سووتان بە راوێژێکی دیکەوە | یونس ڕەزایی | شێعر
بۆ “ڤاسیل سمۆنینکۆ”«۱»
یونس ڕەزایی
ئەو بەیانییە روو لە ئۆدسا
سەربازێک، خوێنی خۆی بەدیاری دەبرد
ئەوینیشی بە جێدەهێشت، لە شەقامە ترساوەکان
روو لە ئۆدسا«۲»؛ لە چاوی پیاوێک دا ژنێک هەڵدەهات
کە داهاتووی بزەیەکە
منداڵان دەیڵێنەوە لە قوتابخانە
وەک مایاکۆفسکی شێتی بە نیگاکانیدا
پیاسەی دەکرد مەست!
هی دانە دانەی دارەکان
کە مەلەکان سنوورێک بۆ تەنیاییان
نەک هی ماریا
کە وەڕەزی خۆی تێدا لە قاودا
ئەو بەیانییە خوێنی خۆی لەقاو دابوو؛سەربازێک
بە یەکە یەکەی شاشەکانی دونیاوە
کە شەرمی خۆیان دەشارنەوە لە بەستێنەکانی جوانیی
«بۆم مەگرین کاتێک خوێنم«۳»بە دەست گورگەکانەوە
دەبێتە دوا پێکی لوورە
من روو لە شەوێک دەحیلێنێ چەکەکەم
لە قوتبەوە زاوزێ دەکا تا شێعرێکی سەرەڕۆ
روو لە “ئۆدسا” دەدرەوشێتەوە وڵاتێک
لەگەمارۆی پۆتینەکانی تاریکدا
بە مەودای زمانێکەوە بەستێنی بەفرە
با رابکا بە شەقامەکانی کۆتردا
دڕندەیی چەقۆیەک، کە باڵ نازانێ
با هەر بژمێری لەشی دارەکان
گوللەیەک کە لە زمانی باخ نامۆیە
سبەینێ روو لە بڵواری جوانی،
کێلێک چەقاوە
بە ناسنامەی هەتاوێکەوە
شەوی هەتا کۆتایی خوێندەوە
و
بوو بە سروودی رووناکی باران
“ماریا! سوێند بێ بە وێرانییەکانی نیشتمان”«٤»
گەر بتهەوێ شەڕکەر نا
دەبمە چیرۆکێک لە هەموو ژنانی گریاو
گەر بتهەوێ
باڵندە نا
دەبمە سەرەتای هەڵفڕینی گشت شەقامەکان
سەربازەکان؛ نیشتمانیان لە قاوداوە
وەرە بە جووت سەر هەڵگرین بەرەو سەنگەرێک
کە سەرەتای نیشتمانی هەتاوە
شەڕڤانێک ئەو کازیوەیە
ئاور دەڕشاوە بە کاتی زستان
و
دەیکوت:
“بیکەنە خاتری ساماڵی نیگاتان” خەڵکینە
“ئێوە و نزای سنوورێکی بریندار بە شەیتان”
داگیرسێنن دانە دانەی پەنجەکانم!
من مەشغەڵێک دەبم لە تەنیایی شارم
پەیکەرێکیش دابتاشن لە هاوارم
کە سروودی نەتەوەیی کیژانی چاوشینی بەستێنی گریانە
ئەو بەیانییە؛ شێعرێک دەنووسم
ئاڵۆز، هێندەی ئێستای جوغڕافیای ئینسان
دواتر رادەمێنم لە حیلەی بڵێسە و
بەرە بەرە دەسووتێم
١ـ شاعیری گەورە و نەتەوەیی ئۆکڕاین کە شێعری “بۆ برای کوردم”ی بۆ ژانەکانی کورد نووسیوە. ئەو شێعرە لە لایەن کاک عیسا بۆتانییەوە کراوە بە کوردی، سپاس بۆ دکتۆر فاتح سەعیدی ئەو شاعیرەی پێ ناساندم
٢- ئەو شارەی مایاکۆفسکی شاعیری فۆتۆریستی رووس تێی دا شەیدای ماریا بوو
٣- سروودێکە کە سەربازێکی ئۆکڕاینی لە کاتێک دا رووی لە جەبهەی شەڕ کردبوو دەیکوتەوە. ئەو رستەیەم لە پەیجی کاک شێرکۆ جیهانی وەرگرتووە کە تێی دا سروودەکەی هەموو داناوە.
٤-ئاماژە بە ماریای خۆشەویستی مایاکۆفسکی و جۆری قەول و بەڵێنی شاعیر لەگەڵ بەردەنگی شێعرەکەی