پێکوتەی شیعر و سەنگەرێک لە زمان ئامرازیی | نەبەز محەمەد | ڕەخنە و وتار
نەبەز محەمەد
.
بە قسەکردنی شیعر، مۆدێلێک نییە ئەمڕۆ کایەی شیعری تەنیبێت، هەروەها پەیوەستیش نییە بە ناوچەیەکەوە یاخود بە کەڵچەرێکەوە و بە ئەدەبی گەلێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو شتێکە لە مێژوو و کەڵچەری شیعردا ڕەگ داکوتراو و هاوتەریب ڕێدەکات، شیعری عەرەبی فارسی و ڕۆژئاوایی بەشێکی هەرەزۆری لەم چەشنە شیعرەن، لە کلاسیکەوە بۆ ڕۆمانتیک و لەوێوە بۆ شیعری ڕیالستی و مۆدێرن و پۆست مۆدێڕن و هەتا دوایی، هەڵبەتە ئاشکرایە کە مەبەستمان لە بەقسەکردنی شیعر گوێڕایەڵیکردنی شیعر نییە، بەڵکو مەستمان هێنانەخواری شیعرە لە تەکنیک و شوێنگەی هونەریی و ئاستی بەرزی زمانییەوە بۆ ئاستی ئاخاوتن و قسەی ڕۆژانە، تانەت تا ئاستی گاڵتەوگەپ و توانج و گاڵتەکردن بە خودی شتەکان و زمانیش.
ئەم سادەکردنەوە و بەڕێکردنە لە شیعردا چەندین ڕەهەند و بیانوو و گرێ و تەنانەت لۆژییکی جیاوازی خۆی هەیە. دەشێت هۆکارێک و بیانوویەک ئەوەبێ کە خەڵک ناچار نییە بۆ تێگەیشتن لە تۆ سەدان کتێب بخوێنێتەوە و فێری فەلسەفەی زمان و میتۆدە جیاوازەکانی ئەدەب ببێت، یان ڕەنگە ئەوەش ڕاست بێت کە هەموو شاعیرێک ناتوانێت لوتکەیەک لە زمان و دەربڕین بۆ خۆی بئافرێنێت. بۆیە ناچار با بداتەوە بۆ شەقام و بە زمانی ڕەشۆک بنووسێت، دەشێت ئەوەش ڕاست بێت کە زمانی سادە و ڕوون سەختر بێت بۆ شعر پێگووتن، بەڕاستی ئاسانیش نییە هیچ کاتێ بە زمانی سادە شتی قورس بڵێیت یان باشتر بڵێم شتی قوڵ و واتادار بڵێیت.
ئەم گریمانانە هەموو ڕاستن بەڵام شیعر هەر خۆی ئەوە لە مەحەک دەدات کە شیعرییەت دەدرەوشێ و چەسپاوە و جێی قایم و پتەوە، یان شیعرەکە بووە بە قسەی هەلەقومەلەق و تەنانەت قسەی هەرە سادەی ڕۆژانە.
گرفتی ئاڵۆز دەربڕینیش هەرئەوە نییە؛ وەکو نیچە دەڵێت: ئاوەکە لیخن بکەین کە وا بنوێنێت قوڵە، بەڵکو ئاڵۆز دەربڕین کە دەرفەتی خوێنەر کەم دەکاتەوە بۆ هەڵگوێزانی مانا، ئەوەندەش مانا ژێرەوژوور دەبێت تا ئاستی بێتامکردن، بۆیە ئاڵۆزوتن یان ڕاستر ئاڵۆزاندنی شیعر هەمیشە دەق بەرەو ئاستی بەرزی زمان و قوڵ نوێنی و داهێنان نابات، بەڵکو دەشێت دەقەکە توشی پەکخستن و شەلین و پارادۆکس بکات، وەکو چۆن زۆر لە شاعیرانی ئەمڕۆ، لە دێڕێکدا شتێک دەڵێن کە چی لە دێڕی دوای ئەوە، بێئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت پێچەوانەی ئەوە دەنگ بەرز دەکەنەوە، بە جۆرێک ئەم لێکدژییە نەک خزمەت بەدەقەکە ناکات بەڵکو دەق توشی جەڵتە دەکات هەندێک جار جەڵتەکە ئەوەندە قورسە دەقەکە بە تەواوی پەکدەخات و بڕستی لێدەبڕێت.
کەواتە ئەوەی مانا بەرهەم دەهێنێت و ڕوانین و جیهانبینی سەرڕێ دەخات لێڵی وێڵی نییە هەروەکو چۆن قسەفڕێدان و ”زمانڕێسی”ـیش نییە بەڵکو لە یەککاتدا ”زمانئەندێشی” و زمان پاکییە یان ”زمان بێ خەوشیی” ـە مەبەستیشمان لە بێ خەوشی بابەتی زمانەوانی و فەلسەفەی زمان و گرامەر نییە بەڵکو زمان بێ خەوشیی لێرەدا ئەوەیە کە زمان ڕوون و بێگرێ بیت و، مانای لە ڕوو و پەنهانیش بەشی هەوڵ و کەشفکردن هەبن و خۆیان مەڵاس دابێت.
بەڵام ئایا هێنانە خواری شیعر بۆ سەر زمانی ڕۆژانە تا ئاستی بە قسەکردنی شیعر لە خۆیدا ڕیسککردن بە شیعر نییە و لە ئەنجامدا شیعر نابێتە قوربانی و لەدەستچوون؟ ئەمە پرسیاری جەوهەریی ئەم نووسینەیە بەڵام تەنها پرسیاریش نیە چونکە دەشێت لە پاڵ ئەم پرسیارەدا گەلێک پرسیاری تر خۆ قوت بکەنەوە و ناچار بە هەڵوێستە و دیقەتی زیاتر و پشکنینمان بکەن. بە بڕوای من کاتێ شیعر ئەهێنین بۆ نزیک زمانی خەڵک و ڕوونبێژی، ئێمە ناچاری لەبەرچاوگرتنی زۆر ئەگەری تر دەبین، ئەگەرنا دەقەکە پێش خوێندنەوەی دەمرێت. وەک ئەوەی دەیبینین هەندێک لەم چەشنە شیعرانە هێشتا بەدەست شاعرەکان خۆیانەوەن کە دەمرن، وەکو ماسییەک پێش ڕاوکردن و دەرهێنان لە ڕوبارەکەدا خۆی مردبێت.
کەواتە ئەو ئەگەرو مەرجانە چین کە دەبێت شاعیران ڕەچاوی بکەن تا شیعر سەربەرزانە و وەکو شیعر بمێنێتەوە و سەربڵند بووەستێت؟
بە بڕوای من یەکەم شت دەبێت بیزانین ئەوەیە کە ئەم چەشنە شیعرانە بە چ مەبەستێک نزیک بوونەتەوە لە زمانی ڕۆژانە و ڕەشۆکی واتە بابەتی شیعرەکە ئەوە دیاریدەکات کە زمان چۆن بێت، بە واتایەکی تر ئەم چەشنە شیعرانە زیاتر ئەو بابەتانە دەتەقێننەوە (هەڵبەتە ئەگەر توانای تەقاندنەوەیان هەبێت) و دەیانکەنەوە بە بابەتی نرخ پێدان کە لە کۆمەڵگەدا عادی بوونەتەوە تا ڕادەی لە بیرکردن و سوان بەڵام ئەم شیعرانە ئەم عادەتی بوونە هەڵدەتەکێنن و ناچارمان دەکەن جارێکی تر ئەم بابەتانە بیر لێبکەینەوە، واتە ئەوەی خەڵک بە چاو گوێی ڕاهاتوون ئەمجارە تووشی شڵەژانیان دەکات.
بەڵام ئەوەی دەستەبەری شیعرییەت دەکات لەم سادەیی و زمانە ڕۆژانەییەدا قومێک یان چەند جورعەیەک لە پێکوتەی شیعرە کە دەستەبەر و زامنی ئەوە دەکات کە ئەم دەقە لە شیعربوون نەکەوێت و هیزی بەرگری ئەوەندەی تیا بچێنێت کە بەرگەی ئەو سادەیی و ڕوونی و بێگرێیە بگرێت و خۆ بەدەستەوە نەدات بۆ ناشیعری.
بەڵام ئەم (پێکوتە)یە چییە و چۆن بەدەست دێت؟! سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم زاراوەی پێکوتە کە زاراوەیەکی زانستییە و من بۆ یەکەم جار دەمەوێت بیهێنمە ناو ئەدەبەوە وەکو چەمکێک ئەوەیە کە شاعیر لە کاتی نووسینی شیعرەکەیدا زمان چەندە سادە و ڕەشۆک بێت ناهێڵێت زمانی شیعرەکەی ببێتە ”زمان ئامرازی”، زمان ئامرازیش ئەوەیە کە زمان وەکو کەرەستەیەک یان ئامرازێک دەبینێت بۆ گەیاندنی مانایەکی دیریکرا و لێکتێگەیشتن واتا زمان ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی مەبەست و خواستی بەرانبەرەکان نەک زمان وەکو بابەتێک و کایەیەک بۆ بیرکردنەوە بەرهەم هێنانی واتای نوێ و خولقاندنی ئەندێشە، کە لە بنەڕەتدا زمانی شیعر دەبێت بیر بخولقێنێ و زمانی فرەمانایی بهێنێتەکایە بۆ بیرکردنەوە و کەشف و دۆزینەوەی نوێ و بەخشینی مانای نوێ بە شتەکان.
واتە ئەوەی لێرەدا دەبێتە پێکوتەی شیعرەکە و گیانی بەرگری و مانەوە و دەستەبەری شیعرییەت دەکات ئەوەیە کە زمانی شیعرەکە زمانئامرازی نییە و زمانئەندێشی و فرەواتاییە. هەرچەندە بابەت و ئەوەی لەم شیعرانەدا کارییان لەسەر دەکرێت بۆ تەقاندنەوە ڕۆژانەیی و عادەتی بووبێتنەوە.
لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر شیعری شاعیر سادە و ئاسان دیاربێت بەڵام لە ڕاستیدا کاری شاعیر نەک ئاسان نییە بەڵکو ئەرکێکی قورسیشە. ئەرکێکی قورسە چونکە شاعیر بەزمانێک شیعر و مانا دەخولقێنی کە ئەوە زمانی شیعر نییە تەنانەت دەمێکە ئەو زمانە لێبۆتەوە و خەڵک بۆ ئاخاوتنی خۆیان زۆر جار زمانەکە دەشێوێنن و پڕی دەکەن لە وشەی بێگانە و بەکار نەهاتوو و بیانی. بەڵام شاعیر هەم ئەم زمانە دەمەزەرد دەکاتەوە و بڕشتی پێدەداتەوە و گیانی پێدەبەخشێت وەک بڵێی خۆی ئەم زمانەی داهێناوە چوونکە ئەو لە رێی شیعرەکانییەوە مانای نوێی تێدا خولقاندوون و تەنانەت چەند مانایی بۆ وشەکان و زاراوەکان سازاندووە و سەرڕێ خستووە بەمەش کردوونی بە زمان ئەندێشی و لەزمان ئامرازی ترازاندونی.
بەڵام کاتێک شاعیر ناتوانێت زمان ئامرازی بگوڕێ بۆ زمان ئەندێشیی و چەند واتایی و تازەکردنەوە، ئیتر شیعرەکە پێش خوێندوەی مردووە و لەدەستچووە، کە لە ڕاستیدا زۆر کەم لە شاعیران دەتوانن لەم ڕیسکەدا هەمیشە سەرکەوتووبن.
بە وتەی پۆل ڕیکۆریش گەورەترین مەترسی لەسەر فەرهەنگ لەمڕۆدا زمان ئامرازییە چونکە ئەگەر شیعر زمان دادهێنێت و پەرەی پێدەدات، بەڵام کورتکردنەوەی زمان بۆ یەک واتایی و ئامرازگەرایی زمان لە خۆیدا دژی زمانە چونکە وا دەکات زمان پیش نەکەوێت.
ڕێگاکانی زمان ئامرازیش لەمڕۆدا مەترسیترینیان بریتین لە زمانی زانست و تەکنۆلۆژیا، زانست زمان لە فرەدەنگیەوە دەهێنێتەوە بۆ تاکدەنگی و لەفرە واتاییەوە بۆ تاک مانایی.
لە پەیوەندیدا بە باسەکەی ئێمەوە و ئەو پرسیارانەی خرانە ڕوو دەتوانین بڵێین: شیعر نووسین بە زمانی خام و ستاندار نابێت سپاردەکردنی شیعر بێت بە زمانی ڕۆژانە و زمان ئامرازی، بەڵکو بە پیچەوانەوە دەبێت ئەو زمانە بەرە و زمانی بیرکردنەوە و چەند مانایی و داهێنان و پێشەوەچوون ببات، چوونکە لە بنەمادا شیعر کایەیەکە لە ناو زماندا و زمان پێش دەخات، چونکە زمان دەئافرێنێت نەک لە پەلوپۆی بخات.
کەواتە شیعر نووسین بەزمانی سادە، گەلێک ئەرک ڕادەپەڕێنێت کە دەشێت هەندێ لەو ئەرکانە سەخت و قورسیشبن، بۆیە ئەم ڕەوتە لە شیعردا هەقە نەک جێی بایەخ و گرنگی پێدانی تیۆریی بێت بەڵکو دەبێت بە تەواوی تیۆریزە بکرێت. چوونکە لە یەک کاتدا ئەم چەشنە لە شیعر هەم زمانی خام و ڕۆژانەیی دەبوژێنێتەوە و دەیهێنێتەوە ناو کایەی ئەدەب و مانا و نرخ پێدان و هەم شیعر دەباتەوە ناو گشتی خەڵک و بە خەڵکی ئاشت دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی زمان دەخاتەوە سەر ڕەوتی نوێبوونەوە و ئەفراندن. بەڵام وەکو لەسەرەوە باسکرا تەنها مەرجی سەرکەوتن و دەستەبەرکردنی ئەم تێکستانە ئەو پێکوتەیە کە جەختی لێدەکەینەوە. هەرچەندە یەکێک لە ئەلیمێنتەکانی ئەم پێکوتەیەش جوانیناسییە بەڵام دەبێت ئەوەش پشتڕاست بکەینەوە کە جوانیناسیی بە واتایەکی پەڕگیر نییە وەکو ئەوانەی دەڵین گرنگ نییە شیعر واتای هەیە یان نا بەڵکو گرنگ ئەوەیە جوان گوتراوە، واتە ئەوەی ڕەچاو دەکرێت جوانی وتنەکەیە ئەگەر هیچ مانایەکیشی نەبێت!. بەڵام وەکو ئیلویت دەڵێت بەهۆی ئەوەی زمان دەگۆرێت و نوێ دەبێتەوە تەنانەت ڕەنگە دوای چەند سەدەیەک ئەو ڕەهەندە جوانیناسییەی لە شیعرێکی ئێستادا ڕەچاو دەکرێت، بەهیچ جۆرێک گرنگی نەمێنێت وتێگەیشتن و چێژ بۆ جوانی بگۆڕێت بۆ زۆر باریتر کە ئێستا لە زمانی ئێمەدا بوونی نییە. بۆیە لەو کاتەدا ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە چیت گوتووە واتە ناوەرۆک دەستەبەری مانەوەی شیعر دەکات. ناوەرۆکیش لەو پەیامە سادە و ڕاستەوخۆیەدا کورت نابێتەوە کە زۆر جار ئایدۆلۆژیاییەک هەڵیدەهێنێت ئەویش ئەگەر پیسی نەکات، بەڵکو لەو هەست و بیرانەدا پەنهانە کە فرەیی مانا دەیانهێنێتەوە ئاراوە لە سەردەمە جیاوازەکاندا و لای خوێنەرە جیاوازەکان.