چەمانەوەی بووتیقا | سۆران محەمەدی
خوێندنەوەیەک لە کتێبی تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا ـەوە بۆ با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی شاعیر ”شوعەیب میرزایی”
سۆران محەمەدی

پێشەکی؛
ئەم وتارە هەوڵ دەدا کێلەکەکانی ئاوانگارد لە دیوانە شیعری “تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا” دەستنیشان بکات و ئەو تایبەتمەندییانەی کە بەرچاون بە نموونەوە پیشان بدات. لە دواییدا پێویستیی گۆڕینی فۆڕم و شیوەی داڕشتن لە دواهەمین شیعری شوعەیب میرزایی “با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی” بۆ پۆست ئاوانگارد زەق دەکاتەوە و بە چەند نموونە و تێبینی گریمانەی خۆی سەبارەت بە لادان لە بوتیقای نەریتی و ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزییەکانی سەردەمی مودێڕن لە هەردوو شێوازدا پێشکەشی خوێنەران دەکا.
بنەما تئورییەکان؛
ئاوانگارد
بیرۆکەی ئاوانگاردیزم بیرۆکەی پێشکەوتن بوو. کۆتایی هاتنی بابەتێکی ڕاگەیاند تاکوو خۆی دەستپێکەری شتێکی بە تەواوی نوێ بێت. ڕابردووی بەجێهێشت تاکو بگاتە داهاتووی پێشەوە. ئاوانگاردیزم دیاردەیەکی کولتووری بوو بە لایەنی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، دەروونناسی و فەلسەفیییەوە و پێگەی لە نموونە ناوازەکانی هونەر، شیعر و مۆسیقادا هەبوو. دەکرێ بڵێین ئاوانگاردەکان کەسانێک بە ئارمان و بایەخی هاوبەشن کە ژیانێکی یاخییان هەڵبژاردووە.
شیعری ئاوانگارد جۆرێکە لە شیعری مۆدێرن کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا وەک بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە و داهێنەرانە بەدوای پچڕانێکی تەواو لە نەریتە کلاسیک و نۆرمە ئەدەبییە باوەکان، سەریهەڵدا. ئەم شێوازە بە ڕێبازێکی ڕادیکاڵ، نەک هەر هەڵڵا لە فۆرم و پێکهاتەی شیعر (وەک قافیە و ڕیتم) دەکات، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ ڕەخنەی قووڵ لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییەکان دەڕوانێ، بە چەشنێ کە تەنانەت لە هەندێک بزووتنەوەی هاوچەرخیش جودای دەکاتەوە. ئاوانگارد بە ئایندەگەرایی و ئامانجخوازی دەناسرێ، واتە ئامانجی گۆڕینی جیهان و دروستکردنی ڕوانگەیەکی نوێیە لە ڕێگەی ئاگاهی، ناڕەزایەتی، یان پێناسەکردنەوەی شوناسەوە. ئەم شیعرە زۆرجار زمانی ئەزموونکراو و وێنەی چاوەڕواننەکراو و فرەچەشنی زمانی(هیترۆگلۆسیا) و کارلێکی دەنگە سەربەخۆکان (پۆلیفۆنی/چەنددەنگی) بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ئەزموونێکی پێشبینینەکراو بۆ خوێنەر دروست بکات و ناچاریان بکا بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیان هەبێت. لە درێژەدا نموونەی شیعریی لە کتێبی “تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا” لە توێی تایبەتمەندییەکانی شیعری ئاوانگارددا دێنینەوە کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی پێشکەوتنخوازانە و گۆڕانکاریخوازانەی ئاوانگاردن(عەلایی ١٣٩٠).
داهێنانی ڕادیکاڵ و دابڕان لە نەریتەکان:
شیعری ئاوانگارد هەوڵدەدات بە تەواوی لە پێکهاتە شیعرییە نەریتییەکان (وەک قافیە، ڕیتمی تەکووز، یان تەوەرە ئاشقانە کلاسیکیەکان) داببڕێ. ئەم داهێنانە، بەکارهێنانی فۆڕمی ناهێڵی، وێنەی چاوەڕواننەکراو و زمانی ئەزموونی لەخۆدەگرێت.
نموونە:
“ژنێ خەریکە خەیانەتەکانی لە حەماما ئەشۆرێ
ژنێ خەریکە ماچەکانی بۆ پیاوێکی بێ دەست ئەنێرێ”
“تۆ گیانی خیابان
کوێنەی تارانەکانت لە من تاریکترە تا بیزەخمێنم
تۆ گیانی خیابان
ئەم گشتە پێست و پێست و کەوگە لە توا چۆن ماوە”
“چوار مەیتی بە دیار خۆمەوە دانیشتووم
چوار مەیتی بە خیابانا هەڕا ئەکەم”
“-: تاریکی خۆمم بەس نییە
ئەشێ ڕۆژێ چوار کڵاف
چوار کڵاف ئەم نیشتمانە کون کونە بدوورم”
ڕەخنە لە پێکهاتەکانی دەسەڵات:
ئەم چەشنە شیعرە زۆرجار وەک ئامرازێک بۆ ڕەخنەگرتن لە نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی، یان سیاسی بە کار دەهێنرێ. ئاوانگارد بە ڕووخاندنی ئەم پێکهاتانە، بەدوای گۆڕانکاری ڕیشەییدا دەگەڕێت.
نموونە:
“دەنگیان دا کە نیشتمان شۆخییەکە بە دیوارەوە”
“تارانەکانت و پیاوێ لە خاترەتا خوێن و خڵپان
تارانەکانت و کراسێ نەماوە مردنتی تیا نەگریم”
“خوا گیان
خوای ئەم دنیا و ئەو دنیا و تەواوی دنیاکان
خوای دارین و بارین
خوای مردنی شکووفە و حەمام و تێخ و تاریکی
خوێن هات و خیابانی لە تاران دەرکرد
تۆ دەستت هەر لە گیرفانتا بوو
هەڵەبجە و سەردەشت و سنەیان گا
تۆ دەستت هەر لە گیرفانتا بوو”
“یا ایهاالذین ئامەنوو
دەستەکانم کوا
دەستەکانم کە شەهید و شەکەت لە تاران گەڕانەوە”
ئایندەگەرایی و ئامانجخوازیی:
شیعری ئاوانگارد بەزۆری پەیوەستە بە تێڕوانینێکی داهاتووبینەوە و ئامانجی بنیاتنانی داهاتوویەکی جیاوازە لەڕێگەی ئاگاهی یان ڕزگارییەوە. ئەم ئارمانگەراییە، لە قبوڵکردنی دۆخی هەنووکە دووری دەخاتەوە.
نموونە:
“خوێنم ئەکرد و
چ بێتامە زەوین”
“ئاشقی گەوزاو لە خوێنا لە کوێدا تیمار ئەبێت؟
-:مارستان”
“بە گیانی خۆم زەویت پێ ناگەڕێ
بێ خەیاڵ
با شیعرەکەم بنووسم”
“سڵام
بێ خواحافزی
بێ حافزی
بێ خوا”
“…تهران آسمان قلبهای دودگرفتە
دود گرفتە اینجا را
هلم یاران
کسی آنجا هست؟
و تهران موهایش یک در سیاه میریزد.”
ئەزموونێکی چاوەڕواننەکراو بۆ بەردەنگ:
ئاوانگارد خوێنەر لە ناوچەی ئاسوودەی واتاوە دەباتە دەرەوە و بانگهێشتی دەکات بۆ ئەزموونێکی نوێ، هەندێکجار سەرلێشێواوکەر یان پێشبینینەکراو. ئەمەش دەتوانێ لە ڕێگەی پچڕانی زمانیی یان وێنەی سەمەرەوە ڕووبدات.
نموونە:
“تەنیاییەکانت بکەمە بەر فیل
هاتبای بە گەورەییەکانی فیل قەسەم
ئاخری ئەم شارە شێعرەکانم گوم ئەکا”
“من و زەوین و ئەوەندە زەوین کە چۆڵ بووین و خنکاین”
“ئەکبەرەکانی ئەم شارە ئێش ئەکا
ئەکبەرەکانی ئەم شارە لە پاڵ دێڕێکی بێ ڕەنگا ڕمان و ڕەنگ کرد”
“خوای گەورەییەکانی فیل
لە زەوینێکا دامخە نیشتمان نەبێت”
“من بە ناوی ئەکبەرەوە بۆ تۆ ئەگریام بە درۆ”
“لە سنەوبەر ناسکتر دەستەکانت
لە سنەوبەر زەخمیتر من
لە چۆلەکە خەمگینتر گەرووت
ئەی شەهیدی بێقەتار”
پۆلیفۆنی/چەند دەنگی:
پۆلیفۆنی لە شیعری ئاوانگارددا ئاماژە بە ئامادەبوونی چەندین دەنگی سەربەخۆ دەکات کە هەریەکەیان ڕوانگە یان مەبەستی تایبەتی خۆیان دەپارێزن و لە کارلێکی دیالۆگێکدا لەگەڵ یەکتردان. ئەم تایبەتمەندییە بە تێکەڵکردنی دەنگی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و سۆزداری و… هۆشیاریبەخشی و ڕەخنە لە پێکهاتەکانی دەسەڵات زەقتر دەکات. ئامانجی ئەم چەنددەنگییە، بانگهێشتکردنی بینەرە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و دروستکردنی دیدگایەکی داهاتووخوازە کە ڕەگی لە ئارمانجگەرایی ئاوانگاردا هەیە. نموونە:
“-:حەشرم ئەکرد ئەگەر خوا
زەوینی بۆ بگەڕێ
ئەگەر من تاریکی دیوارێ بوایەتم و تۆ پەنجەرە؟”
“گەمژەکان تارانیان نییە
-: قیامەت بە باری سەگ و ئارەقا بنووسن”
“تۆ
وتت بە ئاو بخۆرەوە خوڕی
وتت بە دار بخنکێنە خنکاندی
وتت زەوی بخولێ خولا
وتت بە نیشتمان (ئا) دەی کوا؟
“-:الو
اونجایی
شعیب میرزایی تا حدودی سنندج و کمی
هم تهران
میشنوی چی میگم؟
اونجایی؟”
هێتێرۆگلۆسیا/چەندزمانی:
هێتێرۆگلۆسیا لە شیعری ئاوانگاردا ئاماژە بە فرەچەشنی زمان و ئاخافتن دەکات کە لە تێکەڵکردنی زمانەکان، کەلتوورەکان، یان گوتارە دژبەیەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم فرەچەشنییە، بە بەکارهێنانی وێنەی ناوچەیی لەگەڵ چەمکە جیهانییەکان، شوناسە جیاوازەکان لەپاڵ یەکتر دادەنێت و یارمەتی ڕەخنەگرتن لە بنەماکانی زاڵ دەدات. ئەم تایبەتمەندییە، بەستێنێک بۆ فرەدەنگی دابین دەکات و نوێخوازی ڕادیکاڵ دەخاتە خزمەتی گۆڕانی کۆمەڵایەتیەوە.
نموونە:
“خوێنم کرد و (جرمم این بود کە اسرار هویدا میکردم)”
“شاعیر کە خیانەک کا ئەبێتە شەرم و باشوور
ئەبێتە
(کە لە شێخیش ئەخەن نەزەر
وەک تورک و روومیێکی لەندەهوور)”
“ئەمەوێ لە ناو خۆما تا (بناقاقە ئارەق)
تا بناقاقە بە شکۆفە بڵێم باش بوو مردیت
ئەگینا خوا (ئەتیخواست بۆ خۆی)”
“یا ایهاالذین خەڵکیی شار خەمتان نەبێ
من بەشی هەمووتان ئارەق ئەخۆم”
“هەلەم کە بایێ هەڵکات و با (کەس نەیبینێ خاڵی نێوان
مەمکەکەت)”
زمانی تەجروبی و پچڕانی مانا:
بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەک کە هەڵڵا(چالش) لە مانا بکات یان بشکێنێت (بۆ نموونە، خوازەی نائاسایی یان وشەی هەڕەمەکی) تایبەتمەندی ئاوانگاردە.
نموونە:
“ئەی نیشتمانی پینە و پەڕۆ”
“کوردەواری
ئەی وڵاتە قڕ تێکەوتووەکە”
“لەم زەوینە قوڕینە کە کوردەوارییە
لەم زەوینە کە ناوی خوا لە سەری دوورە”
“-:کوردەواری بە باری کامتانا نیشتمان
کوردەواری بە باری منا تاران
لە تارانا زەخم و زوقم ئەبارێ”
“اینجایم و
بونبەستە و
غەریبی تا کوێ تارانە؟”
تێبینی
کاتئاپ وەکوو تێکنیکێکی ئاوانگارد:
باروز لە پێش هەر بیرمەندێکی ترەوە بیر لە چەمکی کۆنتڕۆڵ و چاودێری دەکاتەوە و ئەو نیزامە بەردەستەی سەرمایەداری بە نیزامێکی کۆنتڕۆڵی ناودەبات، کۆنتڕۆڵێک کە زیاتر لە هەموو شتێک لە ڕێگەی «وشەکان»ەوە جێبەجێ دەکرێت. دواتر، میشێل فۆکۆ لەژێر کاریگەری وتاری «سنوورەکانی کۆنتڕۆڵ»ی باروز، باس لە کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵییەکان دەکات. تەکنیکی کاتئاپ، دەتوانێ وەک بەربەستێک لە بەرانبەر کۆنتڕۆڵی گوتارە زاڵەکانەوە کار بکات. زمان و گفتووگۆ زاڵەکان، لە هەر سەردەمێکدا شێوازەکانی دروستکردن و دەربڕینی گوتارەکان دیاری دەکەن و بەم شێوەیە سنووری خۆیان بەسەر بیرکردنەوە و خەیاڵدا دەسەپێنن. تەکنیکی کاتئاپ بەو پێیەی کە لەسەر بنەمای ڕێکەوت دامەزراوە دەتوانێ پەیوەندی نوێ دامەزرێنێت و مانای قەدەغەکراو دروست بکات کە دوور لە دەستڕاگەیشتنی مێشکی کۆنتڕۆڵکراوی دەست زمانەکان و گوتارەکانە (باروز ١٣٩٩).
نموونە:
“دەستی ڕاستم دەستی ڕاستم دەستی ڕاستم
دەستی ڕاستم لە جنوون و جەنازەتان ئەچێت
لەم شیعرە کە لە ڕاستەوە دەس پێ ئەکا و
لە چەپ و ناوەڕاستەوە هەڵدێت”
“چاوەڕێ بووی هاتبام
پیلکانەکان بمرم ڕووت
هاتبام
تەنیایی بڕمم ڕووت”
“من و فیشەک و خاڵی و خاڵی و فیشەک و فیشەک و خاڵی و خاڵی
و فیشەک و فیشەک و خاڵی و خاڵی و فیشەک و فیشەک و خاڵی”
“خانمی مەجبووری و باش
مەجبووری و دووری
مەجبووری و مەجبووری و مەجبووری و مەجبووری
مەجبوورییەکانت چۆنە خانم”
“کەس نازانێ
لە چۆلەکە پاییز بگرییت چەنێ فرەس”
پۆست ئاوانگارد
ئەگەر بەرواردێکی دوو کتێبی (تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا) لەگەڵ (با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی) بکەین، دەبینین کە شێوازی دەربڕینیان جیاوازە و رووداوەکان بە چەشنێ تر ڕیوایەت دەکرێن. لە (با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی) لە جیاتی ڕووخاندنی چەمک و پێکهاتەکان، بە چڕبوونەوە لەسەر کاتی هەنووکە، کایە لەگەڵ ماکە کەلتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیان دەکات و بێ ئەوەی بە دوای مسۆگەرکردنی پێکهاتەکانەوە بێ، بە شوێن وڵامێکدایە بۆ نامرازی ئاوانگارد. بۆیە من پێموایە باشترین دەلاقە بۆ خوێندنەوەی شیعری (با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی) لە ڕۆچنی پۆست ئاوانگاردەوەیە.
پۆست ئاوانگارد بەوە ناسراوە کە جیاوازە لە ئاوانگارد و جەختی لەسەر کاتی هێڵی و بواری پێشکەوتن نییە؛ بۆیە نکۆڵی لە ڕابردوو و دەسکەوتەکانی ناکات و هەڵی ناوەشێنێتەوە بەڵکو بە بانگهێشتکردنی بۆ دۆخی ئێستا و لە ڕێگای گۆڕینی فۆڕم و مۆڕک لێدانەوە هەرچییەک بیەوێ ئەیکات بە هین خۆی و بە گۆڕینی یاساکانی گەمە، هەر چەشنە سنوورێک دەسڕێتەوە. ئاوانگاردەکان سەرنجیان بەرەو داهاتوو بوو لە کاتێکدا پۆست ئاوانگاردەکان تەنها کاتی ئێستا دەناسن و داهاتووی دڵخواز و چەندلایەنەی خۆیان هەر لەم کاتەدا دروست دەکەن. ئەگەر ئاوانگاردەکان دژی هونەری ساختە و درۆین و کولتووری مەکانیکی بوون، پۆست ئاوانگاردەکان بە گرنگیدان بە هونەری ساختە لە ماتەوزەکانی بەقازانجی خۆیان کەڵک وەردەگرن؛ واتە پۆست ئاوانگاردەکان لە جیاتی دژایەتی لەگەڵ سیستەم یان کولتوورێکی تایبەت، لە تواناکانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان کەڵک وەردەگرن(کریستوا ١٤٠٢).
تایبەتمەندییەکانی شیعری پۆست ئاوانگارد
شیعری پۆست ئاوانگارد وەک وەڵامێک بۆ ئارمانخوازی و داهێنانە ڕادیکاڵەکانی ئاوانگارد، لەبری هەوڵدان بۆ گۆڕانیی ڕادیکاڵانەی جیهان، تیشک دەخاتە سەر ڕەنگدانەوە و گەمەکردن بەو واقیعانەی کە هەن. لە درێژەدا تایبەتمەندییەکانی شیعری پۆست ئاوانگارد بە هێنانەوەی نموونە لە شیعری (با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی) کۆتایی بە بابەتەکە دەدەین.
دوورکەوتنەوە لە ئامانجخوازی:
پۆست ئاوانگارد خۆی لە ئامانجخوازی ئاوانگارد دوور دەگرێت و لەبری هێنانە ئارای چارەسەر یان داهاتوویەکی ئایدیال، بە تەنز یان کەمتەرخەمییەوە دۆخی هەنووکە پیشان دەدات.
پۆست ئاوانگارد زۆرجار ئایرۆنی، تەنز، یان گاڵتەجاڕی لەگەڵدایە و لەجیاتی ڕەتکردنەوەی بەگشتی، بە شێوەیەکی بزۆز مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەی نەریتی و تەنانەت دەستکەوتەکانی ئاوانگاردیشدا دەکات. ئەم ڕێبازە، جددییەتی ئارماج خوازانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
نموونە:
“وتم گیان خوا با سەقام بگرێ کۆلان
گیان بێتەوە بە لەشیا خیابان
وتم گیان خوا ئەمجارە با نەبێ بە شیعر
خوا گیانی تیا نەما”
“… لە دەرەوە سەگ وەک سەگ
کراسی جوانی و جەنازە هەڵئەدڕێت.”
“کوڕی خوا ئەشێ چەنێ چرالامپا و دەرزی
ئینگلیسی بگێڕمە یەکا
ئەم نیشتمانە کۆستکەوتووە، ژیر بیباتەوە؟”
“لێگەڕێ
ئێستا بە هۆشی دەستکردیش بڵێی خۆشتم ئەوێی، ئەڵێ بە گونمەو”
سەرنج لە سەر کاتی ئێستا:
بەپێچەوانەی داهاتووخوازیی ئاوانگارد، پۆست ئاوانگارد دەپرژێتە سەر ساتەوەختی ئێستا و کولتوری هاوچەرخ (وەک میدیاکان، مەسرەفگەرایی، یان تەکنەلۆژی) و خۆی لە پێشکەشکردنی ڕوانگەیەکی دیاریکراو بۆ داهاتوو دەپارێزێت.
نموونە:
“دەستم تێناچێ بمرم
دەستم تێناچی هەڕا بکەم هاوار بکەم:
ئێوە بە باڵندە درۆزنەکانتانەوە، ئێوە بە خوای ساڵی ڕەش و شەستەوە”
“لێگەڕێ
ئەم ڕۆژانە ڕۆژی دەست تێنەچووەکانە”
“….لە سنە خوێن خوێن خوێن
لە سنە خوێن ئەڕوا باوکە.”
“ئەی شار
خوای ساڵی فروودگا بێ فڕۆکەکان
خەریکە کۆڵانەکان لە ئاسمانەکانەوە هەڵئەواسێ”
گەمەکردن بە پێکهاتەکان:
ئەم شێوازە لەبری ئەوەی نەریت بە تەواوی لەناو ببات، کایە لەگەڵ فۆرم و بابەتەکاندا (چ نەریتی و چ ئاوانگارد) دەکات. ئەمە دەکرێ بە تێکەڵکردنی ماکە دژ بەیەکەکان یان بەکارهێنانی پێکهاتەی چاوەڕواننەکراو ئەنجام بدرێ.
نموونە:
“… نیتچە بوو هەڵەپەڕی؛ ئیسپینۆزا بوو خوای ئەخوارد.”
“سادق هدایەت جیرۆکێکی هەیە بە ناو
داش ئاکول
بەڵام؛ شیعر نووسین دوای تۆ هەڵەیە”
“سنە پێش لەوەی ئسپینۆزا خوا بخوات، پێش لەوەی نوێژ لە
زاهیدانا خوێن بکات
زامێکی کوتراو بوو.”
“ئەوەی تێئەفکرێ ژیان تەنیا زەوینێکی بێ بایەخی یارییە و پێ وایە
دۆڕاندوویە، دۆڕاندوویە فەرقێ ناکات
ئەوەش کە سەرخۆشانە پێ وایە لەو زەوینە بێ بایەخە لە یارییەکا
سەرکەوتووە، دۆڕاندوویە فەرقێ ناکات”
پۆلیفۆنی (چەنددەنگی) لە شیعری پۆست ئاوانگارددا
پۆلیفۆنی لە شیعری پۆست ئاوانگارددا ئاماژەیە بۆ کارلێکی دەنگە سەربەخۆکان، بەڵام ئەم دەنگانە زۆرجار بەبێ ئامانجێکی کۆتایی و بە ڕوانێنێکی ڕەوان و ناجێگیرەوە دێنە ئاراوە. تێکەڵبوونی تراژدی و ئایرۆنی دەنگە دژبەیەکەکان لەبری ئەوەی ببێتە هۆکاری چارەسەرکردن، زیاتر ناکۆکییەکە دەردەخەن. ئەم شێوازە خوێنەر بانگهێشت دەکات بۆ وردبوونەوە لە دۆخی ئێستا، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی ئایدیالیستی پێشکەش بکات.
نموونە:
“_چرا صفحەی ٥٧ کتاب سفیدە
منظورت از تهرانهایت درد میکند چییە
چرا کتابهای “کاف-قاف”را توزیع کردەای
چرا چرا چرا چرا چرااا”
“-کەل و پەلی ناو ماڵ ئەکڕین
ماڵێ نۆکی بێ، نیسکی بێ، خوێنی بێ، ئاوی بێ، یاوی بێ، دەردی بێ”
“هیچ خوێنێ ئەم زستانە ناشواتەوە
ڕەنگە لێرەدا بمەوێ باسی دووری بکەم وەک چۆن
گۆشەی لێوی تۆ، گۆشەی لێوی تۆ بوو
پێست بووی هەتاو ئەتیڕنی”
“- شنبه دو برگ سفته میاری برا تعهد
تا تو باشی دیگه
بیانیه امضا نکنی
ئاغا
برای نوشتن شعری که سیاسی نباشد
باید گوش سپرد به صدای پرندگان
برای شنیدن صدای پرندگان
باید قطع شود صدای این جنگندە’
هێتێرۆگلۆسیا لە شیعری پۆست ئاوانگارد
هێتێرۆگلۆسیا لە شیعری پۆست ئاوانگارددا بە ڕەنگاڵەیی زمان و گفتەکان، یان ئاماژەکردن بە کەلتووری هاوچەرخ، شوناسە دژبەیەکان نیشان دەدات. ئەم فرەچەشنییە. پێچەوانەی ئاوانگارد، لە جیاتی ڕەخنەی پێکهاتەیی، گرنگی بە ڕەنگدانەوەی گاڵتەجاڕانە و چەندلایەنەی واقێعەکانی ئەمڕۆ دەدات و دەبێتە هۆکاری نادڵنیابوون لە مانای دەقدا.
نموونە:
‘دم و دم و دم فی بلادک
لە مزگەوتەکانەوە دەنگی یاایهاالذین ئەی نیشتمان دێت”
“ئەی کورد
زارم و نەحیفم و هیلاکم وەک هیلاک
ئەی کورد
چ بەفرێ بەسەر شانتەوە بێ جێ ماوە”
“چۆن بنووسم کە شیعر بێت و شۆر
ئیسماعیل بێت و لعنت بە این زندگی
نیکا بێت و شێواز
ئەی دەیرەزووری دەرد”
“بۆ سەردەشت و تەنگەنەفەسییەکی تۆخ
کێ ئەیزانی کە ئاوا تەناف هەڵخەن بۆ شارێ”
“ئەی کچە گەندەمووی سەر مەچەک هەڵنەگرتوو
گوڵ کوانێ لە بارووت و گەوەزنا زەرد ئەچکێ
بڕوانە
نیشانەی ماتەمی پاییز لە فرمێسکی درشتایە
بڕوانە
چو گرگ زوزە کشیدم چو سگ بێ وەفا خوێن
من چی بکەم
زمانە صاحب سگ من سگش”
کارناوالیزم لە شیعری پۆست ئاوانگارددا
کارناوالیزم لە شیعری پۆست ئاوانگارددا لە ڕێگەی تەنز، گاڵتەجاڕی و پێچەوانەکردنەوەی پلەبەندییە کولتوورییەکان خۆی دەنوێنێت، ئەم تایبەتمەندییە گەمە بە جددییەتی تراژیدی دەکات و دەسەڵاتی دەقی دەڕووخێنێ و بە تێکدانی سیستمی باو، لەبری گۆڕانکاری، دۆخەکە دەخاتە ژێر پرسیاری تەنزئامێزەوە و خوێنەر ناچار بە پێکەنین یان وردبوونەوە دەکات. یەک لە تایبەتمەندییەکانی کارناواڵیزم گرۆتێسکە؛ گرۆتێسک لە دژایەتی نێوان تراژیدی و گاڵتەجاڕیەوە دێتە ئاراوە و کارناوالیزم بە توێیەک لە شێواندن و ناڕوونی دەوڵەمەندتر دەکات. ئەم شێوازە، گەمە بە جدییەتی ئاوانگارد دەکات و بینەر هان دەدات بۆ پێکەنینی تاڵ یان بیرکردنەوەی قووڵتر(محەمەدی ١٤٠٠).
نموونە:
“عەتا بە دەم با و باڵندەوە خەوتووە
شۆڕش خەوتووە
بەڵام
من و ناسری؛ بە دیار سەردەشت و تەنگەنەفەسی پەزەکێفییەکەوە دانیشتووین.”
“بێڵانە کا عەتا!
ڕۆژگارێکی سەیرە
لە قومارخانوکانی مسکۆدا داستایۆفسکی ئەفرۆشن”
“سنەیە؛ سەعات دووی دوای زاهیدان دوای قەمەری بەنی هاشم
خواڕۆ
خوانوور
خوانوور بوو…”
“…خواڕۆ
خوانوور
شێوازی مردنی تۆ شێوازی مردنی تۆ بوو
کەس ناتوانێ، هەم نیچە بێت هەم هەڵپەڕێت، حوسەین بێت، لە بێئاویا بمرێت”
“من شەوانە بە لای وەسەتما ئەخەوم و ڕۆژانە بە باری چەپا
من و حەسەن زیرەک و ژیانی خۆش مەحالە ئەگینا
نا ئەگینای نیییە حەمەساڵە، قەحبەیی دنیایە و تەواو
قەحبەیی دنیایە و ئاوا بڕوات خوا ئاسمان گووم تیا ئەبارێت”
ئاماژەدان بە کولتوری هاوچەرخ:
ئەم چەشنە شیعرە بە بەکارهێنانی هێما و ئاماژەکان بۆ کولتوری سەردەم (وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕیکلامەکان، یان بەرهەمە کولتورییەکان) ناسنامەی خۆی پێکدەهێنێت.
نموونە:
“پڕی ئەم ژوورەیە لە دەرد
لە کەماڵ، لە فیشەک، لە شەکەت
-علت مرگ نامعلوم”
“ئەلۆ
ئێمە شێت ئێمە دەهری
ئێمە گوڵزار کچێکە و بێهزاد شاعیرێکی یەک ئیکس لارج”
“هەشتەگ کاڵێ، هەشتەگ خورما
هەشتەگ جەرگ بڕین سەختە نەتاندیوە
هەشتەگ تەنگەنەفەسی
هەشتەگ نوور، هەشتەگ خواڕۆ خوانوور
هەشتەگ دەستدڕێژی
هەشتەگ سنە…”
جێگرەوە بە گێڕانەوەی بچووک:
ڕووخانی گێڕانەوە گەورەکان : کۆتاییی چیرۆکە مەزنەکان؛
ئەم چەمکە لەلایەن فەیلەسووفی فەرانسەیی، ژان فرانسوا لیۆتارەوە خراوەتەڕوو. “گێڕانەوە گەورەکان” یان “مێتاگێڕانەوەکان” ئاماژەن بۆ ئەو چیرۆک و ئایدیۆلۆژیا مەزنانەی کە ھەوڵ دەدەن ھەموو شتێک ڕوون بکەنەوە و ئامانجێکی کۆتایی بۆ مێژوو و مرۆڤایەتی دابین بکەن. پۆستمۆدێرنیسم و دوابەدوای ئەویش شیعری پۆست ئاوانگارد، ڕای دەگەیەنێت کە سەردەمی ئەم گێڕانەوە جیھانگیرانە (جهان شمول) بەسەرچووە. واتە لەبری چیرۆکە قەبەکان “وردەگێڕانەوەکان” گرنگی پەیدا دەکەن؛ واتە چیرۆکە بچووک، کەسیی، ناوچەیی و کاتییەکان. شیعری پۆست ئاوانگارد لەبری ئەوەی باس لە چەمکە ئەبستراکت و گشتییەکان بکات، گرنگی و بایەخ بە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ئەزموونە تاکەکەسییەکان و ناکۆکی و دژبەرییەکانی ناو کولتوورە جیاوازەکان دەدات(سجوودی١٣٩٤). بۆ نموونە لە شیعری (با لە سەگ ساردترە…) لە جیاتی ڕیوایەت کردنی ژینا (وەکوو قەبە ڕیوایەتێک) باس لە خوانوور، نیکا، کۆمار و یەحیا ڕەحیمی دەکا، لەبری گێڕانەوەی عومەری خاوەر باس لە پیرەمێردی فارسی نەزانی هەڵەبجە دەکا، باسی شیمیایی کردنی سەردەشت دەکات.
نمونە:
“خواڕۆ خوانوور
تۆ خوێنی هەزار ساڵی نووری بووی
خوانوور”
“ئەی پەرتکراو لە خۆت و هەژدە نهۆم لە خۆت و هەژدە دەستڕێژی
هەژدە پریۆدیی زەرد
با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی”
“ئەی کچی، تەنگە نەفەستر لە سەردەشت
ئەی پەزەکێفی لە خۆت و خۆتا وێران.”
“کۆمار جووتێ کەوشی شەکەت
کۆمار کۆتێ سەوزی ئامریکایی
کۆمار
-کورێکم بوو
لێگەڕێن
جەرگ بڕین سەختە نەتاندیووە”
“لە ساردخانەکانا فیشەکیان هەمار ئەکرد
فیشەکێ بۆ خیابان بۆقی لێدابوو
فیشەکێ بۆ قومێ ئاو هەڵئەپەڕی
فیشەکێ بە هەژدە نوهۆم دەسترێژییەوە خوێنی پریۆدی بردی
فیشەکێ بارێ شەکەتی دابوە سەر کۆڵیا و هەنار هەی هەناری ئەوت”
“فارسی، فارسی، اجازە، فارسی، اجازە
اجازە
هەم مدادم شکستە هەم
همە چیزم”
تێبینی(١)
سەرنج بدەنە ئەم بەشەی شیعر:
اینجا فارسی فارسی اینجا فارسی، بلد فارسی نیستم فارسی، اینجا بلد فارسی، اینجا
فارسی، فارسی اینجا اینجا
-انا اسمع الفارسیة
– کردی بگو
کوردی!
کوردی اینجا، اینجا کوردی
کوردی
هەڵەبجە چواردانگ گووی تیا ئەبارێ…
بلانشۆ مەرجی ئیمکانی ئەدەبیات بۆ زمان دەگەڕێنێتەوە و توانستی ئێمە لە داهێنانی زماندا، بەڵام نەک زمانی “پەیام” و ڕاگەیاندن و ڕاگواستنەوەی مانا، بەڵکوو بلانشۆ پێیوایە ئەدەبیات گەردانەی زمانە، پەیام ڕەوتی وشە دەپچڕێ، بەڵام وشە، بەرانبەری پەیام خۆڕاگریی دەکا، وشە گەیاندنی پەیام دوادەخات و لە خۆیدا دەهێڵێتەوە(ئاڵفرێد ١٤٠٢). ئێمەش لەم شیعرەدا لەگەڵ وشە ڕووبەڕووین نەک لەگەڵ مانا، وشەن کە لەسەر یەک چنراون… وشەیە مانا هێڵنج دەکا… لە بەر زۆری نموونەکان و درێژ نەبوونەوەی وتار بەس ئاماژەم بە یەک بەشی شیعر کرد، دیارە ئەمە وەک تایبەتمەندییەکی پۆست ئاوانگارد زۆر زەق و بەرچاوە.
تێبینی(٢)
ئیکۆ و چەمکی “مۆدۆس”
ئۆمبێرتۆ ئیکۆ گفتوگۆیەکی هەیە لەمەڕ بۆچوونەکانی ڕۆلان بارت سەبارەت بە تێگەییشتنی “دەق” و چەمکی “مەرگی نووسەر” و لێکدانەوەی بێ کۆتایی دەق (بیرۆکەی دالی مەلەوەر/شناور ). بە شوێن ئەوەدا ئیکۆ لە وتارێکدا بە ناوی [ڕاڤە و مێژوو]، ڕەخنە لەم تیۆرییەی بارت دەگرێت. پێچەوانەی بارت کە پێی وایە دەق بریتییە لە “مەبەستی لێکدەرەوە” ئیکۆ پێی وایە دەق بریتییە لە “مەبەستی دەق” . ئەو بە خستنەڕووی چەمکێک بە ناوی “مۆدۆس “، پێشنیاری میانڕەوی لە لێکدانەوەی دەقدا دەکات. ئیکۆ بەم پێشنیارە لە ڕاستیدا “دەق” لە پێگە مێژووییەکەی خۆیدا جێگیر دەکات. ئەو دەڵێت کە لێکدانەوە پێوەری هەیە و وا نییە کە دەق وەک ڕووبارێک بەڕێ بکەوێت و هەر کەس بەپێی مژیی خۆی ئاراستەی ئەم ڕووبارە لێکبداتەوە. مۆدۆس ڕێژەی عەقڵانییەتە (پێوەری عەقڵانییەتە) لە هەر سەردەمێکی مێژوویی کە مەبەستی مێژووی دەق دەخاتە ڕوو. ئەگەر قسەکەی بارت، واتە مانا خوڵقاندنی بێسنوور بۆ دەق (لەسەر بنەمای تیۆری دالی مەلەوەر) قبوڵ بکەین، ئەمە بەو مانایەیە کە دەق هەرگیز بە ڕوونی دەرناکەوێت و هەمیشە مانایەک لە کۆتاییدا بۆ خوێنەری دواتر دەمێنێتەوە. دەقێک کە حەوت ملیارد کەس لە جیهاندا خوێندوویانەتەوە، بەڵام وەک ئەوە وایە کە هیچ کەس نەیخوێندبێتەوە، چونکە هیچ مانایەکی هاوبەشی لێ هەڵنەهێنجراوە. بۆیە پێویستە “دەق” بە شێوەیەک لێکبدرێتەوە کە مەبەستە مێژووییەکەی دەقی لێوەربگیرێت. ئۆمبێرتۆ ئیکۆ هەوڵ دەدات “دەق” بە “مێژووی” خۆیەوە ببەستێتەوە و وەک دیاردەیەکی مێژوویی پێناسەی بکات(ئێکۆ ١٣٩٧) .
دەبێ ڕوونی بکەمەوە کە پۆست ئاوانگاردیزم بە شێوەیەکی گشتی، خۆی لە مانا جێگیر و یەکلاکەرەوەکان دەپارێزێ، چێژ لە دۆخی هەنووکە، گەمە و ئایرۆنی وەردەگرێت. جاروبار شێوازی نەریتیی نواندنەوە مێژووییەکان تێکدەشکێنێت و دەستکارییان دەکات. ڕەنگە بەم زانیارییە لە ڕواڵەتدا وا دیار بێ کە چەمکی مۆدۆس پێوەندی بە پۆستئاوانگاردەوە نەبێ بەڵام هەندێک جار لە پۆست ئاوانگاردیزمی هاوچەرخدا (بەتایبەت لەو دەقانەی کە پەیوەندییان بە سیاسەت، بەرخودان یان مێژووی سەرکوتەوە هەیە)، جۆرێکی تایبەت لە “دۆخی مێژوویی” بوونی هەیە. واتا: دەقێکی پۆست ئاوانگارد دەتوانێ بە بەکارهێنانی تێکنیکەکانی ستایلی پاپ، تەنز (هجو) یان زمانی کارناوال و هێتروگلوسیا کاردانەوەی بەرانبەر ڕووداوێک (بۆ نموونە) وەک بزووتنەوەی ژینا هەبێت و بەڵام لە هەمان کاتی گەمە زمانییەکانیدا، مەبەستە مێژووییەکەی دەقەکە لە ناخیدا پارێزراو بێت.
بۆیە من پێموایە بە گەڕانەوە بۆ پرسیاری سەرەکی واتە پێویستیی گۆڕینی فۆڕم لە ئاوانگاردەوە بۆ پۆست ئاوانگارد، بەرسڤی دەم و دەستی باو ئەوەیە کە هەر کات بەرهەمی تازەی هونەرمەند بەگشتی و نووسەر بە تایبەتی لە چاو بەرهەمی پێشووی جیاوازتر نەبێ، شیاوی بڵاو کردنەوە نییە. لێ من دەڵێم جگە لەو وڵامە، چەمکی (مۆدۆس)ێش هۆکاری دیکەیەتی. واتە لەم شیعرەدا شاعیر هەم کەرەستە پۆست ئاوانگاردەکان بەکاردەهێنێت و لە هەمان کاتیشدا، پابەندی دۆخە مێژووییەکە دەبێت و مانا مێژوویی-سیاسییەکەی بزووتنەوەی ژینا لێی ناسڕێتەوە. بەڕای من ئەم تێکەڵەیە، لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا پڕ لە ماتەوزەی شاراوەیە، چونکە هەم سوود لە گرژییە زمانییەکان (هێتروگلوسیا و کارناواڵ) و گەمە بە دەنگەکان (چەنددەنگی و..) وەردەگرێت، هەم لە بەرانبەر کارەساتە مێژووییەکاندا (وەک بزووتنەوی ژینا) نایەوێت تەنها کایە بکات، بەڵکو دەیەوێت پابەندی مێژوو بێت.
کۆتایی؛
لەم وتارەدا هەوڵماندا لە ڕێگەی بیرۆکەکانی ئاوانگارد و پۆست ئاوانگاردوە دو کتێبی (تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا) و (با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی) لە نووسینی شاعیر «شوعەیب میرزایی» تاووتوێ بکەین و تایبەتمەندی و جوداوازییەکانی هەر کامیان بە پێی نموونەی دەق بخەینە ڕوو. هەروەها لە تێبینییەکاندا ئەو پێویستەیەی کە بووەتە هۆکاری داڕشتنی فۆرمی هەر دووکیان بێنینە بەر باس. بەرچاوە ئەمە تاکە ڕێوشوێنی ڕاڤەی دەق نییە و خوێنەری چالاکی دەوێ لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە ئاوڕ لە دەقی شاعیرانی نوێترخواز بداتەوە.
سەرچاوەکان:
• آلفرد، سی. فرد (١٤٠٢). لویناس، مکتب فرانکفورت و روانکاوی، ترجمە:سحر علایی، تهران، ققنوس.
• اکو، اومبرتو( ١٣٩٧). تفسیر و بیشتفسیر: جهان، تاریخ، متن، ترجمە:آرش جمشیدپور، تهران، شبخیز
• باروز، ویلیام اس (١٣٩٩). نهار لخت، ترجمە:فرید قدمی، تهران، هیرمند
• سجودی. فرزان (١٣٩٤). ساختگرایی، پساساختگرایی و…، تهران. سورە مهر.
• علایی، مشیت (١٣٩٠). زیباییشناسی و نقد، تهران: کتاب آمە.
• کریستوا، ژولیا (١٤٠٢). داستایفسکی، یا سیل زبان، ترجمە: سهیل سمی، تهران، شوند.
• محەمەدی، هادی/هێدین (١٤٠٠). داستایڤسکی. دەروونناسی، ڕۆمانی فرەدەنگی، سنندج، مادیار
• میرزایی، شوعەیب (١٣٩٨). تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا.
• میرزایی، شوعەیب (١٤٠٢). (با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی)، خانەی ڕۆنان