“تاوانی پیرۆز” چاپ و بڵاو کرایەوە | هاوچەرخ
کۆمەڵەچیرۆکی "تاوانی پیرۆز" نوێترین بەرهەمی "بێهزاد قادری" چیرۆکنووس و ڕۆژنامەوانی خەڵکی شاری مەریوان چاپ و بڵاو کرایەوە.
هاوچەرخ
ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردان، کۆمەڵەچیرۆکی “تاوانی پیرۆز” نوێترین بەرهەمی بێهزاد قادری چیرۆکنووس و ڕۆژنامەوانی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن وەشانخانەی “۴۹ کتێب” لە ئورووپا چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە سێهەمین کۆمەڵەچیرۆکی “بێهزاد قادریـ”ـیە و دووهەمین بەرهەمی ناوبراوە کە لە ئورووپا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ساڵی ۹۶ی هەتاوی کۆمەڵەچیرۆکی “نێچیری وەرزەکان” و ساڵی ۹۷ی هەتاوی کۆمەڵەچیرۆکی “شاوەتی جنۆکە” لەلایەن ئەم نووسەرەوە لە مەریوان چاپ و بڵاو کرایەوە کە چاپی دووەمی “شاوەتی جنۆکە” بانەمەڕی ئەمساڵ لە ئورووپا چاپ و بڵاو کرایەوە.
کۆمەڵەچیرۆکی “تاوانی پیرۆز” سەد لاپەڕەیە و دوازدە چیرۆک لەخۆ دەگرێت کە نووسەر لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نووسیویەتی.
لەم نووسراوە کورتەدا بە پارێزکردن لە ئاشکراکردنی گێرانەوە و کۆتایی چیرۆکەکان، ئاوڕێک لە نوێترین بەرهەمی ئەم چیرۆکنووسە دەدەینەوە:
بە وتەی خودی نووسەر چیرۆکەکانی کتێبی “تاوانی پیرۆز” کارەساتگەلێک لەخۆ دەگرن کە بەسەر کورددا هاتوون، هەروەها خەباتی کورد دژ بە داگیرکەری “فارس” و تۆڵەسەندنەوەی کوردانێکی بەهەڵوێست لە چیرۆکەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. بەگشتی دەتوانین بڵێین کە لەگەڵ چیرۆکگەلێکی ڕێئالیستی بەرەوڕووین.
کتێبەکە بە چیرۆکی “خوێنی عەجەم” دەست پێ دەکات و بەپێی وتەی نووسەر و بەو شیوەیەی کە لە ناوی چیرۆکەکەوە دیارە، خوێنەر دەبێ خۆی بۆ ڕووداو یان ڕووداوگەلێک ئامادە بکات. ئەم چیرۆکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران. کاراکتێری سەرەکیی چیرۆکەکە پیرەپیاوێکی کوردە کە لە زێدی خۆی هەڵ هاتووە و ڕووی کردووەتە شارێکی عەجەمەکان و بەپێچەوانەی خواست و چاوەڕوانییەکانی لەلایەن عەجەمەکانەوە تووشی کارەساتگەلێک بووە. لەم چیرۆکەدا بە جوانی هەست بە هەستی ڕق و تۆڵە دەکەین. بەڵام هەستی ڕق بۆ نەتەوە بندەستەکان لە ڕوانگەی نووسەرەوە هەستێکی پیرۆزە کە دەتوانێت یارمەتیدەری ڕزگاریی ئەو نەتەوەیە بێت. “یووڤال نووح هەراری” بیرمەند و نووسەری ئیسرائیلی دەڵێت: “هەستی ڕق لە قێزەونترین هەستەکانە، بەڵام بۆ نەتەوە بندەستەکان گەنجینەیەکە کە دەتوانن خۆیانی پێ ڕزگار بکەن”.
دوای ڕقی پیرۆزی کوردێک لە “خوێنی عەجەم” دەگەین بە چیرۆکی “پوورە مەستوورە”. لەم چیرۆکەدا گەنجێک ئاوڕێک لە ژیانی سەختی “پوورە مەستوورە” دەداتەوە، پیرەژنێک کە لۆچەکان تەقەڵیان داوەتە عەرزدا و کێوێک لەسەر پشتی نووستووە. لەم چیرۆکەدا دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمانی خەباتی چەکداریی پێشمەرگە لە قووڵایی ڕۆژهەڵاتدا و نەوەی نوێ لەگەڵ قارەمانیەتیی پێشمەرگە ئاشنا دەکات. لە پاراگرافێکی ئەو چیرۆکەدا هاتووە:
((گەرمای شەڕ بوو. پوورە مەستوورە ئەوکات لە گونددا دەژیا. کیژێکی جوانی حەڤدە ساڵان بوو. هەموو ئێوارەیەک چاوڕێ بوو: “ئەم ئێوارەیە نەیەن، سبەی ئێوارە بەدڵنیاییەوە دێن”. چاوەڕێی هاتنەوەی پێشمەرگەکانی دەکرد. کە لە دوورەوە دەیانیبینی، دەیوت: “ئەی بەقوربانی وزە و تینتان بم. ئەی بەقوربانی ئەو هەنگاوانەتان بم”. “عەبدووڵڵا”ش پێشمەرگە بوو. بەڵام… بەڵام لەو لای ترەوە “ڕۆستەم” وازی لێ نەدەهێنا. مەستوورە ئاشقی پێشمەرگایەتی بوو، چونکە عەبدوڵڵاش پێشمەرگە بوو. ڕۆستەمیش جاشێکی بەرەڵا بوو کە حەزی لە مەستوورە بوو و هەموو ڕۆژێک بە کۆمەڵێک پاسدار و جاشەوە خۆی بە گوندەکەیاندا دەکرد و بەر لە ئاوابوونی خۆر، لە ترسی پێشمەرگە بزر دەبوون و خۆیان لە حەوت کوندا دەشاردەوە. ئەوکات کاتی جاشقڕان بوو. ڕۆژ نەبوو دەیان و سەدان جاش و پاسدار نەکوژرێت.))
لە چیرۆکی دواتردا دەگەینە چیرۆکی “تاوانی پیرۆز” کە ناوی کتێبەکەش هەر لەم چیرۆکە وەرگیراوە. ئەم چیرۆکە بەپێچەوانەی دوو چیرۆکی پێشوو لەم کات و سەردەمەدا ڕوویداوە. کچێکی کورد کە بەپێچەوانەی لەشی کزیەوە، خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و دژی داگیرکەری فارس هەڵوێست دەگرێت و بۆ گەل و خاکەکەی بە شێوەی خۆی خەبات دەکات. بە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە کچێکتان بۆ وێنا دەبێت کە بەدڵنیاییەوە هەمووتان دەیناسن.
چیرۆکی دواتر “بێدەنگیـ”ـیە کە لە بواری فۆڕمەوە لە هەموو چیرۆکەکانی تر جیاوازە. ئەم چیرۆکە وردە وردە ڕاتدەکێشێتە نێو خۆیەوە و لەنێو وشە و ڕستەکانی خۆیدا نوقمت دەکات. “بێدەنگی” پڕە لە ڕستەی فەلسەفی، زانستی و ئەدەبی و شرۆڤەیەکی تر لە “بێدەنگی” پێشکەش دەکات. لەم چیرۆکەدا نووسەر دەگات بە پووچی: “خۆزگە دەبووم بە پرۆتۆنێک و ئەلەکترۆنێکم شەیدای خۆم دەکرد. خۆزگە بیگ بۆنگێک نەدەبوو و هەمووان لەو هیچەدا دەماینەوە…”. بەڵام لەو هیچەشدا نووسەر شوناسی خۆی لێ ون نابێت.
لە چیرۆکی “گاکوژ”دا دووبارە دەگەڕێینەوە سەردەمی شەڕی کورد لەگەڵ داگیرکەری فارسدا. لەم چیرۆکەدا دووبارە هەستی “تۆڵە و ڕقـ”ـی نووسەر لە داگیرکەر زیاتر خۆی دەردەخات: “خۆزگە دەمتوانی ئاگر لە ماڵ و منداڵیان بەر بدەم و بێشکەی کۆرپەکانیان وەبەر شەق بدەم”.
لە درێژەدا و لە چیرۆکەکانی دواتریشدا، بە شێوازگەلی جۆراوجۆر باس لەو کارەساتانە کراوە کە بەسەر کورددا هاتوون و ئەوەی کە جێی سەرنجە ڕەنگدانەوەی هەستی “ڕق” بەرامبەر بە داگیرکەرانی کوردستانە. ئەم شێعرەی مامۆستا “هێمن” بە ناوی “ڕقی پیرۆز” دەتوانێت بە جوانی باس لەو هەستە بکات:
دەمگرێ، ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستوورترم
لێم دەدا، ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم
دەمکوژێ، ئەمما بەگژ جەللادەکەمدا دێمەوە
کوردم و ناتوێمەوە، ناتوێمەوە، ناتوێمەوە