جگەرەیەکی وینستۆنی باریک – یوسف مەریوانی / چیرۆک
یوسف مەریوانی
.
شەوێکی زستانە، دێمە ناو نوێنەکەم و لێفە سپیە گوڵ شینەکەم دەدەم بە خۆم دا. ئەو شەوەی زستانی پێرارم دێتەوە بیر کە لە ژوورەکەم خەوتبووم ، ئەو شەوە مەسعوودیش لە شانی چەپمەوە لە ژێر پەنجێرەکە خەوتبوو، دەستم بردە پشت باڵنجەکەم،(عادەتمە کە دەخەوم پەنجەکانم لە پشت باڵنجەکەم لە یەک گرێ دەدەم) جگەرەیەکی وینستۆنی باریک هاتە ناو دەستم(بێ ئەوەی چاوی لێبکەم زانیم). هەر وەک ئەوەی دەستم بردبێ خەیاڵێک دەرهێنم و تێی بڕوانم بزانم بۆ کوێم دەبا و خۆم بە دوای دا بڕۆم.نامە سەر لێوم،لە ڕاستی دا ئەوە ویستی من نەبوو، ویستی کەسێکی کەش نەبوو، ویستی جگەرەکە بوو یان…
نازانم بە ویستنی خۆمە کە لە ناو خەیاڵەکاندا سەفەر دەکەم یان شتێک لە ڕابردوو یان داهاتووم دا کە پەیوەندییەکیان بەو خەیاڵەوە هەیە. یان خەیاڵێک بەدوای کەسێک دا دەگەڕێ و کە ئەو کەسە هاتە سەر ڕێگای ڕاوی دەکات و دەیکاتە کارەکتێری چیرۆکەکەی خۆی. خەیاڵەکان ڕاوچین و من نچیرێک کە لە فۆڕمی گێڕانەوەکان دا گیرم کردوە، هەندێک لە خەیاڵەکان پێیان خۆش نیە دەست لە گێڕانەوەکەیان وەردەم، کە خۆم دەدۆزمەوە بە ڕێیەک دا ڕۆیشتووم کە ڕێگای من نیە و ئەگەر ویستی خۆم بێ پێیدا ناڕۆم، هەر بەو ڕێگایەدا وا هاتووم دەگەڕێمەوە و ناشزانم لە درێژەی ئەو ڕێگایە چی بڕیار بوە ڕووبدات و چ کارەساتێک چاوەڕوانم بوە.جاری وایە لە هەندێک لەو خەیاڵانەدا خۆم هەڵیدەبژێرم کە هەڵسووکەوتی دواییم چی دەبێت و خۆم چیرۆکەکەم دروست دەکەم.جاری وایە کە خەریکی پیاسە کردنم لە خیابان و دەستم لە گیرفانم دایە، کڵاشینکۆفێکم پێیە و لە پشت سەنگەرێک دێمە دەرێ،بە تەقە کردن و هەنگاوی قورس و هاوارێکی پڕ لە ڕق و هێزەوە دەڕۆم و کەلاک دەخەم، لە ناکاو دا فیشەکێکم بەر دەکەوێ ، خەیاڵەکەم لە پێستم دەکەوێ و دەگەڕێتەوە دواوە،خۆم ئەو فیشەکە دەخەمە ناو خەیاڵمەوە و لەسەریشی پێداگرم کە دەبێ ئەو بەشەی تێدابێت، دەنا دەشتوانم تەواوی مرۆڤەکانی زەوی بەو کڵاشینکۆفە بکوژم و دواتر لە کۆڕێکی ڕێزلێنانی مەزن دا، لە دەستی سەرکردەی کاکێشانی ڕێگای شیری میداڵێکی شانازی وەرگرم و گەلێک بە بوونی بەبایەخی خۆم سەرسام بم.
جاری واشە پیاوێک تەورێکی بە دەستەوەیە و دار دەشکێنێ بۆ ئاور. چەند کاتژمێر دادەنیشم و چاوی لێ دەکەم،ئەو هەر دار دەشکێنێ ،ئارەقە لە نێوچاوانی دەتکێ و هەر دار دەشکێنێ،نە من تاقەتی ئەوەم هەیە پرسیارێکی لێ بکەم یان قسەیەکی لەگەڵ بکەم نە ئەو قسەیەکی بۆ کوتن پێیە، ئەو هەر چاویشم لێ ناکات، دەڵەی لەناو تێلێویزیۆنێک دایە و من لەبەر دەمی دانیشتووم و دەنگیم زۆر کردوە، دەڵەی تەنیا کارێک کە دەزانێ دار شکاندن و ئاور کردنەوەیە. من هەڵدەستم دەڕۆم و ئەو هەر دەنگی تەورەکەی بەردەوامە، تۆ بڵەی ئاورێکی چەند گەورە بێت؟
بە گومانم لەوەی کە من ئەوەم وا لە خەیاڵەکانی خۆم و مرۆڤەکانی کەش دا هەم یان ئەوەم وا نان دەخوا،پیاسە دەکا،کار دەکا، گان دەکا و لە کۆتایی دا شل دەبێتەوە و دەڵێن مردوە.
خەیاڵ… خەیاڵ…
دەستم بردەوە بۆ درێژەی ئەم خەیاڵە، ئەمەیان فەندەکێک بوو، جگەرەکەی لێ ئاور دام.
غەریب و بێ دەسەڵات لە بەرامبەریدا مامەوە، مژێکی قووڵم لێدا و دووکەڵ خۆی خزاندە ناو تەواوی دەمارەکانم.
لەبەر دڵی دایکت قەت لە ماڵێ جگەرەت نەکێشابوو، ئەگەر بۆنیشت لێ دەهات ژان بە دڵی دەگەیشت. ئەوە شکاندنی یاسای ماڵێ و یاسای ویژدانە.
بەڵام تۆ بێدەسەڵاتی، تۆ تەنیا لەشێکی کە ئەبێ ئەو جگەرەیە بکێشێ و ئەوە هیچ پەیوەندی بە تۆوە نیە.تۆ کاتێک لە ناو خەڵک دای لەشێکی کە جلەکانت، کەل و پەلەکانت، مرۆڤەکان، نامرۆڤەکان و هەر شتێک کە ئەتوانی بە یەکێک لە پێنج هەستەکانت هەستی پێ بکەی وەجووڵەت دەخەن و ئەوە پەیوەندی بە تۆوە نیە.
کاتێک نان دەخۆی لەشێکی و پێویستت بە شتێکە بۆ ئەوەی لە جووڵە نەکەوی و بتوانی خۆت ڕاگری لەناو ئەو لەشە دا وا پەیوەندی بە تۆوە نیە، بەڵام تۆ تێیدا دیلی و مەجبووری بە مەیلی ئەو بجووڵێیەوە. تۆ پێت خۆشە ئازاد بی بەڵام لەش ناهێڵێ.
لەش بێ تۆ هیچە و تۆ بێ لەش هیچ، بەڵام هیچ شتێکیشتان پەیوەندی بە یەکەوە نیە و تەنیا سازاون کە تێک هەڵکێشرێن و بچنە بەندی کات و شوێنەوە.
بەڵام تۆ سەرکێشی، وەک ڕەشەبا دێی و هەموو شت وێران دەکەی و کەس ناتبینێ، تەنیا وێرانیەکان بەجێ دێڵی لە پاش خۆت. تۆ بوونت دەسەلمێنی و دەڕۆی، پاش تۆ وێرانیەکانیش پەیوەندیان بە تۆوە نیە، هەرچی هەیە لەو ساتەدا پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە، ڕابردوو تەنیا وەجووڵە خستنێک بوە ،هەر لەوێش دا لەناو چوە.تۆ بێ دەسەڵاتی لە ئاستی جگەرەیەک دا کە دەستت دەیهێنێ بەرەو لێوت.
ئەوە کارەسات بوو. کون بوونی لێفەکەم بە ئاگری ئەو جگەرە نەحلەتیە کارەسات بوو،ئەگەر دایکم لەو کاتەدا هاتبایە بۆ ژوورەکەم و منی لەو حاڵە دا و لێفەکەش لەو حاڵە دا وا منی تێدام…
ئەگەر دایکم وەک شەوەکەی بەدوام دا هات و لە سەر شەقام جگەرەکەی لەسەر لێوم دیت و کە ئاوڕم داوە بەدوام دا دەگریا…
ئەگەر دەهات و دەیدیتم… .
کونێک لە ناو لێفەکەم دا یان چاڵێکی تاریک و قووڵ لە ژوورەکەم دا کە تەواوی ماڵەکەمانی جێ دەبێتەوە و بێ سەرووشوێنیان دەکات لە ناخی خۆی دا.لە بەر دەمی چاڵەکە ڕادەوەستم و هەرچی هەمە و بە هی خۆمی دەزانم فڕێی دەدەمە ناویەوە. گشت چیا سەرکێشەکانی ئەم وڵاتەم فڕێ داوەتە ناوی، ئەو کچانەی وا بە بزەیەک یان بە نیگایەک بوونەتە هۆی ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە بۆیان، لە خەیاڵم دا لێوەکانیانم گەستوە و مەمکیانم کوشیوە و لە نێوەڕاستی دەشتێکی پڕ لە بەفر دا ڕووت بووینەتەوە، تەواوی لەشمان پڕ بوە لە ناڵە و بەفری تەواوی زستانمان تواندۆتەوە،هەموو لەو چاڵە دان.
ئەو هەزاران مرۆڤەی ئاورم داون، خنکاندوومن یان بە کڵاشینکۆف، بە شمشێر، بە تەور، بە چەقۆ یان ئاوانەی بە قەڵەمێک جن جنم کردوون، خوێنیانم خواردۆتەوە و لەبەر ئەوەی بۆگەن نەکەن تەرمیانم فڕێ داوەتە ناو چاڵەکەوە، هەموو لەوێ دان و دەتوانم تاک بە تاکیان ببینمەوە.
ئەوە گەورەترین نهێنی منە و کەس نابێ بیبینێ.
لەشت بێ دەسەڵاتە، قورس و سڕە و ناتوانی هەستیە سەر پێ و بڕۆی بۆ بەر پەنجێرەکە و ژوورەکەت لە بۆنی جگەرە ڕزگار کەی،خۆت دەخزێنی، بە ئانیشک گیر کردن لە زەوی خۆت ڕادەکێشی و هەرچی سەر هەڵدێنی ناگەیە بەر پەنجێرەکە، بەردێکی گەورە کە ڕەشەبا هێناویە لەسەر پشتت نیشتوە و تەکانی لێ بڕیوی،هەناسەت دووکەڵی ڕەشی شارێکی ئاگر تێبەربووی تێدایە و تەواوی ئەو هێزەت وا دەیکردی بە ڕەشەبا،تەنانەت ناتوانێ تا بەر پەنجێرەکەت ببات، تەواوی هێزە نهێنیەکانیشتی وەسەر دەخەی و بە خۆ خزاندن لەو شوێنە خاڵیە تێپەڕ دەبی وا دەبوو مەسعوودی لێ نووستبێت.
گەیشتمە بەر پەنجێرەکە و داماوانە دەستم بەرەو لێوارەکەی درێژ کرد و چنگم لێ گیر کرد،خۆم پێوە هەڵواسی و هەڵکشامە سەرێ تا سەرم گەیشتە بەر پەنجێرە و کەلێنێکم بە پێدا.
جگەرەکەت ناوە سەر لێوت و مژێکی قووڵی کەت لێدا و دووکەڵ خۆی خزاندە…
ئەو زەبرە لە پێناوی چیە؟ بۆ وا داماوی بەدەست ئەو جگەرە نەحلەتیەوە؟ئەو فرمێسکانە… بۆ ئەوندە ماندووی؟
چزە لە بەینی ئەو دو قامکەم هەستا وا جگەرەکەم پێ گرتبوو و کە سەیرم کرد قامکەکانم خەریکن دەتوێنەوە.
ژاااان بوو ژااان. ئەو ژانە لە کوێوە سەری هەڵدا و بە کوێ گەیشت؟نا نا… ئەو ژانە کراسێکە و کراوە بە بەرت دا. کراسێک کە قۆڵەکانی بەستراون و ملیوانی نیە و تەوااااوی هاوارەکانت بێدەنگ دەکەن و پێت دەڵێن تەنیا ژانە کە پەیوەندی بە تۆوە هەیە.تەواوی ژانەکانی لەش بە تۆوە و تەواوی ژانەکانی تۆ پەیوەندیان بە لەشەوە هەیە و لێک دابڕانتان زۆۆۆر ئاستەمە.
ژان وەبیرت دێنێتەوە کە دەبێ خۆت ڕزگار کەی، دەبێ خۆتی لێ ڕزگار کەی، بەڵام ڕزگاری لە کوێیە؟چاو دەگێڕی، ملت بەرز دەکەیەوە و لە ئاسۆ دەڕوانی، کام ئاسۆ؟کام ڕزگاری؟ژان لە ناو تۆ دایە و ڕزگاری دەبێ لەوبەری چیاکان بێ؟ دەبێ لەو ئاسۆ ڕوونە بێ وا سمێڵ قەویە مل ئەستوورەکان چاوی لێ دەکەن و سوێندی پێ دەخۆن؟دەبێ بە کوێرە ڕێیەکان دا بڕۆی و لە دارستانە پڕ لە جڕ و جانەوەرەکان تێپەڕ بی، لە سەهۆڵبەندانەکان، لە بیابانە جەهەننەمیەکان تێپەڕ بی و لە ژان دا گرمۆڵە بیەوە و هەر ئەو ژانەش هێزت بداتێ بۆ زیاتر گەڕان بەدوای ڕزگاری دا؟
دانیشە و گوێ ڕاگرە بۆ دەنگی با…
تەواو بوو…
هەموو ژانێک دامرکاوە…
کاتژمێر نازانم بەڵام سەر لە بەیانیەکی زوە و لە خیابانی فەرمانداری بەسەر پێڕەوگەکەدا دەڕۆم و خەڵکێکی زۆر لەمبەر و ئەوبەری پێڕەوگەکە ڕاوەستاون و زەق بوونەتەوە من و چاوم لەسەر هەڵناگرن.
لەترسی قورسایی نیگاکانیان سەر دادەخەم و هەنگاوەکانم خێراتر دەکەمەوە، دەست دەخەمە گیرفانی پاڵتۆ سەوزە درێژەکەمەوە، شتێک دێتە ناو دەستم.
جگەرەیەکی وینستۆنی باریک…
بینێەوە سەر لێوت، ئەوە دیاریەکی ئاشنایە و پەیوەندی بە تۆوە نیە.