سەلەفیەتی زمان – سەلەفیەتی دەق | سوهەیب فارووق

دەربارەی دەقی "دواھەمین گۆرانیت" براوەی خەڵاتی یەکەمی فستیڤاڵی گەلاوێژ

سوهەیب فارووق

  • پێشینە:

گەر شاعیر وەک مرۆڤێکی یاخی و فرەجووڵە و فرەئاڕاستە ناو بھێنین، یاخی لە دەرەوەی مانا سیاسی و باوەکەی، یاخی لە زماندا و لە گوتنی باو دەگەینە ئەو ڕاستییەی، کە زمانی شیعری باشترین ھیولایە کە شاعیر لە ڕێیەوە دەرکەوتی یاخیبوونەکانی خۆی دەکات، ڕوونتر بڵێم زمانی فرەجووڵە و فرەئاڕاستە خاوەن زۆرترین مەودا و دۆزەرەوەی زۆرترین ڕووبەری نەدۆزراوەیە، ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە زیندووێتی و سرکیی شاعیرانە، کە وا دەکات پانتاییەکی ئازاد بۆ شاعیر و بەردەنگیش بخولقێنێت لە جوگرافیای تێکستدا، لێرەوە ئەو ئازادییەی دەکەوێتەوە تاقانە و تایبەتە، ئیتر بەم ڕێیە کارکردن لە زماندا کارکردنە بە ئاڕاستەی خستنەوەی نامەیسەر و نامومکینەکان، لوانێکە بۆ بۆنەلواکان، ئەوانەی کە بۆ یەکەم جارە بۆیان دەڕەخسێت ببن، نەڕەخساوەکانی زمان دەبنە باشترین ڕەخساوی شیعر، ئیدی لێرەوە کایەکردن لەتەک زماندا بە قەولی ئیدیۆمە کوردییەکە”چوونە بە گژ قولەی قاف”دا، کارێکی وا سادە و سانا نییە، لەم ڕوانگەیەوەیە بەختیار عەلی دەڵێت: “*شیعر ھەمیشە ڕاکێشانی زمانە تا سنووری مەحاڵ” (*گۆڤاری شیعر) بۆیە ھەمیشە لە شیعری جیددی و ڕاستەقینەدا لەسەر لێواری مەرگ و ژیانی زمان دەوەستین و گرەوی لەسەر دەکەین، شاعیرەکان ھیچ نین جگە لەوانەی کە گرەوی زمان دەبەنەوە(زمانی شیعری). بەردەنگ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەتەک شیعردا ڕووبەڕووی زمانێک دەوەستێتەوە، کە بە جۆرێک کایەی پێ کراوە لەنێوان پچڕان و بەرگەگرتندایە، لە نێوان پچڕان و گرێدانەوەدایە، باشترین زمانێک کە بتوانین ناوی بنێین (زمانی شیعری) ئەو دۆخەی زمانەکە تیایدا ڕامان دەگرێت ڕووەو خۆی و لەنێوان ئومێد و نائومێدیدا دەمانھێڵێتەوە، بە جۆرێک کاری تیا کراوە وەک بڵَێت ھێند دوور ڕۆشتووە خەریکە لە چاو ون دەبێت، لەپڕ لە ڕێگەی قەرینەیەکەوە دێتەوە بەر دیدە و ئومێدەکەت پێ دەداتەوە، ئەم ڕاکێشانی زمانە، ئەم گەمەیە لەنێوان ئومێد و نائومێدیدا ئەم ماندووکردنە چێژبەخشە، کارکردنە بە ئاڕاستەی دۆزینەوە و بەگەڕخستنی دوورترین تەوانایەکانی زمان و پۆتانسیەڵەکانی و گۆڕینی ئاسۆی چاوەڕوانیی بەردەنگ، ھەروەھا دەبێتە ھۆی سڕینەوەی ئاشنایەتییە لەمێژینەکانی ئێمە لەتەک زماندا و درووستکردنی پەیوەندی و ئاشنایەتیی نوێ، وەلێ زمان لەم دەقەدا “دواھەمین گۆرانیت”، دیوە ئاشناکانی گەلێک زۆرترن تا دیوە نائاشناکانی، لە زۆر لاوە نەک توانای تێپەڕاندنی ئاسۆی چاوەڕوانی بەردەنگێکی مامناوەندیشی نییە، بگرە لە ئاستی زماندا خاوەن ھێز و سیحرێکی ئەوتۆ نییە کە ڕامان بگرێت و بۆ ماوەیەک لای خۆی بمانھێڵێتەوە.

  • ناونیشان و پنتی تەنک و دیوی فلاتی زمان:

مادام خەریکە لە بارەی شیعرەوە بدوێین حەتمەن پێویستە لە بارەی زمانیشەوە (زمانی شیعری) بدوێین، شیعر چییە جگە لە زمانێک کە لە فۆڕمێکدا دەتوانێت ناوەڕۆکێک بڵێَت؟ شیعر چییە جگە لە زمانێک کە شاعیرێک دەرکەوتی پێ دەکات لە ھەردوو سیستمی تەکنشینی و جێنشینیی زانستی زماندا، کە دەبێتە پڕۆسەی “خەلقی شیعری”؟ مەگەر خەلقی شیعری-یش ھەر ئەمە نییە کە گوتنێک بە زمان لە فۆڕمێکدا نیشتەجێ بکەین؟
گەر بەوردی سەرنج بدەینە ناوونیشانی دەقەکە “دواھەمین گۆرانیت” وەک سەرەتایەک بۆ چوونە نێو ماڵی دەقەکە، دواھەمین گۆرانی لە ڕووی سیستمی جێنشینیی وشەوە لە ئاستێکی زۆر تەنک و خوارەوەی زماندایە، دواھەمین گۆرانی جگە لەوەی دەتوانین بە دواھەمین قسە، دواھەمین دیدار، دواھەمین وشە، ناوی بنێین ناتوانین زۆر لەوە دوورتر لە بارەیەوە بڕۆین چوون ھیچ قەرینەیەک یان ھێزێکی ناوەکیی زمان نییە دەستمان بگرێت و بمانبات، لە ڕووی سیستمی تەکنشینی و دراوسێیەتیی وشە و وشە و کیمیای وشە و کارلێکی وشەوە، فرێزێکە بەم فۆڕمە کاری زۆر کراوە لە زماندا چ وەک ناونیشان چ وەک فرێزێک بۆ ناوونیشانی شیعری، ڕەنگە لە ڕووی ئیحساسەوە بۆ بەردەنگێک کە لە ئاستێکی مامناوەنددا بێت، ڕاچڵەکێنەر بێت لە ڕووی خەیاڵی گەنجانە و ئەویندارانەوە، وەلێ لە ڕووی پێوانە و ئیستاتیکا و ھێزی زمان و ڕاکێشانی سەرنجی ئەوی تر لە ژێر ڕۆشنایی تیۆرگەلی شیعری نوێدا شتێکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە، کەم نین ئەو چنین و فرێزانەی کە لەمێژە و ڕۆژانە بەریان دەکەوین کە بەو چەشنە ڕۆ نراون وەک “دواھەمین ماچ، دواھەمین فرمێسک، دواقسە، دوادیدار، دوانیگا… تاد” داستانی عاشقانە و سەفەری ڕۆمانسییانەی شیعری کوردی پڕن لەم جۆرە فرێزانە کە کەمترین ماتەوزەی شیعرییان تیادا خراوەتە حاڵەتی جووڵەوە، سەرنجی خوێنەر بۆ ھەندێک نموونەی ناوونیشانی شیعر و ناوونیشانی کتێب ڕادەکێشم کە زمان لە ئاستێکی زۆر جیا و نوێ و باڵاتری کارکردندایە بۆ وێنە: “شیعرێک لە بەرد، کاتێک کە کەم، بە ڕیتمی ڕووبارێک نەک لەمێژ مردوو” لای شاعیر ئەنوەر عەباسی (ھەرەس)، یان نموونەگەلی “سەردەمانێ تاریکی سپی بوو، داستانی شێتێکی تر، ئەو شیعرانە ئاوڕ بۆ پێشەوە دەدەنەوە” لای تەیب جەبار، یان”قاڵییەک ئەناسم لە ھەرچی گوڵی ھەیە ماندووە” لای ڕەزا عەلی پوور، یان “تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ من بخەیتەوە ھەڵقوڵین،دەربەنی پەپوولە” لەمێژە لای شێرکۆ بێکەس، یان “دووریت ھەورێکە لەباریندا، ھەرێمی ئاوابوونی پیاو ” لەمێژە لای ھیدایەتی عەبدوڵا حەیران، یان ” تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا، باوکم شقارتەفرۆشێکی تاریکە” لای شوعەیب میرزایی، یان “کە من درێژەی پیاوێکم بە فۆنتی ٤٤” لای موحەممەدی مۆفەقی و چەندین نموونەی تر.

ئەگەرچی نکۆڵیی ناکەم لەوەی زۆر شیعریش ھەن لە ڕووی ناونیشانەوە خاوەن ڕەھەندێکی قووڵ و وردی کارکردی زمانی نین، وەلێ شیعرن، بەڵام لەو جۆرە شیعرانەدا شاعیر ھونەرمەندانە کێماسییەکانی لە ناوەڕۆکدا پڕ کردووەتەوە ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە بۆ دەقێک کە لە فیستیڤاڵێکی نێودوڵەتیدا باڵاترین خەڵات دەبات حەتمەن دەبێت لانیکەم لە سەدا سیی نمرەی دەرچوونەکەی لە بارەی ناونیشانەوە بێت، پرسەکە ئەوەیە ھێز و سیحری ئەم ناونیشانە کامەیە کە بووەتە خاوەن باڵاترین خەڵاتی فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی؟

  • سەلەفیەت ـی زمان:

زمان بنەمای زیندووێتی و جووڵەی بەردەوامی شیعرە، مەرگی زمان مەرگی دەقی شیعریی لێ دەکەوێتەوە، مامەڵەی شاعیر بەر لە ھەرشتێک مامەڵەیەتی لەتەک زماندا، ھەر شاعیرێک گرەوی زمان ببباتەوە گرەوی شیعریەتیش مسۆگەر دەکات، پێم بڵێ زمانی فڵان شاعیر کامەیە و چۆنە، پێت دەڵێم شیعرەکەی چۆنە. زمانی تاکتەوەر و تاکڕەھەند و تاکھێڵ شیعری یەکبار مەسرەف دەخاتەوە، زمانی فرەڕەھەند و فرەتەوەر و فرەئاڕاستە شیعریەت دەخولقێنێت، پێچەوانەکەشی زمانی تەنک و تەخت و فلات سیحری شیعرەکە لەبار دەبات، جۆرێک لە تاکتەوەرەیی و تاکمانایی دەبەخشێتە شیعر، جۆرێک لە سەلەفیەت دەبەخشێتە شیعرەکە و دەرگای کرانەوە و فرەواتایی بەسەردا دادەخات، بە جۆرێک دەقەکە وا سەلەفیی دەبێتەوە تەنیا لە یەک ڕووگە و ڕوانگەوە دەتوانین لێی بڕوانین، سەلەفیەتی زمان ڕێک ئەو دۆخەیە کە زمان لە شیعردا تەوانای بینینی دەرەوەی خۆی نییە، زمان ڕووەو ھیچ ناباوێک ناڕوات، وەک بڵێی شاعیر لە دۆخی کارکردی زمانیدا دەستی بە کڵاوەکەیەوە گرتووە تا با نەیبات، ڕازییە بە ھەموو شتێک، گومان و پرسی جودا و ئاڵۆزی نییە لە بابەت زمانەوە، توانای کشان و وردکرنەوەی نییە، دالەکان لە دۆخی سەلەفیەتی زماندا ھێندە تەنک و باو بوونەتەوە وەک بڵێی مەدلوولەکەیان کەشفە، شتێک نەماوە ناوی دالێتیی دال و مەدلوولێتیی مەدلوول بێت، مەتەڵەکە لەگەڵ گوتنیدا ھەڵھێنراوە، سەلەفیەتی زمان ئەو دۆخەی زمانە کە ئەوی تری بەردەنگ، بەر تەنیا توێکڵێک و کاژێکی دەق دەکەوێت و یەکجار فڕێی دەدات و کاژی دووەمی چنگ ناکەوێت بیکاتەوە بە بەری دەقدا، سەلەفیەتی دەق دۆخی ڕووتترین و ڕەجاڵترینی دەقە، دۆخی سەلەفیەت دۆخێکە کە شاعیر ڕەنجێک، ھەوڵێکی نییە بۆ تێپەڕکردنی سنووری ئامادە، سنووری بینراو ڕووەو سنووری نەبینراو و نائامادە. شیعر چییە گەر تەوانای بینینی نەبینراوەکان و ئامادەیی نائامادەکانی نەبێت؟
ڕەنجی شاعیرانە لە زماندایە ڕەنجێکی فەرھادانەیە، داتاشین و شکاندن و درووستکردنەوەیە، عیشقێکە، ڕشتنی ئارەقێکە لە پێناو شیرین-ی دەقدا،لە کێوی بێستوونی زماندا، فشارێکە شاعیر دەیخاتە سەر زمان و تا ئاستی پچڕان، لێبوونەوە، مەرگ، دەیبات، دەیپچڕێنێت و گرێی دەداتەوە، شاعیری ڕەنجدەر زمان تا شەرارەی مەرگ ئەبات، لێرەوە شاعیر یەکەمین کەسە کە دژی دەستەمۆبوون دەوەستێتەوە لە ڕێی زمانەوە، (نا)ی شاعیرانە بەر لە ھەر شوێن و کات و دۆخێک (نا)یەکە لە زماندا، بە چی ئەچێت شاعیرەکانمان ھەموو دنیا ببەنەوە و زمان بدۆڕێنن، شاعیر زمانی ھەیە و بەس (زمانی شیعری)… زمان شاعیری ھەیە و بەس (تا نەگەنێت)، شیعر خوێی زمانەگشتییەکەیە، تا زمان نەگەنێت زەروورە بکرێتە شیعر، بەنیسبەت زمانەوە لە دەقە شیعرییەکەدا (دواھەمین گۆرانیت) زمان لە ئاستی باوێتیی زماندایە، کەمترین خزمەتی ناباو دەکات، زۆرترینی ڕستە شیعرییەکان ڕستەی ھەواڵی (ڕاگەیاندن)ن، کاری ڕستەکان لە جێی ئەوەی خوازەیەکی زمانیی دوورمەودا درووست بکەن، بەبێ ھیچ ئەرکێکی قورس دانراون، ئەرکیان سووکە، دۆخی ڕابردوو و ڕانەبردووی ڕستەکان تەواو دەکەن ھەواڵێک دەگەێنن و ھیچی تر!
کاری ڕستەکان ماڵی دەرگای شیعرەکەیان بە قوڕ گرتووە قوفڵیان لێ داوە شتێکیان تیا نەھێشتووەتەوە بۆ گوتنێکی تر، ڕاستە بەشێکی کەم لە ڕستەگەلی شیعرەکە لەسەر بنەمای خواستن (استعارە) و ئەرکەکانی چێ کراون، وەلێ ھێند لەمێژە زمان ئەو کایانەی پێ کراوە خەریکە تەواو لەو تایپەدا زمان دۆخی ئیستیعارەیی لە دەست دەدات،لە بارەی ڕستە شیعرییەکانی دەقەکەوە سەرنج بدەن:

یەکەم؛
کۆمەڵێک نموونەی بەشێکی دیاری جوگرافیای دەقەکەن، بەشی سەرەتای، کە زمان تیایاندا لەوپەڕی دۆخی سەلەفیەتدایە، ڕستەکان ھەواڵێک دەگەێنن بەبێ ھیچ سیحرێکی زمانیی ئەوتۆ کە چێژ، ستاتیکا، تەوانایی زمان بخولقێنێت:
١- تۆ لە ماڵەکەدا نیت.
٢- ژیانم کەلێنی تێ کەوتووە.
٣- ھەتاو دێتە ماڵەکەم.
٤- با سەردانم دەکات.
٥- پشیلەکە ڕۆژانە دێت.
٦- تۆ ڕۆیشتوویت بەڵام پێڵاوەکانت جێ ھێشتوون.
٧- دەمانگوت ئەگەر کارمان ھەبێت دەتوانین، سەفەر بکەین.
٨- ئەم ڕۆژانە پێش ئەوەی بچمە سەفەر سەیری پێڵاوەکانت دەکەم.
ئەمە نیوەی سەرەتای شیعرەکەیە، سپەیس و جوگرافیای دەقەکە بەم تایپە لە زمان ڕووپۆش کراوە، ئەوەی داپۆشراوە زمانی شیعرییە، ئەوەی دەر کەوتووە زمانە لە ئاستی باودا، کە ڕێک پێچەوانەی ئەرکی شیعری و خەلقی شیعرییە، ئەم ڕستەگەلە جگە پڕکردنەوەی سپەیسی لاپەڕە چ ئەرکێکی سیحری و شیعری و ستاتیکی و دۆزینەوەی پنتەکانی زمانیان نییە، ھیچ جۆرە جووڵەیکی زمانی و کارکردێکی زمانی و ئایتمێکی شیعری و تەکنیکێکی نوێباوی شیعری لەم ڕستانەدا درکی پێ ناکرێت، ڕێک لەو ڕستانە دەچێت لە ڕاھێنانی کتێبی کوردیی قۆناغەکانی پەروەردەدا ھەن، دەتوانین ڕابردوو و ڕانەبردوو، بکەر و بەرکاریان جیا بکەینەوە، وەلێ لە ڕووی بکەری شیعری و زەمەنی وەستانی ئێمەوە ڕووەو شیعر شتێکیان لە ھەگبەدا نییە.

دووەم؛
سەرنج بدەنە ھەندێک ڕستەگەلی شیعری کە لەسەر بنەمای خواستن(استعارە) ڕۆ نراون، ئەویش جۆرێک لە چەندبارەیی دۆخی خواستنە، کە ھێندە پاتە بووەتەوە لە دەقی لەمێژینەدا، تەواو دۆخی ئیستیعارەیی خۆی لە دەست داوە، خەریکە بووەتەوە بە دۆخی ئاسایی زمان، بە سەیرکردنێکی مامناوەندییانەش لێی بڕوانین ھەست بەو دۆخە تەنک و فلاتەی زمان دەکەین، کە دەقەکەی لەسەر بنەمای ئەو خواستن-گەلە پێ بونیاد نراوە، سەرنج بدەن.
١- بۆیەکەی قژت سەیرم دەکات.
٢- سووراوەکەت سەیرم دەکات.
گوایە لەم دوو ڕستەیەدا (بۆیە، سووراو) دەتوانن سەیر بکەن، (شت)ن وەلێ ئەرکی (کەس)یان پێ سپێرراوە، بە کەس کراون، وەلێ بە خوارترین ئاستی خواستن، کەمترین کەشفی زمان کراوە پێیان، شاعیری ورد و شارەزای زمانی شیعری لە ڕێی کار(فعل)ی ڕستەکەوە بە لانی کەمەوە دەتوانێت بە (خواستنی ئاشکرای پاشکۆیی) تا دوورترین مەودای زمان بڕوات و لەوسەرەوە بە کۆڵێک شیعریەتەوە بگەڕێتەوە.
٣- پشیلە و سەقفی ژوورەکە و سووراو و بۆیەکەی قژت، دەزانن کە من خەریکە خۆم بەگان دەدەدەم.
تاکە وزەیەک کە بەزۆریش بتوانین لەم دێڕەدا دەستی بخەین، ئیدیۆمی (خۆبەگاندانە)، کە دەتوانین وەک درکە(کنایە)یەک لە وەسفی (تیاچوون) خۆم تیا دەبەم، خۆم وێران دەکەم بیناسین، کە لە دۆخی باوی زماندا ھێند بەکار ھاتوون ئەو سیحرە ئەوتۆیەیان نەماوە، ئەمە نەک ھەر ئەم ئیدیۆمە ھاوواتا و ھاوئیدیۆمەکانیشی ھێند بڵاون تەواو بیستراون لەو فۆڕمی بەکارھێنانەدا، بۆ وێنە: (ماڵی خۆم بە قوڕ ئەگرم، لە تڕی سەگ ئەچم، ئەتڕم بە کێری کەرا) و چەندینی تریش، شاعیری بیرورد و لێزان لەم دۆخی بەکارھێنانی ئیدیۆمەدا یان دۆخیی پاروودیی شیعر یان دۆخە ئایرۆنییەکە ھێندە زاڵ دەکات تا یەکێک بڵێت ئەمە ئیدیۆمە ھەزار بڵێن دەستکردی خۆیەتی، ئیشی شاعیر و تەوانایی شاعیرانە لەم کارانەدا دەر دەکەوێت.
٤- بیرت ئەکەم، بیری شیعری حافز لە زارتدا.
٥- بیری گۆرانییەکانی داریوش لە گەرووتدا.
شاعیر چەندبارە لەم ڕستەگەلەشدا نەیتوانیوە دۆخیی ڕستەی ئاسایی زمان و دۆخی ھەواڵگەیاندنەکە تێپەڕ بکات، ھەموو دەزانین شیعر ھیی حافز بێت یا ھیی ھەرکەسێکی تر (لەسەر زارە) پەیوەندی بە زارەوە ھەیە و (گۆرانییش لە گەروودایە و بە گەروو دەوترێت) و پەیوەندی بە گەرووەوە ھەیە، واتە زۆرترین خاڵی ھاوبەش لەنێوان (زار) و (شیعر)دایە، ھەروەھا لەنێوان (گۆرانی) و (گەروو)دا، واتە شاعیر تەنیا وتوویەتی بیرت دەکەم و ھیچی تر! کە پێویستە لە شیعری ئەمڕۆیی و نوێباودا تا زۆرترین نائاشنایی درووست بکات و ئاشنایی بسڕێتەوە لە سەد لاوە لێک نەچن و لە چەند لایەکی کەمەوە بە سیحرێکی بەھێزەوە لێک بچن، تاکە ھێزێک یان سیحرێک کە لە خاڵی چوارەم و پێنجەمدا بەزۆر درووستی بکەین و ناوی بنێین و جێی بکەینەوە ئەوەیە کە بڵێین: زمان لەم دێڕگەلەدا، گەنجانە، عاشقانە، ڕۆمانسییانەیە، کە ئەمەش ھیچ دادی شیعرێکی باش نادات.

  • ناوەڕۆک و چییەتیی دەق:

ھەموو ئەوەی لە بارەی زمان و دۆخی زمانیی دەقەکەوە لێی دواین، دەکرێت ناوی لێ بنێین جۆرێک لە کێماسی و ھەژاری و کەمدەستیی دەقەکە، ھاوتەریب بە دۆخی زمان و لە بارەی ناوەڕۆک و چیەتیی دەقەکەوە، ئەو گوتن-ە شیعرییەی کە دەقەکە پێیەتی بۆ بەردەنگ، ئەوەی لەپشت دالەکانی دەقەکەوەیە، دەکاتەوە ھەمان کەمدەستی و کێماسی لە زمانەکەدا، چوون زمانی شیعری گەر لە بارەی گوتنێکی جیدددیی شیعری-یشەوە بوترێت، دەتوانێت لەخۆیدا زۆر ئاماژەی ناوەکی لە شیعردا ھەڵبگرێت، دۆخی ناوەکیی شیعرەکە قەزیەیەکی وا مرۆیی گەردوونیی ئەوتۆی تێدا نییە کە لانی کەم بتوانیین بیکەینە قەرەبوو و شافیعی تەکنیک و فۆڕمەکەی، گەر بپرسین پەیامی شیعرەکە و پرسە جیددییەکانی ناو دەقەکە چی بوون؟ یان دەقەکە لە بارەی چیەوە دەدوا؟ یان بنەمای دەقەکە و بیری بنەڕەتییەکەی لە دەوری چیدا دەسووڕایەوە؟ جگە لەوەی دەتوانین بڵێین داڵغەکانی مرۆڤێکی ڕۆژھەڵاتییانەیە کە بە کەمترین ئاستی زمان دەر بڕراون ھیچی تری ئەوتۆمان چنگ ناکەوێت، بۆ وێنە سەرنجی ڕستەگەلێک بدەن دەیانکەمە نموونەی ئەو بارە:
١-بیری ناوی پشیلەکانت دەکەم، شەبو، لەکا، نینی، تاتا.
٢- بیری ماچ و گان و مەستبوون دەکەم.
٣-بیرت دەکەم خۆشەویستە دڵتەنگەکەم.
ئەم ڕستەگەلە چ بیرکردنەوە و ڕەھەندێکی شاعیرانەیان تێدایە؟ چییان پێیە بۆ مرۆڤایەتی؟ چ پرسێکی سەرمەستکەر و سەرسامکەریان تێدا ورووژاوە؟ مرۆڤ لەم ڕستانەدا جگە بوونە بایۆلۆجییەکەی خۆی لە تەنکترین دۆخدا ھیچی تری بیر ناکەوێتەوە، مرۆڤ لەم ڕستانەدا چ ڕووگەیەکی ھەیە بەتەمایە ڕووەو کوێ بروات و نیشتەجێ ببێت؟ چ ھۆشیارییەکی مرۆیی لە پەنا و پەسیوی ئەم دەقەدا خۆی حەشار داوە بەردەنگ بتوانێت شارۆی بکات؟ ئەم دەقە کوێی بۆشاییەکانی بەردەنگ پڕ دەکاتەوە؟ گەر دابنێین دەقەکە لە ئاستێکدا بڕێک سیحری زمان و جۆرێک لە ڕیتمی تێدا بێت بۆ کوردیزانێک مایەی لەسەروەستان بێت لە ئاستێکی دیاریکراودا، مادام لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا خەڵاتی بردووە، ئەگەری ئەوەی ھەیە وەر بگێڕرێت، کە وەریش گێڕرا ئەوەی لە وەرگێڕانەکە دەمێنێتەوە مەژگە(کاکڵە)کەیەتی، کە لە ڕێی وەرگێڕانەوە دەینێرین، ئەوی تری بەردەنگی بیانی چی لەم دەقەوە چنگ دەکەوێت نێودەوڵەتیبوون و پەیامی مرۆییانەی پشت ئەم دەقە کامەیە؟ چ زیادکردنێک دەخاتە سەر دۆخی ھۆشیاریی ئەوی تر؟

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا