ئەوە حەرەکەی دابانییە؟ | دابان عەتار | چیرۆک

دابان عه‌تار

به‌ باران پێشكه‌شه‌! به‌هیوای ئه‌وه‌ی ڕۆژێك بیخوێنێته‌وه‌…

 

مرۆڤ دەزانێت کەینێ و لە کوێ دەمرێت؟ دەزانێت پاش کەمێکی تر چی لێ بەسەر دێت؟ لەخۆم دەپرسم: گریمان ئەوەت بە دەست هێنا کە دەتەوێت، ئێ، ئێ؟ دوای ئەوە چی؟ ئەو ژەهری گومانە لە بارانی کورم دەشارمەوە. دەڵێ بابە دەمەوێت بچمە نادی هەولێر، ناپرسم بۆچی، دەزانم دەیەوێت ببێتە ڕۆناڵدۆ و سوو بکات. لەوانەیە دونیاش نرخی سوێکی نەبێت، هانی دەدەم بۆ سووەکەی هەوڵبدات. جارجار لەگەڵ خۆم دەیبەمە بازاڕ، دەچینە چایخانە و پێکەوە دەمەتەقێ دەکەین، من دیشلەمەکەم دەخۆمەوە و ئەو تەنیا قەندەکە بە چایەکەم تەڕدەکات و دەیکرۆژێت. پێی دەڵێم بڕۆ لەوبەرەوە مۆتەیەک یان ئەزبەریەک بکڕە و وەرەوە، دەڵێ ئەدی خۆشت ناڵێیت جارجار پێویستت بەوەیە بە دەستی خاڵی دانیشیت؟ دەزانم هۆکارە سەرەکییەکە ئەوە نییە ڕاهێنان لەسەر بەتاڵی بکات، هەرگیز نەمدیوە بتوانێت یەک خوولەک بێ ئیش دانیشێت، ئەگەر ساتێکی کەم کارەبا ببڕێت و ئەتارییەکەی بکوژێتەوە، دێتە سەر ملم و دەڵێ بابە بۆ شووتم بۆ لێنادەی. گوێ بەوەی نادا خەریکی خوێندنەوەم یان سەرقاڵی شتێکم، گەمەی خۆی دەوێت. منیش وام، منیش ناتوانم دوو خوولەک دانیشم و سەرقاڵ نەبم، ناتوانم وەک بەشەران نیو کاتژمێر کۆنتڕۆڵی تەلەفزیۆنەکە لەدەستم بێت و بێ هیچ ئامانجێک بە کەناڵەکاندا بخوولێمەوە. هەمیشە شتێک هەیە دەمەوێت بیکەم، ساتێک ئەو ئیشە نەبێت، دونیام لێ وێک دێتەوە و دڵم لە بەتاڵیدا دەگوشرێت. ئاخر ئەگەر کتێبی نەخوێنمەوە چ بکەم؟ یەعنی ناتوانی وەک پیاوێکی ئاسایی دانیشیت و دوو قسەی خۆشمان بۆ بکەی؟ هەرنا پێکەوە وەک خێزانێک دانیشین بەدەم گوڵەبەڕۆژە قرتاندن و میوە خواردنەوە تەماشای تەلەفزیۆن بکەین. ئاخر گیانەکەم من ناتوانم دەستبەتاڵ دانیشم. جا ئەوە بۆ دەستبەتاڵییە؟ یانی دانیشتن لەگەڵ ماڵومنداڵی خۆت دەستبەتاڵییە؟ دەزانم ئەویش تا دەگاتە ئەوبەری و ئەزبەریەکەی دەکڕێت سەت خەیاڵاتی سەیر و سەمەرەی بۆ دێت. ترس هێند بە قوڵی ڕۆچۆتە ناخییەوە لەوەیە لە هەر ساتێکدا دزێکی سمێڵ قەوی بە عەبایەکی ڕەشەوە بە ماتۆڕێکی شڕی ئیرانییەوە بەلایدا تێپەڕێت و بیڕفێنێت. یان لەوەیە لەناکاو ون بێت و بۆ هەتاهەتایە نەدۆزرێتەوە. ئەو ترسە کێشەی گەورەی بۆ دروست کردووین، بەلای کەمی بەقورسی لەگەڵ دایکیدا بەریەک دەکەون، گەیشتووەتە ئەوەی منیش بیرمبچێتەوە بە منداڵی چەند ترسنۆک بووم و بە قسەکانی ئەو هەڵدەچم، دەڵێم: تەواو لەمشەوەوە دەبێ ئیلاو بیلا لە ژووری خۆت بخەویت. خۆشی دەزانێت زۆر قسەزانە، هەوڵدەدات سوود لەو چەکەی ببینێت بۆ ڕازی کردنی من. هەمیشە ئەو چەکەی بەرامبەر من بەکاردێنێ، زۆرجاریش سەرکەوتوو دەبێت. دایکی هەمیشە دەڵێت: بەرامبەر ئەو کوڕەی زۆر شلی، ناکرێت ئەوەی بیەوێت بۆی بکرێت، ناکرێت نا! دەبێت فێری ناش بکرێت، ئاخر خۆ ئێمە هەر بۆی نامێنین، دەبێ فێری ئەوە بکرێت لەوانەیە شتێکت بوێت و نەتوانیت بەدەستی بێنیت، دەبێ فێری نا بکرێت پیاوەکە، تێبگە! دەزانم ڕاست دەکات، بەڵام منیش و بارانیش لەهەمان کاتدا ڕاست دەکەین. باران ناتوانێت بەر لە حەزە منداڵانییەکانی بگرێت، من ناتوانم بەرانبەر ئەو حەزانەی ئەو بڵێم نا، خۆم بیردێتەوە کاتێک شەوانە بە خەیاڵی پلەیستەیشنەوە دەنووستم، تاکوو خەوی پێوە ببینم. بیرمدێتەوە خۆشترین شەوانم بە بەئاگاهاتنەوە لێ بووەتەوە بە ناخۆشترین. بیرمدێتەوە دوای ئەوەی چەندین مانگ ئیشم کرد توانیم ڤیدۆیەک بکڕم کە تەنیا یەک شریتم پێ کڕدرا، سەتان و هەزارانجار فیلمی ڤاندامە مارگەستیەکەم لێ دایەوە و لێدایەوە، هەرجارێک لە جاری پێشتر زیاتر خرۆشام، خۆم بەوە ڕازی کردبوو، شریتێکی ترم بە بیست دیناری سویسری پێ ناکڕدرێت لە کاتێکدا مەکتەبم هاتبووەوە و پارەم پێ پەیا نەدەکرا، ئەگەریش پارەم پەیاکردبووایە چۆن دەمتوانی دایکم ڕازی بکەم بەوەی بیست دینار بە یەک شریت بدەم! گوتیان دەتوانیت شریت بگۆڕیتەوە، دوو دینارم لەسەری دا و بە جیتلییە شێتەکەم گۆڕییەوە. سەتانجاری تریش بەدیار جیتلییە شێتەکەوە دانیشتم و گریام و خرۆشام و دەستم جولاند، هەر میوانێکمان بهاتبا بۆیم لێ دەدا و بە پۆزەوە باسی ڕووداوەکانی دواترم بۆی دەکرد. جارجار دوای هەوڵێکی زۆر دایکم ڕازی دەکرد هاوڕێیەکی کۆڵان بێنمە ژوورەوە و بەیەکەوە بەدیار جیتلییە شێتەکەوە دانیشین، خۆم وەک شاهنشایەک دەبینی، جارجار بە پۆزێکەوە ڕووداوەکانم شیدەکردەوە. هاوکۆڵانەکانم بە سەرسامیی و خرۆشانەوە گوێیان بۆ دەگرتم و تەماشای تەلەفزیۆنە ڤیستڵە بچووکەکەیان دەکرد. پێموابوو ئەوان لە هەموو کەسێک باشترن بۆ تەماشاکردنی فیلم، هێند بە قوڵی دەچوونە نێو دیمەنەکانەوە هەندێکجار لەگەڵ ڕاوەشاندنی شمشێردا لەجێی خۆیان دەلەرزین، یان خۆیان لا دەدا، وەک ئەوەی بۆ ئەوانیان وەشاندبێت، یان بەریان کەوتبێت. چەندین ڕۆژ لە باخچە بچووکەی ماڵەوەمان بەرانبەر پەنجەرەی ژووری دیوەخان لاسایی دەستجولاندنەکانی جیتلیم کردووەتەوە، دەستم وەشاندووە و دڵم دانەکەوتووە، بلوزەکەم داکەندووە، بەو وێنە کاڵەی لە سەر پەنجەەرەکە دروست بووە خۆم لێ بووەتە جیتلی و دڵم داکەوتووە و بەردەوام بووم لە دەست وەشاندن و خۆهەڵدان و شەق وەشاندن، لە هەموو منداڵانی گەڕەک زیاتر ڕاهێنانی شەڕم دەکرد و لە هەمووشیان زیاتر دەترسام تووشی شەڕ بم، تەنانەت لە کاتێکدا بەگەمە خەریکی زۆرانبازی بووین، دوو برای شەڕاوی هەبوون پێمان دەگوتن قەندێ و موگە، نەمدەوێرا لەگەڵ ئەواندا زۆران بگرم، کوڕێک هەبوو ناوی هێرش بوو پێمان دەگوت ڕیوی، نازانم ئەو ناوە لە چییەوە هاتبوو، ئایا لەبەر ڕیوەڵەبوونەکەیەوە بوو یان فێڵباز بوو؟ ڕیوی زۆرانی لەگەڵ ئەو دووبرایە دەگرت و بە عاردی دادەدان و منیش ڕیویم بە عەردیدا دەدا، هەرچەندی قەندێ و موگە داوایان دەکرد زۆران لەگەڵ ئەواندا بگرم نەمدەوێرا و بە فێڵێک خۆم دەدزییەوە. دڵی خۆشم بەوە دەدایەوە کە لە براوەی سەر ئەوانم بردووەتەوە. لەگەڵئەوەشدا ڕیوی بە جیڕی بەناوبانگ بوو هەمیشە من بە خێرایی جوولەکانم لە عاردیم دەدا، خوا خێری جیتلی بنووسێت. باران گوتی بابە بمبە کۆنفۆی. لەوانەیە وەک من بەنیازی ئازابوونەوە تەماشای کۆبڕا کای کردبێت، زۆر پێمگوتووە کوڕم ئەو فیلمە بۆ تەمەنی تۆ شیاو نییە، هەمووجارێک وەڵامم دەداتەوە ئاخر ئەو جێیانەی شیاو نین بە پێش دەخەم، دڵنیام مەبەستی شەڕەکان و دیمەنی خوێنڕێژیەکان نییە، چونکە هەر لە خۆشی ئەو شەڕەشەقە تەماشای فیلمەکە دەکات، دڵنیام مەبەستی دیمەنە وروژێنەرەکانە. دەمەوێت پێی بڵێم: ئاخر کوڕی خۆم ئەو شەڕوشۆڕەش، بیرمدێتەوە منیش چەندم حەز لە فیلمی جاکشان پشیلە و ڤاندام و ئارنۆت(ئارنۆڵد) بوو، قسەکەی خۆم دەخۆمەوە. تەنانەت بەردەوام وەک جاکشان پشیلە بەسەر دارودیواردا هەڵدەگەڕام و هەوڵم دەدا لاسایی حەڕەکەکانی بکەمەوە و کەس پێم نەوێرێ و پێمدەوێران. گوتم بەچاوان، ژمارەی مامۆستایەکی کاڕاتیم پەیاکرد و قسەم لەگەڵدا کرد، گوتی یاریەکەی ئێمە کاڕاتی کۆکۆشینگە و ئاوایە و ئاوایە، ئاوا و ئاوا بەهێزت دەکات، گوتم پێوەندیت پێوە دەکەمەوە، لە ئینتەرنێتدا بەدوای یاریەکەدا گەڕام، لەوە گەیشتم ئەو یاریە پێویستی بە دڵڕەقی هەیە تا بتوانیت تێیدا سەرکەوتووبیت، لەو یاریەدا شکست پێهێنانی بەرامبەر بەهەر نرخێک بووە ئامانجە، لەخۆم پرسی: ئایا دەمەوێت جەنگاوەرێکی دڵرەق پەروەردە بکەم؟ پێوەندیم بە مامۆستا نەکردەووە. بە ناو یاریە جەنگیەکاندا گەڕام، کۆنفۆی کلاسیکیم دۆزییەوە، پێموابوو زیاتر ئیش لەسەر فەلسەفە و هونەری جەنگ دەکات، پێموابوو جگە لە هونەری بەرگری ئیش لەسەر لایەنی دەروونی جەنگاوەریش دەکرێت. بریارم دا و ڕاهێنەرێکی کۆنفۆم دۆزییەوە. مامۆستاکە گوتی: مەبەستی یاریەکەی ئێمە هونەری جەنگە بەتایبەت هونەری بەرگری. گوتم ئەوە باشە. گوتی کەسایەتی قوتابیەکانمان بەلاوە گرنگە، گوتم ئەوە باشتر. مانگێک ناردم بۆ لای ئەو مامۆستایە. لەبەر دەوامەکەم و کاتی دەوامی ئەوان نەمتوانی زیاتر بینێرم، دواتر مامۆستایەکی تایکواندۆم دۆزییەوە، کاتی ڕاهێنانەکانیان لەگەڵ کاتی دەوامی مندا دەگونجا، ناردم بۆ ئەوێ. لەماڵێوە جلە سپیەکانی لەبەر دەکرد و بەسینگ دەرپەڕاندنەوە سەلامی لە هاوڕێیانی کۆڵانی دەکرد، لەوەیە ئەویش لەبەر ئەوە بووبێت لێی بترسن و نەوێرن ئیدی شەری پێ بفرۆشن، بەڵام زیاتر دەیانوێرا و تەشقەڵەیان پێ دەکرد، پێیان دەگوت ئەتو دەچییە تایکواندۆی، بەڵام هەر ئازا نەبووی. بەگریان دەهاتەوە، گوتم چییە کوڕم بۆ دەست ناکەییەوە؟ گوتی ئاخە بابە، بیرم هاتەوە باوکشم هەمان پرسیاری لێم کرد و منیش گوتم ئاخر بابە تۆ دەڵێی شەڕێ مەکە، گوتی ئاخر بابە تۆ دەڵیی شەڕێ مەکە، گوتی: من دەڵێم لە خۆڕا شەڕێ مەکە، بەڵام ئەگەر تەشقەڵەیان پێ کردی دەست بکەوە. گوتم من گوتومە شەڕ بە خەڵکی مەفرۆشە، بەڵام ئەگەر پێیان فرۆشتی دەستی خۆت بووەشێنە. باوکم گوتی دەست بکەوە، بەڵام فێری شەڕی نەکردم، گوتم وەرە پێش با پێکەوە بە شەڕ بێین، لێیم دەدا، هەڵدەستایەوە و بەرەنگارم دەبووەوە. گوتم کوڕی خۆم من بەهێزترم یان منداڵانی کۆڵان، گوتی تۆ، گوتم ئەوەتا بە هەموو هێزی خۆم لێت دەدەم، ئایا دەئێشێ؟ گوتی هەندە نییە، هەموو هێزی خۆم نەبوو. ترسی شکا، ئەوجارە هەر پێم دەکرا پێی بڵێم تەشقەڵە بە خەڵکی مەکە. دووبرا هەبوون هیشتاش لێیان دەدا و دەستی بەرانبەریان نەدەکردەوە، گوتم چییە؟ بۆچی بەوان ناوێری؟ لەبەرئەوەیە بە دووان بۆت دێن؟ گوتی: نا بابە! بەس بابی شەڕاویە، دەترسێم لەبەر من لەگەڵ تۆ بەشەڕبێت و شتێکت لێ بێت. لە دڵی خۆمدا گوتم: کوڕەکەشم قەندێ و موگەیەکی هەیە! ئەوەندە بیر لە بەرەنجامی کارەکانی دەکاتەوە ناوێرێت توخنی زۆر شتان بکەوێت. کاتێک زۆر بچووکیش بوو، دەمانبرد بۆ شاری یاری، نەیدەوێرا سواری خشۆکانێ و جۆلانێ بێت، دەیگوت ئەدی ئەگەر بەربوومەوە و ئەدی ئەگەر ئاوام لێهات و ئاوا و ئاوا بوو. منیش وابووم، کاتێک لەگەڵ خوشکە گەورەکەم جەژنان دەچوومە بن لەیلووکان نەمدەوێرا سواری یەک گەمان بم، هەمیشە بەدیار منداڵەکانەوە خەیاڵ دەیبردمەوە، ئەوان قاقایان دەچووە کەشکەلان و من خەیاڵم دەچوو. ماوەیەکبوو لە دۆخێکی سەیردا بووم، هەڵدەچووم، کاردانەوەیەکی خێرام لێ دەوەشایەوە دواتر پەشیمان دەبوومەوە و بۆم وەک خۆی لێ نەدەهاتەوە. بەزۆر ناردمە ژووری خۆی، گوتم تازە مادام وای لێهات دەبێ هەر لەژووری خۆت بخەویت، لەوانەیە منیش هاتبمە سەر دینی دایکی بەس ئەو هەر دەهاتە نێو ئیمانی منەوە و هەوڵی دەدا پەشیمانم کاتەوە. هاتەوە دەرێ، گوتی بابە ڕووخسەت هەیە هەندەک قسان بکەین؟ گوتم با بیکەین. بیرمهاتەوە کە دایکم دەیناردم بۆ ژووری ئەودیو سەرین بێنم، زەلامێک لە پشتی کارتۆنەکەوە بۆم دەهاتە دەرەوە، منیش لە ترسان بەردەبوومەوە و خۆم دەکردە خەوتوو، هێند لێم نزیک دەبووەوە هەستم بە پەنجەکانی دەکرد لەوکاتەی پەڕۆیەکی لە ملم دەپێچا و دەرۆیشتەوە ناو کارتۆنەکە. ئێستاش بۆم یەکلایی نەبووەتەوە ئەوجارەیان کە چوومە ژوورەکە و کچێکی هاوتەمەنی خۆم لەناو کارتۆنەکە بۆم هاتە دەرەوە و لەگەڵی بەشەرهاتم ڕاستی بووە یان خەون، تا ئێستاش هەر پێموایە ئەو ڕووداوە ڕاستەقینەیە و ڕوویداوە، کەچی ناچارم بە بارانی بڵێم: کوڕی خۆم ئەو شتانە ڕاستەقینەنین و هەموویان مێشکی خۆت دروستی کردوون. گوێم لە دایکییەتی دەڵێت: ئاخر قسەکردنەکانی تۆ ئەو کوڕەی ئاوا لێکردووە. جنی چی و دزی چی، ئەو کوڕە بە قسەکردن خراپتر دەبێت، بینێرە ژوورێ و تەواو. دەفع دەبم دەنگم هەڵدەبڕم و دەڵێم: ئەرێ قەت کەست دیوە؟ قەت ئەو خەیاڵانەی باسیان دەکەیت توانیویانە هیچت لێ بکەن؟ لەحزەیەک بیرمدەچێتەوە کچەکە چۆنچۆنی بە هەرتک دەستی سینگمی دەکوتا و بەسەرمدا دەیقیژاند، منیش بەگریانەوە دەستی خۆم ڕادەوەشاند و بەرگریم لە خۆم دەکرد. گوتی: ئاخر بابەگیان هەموو منداڵێک ئەو ترسانەی هەیە. دەڵێم: پیاسەیەک بکەین؟ دەگەشێتەوە و دەڵێ: ئەروەڵا. ئەرێ چییە ئەو پیاسەیەی ئێوە نەبڕایەوە؟ سبەی مەکتەبی هەیە مەکتەب، دەبێ زوو بنووێت. دەزانم دەبێت زووبنووێت، خۆشی دەزانێت و ناتوانێت و ناتوانم لێگەڕێم نەتوانێت و زووبنووێت. لەوانەیە ئەویش وەک من نەیوێرابێت باسی ئەو تارماییانە بکات کە دێنە ژوورەکەوە و شەڕەچەپەڵۆکی لەگەڵدا دەکەن، لەوانەشە ئەو وانەبێت. ماوەیەکە هەموو شتێک بە منیش ناڵێت، ناهەقیشی نییە، زووزوو هەڵدەچم و بەڕوویدا دەتەقمەوە، نازانم بۆ وام بەڵام وام. لەوانەیە هەست بە شکست بکەم لە پەروەردەکردنی منداڵێک، ئەرێ سەخت نییە؟ سەخت نییە بچییەوە بە گژ قولەی قافا؟ ناوەوەی مرۆڤێک لە هەڵزنان بە قولەی قاف سەختترنییە؟ نازانم چی لەناو ئەو سندوقە بچووکەی سەریدا دەگوزەرێت. چی لە هی مندا دەگوزەرا ئاوا خەیاڵاوی و ترسنۆک بووم؟ من چوزانم لەوکاتەدا لەو بەرزەپردەوە ماشێنێکی لێکسزی چاوبەکل دەفڕێت؟ من چوزانم لەوکاتەدا من پێم لە بەنزین ناوە تا بە تڕافیک لایتە خێراکەی لای یاریگای فەڕەنسۆ هەریری ڕابگەم و لەو بەرزاییەوە ماشێنێکی فڕیو دەبینم بەرەوڕووم دێت و هەزاران خەیاڵات لە ماوەی چەند چرکەدا لە خەیاڵدانمدا جرتوفرتیان دەبێت؟ دەیگوت: بابە کاپتن پێیگوتم ئەمڕۆش گۆلت کرد؟ بابە کاپتن دەزانێت من بەبێ گۆل قوتاری ناکەم. بابە ئەمڕۆ هاتریکم کرد! بابە ئەمڕۆ کاپتنم فلیمات کرد، بردتانەوە؟ چبکەم، ولاشەکانم باش نەبوون. زۆر سەختە ددان بە دۆڕانی خۆیدا بنێت. زۆر هەوڵم لەگەڵی دا، نەیتوانی لەوە بگات مرۆڤ ناتوانێت هەمووجارێک بباتەوە. نازانم ڕۆحێکی بەرزەفڕی تێدایە یان هەروەکوو دەڵێن خەتای منە هەمیشە خۆم بۆی دۆڕاندووە! ماوەیەک بوو دەمویست دۆڕانیشی پێ بچێژم، دڵنیانەبووم، بەڵام وامدەزانی پێویستە فێری دۆڕانیشی بکەم، دەیانگوت زۆر بێتامە لە گەمە، واشبوو، هەرکاتێک کەسێک لێی ببردبایەوە دەنگی زیق دەبوو، بەسەر کاراکتەرەکانی گەمەکەدا دەیقیژاند; کورە کەرییییم، ئەی عەمرت نەمینێ بۆ خۆت و شوتت باشە… دەماری ملی دەردەپەڕی و گرژوومۆن، زۆرجار چاو پڕ فرمێسک و قوڕگ نووساو لە پرمەی گریانی دەدا. ماوەیەک بوو بەردەوام گەمەم لێی دەبردەوە و ئەو جار لەجاری خراپتر پێی تێکدەچوو. دایکی دەیگوت: هەمووی خەتای تۆیە، ئەی پێمنەگوتی ئەوەندە خۆتی بۆ شل مەکە و خۆتی بۆ مەدۆڕێنە؟ ئەوەتە لێی دەبەمەوە، بەس تەحەمول ناکا! تازە لەدەست دەرچووە، تازە بۆت فێرناکرێت. ئەی باشە چی بکەم؟ چارەم چییە؟ لێی دەبەمەوە و بۆی ڕووندەکەمەوە، پێویستی بەوە هەیە ڕاهێنانی زیاتر بکات تا بتوانێت لە من بباتەوە. دەڵێم ئاساییە، بەگوێیدا ناچێت. دەڵێم من لە منداڵییەوە ئاتاری دەکەم، بۆیە ئاوا لێی دەزانم، دەڵێم پێویستە تۆیش بەردەوام ڕاهێنان بکەیت، من کات و سەلیقەم کەمە یاری بکەم، تۆ دەتوانیت کاتێکی زیاتر خەریک بیت و بگەیتە ئاستێک لە من و لەوانی تریش ببەیتەوە. بەردەوام بیریدەهێنمەوە کە دەکرێت بە ڕاهێنانی زیاتر توانای زیاتر بەدەست بێنێت، ئەو دەیەوێت یەکسەر بباتەوە، ڕاهێنان دەکات و لێی دەبەمەوە، هەڵدەچێت و دەنگی زیق دەبێت و دەماری ملی دەردەپەڕێت و دەگریەت. دڵم دەقرچێت بۆی و بەناچاری بەسەریدا هاواردەکەم: بەسە! یەکجاریکە گەمەت لەگەڵ ناکەم! تۆ نازانیت گەمەی بکەی! گەمە دۆڕان و بردنەوەشی تێدایە. شەرتبێ ئەوجارە سێزدە گۆلت لێ بکەم. تەواو خۆدۆڕاندن کۆتایی هات. دڵنیام لەوەی ئەو هەموو فشارە هیچ لەو ناگۆڕێت. بۆچی کۆشکی خەیاڵەکانی دەڕووخێنم؟ گرنگی ئەوە لەچیدایە دەمەوێت فێری دۆڕانی بکەم؟ گوتی لەگەڵت دێم، باشە وەرە. چاوەڕێ بووم نۆرەی من بێت، مامۆستایەک بانگی بارانی کرد، گوێم لێ بوو، مامۆستاکە دەیگوت باران خۆت ئامادە کردووە؟ یەکشەمە گەمەمان هەیە. باران سینگی دەرپەڕاندبوو دەیگوت: ئامادەم مامۆستا. چوومە لایان، گوتی من مامۆستای وەرزشیانم، باران یاریزانێکی زۆر باشە. تکایە پاڵپشتی بکە. گوتم هەرچی بوێت بۆیم کردووە. گوتی کاتێک ئەو یاری بکات قوتابیانی پۆلە بەرزەکان دێنە دیار یارییەکەی و هانی دەدەن. گوتم هەرچیم لەدەست بێت بۆی دەکەم، گوتی هاوین بینێرە یانەیەک ڕاهێنانی پێ بکەن، گوتم دەینێرم. دەتوانین پێش بینێرین بۆی ڕوونبکەینەوە لەم وڵاتەدا چی دەگوزەرێت. دەیگوت: بابە دەزانم لێرە کەس بە تۆپانێ نەبووەتە هیچ. پێویستە لە خوێندنەکەشم باش بم. ناچارم پێش ناردنی ئەو دیدە ڕەشبینانەی بۆ ڕوونبکەمەوە؟ دەبێت چ هێزێکی گەورە ئەو خوولیایەی هەڵسوڕێنێت کە دەزانێت لەم وڵاتە کەس بە تۆپانێ نەبووەتە هیچ و هێشتاش هەر بە هومێدی ئەوەیە ببێتە ڕۆناڵدۆ؟ بابە لە کۆڵانیش شەڕم لەسەر دەکەن، هەموویان دەڵێن دەبێ باران ببێتە ولاشی مە. تەلەفۆنت بۆ دەکەم، دەڵێم: بابە هەفتەی دابێ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگم هەیە، دەبێ لەگەڵ داکم هەر بێن. بۆ کوێ گەمەی دەکەی؟ تەبعەن مهاجمی ڕیاڵ مەدریدم. دەمەوێت بڵێم: یاریزانی ڕیاڵ مەغدیدی؟ پێکەنینم دێ. قسەکەی خۆم دەخۆمەوە، لەوانەیە هەست بکات لە خۆشییان پێدەکەنم. هانی دەدەم، دەڵێم ئەوەی بتەوێ چی؟ ها چی؟ بەپێکەنینێکی بەریئانەوە دەڵێت بەدەستی دێنی، و لە ئاسۆ دەڕوانێت. جارێ لەو تەمەنەدا نییە بتوانم بۆیڕوونکەمەوە لەوانەیە ئاسۆ هێندەش ڕوون نەبێت کە مامۆستا هێمن پێی وابووە. خۆ لە تەڵخی ئاسۆی ئێرە دەبووێرم و بیر لەو خەیاڵپڵاویانەی خۆم دەکەمەوە کە لە سەرەتای نووسینمدا نەشەیان پێ دەدام. دونیا بەهیواوە خوراوە، لێگەڕێ با تا دەتوانێت پێیەوە بخوا. بابە دەزانم بەتۆپانێ نابیە هیچ، خوێندنەکەم ناکەمە فشە. کوڕی خۆم، تۆ با بڕوانامەیەکت هەبێت بۆ ئەوەی ئەگەر لە تۆپانێ تووشی پێکانێکی سەخت بوویت بتوانیت ئیشێکی سووکتر بکەیت و پێی بژیت. لەوانەیە تووشی پێکان نەبیت و بگەیتە ئەو شوێنەی دەتەوێت، بەڵام با خۆت بۆ گریمانەی دووەمیش ئامادە بکەیت. زۆربەی ئەوانەی لێمانەوە نزیکبوون و شەیدای تۆپانێ بوون، لە قۆناغێکدا تووشی پێکان بوون و خستنی. چەند ناوێکی بۆ دەژمێرم و دەڵێم: ئەگەر لەم وڵاتە نەبوونایە و دەرفەتی جیهانیان هەبووایە لەوەبوو ببنە یەکێک لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ، بەڵام کۆتاییەکەی لەدەست دانی چۆکیان بووە. خۆشی مامە کێوانیش زیاد دەکات، دواتر دەڵێت ئەرێ بابە حەڕەکەی دابانی چییە؟ پێی دەڵێم خەلفەی مامی، هەمیشە لەگەڵ مامی دەڕواتە پاڕک و یاریگاکان بۆ یاری و وەرزش. مامی دوای نەشتەرگەری ڕیبات سەلیبی بەچەند ساڵێک کەمێک باشتر بووە، وردە وردە دەتوانێت غاربدا و جارجاریش یاری بکات، ئەوە جگە لەوەی خۆی دەڵیت هەرگیز نابمەوە بەوەی کە هەبووم، جگە لەو ئازارە بەردەوامەی ناچارم تەحەمولی بکەم. مامی پێیگوتووە: هەرکاتێک فەڵتەیەک بدەم برادەرەکانی گەڕەکم پێم دەڵێن ئەوە حەڕەکەی دابانییە؟ لە منداڵییەوە وابووە و وابووم، خووی دابێتە هەر یارییەک لە کاتێکی کەمدا تێیدا پێشکەوتووبووە، خووم دابێتە هەر یارییەک تێیدا فەشەلم هێناوە. ماوەیەک یاریزانی تۆپی پێ بوو، ماوەیەک هی باسکە و ماوەیەک هی مەلەوانی و گۆڕەپان و مەیدان، ماوەیەک لەشجوانی، ماوەیەک کیک بۆکسینگ، دڵنیام هەرچتێکی دی کە من ئاگام لێی نەبووبێت تێیدا سەرکەووتووبووە. کاپتنی هەریەک لە یارییەکان لەماوەیەکی کەمدا تەرکیزی دەکەوتە سەری و لەهەمووان زیاتر هیوای لەسەر هەڵدەچنی، بەڵام هەرجارەی بەهۆکارێک ناچاردەبوو واز لە یاریەکان بهێنێت. لەوانەیە قەت نەیتوانیبێت بێ وەرزش هەڵکات، ئەگەر لە هیچ تیمێکیش نەبووبێت ڕۆژانە ماوەیەک هەروەلە و وەرزشی تری ئەنجام داوە، منیش وەک منداڵەکانی تری کۆڵان حەزم لە تۆپانێ بوو، بەڵام من لەجێی ئەوەی لەسەر تۆپ و یاریەکە چڕبمەوە هەرجارەی خەیاڵم بۆ لایەک هەڵدەفڕی. جارێک ڕۆیشتنی چڵکاوی کۆڵان سەرنجمی سەرقاڵ دەکرد، جارێکی تر شکڵی هەورەکان و جارێکی تر ڕەنگی ئاسمان لە دەمی ئاوابوونی خۆردا. دانی بەیانیان لە یاریگا خۆڵەکەی یانەی ڕێژین یاریمان دەکرد، لەگەڵ هاوڕێیانم چالاکانە دەستم بەیاری دەکرد، بەڵام هەر دەم نادەمێک سەرنجم بۆ لای شتێک دەرۆیشت جگە لە تۆپانێکە. لەوانە بوو لەوکاتەی یاریزانانی بەرانبەرمان جەژنی سەرکەوتنیان دەگێڕا من سەرنجم لە ئاسۆیەکی دوور دابێت و بیرم لەوە کردبێتەوە دەبێت لەوسەرەوە کە زەوی کۆتایی دێت چی لێ بێت. یان ئەو ئاسمانە فراوانە چۆن لەسەر سەرمان وەستاوە و بەسەرماندا بەرنابێتەوە، یان شکڵم لە هەورەکان دروست دەکرد و وامدەزانی ڕۆحی پێشینانی ئێمەن لەو شێوانەدا هاتوونەتەوە سەر ئاسمانی شارەکەیان و دیقەتیان لە جموجۆڵی هاوشاریانیان داوە، لەوانەیە بیرم لەوە کردبێتەوە هەندێکیان ڕۆحی ئەو وەرزشوانانەبووبن کە پێشتر لەو یاریگایە یاریان کردووە. کاتێک کلاسیکۆی شوڕتاوە دەبوو، لەنێوان یانەی ڕێژین و ڕێژنە یاریگا خۆڵەکە لێوڕێژ دەبوو لە هاندەر، منیش بە دیار یاریەکەوە دادەنیشتم، دیقەتم لە پێی یاریزانەکان دەدا و خەیاڵم دەڕۆیشتە بەر قاچیان و شەقیان تێهەڵدەدام، لەناکاو خۆم لەناو تۆڕی گۆڵەکەدا دەبینییەوە و بە قاوقیژ و فیتەفیتی جەماوەری ڕێژین بەئاگادەهاتم، پێکڕا هاواریان دەکرد: کارە کارە کارە، لەوە دەگەیشتم ئەوەی هەڵیداوەتمە نێو گۆڵەکەوە ئەو یاریزانەیە کە بە کارەمشکە ناسرابوو. لەنێوبڕی یەکەمی یاریەکە جەماوەری هەر لایەک لە دەوری یاریزانەکانی ئەو لایە بازنەیەکی گەورەیان دروست دەکرد. دەمگوت هاندەری یانەی ڕێژینم بەڵام هەمیشە لەو کلاسیکۆیانە دەچوومە دیار یاریزانانی یانەی ڕێژنە، ئەوەی سەرنجی منی ڕادەکێشا بۆلای یاریزانەکانی ئەو لایە ڕاهێنەرەکەیان بوو کە مەجالی خەیاڵاتی سەیری بە من دەدا، ڕاهێنەرەکەیان بە حەمەنیگرۆ ناسرابوو، زۆربەیجار من لە پرچە لوولەکەی ڕادەمام و خەیاڵ دەبیردمەوە بۆ ئەوکاتانەی دایکی سابوونی ڕەقی لە پرچی دەخشاندوو و پەنجەی لە پرچی گیردەبوو، حەمە دەگریا و دایکی بە ناولەپی دەستەکانی بە پشتیدا دەکێشا، بە جامیلەکە فافۆنە قوپاوەکەی دەستی بە سەریدا دەکێشا و بەسەریدا دەیشیڕاند ئەی خوا بتباتەوە، کو خۆت لە چڵکاوی هەڵکێشایە. هاواری دەکرد، بە ئاگادەهاتمەوە، سەرنجم دەکەوتە سەر لێوەکانی کە لێکدا لێکدا دەیجولاندن و نەمدەزانی باسی چی دەکات، چونکە یەکسەر سمێڵی سەرنجی ڕادەکێشام و لێم دەبووە شانوشاپڕ* بەو سمێڵە پەپوولەییەوە جوولەی خەندەداری دەکرد و من بەدیاریەوە دەتریقامەوە. جارجاریش لە شاشە بچووکەکەی تەلەفزیۆنەکەمانەوە شانوشاپڕم لێ دەبووە حەمەنیگرۆ و بێدەنگییەکەی دەشکاند و بە یەکێک لە کارەکتەرەکانی دەگوت تۆ تاکشوبی دەبی تۆپی درێژ بنێری، ئەوەچیە ئەو پاسە کورتانە؟ ها ؟ ها؟ ئەدی ئەتو، یەعنی چواسە خەپە چییە ناتوانی لێی تێپەڕی؟ ها؟ بابە ئەوڕۆ هاتریکم کرد! بابە ئەوڕۆ سوپەر هاتریکم کرد؟! بابە بابە بیدایەت ئەمە سێ گۆڵ لەپاش بووین، دیفاعەکەیان گۆتی خۆتان دەبیننەوە، ئەوان خۆیان دیتەوە، سێ گۆلەکەمان هیناوە، گۆلی چوارەمیش بەخۆم کردم، بابە بابە ڕیمۆتادامان لەسەریان کرد، چوومە بەرامبەری و ئاوام لێ کرد، بە پەنجەی شەهادەی ئاماژەی بە وسبوون دەکرد، دوایە یەک سووم لێ کرد و هەڵمدایە دەرێ. بۆ دەرەوە، دۆڕاو بۆ دەرەوە. کوڕم دوێنێ کە دۆڕاندتان هەستێکی ناخۆش بوو؟ بابە دونێ لەگەر دونێ ڕۆی، ئەوڕۆ بردمانەوە. هێشتاش خۆی لە دۆڕان لادەدا، لەوەیە ئەگەر یەک تۆز سەری بخەمە سەری دەست بکاتە گریان و وەک دونیای بەسەردا ڕووخابێت وابێت. کوڕم دیتت ڕۆناڵدۆ دۆڕاندی؟ بابە غەدریان لە ڕۆناڵدۆی کرد، پاسیان نەدەدایە، ڕاهێنەرەکەی گەمەی پێ نەدەکرد، حەکەم، بابە دەڵێن کۆمپانیای کۆکاکۆلا تەئسیری… قسەکەی پێدەبڕم و لێی دەپرسم: دیتت دەگریا؟ هۆڕەهۆڕ دەگریا… بابە ئاخر… هەندەکی دیش سەری دەخەمە سەری، بابە گەمەکی بکەین؟ من پرتوگالت بۆ دێنم بزانە کو لێت دەبەمەوە. دەزانم دەیەوێت بابەتەکە بگۆڕێت و دەیگۆڕین. پەلەی بوو، زووزوو تەماشای کاتژمێری تڕومبێلەکەی دەکرد و دەیگوت تاخیربووم. دەمگوت سەبرت هەبی سەبر دەگەینێ، نەیبوو، بووینە نێچیری پەلەپەل؟
بابە لە کۆیە لەماڵی مامە هاواری بووین، مامە هاوار لەگەڵ میسی پێکەوە چوونە بازاڕی، دوایە مامە هاوار بەتەنیا هاتەوە، چونکە دوو سنایپەر لە بازاڕی کۆیە میسیان کوشتبوو، دوایەش خەڵکێکی زۆر لە خەفەتی کوژرانی میسی خۆیان کوشتبوو. هەواڵ بڵاوبووەوە کە سەرۆک گوتوویەتی ئەو سنایپەرانە بگرن و بەشاپان فڕێیاندەنە دەرێ، گۆتم دایە جا سەرۆک کەینێ هەندە ئازابووە؟ داکم گوتی: وەڵا کوڕم پێشان ئازابوو بەس ئێستا ئاستی دابەزیوە! گوتم کوڕی خۆم خۆ تۆپانێ نییە ئاستی دابەزیوە، پێکەنی. گوتی دوو سنایپەرەکە ئەڵمانی بوون. گوتی بابە لەخەوەکەمدا ماڵە کۆنەکەمان لە کۆیەبوو، لەگەڵ محەمەدی مامە نەهرۆی فیفامان دەکرد، ئەتو لەگەڵ مامە نەهرۆی ئێم دەبلیو* تان لە شانتان کرد و چوون سناپیەرەکانتان کوشت، کوڕم ئێم دەبڵیو چییە؟ بابە جۆرە قەناسێکە. ئەوان بەڕاستی نەمردبوون، بەڵکو بەس داون ببوون، خۆیان کردبووە مردوو. گوتم کوڕی خۆم ئەوە خەونە یان پەبگی و فیفایە تێکەڵکراون؟ پێکەنی، گوتی: بەخوای بەڕاستمە ئاوابوو! ئاوابوو لەنێویدا ئاوا دەگوزەرا…
گوتی بابە ئەو سەیارەیە بۆ لەوێ داندراوە؟ وەڵامم دایەوە ژێر تابلۆی سەکۆکە بخوێنەوە، هەرجارێک بچووینایەتەوە وراتی کۆیە لە نزیک بازگەکەی بەدەنگی بەرز دەیخوێندەوە: درەنگ بگەی باشترە لەوەی کە هەر نەگەی! ئەوجارە بیرمچوو بیری بێنمەوە لە ژێر شڕەسەیارە سووتاوەکەی دەروازەی ڕێگای مەرگ چی نووسرابوو؟ هەڵبەتە لەبەرئەوەی منداڵە ئەو ناوەی خەڵکی بەو ڕێگەیە دەڵێن، پێی ناڵێم. پێ بە بەنزیندا دەنێم تاکوو بە تڕافیکە خێراکەی لای یاریگای فەڕەنسۆ هەریری ڕابگەم، چرکەکان خێراتر و خێراتر کەمدەبنەوە و پێم زیاتر دادەگرم، لێکسزێکی جامڕەش لە بەرزەپردەکەوە دەفڕێت و بەرەوڕووم دێت، لە نێوان دوو بڕیاردا سەرم لێ دەشێوێت، ئیستۆپ داگرم یان خێراتر پێ لە بەنزیکە بنێم و لە ماوەیەکی کورتدا چەندین ڕووداو بەخەیاڵدانمدا گوزەر دەکەن:
– ئەگەر ئەو ڕووداوە خەونێکی ناخۆشبێت چەند چرکەیەکی تر بەئاگادێمەوە و هەموو شتەکان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان جگە لەو ترسە قوڵەی لەنێو دڵی مندا بڵق دەدا و بڵاودەبێتەوە، ئارەقەی نێوچەوانم دەسڕم و حەتمەن ماچێک لەنێوچەوانی بارانی دەکەم و زیاتر ڕەشبین دەبم لەو هیوایەی وەک گیایەکی ناسک لە بەردەڵانی سەری مندا شین بووە و باوەڕم بەخۆم هێناوە بەڵکو ئەمجارە ئەوە ڕووبدات کە منداڵێکی بچووک هیوای بۆ دەخوازێت، هەروەکوو ئەوە ڕووی نەدا کە هەرزەکارێک هیوای پێدەخواست و لە کوچە بچووکەکانی شارۆچکەیەکی بچکۆڵەی ئەدەبی نووسەرەکەی ناوەوەی مرد وەک هەزاران نووسەری دی، یاریزانەکەی ناوەوەی منداڵێک ئەمجارە وەک هەزاران یاریزانی تری مردوو نەگەیشتوو نابێ و دەژی و بەرەنگاری دەکا تا دەگا، لەوانەشە نەگا و نازانم چی دی ڕووبدا…
– ئەگەر ئەو ڕووداوە ڕاستەقینەبێت چەندچرکەیەکی دی:
– یان ئیستۆپ دەگرم و سوکان لەدەستم وەردەگرێت، کاتێکیش وریگرت، یان ماشێنەکەم دەداتە بەرتەقلان و لەسەر شەقامەکە دەمێنمەوە و ناکەومە خوارەوە، ئەگەر وابوو یان بە بەختێکی زۆرەوە هەموو ئەو تڕومبێلانەی لەوکاتەدا بەوێدا تێدەپەڕن خۆیان پێ جڵەو دەکرێت و بەر لەوەی بگەنە من دەوەستن، یان لە هەواڵە بەپەلەکانی کەناڵەکان پێکدادانی چەندین ماشێن بڵاودەکرێتەوە، یان ئەو ماشێنە چاوڕەشەی سەرەوە وەک بەرانێکی شاخدار خۆم پێدادەکێشێ و هەڵمدەدێرێنێ…
– ئەگەر پێم بەبەنزیندا نا لەوانەیە، لەو ماشێنە تێپەڕم بەڵام لە تڕافیکە سوورەکە بدەم و چەندین تڕومبێل لە هەمانکاتدا یان ئیستۆپ بکەن و بتوانن و پێکدابکێشن و بە مندا نەکێشن، لەپێناو سەلامەت بوونی ئەو سوپەرستارە چکۆڵەیەی لە تەنیشتمەوە دانیشتوو، قەدەر هەموان هەڵدێرێنێ و ئەو بپارێزێت تا دەگات بەوەی ئەوانی تر دوای ئەوەندە گریمانەی شکست هێنان و زیاتر و زیاتریش سەلامەت بوون و گەیشت بەوشوێنەی کە زۆر زیاتر کەس و ڕێ نەگەیشتن و ڕێی نەگەیشتن بوون، یان خۆم پێدا بکێشن و ئیدی هەروەکوو کەوتنەخوارەوەم چەند گریمانەیەکی تریش ئەگەری ڕوودانیان هەبێت:
– ئەستێرەیەکی تری تۆپی پێ پێش درەوشانەوەی لە ئاسمانی جیهاندا بکوژێتەوە و بۆ هەتاهەتایە نەچێتە مێژووی هیچ وڵاتێک، یان بیرەوەری هیچ کەسێکەوە، وەک ئەو هەزاران ئەستێرەیەی تەنیا لە ئاسمانی خەیاڵی خۆیاندا درەوشانەوە و هیچ کەسێکی تر نەیبینین.
– لەوانەیە نەمرێت و دوای ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانە لەبەشی (چاودێری چڕ) بێتە دەرەوە، بەڵام چۆنچۆنی؟ بەلای کەمی قاچەکانی لەدەست دابێت و نەتوانێت هەتا ماوە بیانجوولێنێت، ئەوکاتیش لەوانەیە چەند گریمانەیەکی تر بێتە نێو ژیانیەوە:
– ماوەیەکی درێژ ڕەشبینییەکی قوڵ دەروونی داگیربکات، دواتر: یان نەتوانێت لەو شکستە دەروونییە هەڵسێتەوە و بەو دەردەوە ژیانێکی کولەمەرگی بباتە سەر، یان دوای ئەو ماوەیە هەرچۆنێک بێت بتوانێت لەو دۆخە بێتە دەرەوە، ئەوکاتیش: یان ژیانێکی ئاسایی بێ پێ بەسەربەرێت، هەمیشە پێویستی بەکەسێک بێت بۆ ئەنجامدانی پێویستیەکانی، یان: نا… نا… ئەو ئیتر هەرگیز ناتوانێت وەک کەسێکی ئاسایی بژیت، هەمیشە بە دیار گەمەکانەوە دادەنیشێت و بە قوڵی بیر لە ئەنجام و پێشبینییەکانی دەکاتەوە، لەوانەیە ڕێگەیەکی تر بۆ خۆی بدۆزێتەوە و ببێتە شیکەرەوەیەکی وەرزشی زۆر لێهاتوو، بگرە لەوانەیە زیاتر بڕوات و لە ئاستی جیهاندا بناسرێت، ئەمجارە وەک ئەستێرەیەکی بێ پا لە ئاسمانی زمانی وەرزشیدا بدرەوشێتەوە، گریمانەیەکی وروژێنەرتر دەمخرۆشێنێت:

بەرەبەیانیەکی زوو لەخەو بەئاگادێت، گوێی لە گریانی دایکییەتی، بە سکەخشکێ بەرەو هۆڵەکە دەخشێت و گوێ هەڵدەخات، دایکی بە تەلەفۆن باسی ئەوە بۆ کەسێک دەکات کە دکتۆرەکان گوتوویانە ئیدی کوڕەکەی ناتوانێت بە پێیەکانی بڕوات و ناشزانێت چۆن پێی بڵێت. دایە؟ بەڕاستتە؟ دایکی بەپەلە ڕادەکاتە کنییەوە و لەباوەشی دەگرێت، جگە لە گریان هیچی تریان نییە ئونجامی بدەن، واتە من نابمە ڕۆناڵدۆ؟ تەواو؟ ناتوانم ببم بە…؟ ئەگەر من بمابوومایە سەتان و هەزاران پرسیاری تر ئازاریان دەدام و دەدام و نەمدەتوانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی باوەڕپێهێنەریشیان لەبارەوە بدەم، دەمم وەک تەڵەی تەقیو بەش، و چاوانم ئەبڵەق وەک گۆمێکی مەنگی سەرڕێژ. چ سوودی دەبوو ئەگەر باسی هەزاران کۆرپەی لەبارچووم بۆی بکردایە؟ چ سوودی هەیە باسی هەزاران خولیای لەبارچوو بۆ کەسێکی ڕووخاو بکەیت؟ خەو و خۆراکی دەبێتە گریان، لە ژوورەکەیدا دەرگا لە خۆی دادەخات و دەگریا، هاواردەکات و دەگریەت، دەگریەت و دەناڵێنێت. دایکی دەپاڕێتەوە و ئەو گوێ ناگرێت، هاوڕێکانی دەپاڕێنەوە و گوێ ناگرێت، مامۆستاکانی دێن و گوێ ناگرێت، کاپتنەکەی دێت و گوێ ناگرێت، دایکی هەر دەرگایەکی پێ شک دێت لێی دەدات و هەرکەسێکی پێ باش بێت لێی دەپاڕێتەوە، بەڵام هیچ کەسێکیان ناتوانن دادی بدەن و کوڕەکەی لەو ژوورە بێننە دەرەوە. تەنانەت خۆشەویستترین یاریزان لەسەر ئاستی شار و وڵاتەکەی دێنە بەر دەرگا و ناتوانن دەرگاکەی پێ بکەنەوە، ئیتر زۆرترین کاتەکانی لە ژوورەکەی بەسەردەبات، تەنیا وەختی جەمەکان دێتە سەر سفرە دندوکێک لە خواردنەکە دەدات و دەڕواتەوە ژوورەکەی. ماوەیەکی زۆر ئاوا دەمێنێتەوە، شەوانە دایکی لەبەردەرگاکەیدا ئێشکدەگرێت تا خەو دەیباتەوە…
دایە؟ دایەگیان؟ لەوانەیە ئەگەر من مابوومایە بیگوتبا بابە بابەگیان؟ دایکی کە لەبەردەرگای ژوورەکەی خەوی لێ کەوتووە دەنگی دەبیستێت، شاگەشکەدەبێت، سەر هەڵدەبڕێت، کوڕەکەی دەبینێت لەسەر کورسیەخولاوەکەیدا بەرانبەریەتی و پێدەکەنێت. دایە تەواو! چی تەواو کوڕی خۆم؟ باوەشی لێ دەدات و پرچی نەوازش دەکات. دایە گیان مەگری، تخوا مەگری! تەواوبوو، دەبێت دەست پێبکەمەوە…
دایکی چەندین جار لێی دەپرسێت بەنیازی چییە، ئەو وەڵامدەداتەوە: با تەواو بم هەموویت بە وردی بۆ باس دەکەم. ئەگەر من بمابوومایە بۆ منیشی باس دەکرد، لێکدا لێکدا دەیگوت ئاوادەکەم و ئاوادەکەم و ئاواشی لێدەکەم. بابە بیرۆکەیەکی عەجیبە! ماوەی چەند ساڵێک خەریکی خوێندنەوەدەبێت، هەر دەیخوێندەوە و لەسەر دەفتەرێک تێبینی دەنووسی، وێنەی دەکێشا، شتی لەسەر دەستنیشان دەکرد و تێبینی لەسەریان دەنووسی. دوای چەندساڵێک، ڕۆژێکیان بانگی دایکی کرد: دایە گیان وەرە، قسەی زۆرم پێیە بۆتی بکەم. دایە گیان بەجددی ئەو ماوەیەی زۆر ماندووم کردوویت، هەرچیم ویستووە بۆمت پەیاکردووە، هەر لە کتێب و دەفتەر و قەڵەمەوە بیگرە تا بۆڕد و چەکوش و پلایس و دەڕنافیز. دەزانم ڕەفتارەکانی ئەم ماوەیەمت بەلاوە سەیربووە، بەڵام هیچ خۆت تێکنەداوە و چیم ویستووە بۆمت پەیاکردووە، دەردی بابم دەیگوت: داک چییە؟ پێدەکەنێ و دەستی ماچدەکات، دەڵێ گاڵتەدەکەم دایە گاڵتەدەکەم. پێدەکەنن… دایە ئەو بۆڕدەم بۆ بێنە با بیرۆکەکەمت بۆ ڕوونکەمەوە، ئەگەر ئەزیەت نەبێت ئەو بووکەڵەیە و ئەو لاپتۆپەش. سەرەتا بە کورتی بیرۆکەکەی ڕووندەکاتەوە، باس لەوە دەکات کە کڵێشەی بیرۆکەکانی نووسیوە بە وردەکاریەکانەوە بۆ فیفای ناردووە، بیرۆکەی چەند یاریەکی ترە، چەند جۆرێکی تری تۆپانێن، لە هەموویان یاریگاکان بەو شێوەیە نەخشەیان کێشراوە لەگەڵ شێوازەکان و یاساکانیدا بگونجێت. لە جۆرێکیان یاریزانەکان بووکەڵەی خۆنەویستن کە لەلایەن کەسانێکەوە هەڵدەسووڕێندرێن و یاریەکە دەبەنە پێشەوە. ئاسمانی یاریەکە بەجۆرێک نەخشێندراوە بتوانیت بە جیا ڕایەڵی پەتی بووکەڵەکان بەسەربەستی بجوولێن و لێک گیرنەبن. لەسەر شاشەی لاپتۆپەکە وێنەیەکی نمونەیی یاریگاکەی پیشان دەدات. ئەوەش ڕووندەکاتەوە: ئەوەی من باسی دەکەم جارێ بەس بیرۆکەیە و دەکرێ ئەوان دوای پەسند کردنی بیرۆکەکەم شارەزاکانی خۆیان بێننە نێو پڕۆژەکەمەوە و پەرەی پێبدەن، تا دەگاتە جۆرێک لە کامڵی. بەوردی کات و جۆری یاساکانی یاریەکەی نووسیوە… دایکی بە سەرسامی لێی ڕادەمێنێت. باسی یاری ڕۆبۆتەکانی بۆ دەکات، باس لەوەدەکات کە زانستی ئێستا گەیشتووەتە جۆرێک لە زیرەکی دەستکرد بەناوی ژیری دەستکرد، ئەو یاری تۆپی پێی ڕۆبۆتانەش دەبێتە دوو جۆر، جۆرێکیان یاریزانان لە ڕۆبۆتی خۆ نەویست پێکهاتوون لەلایەن بەکارهێنەرانییەوە لەلایەن کۆمپیوتەرانێکەوە بەڕێوە دەبرێن، جۆری دووەم ئەگەر زانست گەیشتە ئەوەی ڕۆبۆتێک دروست بکات کە خۆی بەپێی ئەو هاوکێشانەی تێیدا بەرنامەڕێژی کراوە خۆی بەڕێوە ببات، جۆری دووەم بەبێ هەڵسوڕێنەری مرۆیی لەلایەن خودی رۆبۆتەکانەوە بەڕێوە ببرێن و خۆیان بەپێی سیستەمەکانی خۆیان یاری بکەن و بچنە پێش. لەوانەیە ئەگەر یاریەکی ئاوا بەڕێوە ببرێت ناچار بن هەندێک لە یاساکانی تۆپی پێش لاببرێن یان دەستکاری بکرێن، بۆنمونە ئەوکات ئۆف ساید مانایەکی نامێنێت، چونکە ئەگەر ژیری سیستەمەکە گەیشتبێتە ئەو ئاستە بە دەڵنیاییەوە ڕۆبۆتەکە ئەو توانایەی هەیە هێلی ڕۆبۆتی بەرانبەری دیاری بکات و پێش هەڵدانی تۆپەکە لێی نەچێتە پێش. هەندێک یاسای دیش بەپێی ژیری سیستەمەکان دەستکاری دەکرێن. ئەوجۆرە یاریانە خۆشبەختانە تا ئێستا پێویستی بە پاڵاوتن نییە و وڵاتانێکی زۆر نین گەیشتبنە ئەوجۆرە لە ژیری. دەشتوانین ناوی لێ بنێین یاری ژیری. بەڵکو وڵاتە زلهێز و پێشکەوتووەکان لەمەودوا پێویست نەکات بە مانۆڕی سەربازی یان هەڵدانە خوارەوەی بۆمبی ناوەکی بەسەر وڵاتاندا هێزی خۆیان بسەلمێنن، دەکرێ دوای دروستبوونی ئەو یاریە بەشێک لە ژیرییەکەیان بۆ ئەو ڕۆبۆتانە تەرخان بکەن تا هێز و دەسەڵاتی ژیری خۆیان بۆ جیهان بسەلمێنن. لە تۆپی پێدا یەکێک لە وڵاتە هەژارەکان زۆرترین کاسی بردووەتەوە و هیچ یەک لە زلهێزەکان وا بە جددی نەهاتوونەتە نێو یارییەوە کە تەنانەت بەدەستهێنانی بکەنە ئامانج، دەمەوێت شەڕی زلهێزەکان بە یاری بگۆڕمەوە. شەڕەکانیان بە نمایشکردنی ژیرییەکەیان لە ڕێگەیەکی بێزیان نمایش بکەن. دایە گیان! دایە! دایکی بە ئاگاهاتەوە و دەمی وەک تەڵەی تەقیوی لێهاتبوو، نەیدەزانی چی پێ بڵێت! تەنیا باوەشی پێ شک هات، لە همێزی گرت و ڕایموسی، کوڕی خۆم! زۆر نایابە! دایە دوعام بۆ بکە! دوعام بۆ بکە بیرۆکەکەم وەربگیرێت. کوڕی خۆم بیرۆکەکەت ناوازەیە، دەبێ وەریگرن. دایە گیان هەندە ئاسان نییە! بەبێ قاچ خەونەکەی گەورەتر بووە لەوکاتەی ساغ بوو، ئەوە ئارامیم پێدەبەخشێت. منیش وابووم، چەندینجار وێنای خۆم کردووە لەسەر فەرشی سووری خەڵاتی نۆبڵ، بەڵام وا خەریکە ببمەوە خاک و خۆڵ و تەنانەت لە شارەکەی خۆشم خەڵاتێکم وەرنەگرتەوە. منیش وەک هەزارانی دی، بارانیش لەوانەیە وەک هەزارانی دی لێ بێت و نەگات، لەوانەیەش بگات. هیوای زۆری بە پڕۆژەکەی هەیە، ماوەی چەندساڵێک ئیشی لەسەر کردووە، تەنانەت لەبەر ئەو پڕۆژەیەی ناچاربووە خۆی فێری چەندین بەرنامەی قورسی نەخشەسازی بکات. سەرەتا ویستی داوا لە یەکێکی شارەزاکانی ئەو بوارە بکات ئەو نەخشەیەی لە مێشکیدایە لەشێوەی مۆدێلی سێ دووری بە کۆمپیوتەر بۆ بکێشێتەوە، بەڵام دواتر لەوە ترسا بیرۆکەکەی دزەبکات و ماندووبوونی بەهەدەر بچێت، بۆیە خۆی هەوڵیدا فێری بەرنامەکان بێت. هێند بەدیار فێرکاریەکانەوە دانیشت و دووبارەی کردنەوە تا لێیان شارەزابوو. ئەو شارەزاییەی بەهۆی ئەو بیرۆکەیەیەوە لەو بەرنامانە پەیدای کردووە داهاتوویەکی هاسانتری بۆ دروست دەکات، ئەگەر بیرۆکەکەشی ڕەتبکرێتەوە بەهۆی شارەزاییەکەی لە تەکنەلۆژیا بە ئاسانی ئیشی باشی دەست دەکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەزانێت پرۆژەکەی پێویستی بەکاتە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە، بەڵام هەر رۆژێک چەندین جار هەژمارەکەی دەکاتەوە، تاکوو بزانێت وەڵام دراوەتەوە یان نا، بە سەلیقەیەکی زۆرەوە نان دەخوات و وانەکانی دەخوێنێت و یارییە ئەلیکتڕۆنییەکان ئەنجام دەدات، وزەیەکی زۆری تێگەڕاوە، دایکی بەو گۆڕانەی دڵخۆشە، بەردەوام نزای بۆ دەکات پڕۆژەکەی سەربگرێت و ئەو خەیاڵە خۆشەی ببێتە ڕاستی و کۆشکی خەیاڵی نەڕوخێت.
بانگی کرد: دایە دایە، شتێکم لە ناوی یاریەکەدا شاردووەتەوە، منیش وابووم هەمیشە شتانێکم لەنێو چیرۆکەکاندا دەشاردنەوە، دایکی گوتی: ئەو شتە چییە؟ گوتی یاریەکەم بەناوی خۆم و ئێوەوە ناو ناوە، ناوی (B.D.Football) ـە، فیفا نازانێت یاریەکەم بەناوی خۆم و ئێوەوە کردووە، بیەکە پیتی یەکەمی منە و دیەکەش پیتی یەکەمی ناوی تۆ و باوکمە. ئەو وادەزانێت بە ناوی (Biotic. Doll or Dummies. Football) ـەوەم ناو ناوە کە دەکاتە:
١- تۆپی پێی ڕۆبۆتەکان
٢- تۆپی پێی بووکەڵەکان

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا