دوا تاریکیی | نەهرۆ جەرجیس | شێعر

نەهرۆ جەرجیس

 

 

 

 

بۆ هاتیت؟
بۆ نیگه‌رانیمت داگیرساند؟
بۆ له‌گه‌ڵ سروودێكی خۆڵه‌مێشی
له‌ هۆده‌ی زه‌رده‌په‌ڕدا،
به‌ كاتی دوا ته‌رمی باغه‌ دیله‌كان، ئاوا نه‌بوویت؟
داهاتووت لە کوێی فنجانە شکاوەکەم بینی؟
بۆ لەگەڵ کۆترە سپییە دڵتەنگەکان،
ئاسمانی منت جێنەهێشت؟
كاتێك ده‌تزانی ڕۆشنایی تێكشكاوه‌،
چیت له‌ خه‌ره‌ندی ناخم ده‌ویست؟
خه‌ونی چیت به‌ نێو له‌پم هه‌بوو،
كه‌ ده‌تزانی شه‌ویش،
تابووتێكی سه‌رخۆش و
تارمایی به‌رزه‌خه‌؟
له‌وێ ئۆقره‌ی هه‌ڵاتوو ده‌چنێت.
هاونشینی ئازارە بەساڵاچووەکانمە.
وەک بایەکی ناشاد،
بە نێو گژوگیای کاتژمێرە ساختەکەم،
یان بە نێو سندووقی دڵتەنگییە گەشەکەم،
پیاسەیەکی ناشرین دەکات.

هاتیت و له هێلانەیەکی ساختەدا،
یان لەسەر قەبری پەناهەندەیەکدا،
دوعای ئاوەدانبوونەوەی ئەم خامۆشییەت بۆ نەکردم!
دەتگوت: “ئەم جیهانە، خەونە بریندارەکانت ساڕێژ ناکات.
دارستانی نامەکانت بسووتێنە و
ئەم وێرانە شەوە، هەرگیز چیرۆکە ڕەشەکەت،
بەرەو ئەوبەر سنوورەکانی ڕووناکی
بە قاچاخیش ناپەڕێنێتەوە.
هیچ مرۆڤێکی ڕووناکیش
هەواڵێکی لە دەستپێکی شکان و
کۆتایی چرپە دۆڕاوەکانت، نازانێت.
مەگەڕێ بەدوای فڕۆکەیەکی بێ باڵیش،
چونکێ؛ لەم زەوینە لە هیچ کوێیەکی
ناسنامەی مرۆڤبوونت نییە.
ڕێگەکانیش بە تۆ ئاشنا نین.”

هاتیت و به‌ بێده‌نگییه‌كی لێڵ؛
ئاشنای ڕه‌شه‌بای گومانه‌كانی
ئەم هەفتە مەترسیدارەت كردم.
لە زمانم، ناوت سه‌وز بوو.
هەورەکانت، لە نێو دڵم دەیانگرماند.
چرپەکانت دەڕژایە نێو حەشاماتی بیرچوونەوە.
لە گۆرانییەکی سپییدا، هاتییە نێو پەراسووم و
کوخێکت بۆ سوارچاکە خەمبارەکان ئافراند.
لە ڕەزی برینەکانمدا؛ تەرمی شادمانیت ناشت.
لە قووڵایی ڕۆژەکانی دڵخۆشیدا،
بەدبەختییەکانمت لە نێو وشە بەد و ناشرینەکان،
یاداشت کرد.
ئەی چی لە ژانی نۆتە وێڵەکانم دەکەیت؟
بۆچی دەنگی شکستمت کۆکردەوە؟
بۆ هه‌سته‌ شكاوه‌كانمت،
له‌ گیرفانی زستانێکی تووڕە، شاردەوە؟

ئیتر هیچ کەس ئاوازی تۆ و
گۆرانییە مردووەکانی من، ناناسێتەوە.
ئیتر لە بناری هیچ شەوێک،
خەون بە لقە سەوزەکانی ئارامی نابینین.
لە هیچ ئاوەدانییەک،
دەنگمان، بەڵێ دەنگمان
جێی نابێتەوە.
دوو قەرەجین، هیچ هەیوانێک
تیشکی خۆیمان بە قەرز ناداتێ.
لە حەشارگەی پیاو خراپەکانیشدا،
بستێک هەتاو بۆ ئێمە نییە!

ئەم جیهانە تەنانەت ڕووناکییەکی ساختەش،
تەنانەت وشەیەکی سەوزییش،
تەنانەت بایەکییش
پێشکەشی ژوانە گەنیوەکانمان ناکات.
ئەی دوا تاریکی، بۆ هاتیت؟ نەدەبوا نە…
بۆ؟
بۆ؟
بۆ؟

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا