لێکدانه‌وه‌ی ‘وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد’ و شرۆڤه‌ی ئه‌و له چه‌ند ڕۆمانی کوردی‌دا
جه‌لال پوورحه‌سه‌ن
.
پووخته:
وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد که به شێوازی ناڕاسته‌وخۆی ئازادیش ناسراوه، به‌شێکه له وێژمانی گێڕانه‌وه‌یی بگێڕه‌وه له نێو ده‌قگه‌لی چیرۆکیدا.
ئه‌و جۆره له گێڕانه‌وه ئه‌گه‌رچی له نێو ڕۆماننووسیدا خاوه‌ن مێژوویه‌کی دیاره و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌کانی پێش 17 و 18 زایینی، به‌ڵام له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا ده‌بێته مژارێک بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ران بتوانن به شێوه‌یه‌کی پراکتیک و به‌ربڵاوتر به کاری بهێنن. ئه‌و وتاره حه‌ول ده‌دات شێوازه‌کانی گێڕانه‌وه‌یی بناسێنێ و هه‌روەتر پێداگرییه‌کی تایبه‌ت ده‌کات له سه‌ر جۆری به‌کارهێنانی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد و بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ش نموونه له چه‌ند ڕۆمانی کوردی ده‌هێندرێته‌وه و تا ڕاده‌یه‌کیش جۆری به کارهێنانی ئه‌و شێوازه له‌و چه‌ند ڕۆمانه کوردییه‌دا و نیشان ده‌درێت که ئایا نووسه‌رانی کورد چۆن و تا چ ڕاده‌یه‌ک که‌ڵک له‌و شێوه وێژمانییه وه‌رده‌گرن.
شێوازی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد له ڕۆماندا زیاتر به دوو مه‌به‌ست دەگیرێتەبەر: یەکەم؛ چه‌ند ده‌نگی کردنی گێڕانه‌وه و دووهەم به‌شداری چالاکانه‌ی خوێنه‌ر و بەدەستهێنانی هاودڵی خوێنه‌ر. وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد تەکنیکێکی گوته‌یی کارامه‌یه بۆ نواندنه‌وه‌ی جیهانی ده‌روونیی و ئاوه‌زیی کاراکتێره‌کان که له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی بگێڕه‌وه دەخرێتە ڕوو. هه‌روەتر له‌و ڕێیه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ناوهندیسازی ڕۆمان چۆن بنیات ده‌نرێت، چون وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد که له گێڕانه‌وه‌دا خۆی ده‌رده‌خات، ڕوانگە و گۆشه نیگای کاراکتێڕهکانیش نیشان ده‌دات.
کلیل وشه‌کان: وێژمانی گێڕانه‌وه – نواندنه‌وه‌ی گوتار و ئاوه‌زی کاراکتێره‌کان – وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد – ڕۆمانی کوردی
پێشه‌کی:
گێڕانه‌وه به زمانێکی ساده یانی “نواندنه‌وه‌ی یه‌ک ڕووداو یا چه‌ند ڕووداو له زه‌مه‌نێکی تایبه‌ت دا که سه‌ره‌تا، ناوه‌ند و کۆتاییه‌کی هه‌بێت”. دیاره له‌و پێناسه‌یه دا ڕووداو و ڕەوتی ڕووداو بابه‌تی سه‌ره‌کین. له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی دا گێڕانه‌وه بۆ چیرۆکێک به کار ده‌هێنن که له چه‌ند ڕووداو و کاراکتێر و هه‌روه‌ها کرده و گوتارگه‌لی ئه‌وانه‌وه پێک هاتبێت. هه‌ر شتێک چیرۆکێک بڵێته‌وه یا نمایشی بکات، گێڕانه‌وه‌یه (رودی،1389،20) جێرالد پرینس گێڕانه‌وه ئاوا پێناسه ده‌کات: ” گێڕانه‌وه بریتییه له نواندنه‌وه‌ی لانیکه‌م دوو ڕووداو یا دۆخ له درێژه‌یه‌کی زه‌مه‌نی دیاریکراو که هیچ کامیان پێشگریمانه‌ی ئه‌وه‌ی تریان نه‌بێت.”(1395،10) له‌و پێناسەیەدا لانیکه‌م ده‌بێ دوو ڕووداو هه‌بن تا گێڕانه‌وه پێک بێت. به‌ڵام مونیکا فلۆدێرنیک بۆ سازبوونی گێڕانه‌وه یه‌ک ڕووداویش به کفایه‌ت ده‌زانێت. ئه‌و جیهانی چیرۆک له سه‌ر بنەمای ڕووداو بە درووست نازانێ، به‌ڵکه هه‌بوونی یه‌ک کاراکتێر بۆ ده‌ست پێکردنی گێڕانه‌وه به پێویست ده‌زانێ.(1399،33) ئێچ پۆرتێر ئێبۆتیش به هه‌مان شێوه له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که پانتای گێڕانه‌وه ئه‌وه‌نده به‌ربڵاوه که بچووک کردنه‌وه‌ی پێناسه‌که‌ی به هه‌بوونی لانیکه‌م دوو ڕووداو و پێوه‌ندی نێوانیان کارێکی درووست نییه … به باوه‌ڕی ئه‌و؛ توانایی نواندنه‌وه‌ی یه‌ک ڕووداو – چ له قالبی وشه‌کان و چ به هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه – به‌ردی بناغه‌ی هه‌موو فۆڕمه تێکچندراوهکانی تره. (1398،41)
چه‌مکی گێڕانه‌وه‌ناسی یه‌که‌م جار له لایه‌ن تۆدۆرۆفه‌وه به کار هێنراوه. گێڕانه‌وه‌ناسی وه‌ک زانستێک حه‌ول ده‌دات پێکهاته‌ی چیرۆک له به‌ر چاو بگرێت که چۆن له سه‌ره‌تاوه بۆ ناوه‌ندێک و تا کۆتایی ده‌گێڕدرێته‌وه. گێڕانه‌وه‌ناسی خوێندنه‌وه‌ی شێوە و کارکه‌ردی گێڕانه‌وه‌یه.(پرینس،1395،10) له‌و ساڵانه‌ی دواییدا گێڕانه‌وه‌ناسی له لایه‌ن توێژه‌رانی بواره جیاوازه‌کانه‌وه ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه، وه‌کوو فیلسوفه‌کان، ده‌روونناسه‌کان، ده‌روونشیکاره‌کان، نیشانه‌ناسه‌کان، توێژه‌رانی کلتوور و مرۆڤناسه‌کان.(هه‌مان،10) هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌ک له دوو به‌ش پێک دێت: گێرانه‌وه‌ی بگێڕه‌وه و نواندنه‌وه‌ی قسه‌ی کاراکتێره‌کان. له گێڕانه‌وه‌ی بگێڕهوهدا جهانی چیرۆک له گۆشه نیگای ئه‌و نمایش ده‌درێت و زۆربه‌ی چیرۆکه‌کان خاوه‌نی یه‌ک یا چه‌ند بگێڕه‌وه‌ن. ئه‌و خاوه‌نی ده‌نگ و مه‌ودای خۆیه‌تی که ده‌کرێ هه‌م له ده‌ره‌وه چیرۆک بێت که پێی ده‌ڵێن: “گێڕه‌وه‌ی ناهاوچیرۆک” و یا ده‌کرێ یه‌کێ له کاراکتێره‌کانی نێو چیرۆک بێت که پێی ده‌ڵێن: ” گێڕه‌وه‌ی هاوچیرۆک”.
شێوازه‌کانی نواندنه‌وه‌ی وێژمانی کاراکتێره‌کان
نواندنه‌وه‌ی قسه‌ی کاراکتێره‌کان به چوار شێوه ئه‌نجام ده‌درێت: وێژمانی ڕاسته‌وخۆ، وێژمانی ڕاسته‌وخۆی ئازاد، وێژمانی ناڕاسته‌وخۆ و وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد.
وێژمانی ڕاسته‌وخۆ:
گێڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی گوته یا ئه‌ندێشه‌ی به قسه‌یی کراوی کاراکتێره. (یان،1398،148) گوتاری ڕاسته‌وخۆ زیاتر ده‌که‌وێته نێوان نیشانه گێڕانه‌وه‌ییه‌کان وه‌ک دوو خاڵ و گیومه‌وه. هه‌ر وه‌ها وێژمانی ڕاسته‌وخۆ له دوو پاژ پێک دێت که یه‌کیان به‌ندی پایه‌یه و ئه‌وه‌ی دیکه به‌ندی په‌یڕه‌وه. له به‌ندی پایه دا کاراکتێری خاوه‌ن ده‌نگ دیاری ده‌کرێت و له به‌ندی په‌یڕه‌و دا گوته‌که‌ی دێته ئاراوه. زمانی ده‌ستووری و هه‌ر وه‌ها ڕاناو و ئاماژه‌گه‌ره‌کانی وه‌ک قه‌یدی کات سه‌ر به ڕانه‌بردوو و ئێستان.(حری،1388،63)
نموونه:
1)عه‌لی گوتی: ” ده‌بێ کاره‌کانم زوو ته‌واو بکه‌م.”
2)شادی بیری کرده‌وه: “هه‌رچه‌ند خۆشم ده‌وێی به‌ڵام لێت تووڕه‌م.”
له ڕسته‌ی یه‌که‌م دیاره گوته‌که به شێوه‌ی ئیسنادی بۆ عه‌لی ده‌گه‌ڕێته‌وه و به بێ دخاڵه‌تی بگێڕه‌وه قسه‌که له زاری عه‌لی و ته‌نیا به نێوانجێتی بگێڕه‌وه ده‌گوترێ که که‌مترین ده‌خڵ و تهسهڕووفی تێدا ده‌کات. له ڕسته‌ی دووهه‌میش دا به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌ندێشه‌ی به قسه‌یی کراوی شادی به بێ ده‌ستتێوه‌ردانی بگێڕه‌وه ده‌نوێندرێته‌وه و ئه‌ندێشه‌که ڕاسته‌وخۆ بۆ شادی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وێژمانی ڕاسته‌وخۆی ئازاد:
ئه‌گه‌ر نیشانه گێڕانه‌وه‌ییه‌کان و پاڕه گووته‌ی گوزاریش کراو له وێژمانی ڕاسته‌وخۆ بسڕینه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه وێژمانی ڕاسته‌وخۆی ئازاده(غفاری و نجومیان،1391،11) بۆ ئازاده؟ چوون دیاری نه‌کراوه که کێ قسه ده‌کات و ته‌نیا له ڕێی چندراوه‌ی ده‌قه‌که ده‌بێ بزانین مه‌رجه‌عی ئه‌و گوته‌یه کێیه. له‌و شێوه‌یه‌ش دا گوته به بێ ده‌ستتێوه‌ردانی بگێڕه‌وه ده‌نوێندرێته‌وه. وێژمانی ڕاسته‌وخۆی ئازاد به تاک بێژی ده‌روونیش ناسراوه.(پرینس،1395،52)
نموونه:
- ده‌بێ کاره‌کانم زوو ته‌واو بکه‌م.
- هه‌رچه‌ند خۆشم ده‌وێی، به‌ڵام لێت تووڕه‌م.
وێژمانی ناڕاسته‌وخۆ:
شێوه‌یه‌ک له نواندنه‌وه‌ی وشه(گوتار) یا ئه‌ندێشه‌ی به قسه‌یی کراوه‌ی کاراکتێره که له به‌ندی ئیسنادی و شێوه‌ی گێڕانه‌وه(نقل قول)که‌ڵک وه‌رده‌گرێ به‌ڵام له به‌ندی په‌یڕه‌و دا قسه‌که له فیلته‌ری بگێڕه‌وه تێده‌په‌ڕێت و ئه‌و زمانی کاراکتێر به شێوه‌یه‌کی گشتی خولاسه، ڕاڤه و له ڕوانگه‌ی ڕێزمانییه‌وه ڕیزبه‌ندی ده‌کاته‌وه(یان،1398،151) دیسان قسه‌ی گێڕانه‌وه‌یی کاراکتێر له گه‌ڵ ڕاناو، کاته ده‌ستوورییه‌کان و هه‌رواتر ڕسته ئیرجاعییهکان له گه‌ڵ گۆشه نیگای بگێڕه‌وه هاوته‌ریب و هاوپێوه‌ند ده‌کات و ڕێژه‌ی ڕوونی و ئاشکرایی بوونی مه‌به‌ستی قسه به دیار ده‌خات و ده‌یڵێته‌وه.(هه‌مان،151) بۆ به دیار خستنی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆ ده‌کرێ به زیاد کردنی “که” له دوای به‌ندی ئیسنادی وه‌ک”عه‌لی گوتی” یا “شادی بیری کرده‌وه” ئه‌وه‌ی دواتر دێت ده‌بێته وێژمانی ناڕاسته‌وخۆ.
نموونه:
- عه‌لی گوتی که ده‌بێ کاره‌کانی زوو ته‌واو بکات.
- شادی بیری کرده‌وه که خۆشی ده‌ویست به‌ڵام لێی تووڕه‌ش بوو.
هه‌ر وه‌ک له‌و نموونانه دیاره قسه‌ی کاراکتێر له ڕوانگه‌ی بگێڕه‌وه‌وه ده‌ستکاری کراون و له گه‌ڵ کاتی گێڕانه‌وه که زیاتر ڕابردوویه رێکخراون. ئه‌و شێوه له نواندنه‌وه‌ی گوته‌ی کاراکتێر ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که خوێنه‌ر له کاراکتێری خاوه‌ن گوته دوور بکه‌وێته‌وه و وێژمانی بگێڕه‌وه ده‌بێته وێژمانی باڵاده‌ست.(غفاری و نجومیان،1391،10)
وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد:
وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد مه‌به‌ستی زۆر یه‌ک له توێژینه‌وه گێڕانهوهناسییهکانه. ئه‌و شێوه‌یه کاتی نواندنه‌وه چه‌مکه‌کانی یه‌ک گوته له چندراوه‌ی گێڕانه‌وه‌یی به نیشان دانی هێز و توانای شه‌رح و یا لێ که‌م کردنی گوته‌ی گێڕانه‌وه‌یی(نقل قول) له به‌سته‌ری نه‌حوی و شێوازی تایبه‌ت نیشان ده‌درێت.(فلۆدێرنیک،1399،167)جێراڵد پرینس ده‌ڵێت: ” بگێڕه‌وه ئه‌وه‌ی کاراکتێر ده‌یڵێت به شێوه‌ی سێهه‌م که‌س گوزاریش ده‌کات”(1395،52) ئه‌و کاته به شێوه‌یه‌کی ڕه‌وان ده‌نگی بگێڕه‌وه که له گه‌ڵ ده‌نگگه‌لێکی جیاوازی ناوه‌یی که بێژه‌ری ئه‌و دیار نییه و هیچ کام له نیشانه‌کانی ڕێنووسی پێوه دیار نییه یا به‌ندی ئیسنادیشی له گه‌ڵ نییه به‌ڵام به سێهه‌م که‌سی ڕێزمانی پابه‌نده تێکه‌ڵ ده‌بێ(ابوت،1398،141) نواندنه‌وه‌ی قسه، له‌و دۆخه دا وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاده.
گوته له‌و شکڵه دا تهکهڵاوێکه له ده‌نگی بگێڕه‌وه و ده‌نگی کاراکتێر که پاسکاڵ ئه‌و به ده‌نگی دوو جۆری ده‌زانێت.(نه‌قڵ له حری،1388،64) وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد جۆرێکه له ناوه‌ندی سازی که ده‌نگی کاراکتێر له گه‌ڵ گوته‌ی گێڕانه‌وه‌یی بگێڕه‌وه تێکه‌ڵ ده‌بێت و به‌و شێوه‌یه گۆشه نیگای کاراکتێره‌کانیش پێک دێنێت. کاتێک ده‌نگی گێرانه‌وه‌یی ئاوا ڕه‌ها و قابیلی گۆڕینه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر لای خۆی بیر بکاته‌وه که ئایا بگێڕه‌وه‌ی تاک له گۆڕی دایه(ابوت،1398،148) یا نه‌خێر چه‌ند بگێڕه‌وه دێن و کاتی گێڕانه‌وه داگیر ده‌که‌ن، چوون له‌و شێوه سازکردنی وێژمانه دا هه‌موو کرداره‌کان و قه‌یده کاتییه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕابردوو و خۆیان هاوته‌ریبی کاتی گێڕانه‌وه ده‌که‌ن. فلۆدێرنیک(1399) ده‌ڵێت:
“په‌یڕه‌وکردنی نه‌حوی گوته‌ی گێڕانه‌وه‌یی(نقل قول) یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته هه‌ره دیاره‌کانی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاده، که‌وابوو له گوته‌ی گێڕانه‌وه‌ی ناڕاسته‌وخۆ که‌لێنه‌کانی هاونشینی ڕسته‌گه‌لی نه‌قڵی وه‌ک (پۆل ته‌مای گرت که، حه‌وا پرسی که ئایا، سه‌رهه‌نگ ئه‌مری کرد که…)به هاوته‌ریب کردن و سڕینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ده‌نگ که یه‌کێک له کاراکتێره‌کانه وا پیشان ده‌درێت ئه‌وه بگێڕه‌وه‌یه که ئه‌و قسانه ڕێک ده‌خات به‌ڵام له بنه‌ما دا ئه‌و گوتانه هی کاراکتێرهکانن که به‌ندی پایه‌ی ڕسته‌که که نیشانده‌ری بێژه‌ری ئه‌و قسه‌یه‌یه لاده‌چێت.”(166)
له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی تووشی ڕه‌وانی دێت و هه‌ر وه‌ها جۆرێک له ناڕوونی و ئایرونیش درووست ده‌کات، بۆیه هه‌میشه ئاسان نییه که ڕوونی که‌ینه‌وه نواندنه‌وه‌ی گوتاری له کوێ ده‌ست پێ ده‌کات یا له کوێ له گه‌ڵ نموونه‌یه‌ک له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد به‌ره‌وڕووین.(هه‌مان،168) تولان ئه‌و جۆره شێوه‌یه‌ک له وێژمان ده‌زانێت که گوته یا ئه‌ندێشه‌ی کاراکتێر نه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و نه به ناڕاسته‌وخۆ به‌ڵکه تێکه‌ڵاوییه‌ک له ناڕاسته‌وخۆی بگێڕه‌وه و ڕاسته‌وخۆی وێژمانی کاراکتێره.( نه‌قڵ له غفاری و نجومیان،1391،11)هه‌رواتر پاوستما باوه‌ڕی وایه که وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد سنووری نێوانجی نێوان وێژمانی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیه.(هه‌مان،11) تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد به کارهێنانی ڕسته‌گه‌لێکی پرسیاری یا سه‌رسووڕمانی سه‌ربه‌خۆ و هه‌ر وه‌ها ئاماژه‌گه‌ره‌کانی نزیک نوێنه.(هه‌مان،11) یانی که ئه‌و ئاماژه‌گه‌رانه زیاتر خه‌سڵه‌تی قه‌یدی کاتییان هه‌یه وه‌ک ئێستا، به‌ڵام کردار ڕابردوویه. به‌و شێوه‌یه وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد له نێوان کاتی ئێستا و ڕابردوو ئاوێزانه. وه‌ک: “ئێستا پشۆهکانی کۆتایی ژیانی بوو.” قه‌یدی کات سه‌ر به ئێستا و ڕانه‌بردوویه به‌ڵام کردار سه‌ر به ڕابردوویه. ئاوا دیار نییه ئایا ئه‌وه گوته‌ی بگێڕه‌وه‌یه یا ئه‌وه‌ی که گوته‌ی کاراکتێره که تێگه‌یشتووه که ژیانی له مه‌ترسی به‌ره‌و کۆتایی هاتن دایه. له کاتێک دا ڕسته‌که ده‌بایه سه‌ره‌تا به‌و شێوه‌یه ببوایه: عه‌لی گوتی:” ئێستا پشۆهکانی کۆتایی ژیانمه.” وه‌کی له جیاوازی ڕێزمانی ئه‌و دوو ڕسته‌یه وه‌دیار ده‌که‌وێت وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد به‌رئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارییه که 1) کرداری گوزاریش کراو لاده‌چێت و پیتی ڕه‌بتی “که”ش نامێنێت. 2) گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاماژه‌گه‌ره‌کانی کات نوێن بۆ کاتی نزیک و ئێستایی. 3) گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌حوی ڕسته‌ی پرسیاری بۆ شێوه‌ی سه‌ره‌تاییان که هاوته‌ریبی گوته‌ی بگێڕه‌وه بێت. 4) گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و توخمانه‌ی ڕسته‌گه‌لی سه‌رسووڕمان یا بانگهێشتی(ندایی) که له حاڵه‌تی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆ لابرابوون.(هه‌مان،12)فلۆدێرنیک ده‌ڵێت: ” وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد له‌و ڕوویه‌وه ئازاده که کرداره‌کانی به‌ندی پایه نامێنێت، وه‌ک گوتی، بیری کرده‌وه و پرسی، بۆیه‌ش ناڕاسته‌وخۆیه چوون گوتراوه‌کان یه‌کسه‌ر ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ مه‌رجه‌عی خۆیان واتا کاراکتێره‌کان و کاته‌کانی کردار له گه‌ڵ کاتی گێڕانه‌وه ده‌گۆردرێن.”(1399،168)
گرینگی جیا کردنه‌وه‌ی گوته‌کانی نێو گێڕانه‌وه
ئه‌فلاتوون له کتێبی سێهه‌می کۆماری خۆی ئاشکرا ده‌کات که به نواندنه‌وه‌ی گوته له گێڕانه‌وه دا گرینگی ده‌دات. له‌و به‌شه له کتێب دا سوقرات گێرانه‌وه(نقل) و گوتاره‌کان(تقلید) له یه‌ک جیا ده‌کاته‌وه، بۆیه جۆری شێعر(که له‌ودا شاعیر به زاری خۆی قسه ده‌کات) له جۆری حیماسه(که تێکه‌ڵاوییه‌که له نه‌قڵ یانی قسه کردنی بگێڕه‌وه و ته‌قلید یانی وێژمانی کاراکتێره‌کان) جیا ده‌کاته‌وه. جیاوازی نێوان نه‌قڵ/ ته‌قلید سه‌ره‌ڕای جیاوازییه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌یان نیشانده‌ری نواندنه‌وه‌ی وێژمانی ته‌واو(نه‌قڵ) له به‌رانبه‌ر وێژمانی کاراکتێری نێونجێتی کراو(ته‌قلید) ئه‌ژمار ده‌کرێت.(هرمن،1396،16) ئه‌فلاتوون به‌و جیاکردنه‌وه‌یه نیشان ده‌دات هه‌ر گوته‌یه‌کی گێڕانه‌وه‌یی به دوو شێوه له ده‌ق دا پراکتیزه ده‌کرێت، ئه‌و قسه و نه‌قڵانه‌ی به نێوانجێتی بگێڕه‌وه به‌یان ده‌کرێن و ئه‌و قسانه‌ی سه‌ر به کار گوته‌ی کاراکتێرن. بگێڕه‌وه به‌و دوو شێوه‌یه گێڕانه‌وه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بات، یه‌کیان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک له گۆشه نیگای خۆیه‌وه ئه‌وه‌ی دیکه گێڕانه‌وه له گۆشه نیگای کاراکتێره‌کانه‌وه که له گوته‌ی نواندراو دا خۆی نیشان ده‌دات که به‌رانبه‌ره له گه‌ڵ نێوانجێتی و بگۆڕی کاراکتێره‌کان(به شێوه‌ی وێژمانی ڕاسته‌وخۆ، وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد و گوزاریشی گوتار) له نێو ئاخنی وێژمانی گێرانه‌وه‌یی بگێڕه‌وه دا.(هه‌مان،16)به‌ڵام ژێنێ پێیوایه به عه‌کسی ئۆلگووی نمایشی ئه‌فلاتوون، له ڕاستی دا هیچ ڕۆڵگێڕییهکی ڕاسته‌قینه‌مان نییه که کارگوتهکان بڵێته‌وه، به‌ڵام به هه‌ر شێوه‌یه‌ک ده‌بێ قاییل به‌وه بین که وێژمانی ڕاسته‌وخۆی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی مکانیزمێکی به‌لاغییه له ئیختیاری بگێڕه‌وه دا تا پێداگری بکاته سه‌ر شێوه‌ی ئیجڕای گێڕانه‌وه.(هه‌مان،18) وا هه‌ست ده‌که‌ین ئه‌وه هه‌مان جۆر ڕیز کردنی قسه‌یه که کاتێک به یه‌که‌وه ده‌په‌یڤین له نێوانمان دا ڕوو ده‌دات. ئه‌و قسه‌یه‌ی ژێنێ ئه‌وه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه که هه‌موو جۆره‌کانی نواندنه‌وه‌ی وێژمانی گێڕانه‌وه له ژێر کارتێکه‌ری بگێڕه‌وه دایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که گوته‌کان له یه‌ک جیا ده‌که‌ینه‌وه ڕاست گه‌مه‌یه‌کی به‌لاغییه که به نێوانجێتی بگێڕه‌وه له نێو چیرۆک دا نمایش ده‌درێت. ئه‌و مکانیزمه ئیمکانی ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر چێ ده‌کات که جهانی چیرۆک جۆرێک ته‌قلیده له جهانی ڕاسته‌قینه و قسه و لێدوانی نێوان خه‌ڵک. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه جهانی چیرۆک جهانێکی سازێندراوی زه‌ینی نووسه‌ره‌که‌یه‌تی. نووسه‌ران له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کان جۆره‌کانی تایبه‌تی تکنیکی به‌لاغیان به کار هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جهانه سازێندراوه هه‌رچی زیاتر به لای خوێنه‌رانه‌وه پله و بایخی هه‌بێت. ئه‌گه‌رچی ده‌زانین ده‌قی ڕۆمان سازێندراوی زه‌ینی نووسه‌ره به‌ڵام تا قوڵاییه‌کانی ده‌رک و فامستی خۆمان پێیدا ڕۆ ده‌چین و له هه‌رچی جهانی ڕاسته‌قینه‌شه بۆمان ڕاسته‌قینه‌تره. ڕۆمان و ده‌قگه‌لی ئه‌ده‌بی له زمانی یونانییه‌کانه‌وه جۆرێکه له پاڵاوتنی ئاوه‌زی و ده‌روونی.
گرینگی ئه‌وه‌ی که بتوانین سه‌رچاوه‌کانی ده‌نگ یا کارگوتهکان و ئه‌وانه‌ی که هێڵێ چیرۆک ده‌به‌نه پێشێ هه‌م له داڕشت و هه‌م له خوێندنه‌وه دا پراکتیزه بکه‌ین و بیانناسین، دۆخێک دێنێته ئاراوه که مه‌یدانه‌کانی به‌کارهێنانی جۆره‌کانی نواندنه‌وه‌ی قسه‌ی کاراکتێره‌کان به‌رفره‌تر بێت. به‌کارهێنانی ئه‌و شێوازه گێڕانهوهییانه به سرنج به‌و تایبه‌تمه‌ندی بهلاغیانهی هه‌یانه ده‌بێته هۆێ ڕاکێشانی زیاتری سرنجی خوێنه‌ر. له لایه‌کی دیکه‌وه نواندنه‌وه‌ی قسه‌ی کاراکتێره‌کان په‌یوه‌سته به ڕێزمانی ئه‌و زمانه، که مه‌سه‌له‌ن له زمانی کوردی دا چۆن کاتی به کارهێنانی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد، نه‌حوی ڕسته‌کان له گه‌ڵ وێژمانی بگێڕه‌وه تێکه‌ڵ ده‌بن؟ زمانی کوردی به سرنج به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی چ ئیمکانگهلێک به یارمه‌تی وه‌رده‌گرێ تا به باشترین شێوه ئه‌و دۆخه ناڕاستهوخۆیهمان بۆ گوزاریش بکاته‌وه؟ به سرنج به وڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌توانین هه‌م سه‌تحی به‌لاغه‌تی به‌کار هێنراو دیاری بکه‌ین هه‌میش نه‌حو و ڕێزمانی زمانی کوردی و شێوه تهتبیقهکهی نیشان بده‌ین.
ساز کردنی چه‌ند ده‌نگی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد
وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد ئه‌گه‌ر چی ده‌توانێ سه‌رچاوه‌ی ته‌م و ناڕوونی چیرۆک بێت له‌وه‌ی که چۆن جیای بکه‌ینه‌وه کێ قسه ده‌کات، به‌ڵام مکانیزمێکیشه بۆ چه‌ند ده‌نگی کردنی گێڕانه‌وه. چوون له تێکه‌ڵ بوونی گوته‌ی کاراکتێر له گه‌ڵ گوته‌ی بگێڕه‌وه دۆخێک پێک دێت که به قه‌ولی فلۆدێرنیک(1396) تێکه‌ڵاوی هاوته‌ریبی کاتی و ئیرجاعی به بێ وابه‌سته بوونی نه‌حوی به قسه‌ی کاراکتێر له لایه‌ک و به‌رجه‌سته کردنی نیشانه قسه‌ییه‌کان که زمانی کاراکتێر ده‌قه‌بڵێنن له لایه‌کی تر گریمانه‌ی دوو ده‌نگی و دوو ئاوازی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد ده‌سه‌لمێنن.(هه‌مان،26) له‌و شێوازه دا وێژمان ئازادتر، ڕاسته‌قینه‌تر و تهنزئامێزتره له جۆره‌کانی دیکه‌ی نواندنه‌وه‌ی وێژمان(هه‌مان،27) ئازادتره چوون به‌ندی پایه‌ی له گه‌ڵ نییه، ڕاسته‌قینه‌تره چوون زیاتر له‌و دۆخه دا بگێڕه‌وه گوته وه‌ک شێوه‌یه‌کی نمایشی به کار ده‌هێنێت و ئه‌و ده‌بێته نمایش ده‌ری به‌شێک له گوته‌ی کاراکتێر، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له ژێر کارتێکه‌ری گوته‌ی کاراکتێر دایه بگێرهوهیه نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، تهنزئامێزتره چوون له دۆخی ڕسته‌ی پرسیاری یا سه‌رسووڕمان زۆر جاران دیار نییه ئه‌وه به‌شێکه له وێژمانی گێڕانه‌وه‌ی بگێره‌وه یا نه‌خێر به‌شێکه له نواندنه‌وه‌ی وێژمانی کاراکتێر.
مه‌ک هیل نیشانه‌گه‌لێکی دیکه‌ش بۆ وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد قاییله عیباره‌ت یا ڕسته‌گه‌لی سه‌رسووڕمان، دوو پاتی، ڕاوه‌ستانه‌کان و مه‌ودا که‌وتنه نێو قسه، ڕسته‌گه‌لی ناته‌واو یا بڕدراو و که‌ڵک وه‌رگرتن له زاراوه یا جۆره‌کانی زمانه تایبه‌ته‌کان(نه‌قڵ لهغهفاری و نجومیان،1391،12) که له لای سوسور به پارول یا وێژمانی که‌سه‌کی ناسراوه، ده‌بینین که له نێو وێژمانی بگێره‌وه دا خۆیان نمایش ده‌ده‌ن. بێ شک دۆخێک دێننه ئاراوه که ته‌م و مژێک به‌دی دێنن که ناتوانین به گوته‌ی بگێڕه‌وه‌ی بخه‌مڵێنین، بۆیه ده‌کرێ له ڕێی هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی که له له‌حن و ده‌نگ دا که بۆ کاراکتێره‌کان دیاری کراوه سه‌رچاوه‌ی ده‌نگ دیاری بکه‌ین و ئه‌و ته‌م و مژه‌ی بسڕینه‌وه.
زۆر جاران له دوای وێژمانی ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ لێدوان گه‌لێک ده‌بینین که ئه‌و لێدوانانه تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو سه‌ر به وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازادن.(هه‌مان،13) ئه‌و لێدوانانه له گه‌ڵ هێڵی گێڕانه‌وه‌ی بگێڕه‌وه هاوکات ده‌کرێن. ناسینه‌وه‌ی ئه‌وانه له وێژمانی ئه‌و دا تایبه‌ته به جۆری ڕێتۆریک و شێوه به‌یانی هه‌ر یه‌ک له کاراکتێره‌کان. دیاره هه‌ر کاراکتێرێک له لای نووسه‌رێکی به توانا یا نیشان ده‌ری روخسار و ڕواڵه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و خاوه‌ن هزر و ڕاوێژی خۆی یا ئه‌وه‌ی که نه‌خێر له تیپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ڵک وه‌رگیراوه. هه‌میشه تیپه‌کان گشتی ترن له که‌سایه‌تی کاراکتێره‌کان. له‌وانه‌یه که‌سایه‌تی یه‌ک کاراکتێر ته‌نیا و تایبه‌ت بێ و سه‌ر به جهانی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه. له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که هه‌ست، ویست و ئه‌ندێشه‌ی کاراکتێر ئیرائه ده‌درێت، بگێڕه‌وه‌ش هاوڕی له گه‌ڵ گوته‌ی کاراکتێر ده‌جوڵێته‌وه.(فلکی،1382،50) بۆیه ئێمه له نێو وێژمانی گێڕانه‌وه دا ئیمکانی ئه‌وه‌مان بۆ چێ ده‌بێ تا بتوانین ده‌نگی بگێڕه‌وه و ده‌نگی کاراکتێڕ له یه‌ک جیا بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام به هۆی گۆڕانی گۆشه نیگا له بگێڕه‌وه‌وه بۆ کاراکتێر چیرۆک تووشی ناڕوونی و دژوارفامی دێت.(50) رسته‌ی گێڕانه‌وه‌یی یا نه‌قڵی له وێژمانی ڕاسته‌وخۆ سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ “من” ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ڵام له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد ئه‌و منه ده‌بێت به ئه‌و. جاری وا هه‌یه گوته‌یه‌کی گێڕانه‌وه‌یی یا ئه‌ندێشه‌یه‌ک له نێو وێژمانی بگێڕه‌وه بۆ زیاد له دوو کاراکتێر و خوودی بگێڕه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، سازبوونی چه‌ند ده‌نگی له‌و شێوه‌یه ته‌مێکی زیاتر ده‌خاته سه‌ر گوته نواندراوه‌کان. دواتر له ده‌رئه‌نجام دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و باسه.
هێنانه‌وه‌ی چه‌ند نموونه‌ی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد له ڕوانگه‌ی گێڕانه‌وه‌ناسه‌کان
گێڕانه‌وه‌ناسه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی دیار و به‌رچاو بتوانن شرۆڤه(تبین)ی جۆره‌کانی نواندنه‌وه‌ی وێژمانی گێرانه‌وه‌یی بکه‌ن حه‌ولیان داوه له توێژینه‌وه و لێکدانه‌وه‌کانیان له ڕۆمانه‌کان نموونه‌ی بهێننه‌وه. ئه‌وان بۆ هه‌موو جۆره‌کانی نواندنه‌وه‌ی قسه له پاڕه گوته یا به‌شێک یا پاڕاگرافێک یارمه‌تیان وه‌رگرتووه و له‌و ڕێیه‌وه نیشانیان داوه که چۆن نووسه‌ران له‌و مکانیزمه بۆ چه‌ند ده‌نگی کردنی گێڕانه‌وه و یا کاراکتێر سازی که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. هاوکات له گه‌ڵ وه‌سفه‌کانی بگێڕه‌وه جۆری لێدوانی هه‌ر کاراکتێرێک ده‌توانێ یارمه‌تی که‌سایه‌تی په‌ردازی نووسه‌ران بدات. بۆیه هه‌ر ئیمکانێکی به‌لاغی یا به‌یانی ده‌توانێ ئاستێکی دیاریکراوی هه‌بێ له به‌روپێش بردنی چیرۆک دا.
نموونه‌ی یه‌که‌م. له کتێبی پێشداهاتێک بۆ گێڕانه‌وه‌ناسی مونیکا فلۆدێرنیک لاپه‌ڕه‌ی 170یه که له ڕۆمانی “ساباتی مامه ته‌م” هێنراوه‌ته‌وه.
بازرگان حه‌به‌ساو یا سهرسووڕناو نه‌بوو[…] ئه‌و ده‌یان جار ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ببۆوه[…] بۆیه سوێندی خوارد که کچه‌که ته‌نیا جانتایه‌ک بوو و ئه‌و به شێوه‌یه‌کی ئههیریمهنانه بێ شانس بوو و “ئه‌گه‌ر بڕیار بوو هه‌موو شتێک هه‌ر ئاوا تێپه‌ڕێ یه‌ک سێنتیش له‌و سه‌فه‌ره دا قازانجی نه‌کردووه.”
له‌و به‌شه‌ی که که‌وتۆته نێو گیومه‌وه قسه‌ی بازرگان به شێوه‌ی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد هاتۆته نێو وێژمانی بگێرهوهوه. دیاره بازرگان زیاتر گرینگی ده‌دات به دراو و یا قازانج له سه‌فه‌ره‌که‌ی دا بۆیه ده‌توانین له ڕێی چندراوه‌ی که‌لام به دیاره بخه‌ین ئه‌وه نه‌ک گوته‌ی بگێڕه‌وه به‌ڵکه ڕێک گوته‌ی بازرگانه.
نموونه‌ی دووهه‌م: هه‌ر له‌و کتێبه لاپه‌ڕه‌ی70یه له ڕۆمانی “گادوین”ه به نێوی “کیلب ویلیامز”
مه‌حاڵه خه‌ڵک ئه‌و جۆره که‌ل و په‌له‌یان پێ باش بێت وه‌ک ئه‌و نیگلیسییه به‌یانی و بێگانه‌یه. به‌ڵام به باشی ده‌یزانی که ڕاستی چیرۆکه‌که چۆن بوو، سه‌حنه‌ی دڵته‌زێنی شانۆیه‌ک بوو که ته‌نیا له به‌ر ئه‌و ڕێک خرابوو، به‌ڵام ” خودا نه‌یبه‌خشێ ئه‌گه‌ر تۆڵه‌ی خۆی له هه‌موان نه‌ستێنێته‌وه.”
ئه‌و شوێنه‌ی که‌وتۆته نێو گیومه‌وه نواندنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ی به قسه‌یی کراوی کاراکتێره که هاتۆته نێو وێژمانی بگێڕه‌وه‌وه. ئه‌سڵی گوته‌که ئاوایه: “خودا نهمبهخشێ ئه‌گه‌ر تۆڵه‌ی خۆم له هه‌موان نه‌ستێنمه‌وه.” به‌ڵام به پێی وێژمانی بگێره‌وه ڕێزمانی رسته‌کان ئاوا گۆڕدراوه.
نموونه‌ی سێهه‌م: له کتێبی “سه‌وادی گێڕانه‌وه”ی “ئێچ. پۆرتێر ئێبۆت” لاپه‌ڕه‌ی 147 له رۆمانی “ئێما”ی “جین ئاستێن”ه.
“هه‌رچی بوو به‌خته‌وه‌ر نه‌بوو، قه‌ت هه‌ستی به به‌خته‌وه‌ری نه‌کردبوو. ئه‌و که‌مایه‌سییه له کوێوه په‌یدا ببوو ئه‌وه‌ی که پاڵی وه‌هه‌رچی دابایه داده‌ڕوخا؟ ئه‌گه‌ر له شوێنێک مرۆڤێکی به‌هێز و جوان هه‌بێ، مرۆڤێکی به که‌ڵک، پڕ له زه‌وق، پڕ له ناسکی، به دڵ وه‌ک شاعیر و روخساری فریشته‌یه‌ک، که سازی چه‌نگی به ده‌سته‌وه و ڕوو له ئاسمان گۆرانی و هۆره‌ی ده‌چڕی، ئه‌گه‌ر ببا بۆچی ئێما به ڕێکه‌وتیش تووشی نه‌ده‌بوو؟ ئاه چ خه‌یاڵێکی مه‌حاڵه!”
ئه‌گه‌ر چاو له‌و به‌نده‌ی ڕۆمانه‌که بکه‌ین له “هه‌رچی بوو” تا “ئاه چ خه‌یاڵێکی مه‌حاڵه” هه‌موو هه‌ر قسه‌ی ئێمان که له زمانی بگێڕه‌وه‌ی چیرۆکه‌وه ده‌رده‌بڕدرێن. ئاوا هه‌م شکایه‌تی ئێما له ژیان باس ده‌کات و هه‌م ئاه و حه‌سره‌ته‌که‌ی و هه‌م ئه‌وه‌ی که چه‌نده ڕێز له خۆی ده‌گرێت و چۆن له خۆی ده‌ڕوانێ، بۆیه که‌سێکی پێ شک نایه بتوانێ له ڕیزی خۆی دا بیبینێته‌وه و هه‌مووی ئه‌وانه‌ی له ده‌وروپشتین به چاوێکی بچووک لێیان ده‌ڕوانێ. ئه‌و به‌نده هه‌م قسه و هه‌م ئه‌ندێشه ئێما ده‌نوێنێته‌وه و به شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی سێهه‌م که‌س ڕێک خراوه که له بنه‌ما دا ده‌بایه هاوڕێ له گه‌ڵ به‌ندی ئیسنادی به شێوه‌ی یه‌که‌م که‌س و کاتی ئێستا بوایه.
نمونه‌ی چواره‌م: له کتێبی گێڕانه‌وه‌ناسی مانفرێد یان لاپه‌ڕه‌ی 150ڕۆمانی (Dickens,Edwin Drood)
بۆی ده‌نووسێته‌وه؟
“ئه‌و ڕۆژ نا ڕۆژێک بۆی ده‌نووسێته‌وه و ته‌واوی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه”
له‌و به‌شه‌ی که که‌وتۆته نێو گیومه که له دوای ڕسته پرسیارێکهیه ده‌بایه له زاری کاراکتێره‌که به‌یان بکرابایه یانی ده‌با به شێوه‌ی ” که هه‌ر ڕۆژناڕۆژێک بۆی ده‌نووسم و ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ ده‌گێڕمه‌وه.” بایه. چندراوه‌ی قسه‌که کراوه به سێهه‌م که‌س که خه‌ریکه به شێوه‌ی گوزاریشی گێڕانه‌وه ئه‌کتی کاراکتێر له داهاتووی نزیک دا دیاری ده‌کات. له گوزاریشی گێڕانه‌وه دا وشه‌کان یا ئه‌ندێشه‌کان به مه‌به‌ستی به‌یان نه‌کردنی ورده‌کارییه‌کان که مه‌به‌ست لێی ڕاگرتنی گیانی قسه یا به قه‌ولی فارس لۆپی که‌لامی کاراکتێره له زمانی بگێڕه‌وه ئیرائه ده‌کرێنه‌وه(یان،1398،151) تا بتوانرێ کورته‌یه‌ک له کۆی زه‌ین و ڕوانینی کاراکتێر به ده‌ست بگات.
به هێنانه‌وه‌ی ئه‌و چوار نموونه‌یه و وه‌ده‌رخستنی جۆری تێڕوانینی گێڕانه‌وه‌ناسه‌کان له جۆری ڕۆنانی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد ئه‌و به‌شه به کۆتایی ده‌گه‌یه‌نم و هیوادارم هێنانه‌وه‌ی ئه‌و نموونانه چرایه‌ک بێ بۆ ئه‌وه‌ی له به‌شی لێکدانه‌وه‌ی ڕۆمانه کوردییه‌کان یارمه‌تیده‌ری خوێنه‌ران بێت.
گێڕانه‌وه‌ی کوردی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد
له‌و به‌شه دا حه‌ولم داوه سرنج بخه‌مه سه‌ر چه‌ند رۆمانی کوردی و لایه‌نه‌کانی نواندنه‌وه‌ی وێژمانی کاراکتێره‌کان له به‌شی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد دیاری بکه‌م. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به پێی هه‌ڵبژاردنی خۆم 6 ڕۆمانی که‌متر ناسراو و زیاتر ناسراوم دیاری کردووه که سه‌رده‌می چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌یان له 10 ساڵ زیاتر مه‌ودای له مابه‌ین دا نه‌بێ. ئه‌و ڕۆمانانه‌ی دیاری کراون هه‌موو له یه‌ک ده‌یه‌ی ڕابردوو دا چاپ و بڵاو کراونه‌وه. یه‌ک بابه‌تی دیکه‌ش که ده‌بایه سرنجم بخستبایه سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌کانی خۆم هاوته‌ریب بکه‌م ته‌نیا ئه‌و ڕۆمانانه‌م هه‌ڵبژاردووه که به‌شێک یا هه‌مووی له گێڕانه‌وه‌ی سێهه‌م که‌س که‌ڵک وه‌رگیراوه. چوون ئه‌و وتاره حه‌ولی ئه‌وه‌یه‌تی نیشان بدات که که‌ڵک وه‌رگرتنی بگێڕه‌وه له وێژمانی کاراکتێره‌کان چۆن له ده‌ق دا نمایش دراوه و چۆن گوته و ئه‌ندێشه‌ی به قسه‌یی کراوی ئه‌وان له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد نواندراوه‌ته‌وه. که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و تکنیکه به‌لاغییه بۆ هه‌رچی زیاتر ئیعتبار به‌خشییه به ڕاستگۆ بوون و سادق بوونی بگێڕه‌وه. کاتێک بگێڕه‌وه له ده‌ره‌وه جهانی چیرۆکه یا ناهاوچیرۆکه ڕێژه‌یه‌ک له ئیعتبار و باوه‌ڕ پێویسته. ئه‌و پێویستیه‌ش بۆ بیسه‌ری گێرانه‌وه یا خوێنه‌ره. بگێڕه‌وه به ڕێکخستنی گێڕانه‌وه له ڕێی هه‌ڵبژاردنی گۆشه نیگای کاراکتێره‌کان ئیعتبارێکی زیاتر بۆ گێڕانه‌وه فه‌راهه‌م ده‌کات، یه‌کێ له‌و شێوازانه‌ی که ئیمکانی ئه‌وه ساز ده‌کات گۆشه نیگای کاراکتێر له گێڕانه‌وه دا به‌رهه‌م بهێنێت وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاده. به پێی توێژینه‌وه‌ی ئه‌و وتاره و لێ وردبوونه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌و 6 ڕۆمانه کوردییه که له خوارتر ئاماژه‌یان پێ ده‌کرێ، نووسه‌رانی کوردیش له ده‌قه‌کانیان دا له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد که‌ڵک وه‌رده‌گرن.
ڕۆمانه هه‌ڵبژێردراوه‌کان:
- ئه‌و باڵنده فڕیوانه‌ی که زبڵن، نووسه‌ر جه‌بار جه‌ماڵ غه‌ریب
- سژین، نووسه‌ر ئه‌نوه‌ر عه‌باسی
- دووره ده‌راوی سووره چۆم، مه‌نسوور حامیدی
- تۆقی عه‌زازیل، نووسه‌ر سه‌ید قادر هیدایه‌تی
- دانای کوێخا شه‌وکه‌ت، نووسه‌ر موعته‌سه‌م ساڵه‌یی
- باڵنده‌کانی ده‌م با، نووسه‌ر عه‌تا نه‌هایی
ئا: ئه‌و باڵنده فڕیوانه‌ی که زبڵن
نموونه:
مه‌رجاندڵ نه‌یده‌وێرا هه‌روا سوک و ئاسان داوای ئه‌و جووته کۆتره‌ی بکاته‌وه دڵی به‌وه ئاوی ده‌خوارده‌وه که له سه‌ربانی خۆیانه‌وه ده‌یدی کۆتره‌کانی له گه‌ڵ کۆتره شامییه‌کانی سه‌فا له قوڵایی ئاسمانێکی شینی بێ بن یه‌ک له سه‌ر یه‌ک ته‌قڵه لێده‌ده‌ن. دواتر به‌رگه‌ی نه‌گرت و بڕیاریدا به دزیش بێت کۆتره‌کانی بێنێته‌وه. ده‌بێ سه‌ر دیواره‌که که‌وێ، هه‌ر که ده‌ستی به لێواری بلۆکه‌کانه‌وه گرت و سه‌ری تۆزێک به‌رز کرده‌وه، قژه درێژ و چڵکنه‌کانی سه‌فای دیت با به‌رزی کردبۆوه. ترسا و ویستی بگه‌ڕێته‌وه. چاوه قوڵه‌کانی سه‌فا له جیاتی هه‌ڕه‌شه نه‌رم و بێده‌سه‌ڵات هاتنه به‌ر چاوی، چی ببینێ؟ سه‌فا کۆمه‌ڵێک کۆتری تازه ترۆکاوی خستبۆ باوه‌شی کوڕه سپیکارهکهی مامۆستا ئیفلیجه‌که‌ی کۆڵانی ئه‌و دیو… .(2011،7)
ئه‌و دوو شوێنه‌ی کە بەرجەستە (بۆڵد) کراونەتەوە، یه‌کیان ئه‌ندێشه‌ی ناڕاسته‌وخۆی ئازاده که ده‌بایه ئاوا بایه: “ده‌بێ سه‌ر دیواره‌که که‌وم” له ڕاستی دا ئه‌وه ئه‌ندێشه‌ی مهرجاندڵه که به‌و شێوه‌یه هاتۆته نێو وێژمانی بگێڕه‌وه‌وه. له به‌شی دووهه‌میش دا به هه‌مان شێوه، ده‌بایه “چی ببینم” بایه، که گوته‌ی مهرجاندڵه که هاوکات گۆشه‌ی نیگای گێڕانه‌وه له لایه‌ن ئه‌وه‌وه ناوه‌ندی سازی ده‌کرێ، به‌ڵام به‌شێوه‌ی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد هاتۆته نێو وێژمانی گێڕانه‌وه و ڕێزمانی رسته‌کان له گه‌ڵ ڕێزمانی گێڕانه‌وه هاوته‌ریب کراون.
له‌و ڕۆمانه دا ته‌نیا به‌شی یه‌که‌م(یاقوو) له گێڕانه‌وه‌ی سێهه‌م که‌س و به‌شه‌کانی دیکه‌ی ڕۆمان له گێڕانه‌وه‌ی یه‌که‌م که‌س که‌ڵک وه‌رگیراوه و ڕووداوه‌کان له گۆشه نیگای مهرجاندڵهوه باس ده‌کرێن و ئه‌و بگێڕه‌وه‌ی به‌شه‌کانی دیکه‌ی چیرۆکه. بۆیه ده‌نگی مه‌رجاندڵ وه‌ک بگێڕه‌وه‌ی هاوچیرۆک ده‌نگی زاڵه که له به‌شی یه‌که‌میش دا که بگێڕه‌وه ناوهاوچیرۆکه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی هه‌یه.
بێ: سژین
نموونه‌ی یه‌که‌م:
زۆر په‌شیمان بوو به‌ڵام ئه‌و شته‌ی ئازاری ئه‌دا ئه‌وه بوو که نه‌یده‌زانی ئێستا که نازلی نه‌ڕۆیشتووه و گه‌وره‌یی نواندووه، ئه‌م ئه‌بێ چی بکات و چ هه‌ڵسووکه‌وتێک بگرێته‌به‌ر. داوای لێبوردن کردن به گشتی کارێکی سه‌خت نییه. دۆخێک که تێیدا داوای لێبوردن ئه‌که‌ین گرینگتره و هه‌موو شتێک ئاڵۆزتر ده‌کات. هێنده‌ک جار داوای لێبوردن کردن نه‌ک هیچ شتێک چاک ناکاته‌وه، به‌ڵکه خۆی ئه‌بێ به جۆرێک سووکایه‌تی پێکردن. هێنده‌ک جاریش نا، ئه‌بێ به گاڵته جاڕ. به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ی که ئێستا سارای تێدایه هیچ کامی ئه‌مانه نییه، تووڕه بوونه‌که‌ی به جێگا بوو، ته‌نیا که‌مێک زیاده‌ڕۆیی کرد. نازلیش هاوڕێی کۆنه… سارا پێیخۆشه که هه‌موو شتێک به بێ ئه‌وه‌ی باس بکرێته‌وه هه‌ر له‌وێدا ته‌واو بێت. واته به بێ ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن بکات یان ئه‌وه‌ی که نازلی گله‌یی بکات هه‌موو شتێک له بیر بکرێت. ئاه … ئه‌مه باشترین شتێکه که ئه‌توانێ رووبدات.(2018،197)
له‌و به‌نده‌ی رۆمانه‌که دا له به‌شی یه‌که‌م(ئه‌و شوێنه‌یه کە بەرجەستە کراوەتەوە) ئه‌ندێشه‌ی ناڕاسته‌وخۆی ئازادی سارایه که چۆنییه‌تی داوای لێبوورده‌یی کردنه‌که‌ی له بابه‌ت ئه‌وه‌ی به تووندی نازلی دواندووه له زه‌ینی دا تاوتوێ ده‌کات، ئه‌و به‌شه له گه‌ڵ جۆری گێڕانه‌وه‌ی بگێڕه‌وه هاوته‌ریبه.
به‌شی دووهه‌م (که بۆڵد کراوەتەوە) وێژمانی سارایه که له وێژمانی بگێڕه‌وه دا نواندراوه‌ته‌وه. پێداگری کردنی سارایه سه‌باره‌ت به تووره بوونه‌که‌ی و به کارێکی به جێی دهقهبڵێنی به‌ڵام له هه‌مان کات دا پێیوایه زیاده‌رۆیی کردووه، چوون نازلیش هاوڕێی کۆنه، ده‌بایه ڕسته‌که ئاوا بایه: “تووڕه بوونه‌که‌م به جێگا بوو، ته‌نیا که‌مێکم زیاده‌ڕۆیی کرد، نازلیش هاوڕێی کۆنمه”. به‌شی سێهه‌میش هه‌ر وێژمانی سارایه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بێده‌نگی له بابه‌ته بکرێت و ئه‌و داوای لێبوردن نه‌کات و نازلیش گله‌یی نه‌کات به شێوه‌یه‌کی حهسرهتبار ئاره‌زووی سارا ئه‌وه‌یه، بۆیه ئه‌وه‌ش وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازادی سارایه که هاتۆته نێو وێژمانی بگێڕه‌وه‌وه.
نموونه‌ی دووهه‌م:
“ئاخ ئیلهامه بچکۆلانه‌که‌ی من، هه‌موو شتێک خه‌ریک بوو باش ده‌چووه پێش. بۆ ئه‌تهه‌وێ بگه‌ڕێیه‌وه نێو باوه‌شێک که ئه‌یتر هی دڵدارێکی مه‌زنه؟ ئه‌وه‌نده مه‌زن که هه‌موو پانتای باوه‌شمی بۆ خۆی ئه‌وێ. من سه‌ربازی ئه‌وم و ئه‌و سێبه‌ری سه‌رم. من[…]، چ سودی هه‌یه دیسان بمبینیته‌وه؟ چ که‌ڵکی هه‌یه کاتێک که من ئه‌یتر ته‌نیا له یه‌ک شت چێژ ده‌بینم که ئه‌ویش له تۆدا نییه؟[…] ئه‌و دڵداره‌ی که هه‌زارانی وه‌ک من ئه‌ویندارین…”
نا هه‌ڵمه‌ت گیان ناتوانی ئه‌م قسانه بکه‌ی. ئه‌مانه زۆر شاعیرانه‌ن. جگه له‌وه‌ش دڵنیام که هیچ ژنێک ڕاناوه‌ستێ هه‌تا هه‌موو ئه‌م وتاره تێر و ته‌سه‌له‌ت ته‌واو بێت و دێته نێو قسه‌کانته‌وه و لێشت تێک ئه‌دات.
ئیلهام ئیدی چاوه‌ڕێی وڵامی هه‌ڵمه‌ت نه‌ما.(هه‌مان،118)
ئیلهام ته‌له‌فوون بۆ هه‌ڵمه‌ت ده‌کات که پێویسته بیبینێ، به‌ڵام هه‌ڵمه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئیلهام وڵامی ئه‌رێنی به خوازبێنیکه‌ره‌که‌ی داوه‌ته‌وه و ئێستا ده‌زگیرانی ئه‌وه، سه‌ره‌تا مل نادات. به‌ڵام ئیلهام تێیده‌گه‌یه‌نێت که پێویسته بیبینێت. هه‌ڵمه‌ت له‌و شوێنه‌ی که خه‌ریکه له نێو زه‌ینی دا وتارێک ڕێک ده‌خات که به‌ره‌وڕووی ئیلهامی بکات و پێی بڵێت که ئیتر ئه‌وه تۆ نی که من باوه‌شمی بۆ ده‌که‌مه‌وه به‌ڵکه دڵدارێکی وه‌ک نیشتمانمه که پێوستی به منه. به‌شی دوای ئه‌وه ده‌کرێ سه‌ر به وێژمانی هه‌ڵمه‌ت بێ که به بێ گیومه و ئاماژه‌ی ڕاسته‌وخۆ به هه‌ڵمه‌ت هاتۆته نێو وێژمانی بگێڕه‌وه‌وه. که نه‌خێر کاکه خه‌ریکی چی له نێو زه‌ینت دا دێنی و ده‌به‌ی و هیچ ژنێک ئه‌وه‌نده چاوه‌ڕوانی ناکات تا ئه‌و وتاره پێشکه‌ش بکه‌ی. یا ده‌کرێ ئه‌ندێشه‌ی ئیلهام بێ که بسه‌لمێنێت ئه‌و داوای دیتنی خۆی کردووه و پێویست ناکات ئه‌و وتاره‌ی ناو زه‌ینی هه‌ڵمه‌ت که ده‌کرێ له ده‌رفه‌تێکی کورت مه‌ودای بێده‌نگی ئه‌ودا خه‌ریک بوو ڕێک ده‌خرا ببیستێت. بۆ ئه‌وه‌ش چوون به “هه‌ڵمه‌ت گیان” ده‌ست پێکراوه و دواتر “ئیلهام ئیدی چاوه‌ڕێی وڵامی هه‌ڵمه‌ت نه‌ما” هاتووه. لێره‌دایه به که‌ڵک وه‌رگرتن له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد ده‌توانرێ چه‌ند ده‌نگی پێک بێت. که ئه‌و به‌شه وێژمانی هه‌ردوو کاراکتێری هه‌ڵمه‌ت و ئیلهام بێت.
سژین ڕۆمانێکی جێی سرنجه، عه‌باسی به به‌کارهێنانی چه‌ندین تکنیکی گێڕانه‌وه‌یی چیرۆکه‌که‌ی داڕشتووه، وه‌ک: نووسه‌ری شاراوه، نووسه‌ری زیادکراو(ضمنی) و خودی بگێڕه‌وه که هه‌ر کام به پێی پێوست له ڕۆمانه‌که دا ئاماده ده‌بن. ئه‌و ڕۆمانه له دوو چیرۆک پێک هاتووه، چیرۆکێکیان سه‌ر به ڕابردووه که ئه‌و به‌شه‌ی له تاران ڕوو ده‌دات له خۆ ده‌گرێ، چیرۆکێکیانیش له تاراوگه‌یه که له کاتی ئێستای گێڕانه‌وه نیزیکتره. به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ر دوو چیرۆک به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕۆن. چیرۆکی یه‌که‌م که چیرۆکی بنه‌ماش ئه‌ژمار ده‌کرێ به رۆێشتینی هه‌ڵمه‌ت بۆ قه‌ندیل تا ڕاده‌یه‌ک به ئاکامی خۆی ده‌گات، هیوا به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه و ئیلهام ده‌چێته به‌ندی چاوه‌ڕوانێکی نادیار که ئایا جارێکی دیکه هه‌ڵمه‌ت ده‌بینێته‌وه یا خێڕ. به‌ڵام چیرۆکی دووهه‌م هیچ کۆتایی یا سه‌رئه‌نجامێکی نییه. چیرۆکی دووهه‌م وه‌ک پهڕاوێزێکه بۆ چیرۆکی ئه‌سڵی. له چه‌ن جێگه‌ش دا هه‌م ناچیرۆک هه‌یه، هه‌م ئه‌وپه‌ڕ گێرانه‌وه‌یی نووسه‌ری شاراوه که هه‌وساری گێڕانه‌وه به ده‌سته‌وه ده‌گرێت. نووسه‌ری زیادکراویش له زۆر شوێن به دانانی ڕسته‌ی پرسیاری یا قسه‌ی کردنی ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ خوێنه‌ران به‌شداری ده‌کات و چه‌ند بابه‌ت شه‌رح ده‌کات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه ته‌نیا بۆ ڕوون کردنه‌وه‌یه‌کی به په‌له بوون له سه‌ر ڕۆمانه‌که ده‌نا له حه‌وسه‌له و مه‌به‌ستی ئه‌و وتاره به‌ده‌ره.
پێ: دووره ده‌راوی سووره چۆم
نموونه‌ی یه‌که‌م:
که‌ریم ده‌ڵێ: ” باقی! شتێکت پێ بڵێم ڕه‌نگه بڕوام پێ نه‌که‌ی. به‌ڵام به‌و هه‌موو ئازار و جه‌زره‌به‌ی داویانمێ، ئێستاش رووحم هه‌ر له گه‌ڵیانه، خۆشم ده‌وێن. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک گه‌ڕاینه‌وه، خۆم ده‌خه‌مه ژێر پێیان و داوای لێبوردنیان لێده‌که‌م.”خۆشییه‌ک نه‌رم و نیان خزایه نێو له‌شیان. ئه‌گه‌ر شۆڕش سه‌رکه‌وێ ئه‌وانیش پیاوانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه.( 2012،193)
ئه‌و به‌شه‌ی که به بۆڵدکردن دیاری کراوه وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازادی که‌ریمه که هاتۆته چوارچێوه‌ی وێژمانی بگێڕه‌وه‌وه. ده‌بایه ڕسته‌که له بنه‌ما دا به‌و شێوه‌یه بایه، که‌ریم ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر شۆڕش سه‌رکه‌وێ ئێمه‌ش پیاوانه ده‌گه‌ڕێینه‌وه”
نمونه‌ی دووهه‌م:
هه‌مزاغا له دوو کاوه‌یسی ده‌نێرێ. ئاماژه‌یه‌ک ناکا به‌وه‌ی ئامین بۆی گێڕابۆوه. ته‌نیا دڵنیای ده‌کا و ده‌ینێرێته ژوانی فاتی و ئه‌وه براکانی فاتێ بوون که له جیاتی فاتێ ده‌چنه ژوانگه. کاوه‌یس بۆ ماوه‌یه‌ک حه‌به‌سابوو. خه‌می دایک و خه‌می فاتێ، به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ی ئامینه شه‌ل پێشتر به کاوه‌یسی کوتبوو. پێشتر کاوه‌یسی بنکۆڵ کردبوو هه‌رچی کردی خۆی بۆ نه‌هاته‌وه سه‌ر باری پێشووی. ئه‌وه بوو له تارانێ گیرساوه.
له‌و به‌شه‌دا ئه‌وه کاوه‌یسه که ڕووداوه‌که له زه‌ینی خۆی دا ده‌هێنێت و ده‌یبات و لێکیده‌داته‌وه که چۆن هه‌مزئاغا و ئامینه شه‌ل مه‌ودایه‌ک پێک ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به ده‌ست براکانی فاتێ به کوشت بده‌ن. بۆیه ده‌ینێرنه ژوانگه‌یه‌ک که له جێی فاتێ براکانی چاوه‌ڕێی ده‌که‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی کاوه‌یس هه‌واڵی مه‌رگی دایکی ده‌بیستێ و به سرنج به‌وه‌ی پێشتریش ئاگاداری ئه‌وه بووه که فاتێ ده‌یهه‌وێ مێرد به خوشکه‌زای هه‌مزاغا بکات و به سرنج به ئه‌و قسانه‌ی ئامین بۆی هێنابوو. ئیتر ئه‌و به‌شه‌یه که وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازادی کاوه‌یسه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن بڕیار ده‌دا له تاران بمێنێته‌وه و ڕسته‌که ده‌بایه به‌و شێوه‌یه بوایه: “هه‌رچی کردم خۆم بۆ نه‌هاته‌وه سه‌ر باری پێشووم. ئه‌وه بوو له تارانێ مامه‌وه.” ئه‌و قسانه وه‌کی له تهندراوهی ده‌قه‌که ده‌رده‌که‌وێ دوای دیتنی ڕه‌سوڵی کوڕی ئامین شه‌ل گوتراون و له‌وانه‌یه هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌و به‌یان بکات.
نموونه‌ی سێهه‌م:
به‌ڵام سۆفی حه‌سه‌ن که ده‌هاته سه‌ر حیساب و کتێبان ده‌یدیت که هه‌مووی بوختان و درۆیه، بۆ ئه‌وه‌ی پێ نه‌نێته تارانێ، بۆ ئه‌وه‌ی چاو و گوێی هیچ که‌سێک له ناوچه‌ی ئه‌وان نه‌کرێته‌وه. ده‌نا ئه‌وه نییه خۆی بۆته میوانی دوکتورێک که ئێواره‌که‌ی مونشیهکهی به پاڕانه‌وه‌ش ئیزنی نه‌ده‌دا دوکتور چاوی پێی بکه‌وێ.(هه‌مان،162)
لێره‌دا ئه‌وه ئه‌ندێشه‌ی ناڕاسته‌وخۆی سۆفی حه‌سه‌نه که هاتۆته نێو وێژمانی بگێڕه‌وه‌وه. کاتێک مه‌نعی ده‌که‌ن که نابێ بچێته تاران. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی سۆفی له لایه‌ن دوکتوره‌وه به وه‌ها رێز و قه‌درێک میوانداری ده‌کرێ ئاوا بیر ده‌کاته‌وه. که ده‌بایه ڕسته‌کان به‌و شێوه‌یه بایه‌ن ” بۆ ئه‌وه‌ی پێ نه‌نێمه تارانێ، بۆ ئه‌وه‌ی چاو و گوێی هیچ که‌سێکمان له ناوچه‌ی ئه‌وان نه‌کرێته‌وه. ده‌نا ئه‌وه نییه خۆم بوومه میوانی دوکتورێک که ئێواره‌که‌ی مونشیهکهی به پاڕانه‌وه‌ش ئیزنی نه‌ده‌دا چاوم پێی بکه‌وێ”
دووره ده‌راوی سووره‌چۆم ڕۆمانێکی تا بڵێی تکنیکی و خاوه‌نی گێڕانه‌وه‌یه‌کی به تام و چێژه. سێ جۆری گێڕانه‌وه‌ی یه‌که‌م که‌س، سێهه‌م که‌س و دووهه‌م که‌سیش له خۆ ده‌گرێت. خاوه‌نی چه‌ند بگێڕه‌وه‌یه، که یه‌کیان کاراکتێری سه‌ره‌کییه که هه‌م چیرۆکی ژیانی خۆی، خۆشه‌ویستی کاوه‌یس و فاتم، و چیرۆکی خۆشه‌ویستی خۆی و نازێی کچی خات فاتم باس ده‌کات. له دووهه‌م که‌سیش دا نیوه‌ی دووهه‌می خۆی واتا ویژدانێتی که ئاکار و ئادگارهکهی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و یا هانی ده‌دات ئه‌و دڵمهشغولییهی ساڵانێکه بۆی بۆته فکر یه‌کلایی بکاته‌وه. له‌و ڕۆمانه دا دوو جۆری نووسه‌ری شاراوه و نووسه‌ری زیاد کراویش به پێی دۆخه‌کان دێن و ڕۆڵ ده‌گێڕن. نووسه‌ری شاراوه بۆ شه‌رحی هێندێک بابه‌ت که پێویسته زیاتر شی بکرێنه‌وه ئاماده ده‌بێت. نووسه‌ری زیادکراویش له چه‌ند جێی ڕۆمان دێته نێو ده‌قه‌که‌وه و ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ به‌رده‌نگه‌کانی خۆی قسه ده‌کات و هێندێک لایه‌ن و هۆکاری ئاوا نووسینه‌که شه‌رح ده‌کات. ڕۆمانه‌که چیرۆک له نێو چیرۆک دایه، چه‌ندین چیرۆک که سه‌ره‌کییه‌کانی سێ گێڕانه‌وه‌یه هاوکات به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چن. چیرۆکی خۆی و جۆری خۆشه‌ویستی نازێ، چیرۆکی فاتم و کاوه‌یس،و چیرۆکی له سه‌ر یه‌ک کردنه‌وه‌ی شیریتهکه له دوای ساڵانێک که له نازێوه به ده‌ستی گه‌یشتبوو به‌ڵام چوون کاتی وه‌رگرتنی شریته‌که که بڕیار بوو زۆر بابه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ڕوون بکرێته‌وه که هه‌ستی ئێستای نازێ بۆ ئه‌و چۆنه به‌ڵام له‌و کاته دا بگێڕه‌وه له خۆی ده‌رده‌چێت و تووڕه ده‌بێ و نازێش شریته‌که پس پس ده‌کات و فڕێی ده‌دات. له‌و به‌شه دا زیاتر گێڕانه‌وه دووهه‌م که‌سه، هه‌رچه‌ند دوای مۆنتاژ کردنه‌وه‌ی ئه‌و شریته‌ش ناوه‌رۆکه‌که‌ی بۆ خوێنه‌ران ڕوون نابێته‌وه. له ناوه‌ندی چیرۆک به‌ولاوه چیرۆکی سۆفی حه‌سه‌ن و سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ تاران زیاد ده‌بێ، چیرۆکی شێوه‌ی کوژرانی که‌ریمیش ده‌که‌وێته کۆتاییه‌کانی ڕۆمان. زۆربه‌ی چیرۆکه‌کان ناگه‌نه سه‌رئه‌نجام و هه‌ر ئاوا به جێ ده‌مێنن. به‌ڵام نووسه‌ری زیادکراو بڕیار ده‌دا که له چیرۆکێکی دیکه که به زوویی ده‌ستی پێ ده‌کات، بۆ خوێنه‌رانی ڕوون ده‌کاته‌وه که چی به سه‌ر چییه‌وه و ئاکامه‌کان به کوێ ده‌گه‌ن.
به سرنج به‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی ئه‌و ڕۆمانه هه‌یه‌تی ده‌توانین وه‌ک گێڕانه‌وه‌یه‌کی پۆست‌مۆدێڕن ناوزه‌دی بکه‌ین.
جێ: تۆقی عه‌زازیل
به سرنج به تایبه‌تمه‌ندی جۆری گێڕانه‌وه و ئه‌وه‌ی که بگێڕه‌وه خۆی یه‌کێک له موردیدان و ده‌روێشانی ته‌کیه و ته‌ریقه‌تی حهمدوونییه که له کۆتایی ڕۆمانه‌که دا خۆی به سه‌گی پیری په‌ککه‌وته‌ی به‌ر ئه‌و باره‌گایه ده‌زانێ که جگه له‌و که‌س له ته‌کیه دا نه‌ماوه. ئێمه جۆره به‌یانێکی تایبه‌تمان هه‌یه که هه‌موو ڕووداوه‌کان و قسه و باسه‌کان له ژێر فیلته‌ری به ئیدۆئۆلۆژی کراوی ئه‌و ڕه‌د ده‌بن. هه‌رچه‌ند هه‌ڵبژرادنی ئه‌و جۆره له بگێڕه‌وه‌یه گێڕانه‌وه‌یه‌کی ته‌نزئامێزی به‌رهه‌م هێناوه، به‌ڵام له هه‌مان کات دا ئه‌و فیلته‌ره ئیزن نادات شته‌کان و ڕووداو و قسه‌کان ئه‌و جۆره‌ی ڕوویان داوه بنوێندرێنهوه. له‌و ڕۆمانه‌دا زۆر به که‌می جۆره‌کانی نواندنه‌وه‌ی قسه‌ی کاراکتێره‌کان به کار هێندراوه. هیچ جۆره وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازادیشی له خۆ نه‌گرتبوو، که ده‌کرێ ئاوای مه‌زه‌نده بکه‌ین که ئه‌و بگێڕه‌وه‌یه فیلتهرهکهی ئه‌وه‌نده ورده و شته‌کان وا ده‌پاڵێورێن که به هیچ شێوه‌یه‌ک ئیمکانی ساز کردنی چه‌ند ده‌نگی و به‌ر یه‌ک که‌وتنی وێژمانه‌کان پێک ناهێنێ تا له به‌ر ڕووناکایی گوته‌کانی کاراکتێره‌کانه‌وه ئێمه به شێوه‌یه‌کی سه‌ر ڕاست و په‌رده لادراو بزانین چیرۆک چییه. هه‌موو ڕووداوه‌کان له ژێر په‌رده و به شێوه‌یه‌کی ته‌نز ئامێز ده‌گێڕدرێنه‌وه. پێکهاته‌ی ئه‌و چیرۆکه به‌شی هه‌ره زۆری له کار گوته‌ی بگێڕه‌وه پێک دێت که زۆری ئه‌و کار گوتانه گێڕانه‌وه له ته‌علیقی زیاده له حه‌د دا ده‌هێڵێته‌وه. ئه‌و کار گوتانه و ئه‌و ڕه‌وان ڕه‌واییه‌ی به کار هاتووه ئه‌گه‌ر له‌و ڕۆمانه لاببرێت ته‌نیا ڕۆمانێکی 40 تا 50 لاپه‌ڕه‌یی ده‌مێنێته‌وه.
سین: دانای کوێخا شه‌وکه‌ت
نموونه:
له دڵه‌وه به خۆی وت کوا ده‌وڵه‌ت[…] ئه‌وه‌تا جه‌رده به بێ ترس و دڵه‌ڕواکێ ته‌ڕاتێن ده‌که‌ن[…] نیه‌تی هێنا ده‌رحه‌ق به‌م پێشهاته‌یه بێ ده‌نگ نه‌بێت و هه‌ر چییهکیشی له ده‌ست دێت بیکات. ئه‌وه‌تا سامه‌ی براده‌ریشی به ته‌نیشتییه‌وه یارمه‌تی ته‌واوی ده‌دات. ئا ئه‌مه‌یه ڕۆژی پیاوی ئازا و بوێر و پێویسته پیاوی جوامێر له کاتی ئاوه‌ها دا بێته ده‌ست و ئازایه‌تیی خۆی بنوێنێت. له پاشان دا بۆ خه‌ڵکی بسه‌لمێنێت که هه‌ر قسه نییه و به‌ڵکو پیاوی ڕۆژی ته‌نگانه‌یه. ئه‌وه‌تا ئێستا کاروبار له قافیدایه و پێویسته هه‌نگاوی پێویست بهاوێت. به بێ ده‌نگ له پشتی دیواره نزمه‌کان وه‌ستان.(92 و 93 ،2011)
ئه‌و به‌شه‌ی که دیاریی کراوە، ئه‌ندێشه‌ی ناڕاسته‌وخۆی ئازادی دانایه، که کاتێک هه‌واڵی ئه‌وه‌ی ده‌ده‌نێ که جه‌رده خه‌ریکن له نێو قه‌برستان که‌ل و په‌له‌کانی که دزیویانه ده‌یشارنه‌وه له گه‌ڵ سامه ده‌چێت که نه‌هێڵێ وه‌ها پێشهاته‌یه‌ک ڕوو بدات. بۆیه له زه‌ینی خۆی دا خۆی ئاماده ده‌کات که به‌ره‌وڕووی جه‌رده‌کان بێته‌وه و له‌وه‌ی که سامه‌ی براده‌ری هاوڕێیه‌تی ده‌کات خۆی ئه‌رخه‌یان ده‌کات، که له ئه‌ساس دا ده‌بایه ئه‌و گوته‌یه به‌و شێوه‌یه بوایه، “ئه‌وه‌تا سامه‌ی براده‌ریشم به ته‌نیشتمه‌وه‌یه و یارمه‌تی ته‌واوم ده‌دات… .”
ڕۆمانی دانای کوێخا شه‌وکه‌ت که‌متر ته‌کوزی خستۆته سه‌ر تکنیکه‌کانی گێڕانه‌وه. گێڕانه‌وه له هێڵێکه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و له ناوه‌نده‌که‌ی دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که بۆچی دانا له‌و ته‌مه‌نه که‌مه‌ی دا ئه‌وه‌نده سه‌رکێشی ده‌کات و خه‌م له هه‌موو ڕووداو و که‌سه‌کان ده‌خوات و خۆی به به‌رگیکاری هه‌موو که‌س ده‌زانێت. هه‌ر ئه‌وه وا ده‌کات که له کۆتایی ڕۆمان ژیانی له سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ی که ڕۆژێک ده‌بێ جێی به‌تاڵی کوێخا شه‌وکه‌تی بابی پڕ بکاته‌وه داده‌نێت. بگێڕه‌وه زۆر به که‌می له جۆره‌کانی نواندنه‌وه‌ی قسه‌ی کاراکتێره‌کان له به‌شی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، شوێنی ده‌سنیشانکراو ته‌نیا ئه‌و به‌شه‌یه که بگێڕه‌وه ئه‌ندێشه‌ی دانا به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ ده‌نوێنێته‌وه.
ڕۆمانه‌که ده‌چێته چوارچێوه‌ی هێڵی و گێڕانه‌وه‌ی کلاسیک. بگێڕه‌وه له ده‌ره‌وه چیرۆکه یا ناهاوچیرۆکه. هه‌ڵبژاردنی گێڕانه‌وه‌ی سێهه‌م که‌س و که‌می که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌موو جۆره‌کانی نواندنه‌وه وێژمانی کاراکتێره‌کان ئیزنی ساز کردنی چه‌ند ده‌نگی که‌متر کردۆته‌وه.
یا: باڵنده‌کانی ده‌م با
نموونه‌ی یه‌که‌م:
مه‌یدانه‌که‌ی به جێهێشتبوو. ده‌بوو دیسان له شه‌قامه‌که‌ی بپه‌ڕێته‌وه و، به‌ره‌و نووسینگه‌ی بارامی برای بچێت. له دوێنێوه ئه‌مه دووهه‌م جار بوو ده‌چوو. ده‌بوو بیبینێو داوای لێ‌بکا وه‌ستایه‌ک بۆ چاککردنه‌وه‌ی بانی ماڵه‌که‌یان بنێرێ. بانی ماڵه‌که‌یان وه‌ک هه‌موو شوێنێکی‌تری کاول بوو. ئه‌گه‌ر ئیمساڵ به‌ر له‌وه به‌فر و باران دابکا ده‌ستێکیان پێدا نه‌هێنایه، ده‌ڕووخا. ماڵی بێ خاوه‌ن… له‌و هه‌موو ساڵه‌دا که ئه‌و لێره نه‌بووه… ئه‌گه‌ر لێره بوایه… بارام گوتبووی: ” ئه‌گه‌ر لێره بوویتایه دوا مه‌رگی باوکمان ده‌مانفرۆشت و، دوو به دوو کارخانه‌یه‌کی ڕهنگسازیمان ده‌کرده‌وه.” گه‌یشتبووه نووسینگه‌که. ڕۆیشته ژوور. (1398،13)
له‌و به‌شه‌ی که دیاریی کراوە، ئه‌و ڕسته ناته‌واوانه‌ی بارامی برای مێهره‌بانی کاراکتێره سه‌ره‌کی و نووسه‌ری چیرۆکی فه‌رهاده، که به شێوه‌ی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد هاتوونه‌ته نێو وێژمانی بگێڕه‌وه‌وه. بارام له‌و به‌شه دا گله‌یی له مێهره‌بان ده‌کا که ساڵانێکه په‌ڕیوه‌ی تاراوگه بووه و ئه‌و ماڵ و حاڵه‌ی بابیان له به‌ر ئه‌وه‌ی خوشکه‌کانیان ئیزنی فرۆشیان به بارام نه‌داوه و گوتوویانه هه‌موو له‌وێ ژنیان هێناوه و شوویان کردووه ده‌بێ مێهره‌بانیش هه‌ر ئه‌و کاره بکات، هه‌ر ئاوا ماوه‌ته‌وه. به‌شێکی زۆری هاتووه داڕمێ و ببێته وێرانه. ئه‌و شێوه له پچڕپچڕ بوونی ڕه‌سته‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاماده کردنی زه‌ینی مێهره‌بان له لایه‌ن بارامی برایه‌وه تا ڕازی بکات که خانوویه‌که بفرۆشن و له ده‌ردێکی خۆیانی خه‌رج بکه‌ن. بۆیه ناکرێ ئه‌و ڕسته ناته‌واوانه هی بگێڕه‌وه بن. ده‌کرێ ئه‌و ڕستانه گوزاریشی گێڕانه‌وه‌یی وێژمانی مێهره‌بانیش بن که قسه‌کانی بارام له مێشکی دا دێنێته‌وه، بۆیه له وێژمانی بگێڕه‌وه دا خولاسه و تێک ته‌ندراو کراون. به‌و شێوه‌یه ده‌ڵێن: “خولاسه‌ی نه‌قڵی”
نموونه‌ی دووهه‌م:
زڕه‌ی ته‌له‌فوونه‌که‌ی له ژووره‌وه بیست. هه‌ستا. بارامه؟ سه‌یری هاتێ. به‌ڵام مونیره بوو هه‌واڵی ده‌پرسی. که ته‌له‌فوونه‌که‌ی دانا هه‌ستی به برسیایه‌تی ده‌کرد.(هه‌مان،21)
له‌و به‌شه‌ش دا گێڕانه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بگه‌ڕێته‌وه بۆ مێهره‌بان که پێی سه‌یره له‌وانه‌یه بارام تهلهفوونی بۆ کردبێ. ده‌بایه ڕسته‌کان ئاوا بایه‌ن:” بارامه؟ پێم سه‌یره” به‌ڵام له گه‌ڵ ڕێزمانی گێڕانه‌وه ڕێکخراونهوه و ئه‌و به‌شه وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاده.
نموونه‌ی سێهه‌م:
عاشقان له خووی خۆیان نانێن. ڕه‌مز و نیشانه نابێ له بیر بکرێ. کاری ئه‌و ده‌سته سپی و ناسکه‌یه. حه‌تمه‌ن په‌رداخێک ئاویشی کردووه‌ته بن گوڵه هه‌ناره‌که.
کردبووی. ئه‌و نه‌یدیبوو. گوتی: “نه‌کا ئه‌و کچه کاڵێ بێ!”
کاڵێ کچێکی دراوسێیان بوو. کچۆڵه‌یه‌کی منداڵکار. ڕه‌سمێک له قاپی شینی په‌نجه‌ره‌یه‌کدا. ئه‌و ده‌می فه‌رهاد تازه پێده‌گه‌یی.(هه‌مان،74)
ئه‌و به‌شه وێژمانی ناڕاسته‌خۆی نووسه‌ری چیرۆکی مێهره‌بانه. ئه‌و نووسه‌ره‌ی که بڕیاری دابوو فه‌رهاد به مێهره‌بان، نووسه‌ری چیرۆکی فه‌رهاد بناسێنێت. له‌و ڕۆمانه‌دا نووسه‌ری زیاد کراو خۆی یه‌کێ له کاراکتێره‌کانی چیرۆکیشه. له‌و به‌شه دا ئاڵۆزییه‌ک هه‌یه که ناچارمان ده‌کات ئه‌وه نه‌وه‌ک به‌شێک له وێژمانی بگێڕه‌وه به‌ڵکه به به‌شێک له وێژمانی نووسه‌ر که کاراکتێریشه ئه‌ژمار بکه‌ین.
ئه‌و ڕۆمانه ده‌یان زه‌ریف کاری و تکنیکی گێڕانه‌وه‌ی تێدا به کار هێنراوه که پێشتر له ڕۆمانی کوردی دا کاری پێنه‌کراوه. وه‌ک به‌کارهێنانی نووسه‌ری زیاد کراو که ده‌بێته کاراکتێرێک که هه‌م ئه‌رکی ناساندنی فه‌رهاد به مێهره‌بانی له ئه‌ستۆ گرتووه، هه‌م جارجاره‌ش گۆشه نیگای گێڕانه‌وه له چاوی ئه‌وه دیاری ده‌کرێت. به‌و شێوه‌یه نووسه‌ری زیاد کراو بێ ئه‌وه‌ی چیرۆک تووشی ئه‌وپه‌ڕ گێڕانه‌وه بێت له چوارچێوه‌ی چیرۆک دا ڕۆڵ ده‌گێڕێ. کارێک که من تا ئێستا له هیچ گێڕانه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردی دا به‌رچاوم نه‌هاتووه.
ده‌رئه‌نجام:
هه‌ر وه‌ک له به‌شی لێکدانه‌وه‌ی ڕۆمانه کوردییه‌کان بۆمان ده‌رکه‌وت، هه‌ر ڕۆمانه‌ی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی. هه‌ر کامیان گرینگی به لایه‌نێکی گێڕانه‌وه ده‌ده‌ن. هه‌ر کامیان به پێی پێوست حه‌ول ده‌ده‌ن له جۆره تایبه‌ته‌کانی نواندنه‌وه‌ی وێژمانی کاراکتێره‌کان که‌ڵک وه‌رگرن.
به پێی ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه ئه‌و ڕۆمانانه‌ی له وێژمانی ناڕاسته‌خۆی ئازاد که‌ڵکیان وه‌رگرتووه تکنیکیترن. له خوودی چندراوه‌ی گێڕانه‌وه‌کان دا حه‌ولیان داوه شێوازێکی گونجاو بۆ دیاری کردنی گۆشه نیگای کاراکتێره‌کان دیاری بکرێت. ئه‌و ڕۆمانانه‌ی له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد که‌ڵک وه‌رده‌گرن به تایبه‌ت باڵنده‌کانی ده‌م با، دووره ده‌راوی سووره‌چۆم و سژین نووسه‌ره‌کانیان زیاترین حه‌ولیان داوه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌نگی درووست بکرێ.
هه‌ر وه‌ک له لێکدانه‌وه‌کان دا باسم کردووه، له چه‌ند جێگا دا به‌کارهێنانی وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد بۆ زیاد له کاراکتێرێک ده‌گه‌ڕێته‌وه. نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه له کتێبه گێڕانهوهناسییهکانیش ئاماژه‌ی پێ کراوه که حه‌ول ده‌ده‌م بۆ تیشک خستنه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته دوو نموونه‌یه‌ک بهێنمه‌وه:
بێلا گوتی، ئه‌رێ درووسته! “ڕه‌نگه پرسێکی دیکه‌شی هێنابێته گۆڕێ، لیزی زۆری پێ خۆش بوو تا له هاوڕێ نه‌ناسراوه‌که‌ی له بابه‌ت ناردنی ده‌قێک سه‌باره‌ت به کشانه‌وه له پرسه‌که سپاس بکات. ئه‌رێ به‌ڕاستی پێی خۆش بوو؟” مونشی خسته ژێر چاوه‌دێری. بێلا لێی پرسی “ئاه، ئه‌رێ ئه‌و ده‌زانێ که هاوڕێ نه‌ناسراوه‌که‌ی ده‌توانێ کێ بێ؟ به‌ڵام ئه‌و ده‌ستی به هیچه‌وه به‌ند نه‌بوو.”
(پێشداهاتێک بۆ گێڕانه‌وه‌ناسی فلۆدێرنیک، له ڕۆمانی” دۆستی هاوبه‌شێ ئێمه”ی دیکێنز، ل 168)
مۆنیکا فلۆدێرنیک هه‌ر دوو وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئه‌و ده‌قه دابه‌ش ده‌کات. به‌شی “ئه‌رێ به ڕاستی پێی خۆش بوو؟” بۆ بێلا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و به‌شی “به‌ڵام ئه‌و ده‌ستی به هیچه‌وه به‌ند نه‌بوو” ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ وڵامی جان/مۆنشی. به‌ڵام ئه‌و به‌شه به شێوه‌ی ڕسته‌یه‌کی شه‌رتی به کار ده‌هێنێت و به گومانه‌وه ئه‌و وێژمانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ جان و ده‌ڵێت هه‌م بێلا و هه‌م جان کاتێک سه‌باره‌ت به لیزی قسه ده‌که‌ن له ڕاناوی (ئه‌و) که‌ڵک وه‌رده‌گرن.(169و168 ،1399)
شه‌وێکی زۆر ناخۆش بوو! پیته‌ر به‌رده‌وام دڵزهدهتر ده‌بوو، نه سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌کانی ئه‌و شه‌وه، به‌ڵکه له ئه‌نجامی هه‌موو شتێک. و نه‌یده‌توانی کلاریسای ببینێ، نه‌یده‌توانی پێی بڵێ، نه‌یده‌توانی ئه‌وه‌ی له دڵێ دایه ههڵێڕێژێ. هه‌میشه که‌سانێک له ده‌ور و پشتی بوون- و کلاریسا جۆررێکی خۆ ده‌نواند وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ ڕووی نه‌دابێ. ئه‌وه نیوه‌ی شه‌یتانی ئه‌و بوو- ئه‌و ساردییه، ئه‌و وه‌ک دار و به‌رد بوونه، شتێکی زۆر قوڵی ئه‌و بوو که کاتێک ئه‌وڕۆ به‌یانی پێکه‌وه قسه‌یان ده‌کرد هه‌ستی کردبوو، شتێکی ڕێپێنه‌دراو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خودا ده‌زانێ که خۆشی ده‌ویست.
( وتاری وێژمانی ناڕاسته‌خۆی ئازاد و گرینگی ئه‌و له شێوازناسی گێڕانه‌وه دا، محه‌مه‌د غه‌فاری و ئه‌میر عه‌لی نجومیان، له ڕۆمانی ووڵف ل 30)
غه‌فاری و نجوومیان له لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی ڕۆمان هه‌م باس له گوزاریش گێڕانه‌وه‌یی بۆ ڕسته‌ی چوار و پێنج ده‌که‌ن که ده‌توانێ وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازادی پیته‌ر واش بێت و هه‌م ده‌کرێ گوته و ئه‌ندێشه‌کانی کلاریسابن. بۆیه ئاڵۆزی ئه‌و ڕستانه ئه‌وه‌نده زۆره که ناتوانن به شێوه‌یه‌کی سه‌ڕڕاست سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ده‌نگانه له یه‌ک جیا بکه‌نه‌وه له‌وانه‌یه جیا کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له‌و به‌شه دا کارێکی ته‌واو ئه‌سته‌م بێت.(1391،18)
هه‌ر وه‌ک له‌و دوو نموونه‌یه و له نموونه کوردییه‌کان ده‌رده‌که‌وێ، وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که گۆشه‌نیگای بگێڕه‌وه دیاری ده‌کات له هه‌مان کات دا ده‌توانێ سه‌رچاوه‌ی چه‌ند ده‌نگی کردن بێت. یه‌ک وێژمانی ناڕاستۆخۆی ئازاد جاری وایه بۆ دوو کاراکتێر و یا له‌وانه‌یه بۆ خوودی بگێڕه‌وه‌ش بگه‌ڕێته‌وه.
فلۆدێرنیک له باس له به‌رهه‌مه‌کانی جین ئاستێن باس له گریمانه‌ی دوو ده‌نگی ده‌کات و ده‌ڵێت که‌سانێک وه‌ک ئیستهنزێل باسی ئه‌و بابه‌ته‌یان کردووه به تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی که وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد له ڕۆمانه‌کانی جین ئاستێن به شێوه‌یه‌کی ئایرۆنیک یا ته‌نزئامێز به کار هێنراوه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی دوو ده‌نگی.(1396،26) به هه‌ر شێوه‌یه‌ک وه‌کی له لێکدانه‌وه‌ی ڕۆمانه کوردییه‌کانیش بۆمان ده‌رکه‌وت سه‌رچاوه‌ی ده‌نگه‌کان هێندێک جار ڵێڵ و ناڕوونه و ناتوانین به دڵنیاییه‌وه سه‌رچاوه‌کان دیاری بکه‌ین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ناچار بووین قاییل به‌وه بین سه‌رچاوه‌ی چه‌ند وێژمانی ناڕاسته‌خۆی ئازاد بۆ دوو کاراکتێر و خوودی بگێڕهوهشی بگه‌ڕێنینه‌وه.
ئه‌نجامی ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه نیشانی دا که چۆن نووسه‌ران کاتی که‌ڵک وه‌رگرتن له وێژمانی ناڕاسته‌وخۆی ئازاد دا گوته و ئه‌ندێشه‌ی کاراکتێره‌کان به گۆڕان له پێکهاته‌ی نه‌حوی گوته‌کانیان و هه‌رواتر له دۆخی پرسیاری و سه‌رسووڕمان دا رێزمانی ڕسته‌کان هاوته‌ریب له گه‌ڵ ڕیزمانی بگێڕه‌وه‌وه رێکده‌خه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بگێڕه‌وه نه ته‌نیا خاوه‌نی ده‌نگی خۆی بێت، به‌ڵکه بتوانێ ده‌نگی کاراکتێره‌کانیش به شێوه‌ی ناڕاسته‌خۆ و ئازاد بهێنێته نێو گێڕانه‌وه‌ی خۆی. به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و شێوه رێکخستنی وێژمانه ڕۆمان له ده‌قێکی خوێنه‌رانه‌وه ده‌چێته ده‌قێکی نڤیسارانه که پێویستی به ته‌کووزی زیاتری خوێنه‌ر هه‌یه که که‌لێن و چاڵه‌کان پڕ بکاته‌وه. وه‌ها دۆخێک پێویستی به خوێنه‌رێکی چالاکی زۆر خوێن هه‌یه.
سه‌رچاوه‌کان:
کوردی:
جماڵ غه‌ریب جه‌بار، ئه‌و باڵنده فڕیوانه‌ی زبڵن، وه‌شانخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌که‌م، باشور2011
حامیدی مه‌نسوور، دووره ده‌راوی سووره‌چۆم، چاپخانه‌ی هێڤی، چاپی یه‌که‌م، هه‌ولێر2012
ساڵه‌یی موعته‌سه‌م، دانای کوێخا شه‌وکه‌ت، چاپخانه‌ی کارۆ،چاپی یه‌که‌م، که‌رکووک 2011
عه‌باسی ئه‌نوه‌ر، سژین، چاپخانه‌ی کتێبی ئه‌رزان، چاپی یه‌که‌م، سوێد 2018
نه‌هایی عه‌تا، باڵنده‌کانی ده‌م با، چاپه‌مه‌نی مانگ، چاپی دووهه‌م، بانه 1398
هیدایه‌تی سه‌ید قادر، تۆقی عه‌زازیل، نه‌شری کوله‌پشتی، چاپی یه‌که‌م، تاران 1391
فارسی:
ابوت اچ پورتر؛ سواد روایت؛ ترجمه رویا پورآذر؛ نشر اطراف، چاپ پنجم، تهران 1398
پرینس جرالد؛ روایت شناسی؛ ترجمه محمد شه‌با؛ مینوی خرد، چاپ دوم، تهران 1395
حاجی آقا بابایی محمد رضا؛ روایت شناسی(نظریه و کاربرد)؛ نشر مهر اندیش، چاپ اول، تهران 1398
حری ابوالفضل؛ همبستگی میان بازنمایی وجوه رنگارنگ گفتار و اندیشه با تمرکز بر سخن غیر مستقیو آزاد؛ فصلنامه نقد ادبی، سال دوم، شماره 7، پاییز 1388
رودی فائزه؛ روایت فلسفی روایت؛ نشر علم، چاپ اول، تهران 1398
غفاری محمد و نجومیان امیر علی؛ گفتمان غیر مستقیم آزاد و اهمیت آن در سبک شناسی روایت؛ 1391
فلکی محمود؛ روایت داستان(تئوری های پایه یی داستان نویسی)؛ نشر بازتاب نگار، چاپ اول، تهران 1382
فلودرنیک مونیکا؛ درآمدی بر روایت شناسی؛ ترجمه هیوا حسن پور؛ نشرخاموش، چاپ اول، تهران 1399
هرمن دیوید و دیگران؛ دانشنامه نظریه روایت؛ ترجمه محمد راغب؛ نشر نیلوفر، چاپ اول، تهران 1396
یان مانفرد؛ روایت شناسی: مبانی نظریه ی روایت؛ ترجمه محمد راغب؛ نشر ققنوس، چاپ دوم، تهران 1398