زەماوەندی مەم و زین
سەلاح نیساری
زۆری نەماوە ڕۆژ بێتەوە، بوولێڵە لە تەواو بووندایە. وردە وردە خەریکە کچی خۆر، لە پەردەی بەیان بێتە دەرێ و چاو هەڵێنێ؛ هەر ئەوەندەی دەرکەوت، دنیا ڕووناک دەبێتەوە. نازانم چەندەی شەو مابوو، «خانی» چووبوە سەر گردەکەی بەرامبەری جزیرێ، ڕوو بە خۆر هەڵات دەستی دابووە ژێر چەناگەیی و سەیری برج و قەڵا و پەنجەرە داخراوەکان و کۆڵانی تەنگەبەری ماڵانی دەکرد. هەر جارێک کە لە نزیکەوە بەو حاڵەوە چاوم پێی دەکەوت ئەمزانی لە دنیای خۆیدایە و پێم حەیف بوو، شانەی خەیاڵی تێک بدەم و بچم لە بەر دەمی قوت ببمەوە. بەشێکی زۆر لە خەڵکی جزیرێ وەک من نەیان دەناسی؛ ئاخر ئەو پیرە نوورانیە ئەویندارە، بەو تەمەنەوە دڵی داوە بە نازدارێک. نازدارەکەی ئەو زۆر خۆشەویستە! من ئاگام لێیە پیری مە، لە بەر خۆیەوە گۆرانی بۆ دەڵێ، شێعری بۆ دەهۆنێتەوە. باوکیشم هەر وای دەگوت و ئەویش لە باوکی خۆی بیستبووە! وردە وردە وایلێهات، ئاگری ئەو ئەشقە دڵ و دەروونی داگرت و لە بۆتەی دڵداریدا قاڵی کرد:
ماوەیەکی کەم بوو لە خزمەت پیری مەدا بووم، ئەو ناوی پیری مە، نەبوو. باوکم لە خۆشەویستیان ئەو ناوەی لێ ناوە! نەک هەر خەڵکی جزیر، ئەوانەی دەیناسن، ئەرێ ئەوانەی دەیناسن؛ لە دوور و نزیک، ئەو پیرە پیرۆزەیان بە «خانی» دەناسی. هەر وەک گوتم زۆر لە مێژ نەبوو لەگەڵی ئاشنا بووم. مەبەستم لە خۆمە، دەنا باوکم ئەوەندەی شەوانە پێکەوە دادەنیشتین بە تایبەت هەر وەختێ دڵ تەنگ دەبوو؛ جا بە هەر هۆیەکەوە بوایە؛ چونکە خەفەت خواردن بە دەست خۆت نییە، ئەوە چارە نووسی بەشەرە، تۆ سەر قاڵی ژیانی خۆتی، کوتوو پڕ، کزەی زریان دێت و هەواڵی چڵکە هەورێکت بۆ دەهێنێ! ئیتر لەوکاتەوە پەژارە دڵت ڕێک دەکوشێ و خەفەت بە مەزرای مێشکت وەردەبێ. منیش خۆشەویستی ئەو پیرەم کەوتە دڵەوە، ئەوەی من لەوم دەبیست لەگەڵ ئەوەی لە مامۆستاکانی پێشووم پێیان دەگوتم زۆر جیاواز بوو! ئەوان باسی چیان دەکرد و پیری مە، لە چی ئەدوا. باسی ئەشقی دەکرد، بەڵام منی کاڵ و نەکوڵیو چۆن بزانم ئەو دڵبەرەی دڵی ئەو پیرەی ڕفاندووە کێیە، چ ڕەش ئەسمەرێکە؟ هەمیشە لە دڵی خۆمدا بیرم دەکردەوە؛ تۆ بڵێی ئەو نازدارەی دڵی لە پیری مە، سەندووە زۆر زۆر لەو کچانە جوانتر بێ وا دڵی کوڕ و کاڵان دەڕفێنن؟ ئاخۆ بڵێی ئەوە چ شۆخێک بێ بەو هەموو لاو چاک و جوانچاک و کادەروێشییە ڕازی نەبووە و دڵی خۆی کردۆتە هێلانەی ئەشقی پیرێک؟ تەنانەت جاری واش بوو، ئێرەییم پێ دەبرد. جارجارێک بیستبووم ئیتر نازانم لە کێ، ڕەنگە لە دایکم بیستبێ؛ ئەو دەیگوت: زۆر لەو کیژانەی پرچیان سپی کردووە، وەختی خۆی لەلای خوارێ دانەدەنیشتن و لە لای سەرێش جێیان نەدەکردن، ئاخریش کە دڵنیا بوون، ئیدی ئەو کوڕانەی لە تافی لاویدان خۆ تازە نایان خوازن، دڵیان لە پیرە مێردێک دەسەند و باوەشیان بە ژینیدا دەکرد و هەتا مردن بە هاوژینی لەگەڵی دەمانەوە. کەچی پیری مە، بە پێچەوانەی مامۆستاکانی پێشووم لە نێو وانەکاندا هەمیشە باسی ئەوین و دڵدۆڕاوی بۆ دەکردم؛ نەک هەر بۆ من بۆ هەموومان، ئەو قەت ڕاز و قسەی دڵی نەدەشاردەوە. کەم کەم بووم بە جێی متمانەی و ئەوەی ئەو دەیفەرموو دەبوو من بینووسمەوە، دەیگوت: ئەوەی بە دڵ و گیان خۆشت دەوێ، دەبێ لە کەژاوەی تایبەتدا جێی بۆ چاک بکەی. بورج و بارووی جوانی بۆ وەڕازێنی، لە چڵکە هەور و ڕەشەبا، بیپارێزی، تەنانەت وەک باخەوانی چاک، بە خوێنی دڵ و بە فرمێسکی چاو ئاوی بدەی. زۆر شتی سەیری باس دەکرد و ئەوانەش بۆمن زۆر بە نرخ بوون.
پیری مە، هەر وەختێ خەمێک دڵی دادەگرێ، یان بیرێک دێتە نێو دڵ و مێشکییەوە، خۆی دەگەیەنێتە سەر گردەکەی بەرامبەری ماڵان. ئەو گردە جێژوانی ئەوە؛ ئەو لەوێ دەستەملانی گراوی خۆی دەبێ! من دەمزانی هەر ئەوەندەی لە سەر گردەکە دادەنیشێت و چاوی بە سەر جزیرێدا دەگێڕێ، بەخەیاڵ بووکی ئاواتی لەو ژوانگەیە لە ئامێز دەکرێت. دەر و دەشت بە سەوزەڵانی دەڕازێتەوە و شەوی شارەکەش دەبێتە ڕۆژی ڕوون. جارێک لە کاتی وانەگوتنەوەدا فەرمووی: کەسێک نایات دەستی بووکی ئاوات بگرێ و بۆت بێنێتە ماڵێ، دەبێ خۆت حەولی لە دوو بدەی، خۆت بچی بیهێنی. ئەو ڕۆژەی توانیت ئەو کارە بکەی، تاریکی نامنێ و تەم لە سەران دەڕەوێتەوە و ڕووناکی باڵ وەسەر شارەکەمان دەکێشێت.
هەتا ئێستا کەسم نەدیوە ئاوا بیر بکاتەوە. پیری مە، جوانیەکانی ژیان لە نێو چاوانی دڵدارەکەیدا دەبینێ. تەنانەت ئەو ڕۆژەی لە بیرە، لە پەنجەرەی حوجرەکەوە بۆ دوور دەیڕوانی، من ئەوسا نەمدەزانی لەو دوورەوە چ شتێک سەرنجی ڕاکێشاوە، بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەو لە شتێک ڕامابوو. ئەوە من بووم نەمدەزانی ئەو شتە چییە. بێ ئەوەی لابکاتەوە فەرمووی: زۆرمان خزمەت کرد و بوو بە هیچ! من هەر نەمزانی باسی چیدەکا؛ خزمەتی چی؟ خزمەت بە کێ؟ یان چۆن خزمەتێک؟ فەرموی: ڕووبار، بە خۆڕایی ئەو گشتە گەوە و هەڵەمووت و کەند و گابەردە لە سەر ڕێی خۆی وەلانانێ؛ مەبەستی هەیە و دەریای لە پێشە! تۆ قەت دیتووتە کەو بە زمانی قاڵاو بخوێنێ؟ بۆقت دیوە بە زمانی پەپووسڵێمانکە بدوێ؟ کاڵ بووم کاڵ، چم لە هیچ نەدەزانی؛ ئاخە منی کەم ئەزموون و خاو و خلیچک زۆرم مابوو لە مانای ئەو قسانە تێ بگەم. پیری مە، بە تەنیا وانەی پێ نەگوتم، ئەو فێری وانەی ژیانی کردم. ئەو کە لە دنیای ئەوینداریدا توابۆوە ئەشقی پێ ناساندم، تینیدام منیش ئەویندار بم، فێری کردم دڵداری خۆم بدۆزمەوە، ئەوەی ئەو پێی دەگوتم، پیت بە پیت، وشە بە وشە و ڕستە بە ڕستە، نووسیمەوە، پێتوانەبێ دەفتەری حەفتا مەنیم بۆ دانابێ نا، ئەوەی ئەو فەرمووی سەر لە بەریم لە سەر لاپەڕەی دڵم نووسیەوە؛ ئەوجار تێگەیشتم کە بەڕاستی ڕەنجەکانی باوکم بە فیڕۆ چوون، ئاخەر مەگەر هەر من بزانم باوکی من چەندەی شەو و شەونخوونی کێشاوە! بەڵام چی بوو ئەوەی ئەو بە شێعر و پەخشان نووسی دایکی لێی حاڵی نەدەبوو! ئەوە ئەو زمانە نەبوو کە دایکی ئەوی پێ گۆچ کردبوو. پیری مە، هەر وەختێ باسی نووسراوەکانی باب و باپیرم دەهاتە گۆڕێ پێکەنینی بە ئەقڵی ئەوان دەهات؛ دەیگوت: شانازی چی بە هەگبەی باب و باپیرت دەکەی؟ ئەوان وەکوو دارکەرەکەیان بەسەر هات: کۆڵیان برد و گوریسیان هێنایەوە! قەڵایەکیان هەڵچنی و نەخش و نیشانی ئەوانگەلیان لە توێڵدا، دەیگوت: وەختێ ژنێک، نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ زگێک هەڵبگرێ و دوای ئەوەی لێ بۆوە بە زمانی ئەوانگەل بێچووی خۆی دواند، وەک ئەو باخەوانە وایە دوای ئەو هەموو زەحمەتە بەری باخەکەی بۆ کەسێکی دیکە بتەکێنێ و خۆیشی چەشکەی نەکا. زۆربەی شەوان، کاتێک ئیزنی ئەوەم هەبوو لە سیلەی خەڵوەتی ئەوان، چێژ لە شێعرەکانی وەربگرم، دەیفەرموو: دڵنیا بە، ئەگەر بۆخۆمان بین ڕۆژێک ئەو توانایەمان هەیە هەر لە بەیانییەوە جام و ئاوێنە، ڕوو بە خۆرەتاو ڕابگرین و شەوانە حوجرەکەی پێ چراخان بکەین! ئیتر ئەوەندە دووکەڵ و قورمی پیوسۆز و چرا گەرچەک هەڵنەمژین. جوان لە بیرمە، هەر ئەو شەوە بوو نوێترین شێعری بۆ خوێندمەوە؛ شایی گێڕا بوو، دیمەنی ئاڵا و واڵای تێکەڵ بوون، مرادخانی لە بەر، لفکەی سۆرانی شۆڕ، ستارخانی، پێچ و مێزەر بە سەر، شەدە و گێل گێلەدار، پاتۆڵی فش و فۆڵ، کەوای شۆڕ، سوخمە لە بەر و تاسکڵاو لە سەر، ڕانک و چۆخە لە بەر و کڵاش لە پێ، مشکی و جامانە، ڕەشبەڵەک دەست لە نێو دەستان، پەنجە و قامک لێک هەڵپێکراو، دەنگ و ئاوازی بە جۆش و خرۆش. بەڵێ؛ وانەی پیری مە، ڕازاوە بە بەرگی ڕەنگا و ڕەنگ، زاراوەی شیرین و گوڵوشەی ناسک، بەدەم گوڵبزەوە. «مەم» جڵەوی بۆرە لە دەستا و «زین»، بە سەرپشتی ماینی کەحلانەوە؛ مەم لە زین دەڕوانێ و زین ڕۆندکی هەڵدەوەرێنێ. شێعرەکە لێرەوە تەواو بوو! ڕەنگە تەواویش نەبووبێ، وردە ئەسرین شۆڕابەیان بەست و داوەرینە سەر ڕیشە سپیەکەی پیری مە! خاتووزین بوو دەگریا؟ ئەوەتانێ، خۆ بە سەر ماینەکەوە لە بەر دەمی مەمی ئالانێدایە؟ هەر بەو شەوە تاریکە لە پەنجەرەکەوە بازی چاوی ڕەوانەی دەشتەکە کرد و فەرمووی: بەکرە شۆفار لە سەر ڕێیە، بەکرە شۆفار بوو بە دڕووی نێوان مەم و زینان!
پیری مە، دەیفەرموو: ئەوەندەی دەچمە سەر گردەکە، ئیتر خەیاڵ هەڵم دەگرێ، خۆی دەگەیاندە کانی قەستەڵە، ژوانگەی مەم و زین، چەند شێعری تەڕی دڵداری دەخوێندەوە، بۆنی مێخەک بەند بەدەم خوڕەی ئاوی کانی قەستەڵەوە تێکەڵ بە شنەی بنار و سروەی دەشتی بەرقەدی چیای جزیر و بۆتان بووە. ملی ڕووبار و پێچ و گەوەی گرت و لە بەستێنی دەجلەوە گەیشتە زەریای پڕ لە ڕەمز و ڕاز. هەموو جارێ لە لای من ئەیدرکاند و دەیگوت: وەک چۆن ئاوی کانی و ڕووباران سەری خۆیان هەڵدەگرن و ڕوو دەکەنە دەجلە و گۆلی وان و ورمێ و ئەوانی دیکە؛ سەر لە بەری بەرهەم و داهاتی وڵاتی مە، دەچێتە بەردەستی مفتەخۆران، ئەوان حەپەلووشی دەکەن و ئێمەش دەم لە پووش دەبین. هەرچی هەیە هی خۆمانە و ئێمە بە کاڵی دەیکەینە دەستی ئەوان و ئەوانیش بە نیوە کوڵاوی پێمان دەفرۆشنەوە، یەک بەدەمان لێ دەستێنن و ڕۆنی خۆمان لە سەری خۆمان هەڵدەسوون.
ئەو ڕۆژەی سروە بزووت، تازە بووکی بەیان تارای شەوی لە سەر خۆی لادا بوو، ئیتر ئەوە بوو هەتاوی پرشنگدار لەگەڵ شنەی بەیان ئاوێتەی یەکدی بوون و بە چیا و بنار و پێدەشتاندا هاتن، باخ و گوڵجاڕی قامیشلوو دیاربەکر و بادینانی بە سەر کردەوە؛ لە قەڵای ماردینان سووکەڵە لەنگەرێکیان گرت و ئەوسا لە پیرە هەولێر سەر خەویان شکاند، مزگێنی بەهاریان دا بە گوێی سلێمانی دا و گەیشتنە زەڵم و تانجەرۆ؛ شەکەت و ماندوو بە ئاوی سیروان خۆیان فێنک کردەوە. نازانم چەند شەویان پێ چوو، گەیشتنە سابڵاخ و حەیران و لاوکیان بە گوێی موکریاندا چپاند. وای لێهات چیرۆکی مەم و زینان لە هەر ماڵ و دیوەخانێک بوو بە نوقڵ و شەوچەرەی شەوانی پاییز و زستان. ئیتر لەو ڕۆژەوە لە پیر و کاڵان کەس نەماوە ئاشق نەبێ، کەس نەبوو نەیات و بە یاری خۆیدا هەڵنەڵێ، پیری مە، پەنجەرە و دەلاقەی تەلبەند و داخراوی بە ڕووی ئاشقاندا کردەوە، لە ژن و لە پیاو، لە کیژ و لاو، ورد و درشت هەمووی ئەو خەڵکە ئەوەی خاوەنی دڵ و مێشک بوو، حەزی لە چیرۆکی مەم و زین بوو، یان دەبێ بڵێم: کەس نەما چرای ئەونداری لە دڵدا هەڵنەکرابێ.