لەبیرتە؟

‍ ‍ ژاوێن شاڵی

.

له‌بیرته‌
نه‌هه‌نگه‌ چاو مه‌سته‌كه‌ی من بوویت؟
شه‌وانه‌ ژیانت بۆ ئه‌ژه‌نیم و 
له‌ودووره‌وه‌ خه‌مخۆری به‌یانی باشی هه‌نگوینم بوویت
له‌ناو نان و ماستێكی كوردانه‌دا، وه‌ك چای گه‌رم له‌ده‌وری گه‌رووت 
ده‌ئاڵام، به‌سڵاوێك و
له‌دووری هه‌زاره‌ها مایله‌وه
‌‌چاكه‌تی نیشتیمانم بویت

دڵی من به‌ڵام موسافیرخانه‌ نه‌بوو..تا بڕۆیت
كه‌چی، ئیمشه‌و و دوێنێ شه‌و و
شه‌وه‌های شه‌و‌ی تریش له‌سه‌ری كۆڵان
له‌دیداری تۆ ده‌گه‌ڕام

ئێستاش 
هه‌موو رۆژێك
ئه‌چمه‌ ده‌ریا،
لمی نه‌رم و ماسی مردوو
ده‌ریای شینوو ماسی زیندوو
قه‌وزه‌ و زیخ و بۆق و 
قرژاڵ و نه‌وره‌سه‌كانیش ئه‌بینم
تۆ نه‌بێت
ده‌نگی كه‌شتییه‌كان سه‌فه‌رێكی تر له‌ زه‌ینما ئه‌ڕوێنن،
سڵاوی دوور و ده‌م به‌خه‌نده‌ی كه‌شتییوانه‌ پیره‌كان
له‌ئه‌ندێشه‌ی شه‌وا رامده‌كێشن و 
جگه‌ره‌م به‌ جگه‌ره‌ پێ داده‌گیرسێنن
چۆله‌كه‌یه‌ك به‌سه‌ر گوێسوانه‌كانه‌وه‌ دیار نامێنێت و 
هێلانه‌كان به‌سه‌ر ئاوه‌دانی خۆیانا ئه‌ڕوخێن
وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ئاوی ترێ خۆم شتبێت، به‌تۆوه‌
مه‌ستانه‌ مه‌ستم و
داهاتوو هه‌رچی تری له‌خۆیا هه‌ڵگرتبێت
به‌جه‌هه‌ننه‌م.. ئاخر
ئه‌م برینه‌ به‌ تۆ نه‌بێت تیمار نابێت،
ئه‌م شه‌وه‌ به‌ ئاوازی تۆ نه‌بێت له‌نێو تاریكیی خۆیا نانوێت
شمشاڵی ئه‌م فه‌رامۆشییه‌، به‌لێوی تۆ نه‌بێت جارێكیتر
بۆ ژیان پێناكه‌نێت

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا