تەنیاییم هەموو کەسێکی دلۆڤان کردۆتەوە!
حەمید ناسری
.
تەنیاییم
هەموو کەسێکی دلۆڤان کردۆتەوە
باوکم لە قەبر هەڵدەسێتەوە
ئەگەڕێتەوە بۆ بیس و پێنج ساڵ پێش
بە دایکم ئەڵێ خۆشم دەوێ و
پشتی تێ ئەکا
_دایکم بەر لە تەنیاییش هەر دلۆڤان بوو
هاوڕێیەکانم لە خەڵوەتی خۆیاندا
ژنم بۆ ئەخوازن
لە خەڵوەتی خۆیانیشدا ئەیگیێن
تەنیاییم چتگەلێکی دۆزیوەتەوە
مەگەر خوا بزانێ
تۆ ئەتزانی ئەگەر لە ئاڵاکانی دونیا سوور بسڕنەوە تەنیا لێوت ئەمێنێ؟
_چەن وڵاتێکیش هەن زۆریان شەڕ نازانن_
لەم تەنیاییەمدا جەوری دونیایەک ئەکێشم
جارێ ماندلام و ئەڵێم
لە قوونی هەموو ڕەشێ بم
زۆر جار ئامریکام و
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنێمە سەر سەرم
بە هاوپەیمانی لە گەڵ”کرد های منطقه” شانازی ئەکەم
تەنیایی لای من تەنیا بێ تۆییە
بێ تۆیی لای من گامێشێکە
هەموو سووچێک سوور ئەبینێ
سوور هەڵگەڕاوی سێوە سوور
سوورت کردۆتە بەر
سوورت داوە لە لێوەکەت
دونیات یەکسەر سوور کردووە
من سارا و سرووریشم هەر بە سوورەوە خۆش ئەویست
ئەڵهای ئەوەمە بە هەموو شوێنێکم ماچت کەم
خۆزگە بچەقیام تێت
تۆ و سوور لە خوێن(م)ا هاوبەشن
لە شەراب پرسە
گامێش
تۆیش هەر برامی
بە شایەتی داروین
سوور کاری داوەتە دەس هەموومانەوە
ئەوەتا باوکم
ئەوەندە سوور لە دەمارەکانی چوو
ئاڵاکەیان خوێن مردوو بوو
ئیتر بماند
از سوور جوانان وطن لالە دمیدە
هاوڕیێەکانم
ئەوەندە بە دوای سوورا وەیلانن
دەمارەکانیان کون کونە
زۆریان بۆ سوور
شادەمارەکەیان هەڵکۆڵاشی
شێتی من و لینین تەنیا سوورەکەیان وەکوو یەکە
ئەو لە شێتی منا شین ئەگێڕێ
کرێکارەکانی دونیا
لە هەرکوێ سوورتان بینی شێت بن
ئەگەر سوور بە لێوەوە بوو ماچی کەن
شێعرێکی سوور بوو
ماچی دەکەم!