ئەو چیرۆکەی کە دەبێ بخوێنرێتەوە – ٢

چەن خوێندنەوە بۆ چیرۆکی سییەکانم لە نووسینی رەسووڵ موحەمەدی – خوێندنەوەی دووهەم

ساڵح سووزەنی

.

خوێندنەوەی دووهەم؛ خوێندنەوەیەکی لاکانی

لە جیهانی رەمزاویەوە بەرەو پانتای خەیاڵ و  واقیعی دال تەوەر

پێشەکی؛

وەک ئاگادارین لە روانگەی لاکانیدا؛ “منداڵ لە تەمەنی ٦ تا ١٨ مانگ، ئەتوانێ وێنەی خوی لە ئاوێنەدا/ یا بەپێی قسە و ڕوانینی ئەویدی بچووک/ ، بناسێتەوە و ئەم ناس کردنە ئەبێتە هۆی بەئاگا بوونی لە بابەتێکی بنەڕەتی؛ ئەوەی کە لەوە بەدوا بەشێک نیە لە جەستەی دایکی و خۆی کەسێکی تایبەتە. ساز بوونی ئەو هەویە واتە سەر هەڵدانی ئیگۆ/ منی نەفسانیی/ منداڵ بە یارمەتی و دەست پێڕاگەیشتنی وێنەی خۆی لە ئاوێنەدا/ یان دیتن لە چاوی ئەویدیکەوە..

ئەمە یەکەم هەنگاو بۆ چوونە نێو پانتای خەیاڵینە.. / کە ئەتوانێ بە قۆناخێکی ترسێنەر  تا خولیایی بە خۆ (خودشیفتگی)یشدا بیبات/ دیارە، ئاوێنە و وێنەکەی بەس لایەنێکی دەرەکی یە، بە ڕێژەی ئەوەی کە لە رێگەی دال ەکانی زمان – نیشانەوە، لەدەرووندا دەبێتە ساز بوونی نەست/ واتە بەشی نائاگای رەمزیی/ کە دەبێتە هۆی ورووژاندنی هەستێکی سەرەکی  بۆ سەرکەوتن لەمنداڵدا/ و ئەمە لە راستیدا جگە لە پەردەیەکی فریودەر نیە لە بەرانبەر لاوازیی زاتی و جەستەیی لەو تەمەنەدا. هەر وەها بەشێکە لە ترس و فووبیای بەرهەمهاتوو لە وێنەی وەهماویی و سێبەر ئاسای خۆی لە ئاوێنەکەدا.. لەوە بەدوا منی باڵا/ یان هەمان سووپێر ئێگۆی فرۆید/ دەبێتە سەر چاوەی ئەمری خەیاڵینە بۆ ئەو.. یانیی، سەرچاوەیەک کە لە دۆخی پڕ لە پەژارەدا ئەتوانێ لایەنی ترس و فووبیایی خۆی نیشان بدا/ بنوێنێتەوە/”١

بە کورتی لە هەر سێ بەشی رەمزیی/ واتە جیهان  بە پێوەریی  دال گەل زمان – نیشانە لە نەست دا/ و “خەیاڵینە” واتە سازبوونی رێگەگەلی زێهنی لە بەرانبەر ئەویدی بچووک و مەزندا/ هەوڵدانێکیش هەیە بۆ گەیشتن بە ئەمری واقیع کە کەس تا کاتی مردن ناتوانێ پێی بگا/ بۆ وەی لە روانگەی لاکانییەوە نەستیش بەشێکە لە تەون و کڕی خزیی دال – نیشانەی زمان و بیچم وەرگرتنی زمان و نەست/ لە منداڵدا و تا گەورەبوونیش/ لە ڕاستیدا یەک شتن. بۆیە گەیشتن بە دۆخی واقیع   (the real) وەک گەیشتن بە مانای وردی دەق، بەردەوام وەدوا دەکەوێ..

لەم پێشەکییە کورتەدا هەوڵم دا؛ دەغدەغە سەرەکییەکانی لاکان واتە” قۆناخی ئاوێنەیی، تەکووزی رەمزاوی/ نمادین/ خەیاڵی، واقیع و هەروەها ئەویدی بچووک و گەورە/ مەزن/ ڕوون بکەمەوە و بە هیوام ئەو فرەهاتگەلەی لاکان بۆ خوێندنەوەی چیرۆکی “سییەکانم” بەکار بهێنم.

خوێندنەوەی دەق؛

سووژە، واتە بگێڕەوەی دەق، لە چیرۆکی سییەکانم دا تووشی نەخۆشینی جەستەیی (کۆکە و ئازاری سییەکانی) و نەخۆشیی دەروونی(دەڵەڕاوکەAnxiety)ە .. وا دەنوێنێ کە لە قۆناخی ئاوێنەییدا، لە دایک / واتە ئەوی دی بچووک/ جوێ بۆتەوە و منئەویی(هاوزاتیی) دەکا لەگەڵ باوکی؛

 ” خانمی ژنی هەمدیسان بۆ زەماوەند چووە. دەنگی دەهۆڵ و زوڕناکەی دێتە گوێ. هەردووکمان لەو دەنگە بێزارین. ئەوە نیە دەنگەکە باوکیشمی پەست کردووە و لە پەسا رۆژنامەکە هەڵدەگڵۆفێ”

بەڵام لەبەر ئەوەی جوێ بوونەوە لە ئەوی دی لە هەر قۆناخێکی تەمەن دا ئەستەم و رەنگە مەحاڵیش بێ.. لەم دەقەشدا خۆزگە و بریای پانتای خەیاڵینە بە هیچ کوێ ناگا و تووشی وەهم و فووبیای کردوە.. 

 ” بریا هەر وەک باڵا و دەست و پێ و برۆ و ئەندامەکانی دیکەی لەشم، سییەکانیشم لە باوکمەوە پێ بگەیشتایە”

دیارە لە پانتای رەمزاویی/ نمادیندا/ چ وەک نەست و چ وەک جیهانی دەرەکی/ سییەکان یەک لە گرینگترین ئەندامەکانە بۆ ژیان و سووژە ئەزانێ کە سییەکانی لە دایکیەوە پێ گەیشتووە… و ئەمە هانی ئەدا لەپانتای خەیاڵ دا لەو ئەندامەش ببێتەوە بۆ وەی بگاتە ئاواتەکەی و خۆشی و ناخۆشیەکانی لەگەڵ ئەوی دی مەزن/ لێرەدا وەک ئەندامی بنەماڵە لە زێهنی منداڵ دا باوک/ بباتە سەر؛

” حەز دەکەم هەڵسم خۆم باوێمە باوەشی. دیسان ببمەوە بە منداڵەکەی جاران. سەر بکەمە سەر ڕانی.. ئاخ خوایە چەند تامەزرۆی ئەو دەستانەم. چەند حەز دەکەم دەست بێنێ بە سەرمدا و گۆرانیم بۆ بڵێ….خۆزگە ئەو رۆژنامەیە فڕێ بدات و بێت پێکێکم لە گەڵ بخواتە”

 لەبەر ئەوەی ڕاوی کات شوێنی چیرۆکەکە دەباتەوە بۆ سی ساڵی ڕابردوو کەوایە ناڕاستەوخۆ هەمان باسی منداڵی ئەکا.. یان چ جیاوازە لە پانتای خەیاڵدا با وکوو گەورەیە و ئەخواتەوە.. هەر لە بەشی خەیاڵ و وەهمدا دەگێڕێتەوە..  بەڵام وەک لە پێشەکیدا ئاماژەی پێکرا پانتای خەیاڵ ئەتوانێ دۆخێکی ترسێنەر/ فووبیایی/ ساز بکا … سیەکانی نەخۆشە و رۆژنامە وەک رەمزیی سیەکانی بە دەست باوکییەوە هەڵئەگلۆفلێ و ئەم تووشی ئازاری قورس دەکا؛

” سەیر ئەوەیە لەگەڵ هەڵگڵۆفینی رۆژنامەکە کۆکە دوا بڕاوەکەی من زیاتر ئەبێ.. با پێکێکی دی هەڵدەم بەڵکوو تۆزێ لە ئازاریی سییەکانم کەم کاتەوە.. ئەگەر چی دەزانم بێ کەڵکە..”

خواردنەوەش هەوڵێکە بۆ خۆ خستنە نێو شەپۆلانی نەست /ئەمریی نمادینی دەروونی/  بۆ وەی خۆی بگەیەنێ بە دنیای واقیع(the real).. بەڵام دیارە ئەوە ناکرێ.. نەست پڕە لە دالگەل خز و بەردەوام  واقیع لەوێدا وەکوو جیهانی دەرەوە سرکە و وەک مانا دەکەوێتە دواوە… و تووشی ترسی دەکا

“پاکەتی جگەرەکە کەمی تیا ماوە و و ناوێرم بچمە دەرێ و پاکەتێ تر بکڕم دەترسم / Anxiety/ تا دێمەوە / باوکم/ لێرە نەمابێ”

کەوایە جگە ئارەق بەنگێ دیکەش یارمەتی ئەدا بۆ وەی، لە ئازارەکان و دۆخە ناخۆشەدەروونییەکەی کەم بکاتەوە.

سووژە ئەو ئازارە قەبووڵ دەکا.. بۆ وەی ١- لە ئازارێ دی واتە “کۆکە بە بۆنەی سییەکانییەوە” کەمتر بکاتەوە و ٢- زێدەتر لە پانتای خەیاڵ دا لای باوکی بمێنێتەوە.. ٣- بگاتە ئەمری واقیع؛

” بۆ هەڵناسێ و بچێ ژنەکەی(دایک) بە قژ بێنێتەوە.. ”  یانی؛ دیسان مانا ئەخزێ و وەدوا دەکەوێ؛

” حای سەڵا لە ئەقڵی منیش! چۆن شتی وا دەبێ؟ ئاخر باوکم بیست ساڵ لەوە پێش مردووە. چۆن بچێت.. نازانم. کوڕە مردنی چێ و شتی چی/ دیسان دواتر دەکەوێ/  ئەوە نیە بەرانبەرم دانیشتوە و رۆژنامە دەخوێنێتەوە.. سەیرە مردوو چۆن رۆژنامە دەخوێنێتەوە.. نەخەیر سەیر نیە نەمردووە و ئا.. ژنەکەی وادەزانێ مردووە.. دیسانەوە پانتای خەیاڵ بەرینتر تر دەبێتەوە؛ ” ئیشەڵڵا کاتێ زانی هەناسەی چەقێتە قوڕگی.. خۆزگە لە گەرمەی شاییەکەدا تەنگەنەفەسییەکەی بە خزمەتی دەگەیشت و لە زەماوەن دەکەوت..”/ هەمدیسان خزینێکی دیکەی دالەکانی نەست/ جا کوا؟  همم! قسەی قۆڕ! ئەو چۆن دەمرێ؟ تا بێ بەگوڕتر ئەبێ”

لاکان لە خوێندنەوەی هاملێت، ئانتیگۆنە و ئودیپ دا؛ جیاوازییەک دەخاتە نێوان خوێندنەوەی کۆن و نوێ لەو چەند شانۆنامەیەدا و باسی زانین و نەزانین یان نەبوونی زانیاریی دەکا لای کەسایەتییەکان؛ ئەو بۆ وێنە ئانتیگۆنە و هاملێت بەو بۆنەوە لە ئودیپ جوێ دەکاتەوە کە ئەوان ئەزانن چی رووی داوە و ئەبێ چی بکەن بەڵام ئودیپ بێ ئەوەی بزانێ بڕیارە چی رووبدا و چی بە سەر دێ ئەکەوێتە نێو رووداوەکان.. بۆیە ئودیب خۆی بە تاوانبار نازانێ … بەڵام هاملێت خۆی بە تاوانبار ئەزانێ دەرحەق بە باوکی بەو بۆنەوە کە نەیتوانیوە دۆخێک سازبکا کە باوکی بتوانێ خۆی لەتاوانەکانی پاک بکاتەوە..ژوئیسانسی باوک father- jouissance “لەو روانگەوە؛

” تراژێدی ئودیپ، تراژدی کەسێک نیە کە بۆ تێپەڕین لە ئەمری نمادینەوە بۆ ئەمری واقیع، سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لەوێدا تراژدیی چوونە نێو خودی ئەمری نمادینە و هەر ئەوەش بایەخ  ئەدات بە وێنەیی بوونی ئوستوورەیی ئودیپ” لە تراژێدیدا جەختەکە لەسەر دۆخی چوونە نێو ئەمری رەمزاویی نیە بەڵکوو؛  چی بەسەراهاتنە دوای ئەو چوونە.. / بڕواننە ئەخلاق و ئەمری واقیع  کانت. لاکان- ن؛ ئلێنکا- وە. علی حسن زادە- انتشارات آگاه ل ٢٤٦/

سەیر ئەوەیە لە چیرۆکی سییەکانم دا فەرەهاتی ” نازانم” زێدەترە بەڵام هەموو ئەو نازانمانە دواتر جێی خۆیان ئەدەن بە ئەزانم یان خوزگە و بریاا..و بەو  مەبەستەوە هاتوونەتە ئارا؛ 

”  من تاوانبارم  بۆچی؟ نازانم. تەرێق ەبمەوە لەبەر چی؟ نازانم.. ئەی بۆ سەرەڕای ئەوەی کە لە دوورەوە دانیشتووە ئەمزانی کە رۆژنامەکە هی سی و چەند ساڵێک لەمەو بەرە.. چۆن ئاوا دڵنیام؟ نازانم”

واتە بەناو قارەمانی ئەم چیرۆکە وەکوو هاملێت ئەزانێ کە چی رویداوە و ئەرکی خۆی چیە. بەو حاڵەش ناتوانێ ئەرکی خۆی بەجێ بێنێ .. و تەنیا لە پانتای ئەمری خەیاڵیدایە کە دەست بەکار دەبێ .. دیارە لەبەر چی؟ بۆ وەی ئەم باش ئەزانێ کە سییەکانی چۆتەوە سەر دایکی.. و لە دایکەوە پێی گەیشتووە؛

” …بریا هەموو ئەندامەکانی دیکەی لەشم، سییەکانیشم، لە باوکمەوە پێ بگەیشتایە. خۆزگە ئەو رۆژنامەیە فڕێ بدات و بێ، پێکێکم لەگەڵ بخواتەوە.”

ئەوەی لەم پێوەندییەدا، سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە لە پانتای ئەمری خەیاڵیش دا ئەم هەوڵی کوشتن نادا بەڵکوو بەو ئاواتەوەیە و خۆزگەی بۆ دەخوازێ؛

” نەمردوە و ئاا. ژنەکەی وازانێ مردووە. کوڕە چاوی دەرهات. باهەر بزانێ مردووە. ئیشەڵڵا کاتێ زانی، هەناسەی چەقێتە قوڕگی. خۆزگە لە گەرمەی شاییەکەدا، تەنگە نەفەسییەک بە خزمەتی ئەگەیشت و لە زمان ئەکەوت…”

کەوایە بەگشتی چیرۆکەکە بە پێی خوێندنەوەی لاکانی هەوڵدانی کەسایەتییە لە رێگەی ئەمری خەیاڵینەوە/ مەستی و خۆزگە و بریا/ بۆ چوونە نێو  ئەمری نمادین/ لێرەدا نەست وەک دەروون و ژیانی پڕ لە ئازار و ئێشی سیی و کۆکەی دوابڕاوی دال تەوەر و سرکی زمان – نیشانە وەک دەرەوە و رووداو/ بۆ گەیشتن بە ئەمری واقیع. کە خۆیشی ئەزانێ ئەوە محاڵە و بەس مردن ئەتوانێ لە ئەمری واقیعی نیزیک بکاتەوە… بۆیە بڕیار ئەدا بچێ و لە شاییەکەدا سییەکانی پارچە پارچە بکا و فڕێی بداتە بەر پێی ئەوی دی بچووک/ لێرەدا دایک/؛

” سەیرکە..تفففف.. لە ئێوەش و لە دایکیشتان/ بە خۆشک و براکانی دەڵێ/ پێتان ناخۆشە چش لەدەستم بێ دەیکوژم نانا نایکوژم بەڵام دەچمە شاییەکە. ئەرێ لە پێش چاوی زاوا زێڕینە و هەموو میوانەکانی سییەکانم دەر دێنم پارچە پارچەی ئەکەم و بۆی فڕێ ئەدەم.”

ئەو کەسەی لەم چیرۆکەدا زۆرترین سێبەری خستبێتە سەر کەسایەتی سەرەکی باوکە و لە روانگەی لاکانییە باوک نە ئیتر وەک باوکی راستەقینە/ رێئال/ بەڵکوو وەک باوکێ دال تەوەر دێتە ئارا واتە “جیاوازی باوکی لاکانی لەگەڵ باوکی فرۆیدیدا لەوەدایە کە؛

” لە ئەفسانەی فڕۆیدی/ تەوتەم و تابۆ/ کە سەبارەت بە کوشتنی باوکە، هاتووە باسی ئەوە دەکا کە ئەوەی وا بەرپرسایەتی دانانی یاسای گرتۆتە ئەستۆ، مردووە..بەڵام لە روانگەی لاکانەوە بەرپرسی سازکردنی یاسا “ناوی باوکە/The name-of-The-father/ کە بۆتە سەرچاوەی بەرچاوی دەسەڵاتی خۆی و وەک “دال”ێک دێتە ئارا و دەوری خۆی وەئەستۆ دەگرێ”  ل١٢٢ هەمان سەرچاوە

لەم دەقەیشدا دەبینین کە باوکی ڕاستەقینە لە ئارادا نیە و بەس لە خەیاڵ و وەهم واتە ناهوشیاریی کەسایەتیدا هاتۆتە ئارا و یەک لە دالە سەرەکیەکانی سازێنەری نەستیەتی.. بۆیە کەسێکی سرکە و کەسایەتی “ناوێرێ بچێ پاکەتێ جگەرە بسێنێ بۆوەی ئەترسێ کە، نە وەک لەوێ نەمێنێ” و سەیر ئەوەیە دەوری باشیش ئەگێڕێ؛ رۆژنامە ڕەمزاوییەکەی دەستی/ئاماژەیەک بۆ سییەکانی کەسایەتی/ لە لایەن ئەوەوە هەڵدەگلۆفرێ و کەسایەتی دەورووژێنێ…

لە لایەکی دیکەوە کاتێ کەسایەتی جەختی ئەوەند لەسەر باوکیەتی/ئەوی دیکەی مەزن/ لە ڕاستیدا جەختی لەسەر من‌ی خۆیەتی؛

لاکان لای وایە کاتێ بە کەسێ ئەڵێی “تۆ کوڕی منی” جەختێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی سووژە (گوتەبێژەکە) لەو رێگەوە خۆی بە “من” ئەخوێنێتەوە.. یانی پێچەوانەی ئەو قسەیەش ڕاستە واتە کاتێ ئەڵێی تۆ باوکمی هەر من لە رێگەی ئەوی دیکەوە دەخوێنیتەوە..

بەڵام کەسایەتی دایک؟ ئەویش دائەنێم بۆ خوێندنەوەیەکی دی بە پێی وتاری ” وڵاتی تابۆ “*

ماویەتی…


سەرچاوەکان؛

  1. پێشەکییەک بۆ دەروونشیکاریی لاکان. منطق و توپولژی- د.کرامت موللی – نشر دانژە – لا  ٤٢  
  2. اخلاقیات و امر واقعی- کانت لاکان -آلێنکا زوپانچییچ –  و، علی حسن زادە- انتشارات آگاه
  3. چیرۆکی سییەکانم- نووسینی رەسووڵ محەمەدی
  4. 4          *  – وڵاتی تابۆ … نووسینی رەسووڵ محەمەدی
  5. ـ  Anxiety ـ اضطراب
پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا