وێنەیەک لەگەڵ خانووە بە گوڵ داپۆشراوەکە

ڕێبین خدر

.

شێرزاد و سەیرانی ژنی چەند ساڵێک بوو لە بەریتانیا دەژیان.
لەهیکڕا گەڕانەوە کوردستان.
لە گەڕانەوەیان دەرکەوت مەیموونێکی شیمپانزییان لەگەڵ خۆیان هێناوەتەوە.
مەیموونەکە چاوەکانی زەرد، ڕووخساری گەنمیی و ڕیشێکی سپی چەناگەی داپۆشیبوو. جاروبار بەسەر پەرژینە سپیی و بە گوڵ داپۆشراوەکەدا سەردەکەوت و هەردوو دەستەکانی، کە لە قاچەکانی درێژتر بوون دەخستنە پشتەوەی و دەیڕوانییە ئەو منداڵانەی لە کۆڵانەکە یارییان دەکرد و هەڵدەبەزینەوە.

خانووە بە گوڵ تەننراوەکە میراتیی نەبوو. شێرزاد خۆیشی بنیاتی نەنابوو، بەڵکو لەڕێی حزبەوە بەدەستیهێنابوو. جا هەرکە گەیشتبووە بەریتانیاش نەخشەیەکی ئەوروپایی ناردبووەوە کوردستان و خانووەکەیان وەک خانووە ژیکەڵە و جوانەکانی ناو فلیم-کارتۆنەکان لێ کردبوو. ئێمە گەلێک جار دەچووین لە بەردەمیدا وێنەمان دەگرت و هەوڵمان دەدا ئەو پەنجەرانە لە وێنەکاندا دەرچن، کە ڕووەو دەرەوە دەکرانەوە و ڕەونەقێکی دیکەیان بەم دەوروبەرە دابوو.
لەوێشەوە سەرنجی مەیموونەکەمان دەدا.

هەر زووبەزوو هەموومان، هەموو ئەو خەڵکانەی شێرزاد و سەیرانمان دەناسین بیرمان بۆ ئەوە چوو ئەوان ئەو مەیموونە شیمپانزییەیان بۆیە لەگەڵ خۆیان هێناوەتەوە و ئاواش بایەخی پێدەدەن، چونکە خۆیان هیچ منداڵێکیان نەبوو و وەجاغ کوێر وەجاغ کوێر بە شاراندا گەڕابوون، بەڵکو دکتۆرێک گەر لەوپەڕی دنیاش بێت، چارەیان بکات.
چارەیان نەببوو.

کەسێک لە خزمێکی سەیران بیستبووی، گوایە خزمێکی شێرزاد لای ئەو گوتوویەتی شێرزاد ئەم شیمپانزییەی لە لەندەن بە پارەیەکی خەیاڵی لە گرووپێکی سێرک کڕیوەتەوە. بەڵام کەسێکی دی لە خزمێکی شێرزادی بیستبوو، گوایە خزمێکی سەیران لای ئەو گوتوویەتی شێرزاد ئەم شیمپانزییەی لە باخچەیەکی ئاژەڵان دزیوە و دوای ئەوە زۆریشی پێنەچووە لەگەڵ ژنەکەی و مەیموونەکە زڤریونەتەوە کوردستان.

بەپێی قسەی کەسێک کە نەیویستووە خۆی ئاشکرا بکا و هەواڵەکە بە ناوی ئەوەوە بە کۆڵانەکەماندا بڵاو ببێتەوە. بەپێی قسەی ئەو کەسە، شێرزاد سی ساڵ لە ژنەکەی گەورەتر، لەو دواییانەدا ئەوەی بۆ دەرکەوتبوو پیریی و کەنەفتییەکەی خۆی بەربەستی یەکەمی بەردەم منداڵبوونن. بەڵام ژنەکەی خۆی خافڵاند بوو. زانیبووشی هەموو ئەو ستایشە ناسک ناسک و پەمبەیی و پەڵەهەورییانەی پێشووی ژنەکەی هیچ نەببوون، جگە لە کەفوکوڵ و خواستی ژنەکەی بۆ سەرمایە و سامانە زۆروزەوەندەکەی.
لەگەڵ ئەوەشدا شێرزاد بەسەر خۆیەوە نەهێنابوو. هاتبوو ژنەکەی ساڵانێک بە جۆرێک سەرانگێژ و چاوەڕوان هێشتبووەوە.

بۆ نموونە دەستی دابووە ڕۆژنامان و سەرنجی ژنەکەی بۆ ئەو هەواڵانە ڕاکێشابوو کە تیایاندا ژن و مێردێک گەرچی مێردەکە پیریشە یا ژنەکە پیریشە، دووانەیەکیان بووە. جا گەر وردتر نیشانی بدەین ئاوای گوتبوو: ئەوەتا سەیرکە گیانەکەم، ئەم هەواڵە بخوێنەوە. ئەوەتا پیاوەکە حەفتاوپێنج ساڵە، کەچی ژنەکەی دووانەیەکی بووە.

لەم جۆرە هەواڵانەی خستبوونە چوارچێوەیشەوە و بە دیواری ماڵەکەیەوە هەڵیواسیبوون. هەر جارێ بابەتەکە بەرەو منداڵ ملی نابوو، دەستە چرچ و لەرزۆکەکانی هەڵبڕیبوون و ئاماژەی بە هەواڵە لە چوارچێوەگیراوەکان کردبوو.

شێرزاد، بەهۆی سەرقاڵبوونی بە کاروباری حزبیی و و کۆمپانیاکەی، لە ژنهێنان وەدرەنگ کەوتبوو. سەیرانی بە ڕێکەوت لە ڤیستڤاڵێکی تایبەت بە هەڵبژاردنی شاجوانانی شارەکەمان ناسیبوو. سەیران یەکێک ببوو لە کاندیدەکان و شێرزادیش وەک چەندین جاری دیکە یەکێک ببوو لە داوەرانی هەڵسەنگاندن. دەسبەجێ سەیران دڵی بردبوو. تا ئەوەی هەستێ بچێ هەموو هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ و کار لە داوەرانی دیکە بکات، بە پارە یا هەر شتێکی دیکە سەیران بکەن بە یەکەم.
وایان کردبوو، سەیرانیان کردبوو بە یەکەم.

بەڵام شێرزاد هەرگیز دڵی نەهاتبوو ئەمە لای سەیران باس بکات. تا ئەو کاتەش کە زۆر لە دەست سەیران دادوبێدادی ببوو و لە بەریتانیا داوای لێکردبوو هەر یەکێک لەو منداڵە ئینگلیزە قژکاڵ و ڕووخسار پەمەییانە، لەوانەی بێ سەرپەرشتن هەڵبگرنەوە و بیکەن بە منداڵی خۆیان. سەیران توڕە ببوو و بۆ ماوەیەکی زۆر لالووت و مڕومۆچ، شێرزادی دەنگ نەدابوو. لەوەندەش زیاتری پێ نەگوتبوو: من بچم منداڵی خەڵک بەخێو بکەم؟

شێرزاد، لەم بەینەدا سەری لێدەشێوێت و وەک دەوڵەمەندێکی سەرگەردانی لێ بەسەردێت کە کەوتۆتە داوێکەوە و ناتوانێ داوەکەش هەروا سووک و ئاسان بە پارە چارە بکات. لەناو ئەم تەنگەتاویی و پەشۆکاوییەیدا پەیوەندی لەگەڵ زۆر کەس دەپچڕێنێت. تەنانەت لەگەڵ تاقە خوشکەکەشی، کە هەمیشە بۆ شێرزاد گوێیەکی قووڵ یا گوێیەکی گەورە یا گوێیەکی داگیرساو و لەسەر هەست  ببوو.
بەپێی قسەی ئەو کەسەی هێشتاش نایەوێت خۆی ئاشکرا بکا و لە زاری ئەوەوە ئێمە بەشێک لە چیڕۆکەکان ببیستین. بەپێی قسەی ئەو کەسە هەر لەو دەورانەدا شێرزاد ڕێی لەم مەیموونە دەکەوێت و دەیباتەوە ماڵەوە.

سەیرانی ژنی بۆ منداڵێک ڕازی نەببوو هەڵیگرێتەوە جا بۆ مەیموونێک چی کردبوو؟

کەسێک لە خزمێکی شێرزاد بیستبووی، گوایە خزمێکی سەیران لای ئەو گوتوویەتی سەیران هەرکە مەیموونەکەی دیتووە زەندەقی چووە و قیژەیەکی توندی لێداوە. بەڵام کەسێکی دی لە خزمێکی سەیران بیستبووی، گوایە خزمێکی شێرزاد لای ئەو گوتوویەتی سەیران بە دیتنی مەیموونەکە سەرەتا ڕشاوەتەوە و توند دەستی بە سکی خۆیەوە گرتووە ئینجا هەڵاتۆتە باخچەکە و بەخێرایی بەسەر دارچنارەکەدا هەڵگەڕاوە و یا سێ ڕۆژ لەوێ – یا ڕۆژێک لە بەیانی تا ئێوارە یا بەیانییەک یا دوو سەعات یا نیوسەعات ماوەتەوە و، لە دواییشدا وەک دڵۆپەفرمێسکێکی گەورە هێواش هێواش بە قەدی دارەکەدا هاتۆتە خوارەوە.

بەڵام هەردوو کەسەکە گوتبوویان و لەوەدا هاوڕا بوون گوایە سەیران تا ماوەیەک وەک کەڕولاڵی لێ هاتووە و هیچی نەگووتووە و نەژنەفتووە. جا وردە وردە مەیموونەکە بە کارە سەیروسەمەرەکانی زمان و گوێی کردوونەتەوە و وەسەرخۆی هێناوەتەوە.
(دەتوانێ هەموو شت فێر بێت) شێرزاد بە سەیرانی گوتبوو.

سەیرانیش گوێی بۆ شێرزاد هەڵخستبوو و سەیری ڕیشە سپییەکەی مەیموونەکەی کردبوو. سەیری چاوە زەردەکانی، سەیری ئەوەش چۆن بەسەر تەنافەکەدا دەڕوات و بەتاسەوەیە بگاتە خاڵی کۆتایی.

(لە سبەینێ زووتر نییە چاکەتوپانتۆڵی لەبەر دەکەم. دەبینی کە نێرە. دەبێ ڕواڵەتێکی پیاوانەی هەبێت. ئینجا قردێلەیەکیش بۆ بەر یەخەی. ئاوا زۆر جوانی لێ دێت. دەمەوێت کەشخە بێت. تۆ دەڵێی چی؟) شێرزاد بە سەیرانی گوتبوو. شێرزاد لە سەیرانی پرسیبوو.

سەیرانیش گوێی بۆ شێرزاد هەڵخستبوو و ڕوانیبوویە دەستە لە قاچ درێژترەکانی مەیموونەکە. ڕوانیبوویە لێوە ئەستوور و گۆشتنەکانی. ڕوانیبووی چۆن چۆنیش لاسایی هەڵسوکەوتەکانی شێرزاد دەکاتەوە.

(فێری قسەکردن نابێت. ئەوە هەوڵی خۆڕایی ناوێت. بەڵام دەمەوێت فێری نووسینی بکەم. وتارێکم لەمبارەوە خوێندەوە چۆن کەسێک شیمپانزییەکەی فێری نووسین و خوێندنەوە کردووە. ئەوە بزانە ئەوەی ئێمە لە هەرە زیرەکەکانە. دەمەوێت پێش هەموو وشەیەک فێری ناوی تۆی بکەم. دەمەوێت پێش هەموو وشەیەک فێری بکەم بنووسێت سەیران) شێرزاد ئاوای بە سەیران گوتبوو.

سەیرانیش ڕۆژانی دواتر ورد ورد سەیری مەیموونەکەی کردبوو لەناو چاکەتوپانتۆڵەکەی. سەیری قردێلەی بەر یەخەی کردبوو. سەیری ئەوەش چۆن دوای هەوڵێکی زۆر کەمیش، فێرببوو بە جوانی بنووسێت سەیران.
شێرزاد وەک مامۆستایەک لەگەڵ مەیموونەکە و سەیرانیش وەک چاودێرێک.

شێرزاد بەجۆرێک سەرقاڵ ببوو لەگەڵ مەیموونەکە، کاتی بۆ شتی دیکە بۆ نەمابووەوە. ویستبووی هەموو ئەو شتانەی خۆی دەیانزانێت فێری مەیموونەکەیان بکات.
فێری کردبوو خۆی جلوبەرگ لەبەر خۆی بکات.
فێری کردبوو پایسکل لێ بخوڕێت.
لە دواییدا فێری ئەوەشی کردبوو ئۆتۆمبیل لێ بخوڕێت.
فێری کردبوو چێشت لێ بنێت.
لەگەڵیدا چووبووە دارستان بۆ پیاسە.
لەگەڵیدا کەروێشکی ڕاوکردبوو.
لەگەڵیدا ڕۆژنامەی خوێندبووەوە.
لەگەڵیدا لەژێر ئاسمانی پڕ ئەستێرە ڕاکشابوو و ئەستێرەی ژماردبوون.
لەگەڵیدا ڕۆمانی (شەڕ و ئاشتی) ی تۆڵستۆی خوێندبووەوە.
تا ئەو ڕادەیەی لەگەڵیدا دەستپەڕیشی لێدابوو.

تا ئەو ڕادەیەی مەیموونەکە لە بابەتە زۆر تایبەتیی و خێزانییەکانیش لاسایی شێرزاد بکاتەوە و لەناکاوێک خۆی بە ژووری سەیراندا بکات و پەتووەکەی سەری هەڵداتەوە و بە دەستە درێژەکانی باوەشێکی گەرم لە جەستە ڕووت و جوانەکەی سەیران بدات. تا ئەو ڕادەیەش لە خەوی هەڵبستێنێت و هەموو شوێنێکی ماچ بکات. تا ئەو ڕادەیەی سەیران لە خۆشییان لە هۆش خۆی بچێت و کاتێک بەئاگابێتەوە ببینێت چۆن مەیموونەکە بەسەریەوەیە و خۆش خۆش تەکان لێ دەدات.

تا ئەو ڕادەیەی سەیران بە هەناسەبڕكێوە بڵێت (ئاه، قەت شتی وا بەتامم نەدیوە!).

تا ئەوەش سەیران خوو بەم کارەوە بگرێت و لە شێرزادی بشارێتەوە. تا ئەوەش هەر خۆی یەکەمجار مەیموونەکە فێر بکات نهێنی چییە.
ئەوە یەکەم وانەی فێرکاریی سەیران دەبێت بۆ مەیموونەکە.

بەپێی زۆربەی قسەوقسەڵۆکەکان هەر لەم سەروبەندەدا شێرزاد و سەیران دەگەڕێنەوە کوردستان.
ئێمە کۆمەڵێک مێردمنداڵ، لەسەر ئاگر بووین زیاتر لەبارەی مەیموونەکەوە بزانین و لە نزیکەوە هەڵسوکەوتە سەیروسەمەرە و مرۆڤئاساکانی ببینین.

کاتێک دەهات و لەسەر پەرژینەکە دەوەستا، زۆربەی جار چاکەتوپانتۆڵێکی سپی لەبەردا و پایپێکیشی لەناو دەستی چەپی و ناوە ناوە دەمی پێوە دەنا. هەرکە بە عادەتی مەیموونانەشی خۆی هەڵدەدایەوە دیوی حەوشە، دەماندی چۆن خزمەتکارەکەی ماڵی شێرزاد و سەیران، هەروەک دیتبوومان چۆن هەمیشە ئەمە بۆ شێرزاد دەکات، خۆی دەچەماندەوە و بە پەڕۆیەک پێڵاوە نوکتیژەکانی مەیموونەکەی خاوێن دەکردنەوە. ئینجا دەسبەجێ ڕاست دەبووەوە و قردێلەکەی بەر یەخەی با خواریش نەبووایە، هەر هەوڵی دەدا بۆی ڕاست بکاتەوە.

ئێمە بەردەوام لە پشت پەرژینەکەوە کونجوکۆڵ کونجوکۆڵ سەیری مەیموونەکەمان دەکرد. لەو خانووە جوان و ڕازاوەیەمان دەڕوانی و جارجاریش وێنەمان لەگەڵی دەگرت. هەوڵمان دەدا ئەو پەنجەرانە لە وێنەکاندا دەرچن، کە ڕووەو دەرەوە دەکرانەوە و ڕەونەقێکی دیکەیان بەم دەوروبەرە دابوو.

زۆری نەخایاند دەرکەوت شێرزاد لە دەستوپێ لەرزینەوە کەوتۆتە سەر مێشک لەرزین. بۆ یەکەمجار لە خزمەتکارەکەیانمان بیست لە تەلەفۆن بۆ یەکێکی باس دەکرد. وا پێدەچوو ئەو یەکە دکتۆر بێت. دەیگوت شێرزاد شتی بیردەچێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێین بۆ بەیانی بیری دەچێتەوە.

بۆ دووەمجاریش هەر لە خزمەتکارەکەیانمان بیست لە تەلەفۆن بۆ یەکێکی باس دەکرد. وا پێدەچوو ئەو یەکە هەر دکتۆر بێت. دەیگوت شێرزاد ئەوەندە خراپ شتی بیردەچێتەوە، ئەوەی نیوەڕۆ پێی دەڵێین ئێوارە بیری نامێنێت.

بۆ دوایینجاریش هەر لە خزمەتکارەکەیانمان بیست لە تەلەفۆن بۆ یەکێکی باس دەکرد. وا پێدەچوو ئەو یەکە دکتۆر نەبێت. دەیگوت شێرزاد تەواو بیرکۆڵ بووە و ناوی منی بیر نەماوە. هەموو کەڕەتێک دەبێت ناوی خۆمی بیر بێنمەوە.
بە چاوی خۆمان بینیمان شێرزاد ناوی ژنەکەی خۆی لەبیر نەمابوو. بە چاوی خۆمان بینیمان شێرزاد بە مەیموونەکەی دەگوت ئەرێ تۆ کوڕی کێی؟

ئینجا لەوەش سەیرتر، بینیمان مەیموونەکە قەڵەم و کاغەزێکی بەدەستەوە بوو و ئەوەی شێرزاد پێشووتر فێری ئەوی کردبوو، ئەو ئەمجارە فێری شێرزادی دەکردەوە. یەکێک لە ئێمە ئەوەندە وریا بوو توانی سەر پەرژینەکە بکەوێت و بێ ئەوەی کەس پێی بزانێت ئەو زانیارییەمان لەگەڵ خۆیدا بۆ بهێنێتەوە. ئەو زانیارییەی کەوا مەیموونەکە لەسەر کاغەزەکە بۆ شێرزادی نووسیوە سەیران و دەیەوێت فێری ناوی سەیرانی بکاتەوە.

وای لێهات هەموو ڕۆژێک مەیموونەکە دەست بە قەڵەم و کاغەزێکەوە و شتی فێری شێرزاد دەکرد. ئێوارانیش لە پشتی سووکانەوە و لەگەڵ سەیران دەچوونە پیاسە.
جارێکیان کونجوکۆڵیی وازی لێنەهێناین و بە دوو تاکسی دوایان کەوتین. ئۆتۆمبیلەکەیان بەرەو خۆرئاوابوون ملی دەنا و ئێمە زۆرمان لە شۆفێری تاکسییەکان دەکرد بزریان نەکەن. جا ئێمەش بەرەو خۆرئاوابوون ڕۆیشتین. لەناو ڕەنگە سیحراوییەکانی زەردەپەڕدا سەری مەیموونەکەمان لێ دیاربوو لە پشتی سووکانەکەوە. هەروەها سەری سەیرانیش بە تەنیشتییەوە. پێش ئەوەی خۆرەکە ئاوابێ و پێش ئەوەی ئەوانیش لە ئێمە ئاوابن، پێیان گەیشتینەوە. لە دەشتاییەک لایاندا بوو و دوو بە دوو نانیان دەخوارد و پێدەکەنین. جا زۆری نەبرد چوونەوە ناو ئۆتۆمبیلەکە و کەوتنە دەسبازی. هیچ یەکێکمان  دیمەنی ئەو مەمکە نەرمۆڵە و سپییانەی سەیرانمان لەژێر دەستە کوڵکن و ڕەشەکانی مەیموونەکە بیرناچێتەوە. هەروەها ئەو ماچە درێژ و هەناسەبڕانەش.
هەروەها هانەسەی توند و قیژەی بڵندیش کە لە تاریکاییدا بەرز دەبوونەوە گوێچکەکانی ئێمەیان دەدۆزینەوە.
سەیران و مەیموونەکە تادەهات باشتر لەگەڵ یەک دەسازان.

شێرزاد چەشنی کۆنەڕادۆیەک کە تەنها خشەخشێکی لێ مابێتەوە، هەڵدرابووە گۆشەیەکی ماڵەکە. لە دواییدا ئەم گۆشەیەشیان پێ ڕەوا نەبینی و هەڵیاندایە سەر شەقامان.

بەیانی‌یەک کاتێ ئێمەی مێرمنداڵ لە پشت پەرژینەکەوە دەمانڕوانییە ماڵە بە گوڵ داپۆشراوەکە، بینیمان چۆن مەیموونەکە ڕۆبێک لەبەری و دەست بە سۆندەیەکەوە گوڵەکان ئاو دەدات. بینیمان خزمەتکارەکە چۆن لەبەر دەستانی ڕاوەستاوە و چۆنیش سەیران لەسەر کورسییەک دانیشتووە و دڵخۆش دڵخۆش ڕوانیویەتییە مەیموونەکە.

هەمان بەیانییش شێرزادمان لە شەقامێک دیت، وێنەی شێتانی گرتبوو. منداڵان دەوریان دابوو. ئەویش خۆی چەماندبووەوە و لە جێی خۆی یەکبەخۆی هەڵدەبەزییەوە. هەڵدەبەزییەوە و دەستەکانی وا دەردەکەوتن لە قاچەکانی درێژتر بن.

ڕیشێکی سپیش چەناگەی داپۆشیبوو.

                                          

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا