دەربارەی هەزارتوێی هەنگەخۆرە | حەمە عومەر
چەند تێبینی و سەرەقەڵەمێک دەربارەی کۆمەڵێک تێم و چەمک و تەکنیک و ئاماژەی ناو ڕۆمانی هەزارتوێی هەنگەخۆرە ـی ئەنوەر عەباسی (هەرەس).
حەمە عومەر
”ئێمە هەمیشە زانیومانە کە ژیان تەڵەیەکە؛ لەدایکبووین بێ ئەوەی پرسمان پێ بکرێت، زیندانیی لەشێکین کە هەڵماننەبژاردووە، وە مەحکومین بە مردن. لە لایەکی دیکەوە، فراوانیی جیهان بژاردەیەکی بەردەوامی هەڵاتنی خستووینەتە پێش.” ⁃ میلان کوندێرا

لەوە دەچێت جۆرێک پەیوەندی نەپساوە و هەرماو لە نێوان خەیاڵدانی نووسەر و هونەرمەندی کورد لەگەڵ هەموو ئەو پرسانەی دوور و نزیک پەیوەندییان بە «کۆچ و هەندەران و سنوور»ەوە هەیە، خەریکی شێوەگرتن بێ. ئەمە دەڵێم و پشت بە ئەدەبیاتی فەرهاد پیرباڵ دەبەستم. پشت بە «گرەوی بەختی هەڵاڵە»ی عەتا نەهایی و فیلمە سینەماییە کوردییە بێ شومارەکان دەبەستم کە دەربارەی سێ چەمکی «کۆچ و هەندەران و سنوور»ن. وەک «بێکەس، هیوا، وێڵکەم، گێژاو» و زۆری دی. تەنانەت زۆر کات کە تێمی سەرەکی بەرهەمێکی هونەریی/ئەدەبیی کوردی دەربارەی ئەم دوو چەمکە نییە، هەڵئەکەوێت کە کاراکتەرێکی ناو ئەو بەرهەمە، یان لە پەراوێزێکدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان بچینەوە سەر ئەو چەمکانە. هۆکارەکانی پشت ئەم دیاردەیە (کە لە ڕاستیدا دیاردەیەکی نە باشە و نە خراپ) لە یەکەم ڕوانیندا سادە دەردەکەون. وەک «کۆچی ئارەزوومەندانە و ناچاریی کوردان بۆ ئەوروپا و ئەمریکا بە تایبەت لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا». بەڵام گومانم نییە کە هۆکارێکی قووڵتر و تاریکتریش شیانی بوونی هەیە و گومانی تۆخترم لە «بێ دەوڵەتیی»ە بۆ ئەم باسە. «بێ دەوڵەتیی» جیا لەوەی کە ڕاستییەکی ڕەقوتەقی سیاسییە، لە هەمان کاتیشدا دۆخێکی بوونە، کە هێندەی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونی ئینسانی کورد داناوە، ڕەنگە هێندە زەق و ڕاستەوخۆ کاری خۆی نەکردبێت.
ئەم دیاردەیە نە باشە و نە خراپ، بۆیە ئەم قسانەم گلەیی نین لە نووسەر. بە پێچەوانەوە سەلیقەی تایبەتی خۆم جۆرێکە کە ئەم جۆرە لە گێڕانەوە چێژێکی زۆرم پێ ئەبەخشێت. بۆ ئەمەش هۆکاری خۆمم هەیە، بەڵام ئێرە جێگای ئەو باسانە نییە. ئێمە هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا تێدەگەین کە خەریکین ببینە چاودێر بەسەر ژیانی کەسانێکەوە، کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی جیهانن و کەوتوونەتە وڵاتی سوید لە ڕۆژئاوای جیهان، ئیدی بە هەر هۆکارێک بێت. ئەم کەسانە، باشتر بڵێین کاراکتەرەکانمان، خەڵکانێکن هێشتا خەریکی دەستوپەنجە نەرمکردنن لەگەڵ کلتووری ڕۆژئاوادا. ئەمە ڕەنگە دووبارەترین تایبەتمەندیی کاراکتەری ڕۆمان و فیلمی کوردی بێت (دووبارە گلەیی ناکەم).

بۆچوونێکی بەهێزی ناو زانستی ئانترۆپۆلۆجی پێمان دەڵێت کە «گێڕانەوە» یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگ و یەکلاکەرەوەکانی مرۆڤە و تا ڕادەیەک خاڵی یەکلاکەرەوەی مرۆڤبوونە. گوایە قۆناغی دروستبوونی جۆرێکی سەرەتایی لە “زمان” هەر بە «گێڕانەوە» دەستی پێ کردووە. واتا «گێڕانەوە» خۆی بە سروشت تایبەتمەندییەک و چالاکییەکی مرۆییە. دواتر «گێڕانەوە» لە ناو کایە مەعریفییەکاندا ئەرکی دیکەی پەرەسەندوو وەردەگرێت و لەگەڵیشیدا شێوەی دەگۆڕێت. تەکنیک و فۆرم تیایدا دەگۆڕێن و هەمەجۆر دەبن. ئەگەر بڕیار بێ «گێڕانەوە» هێڵی جیاکەرەوەی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی دیکە بێت، کەواتە تەکنیکی جیاواز و نوێ، هێڵی جیاکەرەوەی نووسەر و کەسانی دیکەیە. وە ئەگەر بڕیارە ئەمەش دووبارە ڕاست بێت، ئەوا «گێڕانەوە» بە شێوەی داهێنەرانە و جیاواز لەوانەی دی، هێڵی جیاکەرەوەی نووسەری باش و خراپە. بە مەرجێک کە ئەم جیاوازبوونە تەنها لەبەر خاتری جیاوازبوون نەبێت و لەسەر حیسابی ڕەهەندەکانی دیکەی نووسین خۆی دەوڵەمەند نەکات. «گێڕانەوە»ی ناڕاستەهێڵی ئەم ڕۆمانە و ئەوەی کە لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە بەری دەکەوین، بە تایبەت کاتێک وەک کەسی دووەمی تاک بەری دەکەوین، یەکێکە لە تایبەتمەندییە باشەکانی.
هەمیشە کێشەم لەگەڵ ئەو چیرۆک و ڕۆمان و فیلمانەدا هەبووە کە لە سەرەتاوە پەنایان بردووەتە بەر «مردن و کوشتن و خۆکوشتن». چونکە هەمیشە پێم وا بووە کە پەنابردنە بەر تێمی «مەرگ» جۆرێکە لە تەمبەڵیی لە داهێنان و خەیاڵکردندا، بۆ ئەوەی ئالەتی درامی ئاسانت دەستکەوێت و بنیاتی چیرۆکەکەت ئاسان چنگ بکەوێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم جۆرە گێڕانەوانە ناتوانن داهێنەرانە بن و هونەریان تێدا بێت. لە سەرەتاوە خوێنەر پریشکی خوێنی سەر سینگی کاراکتەرێک کە فیشەکێکی ناوە بە دڵی خۆیەوە، بە چاوانییەوە دەنووسێت و هەر زوو باسەکە لە باسێکی تراژیدی مرۆییەوە دەبێتە باسێکی تێکنیکاڵی خۆکوژی دەربارەی ئەوەی ئاخۆ کەسێک کە دەیەوێ خۆی بکوژێت، باشترە فیشەک بە سەری خۆیەوە بنێت یان بە سنگییەوە؟ “باشتر” بە مانای ئەوەی کامیان ئازاری کەمترە؟ “ئازار” بە مانای ئەوەی مرۆڤ لە سەروبەندی مردندا، ئاگای لەوە هەیە کە خەریکە دەمرێت و ئەم ئاگا لێ بوونە ئازاری دەدات؟ ئەم ئێست و وەستانانەی ڕۆمان، کە ڕەنگە بتوانین ناوی بنێین (شەپۆلی هۆش) تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشن کە ڕەنگە سینەمام بیر بخەنەوە بۆیە خۆشم دەوێن. لەمەدا ئەنوەر عەباسی، چ لەم کتێبەدا و چ لە (سژین)دا، وەستا و کارامەیە.
بازێک دەدەم بەسەر هەندێک باسی تردا و دەگوازمەوە بۆ جێگایەک کە تیایدا باسی گرنگی ڕووخسار یان سەری مرۆڤ دەکات و دەڵێت کە جۆرێک هێمان بۆ «منبوونی» کەسێک. ئەم وەستانە لەسەر «سەر یان ڕووخسار» سەرنج و بیری بۆ لای دوو بابەتی پەیوەندیدار ڕاکێشام.
یەک: ئەکتەری ئینگلیز ڕەیف فاینس Ralph Fiennes (بەڵێ ناوەکەی وا دەخوێنرێتەوە) لە چاوپێکەوتنێکدا شتێکی سەرنجڕاکێش دەربارەی دەرهێنەری هەنگاری ئیستڤان سابۆ István Szabó دەڵێت. باسی ئەوە دەکات کە لە کاتی دروستکردنی فیلمی Sunshineدا سابۆ باسی گرنگی گرتەی کلۆز-ئەپی بۆ فاینس کردووە و پێی وتووە کە ماهییەتی سینەما لای ئەو (واتە سابۆ) ئەو گرتەیەیە. ئەو گرتەیەی کە کامێرا لە نزیکەوە ڕووخساری کاراکتەرێکمان پیشان دەدات. ئەم گرنگییە لە سینەمادا بەربڵاوە و دەرهێنەری دیکە زۆرن کە بە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە، ئامانجی دیاریکراویان پێکاوە. لەوانە کوبریک و ماڵیک و بێلا تار و تارانتینۆ و زۆری دیش.
دووەم: گرنگیی «سەر» وەک ئەندامێکی سەربەخۆ و تاقانەی جەستەی مرۆڤ و خودا لە میتۆلۆجیا و کلتووری هیندیدا. بەشێک لە خوداوەندەکانی هیندییەکان، وەک (گانێشا و شیڤا) بە ڕوونی لە فیگەریاندا دیارە کە «سەر»یان گرنگی تایبەتی هەیە. لەوە ئەچێت ئەمە بە جۆرێک لە ناو کلتوور و زمانی هیندیدا ڕەنگی دابێتەوە و کاریگەریی پەیدا کردبێت. بۆ نمونە لە زمانی جەستەیاندا. هیندەکان بۆ زۆر ئاماژەی جۆراوجۆر و جیاواز چەندین جووڵەی جیاوازی سەریان هەیە و لە ڕێگەیەوە ئاسانتر پەیام و مەبەستی خۆیان بە بەرامبەرەکەیان دەگەیەنن.
واتە لای سینەماکاران و هیندەکان سەر گرنگە و ئەم گرنگییە هێندە خواسایی و حاشاهەڵنەگرە کە ڕۆماننووسێکی کوردیش، بێ ئەوەی سینەماکار و هیند بێت، ئاماژەی پێ ئەدات.
لە ناساندنی کاراکتەری «سادق»دا بەر کاراکتەرسازییەکی سەیر و سەرنجڕاکێش دەکەوین. جۆرێک پەیوەندیی تاک بە پێشخان و جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە، کە دواجار تاک و جوگرافیا و مێژوو، وەک ئەڵقەگەلی زنجیرێکی نەپساو، بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە و لە ڕێگای ئەم ڕایەڵەیەوە بەر باسگەلێکی وەک «ئەنفال، پەیوەندی ئەنفال بە ئیسلامەوە، دۆخی کورد و شیعە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەددامدا، نەبەردیی پێشمەرگە، شێوەی قسەکردنی دایکێکی سەقزی، بێ دەسەڵاتبوونی ئینسان بەسەر ژیانی خۆیدا و ئەو جەبرە یەک لە دوای یەکانەی کە ژیانی ئینسانێک لە قاڵب ئەدەن – وەک ئەو جەبرانەی سادقیان کردبوو بە سادق» دەکەوین. ئەم تەکنیکە لە دروستکردنی کاراکتەر، جۆرێک لە تونێل لە بیرکردنەوەی خوێنەردا دروست دەکات، کە هەم جوانە و هەمیش یاریدەی دەدات بۆ ئاسانتر وێناکردن و پێکەوەبەستنی کاراکتەر و ڕووداوە جیاوازەکانی ناو گێڕانەوەکە و پشت گێڕانەوەکە. لە درێژەی ئەو باسی «جەبرە یەک لە دوای یەکانە»دا و لە جێگایەکی دیکەدا دەنووسێت “کێشەکە ڕاست لێرەدایە! گرنگ نییە چیت بەسەر هاتبێ. گرنگ نییە چییان بەسەر هێنابی. تۆ هەر دژکردەوەیەک بنوێنی خەتاباری و هەرچیش باس بکەی دەبێ بە پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکەت.” ئەمە دەتوانێت جگە لە ئەرکە ئەدەبیی و هونەرییەکەی خۆی کە مانادارکردنی بەشێکی ڕۆمانەکەیە بە پێی بەستێنی ڕۆمانەکە خۆی، لە هەمان کاتیشدا جۆرێک لە ئانتیتێزی هەموو ئەو بیرۆکە ئێگزستێنشیاڵانەیە کە پێیان وایە «مرۆڤ بەرپرسیاری یەکەم و کۆتایی هەموو ئەو شتانەیە کە بەسەری دێن». ئەم تێهەڵچوونەوەیە بە بڕوا و فەلسەفە لەپێشینە کاریگەر و چەسپاوەکان، تایبەتمەندییەکی هونەرییانەی ڕۆمانە و دەشزانم کە هەموو ڕۆماننووسێک ئەمەی لە دەست نایەت.
نازانم ئاخۆ ڕێک چ شتێک ڕۆمانێک ئەکاتە ڕۆمانێکی سیاسیی. کاراکتەر؟ چیرۆک؟ کەش؟ یان بە گشتی گێڕانەوەیە کە وا دەکات هەموو ئەمانە نەتوانن خۆیان لە داوی سیاسەت ڕزگار بکەن. دووەمین ڕۆمانی نووسەرە (ئەم کتێبە و سژین) کە پێیەکیان، کە پێ دەچێ شا-پێ بێت، لە ناو سیاسەتدایە و ئەو هەستەت بۆ دروست دەکەن کە لە ڕاستیدا سیاسەت لەم گێڕانەوانەدا داو و تۆڕ نییە، بەڵکو چەترێکە کە ڕێکوپێک هەموو شتێکی دیکە لە ژێر خۆیدا کۆ دەکاتەوە. ئەم شتە، کە لای خەڵکی دیکەی وەک بەختیار عەلی و عەتا نەهاییش بوونی هەیە، نوێنەرێکی زۆر ڕاستگۆ و ڕاستەقینەی ژیانی ئینسانی کوردە. ئینسانی کورد خواساییانە بوونەوەرێکی سیاسییە. یان سیاسییە یان کورد نییە. یەکێک لەو وتانەی دەربارەی سیاسەت کە باش بارودۆخی کورد دەپێکێ ئەم وتەیە “ئەگەر تۆش کارت بە سیاسەتەوە نەبێت، خۆ سیاسەت کاری بە تۆوە هەیە”. لە پاڵ ئەمەدا، پێم وایە پێشخانی سیاسی نووسەر، هێندەی ئاگادار بم، جارجار ڕۆمانەکانی بەرەو ئاقاری ئۆتۆبایۆگرافیبوون دەبەن. ئەمەش شتێکی نامۆ نییە و ئەدیبی دیکەی وەک ئێرنێست هێمینگوای لە ڕۆمانی (خۆریش هەڵدێت) و جاک لەندەن لە ڕۆمانی (مارتن ئیدن)دا بەم شێوەیە کاریان کردووە و چاکیش کاریان کردووە.
بە پێی ئەزموون و بینین و بیستن، لەوە تێگەیشتووم کە بە شێوەیەکی گشتی جیاوازی نێوان پەنابەری کوردستانی باشوور و پەنابەری کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئەوروپا ئەوەیە کە باشوورییەکان زۆرینە لەبەر هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەندێک کات شەخسی وڵاتیان جێهێشتووە و چوونەتە ئەوروپا. لە بەرانبەردا ڕۆژهەڵاتییەکان زۆرینە کێشەی سیاسیی پاڵی بەرەو ئەوروپا پێوە ناون. ئەم جیاوازییە دۆخی جیاواز، دێمۆگرافی جیاواز، بیرکردنەوەی جیاواز، بەرهەمی جیاواز و چارەنووسی جیاوازی دروست کردووە. بۆ نمونە ژمارەی کوردانی ڕۆژهەڵات لە بڕیتانیا زۆر کەمترە بە بەراورد بە کوردانی باشوور و ئەوان زیاتر بەر وڵاتانی سکاندیناڤی و هۆڵەندا و ئەڵمانیا کەوتوون. چونکە هۆکاری زۆرینەی باشوورییەکان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزی، پارەیە. بڕیتانیا هەلی زیاتریان بۆ کۆکردنەوەی پارە دەداتێ. ڕۆژهەڵاتییەکان کە لە ئەساسدا کێشە و پاڵنەرەکەیان پارە نەبووە، لە پاڵ چەند هۆکارێکی دیکەی وەک سیستمی پەنابەریی وڵاتانی سکەندیناڤی، ئاوی نێوان فڕەنسا-بڕیتانیایان نەبڕیوە. لە ڕۆمانەکەوە: دێیتە دەرەوە و نازانی بۆ نامری. بەڵام دەزانی کێشەی گەورەتریش هەیە. بە خۆت دەڵێی “باشە کوڕە، لانیکەم لە سێدارە نەدراوم”. ئەمە بیری بردمە لای ئەو ڕاستییە تاڵەی کە ئاخۆ چەند هونەرمەند، شاعیر و ڕۆماننووسی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێش ئەوەی ببنە هونەرمەند، شاعیر و ڕۆماننووس لە سێدارە دراون و ئێمە پێمان نەزانیون؟ ئەمە زۆر دڵتەنگم ئەکات.
«ئاراس ئەمەی دەزانی، بەڵام ئایا مرۆڤێک کە ڕۆڵی ڕۆبۆت وەردەگرێ خۆی لە بەرپرسیارەتیش دادەماڵێ؟ دوایین جار کە لەم بابەتە ورد بووەوە و ئەخلاقیی و نائەخلاقیی بوونی ئەو کارەی هەڵسەنگان کە دەیویست بیکات، بەو ئەنجامە گەیشت کە لە هەر حاڵەتێکدا؛ مرۆڤ ئاژەڵی بەرپرسیارە!» ڕەنگە ماهییەتی ڕۆمان وەک هونەرێک یان میدیەمێکی ئەدەبیی هەر ئەمە بێت، کە جار جارە بیرمان بەرێتە لای ئەو پرسیارانەی کە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو خەریکی وەڵامدانەوەیانە و هێشتاش بە هیچ کوێ نەگەیشتووە. بە هیچ کوێ نەگەیشتووە بەو مانایەی کە پرسیارە فەلسەفییەکان خۆیان خاوەن ڕوحێکی هەرمان و بێ کۆتان و بڕیار نییە بە مەنزڵێک بگەن. خۆ ئەگەر بە جێیەک بگەن ئیتر بە پرسیاری فەلسەفیی نامێنن و دەبنە شتێکی دی. ئەم باسە، کە بێگومان دەمانگەڕێنێتەوە سەر زۆر خاڵ و کەسی دیکەی ناو مێژووی ئەدەبیات و فیکر (بۆ نمونە هانا ئارێنت)، باسێکە کە هەموو کات گرنگە و بۆ تێگەیشتن لە زۆر خەڵک و سیستم و ڕووداو و کارەساتی مێژوو یاریدەی ئینسان دەدات. لە سیستمێکدایت و دۆخێک دروست دەبێت کە تیایدا تۆ فەرمانت پێ دەدرێ کەسێک بکوژیت و تۆش دەیکوژیت، ئایا بەڕاستی تۆ بەرپرسیاریت یان برغویەکیت لە ناو مەکینەی سیستمێکی گەورەتردا و تەنها ئەرکی خۆت جێبەجێ دەکەی؟ ئەو سەربازانەی ئاوشڤیتزیان پاس دەکرد، بە قەد هیتلەر تاوانبارن یان نا؟ کە وا بێ، سیستم خۆی چییە جگە لە کۆمەڵێک برغو کە خەریکی کاری خۆیانن؟ مرۆڤ ئاژەڵی بەرپرسیارە.
دەشێ لەسەر هەر بەشێکی ئەم ڕۆمانە بوەستم و کۆمەڵێک قسەم هەبێت، بەڵام پێم وا نییە کاری ئەم جۆرە لە نووسین دەربارەی دەقی ئەدەبی شەنوکەوێک بێت کە هیچی وا لە دوای خۆی بەجێ نەهێڵێت. بڕوای زۆریشم بەوە هەیە کە هەندێک هەست و درک لە کاتی خوێندنەوەدا، ناکرێن بە وشە و شەرح ناکرێن. هەڵدەکەوێت، لە تەواوی دنیادا، تۆ تاکە کەس بیت کە بە قووڵی بەر دێڕێکی ناو ڕۆمانێک بکەویت، سەرەڕای ئەوەی هەزاران کەسی دیکەش هەمان ڕۆمان و هەمان دێڕیان خوێندبێتەوە. چونکە ئەزموونی خوێندنەوە، هاوتای ئەزموونی نووسین تاقانە و تایبەتە و کارلێکی دوو دنیای (نووسین و خوێندنەوە) یەکسانە بە ئەزموونێک کە هەندێک جار دەربڕینی یەکجار قورسە.