وەرگێڕان وەک دیاردەیەکی فەرهەنگساز
د. هاشم ئەحمەدزادە
بەشی یەکەم
ئەگەر وەرگێڕان لەسەرەتاییترین پێناسهەدا بریتی بێت لەگواستنەوەی نووسینێکی دیاریکراو لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، ئەوە هەر له سەرەتاوە ئێمە لەگەڵ گواستنەوەی فەرهەنگێکیش ڕووبەڕووین بۆ ناو فەرهەنگێکی ترەوە. بەواتایەکی تر وەرگێڕ کەسێکە کەوەک سووژەیەکی توانا بە زانینی دوو زمان، دەرفەتی پێوەندیی کۆمەڵگەیەکی یەکزمانە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی تر لەڕێگای زمانی خۆیەوە دەخوڵقێنێت و بەمجۆرە لەڕێگای زمانەوە خوێنەرەوەی دەقی وەرگێڕدراو دەباتە ناو داڵانەکانی دونیایەکی تر و شێوە بینینێکی تر. لێرەدا من زمان تەنیا وەک ئامرازی پێوەندی نابینم و بەپێچەوانە وەک هەڵگری باری مانایی و جیهانبینی ئاخێوەرانی زمانەکە سەیری دەکەم.
جیاواز لەمژار و بواری باس و دەقی وەرگێڕدراو هەر وەرگێڕانێک شێوەی ڕوانین و باوەڕی ئاخێوەرانی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی مەبەست واتا زمانی یەکەم بۆ زمانی دووهەم دەگوێزێتەوە. لەخۆڕا نییە کە لە هەڵسەنگاندنی وەرگێڕی چاکدا دەڵێن کەوەرگێڕێکی باش هەر بەتەنیا زمانەکانی سەرچاوە و مەبەست باش نازانێت، بەڵکو فەرهەنگی ئاخێوەران و کۆمەڵگەی هەردوو زمانەکەش بەباشی دەناسێت. بۆ نموونە کاتێک ئێمە ڕۆمانێک لە عەرەبییەوە دەکەینە کوردی، ئەوە هەر ناوەرۆک و گێڕانەوەی داستانیی ڕۆمانەکە بە هەموو رووداوەکانییەوە نییە کە دەکرێتە کوردی، بەڵکو شێوەی فۆرموولەکردنی جیهان و دەوروبەریشی لە ڕوانگەی لۆجیکی زمانی عەرەبییەوە دەگوازرێتەوە ناو زمانی کوردی. بەمجۆرەش وەرگێڕ هەر دۆزەرەوەی بارتەقای مانایی وشە عەرەبییەکان بۆ کوردی نییە، ئەو لە ڕاستیدا هۆکارێکە بۆ ئافراندنی فەزایەکی تری ڕوانین لە مرۆڤ و دەوروبەری لە دەرەوەی سنووورەکانی فەرهەنگی زمانی خۆی و لە چوارچێوەی فەرهەنگێکی تردا. بەمجۆرە وەرگێڕ هەر پردی نێوان زمانەکانی سەرچاوە و مەبەست نییە، بەڵکو پردی نێوان فەرهەنگەکانی زمانی سەرچاوە و مەبەستیشە. ئەگەر جیاوازیی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی مەبەست واتا لەو زمانەی کە دەقەکەی پێنووسراوە بۆ ئەو زمانەی کە دەقەکەی پێوەرگێردراوە، زۆر بنەڕەتی بێت ئەوە بەشێک لە جیهانبینیی زمانی سەرچاوە تەنانەت وشەکانیشی لەگەڵ خۆی دەگوێزێتەوە ناو زمانی مەبەست. جیاوازیی ئاستی کارکردی زمانەکان و ڕادەی گەشەکردووییان لە بووارە جیاوازەکاندا بڕیاردەری ژمارەی ئەو وشانەیە کە ڕاستەوخۆ لە زمانی سەرچاوەڕا دێنە ناو زمانی مەبەستەوە و یاخود بە شێوەیەک لە شێوەکان بارتەقایەکیان بۆ دەدۆزریتەوە.
دیاردەی وەرگێڕان دەکرێ لەڕەهەندی جیاوازەوە باسی لەسەر بکرێت. ئەوەی کەوەرگێڕان وەک پڕۆسەیەکی گۆڕینی وشە و ڕستە و پاراگراف و دەقی زمانێکی دیاریکراو چۆن بەڕێوەدەچێت و چ میکانیزمێکی زمانی و مێشکی و ناسین لەو ڕەوتەدا دەقەومێت، یەک لەو باسانەیە کە زمانناسان و تەنانەت فەیلەسوفانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و تیۆریگەلی جیاواز لەمبارەوە هاتوونە ئاراوە. ئەوەیکە وەرگێڕان لە ڕووانینێکی دیاکرۆنی واتا لە ڕێڕەوی زەمەندا چۆن بووە و چۆن پەرەی گرتووە و بە چ ئاقارگەڵیدا ڕۆیشتووە، دەتوانێ رەهەندێکی تری هەڵسەنگاندنی وەرگێڕان و کارکردەکانی بێت. لایەنی سینکرۆنیک واتا ئێستایی وەرگێڕان و ئەوەیکە هەلومەرج و جۆر و شێوەی وەرگێڕان لە ئێستادا و لە زمانێکی دیاریکراودا چۆنە، شێوەیەکی ترە لە لێکۆڵینەوە لە دیاردەی وەرگێڕان. لایەنێکی گرنگی تر لێکەوتەکانی وەرگێڕانە لە زمانی مەبەستدا و ئەوەی کە وەرگێڕان چ ئەنجامێکی هەبووە و بووەتە هۆکاری چ گۆڕانکارییەکی هزری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی.
یەک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی وەرگێڕان ئەو کارتێکەرییە بەرچاوەیە کە لەسەر فەرهەنگی زمانی مەبەست دایدەنێت. مرۆڤ بە زمان دەورە دراوە و دواتر لە دەرەوەی زماندا ئەستەمە بتوانێت ئاگردانی بیری خۆی بگەشێنێتەوە. لە هەمان کاتدا زمانیش دەورەدراوی ئەو جیهانەیە کە مرۆڤ تێیدا دەژیت. بەمجۆرە زمانگەلی جیاواز بە پێی هەلومەرجی جیاواز و فەرهەنگی جیاوازەوە هەڵگری جیهانی جیاواز و تایبەتیی خۆیانن. وەرگێڕان ئەم دیاردە گرنگەیە کە دەرگای فەرهەنگەکان بەسەر یەکتردا ئاوەڵە دەکاتەوە و وەرگێڕ لەڕاستیدا پردی هاتووچۆی نێوان فەرهەنگەکانە. بە هۆی وەرگێڕانەوە دونیای فەرهەنگە جیاوازەکان ئاشنای یەکتر دەبن. دەستکەوتە جۆراجۆرەکانی فەرهەنگێک لە ڕێگای وەرگێڕانەوە ڕێی دەکەوێتە ناو فەرهەنگێکی تر و دەبێت بە بەشێک لە سامانی ئەو. وەرگێڕان لە زمانێکی دەسەڵاتداری فەرهەنگییەوە بۆ زمانێکی پەراوێزخراو و خاوەن فەرهەنگێکی گۆشەگیرکراوەوە دەتوانێ لەگەڵ خۆی نەک هەر زانست بەڵکو تۆوەکانی پێکهێنەری فەرهەنگە زاڵەکەش بگوێزێتەوە. بۆ ئەوەی فەرهەنگی پەراوێزخراو نەکەوێتە داوی فەرهەنگی زاڵی دەرەکی کە دەتوانێت ببێتە هۆکاری سڕینەوەی ناسنامەیەکی ئازاد و دێمۆکرات، دەبێ وەرگێڕان هاوتەریب و تەنانەت هاوڕێ لەگەڵ سیاسەتی فەرهەنگیی گشتی و پلانکراو، بەرنامەی بۆ دابندرێت. دەبێ لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی گەشەی زمانی و ئەدەبی و هزری و کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ بوواری وەرگێڕان پلان دابڕێژرێت. لەبیرمان بێت کە ڕادەی ماتریال و بابەتی زانستەکان لە دونیای ئەمڕۆدا ئەوەندە زۆرە کە تەنیا بە لێوردبوونەوەیەکی مێتۆدۆلۆژییانەی شیاو و گونجاو دەکرێت بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەرەو پیلی وەدەستهێنانی چیمان دەوێت و چۆنمان دەوێت بچین. ستراتێژییەکی دروستی وەرگێڕان دە چوارچێوەی سیاسەتێکی فەرهەنگیی شیاو و لەباردا دەتوانێت دەرفەتی زێڕین بۆ گەشەکردنی زمانی کوردی کە بەسەر چەند زاراوە و ئۆرتۆگرافیی (شێوەی نووسین) جیاوازدا دابەش بووە، وەدی بێنێت. ئەو وشە نوێیانەی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە، چ بە وەرگرتنی ڕاستەوخۆ و چ بە داڕشتنی وشەی تازەوە دێنە نێو زمانی کوردی، دەبن بە سامانی هەموو زاراوەکان و ئاستی وشە هاوبەشەکانی نێوان زاراوەکان زیاتر و زیاتر دەبێت. لەبیرمان بێت کە زاراوە کوردییەکان هەر وەک کۆمەڵگەی کوردی پێداویستیی زۆریان بە نوێبوونە و گەشەئەستاندن هەیە و وەرگێڕان یەک لە ڕێگاکانی پێکاندنی ئەم ئامانجەیە.
ڕۆلی وەرگێڕان لە ڕەوتی مێژووییدا و لە ئاست کۆمەڵگەی جیهانیدا چۆن بووە و چ کارتێکەرییەکی لە گۆڕینی ڕێباز و شێوەکانی ئەندێشەی مرۆڤەکاندا هەبووە؟ ئەگەر وەرگێڕان نەبووایە چۆن دەکرا مرۆڤەکان بە زمان و فەرهەنگی جیاوازەوە ببنە خاوەنی گوتاری هاوبەش؟ لەم وتارەدا من هەوڵ دەدەم ئاوڕ لە دوو دەورەی زەمەنیی گرنگ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بدەمەوە کە بە هۆی وەرگێڕانەوە سەرتاپای بوون و ڕامانیان تووشی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بووە. وەرگێڕان لەو دوو دەورەیەدا ئەوەندە گرنگ و کارتێکەر بووە کە ناسناوی “بزووتنەوە”ی بەخۆوە گرتووە و وەک بزووتنەوەی وەرگێڕان ناسراوە. بزووتنەوەی یەکەم وەرگێڕانە لە زمانی یۆنانیییەوە بۆ زمانی عەرەبی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی هەشتەمی زایینییەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو سەدە. بزووتنەوەی دووهەمیش وەرگێڕانە لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی لاتینی لە سەدەی یازدە و دوازدەهەمدا. تایبەتمەندییەکانی هەر دوو دەورە و کارتێکەرییان لەسەر گۆڕانی ڕەوت و ئێپیستیمۆلۆژیی سەردەمی خۆیان لەم وتارەدا باس دەکرێن. لەبەر ڕووناکیی و گرنگیی ئەم بزووتنەوانە، لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم باسێک لەسەر هەلومەرجی وەرگێڕان لە ئێستای زمانی کوردیدا بکەم و بپرسم گەلۆ لە کوردستاندا وەرگێڕان توانیوێتی تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەیەک بە خۆیەوە بگرێت؟ ئایا وەرگێڕان بۆسەر زمانی کوردی هەڵگری ناسنامەیەکی دیاریکراو و خاوەنی ستراتێژییەکی پێناسهەکراوە؟ ئایا بۆ پڕکردنەوەی کەلێن و قوژبنە بێئەژمارەکانی بووارە جۆراجۆرەکانی زانست، بە هەموو لک و پۆپەکانییەوە، ئێمە توانیومانە پلانێکی شیاوی وەرگێڕان بۆ وڵاتەکەمان دابڕێژین؟
باسێکی تریش کە دەکرێت لەم پێوەندییەدا ئاراستە بکرێت ڕەخساندنی وەرگێڕانی بەراوەژوویە لە زمانێکی پەرواێزخراوڕا بۆ زمانە زیاتر ناسراوەکانی جیهان. ئایا ئێمە وەک کورد هیچ پلانێکمان هەیە بۆ وەرگێڕانی بەشیک لە میراتی فەرهەنگیی خۆمان بۆسەر زمانەکانی تر بۆ ئەوەی بە ئەوانی تر بڵێین کێین و چمان لە باراندا هەیە؟ چۆن و کێ لە دونیای تەواو ماددی ئەم سەردەمەدا کە هەموو شتێک بە پێوەری قازانج و بەرژەوەندیی ماددی هەڵدەسەنگێندرێت ئاوڕ لە ئەدەب و زمانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت دەداتەوە و گرنگی بە هەبوون و فەرهەنگەکەی دەدات؟ ئەگەر ئەمە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنگر و تاڵە بێت کە ئێمە بەرەوڕووی بووینەتەوە، بۆخۆمان چ پلان و نەخشەڕێگایەکمان هەیە بۆ ناساندنی خۆمان بە جیهانی دەرەوە و بەدەر لە سیاسەتی ڕۆژانە و باودا؟
سەردەمی خەلافەتی عەبباسییەکان یەک لە دەورە زێڕینەکانی شارستانێتی ئیسلامییە لە مێژووی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریا و خەلافەتەکانی ئیسلامیدا. یەک لەو بووارانەی کە بوو بە هۆکاری گەشەی ئەندێشە و زانست لە سەردەمی عەبباسییەکاندا وەرگێڕانی بەرهەمە یۆنانییەکان بوو بۆسەر زمانی عەرەبی. وەرگێڕانی بەرهەمگەلی یۆنانی لە نیوەی دووهەمی سەدەی هەشتەم هەتا سەدەی دەهەمی زایینی بۆ سەر زمانی عەرەبی ئەو چالاکییە زمانی، ئەدەبی، فەلسەفی و زانستییە بەربڵاوە بوو کە بە بزووتنەوەی وەرگێڕان ناسراوە. گرنگیی و پانتایی بزووتنەوەی وەرگێڕان ئەوەندە سەرنجڕاکێش بووە کە تەنانەت لە فاکتایەکی مێژووییەوە تێدەپەڕێت و شێوازی ئەفسانە و ئوستورە بەخۆیەوە دەگرێت. بەپێی دەنگۆیەک دەگێڕنەوە کە شەوێک ئەرەستو دێتە خەونی خەلیفەی عەبباسی، مەئمون، و پێیدەڵێت کە لەنێوان باوەڕەکانی ئەو، واتا، ئەرەستو، و هزری عەقڵانیی یۆنانی و وەحی و ئایینی ئیسلامدا، هیچ دژایەتییەک لەئارادا نییە. لەژێر کارتێکەریی ئەم خەونەدا ڕۆژی دوواتر مەئمون فەرمانی وەرگێڕانی هەموو بەرهەمکانی ئەرەستو بۆ سەر زمانی عەرەبی دەدات. ئەمە جگە لە ئەفسانەیەک هیچی تر نییە و هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو، جگە لە دەنگۆیەک بۆ بینینی ئەو خەونە لەلایەن مەئموونەوە لە ئارادا نییە. بەڵام دەنگۆ و باوەڕی لەم چەشنە و بوونی بە ئەفسانە و ئوستورە، خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکە بۆ دەورەیەکی گرنگ لە ژیاری ئیسلامی و سەردەمی پڕ لە گۆڕانکاریی عەبباسیدا. لەڕاستیدا زۆر بەر لە مەئمون ئەوە مەنسور، خەلەیفەی دووهەمی عەبباسییە، کە ویستی وەرگێڕانی بەرهەمگەلی یۆنانی دەکات بە کردەیەکی واقیعی و ڕەسمی.
بەشی دووهەم
کۆتایی خیلافەتی ئومەوییەکان و هاتنە سەرکاری عەباسسیەکان لە ٧٥٠ی زایینیدا سەرەتای گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بوو لە ژیار و شارستانێتی ئیسلامیدا. هاتنە سەرکاری عەبباسییەکان لەڕاستیدا ڕووخاندنی باوەڕی زاڵی فیکری بەستنەوەی ئیسلام هەر بەتەنیا بە عەرەبەکانەوە بوو. هەر لە سەردەمی عەباسییەکانەوەیە کە ئیسلام زیاتر لە هەموو دەمێ تێکەڵاوی فەرهەنگگەلی جیاواز دەبێت و پێوەندیی ئایینەکە تەنیا بە یەک زمان و فەرهەنگەوە کۆتایی پێدێت و دەگوازرێتەوە بۆ تێکەڵاوییەکی بەربڵاو لەگەڵ ژیار و زمان و تەنانەت ئایینی تریش. سازکردنی شاری بەغدا لەلایەن مەنسوری عەبباسییەوە لە ساڵی ٧٦٢ی زایینی و گواستنەوەی پێتەختی ئیسلامی لە دەمەشقەوە بۆ ئەم شارە نوێیە، هەر گۆڕانکارییەکی جۆغرافیایی نەبوو، بەڵکو گۆڕ و تینێکی بێپێشینەشی دا بە ڕەوتێک کە ئاسۆکانی ژیان و ژیاری خەڵکانی ئەم جۆغرافیایەی زیاتر لە جاران بەرفراوان کرد. مەنسور کتێبخانەیەکی گەورە لە دەرباری خۆی درووست دەکات و بزووتنەوەی وەرگێڕان هەر لەو سەردەمەوە هێدیهێدی دەست پێدەکات. ئەم کتێبخانەیە دواتر لە سەردەمی خەلافەتی هارون ئەلڕەشید بە خانەی حیکمەت (بیت الحیکمەHouse of Wisdom، ) ناوبانگ دەردەکات. هەبوونی فارسەکان لە بەغدا و گواستنەوەی فەرهەنگی کتێبخانەکانی ساسانی لە پەرەپێدانی ئەم کتێبخانانەدا خاوەنی کارتێکەریی تایبەتیی خۆی بووە. کتێبخانە گەورەکەی مەنسور و دواتر پەرەئەستاندن و گەشەی چالاکییە هونەری و زانستی و فەلسەفییەکان بوو بەو بزووتنەوە گەورەیە کە کارتێکەرییەکانی لە دوای چەند سەدەیەک سەرجەم جیهانی گرتەوە. لایەنی سەرەکیی ئەم دەسکەوتە مەزنە لەسەر شانی وەرگێڕان بوو و هەر بۆیەشە ئەوەی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی هەشتەم تا نزیکەی دوو سەدە بە سەرکەوتوویی درێژەی هەبوو بە “بزووتنەوەی وەرگێڕان” ناسراوە و بزووتنەوەیەکە کە شارستانێتی و جیهانی زانستی و هزریی یۆنانی لە ڕیگای زمانەوە دێنیتە ناو بەشیکی تری دونیاوە و دەبێتە زەمینە بۆ ئافراندنی جۆرێکی تر لە هزرین و تێفکرین و نووسین. ڕاڤەکردنی هەلومەرجی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەم بزووتنەوە گشتگیر و چالاکە مێژووییە، هەڵگری زۆر دەرسی مەعریفی و ئینسانییە کە لە دەرەوەی مێژوودا هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش درێژ بووەتەوە و مایەی لێفێربوونە.
پرس ئەوەیە کە دەبێ لە دەرەوەی ئەفسانەی خەونبینینی مەئمون بە ئەرەستووەوە چ هۆکارگەلێکی دیاریکراو بۆ وەرگێڕانی بەرهەمگەلی یۆنانی بۆ سەر زمانی عەرەبی لەئارادا بووبن و مەنسور و خەلیفەکانی تری عەبباسی بۆچی هەوڵیکی بێوێنەی ئاوا دەدەن؟ گەشەی ژیاری ئیسلامی و پەرەگرتنی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی عەبباسییەکان و پەلکێشانی بەربڵاویان بۆ دەرەوەی جیهانی عەرەبی، بیری کەڵکوەرگرتن لە زانستە گرنگەکانی وەک پزیشکی و ماتماتیک و سیاسەت و فەلسەفە و هتد. لەلایەن عەبباسییەکانەوە کردبووە پێدوایستییەک. ویستی دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە یۆنانییەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان لەبەر بەكەڵکبوونیان بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییە هەردەم لەزیادبووەکانی ئیمپراتۆریای تازەنەفەسی عەبباسی، بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان بوو. وەرگێڕانی کارە پزشکییەکانی پزیشکی گەورەی یۆنانی، گەیلان، لەلایەن حونان ئیبنی ئیسحاقەوە نیشان دەدات کە عەبباسییەکان چەندە بایەخیان بە زانستی سەردەمی خۆیان دەدا. لە هەمان کاتدا وێدەچێت شکۆی خەلیفەکان و ژیانی پڕ لە خۆشی و دەوڵەمەندیان هاندەرێکی باش بووبێت بۆ گەڕان بە شوێن دۆزینەوەی چارەسەرییە پزشکییەکان لەو دیو سنووری زمانی و ئایینیی خۆیاندا. ئەمەش تەنیا لە ڕێگای وەرگێڕانەوە دەیتوانی وەدی بێت و خەلیفەکانی عەبباسی لە دەسکەوتە زانستییەکانی یۆنان بەهرەمەند بکات. بۆ ئەم مەبەستەش خەلیفەکانی عەبباسی کەڵکیان لە هەموو پێشخانی فەرهەنگی و ئایینی خۆیان وەردەگرت. بۆ نموونە ئەوان بەردەوام ئاماژەیان بە ڕێز و جێی شیاوی لێکۆڵینەوە و زانست لە باوەڕی ئیسلامیدا دەکرد و بۆ ئەم مەبەستەش دەستەودامانی گێڕانەوەی حەدیس و باوەڕەکانی پێغەمبەری ئیسلام دەبوون و لەنێو حەدیسەکانیشدا گێڕانەوەی “جەوهەری قەڵەمی لێکۆلەرەوە لە خوێنی شەهید پیرۆزترە” زۆر باو بوو. ئاشکرایە کاتێک پێداویستییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکان لەگەڵ باوەڕی ئایینیش تێکەڵاو دەبن، ڕەوتی وەڵامدانەوە بەم پێداویستییانە خێراتر و قووڵتر و بەرفراوانتر دەبێت. بۆیە وەرگێڕانی زانستە جۆراجۆرەکان وەک ئەرکێکی هەنووکەیی دەبیندرا و کردەی وەرگێڕان ڕەهەندێکی سیاسیشی بەخۆیەوە دەگرت. دراوسێبوونی عەبباسییەکان لەگەڵ ئیمپراتۆریای ڕۆمی ڕٶژهەڵاتی، بیزانسیش دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ وەگەڕخستنی ڕەوتی وەرگێڕان لە یۆنانییەوە بۆ زمانی عەرەبی. عەبباسسیەکان بەمجۆرە زۆر بە غرورەوە دەیانتوانی ڕوو لە ڕۆمییەکان بکەن و پێیان بڵێن دروستە ئێوە مەسیحین و ئێمە موسوڵمان، بەڵام ئێمە فەلسەفەی یۆنانی لە ئێوە باشتر دەزانین و ئەوە ئێمەین کە ئەم فەلسەفەیە وەردەگێڕینەوە سەر زمانی خۆمان. ئەمەش لەڕاستیدا جۆرێک لە باڵادەستیی فەرهەنگیی دەدا بە عەبباسییەکان و لە پێشخستنی ئامانجە فەرهەنگییکانی خۆیاندا دەستئاوەڵەتری دەکردن. هەڵکەوتی جۆغرابیایی بەغدا و بوونی بە ناوەندێکی تیجاریی هاندەرێکی تر بوو بۆ هاتنی خەڵکانی جیاواز بە پێشینە و چالاکیی جیاوازەوە. هەر لەو سەردەمەشدایە کە عەرەبەکان کەڵک لە پیشەسازیی کاغەز وەردەگرن کە لە باشووری ئاسیادا سەری هەڵدا بوو. ئەمەش دەبێتە هۆکاری بڕەوی زیاتری بوواری نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێب. بەمجۆرە پیشەسازیی کتێب زیاتر لە هەمیشە پەرە دەگرێت و دانانی کتێبخانەی گەورە دەبێت بە بەشێک لە ڕازاندنەوەی کۆشکە بە شکۆکانی خەلیفەکانی عەبباسی. کاغەز و کتێب و کتێبخانە بێگومان بازاڕی وەرگێڕان گەرمتر دەکەن.
تێکەڵاویی فەرهەنگیی ئیمپراتۆریای عەبباسی، ئاسۆ و دەرەتانی وەرگێڕانی بەرفراوانتر و پڕڕەهەندتر دەکرد. وڵاتی پانوبەرینی ئێران کە خەڵکانی جۆراجۆری تێدا دەژیان و نەریتێکی کۆنی ڕێکخستن و بەڕێوەردنیان هەبوو، یارمەتییەکی گەورە بوو بۆ دەوڵەمەندترکردنی میراتی فەرهەنگی و زانستیی ئیمپراتۆریای عەبباسی و پێشخستنیان لە وەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا. سەرکەوتنی عەبباسییەکان لە ڕاکێشانی زانایانی ئێرانی بۆ بەغدا، دەبێت بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ دابینکردنی کادێری توانا لە بووارە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی و زانستیدا.
ئەو کەسانەی کاری وەرگێڕانیان دەکرد هەر عەرەب نەبوون و زۆر جاران هەر موسوڵمانیش نەبوون. بۆ نموونە ئەو خەڵکانەی لە دەوری زانایەکی گەورەی وەک ئەلکەندی کۆ ببوونەوە و زمانی یۆنانییان بە باشی دەزانی، یەک لە مەکینە سەرەکییەکانی وەرگێڕان بوون. زانایانی دەوروبەری ئەو بە زۆری ئەو کەسانە بوون کە بە سریانی دەناسران و زمانی یۆنانییان باش دەزانی و موسولمانیش نەبوون. دیار نییە کە ئەلکەندی بۆخۆی زمانی یۆنانیی زانیبێت، بەڵام ئەو سەپەرشتیی وەرگێڕانەکانی بە زمانی عەرەبی دەکرد و زۆر جار پەراوێزیشی بۆ کارە وەرگێڕدراوەکان دەنووسی. تواناییەکانی ئەلکەندی لە فەلسەفە و ماتماتیک و زانستدا لەگەڵ بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی لە زمانی یۆنانییەوە بێپێوەندیی نییە.
گەشەی وەرگێڕانی بەرهەمگەلی یۆنانی بە ڕادەیەک بوو کە هێندێکجار لە نەبوونی کەسانێک کە توانای وەرگێڕانی ڕاستەوخۆیان لە یۆنانییەوە بۆ عەرەبی هەبێت پەنایان بۆ ئەو کەسانە دەبرد کە ناڕاستەوخۆ ئەم ئەرکە بەجێ بێنن. یەک لەو زمانانەی کە بۆ ئەم ئامانجە زۆر دەکار دەهات زمانی سیریاک بوو. لەڕاستیدا سیریاک وەک زمانێکی سێمیتیک پردێک بوو کە بۆ وەرگێران لە یۆنانی بۆ عەرەبییەوە کەڵکی لێ وەردەگیرا. ئاخێوەرانی سیریاکی لەبەر هۆکاری ئایینی، زمانی یۆنانییان دەزانی و لەنێو دانیشتوانی ئیمپراتۆریای عەبباسیشدا زۆر بوون ئەوانەی عەرەبی و سیریاکییان دەزانی. هەر بۆیە هێندێک لە دەقە یۆنانییەکان لەپێشدا دەکرانە سیریاکی و دواتر لە سیریاکییەوە دەگوازرانەوە سەر زمانی عەرەبی.
دامەزراندنی شاری بەغدا لەلایەن مەنسورەوە دەبێتە سەرەتای وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی جیهانی ئیسلامیدا. بەغدا وەک شارێکی نوێ و بە پیت و بەرەکەت و خاوەن داینامۆیەکی بەهێز، لە گۆشە و کەناری جیهانەوە خەڵکی بەرەو خۆی ڕادەکێشا. کراوەیی شار و دەسەڵات بۆ خەڵکانی جیاواز کە ویستی کار و خەونی دەوڵەمەندبوون هێنابوونی بۆ ئەم بەشەی جیهان، کارتێکەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر دەوڵەمەندیی فەرهەنگیی و مانابەخشین بە جیاوازییە فەرهەنگییەکان. ئەم تێکەڵاوییە فەرهەنگییە بەربڵاوە بە کردەوە کەوتە خزمەت دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگێکی هاوبەش بە زمانی عەرەبی. لەڕاستیدا زمانی عەرەبی وەک زمانێکی لینگوافرانکا بوو بە ئاڵقەی لێکگرێدان و بەیەکتر بەستنەوەی خەڵکانی جیاواز لە ئیسپانیاوە بگرە هەتا یۆنان و هیند و چین و ئێران بە پێشینەی زمانی و فەرهەنگیی جیاوازەوە. ئەم بنەما دەوڵەمەندە زمانی و فەرهەنگییە بوو کە لە ڕەوتی بزوتنەوەیەکی بەهێزی ڕوشنبیریدا توانی کەسانی ناوداری وەک ئیبنی سینا، فارابی، ڕازی، خارەزمی، نەسیریی توسی و هتد. لە ئاستی جیهاندا، نەک بۆ ڕابردوویەکی دوور بەڵکو بۆ سەردەمی ئێستاش، بناسێنێت. ڕۆڵی وەرگێڕان لە یۆنانییەوە بۆ عەرەبی فاکتۆری بڕیاردەری ئافراندنی ئەم کەسایەتییە زانستی و فەرهەنگییانە بوو. مرۆڤ ناتوانێ بیر بکاتەوە بەبێ ناسینی ئەرەستو چۆن قوتابخانەی فەلسەفیی بەغدا وەدیدەهات و چۆن کەسانی وەک ئیبنی سینا، ئیبنی ڕوشد، غەزالی، فارابی و ئەلکەندی ئەو هەموو پەراوێز و شیکردنەوانەیان لەسەر ئەرستو دەنووسی. دەیانتوانی بێنە ناو جیهانی ئەندێشەوە و بە زانستی خۆیان لە تێگەیشتنی ڕەمز و ڕازی بوون و هەستی، یارمەتیدەری مرۆڤایەتی بن. کێش و هێزی ڕاکێشانی ئەم فەرهەنگە ئەوەندە زۆر بوو کە فارسەکان و خەڵکانی تری دانیشتووی جۆغرافیای ئێران بە هەموو هێزی هزری و کردەوەیی خۆیان لە گەشەپێدانی ئیمپراتۆریای عەبباسیدا بەشداریی چالاکانەیان هەبوو. لەنێو لیستی زانایانی سەردەمی ئەم ئیمپراتۆریایەدا زانایانی فارس کە ئیتر بە زمانی عەرەبی دەیاننووسی جێ و شوێنێکی بەرزیان هەیە.
یەک لە هۆکارەکانی گەشەی وەرگێڕان لە سەردەمی عەبباسییەکاندا دەتوانێت ویستی کۆمەڵگەی ئیسلامی بووبێت بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی خۆی. ئیمپراتۆریایەکی سەرکەوتوو تەنیا بە پەرەئەستاندن لە بوواری جۆغرافیا و فەرهەنگەوە دەیتوانی بەردەوامی و مانەوەی خۆی دەستەبەر بکات. هۆکارێکی تر بۆ گەشەی وەرگێڕان دەتوانێت لایەنی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی عەرەبی بووبێت. نەریتی باس لە مەجلیس و دیوەخان و گرنگیی ئاخافتن بە شێوەیەکی بەلیغ و ڕەوانبێژانە لە فەرهەنگی عەرەبیدا دەتوانێت ئەو هۆکارە بووبێت کە لەنێو بەرهەمە وەرگێڕدراوەکاندا هەر لە سەرەتاوە کارەکانی ئەرەستو لەبارەی هونەری ئاخافتندا شوێنێکی تایبەتییان هەبووبێت.
هۆکارێکی سەرەکیی تر بۆ گەشەئەستاندنی وەرگێڕان بریتی بوو لە شوێنی بەرزی وەرگێڕ لە هیرارشی کۆمەڵایەتیدا. لەڕاستیدا پلەوپایەی وەرگێڕەکان لە بوواری کۆمەڵایەتی و زانستیدا چی کەمتر نەبوو لە زانایان و دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگا. بە واتایەکی تر وەرگێڕەکان هەم لە بوواری ڕۆشنبیری و هەمیش لە بوواری ماڵییەوە لە توێژە هەرە سەرەکی و پایەبەرزەکانی کۆمەڵگا دەژمێردران. نێوی وەرگێڕەکان هەمیشە لە ڕیزی نێوی گەورەپیاوانی کۆمەڵگەدا دادەندرا. ڕێزلێنانی وەرگێڕەکان هەر لە لایەنی مەعنەوییەوە نەبوو، بەڵکو ئەوان لە بوواری ماڵییشەوە خەڵکانی دەسترۆیشتوو و زەنگین بوون. مووچەی وەرگێڕەکان لە ڕیزی هەرە سەرەوەی مووچەکانی سەردەمی عەباسییەکان لە نیوەی دووهەمی سەدەی هەشتەم تا کۆتاییەکانی سەدەی دەیەمەوە بوو. مووچەیەک کە وەرگێڕێکی باش وەریدەگرت بە پارەی کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بریتی بوو لە نزیکەی بیستهەزار دۆلار لە مانگدا. وەرگێڕانی کتێبێک نزیکی پێنجسەد دیناری زێڕی تێدەچوو. ئەمە بێگومان نرخێکی یەکجار بەرز و خیالییە. بەڵام پڕٶژەیەکی خەیاڵی دەبێ خەرجی خیاڵیشی بۆ بکردرێت. وەرگێڕانی بەرهەمە زانستی و فەلسەفییەکانی یۆنانی بۆ زمانی عەرەبی بە شێوەیەکی زۆر قووڵ شێوەی ڕوانین و تێفکرینی جیهانی ئیسلامی گۆڕی. زانایانی ئیسلامی ئیتر دەیانتوانی بە یارمەتیی زانستگەلێک کە ڕیشەیان لە فەرهەنگێکی تردایە دەقە فەرهەنگی و ئایینییەکانی خۆیان ڕاڤە بکەن و بۆ باوەڕەکانی خۆیان بەڵگاندنی فەلسەفییانەی یۆنانی دەکار بێنن و نێوی فەیلەسوفانی یۆنانی و باوەڕەکانیان بکەن بە بەشێک لە جیهانی ئەندێشەی خۆیان. ئەم ئەندێشانە لەو کاتەوە هەتا ئێستا بەردەوام لە گۆڕان و گەشەدا بوونە و گوزەری زەمەن نەیتوانیوە لە پێگە و نرخیان کەم بکاتەوە.
داگیرکردنی بەغدا لەلایەن مەغۆلەکانەوە لە ساڵی ١٢٥٨ی زایینیدا توانی کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای عەبباسی دوای پێنج سەدە لە حوکمڕانی، بێنێت. زۆر شوێنەواری بەغدا لە ئاکامی هێرشی مەغولەکاندا وێران بوو و خەڵکانێکی زۆر بوون بە قوربانی و وەک دەڵێن دیجلە و فورات بە خوێنی زانایان سوور هەڵگەڕان. بەڵام کۆتایی دەسەڵاتی عەبباسییەکان و کوشتنی دوا خەلیفەی عەبباسی، موستەعسیم، بە مانای کۆتایی کارتێکەریی بزوتنەوەی گەورەی وەرگێڕان لە سەردەمی عەبباسییەکاندا نەبوو. ئەم بزووتنەوەیە ئیتر مۆری خۆی لەسەر فەرهەنگی ئەم بەشەی جیهان دابوو. کارتێکەریی ئەم فەرهەنگە لە ئێستاشدا زۆر بە زەقی دیارە.
لە بەشی داهاتوودا ڕەوتی بەرئاوەژووی ئەم بزووتنەوەیە باس دەکەم و تیشك دەخەمە سەر وەرگێڕانی بەرهەمە عەرەبییەکان بۆ سەر زمانی لاتینی و بەم شێوەیە خۆشکردنی ڕێگا بۆ گرێدانەوەی فەرهەنگی یۆنانیی قەدیم بە سەردەمی سەدەی یازدەی زایینی لە ئوروپادا.
سپاس بۆ ئەم گشتە زانیارییە بەسوودە. خوێندمەوە و نۆتەم ھەڵگرتەوە و چێژم برد.
بە تاسەوە چاوەڕێی بەشی دووھەمم.