”سژین” لە باشووری کوردستان چاپ کرایەوە
هاوچەرخ
.
ڕۆمانی سژین لە نووسینی ئەنوەر عەباسی (هەرەس)، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان چاپ کرا. ئەم ڕۆمانە پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٨ ـدا لە وڵاتی سوید چاپ کرابوو.
وابڕیارە نووسەر لە ڕێی ئۆنلاینەوە کۆڕێک بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بەرهەمەی ڕێکبخات.
ئەنوەر عەباسی لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک بەمجۆرە باسی ڕۆمانەکەی دەکات:
“سژین ـم ساڵی 2016 نووسی، بەڵام هەتا ساڵی 2018 نەمتوانی چاپی بکەم. ئەودەمیش کە چاپ بوو لە وڵاتی سوێد چاپ کرا و چەندی کردم و کڕاندم هیچ دەزگایەکی چاپ لە هەرێمی کوردستان چاپی نەدەکرد. هەموو داوای پارەیان دەکرد. من نەمدەزانی بۆ دەبێ پارە بدەم بۆ چاپی کتێبەکەم؟ کەمی پێوەوە ماندوو ببووم؟ نووسین و پێداچوونەوەکەی زیاتر لە هەشت مانگ کات و وزەی بردبووم و ئەزموونی پازدە ساڵ هەوڵی ئەدەبی و خوێندن و خوێندنەوە و نووسینیشم خستبووە خزمەت نووسینی ئەم ڕۆمانەوە. ئێستا دەبوو پارەیەکیش بدەم بۆ ئەوەی بەشکم چاپ ببێ؟
من دەمزانی لە کوردستان کتێبخوێندنەوە هێشتا نەبووە بە کولتوور و نابێ چاوەڕێی ئەوە بم ئەگەر کتێبەکە چاپ کرا پارەیەکم دەست کەوێ، بەڵام ئەمەی کە دەبوو پارەیەکیش بدەم هەر زۆر بەلامەوە سەیر بوو.
لە لایەکی دیکەشەوە چاپەمەنییەکانی ڕۆژهەڵاتیش کێشەی دیکەیان هەبوو بۆ چاپ کە دەگەڕایەوە بۆ پێشینەی سیاسیی من.
بەهەرحاڵ دەستم لێڕاگرت و دانم بە جەرگمدا نا و لە کوردستان چاپم نەکرد هەتا ماوەیەک لەمەوپێش هاوڕێیانی ”مەم و زین” پەیوەنییان پێوە کردم و داوای کتێبەکەیان کرد بۆ چاپ. ئەمڕۆ دیتم هەواڵەکەیان بڵاو کردووەتەوە و نووسیویانە بەمزووانە چاپ دەبێت.
”بەمزووانە” وشەیەکی شیرینە. من زیاتر لە پێنج ساڵ چاوەڕێ بووم هەتا بڵێم: بەمزووانە…
ئێستا دەبێ دوو بەمزووانەی دیکەش زیاد بکەم: بەمزووانە سژین بە زمانی فارسیش بڵاو دەبێتەوە. بەمزووانە سژین بە زمانی ئینگلیزیش بڵاو دەبێتەوە.”
سژین ئێستا لە کتێبفرۆشی ”مەم و زین” لە شاری هەولێر لە بەردەستە و لە چەن ڕۆژی داهاتوودا دەگاتە هەموو کتێبفرۆشی و کتێبخانەکانی باشووری کوردستان.