەڵام بە هەندێک وردبینییەوە دەتوانین زمانی جیاوازیی هەرکامەیان بناسینەوە. بۆ وێنە هەرکام لە ڤیدات و مێهدی و ئاناهیتا و ئاراس و شاکۆ، زۆر بە ئاشکرا و بەتەواوی زمانی ئاخافتنی جیاوازیان هەیە و تەنانەت خوێنەرێکی کەمئەزموونیش ئەتوانێ لەمە تێبگات. یان بۆ وێنە زمانی ژنانی نێو ڕۆمانەکە زۆر بە ڕوونی جیاوازیی هەیە لە زمانی پیاوان و هەر کامەیان کۆمەڵێک تایبەتمەندیی و ئێلێمێنتی هاوبەشیان هەیە کە بە ئاسانی دەتوانین زمانی پیاوەکان و ژنەکان لەژێر ئەم دوو دەستەدا ڕیز بکەین و تەنانەت ئەگەر ناوی کاراکتەرەکانیش بسڕینەوە، لە ڕووی تۆنالیتە و شێوەئاخافتنەوە تا ڕادەیەکی باش دەتوانین بیانناسینەوە. نووسەر بە ئاشکرا هەوڵی داوە بازنەی وشەی هەرکام لە کاراکتەرەکانیش ڕێکبخات و لە هەمان بازنەدا سنوورداریان بکاتەوە کە هەڵبەت هەندێکجاریش بەپێی پێویست بازنەکەی شکاندووە بۆ ئەوەی بۆ وێنە دۆخێکی ساتیری بخولقێنێت یان لە نێوان کاراکتەرەکاندا ئەمئەوییەک بسازێنێت.
زمان لەم ڕۆمانەدا نەک هەر یەک ڕیتم و یەک هەوا نییە بەڵکوو بەرز و نزمیی و هاتنە ڕووکار و قووڵبوونێک بەخۆوە دەگرێ کە شێوەی شەپۆلئاسای پێدەدات. شەپۆلەکان لە زمانی بازاڕیی و سادە و تەنانەت بێ ئەدەبانەی کاراکتەرێکەوە بۆ زمانی هەرە ئەدەبیی و شێعرئاسای کاراکتەرێکی دیکە لە هاتووچۆدان و ئەمە شتێک نییە کە لە چاوی خوێنەری چالاکی ڕۆمانەوە دوور بمێنێتەوە.
ڕیتمی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەیش وەستایانەیە و بەپێی دۆخ خۆی لەگەڵ گێڕانەوەکە ڕێکدەخات. بۆ وێنە کاتێک لەگەڵ دۆخێکی خەماوی ڕووبەڕوو دەبینەوە، دەبینین ڕستەکان درێژتر دەبنەوە و خاڵ و ویرگول کەم دەبنەوە و هەناسەی خوێندنەوە قووڵ دەبێتەوە و ئەمانە ڕێگە دەدەن خەمی نێو دێڕەکان لە گیانی خوێنەریش بنیشێت و کاتێک دۆخەکە دەبێ بە دۆخێک کە تێیدا دڵەڕاوکێ بێداد دەکات، ڕستەکان کورت دەبنەوە و گوزارەکان بە جووڵەی پەیتاپەیتای خۆیان لە تەپڵی جەنگ دەکوتن و هەمان دڵەڕاوکێ بۆ خوێنەر دەگوازنەوە. ناسینی ڕیتمی گێڕانەوە یەکێک لە مەرجەکانی نووسەربوونە کە بەداخەوە لە ئەدەبی کوردیدا نووسەری ڕیتمناسی وامان زۆر نین. لەم بابەتەیشدا سەرەڕای ئەوەی بە وردی چاوم بۆ هەڵە و پەڵەی لەم چەشنە گێڕا، لەم ڕۆمانەدا کەموکووڕییەکم بەدی نەکرد و ئەمە نیشانی دەدا نووسەر چەندە بە وەسواسەوە دەستی بۆ ئەم کارە بردووە و چەندە کاتی بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانە تەرخان کردووە و ڕێزی لە بەردەنگ گرتووە.
- (هێڵکارییەک کە شێوازی گێڕانەوەی ناهێڵیی لە ڕۆمانی تریستیان شێنێدی بەرهەمی لاورێنس ستێرن پیشان دەدات)
زۆر وردەکاریی دیکەش هەن کە لەم ڕۆمانەدا کاریان پێکراوە بەڵام ڕەنگە بۆ خوێنەری ئاسایی ڕۆمانەکە زۆر پێویست نەبێ ئەوانە بزانێت، بەتایبەت هەندێکیان هێندە وردن و هێندەکجار هێندە نوێن کە بەڕاستی جگە لە ڕەخنەکاران و کەسانی پسپۆڕی ئەدەبیات، ڕەنگە خەڵکی تر ناویشیان نەبیستبێ و وتنەوەیان کەڵکێکی بۆ خوێنەری ئەم دێڕانە نەبێ. وردەکاریی و تەکنیکە ئەدەبییەکان بۆ ئەوە نیین نووسەر ڕۆمانەکەی بۆ ئەوانە بکات بە پیشانگە، بەڵکوو بۆ ئەوەن کە بەبێ ئەوەی زۆر هەستیان پێبکرێت، فۆڕم بسازێنن. بۆ وێنە دەبینین کە نووسەر بە هێنانە بەرباسی کۆمەڵێک ڕووداو کە پێدەچێ زۆر گرنگ بن بەڵام دوایی خوێنەر تێدەگات کە زۆر لاوەکین، درگایەکی نوێ بۆ تێگەیشتنی خوێنەر دەکاتەوە کە ئەمە جۆرێک بێگانەکردن یان ئاشنایی سڕینەوەیە و خوێنەر بەرەو ئەوە دەبات کە هەوڵی شرۆڤەی دۆخی هەبوو بدات. یان جۆرە جیاوازەکانی لادان لە گێڕانەوەی هێڵیی و پێویستیی هەرکامەیان و هەتا دوایی. کەسێک بیهەوێ لەسەر تەواوی ئەم وردەکارییانەی ڕۆمانەکە بنووسێت بێگومان دەبێ چەند بەرگ کتێبی لەسەر بنووسێت و من ناتوانم هەموو ئەمانە کە هەرکامەیان لەسەرڕۆیشتنی خۆی دەوێ لەم وتارەدا بهێنم. بۆیە بەوەندە واز لە لایەنی چۆنییەتی گێڕانەوەکە دەهێنم و باسێکیش لەسەر ئەو بابەتانە دەکەم کە لەم ڕۆمانەدا ورووژاون و دەتوانین بە داشکاندنەوە پێیان بڵێین پەیامی ڕۆمانەکە و ئەوەی نووسەر وەکوو بابەت بەیانی دەکات.
کاک ئەنوەر عەباسی لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە تارانەوە دەناسم. ئەگەر وردتر بڵێم؛ لە ئەنجومەنی ئەدەبیی ماڵی شاعیرانی شەقامی دەوڵەت و دواتر ئەنجومەنی ئەدەبی ئەرەسبارانـی تارانەوە ئەو دەناسم. ئەو کات ئەو شاعیرێکی گەنجی هەژدە نۆزدە ساڵان بوو و من خوێنەرێکی ئاشقی ئەدەبیات کە چەن ساڵێک لەو گەورەتر بووم و لە زانکۆی تاران دەمخوێند. هەر لەو سەردەمانەوە نیشانەکانی نبووغ و توانایی ئەدەبیی لەو شاعیرە گەنجەدا دیار بوو و هەرکەس کە دەیناسی دەیزانی ئەم کەسە لە داهاتووی نزیکدا شتێک دەکات و ڕچەیەک هەر دەشکێنێ و ڕێچکەیەک هەر دادەنێ. بەڵام مەخابن، نازانم بڵێم بەداخەوە یان بەخۆشحاڵییەوە، ساڵێک دواتر بە تەواویی وازی لە فارسینووسین هێنا و ئەو بەستێنە باشەی لە ئەدەبیاتی فارسیدا بۆی ڕەخسابوو بەجێهێشت و ڕووی لە کوردینووسین کرد و لە خاڵی سفرەوە لەو زمانەدا کە بۆ ئەو نوێ بوو دەستی بە نووسین کرد و دواتر تێکەڵاوی سیاسەت بوو و ئیتر من ئاگام لێبڕا هەتا ئەم چەن ساڵەی دوایی!
بەم پێیە و بەو ڕابردووەوە کە باسم لێوە کرد، نووسەر هەر وەکوو ڕۆمانی پێشووی خۆی، لەم ڕۆمانەیشدا یەکێک لە تێما لاوەکییەکانی سیاسەت و یەکێکی تریان زمان و ئەدەبیات و شێعرە. ئەم بابەتانە ئەگەرچی لەم ڕۆمانەدا بابەتی سەرەکیی نین و زۆر بە کەمی دەرفەتیان دراوەتێ، بەڵام هونەری نووسەر و سێحری قەڵەمی، قورساییەکی سەیری پێ بەخشیون. بێگومان ئەو تایبەتمەندیانەی نووسەر خستوونیەتە پاڵی کەسایەتییەکانییەوە توانیویانە ڕێگە بۆ ئەم مەبەستە خۆش بکەن و بەمشێوەیە، هیچ خوێنەرێک، تەنانەت خوێنەری لەبیانووی وەکوو منیش، هەست بەوە ناکات نووسەر خەریکە درووشم دەدات یان بە زۆری شتێک بە گێڕانەوەکەیەوە دەنووسێنێ. کاتێک دوو کەسایەتیی وەکوو ڤیدات و ئاراس کە هەرکامەیان سەر بە دنیایەکی جیاوازیی سیاسین و هەردووکیشیان تا ڕادەیەک ئایدیالیستن دەخەیتە پەنا یەکترینەوە، ئەگەر باسی سیاسەت نەیەتە گۆڕێ سەیر دەبێت. یان کاتێک کاراکتەرێکی نیمچە شاعیرت هەیە کە تووشی پارانۆیا و سکیزۆفێرنیا بووە، ئەگەر باسی شێعر نەیەتە گۆڕێ دەبێ سەرمان بسوڕمێ! ئەمەیە هونەری ئافراندنی کەسایەتیی بۆ پێکهێنانی گێڕانەوەیەکی پتەو. و ئەم بابەتە بۆ هەموو کەسایەتییە سەرەکییەکان هەر بەم چەشنەیە، واتە هەڵسووکەوتیان بەتەواویی لەگەڵ کەسایەتییان یەک دەگرێتەوە و پێچەوانەی هەندێک ڕۆمانی کوردی، قسەی سەیر و سەمەرەی فەلسەفیی ناخرێتە زاری کەسایەتیەکەوە کە لێی ناوەشێتەوە. ئەمانە دوو لە تێما لاوەکییەکانی ڕۆمانەکە بوون بەڵام تێما سەرەکییەکان چین؟
ئەگەر بمهەوێ بەشێوەیەک باسی تێمای سەرەکی ڕۆمانەکە بکەم کە ناوەرۆکی ڕۆمانەکە ئاشکرا نەبێت، دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە پرسە گەورەکە لەم ڕۆمانەدا تەنیاییە، تەنیایی مرۆڤ. نووسەر بە هێنانە بەرباسی تێمای وەکوو پەنابەریی، شکستی ژیانی هاوبەش و ویستی تۆڵە و کێشە دەروونییەکان کە تێمای سەرەکیین و تێمای وەکوو سیاسەت و ئەدەبیات و بوروکراسی و هاوڕێیەتیی و حەزلێکەریی و… کە تێمای لاوەکین، دۆخێک دەخولقێنێ کە لەودا هەیبەتی دێوەزمەی تەنیایی بە هەموو شاخ و کلکەکانییەوە وێنا بکات. تەنیایی وەکوو موتیڤێکی هەمیشەیی لە هەموو سووچ و قوژبنێکی ڕۆمانەکەدا دەبینرێ. تەنانەت ئەو کاتانەی باسیشی لێوە ناکرێ هەر خۆی پیشان دەدات و هەڵبەت ئەوەندە گەورەیە کە ئەگەر نەشیهەوێ خۆی پیشان بدات، لەبەر گەورەیی ناتوانێ خۆی بشارێتەوە و هەردەم لەبەر چاوە. نووسەر ویستوویەتی هەیبەتی ئەم دێوەزمە لە هەموو لایەکەوە بخاتە بەر دید.
گێڕەرەوە کە لە نووسەری ڕۆمانەکە جیاوازە بەڵام هەندێکجار لە نێوان ئەو و نووسەر و ئاراسدا ئەمئەویی ساز دەبێت، هاتووە هەتا جیهانی دەوروبەر شرۆڤە بکات. ئەم شرۆڤەیە بۆ ئاراس و لە قازانجی ئەویدا دەکات کە هەستاوە بە کەشفی جیهان و دووبارە پێناسەکردنەوەی. گێڕەرەوە بۆ ئەم مەبەستە خودی ئاراسیش شرۆڤە دەکات و لەم شرۆڤەکردنانەدایە کە جارجار ئاوێتەی دەبێت و جارجار لێی جیا دەبێتەوە و لە دوالاپەڕەکاندا وەکوو ماسیگرێک کە تۆڕەکەی لە ئاو هەڵبکێشێ، گێڕانەوەکە کۆ دەکاتەوە و بە کۆتایی دەگەیەنێ. کۆتاییەک کە تازە دوای تەواوبوونی ڕۆمانەکە، لە مێشکی خوێنەردا دەبێت بە دەستپێک.
کورد وەکوو بوونێکی مرۆڤانە لەم ڕۆمانەدا لە جەستەی چەندین کاراکتەری لاوەکیی و سەرەکییدا دەردەکەوێ و بەمشێوەیە مەنزوومەیەک پێکدێت کە وێڕای جیاوازییەکانیان بەڵام لە کۆتاییدا یەک جەستەن بە هەموو لێکدژییەکانییەوە و بە هەموو نەخۆشییەکانییەوە. ئەوەی لەم بابەتەدا بۆم سەرنجڕاکێش بوو ئەوە بوو کە مرۆڤی کوردی نێو گێڕانەوەی ئەنوەر عەباسی، وەکوو ئەو کوردە کڵۆڵەی نێو ڕۆمانە ناسراوە کوردییەکانی دیکە نییە. کوردی ڕۆمانەکانی عەباسی مرۆڤێکی ئاساییە و لە جیهانی دەوروبەری دانەبڕاوە و دیترانیش وەکوو مرۆڤێکی ئاسایی سەیری دەکەن. کوردی نێو ئەم ڕۆمانە هەمان ئەو کێشانەی هەیە کە مرۆڤێکی ئاسایی دەتوانێ هەیبێ و هەمان ئەو تواناییە ئەقڵی و جەستەییانەی هەیە کە مرۆڤی تر هەیەتی. مرۆڤێک کە هەمیشە و سەرەڕای هەموو شتێک، پرسی کوردستانی لە سووچێکی مێشکیدا هەڵگرتووە و ئاگایانە لەبارەیەوە دەدوێ و وەکوو هەموو گەلانی دیکە هێڵی سووری خۆی هەیە و بەپێویستی دەزانێ هەرکات هێرشی کرایە سەر، بەرنگاریی بکات. کوردێکە کە ڕقی لەوەیە کەس زگی پێی بسووتێت و وەکوو قوربانی بیبینێت. چونکە دەزانێت لە چ سەردەمێکدا دەژی و نەخەرەفاوە و شوانێک نییە بە قسەی منداڵی شار فریو درابێت. بگرە خۆی منداڵی شارە و زمانی بۆ گوتوبێژ و دەستی بۆ کردنەوە و سەری بۆ بیرکردنەوە ئامادەیە. کەسایەتییە کوردەکانی ڕۆمانی هەزارتوێی هەنگەخۆرە پێیان لەسەر عەرزە و مرۆڤی ئاسایی کوردن و شاکەسی ڕۆمانەکە لە هەموو کەس ئاساییترە و ڕۆژانە دەتوانین لە کۆمەڵگای کوردستاندا و لەسەر شەقام و لە بازاڕ و لەنێو زانکۆکان بیبینین. هەروەها کەسایەتییە ناکوردەکانیش مرۆڤی ئاسایین و شتێکیان کەمتر یان زۆرتر لە کەسایەتییەکانی دیکە نییە.
بۆیە هێندە پێداگریی لەسەر گرنگبوونی ئەم ئاساییبوونە دەکەم، چونکە زۆرن ئەو نووسەرانەی هەوڵ دەدەن کێشەی نەتوانکاریی و نەزانکاریی ئەدەبیی خۆیان، بە خێچ و خوار کردنی کەسایەتییەکان قەرەبوو بکەنەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە قەت لە ڕۆمانی هەزارتوێی هەنگەخۆرەدا نایبینین.
جیهانبینی کاراکتەرەکان ئەوەندەی کە ڕۆمانەکە ڕێگەی داوە لێیان تێبگەین، هەندێکجار زۆر لێک دوور و هەندێکجار لێک نزیکن، بەڵام فرەدەنگییەک کە لە ڕۆمانەکەدا هەیە وای کردووە دەنگی هەموویان ببیسترێ، ئەگەرچی هەست بەوەش دەکرێ کە کاتێک دەگاتە سەر پرسە هەستیارەکان، هەندێکجار نووسەر لە ڕێگەی بگێڕەوە، یان لە ڕێگەی کاراکتەری بەرانبەرەوە، یەکێک لە دەنگەکان بەرجەستەتر دەکاتەوە. ئەمە ڕەنگە کەمایەسییەک بێتە ئەژمار یان ئەکرێ وەکوو لایەنێکی بەهێزی دیکەی ڕۆمانەکە سەیر بکرێ. ئەم بابەتە زۆری پەیوەندیی بە جیهانبینیی ئەدەبیی، ئەخلاقیی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی خوێنەر و لێکۆڵەوە هەیە. ڕەنگە ئەگەر ڕەخنەیەک بێتە سەر ئەم ڕۆمانە لە سۆنگەی دەنگی ژنانەی ڕۆمانەکەوە بێت کە دەنگێکی کزترە بە نیسبەت دەنگی پیاوانەوە. هەڵبەت ئەمە تەنیا ڕووکاری بابەتەکەیە چون من بەپێچەوانەوە پێموایە ژن ئامادەییەکی زۆر ڕەنگداری لەم ڕۆمانەدا هەیە. گێڕانەوەکان بە زۆری پیاوانەن و ژنان زۆر کەمتر ڕاستەوخۆ دەبنە گێڕەرەوە، بەڵام ئەگەر وا نەبوایە سەیر دەبوو، چون گێڕەرەوەی سەرەکیی و شاکەس پیاون و باسەکە بەگشتی چیرۆکەکە لەسەر بەسەرهاتی ئەوان هەڵچنراوە. سەرەڕای ئەمە وەکوو وترا ژن وەکوو بەشێک لە جەستەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی نێو ڕۆمانەکە ئامادەییەکی وجوودیی پڕڕەنگی هەیە. لە لایەکەوە کاراکتەریی ژنانەی شامارانمان هەیە کە قورساییەکی زۆریی لە نێو گێڕانەوەکەدا هەیە و لە لایەکی دیکەوە کەسایەتیی مادێلای ئەفریقایی و لە لایەکی دیکەوە کەسایەتیی وەکوو لیدا و زارا و هەتا دوایی کە گیانیان بەبەر چیرۆکەکەدا کردووە.
دیارییکردنی ژانر بۆ هەندێک ڕۆمان ئاسان نییە و ئەم ڕۆمانەیش لەوانەیە. ڕەنگە بە تۆزێک ئەملاوئەولاوە بتوانین لەنێو ژانری ڕۆمانی فەلسەفی، تاوانکاریی یان دەروونناسانەدا جێگەی بکەینەوە بەڵام پێموایە ڕۆمانەکە لەوە گەورەترە بە ژانرێکیەوە بیبەستینەوە. نووسەر بێگومان خوێندنەوەی زۆر باشی لەسەر فەلسەفە و کۆمەڵناسیی و دەروونناسیی هەیە و ئەم خوێندەوارییەی خستووەتە خزمەت گێڕانەوەکەیەوە بەڵام تەنیا ئەوەندە نییە. ئەم ڕۆمانە بەرهەمی قووڵبوونەوەی مرۆڤێکە لە ژیان و لە مرۆڤ. دەڵێی تاک بە تاکی ئەو کاراکتەرانەی لە ڕۆمانەکەدا هەن، بوونێکی حەقیقیان هەیە و لە دەرەوەی ڕۆمانەکە دەژین. من ئێستا و تا ئەبەد ئیتر پیاوێک ئەناسم کە ناوی شاکۆیە و ئەو جل و بەرگانە لەبەر دەکات و بەو شێوەیە قسە دەکات. من ئێستا و تا ئەبەد مێهدییەکی فارس دەناسم کە ئەو باوەڕە سەیر و سەمەرانەی هەیە و بەدەم حەشیش کێشانەوە گیتار دەژەنێ. من ئێستا و تا ئەبەد لیدا و شیرین و مادێلا و ڕووناک و تەنانەت زارا… زارای کەمدوو، دەناسم. من ئێستا شەوبۆ دەناسم و ئیتر تا ئەبەد خۆم لە هەرچی شەوبۆیە لادەدەم. سادق دەناسم… ! و سەیر لە هەموو ئەمانەدا ئەوەیە کە ئەمانە هەموویان مرۆڤی زۆر ئاسایین و لەم کاتەدایە کە مرۆڤ بڕوا بە توانای ئەدەبیات دەهێنێ؛ کاتێک بە کۆمەڵێک کەسایەتیی سادە و ئاسایی، دەقێکی ئاوا بەرز دەخولقێ!
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە لە خۆیدا کارێکی ئاسان نییە چ بگا بەوەی مرۆڤ بیهەوێ لەسەری بنووسێ، بەڵام ئەرکم تۆزێک سووکتر بوو چونکە مەبەستم بوو وتارێکی سادە و بەبێ بەکارهێنانی زۆری وشەی تایبەتمەندی ئەدەبیی لەسەر بنووسم هەتا بۆ خوێنەری کەمزانیارییش کەڵکی هەبێ و لە ڕاستیدا ئەم وتارە زیاتر لەوەی کە شرۆڤەکارانە بێت، ناسێنەرانەیە. گومانم لەوەدا نییە هەزارتوێی هەنگەخۆرە ڕۆمانێکە بۆ سەرەتایەکی نوێ و ڕۆمانێکە بۆ هەمیشەی ئەدەبیات. لەو ڕۆمانانەیە کە دەبێ جێگە و پێگەی خۆی بدرێتێ و مەخابن بۆ گەلێک کە لە کاتی خۆیدا گەوهەرەکانی خۆی نەدۆزێتەوە. بەشێکی زۆری سەرکەوتنی بەرهەمێکی ئەدەبیی بەتایبەت لەم سەردەمەدا، ئەوەیە کە بە باشی بناسێنرێت و لە کاتی خۆیدا بایەخی بدرێتێ. هیچ گومانێکم لەوەدا نییە ئەم ڕۆمانە ئەگەر پشتیوانی بکرێت و کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردستان لێی بە خاوەن دەرکەون، زۆر بە ئاسانی سنوورەکانی کوردستان دەبڕێت و دەچێتە ڕیزی ڕۆمانە هەرمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشەوە.
هیوادارم ئەم وتارە بچووکە هەوڵێکی سەرکەوتووانە بێت بۆ دەرخستنی ئەم گەوهەرە نایابەی ئەدەبیاتی کوردستان بۆ خوێنەری کورد.