دیمانە لەگەڵ شاعیر و رەخنەگری هاوچەرخ فەریاد شیری
سازدانی: شەریف فەلاح
.
شەریف فەلاح: کرماشان و ئیلام، دوو دیاری دێرین، نیشتمانێکی تەژی لە عەشق گەلێک ئوستوورە، حیکایەت، پەندی پێشینیان و بەگشتی ئەدەبی زارەکی (ادبیات شفاهی) لە دووتوێی زاراوە و بەن زاراوەکانی: سۆرانی، هەورامی، لەکی، کەلهوڕی، فەیلی و لوڕیدا وەک گەنجینەیەکی رەسەنی ئەدەبی کوردی لە ئارا دان، ئەمانە هەڵگری چ توخم و تایبەتمەندییەکن، بۆ پاراستنیان چ هەوڵێک دراوە؟
فەریاد شیری: هەروەک ئاماژەتان پێکرد ناوچەکانی ئیلام و کرماشان، زێد و مەڵبەندێکی کەونارایین، کە تژین لە راز و رەمزگەلێک کەلە دووتوێی حیکایەت، ئەفسانە و پەند و مەتەڵەکان و هەروەها گۆرانی و بەستە فۆلکلۆرییەکاندا سینگ بە سینگ لە پێشینییانەوە بۆ ئێمە ماونەتەوە و هەرمانن.
ئەدەبیاتی فۆلکلۆری ئێمە زۆر دەوڵەمەندە و لێوانلێوە لە رەمز و هێما و رازەکان.
ئوستوورە و هێما و ئولگووە کۆنەکان (ئارکی تایپ) و قارەمانە میللییەکانی ئێمەی کوردان لە هەناوی هەمان ئەدەبیاتی زارەکییەوە سەریان هەڵداوە. تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری ئێمە، حزوور و ئامادەیی سروشت و رۆڵ و کاردانەوەی بەرجەستەی توخمە سروشتییەکان و هەروەها لایەنی ئایینی بوونیانە.
باوەڕ، روانگە و دابونەریتی ئێمەی کورد لە هەناوی ئەم ئەدەبە فۆلکلۆرییەدا حەشار دراون. سروشتییە کە ئەگەر بێت و نەتەوەیەک بیەەوێ نەریت و دابی پێشینیان، فەرهەنگی میللی و شانازییەکانی خۆی بپارێزێ، دەبێ لەپێناو پارێزگاری، پاراستن و دووبارە خوێندنەوەی ئەدەبی زارەکی و فۆلکلۆریی خۆیدا تێبکۆشێ. ئەم کارە وەک باوە لە وڵاتانی پێشکەوتوو لەلایەن گرووپێک بە بوونی پێداویستییەک کە بەشی فەرهەنگیی دەوڵەت دەینێتە ئیختیاریان، بەڕێوە دەچێت. بەڵام بەداخەوە دەوڵەتانی ئێمە گرنگییەکی ئەوتۆ بەم مەسەلەیە نادەن، دەنا ئەدەبیاتی فۆلکلۆر دەتوانێ یارمەتییەکی زۆر مەزن و بەربڵاو بێت بۆ ئەدەبیاتی فارسی. بەهەرحاڵ ئەو کارانەی کە لەم بارەوە ئەنجام دراون، لەلایەن خودی چالاکانی ئەدەبی کوردییەوە بووە و جێگای رێز و پێزانینە. عەلی ئەشرەف دەرویشیان کتێبی دوو بەرگیی “ئەفسانە و مەتەڵە کوردییەکان”ی بە چاپ گەیاندووە، هەروەها ئیرەج بەهرامی “ئوستوورەکانی ئەهل هەق” و دۆستانی دیکەش لەمەڕ “گۆرانی و لالایی” کار و لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوە. بۆ وێنە خۆم و ئاغای “سەعیدیان” سیاچەمانەکانمان کۆ کردۆتەوە و بۆ سەر زمانی فارسی وەرمان گێڕاوە. هەڵبەتە “عەباس جەلیلیان” کاری گرنگ و مەزنی ئەنجام داوە، بەڵام بەڕای من ئەمانە بەس نین. ئێمە پێویستیمان بە دووبارە خوێندنەوە و کردنەوەی رەمز و راز و گرێیەکانی ئەدەبیاتی فۆلکلۆر هەیە. تەنیا کتێب بەس نیە، بەڵکوو سینەماکار و فیلمسازانی کوردیش دەبێ ئەم سەرچاوانە بکەنە هەوێن بۆ کارەکانیان.
شەریف فەلاح: ئیلام و کرماشان لەباری مەزهەبییەوە ناوچەیەکی فرەچەشنن و گەلێک ئایین و ئایینزا و رێچکەی کۆنی دینی لەو ناوچانە لە ئارا دان و هەرکامەیان خاوەن تایبەتمەندیی زمانیی خۆیانن، ئەدەب و زمان لەلای ئەوان خاوەن چ پێگەیەکە و ئێستا لە چ دۆخێک دایە؟ چۆن دەڕوانیتە ئەدەبی یارسان؟
فەریاد شیری: هەروەک دەزانی لەناو زۆربەی گەلان، لە سەرەتاوە ئەدەبیات لە شێوازی ئایینی دایە.
پێشینەی ئەدەبی کوردیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەدەبی ئایینی یاری و کەلامەکانی سەرەنجام. گەورە و پێشەواکانی یارسان هەموو دەستوور و رێوشوێنە ئایینیەکانیان بە شێوەی شیعری بڕگەیی و ریتمدار خستۆتە روو، چونکە شیعر لەلای ئێمە کورد خاوەن پێگەیەکی تایبەت بووە. بە خۆشییەوە هەموو ئەم هۆنراوە و سروودانە پارێزراون، چونکە بۆ خەڵکی پێڕەوی ئایینی یارسان پیرۆز بوون. من بۆ خۆم لە بنەماڵەیەکی یارسانیدا گەورە بووم، باوکم بەرلە گشت منی لەگەڵ سروودەکانی “سەرەنجام و کەلام”دا ئاشنا کرد و هەر لە منداڵییەوە هاوکات لەگەڵ ریتم و ئاهەنگی شیعرە بڕگەیی و کێشدارەکاندا زەینیەتی شاعیرانەم بیچمی گرت. بەڵام لەبارەی پێگەی ئەدەبیی کەلامەکانی سەرەنجامەوە کارێکی تایبەتی و ئەوتۆ بە ئەنجام نەگەیشتووە، چونکە بەداخەوە لە ئێران ئایینی یارسان کەوتۆتە بەر سانسۆر و پشت گوێ خراوە و گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێ. هەڵبەتە چەند کەسێک کە بەداخەوە ئێستا لە ژیاندا نەماون، لەمەڕ کۆکردنەوە و شیکردنەوە و وەرگێڕانی کەلامەکانی سەرەنجام کاریان کردووە، بۆ وێنە نەمر “سەید ئەمروڵڵا شا ئیبراهیمی” کە ئەدەبی یارسانی دەورەی “بەرزەنجە، دەورەی پردیوەر و دەورەی تەیموور”ی بە کامڵی کۆ کردۆتەوە و وەریشی گێڕاوە و هەروەها نەمر”روحتاقی” کە گەورەترین شرۆڤەکاری کەلامەکانی سەرەنجام بوو و نەمر”سەید خەلیل عالی نەژاد”. هەڵبەتە ئێستا چەندین کتێب لەبارەی ناساندنی ئایین و گەورەکانی یارسان چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
بەڵام لە رەهەند و لایەنی زمانناسی و ئەدەبییەوە لەسەر کەلامەکانی سەرەنجام کارێک ئەنجام نەدراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێز و حورمەت و دەمارگرژییەی کە خەڵکی یارسان لە هەمبەر کەلام و دەقەکانی سەرەنجامدا هەیانە. من لە یەکێک لە کۆمەڵە شیعرەکانمدا بەناوی “واژۆی تازەی دەوێ ئەم ناوە” هەوڵم داوە پێوەندییەکی “نێوان دەقێتی” لەگەڵ ئوستوورەکانی ئایینی یارسان بێنمە گۆڕێ، کە هەرچەند لەلایەن هەندێ لە خەڵکی یارسانەوە پێشوازیی لێ نەکرا. هەڵبەتە من لە پێشەکیی پڕۆژەی “مێژووی شرۆڤە و شیکاریی شیعری نوێی کورد”دا کە چەند ساڵێکە سەرقاڵی نووسینیم، هەوڵم داوە لە روانگەیەکی تەواو ئەدەبیەوە بپەڕژێمە سەر کەلامەکانی سەرەنجام.
شەریف فەلاح: شاعیران و داهێنەرانی باشووری کوردستانی رۆژهەڵات، خاوەنی گەلێک شاکار و بەرهەمی فەرهەنگی و زمانین و لە قۆناغێکدا کە ئەدەبی کلاسیک و بەتایبەت گوتاری رێبازی ریالیزم زاڵ بووە، بەستێتە کۆمەڵایەتی و فەرهنگییەکانی ئەو قۆناغە چی بوون، چۆن ئەڕوانیتە تایبەتمەندییەکانی ئەو جۆرە ئەدەبە؟
فەریاد شیری: ئەم جۆرە ئەدەبە ریالیزمیە لەناو هەموو گەل و نەتەوەکان خاوەن پێگەیەکی تایبەتە. بەڕای من هەر حەرەکەت و بزاوتێکی نوێخوازانە لە دڵ و هەناوی بەستێن و زەمینەیەکی لەبارەوە هەڵدەقوڵێ کە ریشە و هەوێنەکەی بەستراوەتەوە بە فەرهەنگیی نەتەوەییەوە.
ئەدەبیاتی ریالیستیی ناوچەی کرماشان بەستێنێکی لەبار بوو بۆ ئەدەبیاتی مۆدێڕنی کوردی لە باشوور. لە ئەدەبی ریالیزمدا هەموو شتێک رەسەن، راستەقینە و کەتواریە، ژانەکان، شادییەکان، حیکایەت و ژیان لەگەڵ فەرهەنگی ئەو نەتەوەیەدا گونجاوە، دەبوا لەو دۆخە تێپەڕیباین و پاشان رۆمان لە نوێخوازی کردبا. ئەدەبیاتی کلاسیکی ئێمە شاکارگەلێکی نەمر و هەرمانی هەیە، بەیت و هۆنراوەگەلێکی لیریک و ئەویندارانە کە شانبەشانی بەیت و شاکارەکانی شیعری کلاسیکی فارسی دەدات. بۆ وێنە:” ئەڵماس خان کەنوولەیی، شاکە و خان مەنسوور، مەلا پەرێشان دینەوەری و…” ئاسەواری هەرمانیان خولقاندووە کە بە خۆشیەوە کۆ کراونەتەوە و لەبەر دەست دان. مامۆستا “ئیرەج بەهرامی” شانامەی کوردی لە چەند بەرگدا کۆ کردۆتەوە و بڵاو کراونەتەوە. نەوەی نوێ نابێ بە نیسبەت ئەم بەرهە پڕ بایەخانە کەمتەرخەم بێت. ئێمە دەبێ بە خوێندنەوەی دووبارەی ئەم بەرهەمانە نوێگەرایی ئەزموون بکەین.
شەریف فەلاح: بەرلەوەی کە باشووری کوردستانی رۆژهەڵات، گوتاری شیعری بەسەریدا زاڵ بێت، هێژمۆنیی ئەدەبی فارسی، بەسەر نووسینی ئەو ناوچەدا زاڵ بووە، لەو دۆخەدا لە ئاستی ئەدەبیاتی ئێراندا و بەتایبەت لە بواری رۆمان و چیرۆکدا کەسانێکی وەکوو ( لاهووتی، عەلی محەمەد ئەفغانی، عەلی ئەشرەف دەرویشیان و مەنسوور یاقووتی)، دەردەکەون و وەکوو رێبازێک دەردەکەون، وەک خۆت ئەو شەپۆلە ئەدەبیاتە داستانیە چۆن هەڵدەسەنگێنی، چ کاریگەرییەکیان هەبووە؟
فەریاد شیری: لە پۆلێن بەندیی رەخنەگرانی ئەدەبیاتی داستانیدا، ئەو گرووپە لەناو کۆمەڵەی “ئەدەبیاتی ناوچەیی”دا جێیان گرتووە، جۆرێک لە ئەدەبیاتە کە داب و نەریت و فەرهەنگی ناوچەیەکی تایبەت لەخۆ دەگرێت. هەڵبەتە “لاهووتی” لە بیاڤی شیعردا چالاک بووە و یەکێک لە شاعیرانی جیددی بوو کەلە رەوتی نوێخوازی شیعری فارسیدا پشکی تایبەتی هەیە، بەڵام بەداخەوە شیعری کردە قوربانیی سیاسەت. ئەو دەیتوانی پێش لە “نیما یووشیج” شۆڕشێک لە شیعری فارسیدا وەڕێ بخات، بەڵام گیرۆدەی سیاسەت بوو. بەڵام “عەلی محەمەد ئەفغانی” بە رۆمانی “مێردەکەی ئاسکە خاتوون” باش دەرکەوت و پاش ئەویش “دەرویشیان” و”یاقووتی” بە جۆرێک لە ئەدەبیاتی کرێکاری و جەماوەری لە قۆناغێکدا لە ریزی نووسەرانی پڕ خوێنەری ئێراندا بوون. تایبەتمەندی و جۆری نووسینی ئەو گەورە نووسەرانە، رەنگدانەوەی فەرهەنگ، داب و نەریتی خەڵکی ناوچەی کرماشانە لە بەرهەمەکانیاندا. ئەوان کەسانێکی دەروەست بوون کە ژان و ئازاری خەڵکەکەیان لە نووسراوەکانیاندا بەرجەستە دەکردەوە. بۆ وێنە، “بەختەوەرانی دۆڵی قەرەسوو”ی عەلی محەمەد ئەفغانی باشار (تقابل)ی ئەشرافیەت و هەژاریی بنەماڵەیەکی کوردی کرماشانە لە چوارچێوەی داستانی عەشقێکی سووتێنەر و شەیداییدا. “ئابشووران”ی دەروێشیان تژییە لە تەنزێکی تاڵ کە هەژاری و دەستەنگی وێنا دەکات و هەروەها کارە داسانییەکانی یاقووتی کە ژانی گوندنشینان بەرجەستە دەکاتەوە. بەڵام لەبارەی ئەوانەوە هەمیشە پرسیارێک لە گۆڕێ دایە کە بۆچی بەرهەمەکانیان بە زمانی کوردی نەنووسیوە، هەرچەند کە رۆحیکی کوردی سەرتاپای بەرهەمەکانیانی داگرتووە. بەهەرحاڵ ئەوان لە پرۆسەی ئەدەبیاتی داستانیی فارسیدا کاریگەریی خۆیان هەبووە و پێگەیەکی تابەتیان هەیە، بەڵام لە بواری ئەدەبی کوردییەوە کارێکی ئەوتۆیان ئەنجام نەداوە.
شەریف فەلاح: لە کرماشان و ئیلام (جیا لە قۆناغەکانی ئەدەبی کلاسیک) نوسین بە زمانی کوردی و زاراوەکانی کوردیی باشوور لە پرۆسەی نوێبوونەوەی ئەدەبدا دێر سەری هەڵدا، هۆکارەکانی لە چیدا دەبینی؟ سەرەتای ئەم دەسپێکە بۆ چ قۆناغێک دەگەڕێتەوە بەستەر و زەمینەکانی چین، کاریگەریی ئەدەبی دەوربەر تێدا لە چ ئاستێکدا بووە؟
فەریاد شیری: دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ببینینەوە. ئەوەی کە بۆچی نەوەی پێشوو بە زمانی کوردی بەرهەمێکیان نەخولقاندووە و نەبوونەتە زەمینە و رەخسێنەری ئەدەبیاتی نوێی کرماشان، ئەمە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆ: ١ ـ هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زاڵ بەسەر ناوچە کوردنشیەکانی ئێران. ٢ ـ نەبوونی پێوەندیی کوردانی ناوچە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ کوردانی کرماشان. ٣ ـ ناشارەزایی و زاڵ نەبوونی چالاکانی ئەدەبیی ئەم ناوچانە بەسەر رێزمانی کوردی و ئاشنا نەبوونیان بە زاراوە و بن زاراوەکانی کوردی و … هەموو ئەم مەسەلانە ببوونە هۆی ئەوەی کە نەوەکانی پێشوو مەیل و حەزێکیان بە خولقاندنی بەرهەم بە زمانی کوردی نەبێت، بەتایبەت لە بواری دەقی چیرۆکی و پەخشاندا. هەر ئەمەش گرنگترین هۆکار بوو کە زۆر درەنگ پرۆسە و باسی نوێخوازی لە بیاڤی ئەدەبدا لە کرماشان بیچمی گرت. شیعری کوردی لە کرماشان بە بەرهەمی دوو شاعیری نەوەی پێشوو وەک: “شامی کرماشانی و پەرتەو کرماشانی” گیانێکی نوێی بە بەردا کرا و بە بڵاو بوونەوەی بەرهەمی ئەوان، هەمیسان لەو دەڤەرە شیعر لەلای بەردەنگ و لایەنگران برەوی پەیدا کردەوە. تایبەتمەندیی شیعرەکانی شامی و پەرتەو، زمانێکی سادە و رەوان بوو کە خەڵک زۆر بە ئاسانی لەگەڵی پێوەندییان دادەمەزراند و خوویان پێدەگرت، شامی بە زمانی سادەی تێکەڵاو بە تەنز و تەوسێکی دڕکاوی بە زمانی خەڵکی ئاسایی و کۆڵان شیعری دەهۆنییەوە و ئێستاش شیعری شامی هەر خوێنەر و بەردەنگی هەیە. بەڵام شیعری “ئەرمەنی”ی پەرتەو، خاڵە وەرچەرخانێکە لە شیعری کوردیی کرماشاندا، هەرچەند بە فۆرمی باو و نەریتی هۆنراوەتەوە، بەڵام روانینی ئەمڕۆییانەی شاعیر و سادەیی زمانی و تەکنیکێک کە شاعیر لە داڕشتنی ئەم شیعرەدا بەکاری بردووە، ئەم شیعرەی کردۆتە کارێکی جیاواز لە بەرهەمەکانی دیکەی پەرتەو کرماشانی. بەگشتی دەکرێ بڵێی ئەم دوو شاعیرە، شیعری کوردیی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستانیان لەو سروشت گەرایی (ناتۆراڵیزم)ـە پەتی و بەربڵاو و زمانە فەرمیە و هەروەها ئەو روانینە ئاسمانی و ئایینیەوە بۆ شیعر، بە تەواوەتی گۆڕی و کردیانە روانگەیەکی تەواو زەمینی کە هەڵگری توخم و خەسڵەتی بەرچاو بێت. دوای ئەم قۆناغە بوو کە ئێمە لەگەڵ غەزەلی کوردی کە هەڵگری پێوانەی مەیلی خەڵک و هەلومەرجی ژیانی ئێستای کرماشان بێت، بەرەوڕوو بووین.
بەڵام شیعری نوێی کوردی لە کرماشان لە دەیەی حەفتای هەتاوییەوە بیچمی گرت، دەیەیەک کە تێیدا شیعری فارسیش گەشە و کرانەوەی بەخۆیەوە بینیی، لەم قۆناغەدا پێوەندییەکانی کوردانی ئێران و عێراق روویان لە زیاد بوون کرد و کار و پرۆسەی وەرگێڕانی بەرهەمی کوردی بۆ فارسی دەستی پێکرد. شاعیرانی ناوداری کوردستانی عێراق لە ئێران ناسێنران، چەندین کتێب لە بواری رێزمان و رێنووسی کوردیدا بڵاو کرانەوە، شیعری فارسی خەریک بوو ئەزموونێکی گرنگی دەگوزەراند و زۆربەی شاعیرانی کوردی کرماشانیش لە مەیدانی شیعری فارسیدا چالاک بوون. هەر بەم پێیە هەموومان لە هەوڵی ئەوەدا بووین هەمان ئەو ئەزموونانەی خۆمان لە شیعری کوردیشدا تاقی بکەینەوە، بۆ دەسپێک کارێکی ئەستەم بوو، بەتایبەت پرسی رێنووس کە بەپێی ئەو ریتم و دەنگانەی کەلە زاراوەکانی کوردیی کرماشاندا هەن، لەگەڵ رێنووسی پێوەری کوردیدا ناتەبا بوو، بەڵام بەرهەحاڵ کارەکە دەستی پێکردبوو، هەرکام لە دۆستان یان بە شێوەی کتێب، یان لەو بڵاڤۆکانەی کە ئەو ساڵانە چاپ دەبوون، بەرهەمەکانیان بڵاو دەکردەوە. هەفتەنامەکانی “ئاویەر” و “سیروان” کەلە سنە بڵاو دەکرانەوە، لەو بڵاڤۆکانە بوون کە هەمیشە بەشێکیان بۆ ئەدەبیاتی کوردیی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان (کرماشان و ئیلام) تەرخان دەکرد، بەرە بەرە بڵاڤۆکەکانی کرماشانیش لاپەڕیەکیان بۆ شیعری نوێی کوردی تەرخان کرد، بەگشتی کەش و دۆخی کراوەی سەردەمی ریفۆرم لە ئێران یارمەتیەکی مەزنی بە رەوتی نوێی ئەدەبیاتی کوردی کرد.
شەریف فەلاح: مەسەلەی زاڵبوونی گوتاری شیعر لەناو نەوەی نوێی کوردیی باشوور وەک ناوچەکانی دیکەی کوردستان بووە، یان شان بە شانی شیعر ژانری ئەدەبی داستانیش باڵای کردووە؟
فەریاد شیری: بەداخەوە لە بواری چیرۆکنووسیەوە رووداوێکی ئەوتۆ و تایبەت لە کرماشان نەهاتۆتە ئاراوە، یان باشتر وایە بڵێین کەلە بنەڕەتدا لەم بارەوە کارێک ئەنجام نەدراوە، تەنیا لە ماوەی یەک دوو ساڵی رابردوودا کە هەندێ لە لاوان لەم بارەوە دەستیان بەکار کردووە. بەگشتی لە بوارەکانی “رەخنە ـ چیرۆک ـ وتار و…” ئێمە هێشتا کارێکی ئەوتۆمان نەکردووە، هەرچەند لە ژانری شیعردا زۆر زوو ئەو بۆشایی و دواکەوتنەمان قەرەبوو کردەوە. هەڵبەتە شیعر کارێکی گەوهەری و هەڵقوڵینی کەف و کوڵە، بەڵام نووسینی دەق و چیرۆک، پێویستیان بە پەروەردە و راهێنان هەیە. ئێمە خوومان بەوە گرتووە بە فارسی بنووسین و دەبێ بۆ نووسین بە کوردی زۆر خۆمان رابێنین. جێگای سەرنجە بیزانن کە هەموو رەخنەکانی ئێمە لەسەر کتێبی شیعرە کوردییەکان بە فارسی دەنووسرێن، تەنانەت پێشەکیی کتێبە کوردییەکانیش بە فارسی دەنووسرێن و ئەمە بۆ خۆی کەلێن و لاوازییەکی گەورەیە، دەبێ هەوڵ بدەین کە ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت.
شەریف فەلاح: دیارە بۆ پەرەدان و سەقامگیر بوونی هەر رەوت و شەپۆلێکی ئەدەبی، چ شیعر یان داستان، گۆڤار و بڵاوکراوەکان بە زمانی خۆماڵی و هەروەها بوونی دەرفەتی فێستیڤاڵ، کۆڕ، سیمینار و کۆنگرەی ئەدەبی و فەرهەنگی رۆڵی کارا دەگێڕن، ئاخۆ لە غیابی ئەو دەرەتانانە لە کرماشان و ئیلام نووسەر و داهێنەرانی ئەو دەڤەرانە بەرەوڕووی چ گرفتگەلێک بوونەتەوە؟
فەریاد شیری: بەڵی ئاماژەت بە خاڵێکی گرنگ کرد، بڵاڤۆک، کۆنگرە و فستیڤاڵەکان و … رۆڵێکی گرنگیان لە پێناسە و ناساندنی ئەدەبیاتدا هەیە کە بەداخەوە لە کرماشان و ئیلام نەبوونی ئەو دەرەتانانە گرفتێکی گەورەیە بۆ چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورد. لە حاڵی حازردا ماڵپەڕی بەلووت (بەڕوو) بە سەرپەرستیی هەڤاڵی شاعیرم “جەلیل ئاهەنگەر نەژاد” بە تاقی تەنیا ئەم بەرپرسایەتییە مەزنەی گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نیە، خۆ هەموو خەڵک دەستیان بە ئەنتەرنێت راناگات. خوێنەرانی بەلووت لەڕاستیدا هەر خودی شاعیرانن. بەردەنگ و خوێنەرانی بەرهەمەکانی ئێمەش گۆڤار، بڵاڤۆک و تریبوونی فەرمییان لەبەر دەستدا نیە. رێکخستنی شەوە شیعر و فێستیڤاڵەکان دەتوانێ زۆر بەکەڵک بێت کە جێگای بەتاڵ و نەبوونی ئەم دەرەتانانە ئێستا راشکاوانە هەست پێدەکرێ. لە ساڵانی زۆر لەمەوبەر لە “ئیسلام ئاباد” چەندین جار شەوە شیعر و فێستیڤاڵ بەڕێوە چوو کە زۆر جێگای سەرنج بوو. بەڵام لەم ساڵانەدا هەموو چالاکییەکانی ئەدەبی کوردی راگیراون، نە فێستیڤاڵێک، نە گۆنگرەیەک، نە بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆی تایبەت بە ئەدەبی کوردی و … بەڕاستی ئێستا شاعیرانی کوردی کرماشان و ئیلام لەم بارودۆخەدا شاکاریان کردووە کە ئەم هەمووە کتێب و بەرهەمیان بە چاپ گەیاندووە. بەڵام من گلەیەکی زۆرم لە چالاکانی ئەدەبیی کوردستانی باشوور هەیە کە بەداخەوە بێ میهری دەکەن و ئەدەبیاتی کوردی جنووبی کوردستانی ئێرانیان فەرامۆش کردووە، بۆچی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا بەشێکیان بۆ شیعر و چیرۆکی کوردی “کرماشانی” تەرخان نەکردووە، بۆچی هیچ هەوڵێکیان بۆ ناساندنی ئەدەبیاتی کوردیی باشوور ئەنجام نەداوە؟ مەگەر ئەوە نەبوو کە ئێمە لەم بارودۆخە شپرزەیەی خۆماندا بەرلە هەموو شتێک دەستمان کردووە بە ناساندنی بەرهەمەکانی ئەوان لە ئاستی ئێراندا، تەنانەت زەرەر و خەسارەکەشمان بینیوە، جێگای سەرنج ئەوەیە کە لەباتی ئێمە لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا رێز لە کەسانێک دەگرن کە هیچ پشک و رۆڵێکیان لە ناساندنی ئەدەبیاتی کوردیدا نەبووە. ئێمە لێرە گیرۆدەی بەربەستین و دیسانیش بەردەوامین لە تەقەلا کردن، بەڵام ئەوان بەو هەموو ئیمکانات و بوودجەوە کە هەیانە، ئێمەیان لەبیر کردووە. فێستیڤاڵی گەلاوێژ هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ “فێستیڤاڵی شیعری فەجر”ی ئێران نیە. ئێمە هەم لێرە و هەم لەوێ پشتگوێ دەخرێین. هیوادارم رۆژێ دابێت ئەم بیرتەسکیانە وەلا بنرێن و هەموومان لە پرۆسەی پێوەندییەکی تەندروستدا پێکەوە ئاڵووێری بیروڕا بکەین.
شەریف فەلاح: دەیەی حەفتای هەتاوی لە پرۆسەی نوێبوونەوەی شیعر و ئەدەبی کورد و بەگشتی بووژانەوەی فەرهەنگی خۆماڵی لە کرماشان و دەوروبەری، قۆناغێکی دیار و بەرچاوە، چ کەسانێک لەو شەپۆلە شیعرییەدا رۆڵیان هەبووە؟ کاریگەریی رەوت و شەپۆلی شیعر و بەتایبەت قوتابخانە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی رۆژئاوا کەلە رێگای وەرگێڕانەوە هاتوون لەسەر شیعری کوردیی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان چەندەیە؟
فەریاد شیری: هەروەک پێشترش باسم کرد دەیەی حەفتا، لووتکەی گەشە و پەرەسەندنی شیعری فارسی بوو و رووداو و رەوتی بەنرخ لە شیعری فارسیدا روویان دا و بێگومان ئێمە کوردانی کرماشان و ئیلام لەو رووداوانەدا پشکمان هەبووە، هەموومان پێش لە دەسپێکی ئەزموونی شیعری کوردی، لە ئەدەبیاتی فارسیدا بە شێوەی جیدی چالاک بووین و ئێستاش هەین. من و “کوورش هەمەخانی” لەناو قووڵایی رووداوە شیعرییەکانی دەیەی حەفتا لە تاران بووین، کوورش بەرلە هەموومان چەند کتێبێکی بڵاو کردبۆوە و کەوتبووە بەر سەرنج.
من بۆ خۆم لە نزیکەوە بینەر و بەشداری هەموو دانیشتن و شەوە شیعر و کۆبوونەوەکانی رەخنە و تاوتوێی شیعری پایتەخت بووم. هەر لەو کۆبوونەوانەدا لەگەڵ “مریەم هوولە” شاعیری کوردی ئیلامی ئاشنا بووم کە یەکێک لە شاعیرانی ژنی جەنجاڵیی کۆبوونەوەکانی پایتەخت بوو. ئێمە پێکەوە هەوڵمان دا جۆرێک لە شیعری کوردی کە تێکەڵاوێکە لە زاراوەی سۆرانی و زاراوەکانی جنووب (کرماشان و ئیلام) بخەینە بەردەست و بە هاوبەشی کتێبی “شێتە گۆرانیەکانی باران”مان بە چاپ گەیاند. لەلایەکی دیکەشەوە هەڤاڵانی دیکەمان لە کرماشان سەرقاڵ بوون و بەرلە ئێمە “جەلیل ئاهەنگەر نەژاد” “نەرمەواران”ی چاپ کردبوو کە بە زاراوەی “کەلهوڕی” نووسرابوو. “رەزا مەوزوونی” و “سەلاحەدین قەرەتەپە”ش هەرکامەیان کۆمەڵە شیعرێکیان بە چاپ گەیاند و بەرەبەرە دۆستانی دیکەش لە بڵاو کراوەکاندا دەستیان کردبوو بە بڵاو کردنەوەی بەرهەمەکانیان، “سەید قاسم ئەرژەنگ” و” ئارەش ئەفزەلی” ئەزموونی “شیعری نوێی لەکی”یان تاقی کردەوە، “بیەرووز تاهیری” بە دیالکتی ناوچەی “سەحنە” بەرهەمی بڵاو کردەوە.
بڵاوکراوەی خوێندکاری لە زانکۆی کرماشان بڵاو دەکرانەوە، کە یەکیان تایبەتی ئەدەبیاتی کوردی بوو و بەرهەمی هەڤاڵانی شاعیری چاپ دەکرد. لە حەفتەنامەکانی “سیروان” و “ئاویەر”یشدا هەمیشە شیعری شاعیرانی کرماشان بڵاو دەکرایەوە. لە گۆڤارەکانی “سروە” و “ئاوێنە”ش ئەم کارە بەردەوام بوو.
لەلایەکی دیکەشەوە هەروەک ئێوەش ئاماژەتان پێکرد، وەرگێڕانی بەرهەمی تیۆریی ئەدەبیاتی رۆژئاوا بۆ فارسی رۆڵێکی بەرچاوی لە گۆڕینی تێڕوانیی شاعیران و نووسەرانی ئێراندا هەبوو، لەم دۆخەدا هەموومان هەوڵمان ئەوە بوو ئەزموونی نوێ تاقی بکەینەوە، بێگومان هەم کاریگەریمان لە ئەدەبی رۆژئاوا و هەم ئەدەبی فارسی وەرگرتووە. گرنگ ئەوە بوو کە ئەو شەپۆل و بزاوتە هاتبووە ئاراوە و ئێمەش گەیشتبووینە ئەو باوەڕە کە دەوتوانین بە زمانی دایکیمان شیعر بەۆنینەوە و بەرهەمی ئەدەبی بخولقێنین.
شەریف فەلاح: لە پرۆسەی شیعری کوردیدا وەکوو خەسڵەتێکی دیاری شیعری کورد توخمێکی زاڵ هەمیشە لە ئارادا بووە، ئەویش ئەدەبی بەرەنگاری (ادبیات مقاومت) بە گشتی چۆن دەڕوانیتە ئەم جۆرە لە ئەدەب و لە شیعری کوردیی باشووری کوردستانی ئێران لە چ ئاستێک دایە، چەمکی نیشتمان چۆن لە شیعری کوردیی باشووردا رەنگی داوەتەوە؟
فەریاد شیری: هەڵبەت لە ئێران ئەدەبی بەرەنگاری لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەدا بیچمی گرت و لەلایەک شیعری بەرەنگاریی “فەلەستین”یش پێش لەوە ناسێنرابوو، بەڵام لەگەڵ بڵاو بوونەوەی وەرگێڕانی شیعری شاعیرانی کوردستانیباشوور و بەتایبەت “لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و رەفیق سابیر” شیعری بەرگریی کوردیش ناسێنرا. بەڵام ئەم جۆرە لە شیعر، کاتی بەسەر چوونی هەیە. دەبینین کە پاش سەرکەوتنی کوردانی عێراق، ئەم جۆرە لە شیعر هەتاڕادەیەک فەرامۆش کراوە. لەوانەیە لە قۆناغێکدا چەکێکی باش بووبێت بۆ خەبات، بەڵام وادیارە دوای سەرکەوتن ئیدی کەڵکی نەماوە. لەلایەکی دیکەشەوە مەسەلەی دروشم دان لەم جۆرە شیعرەدا زەربە و زیان بە خودی شیعرییەت دەگەیەنێت. بەهەرحاڵ، بەڵام لە شیعری کوردیی جنووب (کرماشان و ئیلام) لەوانەیە لەو شوێنانەی کە پێویست بە هاوخەمی بووبێت، نیشانەیەک لەم جۆرە شیعرانە ببینین، بەڵام بەگشتی شاعیرانی کوردی باشووری کوردستانی ئێران، لە شیعردا هەڵگری روانگەیەکی “نیشتمانی جیهانی”ین. بەجیهانی کردنی توخمە شیعرییەکان لە خەسڵەتەکانیانە، روانینی دەمارگرژانە و نیشتمانپەروەرییان وەلا ناوە. ئێمە ناچارین بە روانینینێکی بەرینی جیهانیەوە هەستی و بوون لە شیعرماندا بەرجەستە بکەینەوە.
شەریف فەلاح: لە سەرەتای دەیەی هەشتای هەتاوییەوە زۆر بەریان (گرایش )ی مۆدێڕن و تەنانەت پۆست مۆدێڕنیش خزینە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردیی باشوورەوە، بە تایبەت شیعرەوە و خەریکن هێژمۆنیان جێگیر دەبێ و لەناو زۆربەی زاراوەکانیشدا هەیە، چ کەسانێک لە پشت ئەو رەوتە شیعریانەوەن، ئاخۆ هەتا چەندە توانیویانە لەناو بەردەنگ ( مخاطب )ی شیعری کوردیدا جێگای خۆیان بکەنەوە، ئێستا لە چ دۆخێک دان؟
فەریاد شیری: من لە پێشەکیی “تایبەت نامەی شیعری کوردیی گەوهەران” ئاماژەم بەم بابەتە کردووە. ئەم پرسە تەنانەت لە شیعری فارسیدا بەرەوڕووی بەردەنگ بۆتەوە، ئێستا چ بگاتە شیعری کوردی کە هەر بەبێ پرسی مۆدێڕنیش لەگەڵ گرفتی بەردەنگ و خوێنەر بەرەوڕووین. لە دەیەی حەفتای هەتاوییەوە هاوکات لەگەڵ هاتنی بەریان و رەوتی شیعریی “جیاواز” لە شیعری فارسی، لە مەیدانی شیعری کوردیشدا بەریان و رەوتە شیعرییەکان بیچمیان گرت کە لەپێناو جیاوازی و نوێخوازیدا هەوڵ و کایەی زمانی لەو جۆرە شیعرانەدا بەرجەستەتر بوو. هەڵبەت دەبێ ئەوەش زیاد بکەم کە ناکرێ رەوت و جیابوونەوەی لادەرانەی شیعری بە پۆست مۆدێڕنەوە ببەستینەوە. ئێمە نەتەوەیەکین کە هێشتا سوننەتی بیر دەکەینەوە، هێشتا لە قۆناغی پەڕینەوە داین و مۆدێڕنیتەمان ئەزموون نەکردووە. لەلایەکەوە مەگەر زمانی کوردی خاوەنی چ تایبەتمەندی و تواناییەکە کە ئێمە تێیدا مانۆڕ بدەین و کایەی زمانی تێدا ئەنجام بدەین. وای دابنێین کەلە بواری زمانیەوە گرفتمان نەبێت، چ بە بەردەنگی شیعر بکەین. بەردەنگی شیعری کوردیی باشوور هێشتا لەگەڵ رێنووسی کوردیدا ئاشنا نیە. هێشتا ناتوانێ دێڕە شیعرێک بە زمانی سادە بخوێنێتەوە، ئێستا وای دابنێین کە رووبەڕووی شیعرێکی جیاواز و سەیر بێتەوە، چ روو دەدات؟ من لەناو شیعری کوردیدا لایەنگری رەوت و بزاوتی لادەر و چەواشەئاسا نیم. پێتان سەیر نەبێت ئەگەر من لە شیعری فارسیدا ئەزموونی جۆراوجۆرم هەیە، چونکە من لە شیعری فارسیدا خوێنەر و بەردەنگی خۆم بینیوەتەوە، بەڵام ناتوانم لە شیعری کوردیدا بەبێ زانیاری و شارەزایی ملی پێوە نێم. بەردەنگ و لایەنگرانی شیعری کوردیی باشوور هێشتا ئامادەیی رووبەڕوو بوونەوەی ئەم جۆرە ئەزموونانەیان نیە. بۆچی کڵاو بنێینە سەر خۆمان؟ هێشتا لە کرماشان شیعری قاڵبی نەریتی و کلاسیک (غەزەڵ و….) خوێنەری هەیە. ئێمە دەبێ بیرێک لە گۆڕینی روانین و روانگەی بەردەنگ بکەینەوە، دەبێ پێوەر و خەسڵەتە تازەکانی شیعریان پێ فێر بکەین، بەڵام بە چ لەونێ؟ کە ئەمە ژان و گرفتی گەورەی نەتەوەی ئێمەیە، گرفتێک کە بە دژواری لە بەرامبەرمان راوەستاوە!
شەریف فەلاح: وەک دەبینین بەپیی پێکهاتە و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکان رۆژ لە دوای رۆژ خوێنەری شیعر و ئەدەبی کوردیی باشوور زیاتر دەبێ، ئەمە خۆی سەرکەوتنێکە بۆ داهێنەرانی ئەو دەڤەرە، نووسەران لەم دۆخەدا چ ئەرکێکیان دەکەوێتە سەرشان، یان بەڕای بەڕێزت پرسی دەروەست بوون (تعهد) لە ئەدەب و بەتایبەت لە شیعردا چ مانایەک دەگەیەنێ ؟
فەریاد شیری: دەروەستبوونی پرسێکی مرۆییە. شاعیریش وەک مرۆڤ لە هەمبەر کۆمەڵگا و خەڵکەکەیدا دەروەستە. بەڵام دەروەست بوون بۆ شاعیر تەنیا پێوەندیی بە ناوەرۆکەوە نیە، بەڵکوو پێوەندیی بە زمانیشەوە هەیە. شاعیر لەسەریەتی کە جۆرێک لەگەڵ زماندا بجووڵێَتەوە کە پەرە و گەشەی پێ بدات، نەک ئەوەی کە وێرانی بکات.
شەریف فەلاح: پشکی ژنان و کچان لە مەیدانی شیعر و ئەدەبی کوردیی باشووردا چەندە و ئاخۆ بەپێی سەنگی ئەو شەپۆلە نوێخوازییانە رێژەی بەشداریی ژنان لە مەیدانی داهێناندا دەبینرێ، بەرهەمەکانیان خاوەن چ تایبەتمەندییەکن؟
فەریاد شیری: بەداخەوە پشکی ژنان لە شیعری کوردیی کرماشاندا زۆر بەرتەسکە. ئێمە تەنانەت لە شیعری کلاسیکیشدا هیچ شاعیرێکی ژنمان نیە. لەوانەیە هۆیەکەی بگەڕێتەەوە بۆ ئەو تێڕوانینە پیاوسالارانەیەی کە لەناو پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردیدا زاڵە. بەهەرحاڵ لە ئەدەبیاتی هاوچەرخ و مۆدێڕنی کوردی باشووردا ئەم شقڵە شکێنراوە و هەر ئەو رێژە کە مەش لە ژنان خەریکن بە جیددی چالاکیی ئەدەبی دەکەن.
ناهید محەمەدی لە هەموان پڕکار و چالاکترە، خانمی “هوولە” لە پاش سەفەری بۆ ئەورووپا هیچ هەواڵێکم لێی نیە نازانم ئاخۆ کارێکی ئەدەبیی ئەنجام داوە، یان نا، “ئافاق شۆهانی” بە شێوەی پرژ و بڵاو کارگەلێکی کردووە، و خەڵکانی دیکەش هەن کە من نایانشناسم. تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەو ژنانە، تووڕەیی و هەڵچوون لە هەمبەر کۆمەڵگا و بیرۆکەی زاڵی پیاوسالارانە و رەنگدانەوەی ژان و ئازارەکانی ژنی کوردە. ناسکی و نەرم و نیانیی زمانی و بەکارهێنانی توخم و مۆتیڤی تایبەت بە ژنان لە بەرهەمەکاندا لە تایبەتمەندییەکانی نووسینی ژنانی کوردە.
شەریف فەلاح: لە ناوەندە ئەدەبییەکان زۆر جار باس لە سەرهەڵدانی قەیرانی شیعر، قەیرانی مانا، قەیرانی بەردەنگ و پاشەکشەی گوتاری شیعر دەکرێ، لە کرماشان و ئیلام چۆن سەیری ئەم مەسەلانە دەکرێ، ئاخۆ هەتا چەندە ئەوانە راستن، ئەگەر وایە هۆیەکانی چین؟
فەریاد شیری: باسی قەیرانی ئەدەبی ساڵانێکی زۆرە لە ئەدەبی فارسیشدا هاتۆتە گۆڕێ و هەموان لەباتی ئەوەی کە رێگاچارەیەک بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە بخەنە روو، تەنیا وەبیریان هێناوەتەوە لە ئەدەبی کوردیشدا هەڵبەتە نابێ وەکوو نەخۆشییەکی چارەسەر نەکراو لێی بڕوانین. هەمیشە پاش قۆناغێکی بووژانەوە و گەشە گەیشتووینەتە بنبەست و لاواز بوون و سەرەنجام دەگەینە قەیران، بەڵام تێپەڕین لەم قەیرانە خۆی لە خۆیدا مزگێنی و نیشانەی قۆناغی بووژانەوە و گەشەیە، لە مێژووی ئەدەبی هەموو نەتەوە و گەلێکدا پاش ئەزموون و تێپەڕاندنی سەردەمی قەیران، مەکتەب و رێبازی ئەدەبیی تازە سەریان هەڵداوە.
با زیاتر لێرەدا بەلاڕێدا نەڕۆین، باسەکە لەبارەی شیعری نوێی کرماشان و ئیلامە. راستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە تازە دەستمان پێکردووە، خەریکین قۆناغی گەشە و هەڵکشان دەپێوین، پێموانەبێ باس و پرسی قەیران لەبارەی ئەو بەرهەمانەی کە هەتا ئێستا نووسراون، راست و دروست بێت، ئەگەر قەیرانێک بێت، قەیرانی بەردەنگ و خوێنەرە و رەوتی چاپ و بەرهەمەێنانی ئاسەواری ئەدەبی و فەرهەنگییە کە پێوەندییەکی بە شاعیرانەوە نیە، بەرپرسایەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسە فەرهەنگییەکان کە هیچ کارێک جیبەجێ ناکەن. هەڵبەتە لەناو بەرهەمە نووسراوەکان، ئێمە لەگەڵ رەوت و رێبازی شیعریی جیاواز بەرەوڕووین، هەندێک لەم شیعرانە و خاوەنەکانیان لە بواری زمانەوە دوور نیە قەیرانێک تووشی شیعری کوردیی ئەم ناوچەیە بکەن، بەڵام رەوتی رەسەنی شیعری کوردیی باشوور (کرماشان و ئیلام) خەریکە ئاراستە و سۆنگەی ئاسایی دەپێوێ و لەوە دڵنیام کە ئەگەر مەودای خۆی و نێوان بەردەنگ و خوێنەرەکانی زیاتر نەکات دەیگەینێتە ئاستێکی باڵا.
شەریف فەلاح: لە بەستێنی ئەو هەمووە باسوخواسەی کە کردمان و سەرەڕای بوونی ئەو رەوتە جۆراوجۆرە ئەدەبی و فکرییانە، وەکوو رەخنەگرێک چۆن دەڕوانیتە پێگەی رەخنەی ئەدەبی لەناو ئەدەبی کوردیی باشوور، ئاخۆ لەوێش هەمان گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم رەخنە و رەخنەگراندا هەیە؟ چ کەسانێک لەم بوارەدا چالاکن؟
فەریاد شیری: راستیەکەی ئەوەیە کە یەکێک لە گرفتەکانی ئەدەبی کوردی، نەبوونی رەخنە و رەخنەگری پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵە. ئێمە هێشتا لە بواری رەخنەدا نەمانتوانیوە شانبەشانی شیعر گەشەیەکی بەرچاومان هەبێت. نەمانتوانیوە رەخنەگری باش بار بێنین و پەرەوەدە بکەین. ئەم پرسە رەنگە بەو هۆیە بووبێت کە هەست و عەقڵیەتی رەخنە وەرگرتنمان نیە، یان نازانین رەخنە لە یەکتر بگرین یان بەرهەمی یەکتر بخوێنینەوە. رەخنەگر دەبێ تەیار بێت بە زانستی رۆژ و زانیاری و ئاگایی لەبارەی تیۆرییە ئەدەبییەکانی هاوچەرخەوە هەبێت. رەخنەگر دەبێ خاوەنی تریبوونێکی فەرمی و ئازاد بێت، دەبێ لەگەڵ چالاکانی ئەدەبی لە پێوەندیدا بێت، بەڵام ئێمە هیچکاممان ئەم ئامێر و کەرەسانەمان لەبەر دەستدا نیە.
نە بڵاوکراوەیەک، نە راگەیەنێک کە پێگەی رەخنە و رەخنەگر تێیدا بەرجەستە بکرێتەوە و نە ورە و هەستی رەخنە وەرگرتن لەلای چالاکانی ئەدەبیی ئێمە هەیە.
دەبینین کە هەموو گرفتەکانمان پێوەندییان پێکەوە هەیە و هەمووشیان دەگەڕێنەوە بۆ نەبوونی بڵاڤۆکی جۆراوجۆر، راگەیەن و نەبوونی پێداویستیی دیکە.
شەریف فەلاح: هەتا ئێستا جگەلە کارە رەخنەیییەکان و بواری داستان و وەرگێڕان، چەندین کۆمەڵە شیعرت بە چاپ گەیاندووە و لە ناوەندە ئەدەبی و رەخنەییەکانی تاران باسیان لەسەر دەکرێ و بە هۆی سەرکەوتنیشت لە بارەوە چەند خەڵاتێکت وەرگرتووە، لە شیعردا هەڵوەدای چیت؟ هەستی ( وجود) چ پێگەیەکی لە شیعری تۆدا هەیە؟
فەریاد شیری: شیعر بۆ من رۆچنە و دەلاقەیەکە بۆ دنیایەکی جیا لەم دونیا پڕ لە فێڵ و دڕدونگی و درۆیە. شیعر کەش و دۆخێکی ئارام و دڵخواز بۆ من دەڕەخسێنێ هەتا تێیدا سەربەستانە بە ئاسمانی خەیاڵدا سەیر بکەین. شیعری من بەپێی وتەی خەڵکانی دیکە تژیە لە تاڵی و ژان. ئەندێشەیەکی مەرگاوی و رەشبینی کەلە شیعری مندا شەپۆل دەدات، بەرهەمی هەلومەرجی ژیانە لەم جیهانە راستەقینەیەدا کە بۆ هەڵاتن لەو رەشبینیانە و بۆ رەخنە و توانج گرتن لێیان لە شیعرمدا رەنگ دەداتەوە. لەباری کایەی زمانیشەوە لەحن و دەربڕینێکی تایبەتم بە شیعری خۆم بەخشیوە. من لە شیعرە فارسییەکانمدا زاراوەی کوردیی خۆم ناشارمەوە، هەروەک کاتێک کە بە زمانی فارسی قسە دەکەم، لە زاراوەمدا دیارە کە کوردم، من دەربڕینی ناوچەییم بەخشیوە بە شیعرم کە زمانی شیعریمی لە هاونەوەکانم جیا کردۆتەوە.
شەریف فەلاح: کاریگەریی زمانی فارسی و کارکردن لەو حەوزەیەدا نەبۆتە هۆی گرفت بۆ تۆ لە حەوزەی داهێنان بە زمانی خۆت؟
فەریاد شیری: نا، بە هیچ لەونێ، من بە نیسبەت زمانەوە هیچ هەستێکی دەمارگرژیم نیە، رێز بۆ هەموو زمانەکان دادەنێم، زمانی فارسی، زمانی دووەمی زگماکیی منە. من بەو زمانە بار و راهاتووم و خوێندن و نووسینی پێ فێر بووم، کەوایە سروشتیە کە بەم زمانە ئاسانتر و ساناتر دەتوانم بنووسم، لەلایەک زمانی کوردی و فارسی خزمایەتی و نزیکییەکی دێرینیان پێکەوە هەیە و دەتوانن تەواوکەری یەک بن. من لە شیعری خۆمدا لە توانایی و ئیمکاناتی هەردوو زمانەکە بە باشی کەڵک وەردەگرم. نە زمانی فارسی بۆ شیعری کوردیی من گرفت دەنێتەوە و نە زمانی کوردیش بۆ شیعری فارسیم کێشە خولقێنە.
شەریف فەلاح: پێت وایە بۆچی لە شیعری کوردیدا زیاتر توخمەکانی: هەست، سوزداری، سروشت زاڵن، یان هەتا چەندە دەگونجێ چەمکی فەلسەفە، هزر و عەقڵانیەت، بخزێتە ناو شیعرەوە؟
فەریاد شیری: هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد و بێ میهریی دەسەڵاتەکان بە نیسبەت کوردانەوە بە درێژایی مێژوو و هەروەها سەرلێشێواویی و نەبوونی سەربەخۆیی و … ئەمانە گشت بوونە هۆی ئەوەی کە خۆبەخۆ ناوەرۆکی شیعری کورد لە بازنەی وەها توخمگەلێکدا بسووڕێتەوە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە هەتا رادەیەک گۆڕاوە و لەلایەک چالاکانی ئەدەبیی کورد بە روانین و روانگەیەکی بەربڵاوی جیهانی تر و ئەندێشەیەکی فەلسەفییانەوە بەرهەمگەلێکی جیدییان خولقاندووە کە بێگومان نەمر و هەرمانن.
شەریف فەلاح: ئەدەبیاتی داستانی وەک ژانرێکی گرنگ لەناو کوردیی باشوور لە دۆخ و قۆناغێک دایە، شەپۆلە نوێیەکان لەو حەزەیەدا بە چ ئاقارێکدا دەرشۆن؟ ئاخۆ کارەسات و رووداو و تراژیددییەکان کە بەسەر کورددا هاتوون هەتا چەندە لەم جۆە لە ئەدەبدا رەنگیان داوەتەوە؟
فەریاد شیری: بەداخەوە لە بواری ئەدەبیاتی داستانی یان باشتر بڵێم پەخشان و دەق لەم قۆناغەدا، چالاکییەکی ئەوتۆ رووی نەداوە و بێگومان ئەم رووداو و پێشهاتانە دەتوانن هەوێن و سەرچاوەیکی باش بن بۆ نووسەرانی ئەم بوارە.
شەریف فەلاح: تیخی سانسۆری حکومەتی لە ئەدەب و شیعردا چ خەسار و زیانێکی بە رەوتی داهێنان لە کرماشان گەیاندووە، رەوشی چاپ و وەشان لە چ ئاستێک دایە؟
فەریاد شیری: بەختەوەرانە، مەسەلەی سانسۆری کتێب نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆ بکاتە سەر کاری نووسەران و شاعیرانی کوردی کرماشان و ئیلام، لەوانەیە باوەڕ نەکەن کە ئەگەر بڵێم ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی (٢٠١٠ی زایینی) کە مەسەلەی سانسۆری وەزارەتی ئیرشاد مەیدانی چاپ و نووسینی لە نووسەرانی فارس زمان تەنگتر کردبۆوە، بەڵام ئێمە لە کرماشان شایەتی گەشە و پەرەپێدانی بەربڵاوی چاپ و بڵاو بوونەوەی کتێبی کوردی بووین.
زیاترین ئاماری چاپی کتێبی کوردی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا لە ساڵی ٢٠١٠دا بووە، بەتایبەت کتێبگەلێک لە بیاڤی شیعری نوێی کوردیدا. بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نیە و تێخی سانسۆر سەرەنجام لەلایەکی دیکەوە ئێمەش بێبەری ناکات. راستیەکەی ئەوەیە کە ئێمە هەر لە ریشە و بنەڕەتەوە سانسۆر کراوین، کاتێک کە خوێندن و نووسین بە کوردی لە قوتابخانەکان ناخوێنرێ، کەلە زانستگاکان رشتە و شاخەیەک بۆ زمانی کوردی تەرخان ناکرێت، ئەمە بەو واتایەیە کە ئێمە هەر لە بنەڕەتدا سانسۆر کراوین. ئەو هەموو کتێبانەی کە چاپ کراون، بەردەنگ و خوێنەریان دەوێت، بەڵام خوێنەرانی ئەو کتێبانە ئاشنا و شارەزای رێنووسی کوردی نین، فێر نەکراون و …وەلێ وێڕای هەموو ئەم مەسەلانە من خۆشحاڵم کەلە وەها دۆخێکدا ئەم هەموو شاعیر و نووسەرە جیدییە لە کرماشان هاتوونەتە مەیدانەوە و خەریکن بەوپەڕی لێبڕاوەییەوە دەنووسن.
شەریف فەلاح: کاک فەریاد ئەو بوارەی کە بە جیددی کارت لەسەر کردووە و پێوەی ماندوو بووی، بواری وەرگێڕان و بە تایبەت لە پرۆسەی ناساندنی شیعر و چیرۆکی کوردی بە زمانی فارسی لە ئاستی ئێراندا، ئەو زەروورەت و هۆکارانەی کە هانیان دای دەست بدەیتە کارێکی وەها گرنگ کامانە بوون؟ گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم رێگای خۆت و بە گشتی پرۆسەکە لە چیدا دەبینی؟
فەریاد شیری: سەرەتای دەیەی حەفتای هەتاوی، هاوکات لەگەڵ کاری جیدی لە بیاڤی شیعری فارسی، کاری وەرگێڕانی شیعری کوردیم دەست پێکرد. مەبەستم ئاشنایی زیاتر بوو لەگەڵ شیعری کوردیی سۆرانی و لەلایەکی دیکەشەوە وەرگێڕان جۆرێک راهێنانی شیعری بوو بۆ من. هاوکات دشمەویست شاعیرانی کوردی عێراق لە ئێران بناسێنم و بە قەولی یەکێک لە دۆستان بە غروور و شانازییەوە بڵێم ئێمەش خاوەنی ئەدەبیاتێکی جیددین.
بەختەوەرانە وەرگێڕانەکانی من لەلایەن خوێنەر و بەردەنگی فارسەوە پێشوازیی باشی لێکرا و تەنانەت چەند بڵاوگەیەکیش پێشنیاری کاری وەرگێڕانیان پێدەکردم.
هاوکات لە چاپەمەنیەکانیش کاری رۆژنامەنووسیم دەکرد و سەرقاڵی ناساندنی شیعری کوردی بووم و چەند وتووێژێکم لەگەڵ شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت و… ئەنجام دان و بڵاوم کردنەوە. چەند تایبەتنامەی جۆراوجۆرم بۆ بڵاڤۆکە فارسی زمانەکان ئەنجام دا، بۆ وێنە “تایبەتنامەی شیعری کورد” گۆڤاری پسپۆڕیی شیعری گەوهەران کە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو و یەکێک لە کارگەلی جیدی بوو کە لەم بوارەدا ئەنجام درا. بەڵام بەداخەوە لەلایەن هەندێ لە شاعیرانی کوردی عیراقەوە هەڵسوکەوتی نابەجێ لەگەڵ من کرا، من کاتی خۆم بۆ ناساندنی ئەوان تەرخان کردبوو، بەڵام ئەوان نادادپەروەرانە جووڵانەوە. نەتەنیا لەگەڵ من، بەڵکوو لەگەڵ دۆستانی دیکەش هەمان ئەو رەفتارەیان نواند. ئەوە بوو کە من دەستم لە کاری وەرگێڕان هەڵگرت و ئێستا چەند ساڵێکە سەرقاڵی کاری توێژینەوەی “رەوتی گۆڕانی شیعری کورد لە سەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ” یان “ مێژوویی لێکدانەوەی شیعری کورد”م. بۆ ئەم کارەش زۆر کاتی خۆم تەرخان کردووە، تەنانەت ناچار بووم سەفەری کوردستانی تورکیە بکەم، داوای یارمەتیم لە زۆر کەس کرد، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا هیچکەس لەم بارەوە یارمەتییەکی نەکردووم، هەر بۆیە بە کاوەخۆیی خەریکم کارەکەم بەرو پێشەوە دەبەم. نامەەوێ پەلە بکەم، بە تەمام لەم پڕۆژەیەدا شیعری شاعیرانی کورد دادپەروەرانە تاوتوێ بکەم و بیناسێنم. پێشتر من لە ناساندنی شاعیرانی کوردی عیراقدا زۆر زێدەڕۆییم کرد، زۆر بە هەستۆکییەوە جووڵامەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر روانینم لەم بارەوە گۆڕاوە، شیعر پرسێکە لەڕوودامان و روودەربایسی و هەڵناگرێ. بەهەرحاڵ ئەمە دوایین کاری من لە بیاڤی ناساندن و وەرگێڕانی شیعری کوردیدا.
پێناسە:
– فەریاد شیری، شاعیر، رەخنەگر و لێکۆڵەر لەدایک بووی ١٣٥٠ی هەتاوی ( ١٩٧٢ی زایینی) شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ـ براوەی خەڵاتی چەندین فێستیڤاڵی شیعر و چیرۆکی سەراسەری و رۆژئاوای ئێران وەک: خەڵاتی شیعری کارنامە، فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە، و کاندید بوونی بەرهەمە شیعرییەکانی بۆ چەندین خەڵاتی ئەدەبی لە ئاستی ئێراندا.
ـ هەتا ئێستا ئەم بەرهەمانەی چاپ کردووە:
١ ـ “چۆلەکەکان لە زمانی قاڵاو ناگەن ١٣٧٦ی هەتاوی (١٩٩٨ی زایینی).
٢ ـ “پاسپۆرتی بزە و ئارەزوو”، (وەرگێڕانی شیعری هاوچەرخی کوردیی باشوور)، ١٣٨٠ی هەتاوی (٢٠٠١ی زایینی).
٣ ـ “ باوەشم پڕە لە سەفەر” (کۆمەڵە شیعر) ١٣٨١ی هەتاوی (٢٠٠٢ی زایینی).
٤ ـ “شێتە گۆرانیەکانی باران”، (کۆمەڵە شیعری کوردی)، ١٣٨٢ی هەتاوی (٢٠٠٣ی زایینی).
٥ ـ “مرۆڤە رەشەکان، مرۆڤە سپییەکان”، (چیرۆکی مندڵان و مێرمنداڵان)، ١٣٨١ی هەتاوی(٢٠٠٢ی زایینی).
٦ ـ “مانگ میوانی چاوەکانت بوو”، (هەڵبژاردەی شیعرە کورتەکان)، ١٣٨٢ی هەتاوی (٢٠٠٣ی زایینی).
٧ ـ “چیرۆکی خاڵی سەرەڕێ”، (چیرۆکی مندڵان و مێرمنداڵان)، ١٣٨٣ی هەتاوی (٢٠٠٤ی زایینی).
٨ ـ “عاشقەکانی وڵاتی بەڕو”، (کۆمەڵە شیعری وەرگێڕدراوی شاعیرانی کوردستانی ئێران)، ١٣٨٤ی هەتاوی (٢٠٠٥ی زایینی).
٩ ـ “واژۆی تازەی دەوێ ئەم ناوە”، (کۆمەڵە شیعری فارسی)، ١٣٨٤ی هەتاوی (٢٠٠٥ی زایینی).
١٠ ـ “ئێمە لەژێر وێنەی باراندا ون ببووین”، (چیرۆک)، ١٣٨٥ی هەتاوی (٢٠٠٦ی زایینی).
١١ ـ “مانیفێستی پەنابەرێک، ژمارە ٣٣٣٣٣”، وەرگێڕانی شیعری فەرهاد پیرباڵ، ١٣٨٦ی هەتاوی (٢٠٠٧ی زایینی).
١٢ ـ “ژنێک بە هێواشی وتی عەی شق”، ( کۆمەڵە شیعری وەرگێڕدراوی شیعری هاوچەرخی کوردیی باشوور)، ١٣٨٦ی (٢٠٠٧ی زایینی).
١٣ ـ “سەد سیاچەمانە”، وەرگێڕانی گۆرانیی هەورامی بە هاوکاریی رەئووف سەعیدیان، ١٣٨٧ی هەتاوی (٢٠٠٨ی زایینی).
١٤ ـ “لە مانگ تەنیاترم”، (کۆمەڵە شیعری کوردی)، ١٣٩٠ی هەتاوی (٢٠١٢ی زایینی).
١٥ ـ “شێردر، مشکی بیابانی پۆل”، (وەرگێڕان) چیرۆکی منداڵان، ١٣٨٩ی هەتاوی (٢٠١١ی زایینی).
١٦ ـ “گوڵ زێڕین”، (وەرگێڕان) چیرۆکی منداڵان، ١٣٨٩ی هەتاوی (٢٠١١ی زایینی).
١٧ ـ “ئاگات لە پشیلە بێت”، (وەرگێڕان) چیرۆکی منداڵان، ١٣٨٩ی هەتاوی (٢٠١١ی زایینی).
١٨ ـ “جەستە فرۆشی نییە”، (کۆمەڵە شیعری فارسی)، ١٣٩٠ی هەتاوی (٢٠١٢ی زایینی).
١٩ ـ “خودا بۆ کێ دڵتەنگ دەبێت؟”، (کۆمەڵە شیعر بۆ مێرمنداڵان)، ١٣٩٠ی هەتاوی (٢٠١٢ی زایینی).
٢٠ ـ “ئەلبۆمی بیرەوەری” (چیرۆکی منداڵان)، ١٣٩٠ی هەتاوی (٢٠١٢ی زایینی).
ئامادەی چاپ:
ـ “مشتومڕ لە ئەدەبی فارسیدا”، (لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوە).
٢ ـ “حەسانەوە لە حەوشەی زیندان”، (چیرۆک).
٣ ـ “چیرۆکی کتێبێک کە نەنوسرابوو” (رۆمانی مێرمنداڵان).
٤ ـ “قۆناغەکانی گۆڕانکاریی شیعری نوێی کوردی لە سەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ”، (توێژینەوە و وەرگێڕان) و چەندین بەرهەمی دیکەشی بە زمانی فارسی چاپ بوون.
ـ ئێستاش دانیشتووی تارانە و بەردەوامە لە نووسین و لە یەکێک لە چاپەمەنیەکانی تاران سەرقاڵی کارە و حزوورێکی چالاکی لە ئەدەبی فارسی و کوردیدا هەیە.