”هیچ کات بیرم لە خوێنەر نەکردووەتەوە” دیدار لەگەڵ شاعیری لاو، دیار سۆفی – چاوپێکەوتن
سازدان: ئارام حاجی
.
ناوم دیار سۆفییە، لەدایکبووی گەرمیانم لە ساڵی 1992. دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی سلێمانیم. خاوەنی یەک کتێبی شیعریم بە ناوی” برینێکم بە ڕوومەتی زەوییەوە” کە ساڵی 2019 چاپ کراوە. لە بیست و یەکەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ براوەی خەڵاتی سێیەمی شیعر بووم بۆ دەقی”من بە پێوە دەمرم”.
-دەوترێ؛ وەکچۆن فەیلەسوف لە ڕێگەی ئەقڵ و هزرینەوە هەوڵ دەدا پەل بۆ حەقیقت باوێ، ئاواش شاعیرەکان لە ڕێگەی خەیاڵەوە هەوڵی بۆ دەدەن، تۆ لە شێعرەکاندا زۆرترین باست لەسەر هەردوو چەمکی ژیان و مردن کردووەتەوە، دیار گەشتووەتە کوێی ژیان وا دەڵێ: برینێکم بە ڕوومەتی زەوییەوە؟
یاخود پێتوایە ئەمەی بەڕێی دەکەین تا دەمرین، ژیان نییە بەڵکوو جۆرێک سزا (عقوبە) درانە. ئەوەی کە خراوینەتە ژیانێکەوە کە ئادەم کارێکی کردووە و ئێمە باجی دەدەین. ژیان لای تۆ چییە؟
دیار سۆفی: هیچ شتێک لە دەرەوەی عەقڵ بوونی نییە. واتا خەیاڵیش هەر لە ناو عەقڵدا مومارەسە دەکات. بەڵام ئەوە ڕاستە شیعر بەرهەمی خەیاڵێکی فراوانە. شیعر تاکوو لە خەیاڵەوە نزیک بێت هێندە شیعریتر خۆی نمایش دەکات. چونکە خەیاڵ وێنەیەک درووست دەکات لە واقیعدا بوونی نییە، بەڵام کاریگەری لەسەر واقیع هەیە. کاتێک شیعر هەمان وێنە و ڕووداوە واقعییەکان دووبارە بکاتەوە، ناتوانێ شیعر بێت. جیاوازییەکە لەو بەرز و نزمییەی زماندا خۆی نمایش دەکات. چونکە کاری شیعر لە نێو زماندایە. زمانیش تاکو توانای خەیاڵ باڵادەستتر بێت بەسەرییەوە زێدەتر دەتوانێ دەلالەتی شیعری هەبێت. شیعر خۆی لە ناو عەقڵدا بەرهەم دێت، بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نییە، جۆرێکە بەرەنگاری. دەرهاوێشتەی ئەو ئازار و ئەزموونەی ناوەوەی مرۆڤە کە پەنگی خواردووەتەوە. جۆرێکە لە دەرمان بۆ ساڕێژبوونی برینی ئینسانیی. شیعر چالاکییەکی عەقڵانییە بە باڵادەستی خەیاڵ. کاتێ تۆ بیردەکەیتەوە بۆ نووسینی شیعر، واتا تۆ عەقڵ بەکار دەهێنی. شیعر ئیلهام نییە، بێویستی خۆت وەک سرووش بۆت دابەزێت بەڵکو کردەیەکی عەقڵ و باڵایی خەیاڵە. خەیاڵ توانا و فراوانی بیرکردنەوە بۆ شوبهاندنی وێنە و ڕووداو. شیعر لەسەرووی زمانی ئاساییەوەیە. بۆیە خەیاڵ بەرهەمی دەهێنێ.
سەبارەت بە هەردوو چەمکی مردن و ژیان ڕەنگە دەربڕینێکی زۆر دووبارە بێ و لە میتۆلۆژیا و ئاین تا دەگاتە ئێستە قسە و باسی زۆر لەسەر کراوە. هەمیشە دوو چەمکن پێکەوە کاردەکەن. شەڕی گلگامش ململانێیە بەدوای نەمرییدا. واتا دیسان شەڕکردنە لە نێوان ژیان و مردن. بۆ من کە دەڵێم: برینێکم بە ڕوومەتی زەوییەوە. کە دەکاتە ناونیشانی کتێبەکە، ئەم دەربڕینە زیاتر ئاماژەیە بۆ ئەو مۆدێلە ژیانەی تێیدا ژیاوم. زیاتر ئیشە لەسەر ئەزموونی من. نەک مانایەکی گەورەتر بۆ ژیان. چونکە کارێکی ئاسان نییە لەڕێی شیعرێکەوە شەڕی مردن و ژیان بکەیت. ئێمە وەک کورد هەمیشە لەگەڵ جەنگ و بریندا ژیاوین. دیارە کە شیعریش وەک هەر ئەدەبێکی تر لە دایکبووی ئەزموونی خۆیەتی. شیعری من لەدایکبووی ژیانی منە بە هێزی خەیاڵ نووسیومە.
ژیان جۆرێک لە شەڕەشەقە، لە هەرکوێ بیت، دەبێ بیکەیت. من برینێکم، چونکە شیعر بۆ من بریتییە لە نووسین و ڕەخنەکردنی ئازار. گەر خۆش ژیابام شیعرم نەدەنووسی. خۆشی دەبێ ئەزموونی بکەیت، تێیدابژیت نەک بینووسیتەوە. باوەڕم وایە شیعریش وەک ژانکرەکانی تر بۆ قسەکردنە لەسەر شتێک کە ئەزموونمان کردووە بەڵام جیاواز لە وێنەی ئاسایی. هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە شیعر بۆ خۆشی و چێژ و ئارامی بێت، وەک لە پێناسی زۆر کەسدا دەیبینین بۆ شیعر. من هاتووم لە ڕێگەی ئەندێشە وخەیاڵی خۆمەوە وێنەیەکم داتاشیوە و لەو ڕێگەیەوە باس لە ناشرینییەکان دەکەم کە ئەزموونم کردوون.
-لەگەڵ نەمانی هەر بەرەیەک کۆمەڵێک وشەو ئیدیۆم لەناو دەچن و هەموومان ڕەنگە دەیان وشەمان پێ شک بێت کە باپیرانمان دەکاریان کردووە بەڵام ئێستا ئیتر ئێمە بەکاریان ناهێنین. تۆ لەم کتێبەدا کۆمەڵێ وشەت زیندووکردووەتەوە (وەكوو کەلوێر و کوانو…هتد)، مەبەستمە بزانم چ هۆکارێک وا دەکا کە تۆ ئاوا عەوداڵی وشەی لەبیرچوو بیت و دیسان دەکاریان بکەیتەوە؟
دیار سۆفی: زمان لەگەڵ هەر بەرەو پێشوونێکدا بەشێکی لێ دەبێتەوە و بەشێکی تری بۆ زیاد دەبێت. زمان خاسییەتی لاستیکی هەیە، جۆرێکە لەگەڵ سەردەمدا لە کشان و گۆڕاندایە. کاتێ مۆدێلی ژیان دەگۆڕێ، زمانیش دەگۆڕێ. چونکە شتەکانی دەوروبەر بەشێکی لەکار دەکەون و ون دەبن، ئەمەش وا دەکات لەگەڵ نەمانی فیزیکی دا وشە و ناوەکانیشیان لەناو بچن و بیر بچنەوە. لە جێگەی ئەمانە شتگەلی نوێ دێن جێگەیان دەگرنەوە. ئەم شتە تازانە ناوەکانیان دەچنە نێو زمانەوە و گۆڕانکاری لە قسەکردندا درووست دەکەن. لەگەڵ ئەم گۆڕانکاری و جێگۆڕکێیەدا زمان گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا دێ بە شێوەیەکی هێواش بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین. پێم وابێ ڕۆژگارێک دێت زمانەکانی دونیا لە زۆر شتدا هاوبەشبن. سەبارەت بە بەکارهێنانی هەندێک وشە کە ئاماژەت پێداوە لە شیعرەکاندا، ئەوەیە هەستم کردووە ئەو وشانە لەو جێگەیەدا زیاتر ماناداربن بۆ ئەو مەبەستەی من. بۆ من ئەو وشانە نامۆ نین. چونکە لەگەڵیاندا ژیاوم و بیستوومن. ئێستەش ڕۆژانە گوێبیستیان دەبم لە نەوەی پێش خۆمەوە. باوەڕیشم وایە کۆمەڵێ وشە هەن بۆ خۆیان جۆرێکن لە شیعر. چونکە شیعر ئیشکردنێکی چڕە لە نێو زماندا. کورتترین دەربڕینی ئەدەبییە بۆ قسەکردن لەسەر شتێک. بۆیە کۆمەڵێ وشە هەن چڕن بە مانا، چڕن بە وێنە. پێموا بووە ئەو وشانە لەجێی خۆیاندا بەکارم هێناون و مانا پێ دەری حەقیقی بن بۆ ئەو مەبەستەی من.
-جگە لەو دێڕەی لە کتێبەکەتدا ئاماژەت پێداوە و وتووتە هی” ماردین ئیبراهیم”ـە، نمونەی دەقئاوێزانیی بە شاعیرانیتریش لەم کتێبەدا هەیە، ئەمە گەڕاندمییەوە بۆ قسە بەناوبانگەکەی جولیا کریستیڤا کە دەڵێت: دەق بریتیە لە وەرگرتن و تواندنەوە و پاشان داڕشتنەوەی بە جۆرێکی دی، بە واتایەکیتر، هەموو دەقێک لینکی ئەو دەقانەی پێش خۆی تێدایە کە نوسەر خوێندوویەتییەوە. تێڕوانینت لەمەڕ ئەم گووتەیە و ئافراندنی دەق چییە؟
دیار سۆفی: دەقئاوێزان لە ئەدەبدا کارێکی ئاساییە. لە زۆر شاعیردا ئەمە ڕوو دەدات. سەبارەت بە قسەکەی “جولیا کریستیڤا”دەکرێ ئەم بۆچوونەش بەشێک لە ڕاستی تێدابێ و لەسەری ڕابووەستین. شاعیر لەگەڵ ئەزموونی ژیاندا، هەندێ جار بێئاگا کاریگەری دەقی تری بەسەرەوەیە. ئەمەش هۆکاری ئەو خوێندنەوە و بەرکەوتنەیەتی لەگەڵ دەقی کەسانی تر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شیعر هەڵگری مانا و خەسڵەتی خۆیەتی. چونکە بەرهەمی ئەزموون و شوێنی جیاجیان. بەرهەمی زەمەن و ژیانی جیاجیان. بەرهەمی ئەندێشە و خەیاڵ و وێناکردنی جودان. شاعیران لەبەر ئەوەی لە فەزا گشتییەکەدا هاوبەشن لە ژیان و خوێندنەوەدا، دەکرێ ئەم ژیانە لێکچووە دواجار دەقی مانای نزیک لەیەک بەرهەم بهێنی بە دەربڕینی جوداوە. شاعیر لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خۆیدا وێنەی جودا دادەڕێژێت. شیعر چەندێ نزیکبێ لە شیعری ترەوە هێشتا دەتوانێ سەربەخۆیانە شیعر بێت. چونکە بەرهەمی ئەندێشەی چون یەک نییە لەگەڵ شیعرێکی تردا. خاوەنی خەسڵەت و تایبەتمەندێتی خۆیەتی.
-لە دەقی ”دڵم لە سنگی ئاوێنەکەدا لێ لێ دەدات” وشەی ئاوێنە بووە بە کەرەستەی جۆرێک لە پاردۆکس و لەهەمانکات فرە تەئویلی وەرگرتووە، لەجێیەك لابردنی ماسك و دەرخستنی ناخی مرۆڤ ، لەجێییەك دەرخستنی جێکەوتی زەمەن و تەمەن لەسەر ڕوخساری مرۆڤ ، لە جێیەك وەك شتێکی شووم… و هتد. لە هەمانکاتیشدا بانگەشەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەبینرێ، دەمەوێ پرسیارت لێبکەم؛ ئایندە بۆ تۆ جگە لە مردن بە پێوە و گریان بەدیار سەربڕینی خەرمانێك پیاز، هیچیتری پێنییە؟
دیار سۆفی: ئاوێنە جگە لەوەی کەرەستەی بینینی خودە وەک بوونێکی مەتریاڵی، لە هەمان کاتدا کەرەستەیەکی ئاڵۆزە بۆ قسە لەسەر کردن لە دەوەی کەرەستەکە خۆی. لێرەدا ئاوێنە تەنیا وەک ئامرازێک بەکار نەهاتووە کە شتێکە دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤە یان وێنەی خۆمانی تیا دەبینین. یان بابڵێین ئامرازێکە ئینسان وەک خۆی پێشکەشی خۆی دەکاتەوە. ئاوێنە بۆ خۆی سیحری پیشاندانی ئایندەی پێ نییە، کار لەسەر زەمەنی تێپەڕبوو دەکات. ئیشکردنی من لەگەڵ ئاوێنەدا جۆرێکە لە ڕەخنەگرتنی ئەو ژیان و مۆدێلە دووبارەی کە هەیە. لە ڕێگەی چیرۆکێکەوە کە نییە، چیرۆکێکی تر دەگێڕمەوە کە هەیە. ئیشکردنی من لەسەر ئاوێنە ڕەخنەیە لە ڕۆتین. چونکە ویستوومە لەڕێگەی چەمکی ئاوێنەوە ڕەخنەی ژیانی دووبارە بگرم. ویستوومە لەو ڕێگەوە بڵێم وەک چۆن ئاوێنە چاودێرە بەسەرمانەوە، ئاوهاش مرۆڤەکان بوونەتە چاودێر و دەست دەخەنە نێو ژیان و مافەکانی ئەوانی ترەوە. ڕەخنەگرتنە لە نەگۆڕان. ویستوومە لە ڕێگەی ئاوێنەوە شتێکی تر بگێڕمەوە. شیعر لەبەر ئەوەی بەرهەمی بیرکردنە و خەیاڵی فراوانە، نابێ ئیش لەسەر وێنەی واقعێکی ڕووت بکات. بەڵکو چیرۆکە لە ناو چیرۆکدا.
-بە چاوخشاندنێک بە کتێبەکەتدا ئەوەی زۆر خێرا بۆم ڕوون بووەوە ئەوە بوو کە دەتوانین شێوازی نووسینی شێعرەکانی نێو ئەم کتێبە بە گشتی بەسەر دوو جۆر یان دوو شێواز یان دوو زمانی جیاوازدا دابەش بکەین: ساکار و دژوار. هێندەک لە شێعرەکان بە سانایی خۆ دەدەن بە دەستەوە و هێندێکیتر نا، پێویستە زیاتر لێیان ڕامێنی. تاقی کردنەوەی هەردوو شێوازەکە لە یەک کتێبدا بۆ ئەوە نییە کە سەرنجی ڕێژەیەکی زیاتری خوێنەران بۆ لای خۆت ڕابکێشی؟
دیار سۆفی: من هیچ کات بیرم لە خوێنەر نەکردووەتەوە لەکاتی نووسیندا. چونکە هەرگیز بۆ ڕازی کردنی دڵی خوێنەر نانووسم.
شیعری من بۆ بەدەستهێنانی سۆزی خەڵکی نییە. بەرهەمی ئازار و ژیانی منە. بەرهەمی ئەندێشە و خەیاڵی منە. کاری ئەدەب ئەوە نییە لەبەر جەماوەر ڕای خۆی بگۆڕێ. بۆ ئەوە نانووسم خوێنەری من کێن و چۆن بیر دەکەنەوە. نووسەر خاوەنی ئەندێشە و ئەزموونەکانی خۆیەتی. نووسەر لە کاتی نووسینی دەقدا بیری لە خوێنەر کردەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەو شتە بنووسێت کە خۆی نیازیەتی. من وەک نووسەری دەقەکان دابەشکاریم نەکردووە لە نێوان”کراوە و داخراو”دا. ئەوە خوێنەر دواتر دەتوانێ بۆچوونی هەبێ لەسەری. ڕەنگە ئەم دابەشکارییە لەلای خوێنەرێکی تر جۆرێکی تر و پێچەوانە بێت. من دەنووسم لە توانست و ئاگایی خۆمەوە دونیا دەبینم. باوەڕ ناکەم هیچ نووسەرێک هەبێ پێش نووسینی دەق بیر لە ئاستی دەقی خۆی بکاتەوە کە گوایە دەقێکی داخراوە یان کراوە. ئەوە دوای نووسینەوەی دەکرێ هەڵسەنگێنرێ. من بۆ ڕازیکردنی خوێنەر نانووسم، چونکە نازانم چ جۆرە خوێنەرێک من دەخوێنێتەوە، نووسەر ئەندامی پارتێکی سیاسی نییە لەبەر لایەنگرانی ئیش بکات. بەڵکو تەنیا ئیش بۆ ڕوئیا و ئەندێشەی خۆی دەکات. کتێبی برینێکم بە ڕوومەتی زەوییەوە لەبەر ئەوەی پێک دێت لە دووبەشی شیعری درێژ و پۆستەرە شیعر، ئیتر مانای ئەوە نییە بریتی بێت لە داخرا و کراوە. مەرج نییە هەمیشە شیعری کورت داخراو بێت و شیعری درێژ کراوە. من هەرگیز لە شیعردا ئەم دابەشکارییەم نەکردووە. شیعر لە شکڵدا دەرناکەوێ ئایا شیعرێکی ئاسانە بۆ تێگەیشتن یان قوڵ و بیرکەرەوەیە. بەڵکو لەو پەیامەدا دەرەکەوێ کە هەڵگرێتی.
هەندێ جار شیعر هەرچیەکی لەسەر بڵێی، زیان بە شیعرەکە دەگەیەنی. بۆ من کەمێک سەیرە بێم خوێندنەوە یان ڕای خۆم لەسەر کتێبی خۆم بڵێم.
Dest xosh, hamishe sekewtu bn kaka Dyar