ده‌قی سه‌ره‌ڕۆ، بووتیقای سه‌ره‌ڕۆ!

موراد ئەعزەمی

پێشەکی: ساڵح سووزەنی

.

لە دوای گفتوگۆیەک کە لەسەر وتارێکی بڵاو کراوە لە هاوچەرخ ساز بوو هەستم کرد زۆربەی ئەو هاوڕێیانەی دەیانەوێ ڕەخنە بگرن ئاگاداری ئاڵوگۆڕییەکانی نێو دنیای ئەدەبیات نین و هێشتا هەر بە پێوەرەکانی ئەرەستوو لە ئەدەبیات دەڕوانن. بە باشم زانی لێرەدا بە جێگای ئەوەی درێژە بەو گفتوگۆیە بێ ئاکامانە بدەین سەرەتا لە یەک تێگەیشتنێکمان هەبێ و بزانین کە باسی ئەدەبیات دەکەین باسی چی دەکەین. با وەکوو چیرۆکەکەی مەولەوی ”اختلاف انگوری” مان لێ نەیە و پێش هەموو شت زمانی یەکدی ببینینەوە و تێبگەین. سپاس و پێزانین بۆ ئەو بەڕێزەی کە لانی کەم ئەو دەقانەی هاوچەرخی خوێندۆتەوە و هەوڵی داوە رەخنە/بە پێناسەی پێشوو.. / یان ئاراستە بکا… لەم چەشنە بۆ چوونەدا، پێشتر چەند خاڵێک نەگۆڕ دیاری دەکرێ کە دەگەرێنەوە بۆ بۆتیقاکەی ئەرەستوو.. واتە پێوەندی نێوان کات ، شوێن، کەس و رووداو/لێرەدا بازنەکانی وشەیش/ و هەر دەقێک نەخرێتە ئەو چوارچێوە کۆنەوە.. سەر و پێی ئەتاشن تاوەکوو تێی ترنجێنن و کە نەکرا.. ئیتر ئەوە بە دەق نازانن و ئەبێ بە ناشێعر و دژە زمان و.. نەرێنی و…تاد. بەڵام ئەو بەڕێزە ئاگادارە کە دوای ئەرەستوو.. دەیان و رەنگە سەدان پێناسەی دیکە بۆ دەق هاتۆتە ئارا و ناچنەوە سەر پێوەندیی و پێکهاتەی پێشتر دیاری کراو. ئەم چەشنە خوێندنەوانە وەک ئەوە وایە؛ حەکایەت بە پێوەری چیرۆک بخوێنیتەوە..یان رێئالیست بە پێی رومانێک و .. ریالیسم جادوویی بە پێوەری کلاسیک و سوریالیسم بترنجێنیتە متۆدگەل ریالیسمی سووسیالیستی و بڵێی “گایەک چ پێوەندە بە کاخی ژنڕاڵێکەوە” و دادائیست بدەی لە پێوەری پێکهاتەخوازی و دەیان نموونەی دی…
.. با بچین روانگەی بۆ نموونە بەڕێز موراد ئەعزەمی لە وتاری ” دەقی سەرەڕۆ ـ بۆتیقای سەرەڕۆ” بخوێنینەوە کە رەنگە وەڵامێکی بە جێ بێ بۆ ئەو بەڕێزە و ئەو کەسانەی هێشتا بە پێوەری کۆن لە دەقی نوێتر. دەڕوانن. ئیتر سپاس بۆ خوێندنەوەکەتان…

ده‌قی سه‌ره‌ڕۆ، بووتیقای سه‌ره‌ڕۆ! یان: (ده‌قی ناوشیار به‌ بووتیقای وشیارانە ناخوێنرێته‌وه‌)

چه‌ند سه‌رنجێک سه‌باره‌ت به‌ زمانی شێعری حه‌مه‌ساڵه‌ی سووزه‌نی بە خوێندنەوەی بەشێک لە ” بە عینجەوفینجەوە چ شار”

نیچه‌، له‌ جێگایه‌کی (له‌ شه‌وگاری بته‌کان) دا، زۆربه‌ر له‌ فرۆید، باسی خودی نابه‌ئاگاو هانه‌و غه‌ریزه‌ی ئاوه‌زنه‌ویست ده‌کاو، به‌ به‌ردی بناغه‌ی داهێنه‌رایه‌تی هونه‌ری دێنیته‌ ئه‌ژماروده‌ڵێ هه‌موو جه‌زمه‌ومه‌ستییه‌‌کان، هه‌ر چۆنێک پێک هاتبن، ئه‌وتواناییه‌یان هه‌یه‌ هونه‌ر بخوڵقێنن. جه‌زمه‌، خودی نابه‌ئاگاوغه‌ریزه‌، له‌دوای نیچه‌و، به‌پێداچوونه‌وه‌و په‌ره‌ پێدانه‌کانی فرۆید، ئه‌وه‌نده‌ به‌ربڵاوبوونه‌وه‌، تاوه‌کوو گه‌یشتنه‌ قۆناغی جێمس جۆیس ومارسێل پرۆست و، لافاوی زەین((stream of consciousness و، بانگهێشتن (association) . ئه‌وقۆناغه‌ ئه‌سته‌مه‌ی که‌ ئه‌ده‌ب له‌ جیهانی به‌رهه‌ستی ده‌ره‌وه‌، به‌ره‌و دنیای ده‌رهه‌ستی ناوه‌وه‌ و، له‌ ڕه‌وایه‌ته‌ قه‌به‌کانه‌وه‌، بۆلای گێڕانه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ تاکه‌که‌سیه‌کان وه‌رسووڕا.
ئه‌و ڕه‌وایه‌ته‌ تاکه‌که‌سیانه‌ش، دوابه‌دوای شۆڕشی کۆپرنیک وبیرۆکه‌ کانی داروین و، نیزامه‌ ده‌روون شیکاریه‌که‌ی فرۆیدو، (عدم قطعیت) ی هایزێنبێرگ و، دوایه‌ش به‌ پێی هه‌ڵوێسته‌کانی هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌ی ژاک دریدا، له‌ ئاوه‌زو مه‌نتقی ویشک وخۆبه‌زل زانه‌وه‌، به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وایه‌تانه‌و، سڕینه‌وه‌ی هه‌رجۆره‌ چه‌ق وناوه‌ندو، ڕاکردن له‌ هه‌رجۆره‌ مانایه‌کی چه‌سپاو وه‌رچه‌رخا.
ئه‌م شێوه‌ ڕوانینه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیهان ودیارده‌کان ، له‌ نیزامی زمان ته‌وه‌ری ڤیتگنشتاین دا، وای لێ هات که‌ ته‌واوی پرسیاروکێشه‌ فه‌لسه‌فیه‌ کانی مێژووی فکری به‌شه‌ری کەوته ‌سه‌ر شانی زمان و ده‌ست وپێوه‌ند و فرت و فێڵ و پێچ و په‌ناکانی. لاکان دوو نیزامی ده‌روونشیکاری فرۆید و زمانناسیی مۆدێرنی میراتی سۆسۆری تێک خسته‌وه ‌و، قامکی خسته‌ سه‌ر مێتافۆریکال(خوازەیی) بوونی زاتیی زمان.
ئه‌و پڕۆسه‌فکری- زمانناسیه‌، له‌ پانتای ئه‌ده‌ب ، به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌قه‌کانی سه‌ربه‌ قۆناغی پۆست مۆدێرن دا، ‌ ده‌ورێکی به‌رچاوی گێڕاوه ‌و، ته‌مهیدو شێواز و گوتارگه‌لی تایبه‌ت به‌و ژێرخانه‌ فکرییه‌ی به‌رهه‌م هێناوه‌.
مەکتەبی سوررێیالیزم(سوپێررێئالیزم)، بەستێنی سەرهەڵدانی لافاوی زەینی بەرهەم هێناوە. ئاندرێ بێرتۆن(١٩٢٤) لە مانیفێستی دا دەڵێ: ” زەین پێویستە لە کاتی خوڵقاندنی ئاسەواری هونەری دا خۆ لە داوی مەنتق و ئستدلال و ئیرادە دەرباز کات، نەوەک ئەو وزانە ببنە لەمپەر بۆ چالاکی زەین ولێکدانەوە.”
سوررێیالیستەکان، هیچ جۆرە سنوور و بەربەستێکیان هەڵنەدەگرت و بۆیەش سوننەت و گرێبەستەکانیشیان قەبوڵ نەبوو. بڕوایان بە دنیای ئەوبەر واقیعی بەرهەست بوو. بۆ گەیشتن بەم جیهانە دەرهەستە، بە ئەنقەست یان بە شێوەی سرووشتی، دەروونی نابەئاگایان دەهارووژاند و، لە ژێر تەئسیری خەوی هیپنۆتیزم دا و، لە حاڵ وهەواییەکی نێوان خەو و وشیاری دا، ئاسەوارەکانییان دەخوڵقاندن.
لافاوی زەین، هەڵفڕینی زەینە، واتە خودی بەئاگاو نابەئاگا، کاتی ئێستاو ڕابردوو و داهاتوو، ڕووداوەکان، بیرەوەری و هەستەکان، تێک دەچڕژێن، بۆیە دۆزینەوەی پێوەندییەکان دژوارە. هەڵبەت ئەو کەسەی زەینی بەم کایەیە ڕاهاتووە، وادەزانیت کە کاتەکان و زمان لە سەر جێی خۆیان دان، کە چی هەموو شت تێکەڵ پێکەڵە(فەلەکی، ١٣٨٢).

له‌ ئاقاری شێعری کوردی دا، جه‌ماعه‌تی جووداواز، سه‌رده‌مانێکه‌ خه‌ریکی تاقی کردنه‌وه‌ی خۆیانن وخوڵقاندنی ده‌قی جووداواز، به‌ پێی پارامێتره‌کانی سه‌ربەم‌ سیستمە فکرییە و پەنابردنە بەر دوو شێوازی (لافاوی زەین و، بانگهێشتن). یه‌ک له‌و جووداوازنووسه‌ پشوودرێژانه‌ی ئه‌و یه‌ک دو ده‌یه‌یه‌، بێ گومان حه‌مه‌ساڵه‌ی سووزه‌نی یه‌.
سووزەنی، بە پێی ئەو دەقانەی لەبەر دەست دان، چ ئەوانەی چاپ وبڵاوی کردوونەتەوە، چ ئەوانەی لە فەزای مەجازی دا کەوتوونەتە بەر دەستی خوێنەر، دەتوانین بڵێین تاقە کەسی مەیدانی بەرهەم هێنانی دەقە، تەواو پشت ئەستوور بە لافاوی زەین، نووسینی ئاوتۆماتیک و، بانگهێشتنێکی ڕەها.
دەقە شێعرییەکانی لە گوێن بەرهەمەکانی سووزەنی، بە لێشاو لە میکانیزمەکانی نووسینی ئاوتۆماتیکی سووررێیالیزمەکانیش کەڵکیان وەرگرتووە. ئەگەر بمانهەوێ بۆ هەرکام لەم ئستراتێژییانەی داهێنانی دەق، نموونەیەک بێنینەوە، وەک پێش نموونە(پرۆتۆتایپ) ی لافاوی زەین وبانگهێشتن، دەتوانین ئاماژە بە “کاتی بە فیڕۆ چوو” ی مارسێل پرۆست و ” یۆلێسیز” ی جێمز جۆیز بکەین و، بۆ نوسینی ئاوتۆماتیکیش، دەقەکانی ئاندرێ بێرتۆن ولویی ئاراگۆن وپۆل ئێلوار و…، نموونەی بەر چاون.
ئەوەی لە لافاوی زەین دا لە بەشی وشیاروناوشیاری زەین گرینگترە، بەشێکە بە ناوی خودی ژێرئاگا یان پێش ئاگا یان نیوەوشیار. ژێرئاگایان نیوەوشیار بەشێکە لە زەین کە ئەو زانیارییانەی لەودا تۆمارکراون، دەقاودەق لەبەردەستی بەشی وشیاردانین، بەڵام بە تۆزێ بیرکردنەوەو خۆماندوو کردن یان بە هێندێک هۆی تر، دێنە سەر توێژی وشیاری و وەبیر دێنەوە. ئەم بەشە تەواوی تایبەتمەندییەکانی زمانیی وەک، خوازەکان، کینایەکان، مەجازەکان، شوبهاندنەکان، … و هەر ئەو پێکهاتە و سینتاکس و هێماکانی زمانیشی تێدایە.
لە لافاوی زەین دا، نووسەر ئەوەی دەینووسیتەوە، لە بەشی وشیاری وەری دەگریت، چوونکە دەستی بە ناوشیاری ڕاناگات و، ئەوپەڕی ژێرئاگای وەبیردێتەوە. ئەوەش زۆر وە “بانگهێشتنی ڕەها” ی فرۆید دەچیت، کە لەودا، مرۆڤ هەرچی دێتە سەر توێژی وشیاری باسی دەکا، ئەگەرچی بە رواڵەت گرینگ نەبیت، یان تاواناوی و پڕ لە ئێش وشەرم بیت. لەم شێوە مۆنۆلۆگەدا، لەوانەیە هەستەدەروونییەکان، پێوەندە دەرەکییەکان، خەون و رۆئیاکانی رۆژانەش سەرهەڵدەنەوە.
وەک دەبینین، بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ زمانی سووزەنی، پەرژاوینەتە سەر چەند شێواز و ئستراتێژی جوودا. هەڵبەت چەند تەمهیدی سەرەکی دیکەش هەن کە سووزەنی زمانی تایبەت بە خۆی پێ بنیات ناون، کە ئاماژەیان پێ دەکەین. لەوانەیە هێندێک لەم ئستراتێژیانە، لەگەڵ یەک زۆر کۆک نەبن، بەڵام بە گشتی هەمووی ئەو ڕوانگەو تەمهیدو شێوازانەی سووزەنی هەڵی بژاردوون وتێکی خستوونەتەوە بۆ گەیشتن بەم زمانە ناهەنجارە سەیرە، جەمسەرێکی هاوبەشییان هەیە، ئەویش دەورگێڕان وکارکردی تۆخی بەشی ناوشیارو نابەئاگا ونەست ونیوەوشیارو، هەر وەها کارکردو گەڕیانی سەربەخۆو ئاوتۆماتیکی وشیاری وهەستە. بەر لەوەی بپەرژێینە سەر خوێندنەوەی دەقەکانی سووزەنی، بە بووتیقای تایبەت بەم گوتارە شێعرییە، بە شێوەی خێراو گوزەرا، تایبەتمەندی وخەسڵەتە سەرەکییەکانی زمانی سوزەنی دەژمێرین، بۆ ئەوەی دوایەو لە قۆناغی خوێندنەوەی دەقی شێعرەکەی، بزانین ڕێک لە چی دەگەڕێین:

1. کارکردی بە هێزی (لافاوی زەین) (stream of consciousness ) یان بە قەولی فارسەکان (جەریانی سەیالی زەین).
2. دەورگێڕانی بەرچاوی(بانگهێشتن)(association )، یان ( تەداعییە) کەی گۆرین. بانگهێشتن بە هەموو جۆرەکانییەوە، تەمهیدی سەرەکی وبە هێزی زمانی سووزەنییە. بانگهێشتنی فۆرمیک، مانایی و دەلالەتی(هاوتاو دژبەر)، وێنەیی، هەستی و، تێکەڵاو.

3. کەڵک وەرگرتن لە پرۆسەی نووسینی ئۆتوماتیک(automatic writting ).
4. دەکارکردنی بە لێشاوی زمانی شیزۆفرێنیک: پچڕپچڕبوونی تەداعییەکان/ سالادی واژە/ واژە داتاشین.

5. کەڵک وەرگرتن لە زمانی تەنزو گاڵتە وتانەو پارۆدی. ئەم گاڵتەوگەپانە لە حاند زمانی عاقڵانەی ئاوەزتەوەر دەکرێن و بە تەوس وتانەوە بایەخ و هێما پیرۆزەکانی دەسڕدرێنەوە.
هەوڵ دەدەین، وەک دیاری کردنی ئستراتێژییەکی سیستماتیکی خوێندنەوە، شێوەی پێوەندی گرتن و دەستەمۆکردنەوەی زمانی غەوارەی سووزەنی، بە کردەوە، لەسەر دەقی(بە عینجەو فینجەوە چ شار)، دەست نیشان بکەین. هەڵبەت دەقی شێعری سووزەنیش، وەک هەر دەقێکی ئاوەڵاو فرەماناوفرەمەدلوول و زمان تەوەری تر، شێوە خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگریت، کە شێوازی خوێندنەوەی ئەم وتارە، یەک لەم شێوازە جۆراوجۆرانەیە.
**
زمانی شێعری حەمەساڵەی سووزەنی، یەک لەو زمانە تایبەت و کەم وێنانەیە، کە بە دەگمەن کەس تخوونی بۆتەوەو، زۆر کەمی لەسەر نووسراوە. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدرێت شێوە خوێندنەوەیەک، بەو گریمانەیە کە زمانی سووزەنی خاوەنی خەسڵەتەکانی زمانی ناوشیارو نیوە وشیارەو، بە لافاوی زەین و بانگهێشتنەوە بەرهەم دێت، پێشنیار بکرێت. هەڵبەت دەکرێ بڵێین پێیەکی زمانی شێعری سووزەنی لە ناخی دنیای خەون دایە، لەبەر ئەوەی ئەو تایبەتمەندییانەی تا ئێستا بۆ ئەم زمانە هەڵمان ئەژمارد، سەر بە دنیای خەونیشن. کە وابوو، پیاسە لە ناو ئاقاری دەقی سووزەنی، گەڕان و سووڕانە لە دنیای خەون و خەیاڵ و ناوشیاری و شێتی دا.
بانگهێشتنەکانی جۆراوجۆری(فۆرمیک، دەلالەتی، هاوتا و دژبەر، وێنەیی، هەستی، و تێکەڵاو) لە دەقی شێعری ” بە عینجەو فینجەوە چ شار ” دا هاوتەریب لەگەڵ هێندێک تەمهیدی تر دەبینرێن، کە کەشف و دۆزینەوەیان، دەبیتە هۆی تا ڕادەیەک دەستەمۆ بوونی دەقی سڵۆکی بەر دەستمان. بۆ ئەم مەبەستە، هەر ئەو کۆپلەیەی لە ژێرەوە هێناومانە، وەک مشتێک لە هەشتێک، دەخوێنینەوە، بەو هیوایەوە ئستراتێژییەکی خوێندنەوە بۆ باقی دەق و دەقەکانی تری سووزەنی و دەقی تری لەم جۆرەمان بۆ تەیار کات.


بە عینجەو فینجەوە چ شار

” هه‌ر با ده‌ڕۆم و شارئه‌خۆمه‌وه‌.. نا تینوو
سه‌ربه‌ هیچ و مل به‌ ته‌ریقه‌تی ئاوێنه‌ تا جیوه‌
ماڵ نه‌ هه‌ڵکشاوانه‌ ئه‌ڕووخێ
تۆ به‌ نا ئه‌ژیت و به‌ تینوو
هه‌راوه‌ شار خۆت به‌ ئاسن و هوتێله‌وه‌ تامه‌زرۆ
من بای ئه‌ده‌مه‌وه‌ به‌ له‌رزانه‌یی جیوه‌ته‌وه‌ خه‌ون ئه‌تۆرم
ئه‌و … به‌ شارانه‌ و بارانه‌ ئه‌کۆکێ بێ هوتێل نووستن له‌ تۆدا
ئه‌خواته‌ ئاوێنه‌ چۆڵه‌کانی تۆ..
من نا خۆت و تینوو و جیوه‌ترین سینگ و ئه‌م ئاسنه‌ ناخه‌وێ
چ هه‌را هه‌رایه‌که‌ به‌ قۆیماخ
ئه‌ی به‌رد؟
شه‌قامه‌ شینه‌ شینی دێ و “سه‌ما”یه‌ پێت ئه‌ڵێ “گواش”
به‌ زه‌مهه‌ریری رۆژه‌وه‌.. هه‌تا هه‌تاو… هه‌تاو هه‌تا هه‌تا هه‌تا.. هه‌هه‌..هه‌هه‌
……… “


بانگهێشتن(تەداعی)، هەر ئەو پڕۆسەیەیە کە خەریکین وردەوردە لەگەڵی ئاشنا دەبین. ماناو دەلالەت و واژەو چەمک و گوتەزاو، وێنەو ڕەنگ و بۆن وتام و بەرامەو، کەس و ڕووداوو، دەنگ ومۆسیقاو نەغمەو هاوارو قیژەو، سوان و نەرمی و زبری و، ئێش و ئازارو چێژ و حەز و…، بە درێژایی تەمەنمان، تەنانەت لەو کاتەوە لە سووچی تەنگ و تاریک، بەڵام گەرم و هێمنی منداڵدانی دایک داین، وشیارانەو ناوشیارانەو، نیوەوشیارانە، دەخزێنە دە خەزێنەی بێ بنی مێشکمانەوە. لەوێ دا، لە سێ بەشی بە ئاگاو لەبەردەستان داو، نابەئاگاو دوورلەدەستان و، نیوە ئاگاو کەم تا کورت لەبەردەستانی زەین دا بە پێی دووری و نزیکی، خۆش و ناخۆش بوون، مەترسی دارو بە کەڵک هاتن، شوێن دانەرو بێ هەمییەت بوون، جێگیر دەبن. ئەو جێگیر بوونەش نیزامێکی هێڵی( وەک کات) یان دوولایەنی(وەک شوێن) یان زنجیرە پلەیی(وەک نیزامی ویست و پێداویستییەکانمان) نییە. بەڵکوو سیستمێکی پێچیاوی ڕایەڵکەیی(وەک نیزامی بەیەکەوە لکانی سلوولەکانی مێشک) پێک دێنن. واتا هەرکام لە یەکەکانی بیرەوەری( با ئەوە نێوی هەرتاکێکی وەرگرتوومان بیت لە دەورووبەر، وەک تاکە دەنگ، تاکە بۆن، تاکە کەس، تاکە واژە، تاکە شوێن و…) ، بە قەرا تەواوی یەکەکانی تر لق و پۆ دەردەکات و، لە نزیکترین خزمەکانی مانایی و فۆرمیکییەوە، تاوەکوو دوورترینییان لە باری شوێن- کاتەوە، کە پێوەنییان پێیەوە هەیە، هەروا بە یەکەوەش لکاونەتەوە. جا ئێستا، ئەگەر بێت و ورووژێنەرێک، ئەنگوست بخاتە سەر هەرکام لەم یەکانە، هاوکات ڕایەڵکەیەک وەخۆ دەخات، لە نزیکترین یەکەکانی سەر بە یەکە سەرەکییەکە، تاوەکوو دوورترینییان. ئەم زنجیرە تەداعییە، لە باری تیۆریکەوە، نەبڕاوەیە، بەڵام بە کردەوە، لە شوێنێک دا کە زنجیرەکە ئیتر کەم ڕەنگ و بەرامە دەبیتەوە، وردەوردە دەبڕێتەوە. ئەوەش پێویستە، بۆ ئەوەی پڕۆسەی گوورانی زمان بە ئەنجام بگات و بێ سەرو بن نەمێنێتەوە.
بێ پێویستی دەزانم داوای لێبووردن بکەم لە خوێنەری بە حەوسەلەی ئەم دێڕانە. مەبەست درێژدادڕی نییە، ئەوە لە قاودان و لێک کردنەوەی زنجیرە پڕۆسەیەکە، کە زەینی ڕاهاتووی شاعیر، لە کاتی خوڵقاندنی دەق دا، بە شێوەی نیوە ئۆتوماتیک بەسەری دەکاتەوە. ئێمەش خەریکین پێکهاتەشکێنی دەکەین، تاوەکوو بگەین بە سەرینچاوە. واتا پڕۆسە گۆرینەکە بەراوەژوو دەکەینەوە.


دەق بە عەلەن وئاشکرا، بە زەینێکی ڕاهاتوو بە ڕەهابوون و بانگهێشتنی جۆراوجۆرەوە و، سڵەمیو لە دەلالەت ومانای بە عەمد(لەوانەیە بە شێوەی ناعەمدو ئاوتۆماتیک دەلالەت جارجار گوورابیت)، خوڵقاوە. لافاوە هەڵڕژاوەکەی زەین، بەری پێ نەگیراوەو، زمانی بەشی وشیار، تێکەڵاوی بەشی نیوە وشیارو، جار ناوشیار، هەڵڕژاوەتە سەر لاپەرە. هەنگاو بە هەنگاو لە دەق دا دەچینە پێش.
سەرەتا هەر لە خودی سەردێڕی دەقەوە دەست پێ دەکەین:
” بە عینجەو فینجەوە چ شار”

بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە، ئەم سەر دێڕە وشیارانەو، تەنانەت ژیرانە هەڵبژێردراوە.
حینجە یان عینجە، لە فەرهەنگۆک دا بە مانای خویندنەوە بە سەرو بۆرەوە هاتووەو، لە واقیع دا شێوەی فێرکاری زمان بوو لە قۆناغی سووننەتی و لە مەکتەبخانەکان دا. فینجەی دوای عینجە، هەم تەئکیدەو هەم جۆرێک ئاماژەی تەوساوی. ئەم تەوساوی بوونە بە هاتنی (چ شار)، ڕوونتر دەردەکەویت. ئەگەر عینجەوفینجە بە هێماو ئیشارەیەک وەرگرین بۆ سووننەت و، شاریش بە هێمای مۆدێرنیتە، دەتوانین سەردێڕی ئەم دەقە ئاوا بخوێنینەوە:
( بە پێداگری لەسەر داب و نەریتی سووننەتی، داوای مۆدێرن بوون بێ ماناو گاڵتەجاڕانەیە). کە وابوو شاعیر بە وشیاری و دانستە سەردێڕ هەڵدەبژێریت، بۆ هەنگاونانە نێو دنیای ناوشیارەوە.

” هه‌ر با ده‌ڕۆم و شارئه‌خۆمه‌وه‌.. نا تینوو
سه‌ربه‌ هیچ و مل به‌ ته‌ریقه‌تی ئاوێنه‌ تا جیوه‌
ماڵ نه‌ هه‌ڵکشاوانه‌ ئه‌ڕووخێ
تۆ به‌ نا ئه‌ژیت و به‌ تینوو…”

بە یەکەوە وەدوای شوێن پێی تەداعییەکان دەکەوین:
با—>جووڵە—>حەرەکەت—>ڕۆیشتن—> تەریقەت
با—> نا
خواردنەوە—> تینوو—> ئاو—> ئاوێنە —> جیوە
سەر(سەر بە هیچ)—> مل
مل—> ماڵ—> ڕووخان—> ناژین
ئەم بانگهێشتنانە، لە جۆری مانایی و دەلالەتین. ئەوەی یەکەم دەلالەتی هاوتا و دووهەمین وسێهەم وچوارەمینیان، تێکەڵاوێکن لە دەلالەتی دژبەرو فۆرمیک. با، حەرەکەت و جووڵە و نەوەستان بانگ دەکاو، ڕۆیشتن وتەریقەت ئەنجامی ئەم زنجیرە تەداعییەیە. خواردنەوە، لەگەڵ هاوتاکانی، دژبەری خۆی، تینوایەتیش بانگ دەکات. با(ئەوچەل بە مانای بەڵێ)، دژبەری خۆی نا بانگ دەکات. خواردنەوەو تینوو بە یەکەوە ئاو تەداعی دەکەن و ئاو ئاوێنە و ئەویش بە حوکمی مەجازی هاونشینی، جیوە بانگ دەکات. سەریش هەر بەو شێوە یەک لە تەداعییەکانی دەتوانیت مل بیت. مل بە قەرینەی فۆرمیک، لە ناو ڕایەڵکەی زەینی شاعیردا، دەگەڵ حزووری پێش وەختی شار، ماڵ بانگ دەکات. ماڵ وێڕای هاوتاکانی وەک شارو ئاوەدانی، دژبەری ڕووخانیش دنەدەدات. ڕووخان بیرەوەری شاعیر، بۆ لای دژبەری ژیان، واتا ناژین پەلکێش دەکات. هەڵبەت ئەوەشمان لەبەر نەچیت، تەداعییەکان چەلی وایە زۆر دەبەسترێنەوە بە تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان و خەسڵەتە فەردییەکان. واتا دوور یان نزیک و تۆخ یان کەم ڕەنگ بوونی بیرەوەرییەک لە زەین دا، بە پێی مەنتقی زەمانی و زنجیرەی ڕوودانییان تۆمار ناکرێت. بەڵکوو بە پێی خوو و خدە و مەیل و ویست و تەمای کەسەکان، دوورو نزیک دەخرێنەوە. واتا لەوانەیە ڕووداوێک زۆر کۆنتر بێت لە یەکی تر، بەڵام بە ئاشکرا بە وردەکارییەکانییەوە وەبیر بێتەوە، هەر لەبەر ئەوەی کەسەکە بیرەوەریەکی تایبەت و خۆشی هەیە لە ڕووداوەکە، بۆیەش لە ڕایەڵکەکەدا، دەست وپێوەندی پتری پێوە لکاوەو، تۆخ تر و خێراتر وەبیردێتەوەو وزیندوو دەبیتەوە. جا بۆیە، چەلی وایە تەداعییەکان تەواو تاکەکەسین و بۆ ئەوانی تر بێ مانا دەنوێنیت. سەیر ئەوەیە، ئەو بیرەوەری و ورووژێنەرانەی پێوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بۆن و بەرامەیەک هەیە، واتا هاوتای بۆن و عەترێکی تایبەت تۆمار کراون، زۆر تۆخ تر و بە هێز تر و درێژ خایەن ترن لەوانی دی. هۆیەکی زانستییانەی دەمارناسانەی ئەوەیە کە، دەمارەکانی وەرگرتنی بۆنی ناو لووت، تاقانە دەماری تەواوی لەشی مرۆڤن کە ڕاستەوخۆو، بە بێ هیچ نێونجی و پێچ و پەنایەک، دەلکێنەوە بە ناوەندی تۆماربوونی درێژخایەنی بیرەوەرییەکان لە مێشک دا. ئەو خەسڵەتە سرووشتییە، دەتوانیت زۆر یارمەتی شاعیران بدات بۆ خوڵقاندنی وێنەو تەعابیرو تەداعی نوێ و سەرنج ڕاکێش. بەڵام بە پێچەوانە، زۆربەی شاعیران زەینییان بە دیتن راهاتووەو، پتر جەخت دەکەنە سەر دیاردە دیدارییەکان و ڕەنگ و فۆرم، تاوەکوو دیاردە بۆن و بەرامەدارەکان و تەداعییە بۆنییەکان.
بێینەوە سەر دەقی بەردەستمان و دەوامی خوێندنەوەی عینجەوفینجە.

” … هه‌راوه‌ شار خۆت به‌ ئاسن و هوتێله‌وه‌ تامه‌زرۆ
من بای ئه‌ده‌مه‌وه‌ به‌ له‌رزانه‌یی جیوه‌ته‌وه‌ خه‌ون ئه‌تۆرم
ئه‌و … به‌ شارانه‌ و بارانه‌ ئه‌کۆکێ بێ هوتێل نووستن له‌ تۆدا
ئه‌خواته‌ ئاوێنه‌ چۆڵه‌کانی تۆ.. “

شار—> هەراو
شار—> ئاسن—> هۆتێل
با—> بادانەوە—> لەرزانەیی—> جیوە
خۆم—> خۆت—> خەون
ئاو—> بارانە
شار—> شارانە
خەون—> هۆتێل—> نوستن
ئاوێنە—> ئاو—> ئەخواتە
ئاوێنە—> ئاو—> ئاوەدانی—> چۆل

ئەوەی کە بۆ چی شار، وێڕای تەواوی چەمک و گوتەزاکانی سەربە خۆی، ڕێک هەراو بانگ دەکاتە ناو دەق، لایەکی دەگەڕێتەوە سەر پێکهاتەی بیرەوەری تاکەکەسی شاعیرو، ئەزموونە تاکەکەسییە تایبەتەکانی ئەم، کە شار سەرەتا هەراوییەکەی بۆتە گرێی سەرەکی ڕایەڵکەی سەربەم چەمکە. بەڵام کە شار، ئاسن و هۆتێل تەداعی کات، بۆ ئێمەش ئاشنایەو، پێکهاتەیەکە سەر بە بیرەوەری هاوبەشی زۆربەمان.
با بە باری فۆرمیک و دەلالەتییەوە بادانەوە تەداعی دەکات. بادانەوەش لە ناو کۆی ڕایەڵکەی تەداعییەکانی ، لەرزانەیی بانگ دەکات. ئەو چەل ئەوەی سەرنج ڕاکێشە، پازدانی زەینی شاعیرە، لە حاڵەتی لەرزانەییەوە بۆ ماکەی جیوە. بە ڕواڵەت نە بە دەلالەت و نە بە فۆرمەوە ئەو دووانە ناگەنە یەک. بەڵام کە ماکەی جیوە جوان بناسین، دەزانین یەک لە خەسڵەتەکانی، فۆرمی دەڵەمەیی و خزیلک و لەرزانەیی ئەمە. کە وابوو سەیر نییە ئەگەر زەینی بزۆزی شاعیر، ئا بەم جۆرە لە باوە بگاتە جیوە.
کە هۆتێل وخۆم(من) و خۆت بەدوای یەک دا بێن، بە تەداعییەکی تێکەڵاوی فۆرمیک و وێنەیی ودەلالەتییەوە سەیر نییە بگەین بە چەمکی خەون. لە داڕشتنەوەیەکی هاوتەریب دا، زەینی شاعیر کە لە ئاوەوە دەگاتە باران وبارانە، لە بانگهێشتنێکی هاوتەریبی دی دا لە شارەوەش دەگاتە شارانە. من لێرە لام وایە تەداعییەکە پتر مۆسیقایی و ئیقاعییە تا جۆری تر.
ئەوەی تا ئێرە ئاماژەم پێی نەکردووە، شایەد چوونکە زۆر پێویست نەبووەو، لێرەدا پێویستە باسی لێ بکەم، مەسەلەی ئاراستەی ئەو پەیکانانەن کە بەوانەوە لە چەمک و واژەیێکەوە دەگەیشتینە واژەو چەمکێکی دیکەوە. لە واقیع دا دەبوایە هەردوو لای پەیکانەکان تیژ بانەو بە دوولاوە ئاراستەیان گرتبا، ئاوا —>> . چوونکە پرۆسەی تەداعی دوولایەنە و لە هات و چۆدایە. واتا بۆ نموونە ئەگەر ئاو ئاوێنە بانگ دەکات، ئاوێنەش ئاو وەبیردەهێنیتەوە. واتا دانووستانی بانگهێشتنی ئەم دوانە بەم جۆرەیە:
ئاو<—> ئاوێنە . کێشەکە هەر لێرەدا نابڕێتەوە. بەر لەمە باسی ئەوەمان کرد کە واژەو چەمک و وێنەو… ەکان، بە یەکەوە ڕایەڵکەیەک پێک دەهێنن. واتا هەر یەکەیەکی بیرەوەری چەندها لقی پێوەندی و تەداعی لێ دەبیتەوەو بە پێچەوانەدەیان هیڵی بانگهێشتنەوەی پێوە دەلکێت. وەک دەبینن ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین باسەکەمان بەرهەست کەینەوە یەکەکانمان دووبەدوو لە پاڵ یەک داناوە، دەنا دەبا ڕایەڵکەیەکی چۆڵەپێچەی تێک چڕژاومان کێشابایەوە کە نە سەری دیاربایەو نە بن، نە سەرەتاو نە دوایی.
بەرلەمە، هۆتێل، نوستن و خەونی تەداعی کردبوو، کەوابوو بە پێچەوانەش دەلوێ و، خەون هۆتێل و نوستن تەداعی دەکات:
خەون <—> هۆتێل —>> نوستن
هەرواش ئاوێنە ئاوو خواردنەوە:
ئاوێنە<—> ئاو<—> ئەخواتە
ئەگەر بە میکانیزمێکی فۆرمیک ودەلالەتی و تێکەڵاو، ئاوێنە، ئاوو ئاوەدانی بانگ دەکات، بە پڕۆسەیەکی دژبەرانەش دەلوێ ئاوەدانی چۆلەواری و چەمکی چۆل بانگ کات:
ئاوێنە<—> ئاو <—> ئاوەدانی <—> چۆلەواری <—> چۆل

“… من نا خۆت و تینوو و جیوه‌ترین سینگ و ئه‌م ئاسنه‌ ناخه‌وێ
چ هه‌را هه‌رایه‌که‌ به‌ قۆیماخ
ئه‌ی به‌رد؟
شه‌قامه‌ شینه‌ شینی دێ و “سه‌ما”یه‌ پێت ئه‌ڵێ “گواش”
به‌ زه‌مهه‌ریری رۆژه‌وه‌.. هه‌تا هه‌تاو… هه‌تاو هه‌تا هه‌تا هه‌تا.. هه‌هه‌..هه‌هه‌… “

ئەگەر من، تۆ (خۆت) تەداعی کات، بەلامانەوە سرووشتی دەنوێنیت، کە چی لە خۆتەوە بۆ تینوو پەل هاویشتن تۆزێ ڕامان دەگریت بۆ ئەوەی پتر لە جۆری پێوەندی نێوان ئەم دو یەکەیە بکۆڵینەوە. کاتێ لە دەق دا دەخوێنینەوە کە چەند دێڕ بەر لەمە ” تۆ بە نا ئەژیت وبە تینوو ” ، پێوەندی و هۆی تەداعی بوونی ( نا و خۆت و تینوو) مان بۆ ڕوون دەبیتەوە. هەڵبەت ئەگەر کرابا بە کردەوەو لەسەر لاپەڕەی کاغەز ڕایەڵکەی سەربەم کۆپلەیەمان کێشاباوە، تەواوی ئەو دەست وپێوەندیانە بە یەکەوە دیاردەبوون.
بە پێی میکانیزمی پەیکانە دوو جەمسەرییەکە، تینووش دەمانگەینێتە جیوە:
تینوو<—> ئاو <—> ئاوێنە <—> جیوە
ڕێکەوەندی (جیوەترین سینگ) یش دیسان لەو ساتەوەختانەیە کە پێویستە بۆ گەیشتن بەو پرۆسەیەی کە لەوانەیە زەینی شاعیر تێی پەڕاندبێ و، هۆی گەیشتن بە تەداعی لە جیوەوە بۆ سینگ، لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی یەکەکان تۆزێ ورد بینەوە. جیوە کانزایەکی بریقەدارە کە لەگەڵ ئەوەی فلززە تۆزێ نەرمە. زەینی جوانی ناسی شاعیر، لە هەناوی ئەم کانزا سپی و سۆڵ و نەرم و بریقەدارە، کە خزمایەتییەکیشی لە گەڵ ئاوێنە هەیە، بەر لەمەش لەرزانەیی بوونی باس کرابوو(بە لەرزانەیی جیوەتەوە)، سینگێکی نەسرەوتوو بەدی دەکات:
جیوە<—> مەڕمەڕین وبریقەدارو نەرم و لەرزانەیی<—> سینگ
“… من نا خۆت و تینوو و جیوەترین سینگ و ئەم ئاسنە ناخەوێ…”

کە شاعیر باسی شار و هۆتێل و نەخەوتن دەکات، چاوەڕوانی ئەمەش دەکرێت کە لە شوێنێک دا دەنگە دەنگێک ساز بێت:

“… چ هەرا هەرایەکە بە قۆیماخ…”

لەم شوێنەی دەق دا شاعیر خۆی داوەتە دەست تەداعی دەنگی و ئەوە دەنگ و سەدای شارو دەسکەوتەکانی( هۆتێل و شەقام و ئاسن و…) ئەمە، کە وردە وردە لە دەق دا دەنگ دەداتەوە.
تەداعی بوونی قۆیماخ(کە لەوانەیە هەر قەیماخی خۆمان بێت، یان دانانی تورکان شایەد) دەلوێ بانگهێشتنێکی تەواو تاکەکەسییانەی سەر بە بیرەوەرییەکانی شاعیربێت، کە لە پرۆسەی ئۆتوماتیکی هەڵڕژانی لافاوی زەینی شاعیر بۆ ناو دەق، بە تەداعییەک کە لە بەشی نیوە وشیاری شاعیردا لە نێوان هەراهەراو قۆیماخ دا هەیە، بە بێ ئەوەی نیگەرانی نامەنتقی بوونی حزووری ئەم بێت، یەکسەر تۆماری کردبێت. تەنانەت لەوانەیە، ئەگەر تەداعی بوونەکەی نیوە یان تەواو ناوشیارانە بووە، ڕێگە پێدانی بۆ ناو دەق تەواو وشیارانەو، بە پێی شێوەی دەلالەت پەرێزی دەق، بووبێت.
“… ئەی بەرد؟
شەقامە شینەشینی دێ…”
بەرد، لە نێوان قۆیماخ و شەقام دا، بەدەم پرسیارەوە هاتووە، تاوەکوو دوایەش، کە چەلێ لەم وتارەدا نایگەینێ باسی لێوە بکەین، ببیتە تەداعی بۆ بەردو خیزوزیخ و بەردە بەردەی دوایە. هەڵبەت بەردی ڕەق و تەق، بە تەداعییەکی دژبەری قۆیماخیش، کە سپی و نەرمە، شایەد هاتووە تاوەکوو زەینمان ئامادەی شەقامی بەردڕێژ بکات.
… شەقامە شینی شینی دێ و”سەما” یە پێت ئەڵێ (گواش)…
ئەم دێڕە، دێڕێکی تەواو سووررێئالییانەی شیزۆفرێنیکە، کە شەقام شینە شینی دێ، بە تەداعی فۆرمیکی شنەشنی با و، سەما ش لەگەڵمان دەدوێت و گواش مان پێ دەڵێ. بانگ کردنی سەما دوای شین، ئەگەر سەما بە جۆرێک هەڵپەڕکێ وەربگرین و، شین بە گریان و ڕۆڕۆ، لەسەر دابی تەداعی دەلالەتی دژبەر، زۆر دوورە زەین نییە. گواش، جۆرێک کەرەسەی نەققاشی و ڕەسم کردنە، ئەگەر شین بە ڕەنگ وەربگرین، بانگهێشتنی گواش دوای ڕەنگی شین لە زەینی شاعیردا، دیسانیش دەکەویتە دە خانەی تەداعییەوە، بەڵام ئەمجارە تەداعی تێکەڵاو و کارکردی:
با<—> شنە شن
شەقام<—> شینە شین
شین(گریان)<—> سەما
شین(ڕەنگ)<—> گواش

“… به‌ زه‌مهه‌ریری رۆژه‌وه‌.. هه‌تا هه‌تاو… هه‌تاو هه‌تا هه‌تا هه‌تا.. هه‌هه‌.. هه‌هه‌… “
ئەم دێڕە لەو دێڕە دەگمەنانەی دەقە کە دەنگ بۆتە هۆی تەداعی و، وای لێ دێ کە شاعیر بە قاقاوە دێتە دە پانتای دەقەوە. بەڵام سەرەتا بە تەداعییەکی دژبەرەوە، جیهانێکی دوو جەمسەری لە دەق دا ساز دەکات و، لە سەهۆڵبەندانی زەمهەریرەوە دەست پێدەکات و بەدەم تینی هەتاوەوە بەرەو قاقای پێکەنین دەڕوات:
“… بە زەمهەریری ڕۆژەوە… هەتا هەتاو…”
زەمهەریر( سەرمای سەهۆڵبەندان) <—> ڕۆژ <—> هەتاو
لە هەتا هەتاوەوە، تەداعییەکان دەبنە فۆرمیک ودەنگی و تا زایەڵەی دەنگی پێکەنینی شاعیر دەڕۆن:
” … هەتا هەتاو… هەتاو هەتا هەتا هەتا … هەهە… هەهە…”


ئەو چەند هەنگاوە، نووسەری ئەم دێڕانە لەگەڵ خوێنەری هێژا هاوهەنگاو بوو و چەند کلیلی دایە دەستی خوێنەری پرسۆک(کونجکاو) و تامەزرۆی زمان و دەقی بە ڕواڵەت قورس و پێچەڵاوپێچی سووزەنی. لەوە پتر نامهەوێ چێژی کەشفی دەق لە خوێنەری ژیر بستێنم . دڵنیام شێوەی خوێندنەوەی داهێنەرانەتر لەوەی باس کرا و، شوێن وخاڵی شاراوەی پتر لەوەی نووسەر دەرەقەتی هاتووە، لە دەق دا دەدۆزیتەوە. مەبەست لەو چەندهەنگاوە، وەبیرهێنانەوەی ئەمە بوو کە:
١. دەقێکی ئەدەبی کە بە هیچ کڵۆجێک نەخوێنرێتەوە بوونی نییە، ئەگەر وابوو، ئەوە دەق نییە، هەموو شتێکە جگە لە دەقی ئەدەبی.
٢. ئەگەر دەرەقەتی خوێندنەوەی دەقێک نەهاتم، سەرەتا شک لە دەق بوونی ئەم ناکەم، گومان لە وزەی خوێندنەوەی خۆم دەکەم و هەوڵ دەدەم شێوازەکانی تری خوێندنەوەی دەق فێربم وتاقی کەمەوە.
٣. شاعیری بە ئەزموونی خوێندەوار( مەبەست لە خوێندەواری ئەلف و بێ زانین نییە، مەبەست ڕاهێنانی مێشکە، داوا دەکەم چاوێک بە وتاری نۆرۆسایکۆلۆژیای داهێنان دابێنن.) ، لە تێک دانی زمان و شپرزەکردنی ڕێزمان، مەبەستێکی هەیەو، تێکڕووخاندنەکەی لە گۆترە نییەو، بە دانستەو بە پرۆژەیەکەوە دەست دەداتە ئەم مەترسییەوە. ئەنجامی تێک ڕووخاندنەکەشی، بنیات نانی بینایەکە بۆ خزمەت بە زمان و پتر دەوڵەمەندکردنی و هەراو کردنی هەتەر و سنوورەکانی.
٤. کەسێک وەک حەمەساڵەی سووزەنی، دوای چەند دەیە نوسین و خوێندنەوەو ، داهێنان و ڕاهێنان لە ناو سنوورەکانی زمانێک دا، ئیتر هەرتاکە کەسێک نییە سەر بە خۆی وهی خۆی. ئەم کەسە ئیتر بۆتە مجێوری مەعبەدی ئەم زمانەو میراتێکی ئەم کەلەپورە. قەدری بزانین و ڕێز بۆ قەڵەمەکەی و ماندوویەتی چەند دەیە کۆڵ نەدانی لە ئاقاری زمانێکی کۆنینە بەڵام فەقیرو بێ کەسی وەک کوردی، دابنێین. ڕێز لێنان قودسییەت و ڕەخنەنەگرتن نییە، تەنانەت ڕێزلێنان ڕێک خوێندنەوەی قەڵەم و زمان و دەقی ئەم کەسەیە، بە چاوی ڕەخنەگرانە وە. نەک قسەی سووک کردن وپللار هاویشتن، یان سڕینەوەی تەواوی ماندوویەتی و زەحمەتەکانی. دەق بخوێنینەوە نەک کەس

پیشاندانی زۆرتر

یەک کۆمێنت

  1. رەواندنەوەی وەهمی شیعری جووداواز
    ئیسماعیل بابائی

    کاکە ساڵح لە وەڵامی وتارێکی مندا پێشەکییەکی کورتی نووسیوەو هەستاوە بە هێنانەوەی وتارێکی بەڕێز موراد ئەعزەمی لەسەر شیعرێکی خۆی، کە من بە پێویستی دەزانم بە وردی و بەڵگەوە وەلامی مامۆستا ساڵح بدەمەوەو دڵنیاشم لەوەی کە ئەو دڵی فراوانەو شاعیرێکی بە ئەزموونەو دەتوانێت شیعری جوان بنووسێت، بەس ئەو ئیدعای جووداوازییەو هەڵنان و دەستخۆشیەکانی نموونەی وتارەکەی ئەعزەمی لە خشتەی بردووەو دوری خستووەتەوەو لە چەقی شیعری راستەقینەو گیانی هەڵبەستی زیندوو.
    ئەوەی سەرنجمدا کاک ساڵح زۆر کوێرانە وەڵامێکی گشتی بۆ گوتارەکەی من نووسیوەو ئیتر بە هیچ جۆرێك نەهاتووە وەڵامی یەك بە یەك خاڵ و نموونەکان بداتەوە، ئەو بێ خۆماندووکردن بۆچوونەکانی من بەم جۆرە لێك دەداتەوە:
    (بۆتیقاکەی ئەرەستوو.. واتە پێوەندی نێوان کات ، شوێن، کەس و رووداو/لێرەدا بازنەکانی وشەیش/ و هەر دەقێک نەخرێتە ئەو چوارچێوە کۆنەوە.. سەر و پێی ئەتاشن)
    دەبوو کاک ساڵح بە ئەمانەتەوە باسی ئەوەی بکردایە کە من لە هیچ شوێنێکدا باسی ئەرەستۆم نەکردووە ، پاشان وەك زانراوە لای هەمووان و لە نووسینەکەشدا نووسیومە شیعری داهێنەر پیوەندەکانی کات و شوێن و رووداو و کەسەکان دەبڕێت و لە دەرەوەی ئەواندا کاری داهێنان دەکات و نەمری بە دەق دەبەخشێت جانازانم بۆ نموونە دەستەواژەی (گووبخۆن) لە شیعرەکەیدا دەکەوێتە کوێی نەخشەی داهێنان و جووداخوازی و تازەگەرییەوە؟ ، پاشان نازانم بۆچی منی بە راناوی کۆ باس کردووە کە دەڵێت: (ئەتاشن؟) لە کاتێکدا من هیچ گروپێكم لە پشت نییە و بە ناوی کەسیشەوە قسە ناکەم، جگە لەوەی بەس تاووتوێی دەقی (تۆران بە رەنگی پەموو)ی ئەوم کردووە. من رەفزی رابردووی دوور نزیکی داهێنەران ناکەمەوەو ڕاشکاوانە لەگەڵ تازەگەری و داهێنانی راستەقینەدام، چونکە تا رەورەوەی ژیان بجوڵێت داهێنانیش هەر بەردەوامە، من نووسیومە:
    (کەواتە با لەوێوە دەست پێ بکەین کە ئەفرێنەرە پێشووەکان بۆ ئێمەیان جێهێشتووە، ئایا دەتوانین شتێکی زیادە بخەینەسەر داهێنانەکانیان تا جوانترو کاریگەرتربن)
    پاشان ئەگەر بێینە سە ڕاکانی ئاغای ئەعزەمی سەبارەت شیوازو ئەفراندنەکانی ساڵح سووزەنی ئەوا وا باشترە بە بەڵگەوە قسەبکەم و نموونەی قسەکانی ئەعزەمی و بەراوردی وتارەکەی خۆم بهێنمەوە، نەك وەك کاک ساڵح بە یەك وشە هەمووی رەفز بکەمەوەو بڵێم ئەو رایانە سوونەتیین و کۆنن.
    من قسەم لەسەر ئەوەنییە بە چ پێوەرێکی جیهانیی کاک ساڵح ئیعتیباری بۆ بەڕێز ئەعزەمی داناوە؟ بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئاغای ئەعزەمی زۆر جوان ئاماژەی بەوەداوە کە کاریگەریی زۆری سوریالیزم لەسەر شیعرەکانی ساڵح هەیە لە کاتێکدا ڕێبازی ئەدەبی و هونەریی سوریالیزم لە ساڵی ١٩٢٤دا و نزیکەی پێش سەدەیەك مانیفێستی خۆیان بڵاوکردەوەو کاک ساڵحیش خۆی بە جووداخوازو نوێخواز دادەنێت ئیتر نازانم چ نوێگەریەك دەکات کە سوریالیستەکان هیچیان بۆ ئەو جێ نەهێشتبێتەوە؟ جگە لەوەی سوریالیزم لە هونەردا زیاتر برەوی سەندو لە ئەدەبدا سەرکەوتنێکی ئاوهای بەدەست نەهێناوە، نموونەی شیعرەکانی (ئەندرێ بریتۆن) یش باشترین گەواهیدەرن، ئاغای ئەعزەمی لەمبارەدا دەڵێت:
    (لافاوی زەین، هەڵفڕینی زەینە، واتە خودی بەئاگاو نابەئاگا، کاتی ئێستاو ڕابردوو و داهاتوو، ڕووداوەکان، بیرەوەری و هەستەکان، تێک دەچڕژێن، بۆیە دۆزینەوەی پێوەندییەکان دژوارە)، هەروەها دەنووسێت:
    (سووزەنی، بە پێی ئەو دەقانەی لەبەر دەست دان، چ ئەوانەی چاپ وبڵاوی کردوونەتەوە، چ ئەوانەی لە فەزای مەجازی دا کەوتوونەتە بەر دەستی خوێنەر، دەتوانین بڵێین تاقە کەسی مەیدانی بەرهەم هێنانی دەقە، تەواو پشت ئەستوور بە لافاوی زەین، نووسینی ئاوتۆماتیک و، بانگهێشتنێکی ڕەها) هەروەها لەمبارەوە دەنووسێت:
    (بە قەولی فارسەکان جەریانی سوریالی) هەروا دەڵێت:
    (بەرهەمەکانی سووزەنی، بە لێشاو لە میکانیزمەکانی نووسینی ئاوتۆماتیکی سووررێیالیزمەکانیش کەڵکیان وەرگرتووە)
    وێڕای ئەوەی من پێشتر ئەو نووسینەی ئاغای ئەعزەمیم نەبینیبوو بەڵام دەبوو کاک ساڵح وتارەکەی منی بە وردی بخوێندایەتەوەو بیزانیانە من زۆر بە چڕوپوختی لەو بنەمایانەی سوریالیزم دواوم کە رەنگدانەوەیان لە شیعرەکەی سووزەنیدا هەیەو ئەمەش نموونەی وتەکانی ناو وتارەکەی منە لەو بارەیەوە:
    (وێنەی سوریالی و وڕێنەی سەرمەستی)
    (رەفزکردنەوەی دنیای واقیع و عەقڵ)
    (شڵەژانی دەروونی و زیهنی شاعیر هۆکاری سەرهەڵدان و دەربڕینیان بووە) کاک ئەعزەمی ئەمەی بە { لێشاوی زمانی شیزۆفرێنیک} داڕشتووە.
    (رادەی فشارە دەروونیەکانی نێوەوەی شاعیر)
    (سەرچاوەی غەریزە پەنگخوردووەکانی دەروونن)
    ئەمانەش هەمووی لە ٣ بەشەکەی بیردۆزی شیکاریی دەروونی فرۆیدا زۆر لە مێژە هاتوون کە دەروون دابەشی ئاگا ، نائاگا، پێش ئاگا دەکات، کە سوریالیزمەکان سوودێکی زۆریان لێ وەرگرتووەو تەنانەت ئەندرێ بریتۆنی رابەری رێبازەکە خۆی پزیشکی دەروونیی بوو، ئیتر لێرەوەو لای کاک ساڵح شیعر لا دەدات لە جەوهەرە سەرەکییەکەی و دەبێتە گۆڕەپانێکی ئەزموونی شیکارییە دەروونییەکان و چەشەی ئەدەبی لەدەست دەدات وەك من نووسیومە:
    (دوور لە چەشەی ئەدەبی)
    کە لە کۆتایشدا هەر ئەو دنیابینە شلۆق ناماقوڵە خوێنەر دەگەیەنێتە بڕوابوون بەو راستیەی کە ئەم دەقانە نیشانەو بەرەنجامی (بێهودەیی لە ئاسۆی تێڕوانین)دان وەك لە وتارەکەمدا نووسیومە.
    ئەمە لەکاتێکدا ئەوەی کاک ئەعزەمی نووسیویەتی بەس بریتییە لە خوێندنەوەی راو تێگەشتنی خۆی بۆ ئەو دەقەی کاک ساڵح کە هەقی خۆیەتی چۆن راڤەی بکات و منیش هەر هەقی خۆمە بە جۆری ترو بە پێی تێگەشتن و ئەزموون و چەشەی خۆم بیخوێنمەوە.
    لە کۆتایی نووسینەکەی ئەعزەمیدا گوتەیەکی زۆر جوان هەیە حەز دەکەم ئاماژەی پێ بدەم و تەواو هاوڕایی خۆم بۆ ئەو گوتەیە دەرببڕم کەوابزانم لە بەرژەوەندی ئەو جۆرە دەقانەی کاک ساڵح نیە کە نووسیویەتی:
    (دەقێکی ئەدەبی کە بە هیچ کڵۆجێک نەخوێنرێتەوە بوونی نییە، ئەگەر وابوو، ئەوە دەق نییە، هەموو شتێکە جگە لە دەقی ئەدەبی) کەواتە دەفامینەوە سەبارەت ئەوەی دەقێك خراپیش بێت هەر شایستەی لێدوانە مادام بە دەقی ئەدەبی ناوبرا،ئەو کاتە دەتوانین لانی کەم لە هۆکانی لاوازییەکەی بدوێین، جا نازانم کاک ساڵح وەك زۆرێك لە شاعیرەکان لە سەروەختی پوکانەوەی لێشاوی بەهرە شیعرییە جوانەکاندا رووی کردووەتە ئەو جۆرە شیعرە سەمەرەو شیعرە سوریالیانە یان لە بەرەنجامی هەڵدانی کەسانێك و گیرۆدەبوونی بەو وتەیەی خۆیەوە کە بانگەوازی جوودایی و تازەگەریی دەکات؟ ئەو پرسیارە بۆ خودی شاعیرو خوێنەرەکان جێ دەمێنێت.
    ….
    تێبینی/ ١-نووسینی ئۆتۆماتیك کە کاک ئەعزەمی ئاماژەی پێدا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لە لایەن رێبازی داداییەکانەوە هاتە بوون و پاشان سووریالیستەکان سوودیان لێ بینی.
    ٢- برادەرانی -هاوچەرخ- پییان باش بوو هەر لەژێر نووسینەکەی کاک ساڵحدا وەڵام بدەمەوە ، نەك بە وتارێکی سەربەخۆ، بۆیە ئەم وەڵامە کورتەی ئەو گوتارەی سەرەوەم لێرەدا داناوە، زۆر سوپاس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا